عیرفانە هیندییە چالاکەکان لە ئێران بریتین لە:- هیندوئیسم، بودائیسم، یۆگا، ئۆشۆ، سای بابا، ڕاما و کریشنا. هیند وڵاتێکی کۆن و پان و بەرینە کە کەوتووەتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە و دوای چین پڕ حەشیمەتترین وڵاتی دنیایە، کە زیاتر لە ٢٠٠٠ساڵ بەر لە لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح خەڵکانی ئەوێ کەسانێکی ڕەشپێست بە قژی لوول بوون کە پێیان دەگوتن ”دراوایدی”یەکان. هیند وڵاتێکی لەمێژینەیە و هەر لە دێرزەمانەوە خاوەنی بیناسازی و پیشەکانی لەو جۆرە بوون و لە ڕووی باوەڕ و دینیشەوە هەر لە کۆنەوە ئایین و ئایینزایان هەبووە، باوەڕیان بە شتانێکی تایبەت هەبووە کە دەکرێت ئاماژە بە باوەڕهەبوون بە دۆنادۆن و جێگۆڕینی ڕۆح و باوەڕهەبوون بە چەندخودایی بدەین. لە ناوەڕاستەکانی هەزارەی دووەمی پێش لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح خەڵکانێک سەر بە نەژادی دیکە هێرشیان کردە سەر هیندستان. ئەمانە وەکوو هەندێ سەرچاوە دەڵێن ئارییەکان بوون کە خەڵکانێکی کەڵەگەت و سپی پێست بوون و لە زنجیرە چیاکانی هیندوکەش لە باشووری سیبریا هێرشیان کردە سەر سێ ناوچە کە بەشێکیان بەرەو ئەورووپا ڕۆشتن و خەڵکانێکی وەکوو یۆنانییەکان، لاتینەکان، ژێرمەن و سلاڤەکانیان پێک هێنا و بەشێکیانیش بەرەو ڕۆژهەڵات واتە ئێران هاتن و ئایینی زەردەشتیان بەدی هێنا و دەستەیەکیشیان بەرەو هیند جووڵان و ئایینی هیندویان دروست کرد. وردەوردە ئارییەکان لە سەر ئایین و كولتووری هیندییەکان کاریگەرییان دانا و پیشە سەرەکییەکەی خۆیان کە شوانی بووە واز لێ هێنا و دەستیان کرد بە جووتیاری و کشتوکاڵ. ئارییەکان باوەڕی سەیر و سەمەرەیان هەبووە و چەندین شتیان پەرستش کردووە. لە گیایەکی نەناسراو شەرابێکی تووندیان دروست دەکرد کە ناوی “سۆما” بووە، ئەوان ئەم گیایەیان لەگەڵ شیر تێکەڵ دەکرد و دەیانخواردەوە و بەخۆشی خوداکانیان پێکیان هەڵدەدا و وەکوو جۆرێک لە ڕێوڕەسمی قوربانیکردن ئەمەیان دەکرد و، بە شەرابێکی ئیلاهیان دەزانی و لەکاتی قوربانیکردنیشدا شەرابیان دەنۆشی و هاوکات کۆمەلێک وێرد و سروودیشیان دەوتەوە کە ئەم سروودانە ئیلهامی پێشەوا ئایینییەکانیان بوون و دواتر کۆ کرانەوە و یەکەمین وکۆنترین کتێبی پیرۆزی هیندستان بە ناوی “ڤیدا”ی لێ دەرچوو. سترەکتۆری خێڵە هیندییەکان لەو کاتە بەم شێوەیە بوو کە هەر خێڵێک سەرۆکێکی هەبوو و ناوی “ڕاجە” بوو و ئەم پلەیە بەهۆی جیناتیکەوە لە باوکەوە دەگوازرایەوە بۆ منداڵ و بە باوک دەوترا “پیتار” و بە دایکیش دەوترا “ماتار” . دایک دەبوو لە هەر حاڵدا چاوی لە ئەمر و فەرمانەکانی مێردەکەی بێت و کاروباری ماڵەوە ڕاپەڕینێت. ع رفان
تێکەڵبوونی ئارییەکان لەگەڵ هیندییەکان؛ بوو بەهۆی دروستبوونی کۆمەڵیک دین و ئایین و بێ دوودڵی دەتوانین بڵێین کە بەڕاستی هیندستان وڵاتی دینەکان و ئاینییەکان و سەرزەمینی هەزار ئایینە. بێ تێگەیشتن لە عیرفانی هیندی ناتوانین لە هیندستان تێ بگەین. عیرفانە هیندییەکان بە دوو هۆکار زۆر گرنگن:- ١)کۆن بوونیان ٢) چون زۆرێک لە ڕەوت و ئایینزاکانی دیکە لە ژێر کاریگەریی ئایین و ڕەوتە جیاوازە هیندییەکان دا بوون و هیندییەکان کۆی ئایینەکانی خۆیان ناو ناوە هیندوئیزم و لە جیهاندا بەم ناوە دەناسرێتەوە. هیندستان بەگشتی دوو باڵی گشتی لە ڕووی عیرفانەوە هەیە.
ئەلف:- عیرفانە کۆن و نەریتییەکان کە پێش لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح هەبوون و پێنچ تەوەریان هەیە:-
١) ئایینی ڤیدا.
٢) ئایینی جین.
٣) ئایینی بێرهمەن.
٤) ئایینی تانترا.
٥) گرینگترینیان کە دەبێت ئایینی بوودا.
ب:- ئەو عیرفانانەی تازە سەریان هەڵداوە:-
١) یۆگا.
٢) ئۆشۆ.
٣) سای بابا.
٤) رام الە.
٥) کریش نا.
٦) یۆگا نادا.
٧) دالای لاما.
لە نیوان ئەمانەدا عیرفانی بوودا لە هەموویان گرنگتر و لایەندارترینیانە لە هەموو جیهاندا. لە عیرفانە نوێکانیش دەتوانین باسی ئۆشۆ و سای بابا بکەین کە لە ڕووی باوەڕدارییەوە زۆر جیاواز و دژە باون. عیرفانی ئۆشۆ ڕەنگە لەم ڕووەوە لە هەموویان جیاوازتر بێت ئەگەرچی سیمایەکی فەلسەفیشی گرتووەتە خۆی، بەڵام ئەم عیرفانە لەسەر ڕووتبوون و سێکسکردن و پەیوەندییان بە مەعنەوییەتەوە زۆر ئازاد بیردەکاتەوە، وەکوو دەلێن ڕوانگەیەکی کراوەی هەیە. هەندێک کەسیش بە بارێکی تردا چاوی لێ دەکەن و دەڵێن ئەمە عیرفانێکی ماڵوێرانکەر و خاپوورکەرە چونکە كولتووری ئەم عیرفانە بەندە بە ڕووتبوون و سێکسەوە و مەعنەوییەت بەمە دەزانێت و لەم خاڵەدا کورت کردۆتەوە. یەکێک لە عیرفانە دیارەکانی هیندستان کە لەم ساڵانەی دواییدا پەرەی زۆری سەند “یۆگا”یە. یۆگا بەمانای پەیوەستبوون و ڕاگرتنە. یۆگا لەمێژینەیە بەڵام لەم سەدەی دواییدا زۆرتر سەرنجی دراوەتێ. ئەم مۆدێلە عیرفانییە لەخۆگری حەوت پانتاییە چون باوەڕی وایە مرۆڤ خاوەنی حەوت جەستە و حەوت چاکرا و ناوەندی وزەیە، ئامانجی یۆگا لە ڕاهێنانەکانی لەش و ڕۆح، ئارامی و زاڵبوونی ڕۆح بەسەر جەستەیە. ئۆشۆ یەکێکی دیکە لە عیرفانەکانی هیندستانە. ناوی سەرەکی ئۆشۆ، باگوان شیری ڕاجنیشە. ئەو لە ساڵی ١٩٣١ لە گوندی کوچوادا لە پارێزگای مادیاپرادش لەدایک بوو و لە ساڵی ١٩٩٠ کۆچی دوایی کرد. ئەو دەلێت لە ٢١ی ساڵاندا نووری ئیلاهیی لە دەروونی خۆیدا هەست پێ کردووە. و دواتر ئایینە عیرفانییەکەی خۆی خستە ڕوو. خوێندنی ئۆشۆ لە بواری فەلسەفە بوو. ماوەیەک ڕۆشت بۆ ئەمەریکا و کۆمەڵێک هۆگری دۆزییەوە. بەڵام بە هۆکاریکی نادیار لەو وڵاتە دەرکرا. ئەو قەت کتێبی نەنووسی و تەنها ٧٠٠٠ باس و لێدوانی تۆمارکراوی هەبوو کە کراوە بە ٦٥٠ بەرگ کتێب بە ناوەکانی “وەکوو باڵقبوون، ڕازی مەزن، ڕازی بوێری و داهێنەری، ئاوازی بێدەنگی، مەلەکووت، هەتاو لە سێبەر، شۆڕشگێڕ” و بۆ سەر سی زمانی زیندووی دنیاش وەرگێڕدراوە. ئۆشۆ کۆمەڵێک ڕوانگەی سەبارەت بە عەشق و حەقیقەت و ژن و مۆدێڕنیتی هەیە.
ڕام اللە یەکێکی دیکە لە عیرفانە هیندییەکانە و سەرهەڵدانیشی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی گۆڕانکارییەکان لە ڤیشنۆ؛ بەم شێوەیە کە ئایینی ڤیشنۆ بە هێرشی پاشاکانی غەزنەوی لە سەدەی دەیەمی زاینی، لە لایەن رامانەندە ؛ ڕیفۆرمیستی هیندی گۆڕانی بەسەردا هات و (ڤیشنۆئیسمی نوێ) دروست بوو. و پاشان یەکێک لە قوتابییەکانی بەناوی شیخ کەبیر پانتیس( لەدایکبوونی ١٤٤٠ زاینی کە باوکی موسڵمان و دایکی سەر بە ئایینی ڤیشنۆ بوو. کۆچی دوایی لە ساڵی ١٥١٨دا بوو)، ئایینێکی تێکەڵاوی لە ئیسلام و ڤیشنۆ واتە ڕام اللە واتە خودای ڤیشنۆ و خودای ئیسلام بەدیهێنا. کریشنا، یەکێکی تر لە عیرفانە نوێکانە. کریشنا مورتی لە باشووری هیندستان لە بنەماڵەیەکی بێرهمەن لە ساڵی ١٨٩٦ لەدایک بوو و لە ساڵی ١٩٨٦ لە تەمەنی ٩١ ساڵی کۆچی دوایی کرد. خوێندنی لە ئەورووپا و لە بواری دەروونناسی بووە و باوەڕی بە خۆناسین و ئازادناسینی دەروونی و گەشتی ڕۆح هەبوو. گرینگترین کتێبەکانی ئەمانەن:- ئامۆژگارییەکانی کریشنا مورتی، ئامادەیی لە بووندا، حەقیقەت و واقیع، فڕینی هەڵۆ، بۆ گەنجەکان، تووندوتیژی و داهێنان، عیرفان و خۆناسی. سای بابا یەکێکی ترە لە عیرفانە هیندییەکان کە کاریگەریی لەسەر کۆمەڵێک لە هۆگرانی مەعنەوییەت هەبووە. سای بابا لە ساڵی ١٨٣٥ لە حەیدەرئاوا لە بنەماڵەیەکی بێرهمەن لەدایک بوو و لە ١٩١٨ش کۆچی دوایی کردووە. بنەمای ئایینەکەی خۆی لە کتێبە پیرۆزەکانی هیند و ئیسلام وەرگرتووە. ئەو بە ئامۆژگارییە سادەکانی و هەندێ کاری سەیروسەمەرەی موعجیزەئاسا کە دەیاندایە پاڵی، هۆگرانێکی زۆری پەیدا کرد. ئەو قایل بە باوەڕی دۆنادۆنی هیندییەکانە و پێداگریی دەکات لەسەر زیکری خودا و سەرنجدان بە دنیای ناوەوە و عەشق و یەکسانی ئایینەکان. ئەم جۆرە عیرفانانە بەگشتی بوون بە ئایینێکی زەمینی وەکوو نموونە ئێستا بودیسم ئایینە بەڵام ئایینی ئاسمانی نییە بەڵکوو ڕیبازێکی ئایینی ئینسانییە بەڵام دەیەوێت وەکوو ئایینێکی تەواو خۆی بناسێنێت.
سای باباییەکان کۆمەڵێک باس و خواسی عیرفانی، ڕێوڕەسم و عیبادەتیان هەیە وەکوو نموونە لە کتێبی ئوپانیشادەکان هەندێک بابەت هەیە کە لەگەڵ ئەم ڕستە ئایینیانەی خۆمان «من عرف نفسه فقد عرف ربه» یا «انفع المعارف معرفة النفس» یەک دەگرێتەوە واتە بەگشتی بەها بە ناسینی نەفس و ئینسان دەدەن. چون یەکێک لە گرینگترین داڵغەکانی مرۆڤ ئەمەیە کە “من کێم” و “مرۆڤ بەگشتی کێیە” و عیرفانە ڕٶژهەڵاتییەکان بەڕای خۆیان وەڵامی ئەم پرسیارەیان داوەتەوە و جێگەی سەرنج ئەمەیە کە لە دوو سێ ساڵی ڕابردووشدا کۆمەڵێک کتێبیان چاپ و بلاو کراوەتەوە؛ کتێبەکانی ئۆشۆ وەکوو “مێدیتەیشێن و هونەر” زیاتر ناوبانگی دەرکردووە. بەڵام لە بابەت بودیسم ، تائۆئیسم و هیندوئیسم و ئەوانی تریشەوە کۆمەڵێک کتێب لە بەردەست دان. ئەم عیرفانانە دەڵێن ئێمە لەڕێگەی بابەتە عیرفانییەکانەوە بە هەندێک کەشفی دەروونی دەگەین کە ئهقڵ ناتوانێت دەستی بگاتێ. واڵتەر ئیستەیس لە کتێبی “عیرفان و فەلسەفە”کەیدا دەڵێت یەکێک لە خاڵە هاوبەشەکانی هەموو ئەم عیرفانانە ئەوەیە کە ڕوانگەیەکی دیکەیان بۆ ئهقڵ هەیە و ئەو شتانەی باسی دەکەن لە سەرووی ئهقڵەوەیە، ئەمەش لە عیرفانە ڕۆژهەڵاتییەکاندا سەیر نییە چونکە مرۆڤی گەورەتر لەوە بینیوە لە یەک لایەنەوە پێناسە بکرێت و خاڵێکی کۆتایی بۆ دابنرێت. تەنانەت ئەوان ئەم باوەڕە نەنووسراوەشیان هەیە کە ئەو شتانەی لەڕێگەی کەشف و ئیلاهاماتی دەروونییەوە پێی دەگەن ئەگەریش باڵا و لەوپەڕی کەماڵیش بن هێشتا هەموو ڕێگاکە نییە و تا گەیشتن بەو ترۆپکە چەندین قۆناغی زۆر گرنگ لەوانەش مەرگ لە بەردەمی مرۆڤ دایە. هەندێک لە لێکۆڵەران ئەم قەناعەتەیان باس کردووە کە گوایە ئەم عیرفانانە دژی ئهقڵن بەڵام بە کەمێک وردبوونەوەوە دەزانین نەخێر تەنها پێناسەیەکی دیکەیان بۆ ئهقڵ هەیە و بەم پێیەش پێناسەیەکی جیاوازیان بۆ ئینسان و شێوەی ژیانی هەیە. لەبەر ئەوە بانگەشە بۆ دژەئهقڵی ئەم جۆرە عیرفانانە زیاتر لە تێگەیشتنێکی کرچ و کاڵی بنەماکانیان سەرجاوە دەگرێت نەک قووڵبوونەوەیەکی شایستە و پێویست.
سهرچاوه؛ blogfa.com
نووسینی؛ حسێن ئەنساریان
وەرگێڕانی؛ سۆزان سەعید



































































