“ژیانی زانستی و فەلسەفی”
گاتفرید ولیام لایبێنز ( ١ی ١٦٤٦ بۆ ١٤ی نۆڤەمبەری ١٧١٦)، فهیلهسووف، لۆژیکزان، بیرکار، فیزیکزان، یاسازان، مێژووزان و دیپلۆماتی ئاڵمانی بوو، کە لە سەردەمی خۆی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە سیاسەتی ئەوروپادا گێڕا. ئەو دامەزرێنەری سیستەمی ژمارە “دوانەیی”یەکانە. واتە تێڕوانینێک کە بەمەبەستی دروستکردنی پێکهاتەیەکی فەلسەفی لەسەر بنەمای لۆژیک و هاوشێوەی بیرکاری بەکار هاتووە کە پشتی بەشیکاریی گوزارە و ڕستەکان لەڕێگەی دابەشکاریی دوو دوو و پێناسە دوانەییەکان بەستووە. هەروەها ئەو دامەزرێنەری ژمارەکارییەکانی دیفرانسیەڵ و ئەنتەگراڵ کە لە پاڵ هاوکێشەکانی دیفرانسیەڵ بوونەتە هۆی زۆرێک لە پێشکەوتنە مرۆییەکانەوە. هەڵبەت لەسەر ئەمەی کە لە نێوان ئەو و ئایزاک نیۆتۆندا کامەیان دامەزرێنەری زانستی ژمێریایی بوون(Calculus) ناکۆکی هاتە ئاراوە و بەهۆی ئەوەی کە لێژنەی بەدواداچوون بۆ ئەم ناکۆکییە لە هاوڕێیانی نیۆتۆن بوون دۆسییەکە بە سەرکەوتنی نیۆتۆن شکایەوە و زۆربەی دۆزینەوەکان بەناوی ئەوەوە تۆمار کران بەڵام دواجار زۆرێک لەو نیشانە و هێمایانەی بواری بیرکاری و فیزیا کە بەکاریان دێنین یەکەمجار لایبێنز بەکاری هێناون. لایبێنز یەکێک لە گەورەترین فهیلهسووفانی مێژووی فەلسەفەیە و لە ڕێژەی عەقڵخوازانی پێڕەوکاری ڕینییە “دیكارت”؛ فهیلهسووفی فەرەنسی دێتە ئەژمار. لۆژیک لە لای ئەو کە”بیر دەکەمەوە”ی “دیكارت” زۆر بە گرینگ دەزانێت، زۆر پێگەیەکی گەورەی هەیە و لە فەلسەفەکەیدا جێگە و پێگەیەکی بەرز و باڵای هەیە. لە میکانیکی کلاسیکدا ئەو باوەڕی وابوو کە کات و شوێن ڕێژەیین، لە حاڵێکدا کە نیۆتۆن لەسەر باوەڕی خۆی کە گوایە کات و شوێن ڕەها و موتڵەقن، شێلگیر بوو.
ئەگەرچی لایبێنز بەمانای وردی وشە مێژوونووس نەبوو بەڵام بەهۆی ئامادەبوونی لە دەرباری پاشابژێری( kurfurst بە ئاڵمانی واتە ئەمیرە بژاردەکەرەکان، ئەوەش ژمارەیەک لەو ئەمیرانە بوون لە ئیمپراتۆریی پیرۆزی ڕۆمدا کە پێکەوە ئەنجوومەنی هەلبژاردنیان دادەمەزراند و ئەرکیان هەلبژاردنی ئیمپراتۆر بوو.و) هانۆڤەردا، ئەرکی ئەوەی پێ سپێردرا کە مێژووی ماڵباتی برونسویک بنووسێتەوە، کتێبێک کە تا کۆتایی تەمەنی خەریکی بوو. لە ڕۆژگارانێکدا کە عوسمانییەکان ڤییەنایان گەمارۆ دابوو، پاشابژێرەکانی ئاڵمانیی ئیمپراتۆریی پیرۆزی ڕۆم بەسەختی لەگەڵ عوسمانییەکان لە شەڕی دەستەویەخەدا بوون، لایبێنز بەدواداچونێکی چڕی دەکرد بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و یەکگرتوویی نێوان دەوڵەتانی مەسیحیی ئەوروپا و هاندانیان بە مەبەستی وەلانانی ناکۆکییەکانیان. و بۆ ئەمەش لەگەڵ زۆرێک لە دەسەڵاتداران لەوانەش پیتەری یەکەم تیزاری ڕووس و لویی چواردەیەم پاشای فەرەنسە دەستی بەنامەگۆڕینەوە کرد. لایبێنز زەینێکی کراوەی هەبوو و هەوڵی دەدا هەموو ڕێباز و باوەڕدارییەکانی مرۆڤ پێکەوە بگونجێنێت و ئەگەرچی پێڕەوکاری “دیكارت” بوو، بەڵام ملکەچ و تەسلیمیشی نەبوو و دەیوت “فەلسەفەی “دیكارت” وەکوو توناوتوون و داڵانی حەقیقەتە کە دەبێت لێی بچینە ژوورەوە بەڵام نابێت لەوێ بمێنینەوە.”ئەگەرچی لایبێنز کتێبی زۆری هەبوو بەڵام هەموویان نەماونەتەوە. لەوانەی ماونەتەوە یەکیان هەستمەندیی(شعووری) مرۆڤ و ئەوی دیکەیان بەناوی “بەرە خودا ڕۆشتن” هەر دوکیان بە زمانی فەرەنسی نووسراون. لایبێنز لە ساڵی ١٦٨٤ گۆڤاری نامەی زانستخوازانی لە لایبزیک بڵاو کردەوە و لە ساڵی ١٧٠٠یش ئەنجوومەنی زانستمەندەکانی بێرلینی دامەزراند و خۆیشی بوو بە یەکەمین سەرۆکی کە دواتر بەناوی فەرهەنگستانی پرۆس ناوی دەرکرد.
“دەستەواژەیەکی گرنگی فەلسەفەکەی”
پێشەکی؛ جەوهەر لە فەلسەفەی گاتفرید لایپ نیتسدا هەمان شتە کە بە “مۆناد” ناوی دەرکردووە. مۆنادەکان کۆمەڵێک جەوهەری سادە، ڕۆحانی و تاکەکەسین کە ئاگایی، شعوور(هەستمەندی)، ژیان و کارامەییان هەیە و لە یەک کاتیشدا یەکبوون و پەرتبوون(وحدت و کثرت) لەخۆیدا کۆ دەکاتەوە.
جەوهەری تاک؛ هەر مۆنادێک جەوهەرێکی جیاواز و سەربەخۆیە.
جەوهەری ڕۆحانی؛ مۆنادەکان ماهییەتێکی نامادی و نالەشیانەیان(غیرجسمانی) هەیە و وەکوو نێونجییەکن لە نێوان جەوهەرە لەشانییەکان و وێنا عەقڵییەکان.
ئاگایی و هەستمەندی: هەموو مۆنادەکان خاوەنی پلەیەک لە ئاگایی و هەستمەندین کە هەڵبەت ئاستی جیاوازیان هەیە.
کارامەیی و ئیرادە؛ مۆنادەکان خاوەنی بکەرێتی(فاعلیت)ن کە لایەنی ناوەوەی دەبێت بە ئیرادە و دەرکەوتەی دەرەوەشی هەمان هێزی سرووشتییە.
“نووسینەکەی لایبێنز لەسەر جەوهەر”
من تێگەیشتووم کە زۆربەی ئەو کەسانەی وا چێژی زۆر لە بیرکاریی دەبینن، ترسیشیان لە میتافیزیک هەیە. چونکە لە یەکەمیاندا ڕووناکی و لە دووهەمیاندا تاریکی دەدۆزنەوە. بە بۆچوونی من گرینگترین هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە دەستەواژە گشتییەکان کە بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکران، بەهۆی وردنەبوونەوە و گۆڕانمەندیی ئەندێشەی مرۆیی، کۆمەڵێک دەستەواژەی لێڵ و پێڵ و تەمومژاوین و ئەو پێناسانەی کە بەگشتی بۆ ئەم دەستەواژانە پێشکەشکراون تەنانەت پێناسەی لەفزی و پەیڤیانەیش نین و لە ڕاستیدا هیچ شتێک ڕوون ناکەنەوە. گومانێک لەوەدا نییە کە ئەم تایبەتمەندییە بۆ بوارەکانی گرێدراوەی ئەم باڵە بنەمایی و کۆڵەکەئاسایەش شۆڕ بووەتەوە. هەر بۆیە لەباتی پێناسە ڕوونەکان، ئێمە کۆمەڵێک جیاکاری و جیاوازیی سەرەتایی و ڕۆتینی دەنەخشێنین و لەباتی بنەما بابەتییانە گشتگیرە حەقیقییەکان، کۆمەڵێک یاسای بەرتەسک ڕێک دەخەین کە بەر لەوەی پشتیوانیکەری حاڵەتەکان بن، بەهۆی “دانسقە”(ئیستیثنا)کانەوە هەڵدەوەشێتەوە. بەڵام مرۆڤەکان بە حوکمی پێویستییان هەر ئەو دەستەواژە میتافیزیکیانە بەکار دەهێنن و تەنانەت بە باڵاشیاندا هەڵدەڵێن. ئەوان باوەڕیان وایە ئەو وشانەی وا فێری بوون گەر بێتوو بیهێننە سەر زار، ئەوا ئیتر لێشیان تێ دەگەن. ڕوون و ئاشکرایە، نەک تەنها چەمکی جەوهەر، بەڵکوو چەمکەکانی هۆکار(علت)، کردار(فعل)، نیسبەت(پەیوەندی-گرێدراوێتی) لێکچوون و زۆرێک لە وشە گشتییەکانی دیکەی لەم چەشنە ، بۆ ڕوانگە و دەلاقەی تێگەیشتنی خەڵکی ئاساییەوە شاراوەن. هەر بۆیە زۆر سەیر نییە کە ئەم زانستە شکۆدارە کە لە ژێر ناوی “فەلسەفەی ئوولا” ناو نراوە و ئەرەستوو بە “بەدواداگەڕاو” یان “خوازراو” ناوی هێناوە، هێشتا لە بەردەم گەڕاندا بێت و مایەی پشکنین و بەداوداچوون. ئەفلاتوون بێگومان هێزی چەمکە میتافیزیکییەکانی لە سەرانسەری دەربڕینەکانیدا هەلکۆڵیوە. ئەرەستووش هەمان کاری لە نامیلکەکانی و لە ژێر ناوی “میتافیزیک”دا ئەنجام داوە. بەلام وادیارە سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بۆ مسۆگەر نەبووە. لایەنگرانی دوایی ئەفلاتوون گلان بەرەو خەرەندی ڕازبێژی و سڕوتنەوەوە و ئەرەستووییەکانیش واتە لایەنگرانی ڕێباز و لۆژیکی ئەرەستوو، بەتایبەتی مەکتەبییەکان (مدرسیون) زیاتر لە خولیای گەڵاڵەکردنی پرسیاردا بوون تاوەکوو دیتنەوەی وەڵام.
هەندێک لە کەسانی ناسراوی سەردەمی ئێمەش زەینی خۆیان سەرقاڵی قووڵبوونەوە لە میتافیزیک کردووە، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ دەسکەوتێک بەدی نەهاتووە. ناتوانین ئەمە ڕەت کەینەوە کە “دیكارت” لە کۆمەڵێک بابەتی ستایشئامێزدا پشکی هەبووە. زیاتر لە هەر شتێک ئەو بە دوورخستنەوەی زەین لە هەستەوەری(حواس)ەکان، خوێندنەوەی ئەفلاتوونی بەشێوەیەکی شایستە بووژاندەوە و بەم شێوەیە گومان و دوودڵییەکانی ئەهلی فەزای ئەکادیمیشی لەسەری سوار کردووە. بەڵام ئەو بەهۆی سەرلێشێواوییەکی ئاشکرا و ڕەشۆداماڵراوییەکی دیار لە گەلاڵەکردنی بانگەشە و مەبەستەکەی خۆیدا سەرکەتوو نەبوو و نەیتوانی لەنێوان دڵنیایی و نادڵنیایی(یەقین و بێ یەقینی)دا جیاوازی دابنێت. هەر بەم هۆیەوە ئەو بە شێوەیەکی بێ بنەما سرووشتی جەوهەری لەشانی(جسمانی)یی درێژە پێ دا. ئەو لە یەکگرتوویی ڕۆح و لەشیش تێگەیشتنێکی دروستی نەبوو. هۆکاری ئەم هەڵانە کەموکوڕی و نوقسانی لە تێگەیشتن لە سرووشتی جەوهەر، بەشێوەیەکی گشتی بوو. چونکە ئەو بە نەفەسێکی بەهەڵپە و بەتاڵووکەوە بۆ چارەسەرکردنی جیدیترین پرسەکان هەنگاوی بۆ پێشەوە هەڵهێناوە، بە بێ ئەوەی کە چەمکە پەیوەندیدارەکان ڕوون بکاتەوە. هەر بۆیە سەرنەکەوتنی ئەو لە “تێڕامان لەسەر میتافیزیک”ەکەی لە دەستڕاگەیاندن بە دڵنیایی(یەقین) لە هیچ کوێدا دیارتر و بەرچاوتر لەو نووسینە نییە کە ئەو بە داوکاریی مێرسێن و ئەوانی دیکە بەشێوەیەکی بێهوودە هەوڵی داوە ڕوخساری ڕاستەقینەی چەمکەکان لە بیچمێکی بیرکاریانەدا داپۆشێت. من ئاگادارم کەسانێکی دیکەش بە تێڕوانینگەلێکی دیار و درەوشاوەش سەرقاڵی میتافیزیک بوونە و لەبارەی ئەم مژارانەوە ئەندێشە و بیرکردنەوەی قووڵیان هەبووە، بەڵام ئەوانەش مژارە ناوبراوەکانیان وەها لە تاریکی و تەمومژدا ئاڵاندووە کە دەڵێی لەباتی بەڵگە و ئۆرگۆمێنت خستنەڕوو، پشتیان بە سیحر و جادوو بەستووە. لەگەڵ ئەمەشدا بەڕای من ڕوونبوون و دڵنیایی لە میتافیزیکدا زیاتر لە بیرکاری پێویستە، چونکە بابەت و مژارەکانی بیرکاری شێوەی تاقیکردنەوە و بەدواداچوونی تایبەتی خۆیان هەیە. بەهێزترین هۆکاری سەرکەوتنی بیرکاری هەر ئەمەیە. بەڵام میتافیزیک بەگشتی خاوەنی ئەم ئیعتیبار و متمانەیە نییە. و هەر بۆیە ڕیکخستن و نەزمێکی دانسقە پێویستە تاکوو وەکوو گوریسێک لە ئەم توونی بابا و تووناوتوونەدا بەکارمان بێت، نەزم و ڕێکخستنێک کە هیچی لەوەی ئۆقلیدۆس کەم نەبێت. ئامانج ئەوەیە کە بتوانین پرسیارەکان لە قەوارەی مەنزوومەیەکی ژمێریارانەی چڕوپڕدا شی بکەینەوە، لە هەمان کاتدا کە دەبێت ڕوونییەک کە هەرگیز نابێت لە دەربڕین و پەیڤدا ون ببێت، بپارێزرێت.
گرنگی ئەم چەمکانە بەتایبەتی بەنیسبەت چەمکی جەوهەر(مۆناد)ەوە کە ئاماژەم پێ دا دیارە. ئەم چەمکە بەڕادەیەک بەسوود و بەروبوومدارە کە کۆمەڵێک ڕاستیی سەرەتاییمان بۆ بەدیدێنێت، ڕاستییە سەرەکی و سەرەتاییەکانی وەکوو خودا، زەینەکان و سرووشت و کرۆکی شتەکان. ئەو ڕاستییانەی کە تاکوو ئێستا بەدەگمەن سەلمێنراون و تا ڕادەیەکیش نەناسراو و نادیارن، بەڵام زۆرترین قازانجیان بۆ داهاتووی زانستەکانی دیکە هەیە. بۆ خستنەڕووی پێشەکییەکی پێشوەخت لەم بارەیەوە، لە ئێستادا دەڵێم کە چەمکی”هێز-نیرو” یان “توانست” کە ئاڵمانییەکان پێی دەڵێن Kraft و فەرەنسەوییەکان پێی دەڵێن la force و من بۆ ڕوونکردنەوەی زانستی درەوشاوەی”دینامیک”م بوونیاد ناوە،-بەهێزترین ڕووناکایی و تیشکەکانی خستووەتە سەر تێگەیشتن لە چەمکی ڕاستەقینەی جەوهەر. هێزێکی چالاک لەگەڵ وزەیەکی زۆر کە لای ئەهلی قوتابخانەکاندا ناسراو و جیاوازە. هێز یان توانایی لای ئەهلی قوتابخانە شتێک نییە جگە لە ئەگەری کردار، تواناییەک کە پێویستیی بە ختووکەدان یان پاڵپێوەنانێکی دەرەکییە تا بێتە ئاستی کردار. بەڵام لە بەرامبەردا هێز یان توانایی چالاک لەخۆگری کردار یان کردارمەندییەکی تایبەت و بەپێی ئەوەش هەڵگری ئەو نێونجییەشە کە دەبێت لە نێوان توانایی ئەنجامی کردار و خودی کرداردا هەبێت کە ئەمە لەخۆگری هەوڵ و کۆششێکی ژیانەکیشە. هێزی چالاک خۆی لە خۆیدا دەبێت بە کردار و پێویستی بە هیچ هاوکارییەک نییە جگە لە پەڕینەوە بەسەر لەمپەردا. دەکرێت ئەمە بە نموونەهێنانەوەیەک باس بکەین و بە شتێکی قورسی هەڵواسراو کە بە گوریسێک ڕاگیراوە یان کەوانێک کە کێشراوەتەوە و ئامادەی تەقاندنە، وێنای بکەین. چونکە ئەگەرچی ڕاکێشان و کێشانەوە دەتوانێت و دەبێت بە نێونجیی جووڵانەوە و بزوتنی ئێتێر(هێزی ئێتێر وەکوو دەستەواژەی بنەمایی فیزیک و میتافیزیک بەکار هاتووە و لە هەر کامەیان مانای جیاواز لە بنەما و جەوهەر و …دەدات بە دەستەوە.و) و دەبێت لە ڕووی میکانیکییەوە ڕوون بکرێتەوە، بەڵام هۆکاری غایی جووڵە لە مادەدا هێز و تواناییەکە لە سروشت و خەلیقەتیدا کە لەسەری کاریگەر دەبێت. بە باوەڕی من، ئەم تواناییەی ئەنجامی کردار، شتێکی زاتیی هەموو جەوهەرەکانە و ئاخێزگەی کردارەکانە، بەشێوەیەک کە جەوهەری لەشانی، و هەروەتر جەوهەری ڕۆحانی، هەرگیز لە کردار نواندن ناوەستنەوە. پێدەچێت ئەوانەی کە زاتی لەشانی بە درێژبوونەوە و یان درێژبوونەوە(بەردەوامی) بە توندوتۆڵی و نەشکاویی، تێگەیشتوون، بەڕوونی درکیان بەم بابەتە نەکردبێت. وادیارە ئەوان بەشێوەیەکی ڕەها شتەکانیان جێگیر و نەبزووتوو وێنا کردووە. لە تێڕامانەکانی ئێمەدا ڕوون بووەتەوە کە جەوهەرێکی داهێنراو لە جەوهەرێکی دیکەی داهێنراو، نەک هێزی کردار، بەڵکوو سنووردارێتییەکان و بەرهەستمەندییەکان، کۆششمەندییەکی لە پێشدا هەبوو، و یان هێزی کردار وەردەگرێت. ئێستە دەرفەتی پەرژانە سەر بابەت و مژارەکانی دیکە نییە و من ناچارم چارەسەریی دژواریی کردارە دوولایەنەکانی جەوهەرەکان دابنێم بۆ کات و دەرفەتێکی دیکە.
سهرچاو؛
ترجمە و گردآوری: ویکی پیدیا و مجموعە نوشتەها و نامەهای فلسفی لایبێنز. بلاگ ارغنون.
کۆکردنەوە و وەرگێڕان؛ موحسین عەلیڕەزایی



































































