پێگەی بەهێز تەنیا بریتی نییە لە ژمارەی کورسیەکان، بەڵکو کۆمەڵێک بابەتی گرنگ هەیە کە پێویستە کورد کاری لەسەر بکات. پرۆژەی کورد لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی ئێراقدا نابێت لە کورسییەکی وەزاری یان بەڵێنی پۆستێکدا کورت بکرێتەوە، بەڵکو لە دامەزراندنی هاوکێشەیەکی ڕوون و ئاشکرادا کە کورد کەمینەیەک نییە کە بەدوای پۆستێکدا دەگەڕێت، بەڵکو هاوبەشێکە کە پەیڕەوی نوێی یارییەکە دادەمەزرێنێت.
“جیاوازی نێوان پۆست و پڕۆژە چییە؟”
پۆستە وەزارییەکان لە سروشتدا کاتین؛ لەگەڵ هەر خولێکی هەڵبژاردندا دێن و دەڕۆن، لەگەڵ هەر مامەڵەیەکی سیاسیدا دەگۆڕدرێن. بەڵام پڕۆژە، ستراتیژ و پێگەی هەمیشەیی لە هاوکێشەکاندا، دەسەڵات دروستدەکات. پۆستی وزاری هێز بە بوونی کورد لە حکومەتی داهاتوودا دەبەخشێت، بەڵام گەرەنتی ناکەن بەڵام پرۆژە، مافە دەستوورییەکان بۆ بەڕێوەبردنی سامان و پاراستنی خاک و سەربەخۆیی ئابووری و مافی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان؛ یان پەیوەندیی دەرەکی سەربەخۆ کە بەرژەوەندی کورد دەپارێزێت. کورد میوان نییە لەسەر سفرەی ئێراق، کە پێویست بکات سوپاسی هەرکەس و لایەنێک بکات کە پۆستێکی پێبدات. بەڵکو هاوبەشی جەوهەریە لە دامەزراندنی دەوڵەتی هاوچەرخی ئێراقدا و دەبێت ئەم ڕاستییە وەربگێڕدرێت بۆ:
٠١ دانپێدانان و جەختکردنەوی مافە دەستووریەکان بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا. هیچ بوارێک بۆ سازشکردن لەسەر مافە دەستوورییەکان یان دواخستنی نییە، هاوبەشی ڕاستەقینە لە ڕێزگرتن لە دەستوورەوە دەست پێدەکات.
٠٢ سەربەخۆیی ئابووری لەڕێی یاسای نەوت و سامانی سروشتیەوە کە پێویستە کورد هەوڵی دەرچواندنی بدات دەبێت مافی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی سامانەکانی و ئەنجامدانی ڕێککەوتنی سەربەخۆی نەوت، “ئیمتیازێک” نییە کە پێی بدرێت یان بکێشێتەوە، بەڵکو مافێکی دەستوورییە کە دەبێت پارێزراو بێت.
٠٣ پاراستنی خاک : بەتایبەت ناوچە جێناکۆکەکان پێویستیان بە گەرەنتی ڕاستەقینە هەیە نەک بەڵێنی پووچ. بۆ کورد وەک گەل و وەک تاک نابێت بەهەمان هەستی جاران خۆی لە نێو چەوساوەکاندا ببینێت، بەڵکو وەک خاوەن ماڵێکی خاوەن ماف.
کاتێک گەلی کورد ئەقڵییەتی “لاوازی” ڕەتدەکاتەوە و داوای ئەوە بکات کە سەرکردایەتییەکەی لە پێگەی بەهێزەوە دانوستان بکات، تەنها ئەو کاتە داواکارییەکان دەبنە واقیع. کورد دەبێ لەوە تێبگات کە دۆزی ئەوان هی “کەمینەیەک” نییە کە داوای ڕەحمەت بکەن، بەڵکو دۆزی گەلێکە کە خاوەن مێژوو و ماف و قوربانیدانێکە کە دەبێت ڕێزی لێبگیرێت. بۆیە دەبێت ڕەتیبکاتەوە ئەوە قبوڵ بکات کە پرۆژەی کوردی تەنها پرۆژەیەکی پۆستی کاتی بێت، بەڵکو پرۆژەیەکی هۆشیاری بەردەوام بێت.
دەبێت بە ئەقڵی ئەو کەسانە بچینە ناو دانوستانەکانەوە کە یاساکانی یارییەکە دادەنێن، نەک بە بیرکردنەوەی ئەو کەسانەی کە لە پەراوێزدا چاوەڕێی بەشداری دەسەڵات دەکەن. پێویستە پڕۆژەیەکی ستراتیژی بنیات بنێین کە مافەکان بپارێزێت، نەک گرێبەستی وەرزی کە لەگەڵ کۆتایی هاتنی خولی هەڵبژاردنەکاندا بەسەر بچێت.
تەحەدیەکانی داهاتوو: * ئایا سەرکردایەتی ئێستای کورد توانای وەرگرتنی ئەو بیرکردنەوەیە ستراتیژییە هەیە؟ *چۆن ئەم دیدە وەربگێڕدرێت بۆ سیاسەتی پراکتیکی ؟ *ناکۆکی و دووبەرەکی ناوخۆیی لەنێوان لایەنە کوردستانیەکان فشارە هەرێمییەکان *ئاڵۆزییە سیاسییەکانی بەغدا بە تایبەت ملاملانێی ماڵی شیعی و شیعی سونی *بەرژەوەندی تێکەڵاوی زلهێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.



































































