“چین” چیتر لەو چوارچێوەی “ناوەند و پەراوێز”ەوە سەیری جیهان ناکات، کە لە سەردەمی جیهانگیری ڕۆژئاواییدا لەدوای جەنگی دووهمی جیهانی باو بوو، کاتێک ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بڕیاری ئابووری و سیاسی جیهانییان قۆرغکردبوو. بەڵام پەکین هەوڵیداوە، جیهانگیریەکی تایبەت بە خۆی داڕێژێت، کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە تێکەڵەکانی نێوان وڵاتان و گەلان بێت نەک سەپاندن، لەسەر هاوکاری بێت نەک زۆر لێکردن. “چین” ئامانجی لاوازکردنی ڕۆژئاوا نییە، بەڵکو دەیەوێت هاوسەنگی سیستهمی نێودەوڵەتی بگەڕێنێتەوە لە ڕێگەی ئەندازیارییەکی نوێوە کە بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بەڕێوە بچێت نەک بە ڕووبەڕووبوونەوە. لە دیدی ئەودا، جیهان پێکهاتهیەکی قوچهکی نییە کە لوتکەکەی لەلایەن لایەنێکی باڵادەستەوە بەڕێوە ببرێت، بەڵکو تۆڕێکە کە وڵاتان تێیدا تەواوکەری یەکن، بەپێی بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و ڕێزگرتن لە تایبەتمەندی ئابووری و جوگرافی هەموو لایەنێک. ئەم فەلسەفەیە لەسەر ئەوە وەستاوە کە پەکین ناوی دەنێت “بەڕێوەبردنی تۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان”، واتە بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان لە ڕێگەی تێکەڵبوونی بەرژەوەندییەکانەوە نەک یەکگرتنی هەڵوێستەکان.
تەنانەت لە کاتی ناکۆکیش لە هەندێک دۆسیەی سیاسی یان جیۆپۆلەتیکیدا، تۆڕی ئابووری و ژێرخانی هاوبەش هێشتا وەک هۆکارێکی ڕێکخەر دەمێنێتەوە کە ڕووبەڕووبوونەوە دەگرێت و سەقامگیری دەپارێزێت، چونکە هەر ناتەواوییەک لەم تۆڕەدا تەنها زیان بە یەک لایەن ناگەیەنێت، بەڵکو کاریگەری لەسەر تەواوی سیستمەکە دەبێت. لێرەدا، ناتەواوییەکە تەنها یەک یان دوو وڵات ناگرێتەوە، بەڵکو کاریگەرییەکەی بۆ هەموو لایەنەکانی ناو تۆڕەکە درێژ دەبێتەوە و لەسەرووی هەمووشیانەوە “چین”، کە تێدەگات هێزی ئەو لە سەقامگیری هاوبەشەکان و هاوسەنگی سیستهمی گشتیدا جیا ناکرێتەوە. “چین”، سەرەڕای ئەوەی ناوەندی گرێی ئەم تۆڕەیە، لە پێگەی باڵادەستیدا نییە، بەڵکو لە پێگەی بەرپرسیارییهتیدایە، چونکە زۆرترین کاریگەری لەسەر دەبێت ئەگەر هاوسەنگی تێکبچێت و زۆرترین پابەندیی هەیە بۆ پاراستنی. بەم شێوەیە، پەیوەندییە ئابوورییەکان دەگۆڕێن بۆ میکانیزمێک بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەردەوامبوونیان لە ڕێگەی هاوسەنگی بەرژەوەندییەکانەوە. لە ناوەڕۆکیدا، ئەم دیدگایە درێژکراوەیەکی فەلسەفەی هارمۆنیایە لە هزری نوێی ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا، کە تێیدا جیهان وەک سیستەمێکی هاوسەنگی سەیر دەکرێت نەک گۆڕەپانێکی ململانێ، سەرکردایەتی وەک هاوئاهەنگی نەک باڵادەستی پەیڕەو دەکرێت. ئەم فەلسەفەیە لە پڕۆژە گەورەکانی پەیوەستبووندا زۆرترین ڕووناکی پێدراوە، و لەسەرووی هەموویانەوە تۆڕی ڕێڕەوە گەورەکان کە لە ژێرخانێکەوە گۆڕاون بۆ ئەندازیارییەکی نوێی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەی ببنە پردی ماددی کە “چین” دیدگای خۆی بۆ جیهانگیرییەک کە لەسەر بنەمای پەیوەندی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانە، تێیدا جێبەجێ بکات.
شەش ڕێڕەوی گەورە:- ئامرازی ماددی جیهانگیری “چین”ی تۆڕی ڕێڕەوەکان و ژێرخانەکان لە دڵی فەلسەفەی “چین” بۆ جیهانگیریدا وەستاون وەک ئامرازی ماددی کە دیدگاکەی گۆڕیوە بۆ واقیعێکی بەرجەستە. ئەمە تەنها سنووردار نییە بە هێڵی ئاسنین، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ پڕۆژەکانی پەیوەستبوون بە جۆرە جیاوازەکانیانەوە “وشکانی، دەریایی و ئاسمانی، لەگەڵ سیستەمەکانی وزە و ڕێگاوبان و بەندەر و پەیوەندییەکان” ئەم تۆڕە نوێنەرایەتی ژێرخانێکی ستراتیژی یەکگرتوو دەکات کە جوڵەی بازرگانی و گەشەپێدان لە سەرانسەری کیشوەرەکاندا ڕێکدەخاتەوە، و لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە تا ئەوروپا و ئەفریقا درێژ دەبێتەوە، بۆ ئەوەی “چین” بکاتە تەوەرێکی تۆڕی جیهانی کە بازرگانی تێیدا دەجوڵێت وەک چۆن ووزە لە بازنە پەیوەستەکاندا دەجوڵێت. ئەمڕۆ تۆڕەکە 33 وڵات دەگرێتەوە کە لە کۆریای باشوورەوە لە ڕۆژهەڵاتەوە تا تورکیا لە ڕۆژئاوا و لە ڕووسیاوە لە باکوورەوە تا سەنگافورە لە باشوور و ئابوورییە گەورەکان بە وڵاتانی گەشەسەندووەوە دەبەستێتەوە لە سیستەمێکی پەیوەندی بێوێنەدا. ئەمە وڵاتە سەرەکییەکانی وەک لاوس، تایلەند، کەمبۆدیا، مالیزیا، سەنگافورە، ڤێتنام، میانمار، پاکستان، ئێران، کازاخستان، ئۆزبەکستان، مەنگۆلیا، ڕووسیا، تورکیا، نیپاڵ، سریلانکا، ئازەربایجان، هیندستان، ئەندەنوسیا، بەنگلادیش، جۆرجیا و ئەرمینیا دەگرێتەوە. ئەم فراوانبوونە یارمەتیدەر بووە لە کەمکردنەوەی کاتی گواستنەوەی کەلوپەل لە نێوان “چین” و ئەوروپا بە ڕێژەی 65%، ڕێڕەوەکانی گۆڕیوە بۆ پردی ستراتیژی کە جوگرافیای سیاسی و ئابووری لەسەر بنەمای پەیوەندی و هاوسەنگی لە تۆڕێکدا کە زیاتر لە نیوەی بەرهەمی ئاسیایی دەگرێتەوە، دووبارە دەهێڵێتەوە. هەندێک لە ڕێڕەوەکان بە تەواوی توانای خۆیان کار دەکەن و هەندێکی تریشیان بەشێوەیەکی نیمچەیی، لە کاتێکدا هەندێکی تریشیان هێشتا لە قۆناغی جێبەجێکردندان لە چوارچێوەی دیدگایەکی درێژخایەن کە تا ناوەڕاستی سەدەی بیست و یەکەم درێژ دەبێتەوە، ئەمەش بەرجەستەکردنی فەلسەفەی “چین”ە لە بنیادنانی قۆناغ بە قۆناغ و پەیوەندیی تەواو.
“شەش ڕێڕهو؛ تۆڕی جیهانگیری نوێ”
- ڕێڕهوی ئابووری نێوان چین و پاکستان – پردەکە بۆ زەریای هیندی؛ ئەمە بەردی بناغەی پڕۆژەی پشتێن و ڕێگایە. لە کاشغەر لە شینجیانگەوە تا بەندەری گوادەر لە پاکستان لەسەر دەریای عەرەب، بە درێژایی زیاتر لە 3,000 کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە، بە وەبەرهێنانێک کە زیاتر لە 60 ملیار دۆلاری ئەمریکی تێپەڕاندووە. ئەمە یەکەم ڕێڕەوە کە “چین” دەرفەتی ڕاستەوخۆی دەداتێ بۆ ئاوە گەرمەکان و یارمەتی کەمکردنەوەی کاتی گواستنەوەی کەلوپەلی داوە لە 45 ڕۆژەوە بۆ تەنها 10 ڕۆژ. ئەم ڕێڕەوە بە یەکێک لە پێگەیشتووترین ڕێڕەوەکان دادەنرێت، چونکە بە تەواوی توانای خۆی کار دەکات و مۆدێلێکە بۆ یەکگرتنی ناوچەیی لە نێوان وزە و ژێرخان و پیشەسازیدا.
- پرسی وشکانی ئۆراسیا – دەمارەکانی “چین” بەرەو ئەوروپا؛ لە ڕۆژهەڵاتی “چین”ەوە تا پۆڵەندا و ئەڵمانیا بە درێژایی زیاتر لە 11,000 کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە و بە کازاخستان و ڕووسیادا تێدەپەڕێت، کاتی گواستنەوەی کەلوپەل لە 45 ڕۆژ بە دەریادا بۆ 15 ڕۆژ بە شەمەندەفەر کەم دەکاتەوە، لەگەڵ زیاتر لە 1,000 گەشت لە ساڵێکدا. ئەم پردە بە گرنگترین دەماری بازرگانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا دادەنرێت و بە کردەوە بە تەواوی توانای بازرگانی خۆی کار دەکات، و گواستنەوەی لە جیهانگیری دەریاییەوە بۆ جیهانگیری وشکانی جێگیر کردووە کە بازاڕەکانی ڕۆژهەڵات بە ڕۆژئاواوە بە خێرایی و کارایی بێوێنە دەبەستێتەوە.
- ڕێڕهوی “چین” – نیمچەدوورگەی هیندی- چینی – دڵ لێدەری ئاسیا؛ “چین” بە هەریەک لە لاوس و تایلەند و کەمبۆدیا و مالیزیا و سەنگافورە دەبەستێتەوە لە ڕێگەی تۆڕێکەوە کە درێژاییەکەی نزیکەی 5,500 کیلۆمەترە. ئەمە گرنگترین ڕێڕهوی باشووری ئاسیایە، کە بەندەرە دەریاییەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کیشوەرەکە بە ناوەندە پیشەسازییەکانی “چین”ەوە یەکدەگرێتەوە. تێچووی بازرگانی کەم کردووەتەوە و کارایی گواستنەوەی بەرز کردووەتەوە و لە ئێستادا بەشێوەیەکی نیمچەیی کار دەکات لە ڕێگەی هێڵی “چین” – لاوسی چالاکەوە کە قۆناغی یەکەمی ڕێڕهوی زێڕین بەرجەستە دەکات، لە کاتێکدا کارەکانی درێژکردنەوە بۆ وڵاتانی تری ئاسیان بەردەوامە.
- ڕێڕهوی “چین” – مەنگۆلیا – ڕووسیا – تەوەری باکوری نوێ؛ بەدرێژایی 2,200 کیلۆمەتر لە نێوان پەکین و مۆسکۆوە تێدەپەڕێت و بە مەنگۆلیادا دەڕوات. یارمەتی کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوەی بە ڕێژەی 35% داوە و دەرهاویشتەی کاربۆنی بە ڕێژەی 25% کەم کردووەتەوە بە بەراورد بە ڕێگاکانی باو و ئێستا لە قۆناغی کارپێکردنی نیمچەییدایە لەگەڵ فراوانبوونی هاوکاریی لۆجستی لە نێوان باکووری “چین” و ڕووسیادا. هەروەها یەکگرتنی نێوان ئابوورییەکانی باکووری ئاسیای بەهێز کردووە، بازاڕەکانی ڕووسیای بە هەرێمە پیشەسازییەکانی “چین”ەوە بەستووەتەوە لە ڕێگەی هێڵەکانی گواستنەوەی پێشکەوتووەوە کە توانای ساڵانەیان زیاتر لە 100 ملیۆن تۆن کاڵایە.
- ڕێڕهوی “چین” – ئاسیای ناوەڕاست – ڕۆژئاوای ئاسیا – ڕێگای ئاوریشمی نوێ؛ ئەم ڕێڕهوە فراوانترینە لە ڕووی درێژایی جوگرافییەوە، چونکە لە شاری شیان لە “چین”ەوە دەست پێدەکات و بەرەو ڕۆژئاوا دەڕوات بە کازاخستان و ئۆزبەکستان و تورکمانستان و ئێراندا تا دەگاتە تورکیا، بۆ خزمەتکردنی زیاتر لە 15 وڵات بە کۆی بەرهەمێکی ناوچەیی کە زیاتر لە 20 تریلیۆن دۆلاری ئەمریکییە. ئەم ڕێڕهوە نوێنەرایەتی پردی وشکانی نوێ دەکات بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و ڕێگای ئاوریشمی مێژوویی لە ڕێگەی کۆکردنەوەی گواستنەوەی وشکانی و هێڵی ئاسنین و بەندەرە وشکانییەکان و ناوچە لۆجستییەکان لە سیستەمێکی یەکگرتوودا، زیندوو دەکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی هەندێک لە بەشەکانی بە کردەوە دەستیان بە کارپێکردن کردووە، بە تایبەت لە نێوان “چین” و کازاخستاندا، بەڵام ڕێڕهوەکە تا ئێستا بەشێوەیەکی نیمچەیی کار دەکات، لەگەڵ پێشکەوتنێکی بەرچاو لە پەرەپێدانی ژێرخان لە ناو ئێران و تورکیادا.
- ڕێڕهوی بەنگلادیش – “چین” – هیندستان – میانمار – دەروازەی باشووری ڕۆژئاوا؛ بە درێژایی نزیکەی 1,800 کیلۆمەتر، لە یونانی “چین”ەوە دەست پێدەکات و بە میانماردا تێدەپەڕێت بۆ هیندستان و بەنگلادیش تا دەگاتە کەنداوی بێنگال. ئامانجی هەمەچەشنکردنی ڕێگاکانی بازرگانی “چین”ە دوور لە گەرووی مەلەکا و دەرفەتێکی ستراتیژی ئارام دەداتە دەرچەیەک بۆ زەریای هیندی. ئەم ڕێڕهوە هێشتا لە قۆناغی پلاندانان و لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام بە تەوەرەی داهاتوو دادەنرێت لە پەیوەستکردنی باشووری ئاسیا و باشووری ڕۆژهەڵاتی.
“چین، چۆن سوودی لەم ڕێڕەوانە وەرگرتووە؟ چین و لاوس – ڕێڕهوی پۆتاسیۆم مۆدێلێک بۆ جیهانگیری چینی”
پۆتاسیۆم، یەکێکە لە توخمە ستراتیژییەکان بۆ ئاسایشی خۆراک و پیشەسازی جیهانی، چونکە لە پەینە کشتوکاڵییەکان و پیشەسازییە کیمیاییەکان و شووشە و دەرماندا بەکاردێت و دەچێتە ناو خوێی خواردن و پاترییەکانی وزە. بەهۆی ڕۆڵی سەرەکییەوە لە کشتوکاڵی مۆدێرندا، وەک “نەوتی خۆراک” سەیر دەکرێت، هەر تێکچوونێک لە دابینکردنیدا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخی خۆراک لە جیهاندا دەبێت، سەرەڕای گەورەیی ئابوورییەکەی، “چین” تەنها کەمتر لە 4%ی یەدەگی جیهانی پشتڕاستکراوەی پۆتاسیۆمی هەیە، زۆربەی لە دەریاچە سوێرەکاندا کە دەرهێنانی قورسە. بۆیە بۆ دەیان ساڵ پشتی بە هاوردەکردنی لە باکووری ئەمریکاوە بەستووە، بە تایبەت کەنەدا کە نزیکەی 23%ی یەدەگی جیهانی هەیە، ئەمەش وای لێکردووە کە لەبەردەم فشارە ئابوورییەکاندا بێت لەلایەن ڕۆژئاواوە. ئەم لاوازییە بە ڕوونی دەرکەوت لە کاتی جەنگی بازرگانی یەکەمدا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، کاتێک دۆسیەی ئاسایشی خۆراک وەک کارتی فشارێکی ڕاستەوخۆ دژی پەکین بەکارهات. “چین” وەڵامی دایەوە بە دروستکردنی هێڵی ئاسنینی نێوان کونمینگی “چین”ی و ڤینتیانی پایتەختی لاوس، کە لە کانوونی یەکەمی 2021دا کرایەوە بە درێژایی 1,035 کیلۆمەتر و خێرایی کارپێکردنی 200 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا. پڕۆژەکە تەنها بۆ گواستنەوە نەبوو، بەڵکو پلانی بۆ دانرابوو کە ببێتە ڕێڕهوێکی ستراتیژی کە سەرچاوە گرنگەکان دابین بکات و پەیوەندییە ئابوورییەکان بەهێز بکات لە چوارچێوەی دیدگای “جیهانگیری “چینی”. لە ماوەی چوار ساڵدا، هێڵەکە زیاتر لە 56 ملیۆن تۆن کاڵای گواستەوە، لەوانەش 13 ملیۆن تۆن کاڵای سنووربەزێن، و تێچووی گواستنەوەی لە نێوان 30% بۆ 50% کەم کردووەتەوە، و لاوسی لە وڵاتێکی خاوەن ژێرخانی سنووردارەوە گۆڕی بۆ تەوەرێکی بازرگانی ناوچەیی لە “ڕێڕهوی زێڕیندا” کە “چین” بە تایلەند و کەمبۆدیا و مالیزیا و سەنگافورە دەبەستێتەوە. بەپێی داتاکانی دەستەی ڕوپێوی جیۆلۆجی ئەمریکی، 78.5%ی یەدەگی پۆتاسیۆم لە کەنەدا، لاوس، ڕووسیا، و بێلاڕووسیا کۆبوونەتەوە. سێ لەوانە ئەمڕۆ هاوبەشی “چین”ن لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی پشتێن و ڕێگادا. بەم شێوەیە پڕۆژەکە ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی لە کارتی فشارێکی ئابووری گرنگ لە بازاڕی سەرچاوە کشتوکاڵییەکان بێبەش کرد و تۆڕی سەرچاوە جیهانییەکانی لەسەر بنەمای پەیوەندی نەک قۆرخکاری، دووبارە نەخشاندەوە، یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی مێژوویی “چین”ی گۆڕی بۆ یەکێک لە پایەکانی سەربەخۆیی ئابووری و سیاسییەکەی. ئەوەی “چین” لە لاوس ئەنجامی داوە، تەنها وەبەرهێنان لە هێڵی ئاسنین یان دابینکردنی سەرچاوەکان نییە. ئەمە بەرجەستەکردنێکی کردارییە بۆ فەلسەفەی جیهانگیری “چین”ی کە لەسەر بنەمای گۆڕینی ئاڵنگارییەکان بۆ دەرفەت و بنیادنانی هێز لە ڕێگەی پەیوەندی و یەکگرتنەوە. لە ڕێگەی “ڕێڕهوی پۆتاسیۆمەوە”، “چین” نەک تەنها ئاسایشی خۆراکی خۆی بەهێز کرد، بەڵکو مۆدێلێکی نوێی بۆ سەروەری ئابووری پێشکەش کرد کە لەسەر بنەمای هاوسەنگی بەرژەوەندییەکان و بەردەوامبوونی هاوکارییە.
“یونان؛ دڵی تۆڕی جیهانگیری چین”
پارێزگای یونان دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای “چین” و هاوسنوورە لەگەڵ لاوس، ڤێتنام و میانمار، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە دەروازەی وشکانی باشووری “چین” بەرەو باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. لەم پارێزگایەدا شەش ڕێڕەوە گەورەکەی دەستپێشخەری “پشتێن و ڕێگا” یەکدەگرنەوە، بەمەش دەبێتە گرنگترین تەوەرەی پەیوەستبوونی جوگرافی و ئابووری لە نێوان “چین”ی وشکانی و وڵاتانی ئاسیان، و لە نێوان ڕێڕەوە وشکانییەکانی بەرەو ئەوروپا و دەریاییەکانی پەیوەست بە زەریای هیندی. یونان خاوەنی شوێنێکی نایابە لە ناو بازنەی پێنج کاتژمێری فڕیندا، چونکە فڕۆکەیەکی هەڵفڕیو لە کونمینگەوە دەتوانێت لە ماوەی پێنج کاتژمێردا بگاتە زۆربەی پایتەختەکانی ئاسیا، ئەمەش وای لێکردووە ببێتە ناوەندێکی سروشتی بۆ بازرگانی و لۆجستیای ناوچەیی. “چین” لەم پارێزگایەدا زیاتر لە 21 ملیار یوان لە ڕێگەی 64 پڕۆژەی پیشەسازییەوە وەبەرهێناوە، لەگەڵ فراوانبوونێکی بەردەوام لە هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ڕوباری میکۆنگ “میانمار، تایلەند، لاوس، کەمبۆدیا، ڤێتنام” و بەندەری موهان بووەتە یەکەم دەروازەی وشکانی بەرەو ئاسیان. لەگەڵ تەواوبوونی پەیوەندیی نێوان پردی ئۆراسیا و ڕێڕەوەی وشکانی _ دەریایی نێودەوڵەتی، یونان گۆڕاوە بۆ ڕێڕەوێک کە سێ زەریا بەیەکەوەدەبەستێتەوە، ئەمەش گۆڕانکاریی ستراتیژیی “چین” بەرجەستە دەکات لە وڵاتێکی ناوخۆییەوە بۆ تەوەرێکی فرە_ڕەهەندی بازرگانی و گواستنەوەی نێودەوڵەتی، و دڵێکی لێدەر بۆ جیهانگیری “چین”ی کە لەسەر بنەمای پەیوەندی و یەکگرتنە.
“کۆتایی”
“چین” لە ڕێگەی تۆڕە فراوانەکەیەوە مۆدێلێکی پێشکەشکردووە بۆ ئەوەی دەکرێت ناوی بنرێت جیهانگیری هاوسەنگ، کە تێیدا سوودەکان لە نێوان هاوبەشەکاندا دابەش دەبن و پەیوەندی دەبێتە ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی بەرژەوەندییەکان لە جیهانێکدا کە تێیدا کێبڕکێ و ململانێکان زیاد دەکەن. لەگەڵ هەر هێڵێکی ئاسنین یان ڕێڕەوێکی وزە یان ڕێگایەکی دەریایی، پەکین سیماکانی کارلێکی جیهانی دووبارە دەنەخشێنێتەوە کە لەسەر بنەمای پەیوەندی کرداری و یەکگرتنی ئابوورییە، نەک لەسەر ڕووبەڕووبوونەوە و دابەشبوون. ئەزموونی “چین” نیشان دەدات کە هێز لە سەدەی بیست و یەکدا چیتر لە پێکدادان یان زاڵبووندا نییە، بەڵکو لە توانای بنیادنانی هاوپەیمانێتی و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانە لەڕێگەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانەوە. پڕۆژەکانی پەیوەستبوون کەلە سەرانسەری کیشوەرەکاندا درێژدەبنەوە تەنها ژێرخانێک نین لە ئاسن و کۆنکرێت، بەڵکو زمانێکی نوێی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانن کە بیرۆکەیەکی قووڵتر دەردەبڕن:- گەشەپێدان گەشە ناکات تەنها کاتێک هاوبەش بێت، و کاریگەری بەهێز ناپارێزرێت، بەڵکو بە پەیوەندی و هاوسەنگی. ئەم ئەزموونە وانەیەکی کرداری پێشکەش دەکات لە گرنگی بنیادنانی تۆڕە ناوچەییەکانی پەیوەستبووی ڕێڕەوە جیاوازەکان “هێڵی ئاسنین، ڕێگا نێودەوڵەتییەکان، بەندەرە دەریاییەکان” کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکانن،
سهرچاوه:-
https:-//www.cnbcarabia.com/
ئامادەکردن:- سهركۆ یونس



































































