ژیانی “لویز بورژوا” نمایشێکی پڕ و پاراو بوو لە بەکارهێنانی داهێنانی هونەری وەکوو ئامرازێک بۆ داڕشتنی هەستەکانی ناخ و دیمەنە دەروونییەکان، کارەکانی لە چوارچێوەیەکی بەربڵاوی بوارەگەلی وەکوو نیگارکێشی، هێڵکاری و پەیکەرتاشین و بە زۆری دەپەرژێنه سەر توێکاری، گەڕان و هەڵوێست و پەرچەکردار لە هەمبەر ئەو ڕووداوە ڕووخێنەرانەی کە سەردەمی منداڵی (لەوانەش خیانەتی باوکی)، ڕوویان داوە. مژاری بیرمەندانە و ڕوون و ڕاشکاوی سێکسیی بورژوا و خستنەڕووی ڕوانگەیەکی ژنانە لە پەیوەندی لەگەڵ سەرکوتکاری و فیمینیسم و هەستتەوەری، لەپاڵ وردبوونەوەیەکی دیاریکراو لەسەر فۆرمی سێ ڕەهەندی بۆ ژنانی هونەرمەند لەو سەردەمەدا، نایاب و کەم وێنە بووە. هۆگری و حەزی تایبەتی لویز بۆ دەربڕین هەم وەکوو هونەرمەند و هەم وەکوو ڕاهێنەری هونەرمەندە گەنجەکان، بایەخێکی نێودەوڵەتی دا بە بورژوا کە هێشتاش لە بڕەو دایە. ناوودەنگی بورژوا لەڕێگەی کاریگەریی ئەو لەسەر گەشەسەندنی هونەری چەمکیانە (ڕێکخستن-ئینیستالەیشن) زیاتر دەرکەوتووە.
“دەسکەوتەکانی بورژوا”
بەرهەمە ئۆتۆبیۆگرافیانەکەی بورژوا بە هۆی ناوەڕۆکی زۆر تاکەکەسیی خۆیەوە ناسراون کە بریتین لە:- ناوشیاری، حەزی سێکسی، ئێرەیی، خیانەت، ترس، دڵەڕاوکێ، تەنیایی و جەستە. لە ڕاستیدا ئەم ناوەڕۆکانە لە ڕووداوەکانی سەردەمی منداڵییەوە سەرچاوە دەگرن و بوونەتە هۆی ئەوەی “لویز بورژوا”؛ هونەر وەکوو پرۆسەیەکی چارەسەریی دەروونی یان پاکژکردنەوەی دەروونی لەبەرچاو بگرێت. بورژوا ئەزموونە تاکەکەسییەکانی خۆی لەڕێگەی بەکارهێنانی وێنە مێتۆلۆژیاییەکان و کۆنەچەشنەکان کردە زمانی وێنەیی زۆر تایبەت و کەسی و کەڵکی لە کۆمەڵێک ڕەمزی وەکوو سپیرال، جاڵجاڵۆکە، قەفەس، ئامرازی پزیشكی و پینە و پەڕۆکان بۆ تەعبیرکردن لە دەروونی ژنانە، جوانی و برینی دەروونی وەردەگرت. ئەم هونەرمەندە کارەکەی خۆی و ڕێکخستنی کارەکەی بەناوی “خانە”کان یان “دەفری یادگە” پێناسە دەکرد کە هەر دووكیان بیرەوەرییەک یان هەستێک لە ناو زەمەندا سڕدەکەن و لە هەمان کاتدا ئەو هەستانەی کە بیرەوەرییەکان دروستی دەکەن، دەوروژێنن. لە ڕێگەی بەکارهێنانی فۆرمێکی ئەبستراکت و کۆمەڵێک نموونەی بەرفراون لە مێدیاکان، بورژوا لە گەڵ چەمکەگەلی پەیوەست بە هاوسەنگیی جیهانی-ەوە دەستەویەخە بوو، بە زۆرزانییەوە ئەو ماتریاڵانەی دەکرا “پیاو” یان ” ژن” بن بەکاری دەهێنان و لە تەنیشت یەک دایدەنان. بۆ نموونە ماتریاڵی زبر و ڕەقەکان وەک هێمایەک بۆ پیاوێتی بەکار دەهاتن و تا بتوانێت لە بەرامبەردا فۆرمە بیۆمۆرفیکە نەرمەکان بکات بە نیشاندەری ژنێتی. (شێوازێک لە نیگارکێشان یان هێڵکاریدا کە شتێک بە شێوەیەک بیچم و شیوەی دەدرێتی کە گیان لەبەر یان بوونەوەرێکی سرووشتی این ئۆرگانیک نیشان داتەوە.)
“بایۆگرافی لویز بورژوا”
سەردەمی منداڵی؛ “لویز بورژوا” لە ساڵی ١٩١١ لە پاریس لەدایک بوو و ناوی باوکی لوئیس بوو، زۆریش حەزی لە مناڵی کوڕ بوو بۆیە کچەکەی بە ناوی خۆیەوە کرد. زۆربەی کاتەکانی ساڵ بنەماڵەکەی ئەو لە “سێنت ژێرمەن شیک” لە شوقەیەک لە سەرەوەی گالەرییەکدا ژیانیان دەبردە سەر کە تێیدا باوانیی بەرهەمە مەلیلەکانیان دەفرۆشت. ئەم بنەماڵەیە هەروەها کارگەیەکیان لە دەوروبەری شار هەبوو کە لە کاتی پشوو ڕوویان تێدەکرد و سەرقاڵی نەوژەنکردنەوەی بەرهەمە ئانتیکەکان دەبوون. لویز گشت قۆناغەکانی منداڵیی لە ژێر چاودێری ژۆزێفینی دایکی (کە زۆریش پێکەوە تێکەڵ بوون) سەرقاڵی شوشتنن، چاککردنەوە، دروومانکردن و هێڵکاریی، بەڵام دوواتر لە سەردەمی مێردمناڵیدا چووە قوتابخانەی هەڵکەوتووانی لیسی فێنلۆندا لە پاریس. سەرەڕای ئەوەی وادەردەکەوت کە ئەو کچە لە بنەماڵەیەکی ڕەنگین و زەنگین دا کۆمەڵێک هەل و دەرفەتی باشی بۆ ڕەخساوە، دەمەقاڵە و پشێوییەکی زۆر بەردەوام لە ناو خێزانەکەیدا هەبوو. لە بەر ئەوەی دڵدارەکەی باوکی (کە مامۆستای بورژواش بوو) لەگەڵیان ئەژیا. ئەم دۆخە خەسارێکی دیارمان پیشان دەدات کە دواتر دزەی کردە ناو بەرهەمە هونەرییە ئاوتۆبیوگرافییەکانی بورژوا لەسەر بە بابەتگەلی وەک:- بنەماڵە، دایک، پەیوەندییەکان، وەفاداری، پشتگوێ خران، جەستە و متمانەوە.
فێرکارییە سەرەتاییەکان؛ بورژوا لە بواری خوێندندا پانتاییەکی زۆری بڕی. لە سەرەتای دەیەی ١٩٣٠دا لە زانکۆی سۆربێن بیرکاری و فەلسەفەی خوێند و هەر لەوێدا تێزی زانکۆی سەبارەت بە “بێلز پاسکال و ئیمانیۆل کانت” نووسی. لە ساڵی ١٩٣٢ لە پاش کۆچی دوایی دایکی ، دەستی کرد بە خوێندن لە بواری هونەردا و لە نێوان ساڵەکانی ١٩٣٤ تا ١٩٣٨ لە چەندین قوتابخانە و گالەریی هونەریی ناوی نووسی، لەوانە Ecole des, Beaux-arts, Academie Ranson, Academie Julian و Academie de la Grande-Chaumiere. یەکەمین شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو لە پاریس لە شەقامی دوو سێن لە هەمان بینای گالەری گرادیوا؛ بەرهەمی ئاندرێ بێرتۆن بوو، واتە هەمان ئەو شوێنەی کە بەرهەمەکانی سورریالیستەکانی بۆ یەکەمجار بینی. لە ساڵی ١٩٣٨ دا دەستی کرد بە پیشاندانی بەرهەمەکانی خۆی لە Salon d,Automne و دوواتر بەشێکی لە پێشانگاکەی باوکی بڕ دا و کردی بە گالەری و بەرهەمە چاپکراوەکان و نیگارەکانی خۆی خستە بەر دید. لەو قۆناغە کورتەدا کە وەکوو دەڵاڵی بەرهەمە هونەریی کاری دەکرد، لەگەڵ ڕابێرت گوڵدواتەر، مێژوونووسی بواری هونەر ئاشنا بوو و دواتر لەگەڵی ژیانی هاوسەری پێک هێنا، و پێکەوە و لە کۆتایی هەمان ساڵدا ڕۆیشتنە نیۆیۆرک.
قۆناغی گەشەسەندن؛ لەگەڵ چوونە نیۆیۆرک، بورژوا لە گرووپی خوێندکارانی هونەردا ناوی نووسی و تەرکیزی خستە سەر چاپ و نیگارکێشان و لە ماوەی چوار ساڵ بوو بە خاوەنی سێ منداڵ. لە درێژایی دەیەکانی ١٩٤٠ و ١٩٥٠، گوڵدواتەری مێردی، لویزی بە کۆمەڵێک لە هونەرمەندان، ڕەخنەگران و دەڵاڵانی نیۆریۆرکی ناساند، لەوانە و لە هەموویان گرینگتر:- ئالفرێد بار، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی هونەری مۆدێڕن، کە لە ساڵی ١٩٥٣، یەکێک لە بەرهەمەکانی لویزی بۆ کۆلێکشێنە هونەرییەکەی خۆی کڕی. لە کۆتاییەکانی دەیەی ٤٠ و ٥٠ی زاینی لویز چەند پێشانگەی تاکەکەسی لەگالەرییە جیاواز و جۆراوجۆرەکانی نیۆیۆرک بەڕێوەبرد. مێردەکەی زەمالەی خوێندنی فولبرایتی وەرگرت و پێکەوە لەگەڵ منداڵەکانیان لە سەرەتای دەیەی ١٩٥٠ گەڕانەوە بۆ فەرەنسە. لەم ماوەیەدا باوکی کۆچی دوایی کرد. بورژوا لە ساڵی ١٩٥٢دەروونشیکاریی دەستپێکرد و تا ساڵی ١٩٨٥ بەردەوام بوو. لە هونەری پەکەرتاشیشدا، لە دەیەی ١٩٦٠دا دەستی کرد بە تاقیکردنەوە لە ڕێگەی لاتێکس (شلەمەنییەکی سرووشتی یان دەسکرد بۆ کاری هونەری.و)، گەچ و لاستیک و دوواتر بەرەو ئیتالیا سەفەری کرد و لەوێندەر دەستی کرد بە کارکردن بە بەردی مەڕمەڕ و بورۆنز.
کۆتاییەکانی ئەو قۆناغە؛ مێردەکەی بورژوا لە ساڵی ١٩٧٣دا کۆچی دوایی کرد. واتە هەمان ئەو ساڵەی لوئیس دەستی بە وانەوتنەوە لە دامەزراوە جیاوازەکانی شاری نیۆیۆرک کرد. لەوانە دامەزراوەی پرێت، کۆلێژی بروکلین و کوپەر یونیون. هەر لەو سەروبەندەشدا، لویز لە شوقەکەی خۆی لە شاری چێلسی یەکشەممان میوانداری لە هونەردۆستان دەکرد، لەم دانیشتنە گەرموگوڕانەدا، فێرخواز و خوێندکارە گەنجەکان بە دڵئاوایی بەرهەمەکانیان دەخستە بەر دیدی بورژووا کە بێ بەزەیی ڕەخنەیان لێ بگرێت، وای لێهاتبوو بۆخۆی ناوی ئەو یەکشەممانەی نابوو:- یەکشەممە خوێناوییەکان. سەرەڕای ئەمەش گومانی تێدانییە دۆزینەوە و چاوپێکەوتنی هونەرمەندێک بەو پلە و پایە بۆ هونەرمەندانی گەنج هەلێکی نایاب بوو. لویز لە چەندین پیشانگا لە دەیەی ١٩٧٠ و ١٩٨٠دا بەشداری و لە دەیەی ١٩٧٠دا بورژوا وەکوو سوسیالیست و فیمینیستێک بوو بە چالاکوانی سیاسی، پەیوەست بوو بە گرووپی شەڕ دژی سانسۆرە-وە، ئەم گروپە داکۆکیان دەکرد لە بەکارهێنانی وێنە ڕووتەکانی لە هونەردا بە مەبەستی تایبەت، کە دوواتر بۆخۆشی چەندین بەرهەمی ڕووتی لەمەڕ جەستەی ژن بەرهەم هێنا لەوانەش فیلت کە لە ساڵی دروستی کرد١٩٦٨. بورژوا بە نیشاندانی پێگەی خۆی لە دنیای هونەردا، یەکەمین پێشانگای لە ساڵی ١٩٨٢ لە MOMA بەڕێوە برد، لە ڕاستیا ئەوە یەکەم جار بوو دەرفەت دەدرا بە ئافرەتێکی هونەرمەند لەوێدا چالاکی بکات. لە سالی ١٩٩٣ بورژوا کە لە ساڵی ١٩٥٥-ەوە هاووڵاتیی ئەمەریکا بوو، وەکوو نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی لە بیناڵی ڤینیز هەڵبژێردرا. لویز لە ساڵی ٢٠١٠ کۆچی دوایی کرد.
سامانی لویز بورژوا؛ ئیشی بورژوا بەشێوەیەکی بەردەوام چڕ ببۆوە لەسەر نۆژەنکردنەوەی یادگەی مرۆڤ و لە ٩٨ ساڵ ژیانی خۆیدا کۆمەڵەیەکی سەرسووڕهێنەری لە پەیکەر، هێڵکاری و کتێب و چاپی دەستی و ئینیستالەیشن بەرهەمهێنا. کارەکەی بورژوا یارمەتیدەری بزافی هونەری فێمێنیستی هەبوو کە ئەو کات بەرەو گەشە بوو، ئێستاشی لەگەڵ بێت کاریگەری زۆری لەسەر فێمێنیست و هونەری ئینستالەیشن هەر هەیە. بۆ نموونە یەکەمین کۆمەڵە بەرهەمی لویز ئۆلسوون، چەند ساڵ پاش ئەزموونەکانی بورژوا لەسەر فەزا هاوشێوەکان، وەکوو کوێرەکانی بورژوا، ڕێبەریی کوێرەکان(١٩٤٧-١٩٤٩) و باخی شەو(١٩٥٣) بەرهەم هاتن. چڕبوونەوەی سەرنجی ئەو لەسەر ئەندامی نێرینەی پیاوان و ژنان بە درێژایی دەیەی ١٩٦٠ پێشەوە چوونێکی گرینگ بوو بۆ هونەرمەندانی فیمینیستیی دووای خۆی وەک:- لیندا بینگلیس و جوودی شیکاگۆ کە بەرهەمەکانیان دەپەرژێتە سەر ناوەڕۆکی هاوشێوە. لویز بە بەرهەمەکانی، ئاڵۆزی و گرژییەکانی مژاری جێندەری شی دەکردەوە، لەسەر کاریگەری ئەو بابەتانە لە ژیانی رۆژانەمان ورد دەبۆوە و ڕەنگدانەوەی لە سەر هەست و نەست و فیزیکی ئێمە بە جێدەهێشت و بەم کارە تەنانەت هونەرمەندانی پیاویشی وشیار دەکردەوە. وەکوو ڕابێرت مێپلتۆرپ کە بورژوا شانازی ئەمەی پێدا وێنەیەکی لێ بگرێت و بەم شێوەیە ڕێگەی نوێ بۆ لەبەرچاوگرتنی جەستە، پەیوەندییەکان و شوناسی تایبەتی لە وێنەکێشانی خۆی بدۆزێتەوە. لە جیهانی مۆدەیشدا شوێنپێی بەرهەمە مەلیل قوماش و پەیکەرەکانی بورژوا دیارە، چونکە داڕێژەران(طراحان)ێکی ناوداری وەکوو Comme des Garcons و Simon Roche چەندین کۆمەڵەیان بەپێی نموونە و فۆرمە لێک ئاڵاوەکانی ئەو داڕشتووه.
بەرهەمی ” کوێرێک دەبێت بە چاوساغی کوێرێکی دیکە” Blind Leading the Blind پەیکەرێکی سەرەتاییە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک تەختەی دەم تیژی هەڵپێکراو بە دارێکی تەخت-ەوە. بەگشتی دەربڕی هەستە ئاڵۆزەکانی خۆیەتی لەبارەی باوانی ولە لایەکیتریشەوە ئەزموونی خۆی لە دایكایەتی وەکوو کردەیەکی ناسک و لە هەمان کاتدا وەک کردیەک کە هاوسەنگی ژیان سنووردار دەکات. ئەم هونەرمەندە ئەم بەرهەمەی بە مێزێک دەشوبهێنێت بۆ بیرئانینی ئەو سەردەمەی دەچووە ژێرییەوە و بە دزییەوە سەیری هاتوچۆی دایک و بابی دەکرد. بورژووا وەکوو بیرەوەرییەکی ناخۆش ئەمە بە یاد دێنێتەوە چونکە لەگەڵ دایبابی خۆی هەستی بە نامۆبوون دەکرد و پەنای دەبردە ژێر کەلوپەلی ناوماڵەوە. ئەم بەرهەمە بەشێكه لە کۆمەڵە کاراکتەرەکانی بورژواکە لە نێوان ساڵانی ١٩٤٥ بۆ ١٩٥٥ دروست کراون. ئەم کۆمەڵەیە هەشتا پەیکەری ڕاوەستا و لە خۆ دەگرێت کە بابهتگهلی ناو ژیانی بورژوا وەکوو دڵتەنگی، زیانە نهێنییەکان بەهۆی خیانەتی بنەماڵەیی و، حەز بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە گەڵیان دەنوێنێتەوە. هەر پارچەیەک لەم کۆمەڵەیە هاوشێوە یان بیرخەرەوەی کەسێکی ناسراوە بۆ هونەرمەند. ئەم فیگەرە تۆتەمییە دەرهەستانە قاعیدەیان نییەو بە شێوازی هێشوو دروست کراون کە بۆ بورژوا ئاماژەیەک بوو بۆ بووژانەوەی ڕابردووی خەڵکەکەی.
بەرهەمی دیمەنی نەرم دوو؛ لە ساڵی ١٩٦٧، بورژوا کۆمەڵە دیمەنەکانی خۆی دەستپێکرد. Soft Landscape|| بە ڕژاندنی رایزنی ڕەنگی کارامێلی بەسەر شێوە بیومورفیکەکان کە هاوشێوەی دیمەنی سرووشتی بێگیانی سێ ڕەهەندین دروست کرا. بەم کارەوە، بورژوا بە جێی ئیشکردن بە چێو لە شێوە سەخت و تووندەکانی بەرە و تاقیکردنەوەی ماتریاڵەکانی دیکەی وەکوو گەچ، چیمەنتۆ، ئەلەمینیوم و لاتێکس بۆ دروستکردنی “پەیکەری نەرم” ڕێگاکەی گۆڕی. بورژوا باسی ئەوە دەکات کە شێوە تۆقلەیی وچەکەرەکردووی پەیکەرەکە لە راستیدا لە جەستەی مرۆڤ و هەروەها لەندسکەیپ وەرگیراوە و دەڵێت:- “دەکرێت جەستە لە دیمەنێکی تۆپولۆژیکی، دیمەنێک بە تەپۆڵکە و دەربەند و ئەشکەوت و کون و کەلەبەرەکان وێنا بکرێت. هەر بۆیە وا دێتە بەرچاو (هەڵبەت بە تەواوەتیش ڕوونە…) کە جەستەی ئێمە وێناکردنێکە کە لە کۆشی زەمینی دایک دەردەکەوێت.”
سەرچاوە:- سایت ریتم آهنگ
وەرگێڕان لە فارسییەوە؛ حەمیدە حەسەن



































































