“كورته‌یه‌كی مێژوویی”
“پێشه‌كى”
ديارده‌ى لێكترازان و جيابوونهوه يه‌كێكه لهديارده هه‌ره باوه‌كانى ناو حزب و ڕێكخراوه كوردييه‌كان و به‌درێژايى ته‌مه‌نى دروستبوونى حزبى سياسيى كوردى ئه‌م ديارده‌يه بوونى هه‌بووه، كه به‌ماناى جيابوونهوه و شه‌قبوونى به‌شێك له سه‌ركردايه‌تى حزبه‌كه تا خواره‌وه‌ى دێت، بهواتايهكى تر لهيهكترازان و جيابوونهوهكه له‌م نووسينهدا مه‌به‌ستمانه ئه‌وه‌يه، كه لێكترازانهكه له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه‌بێت و كاريگه‌رى بكاته سه‌ر به‌ده‌نه‌ى حزبه‌كه، كه به‌عه‌ره‌بى پێى ده‌وترێت “الانشقاق” و فارسه‌كان پێى ده‌ڵێن “انشيعاب” كه ئه‌م زاراوه‌ى دواتر باوتره له‌نێو حزبى ئێرانيدا بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ش به‌كار ده‌هێنرێت، كه لهحزبهكه جياده‌بنه‌وه، كه زۆرجار هه‌مان ناوى حزبى دايك ياخود ناوێكى تر بۆخۆيان هه‌ڵده‌گرن، لێره‌دا چه‌ند نموونهيهكى پارتى سياسى باكوورى كوردستان‌مان باس كردووه، كه گرينگترينيان ئه‌مانه‌ن:-
“يه‌كه‌م؛ كۆمه‌ڵه‌ى تهعاليى كورد”
ئه‌م كۆمه‌ڵه‌يه له17كانوونى يه‌كه‌مى 1334به‌رامبه‌ر به 17/2/1918دامه‌زراوه، له بانگهشهيهكى “جهمعيهتى تهعميمى مه‌عاريف” و نهشريياتى كورددا، كه له 2/1/1919 له “ژين”دا بڵاوكراوه‌ته‌وه، به‌مجۆره باسى شوێنى باره‌گاى جهمعيهتى ته‌عالى كوردستان كراوه، “له‌ته‌لارى باخچه پاشادايه، پشت كۆڵانى دانشتاى” له‌ئه‌ستانبوڵ. دامه‌زرێنه‌ران و ئه‌ندامانى ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى جهمعييهتى تهعاليى كوردستان، ئه‌م كه‌سانه‌ى خواره‌وه بوون:- “سه‌رۆك، سه‌ييد عه‌بدولقادرى ئه‌فه‌ندى، نووسه‌رى گشتى “كاتبى عموومى” حوسيهن شوكرى به‌گ”بابان”، دكتۆر محه‌مه‌د شوكرى به‌گ سه‌گبان، محێدين نامى، بابان زاده حيكمه‌ت به‌گ، عه‌زيز به‌گ”. به‌گوێره‌ى بڕياره‌كانى كۆنگره‌ى حوهزيرانى ساڵى 1919 كۆمه‌ڵه‌كه شه‌ريف پاشاى هه‌ڵبژارد، كه وه‌ك نوێنه‌رى خۆى بينێرێته كۆنگره‌ى ئاشتى له‌پاريس، پاشان فه‌خرى به‌گى وه‌ك ڕاوێژكارى نارد، به‌رهه‌مى به‌م هه‌وڵه بريتيى بوو له داننان به‌به‌نده‌كانى “62-63-64” تايبه‌ت به‌كورد له په‌يماننامه‌ى سيڤه‌ر، له 20ته‌مموزى 1920 پێش مۆركردنى سيڤه‌ر كۆمه‌ڵه‌كه سوپاس نامهيهكى نارد بۆ كۆنگره و نه‌خشه‌يه‌كى سياسيى كوردستانى له‌گه‌ڵدا هاوپێچ كرد. سه‌ره‌تاى دابه‌شبوون له‌نێو ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵه به‌زۆرى ئه‌وكاته ده‌ركه‌وت، كه شه‌ريف پاشا ڕێككه‌وتنامه‌ى له‌گه‌ڵ “بۆغۆس پاشا”ى ئهرمنى به‌ست، بۆڵتانى ئه‌رمه‌نى باس له‌وه‌ده‌كات، له ڕاستيدا ئه‌م ڕێككه‌وتنه ڕێككه‌وتنى ئه‌رمه‌نى و كورد بوو، ئامانجى ئه‌وه‌بوو، كه مافه‌كانى كورد به‌ده‌ست بهينێ، دواى مۆركردنى ههرايهكى گه‌وره‌ى له‌نێو عوسمانيهكاندا دروستكرد، به‌وه‌ش خێرا باڵى ديندارى كۆمه‌ڵه‌كه به‌سه‌رۆكايه‌تى “عه‌بدولقادر“ ناڕازى بوو له ڕێككه‌وتنه‌كه، ئه‌وه‌بوو عه‌بدولقادر له ڕۆژنامه‌ى “اقدام” له 27شوباتى 1920 ڕايگه‌ياند، كه تور‌كان براى ئازيزمانن.
باڵى ڕاديكاڵى نه‌ته‌وه‌يى، كه “ئه‌مين عالى به‌درخان” سه‌ركردايه‌تى ده‌كردن، زۆرينه‌ى گه‌نجه حهماسيهكان، كه ئاڕاستهيهكى نه‌ته‌وه‌ييان هه‌بوو له‌ده‌ورى كۆببوونه‌وه، ئامانجيان سه‌ربه‌خۆيى كوردستان بوو، ڕايانگه‌ياند:- ده‌يانه‌وێ سود له پرهنسيپه ڕاگه‌يه‌نراوه‌كه‌ى ويڵسۆن وه‌ربگرن. ئيتر جياوازى بۆچوون له‌نێوان ئه‌م دوو لايه‌نه‌دا ده‌ركه‌وت و له 15ى ئازارى 1920 گه‌يشته لووتكه، هه‌رچه‌نده هه‌وڵ هه‌بوو تاوه‌كوو به‌ر له له‌تبوون بگرن، به‌ڵام ئه‌م جياوازيانه به‌فه‌رمى له حوزه‌يرانى 1920 ڕاگه‌يه‌نرا، نه ته‌نها جياوازى له‌نێو كۆمه‌ڵه‌كه هه‌بوو، به‌ڵكوو له‌نێو ئه‌نجوومه‌نى “سه‌نا”ى عوسمانيش ده‌ركه‌وت، كه له‌و كاته‌دا شێخ عه‌بدولقادر سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى سه‌نا “نوێنه‌ران”ى عوسمانى بوو له ئازارى 1920، به‌گوێره‌ى گوزارشتى شێخ عه‌بدولقادر هه‌ندێك له ئامانجه نه‌ته‌وه‌ييه‌كان هه‌ريه‌ك له نوێنه‌رانى “هه‌كارى، بايه‌زيد، وان، ته‌رابزۆن، ئه‌رزه‌ڕۆم” له نێو ئه‌نجومه‌نى عوسمانيدا خستويانه‌ته ڕوو، به‌مه‌ش عه‌بدولقادر له سه‌رۆكايه‌تى ئه‌نجومه‌نه‌كه لادراوه، بێگومان ئه‌م داواكارييه به ئاماژه‌ى حكومه‌ت بوو. ئه‌نجامى ئه‌م جياوازى بۆچوونانه ئه‌وانه‌ى بانگه‌شه‌ى سهربهخۆبوونيان ده‌كرد له‌ژێر سه‌ركردايه‌تى “ئه‌مين عالى به‌درخان”-كۆمه‌ڵه‌ى ته‌شكيلاتى ئيجتيماعى كورديان- دامه‌زراند، هه‌رچه‌نده به‌گوێره‌ى به‌ڵگه‌نامه‌يه‌كى به‌ريتانى له 23كانونى يه‌كه‌مى 1920 هه‌ردوو لايه‌نه‌كه يه‌كيان گرتۆته‌وه له‌يه‌ك كۆمه‌ڵه‌دا و عه‌بدولقادر بووه سه‌رۆك و ئه‌مين عاليش جێگر، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى كهماليهكان ده‌ستيان به‌سه‌ر ئهستانبووڵدا گرت، كۆمه‌ڵه‌ى ته‌عالى كوردستان ناچار بوو چالاكييه ئاشكراكانى بوه‌ستێنێت، هه‌رچه‌نده زۆرێك داوايان ده‌كرد، كه پێويسته باره‌گاو چالاكيى كۆمه‌ڵه بۆگوازرێتهوه بۆ كوردستان، به‌ڵام عه‌بدولقادر و سه‌ركرده‌كانى كۆمه‌ڵه ئه‌وه‌يان ڕه‌تكرده‌وه.
ئه‌م جياوازى بۆچوون و تێڕوانينانه سه‌باره‌ت به مافه‌كانى كورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌نێو ڕێكخراوه‌كه لێكترازانى دروستكرد، كه ئه‌مه‌ش بهيهكهمين لێكترازانى نێوخۆى له‌نێو ڕێكخستنێكى سياسى كوردى داده‌نرێت له‌مێژووى حزبى كورديدا. دواجار له كۆتايى ساڵى 1922 دواى ئه‌وه‌ى هێزه‌كانى مسته‌فا كه‌مال ئهستامبوڵيان گرت ،ئيدى كۆمه‌ڵه و ڕێكخراوه كوردييه‌كان قه‌ده‌غه‌كران. ئيتر لێره‌وه چالاكى سياسيیه‌كانى كورد ئاڕاسته‌ى ده‌ره‌وه بوو، له ده‌ره‌وه‌ى كوردستان هه‌وڵى دروستكردنى حزبى كوردى درا، يه‌كێك له‌و حزبانه بريتى بوو له دامه‌زراندنى كۆمه‌ڵه‌ى خۆيبوون له تشرينى يه‌كه‌مى 1927 لههاوينه هه‌وارى “بحهمدون” له لوبنان، جه‌لاده‌ت به‌درخان وه‌ك يه‌كه‌م سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌كه هه‌ڵبژێردرا و له سه‌ر بڕياره‌كانى كۆنگره‌ش ساڵى 1928 ئيحسان نورى پاشا وه‌ك سه‌ركرده‌ى هێزه چه‌كداره‌كان دياريكرا. ئه‌م ڕێكخراوه‌ش دواى ماوه‌يه‌ك له‌چالاكى سياسى و ڕاگه‌ياندن و سه‌ربازى له‌وانه “ڕاپه‌ڕينى ئاگرى دا‌غ”، له‌ده‌ره‌وه‌ى كوردستان ڕيزه‌كانى دووچارى لێكترازان و جيابوونهوه بووه‌وه، له ساڵى 1937 ده‌بێته دووبه‌ش، ههربهشهيان پشگيرى لايه‌ك له عه‌ره‌ب و فهڕهنسيهكانن، “قه‌درى به‌گ و ئهكرهمى جه‌ميل پاشا و عه‌بدوڵره‌حمان ئاغا” لايه‌نگرى عه‌ره‌ب بوون، به‌ڵام “حاجۆ ئاغا‌و ئاغاكانى تر و جگه‌ر خوينى شاعير لايهنگيرى مه‌سيحى و فه‌ڕه‌نسيه‌كان بوون”، دواجار ئه‌كره‌م و قه‌درى گيران و دوورخرانه‌وه. ئه‌مه‌و سه‌ره‌ڕاى ناكۆكى له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى ماددى ڕێكخراوه‌كه، كه گه‌وره‌ترين جيابوونهوهو گرفتى بۆدروستكرد و سه‌ره‌نجام له‌ساڵانى دواتردا هه‌ڵوه‌شايه‌وه. له دواى خۆيى بوون يه‌كه‌مين پارتى سياسی نهێنی له‌ئه‌ستانبوڵ له لايه‌ن ڕووناكبيرانى كورد دامه‌زرا، به‌ناوى “ژ بۆ ئازادى كوردستان” دامه‌زرێنه‌رانى بريتى بوون له “فايق بوجاق “1919_-1966”، مسته‌فا ڕه‌مزى بوجاق، يوسف عه‌زيز ئۆغلۆ، مو‌سا عه‌نته‌ر”1917_-1993”، سه‌ره‌تا ئه‌م خوێندكارانه له ئه‌سته‌مبوڵ “ناوه‌ندى خوێندكارانى ديجله” بۆ مۆڵهتپێدراوى داده‌مه‌زرێنن، به‌ڵام به‌هۆى تووندى ياساكانى توركياوه ئه‌م ڕيكخراوه نه‌يتوانى درێژه به چالاكى خۆى بدات. لێره‌وه قۆناغى چالاكى سياسيیه‌كانى كورد له‌نێو پارته فه‌رمييه توركيهكاندا ده‌ستپێده‌كات، بۆنموونه:- له ساڵى 1946 كورد ئاماده‌ى به‌رچاويان هه‌بوو له‌نێو “پارتى كۆمۆنيستى توركى”، هه‌روه‌ها پارتى ديموكراتى توركى، كه سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كۆمه‌ڵێك كه‌سايه‌تى ئه‌ندام په‌رله‌مانى كوردى پارته‌كه “يوسف عه‌زيز ئۆغلۆ له دياربه‌كر، ئه‌كره‌م عه‌لى جان له ئه‌رزنجان، شێخ قاسم له قارس” له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سايه‌تيه‌كى تردا جيابوونهوه و “پارتى ئازاد”يان دامه‌زراند له‌نێوان ساڵانى”1955-1958” دواى ماوه‌يه‌ك بێ ده‌نگى له‌سه‌ر ئاستى نه‌ته‌وه‌يى كورد له‌توركيادا، كه به‌قۆناغى دروستبوونى كۆمه‌ڵه ڕۆشنبيريى و بڵاوكراوه‌كان ده‌ناسرێت، به‌تايبه‌ت له شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوودا، به‌ڵام هيچ پارتێكى سياسيى تايبهتيى كوردى تاساڵانى شه‌سته‌كان دروست نه‌بوو.
“دووه‌م؛ پارتى ديموكراتيى كوردستان توركيا”
ئه‌م پارته له 11ى ئه‌يلولى 1965له دياربه‌كر له لايه‌ن “سه‌عيد ئاڵچى، دهورناس، شاكير ئۆزده‌مير، ده‌روێش ئاكۆڵ، عومه‌ر تورهان” دامه‌زراوه و دواتر “فايه‌ق بۆجاك”ى پارێزه‌ر و نوێنه‌رى ئۆرفه له ئه‌نجوومه‌نى نيشتمانيى گه‌وره‌ى توركيا بووه به سه‌رۆكى ئه‌م پارته، كه به‌شێوه‌يه‌كى نهێنی دامه‌زرا، له‌ڕووى ئايدۆلۆژييه‌وه هاوبير بوو له‌گه‌ڵ “پارتى ديموكراتى كوردستان-ئێراق” بهسهرۆكايهتيى بارزانى، دوابه‌دواى كوژرانى “فايه‌ق بوجاك”به‌پێى پلانێك له لايه‌ن حكومه‌تى توركياوه، “سه‌عيد ئاڵچى”ده‌بێته سكرتێرى ئه‌م پارته، له ساڵى 1968يش به‌هۆى هه‌ڵمه‌تى ده‌زگاى هه‌واڵگرى توركى “ميت”بۆسه‌ر ڕێكخستنه‌كانى ئه‌م پارته زۆربه‌ى سه‌ركرده‌كانى ده‌ستگيركران. سه‌باره‌ت به لێكترازان له‌نێو ئه‌م پارته‌دا ئه‌وه‌يه، كه به‌هۆى ته‌شه‌نه‌كردنى بيروباوه‌ڕى چه‌پ بۆناو پارته‌كه له ساڵى 1969دووچارى پارچه‌بوون ده‌بێت، باڵێكيان به‌سه‌رۆكايه‌تى “سه‌عيد ئاڵچى”ده‌بێت، وه‌كوو درێژه پێده‌رى ئه‌م حيزبه، ده‌توانين بڵێين ئه‌م باڵه نوێنه‌رايه‌تيى ڕاستڕه‌و و پارێزگاره‌كانى ده‌كرد و باڵێكى تريشيان بهسهرۆكايهتيى “دكتۆر سه‌عيد قورمزهى تۆپراك-دكتۆر شڤان و مسته‌فا تۆران”بوو، كه نوێنه‌رايه‌تى گه‌نجانى چه‌پيان ده‌كرد و ده‌يانويست ئه‌م پارته بگۆڕن و بيكه‌ن به پارتێكى چه‌پ، دواتريش ناوى پارته‌كه‌يان به ناوى سهركردهكهيانهوه ناسرا واته “شڤان”. ئه‌م په‌رتبوون و جيابوونهوهيه ڕێى گه‌شه‌سه‌ندنى لێگرت و به‌ره‌و لاوازى برد، باڵى ڕاديكاڵ به‌سه‌رۆكايه‌تى دكتۆر شڤان هاته باشوورى كوردستان، به‌مه‌به‌ستى خۆئاماده‌كردن بۆ شۆڕشى چه‌كدارى، دژى حكومه‌تى توركيا و سه‌عيد ئاڵچيش تاوه‌كوو كوده‌تا سهبازييهكهى ساڵى 1971 له توركيادا مايهوه. له ساڵى 1971 سه‌عيد ئاڵچى سكرتێرى پارته‌كه به‌ره‌و باشوورى كوردستان هات و له‌لايه‌ن دكتۆر شڤانه‌وه كوژرا، دوابه‌دواى ئاشكرابوونى كوشتنى پارتى ديموكراتى كوردستانى ئێراق، دكتۆر شڤانى ده‌ستگيركرد و دادگايى كرد، دواى دادگايى كردنيشى له 16ى تشرينى دووه‌مى 1971دا بڕيارى كوشتنى جێبه‌جێ كرا. دوابه‌دواى ئه‌م ڕووداوه‌ش “شهرهفهديين ئاڵچى”به‌شێوه‌يه‌كى كاتى بۆ سكرتێرى حيزب ههڵبێژێردرا و لهكۆنفڕانسى حيزبهكهدا له دياربه‌كر، كه له كۆتاى ساڵى 1971 به‌سترا “ده‌روێش سه‌عدۆ” بوو به سكرتێرى حيزبه‌كه، له‌ساڵى 1975 ئه‌م پارته كۆنفرانسى سێيه‌مى به‌ست، له‌و كۆنفرانسه‌دا باڵێكى ئۆپۆزسيۆن ده‌ركه‌وت و ئيدانه‌ى سهركردايهتيى پارتى ديموكراتی كوردستانى ئێراق كرد به‌هۆى هاوكاريكردنى له‌گه‌ڵ وڵاته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا و داواى ده‌كرد بزاڤى كوردى ڕوو له‌يه‌كێتى سۆڤيیهت بكات، له‌ساڵى 1977 و دواى كۆنگره‌ى سێيه‌مى پارته‌كه، باڵى گه‌نجى چه‌پى پارتى ديموكرات سه‌ركردايه‌تى حيزبيان گرته ده‌ست و سه‌رجه‌م ئه‌ندام و گروپه پارێزگارهكانيان له‌ڕيزى حيزب ده‌ركرد، دواتر باڵى ڕاستڕهوهكانيش به‌ناوى “پارتى ديموكراتى كوردستان توركيا- كۆميته‌ى كاتى” درێژه‌يان به چالاكييه‌كانياندا.
“سێيه‌م؛ ڕێكخراوى ڕزگاريى كوردستان”
ڕزگارى له حه‌فتاكاندا گرووپێك بوون، كه له ساڵى 1976 له‌ڕێى بڵاوكردنه‌وه‌ى ڕۆژنامهيهك به‌ناوى “ڕزگارى”يهوه ناسران، كه ستافهكهى ئه‌مانه‌بوو:- “خهديجه يه‌شار-به‌رپرسى گۆڤار، ئيبراهيم گۆچلو، مه‌مه‌ند ئوزوك، ئۆرهان كۆتان و ئه‌كره‌م ده‌له‌ن”، گرووپه‌كه‌ش له‌لايه‌ن “مومتازكۆتان و ڕه‌وشه‌ن ئه‌سڵان “و گرووپێكى تر‌ى ماركسى دامه‌زرا، كه زۆربه‌يان وازيان له “دهدهكاو”هێنابوو، پێشتريش ئه‌ندام بوون لهپارتى كرێكارانى توركيا، چالاكى ئه‌م گرووپه وه‌ك له‌سه‌رچاوه‌كاندا باس ده‌كرێت زياتر كارى ڕۆشنبيرى وه‌ك چاپكردنى ناميلكه ده‌رباره‌ى مێژووى كورد‌و جوڵانه‌وه‌كه‌ى بوو. سه‌باره‌ت به لێكترازان له‌نێو ئه‌م گرووپه‌دا ئه‌وه‌يه، كه له‌ساڵى 1978دا، ڕێكخراوى ڕزگارى ناكۆكييان تێكه‌وت و بوون به دوو به‌شه‌وه و دوو گۆڤاريان ده‌رده‌كرد، “ئاڵاى ڕزگارى” له لايه‌ن “ئيبراهيم گوچلو” و “ئيكرام ده‌له‌ن” و “خهديجه يه‌شار”ه‌وه دهدهكرا، هۆكارى جيابوونهوهيان ئايدۆلۆژى بوو، پێيان وابوو ده‌بێت به‌شێوه‌يه‌كى كردارى “له‌كوردستان”خه‌بات بكه‌ن، نه‌ك وه‌كوو ڕێكخراوێكى ڕۆشنبيرى، هۆكارێكى تر‌ى جيابوونهوهيان په‌يوه‌ندى به‌خه‌باتى كورد له باشوورى كوردستانه‌وه هه‌بوو، ئه‌مانه پشتيوانييان له‌يه‌كێتى نيشتمانيى كوردستان ده‌كرد، بهپيچهوانهى كۆمه‌ڵه‌ى ڕزگارى پشتيوانيان له پارتى ديموكراتى كوردستان-سه‌ركردايه‌تى كاتى ده‌كرد، دواى كوده‌تاى 12ى ئه‌يلولى 1980 ڕابه‌رانى ئه‌م كۆمه‌ڵه‌يه هاتنه باشوورى كوردستان ودواتر هه‌ريه‌ك له خهديجه يه‌شار و ئيبراهيم گوچلو چوونه سووريا، ئيبراهيم دهلهنيش چووه ئه‌ورووپا و دووچارى په‌رتبوون و دابه‌شبوون بوون.
سه‌باره‌ت به‌هۆكاره‌كانى لێكترازانى ڕزگارى ئه‌م هۆكارانه باس ده‌كرێت:-
1. هۆكارى ئايدۆلۆژى:- له‌نێو ڕزگارى دوو گرووپى ئايدۆلۆژى جياواز له‌به‌رنامه و ستراتيژدا دروستببوون، گرووپێكيان زۆر نه‌يارى سۆڤيیهت بوون، ئه‌م گرووپه به ترۆتسكيهكان نێودهبران، چونكه هه‌ڵوێستى ڕاميارى ميانڕه‌و زياتر له‌باڵى ناوه‌ندى ڕهخنهيان له سۆڤيیهت هه‌بوو، گرووپێكيش به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌مانه‌وه پارتێكى ماركسيى تاڕاده‌يه‌ك كلاسيك و جێگيربوو، ئه‌مه‌ش دواتر وه‌ك يه‌كێك لهفاكتهرهكان بووه مايه‌ى ليكترازانى گرووپى ترۆتسكيیهكان.
2. وازهێنان له‌تێز نووسين له‌ده‌ره‌وه‌ى كوردستان:- گرووپێك پێيان وابوو خه‌بات ته‌نها بريتييه له تێز نووسين له ئه‌نقه‌ره و ئه‌سته‌مبوڵ، به‌ڵام ئه‌وانى تر پێيان وابوو پێويسته له‌نێو كوردستاندا چالاكى بكرێت.
3.هۆكارى ده‌ره‌كى:- ئه‌و گرووپه‌ى جيابوونهوه كاريگه‌ربوون به يه‌كێتى نيشتمانى كوردستان، له‌مه‌شدا ڕووداوى هه‌كارى هۆكارى ڕاسته‌وخۆى په‌رتبوونى ڕيزه‌كانى ڕزگارى بوو، ته‌نانه‌ت گرووپى جيابووهوهكان دواتر ڕۆژنامه‌ى “ديوار”يان به‌زمانى كوردى و توركى ده‌رده‌كرد بۆپشتيوانيكردن له‌يه‌كێتى، كه بۆ يه‌كه‌مجار ديوى ناوه‌وه‌ى ڕووداوه‌كانى”هه‌كارى” ئاشكراكرد، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه گرووپه‌كه‌ى تر‌ى ناو ڕزگارى به‌تايبه‌ت “مومتاز كوتان” ده‌ستىكرد بهبڵاوكردنهوهى پڕوپاگه‌نده دژى يه‌كێتى، ئه‌م هۆكاره‌ش دواتر جياوازى تێڕوانينى لێكهوتهوه و ئه‌و گرووپه‌ى پشگيرى يه‌كێتيان ده‌كرد ئاڵاى ڕزگاريان دروستكرد.
“چواره‌م؛ ڕێكخراوى كاوه و ده‌نگى كاوه”
ئه‌م ڕێكخراوه له‌سه‌ره‌تاى خۆ ڕيكخستنهوهى حيزبه‌كه‌ى دكتۆر شڤاندا هه‌ندێك لهكاديرهكانى، له‌سه‌ر ناكۆكى چين و سۆڤيیهت ناكۆكييان تێكه‌وت بوو، ئه‌وانه‌ى لايه‌نگرى چين بوون، ڕێكخراوى كاوهيان دامه‌زراند، ڕێكخراوه‌كه له‌نێوان ساڵانى 1976-1977 له‌نێو لاوانى كورددا پێشوازيهكى باشى لێكرا، ئه‌مانه به‌زۆرى ئه‌ندامى ڕێكخراوى “دهدهكاده”بوون له‌ئه‌نقه‌ره‌و ئامانجيان يهگگرتنى هه‌موو كورد بوو له‌ناو ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆى كورديدا. ئه‌م پارته سكرتێر يان سه‌رۆكى نه‌بوو، ساڵى 1976 “فه‌ريد ئۆزه‌ن” يه‌كێك بوو له‌كه‌سه دياره‌كانى ڕێكخراوى كاوه، دواى ده‌ركه‌وتنى ناكۆكى له‌نێوان چين و ئه‌لبانيا، ئه‌م پارته‌ش دووچارى پارچه‌بوون بوو، ئه‌وانه‌ى لايه‌نگرى ئه‌لبانيا بوون به‌ناوى “كاوه” مانه‌وه‌و ئه‌وانه‌ى لايه‌نگرانى چينيش بوون “ده‌نگى كاوهيان”دامه‌زراند، ئه‌مه‌ش بووه‌هۆى لاوازبوون و دابڕانيان له جه‌ماوه‌ر.
گرنگترين هۆكاره‌كانى لێكترازانى كاوه به‌گشتى بريتى بوو له:-
1. ناكۆكى له‌سه‌ر شێوازى چالاكيى سياسيى:- له نێو ڕێكخراوى كاوه‌دا دوو جۆر تێروانين بۆ كارى ڕيكخستن هه‌بوو، بهشيكيان پێيان وابوو به‌نهێنى كار بكه‌ن و دواتر ده‌ست به‌چالاكى بكه‌ن، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ههنديكى تريان له‌گه‌ڵ كارى خه‌باتى پاتيزانيدا بوون دژى پۆليس و ئه‌رته‌شى توركى.
2. ناكۆكى له‌سه‌ر شێوازى چالاكى چه‌كدارى:- دواى ئه‌وه‌ى كاوه ده‌ستيكرد به كار‌و چالاكى سه‌ربازى و ژماره‌يه‌ك ئه‌فسه‌ر و پۆليسى توركيان كوشت، به‌ڵام باڵێكى تر‌ى ئه‌م ڕێكخراوه له‌گه‌ڵ كوشتنى پۆليس و سه‌ربازى تورك نه‌بوو، ته‌نانه‌ت پێيان وابوو، كه ده‌بێت چه‌ك هه‌ڵگرتن ته‌نها بۆ به‌رگرى له‌خۆكردن بێت.
3. ناكۆكى ئايدۆلۆژى:- له‌دواى دابه‌شبوونى ئايدۆلۆژى هزرى ماركسيزم و هزرى ماويزم له‌نێو چين و سۆڤيیهت، كاريگه‌رى كرده سه‌ر ئه‌و پارت و ڕێكخراوه چه‌پانه‌ى له دنيادا كارى سياسيان ده‌كرد، هه‌ر بۆيه كاوهچييهكانيش دابه‌ش بوون و باڵێكيان خۆيان وه‌ك لايه‌نگرى پرهنسيپه هزرييهكانى پارتى كۆمۆنيستى ئه‌لبانيا ڕاگه‌ياند، له‌به‌رامبه‌ريشدا هه‌ندێكيان وه‌ك لايهنگيرى تيۆرى سێ جيهانى ماوتسى تۆنگ مانه‌وه و په‌يڕه‌وى هزريى و سياسيى چين بوون. ئه‌م دابه‌شبوونه هزريه دواتر بووه گه‌راى دابه‌شكارى له‌نێو ڕيكخستنه كوردييه‌كانى تريش، چونكه ئه‌مانه كاريگه‌ربوون به‌و تێزه باوانه‌ى فكرى چه‌پ، كه له دنيادا هه‌بوو، به‌بێ ئه‌وه‌ى هيچ يه‌ك له‌وانه ته‌نانه‌ت بۆجارێكيش ناوى كورديان هێنابێت!! ته‌نانه‌ت له‌ئاستى سياسيشدا چين و سۆڤيیهت هاوكار و پشتيوانى سياسه‌تى ده‌وڵه‌تانى سه‌رده‌ست بوون و به‌رده‌وام تۆپ و تانك و فڕۆكه‌ى نوێيان خستۆته خزمه‌تيان بۆ سه‌ركوتكردنى كورد و شۆڕشه‌كانى.
جيابوونهوهيهكى تر بريتى بوو لهلايهنگرانى ئازادى نه‌ته‌وه‌ى كورد “كوك”، پارتى ديموكراتى كوردستانى توركيا له ئۆكتۆبه‌رى 1977سكرتێرى تازه‌ى به‌ناوى “موحه‌مه‌د عه‌لى دێنز”له جێگاى “ده‌روێش ئاكگۆڵ” هه‌ڵبژارد، له‌م سه‌رده‌مه‌دا پارتى ديموكرات ئامانجى سه‌ربه‌خۆيى په‌سه‌ندكرد بوو ڕايگه‌ياند، كه “ئاماده‌ى په‌سه‌ندكردنى بنه‌ماكانى ماركسيست –لينينست”ه، به‌ڵام ئه‌م چهپڕهوييه باڵى چه‌پى ئه‌و پارته‌ى ڕ‌ازى نه‌كرد و بڕيارى جيابوونهوهياندا، ئه‌و باڵه بڕيارى دامه‌زراندنى پارتێكى نوێياندا به‌ناوى “كوك”، كه له پله‌ى يهكهمدا لايه‌نگرى فيدڕاڵى كردنى كوردستان بوون له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى سۆسياليستى توركيادا، پارتى سۆسياليستى لهچهپى توركى تورك گرت “پارتى كرێكارى توركيا، پارتى كۆمۆنيستى توركيا”و داوايانكرد، كه نوێكردنه‌وه‌ى ديدو بۆچوونيان ده‌ست پێ بكه‌ن، كوك كه هێشتا ڕێكخراو بوو به‌رژه‌وه‌ندى خۆى به چينى كرێكارى توركياوه به‌ستبوو، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه خه‌باتى چه‌كدارى كردبووه دروشم.
سه‌رچاوه‌كان؛
- ئيسماعيل گوێڵداش:- جهمعييهتى تهعاليى كوردستان، وه‌رگێڕانى:- زريان ڕۆژهه‌ڵاتى، بنكه‌ى ژين، سلێمانى، 2011، ل10-11.
- على تتر توفيق:- الحياه السياسيه في كوردستان 1908-1927، ترجمه:-تحسين ابراهيم الدوسكي،دار سبيريز للگباعه والنشر، دهوك، 2007،ص187-188.
- كريس كۆچێرا:- كورد له‌سه‌ده‌ى نۆزده و بيستدا، وه‌رگێڕانى:- حه‌مه كه‌ريم عارف، هه‌ولێر، 2003،ل36.
- سروه اسعد صابر:- كردستان من بدايه الحرب العالميه الاولى الى نهايه مشكله الموصل 1914-1926، اربيل، 2001، ص166.
- ڕۆهات ئاڵاكۆم:- خۆيبوون و شۆڕشى ئاگرى دا‌غ، و:-مسته‌فا شوكر، ده‌زگاى چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ى ئاراس، چ1، 2000.
- ماجد خه‌ليل:- ڕێكخستنه سياسييه‌كانى باكوورى كوردستان 1960-180، له بڵاوكراوه‌كانى ئه‌كاديماى كوردى، هه‌ولێر، 2012،ل220-222.
- مايلك گوينتر:- فه‌رهه‌نگى كوردى، و:-مامكاك، چاپخانه‌ى ده‌زگاى ئاراس، هه‌ولێر،2007،ل23.
- كريس كۆچێرا:- بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌ى كورد و هيواى سه‌ربه‌خۆى ،ب2،و:-ئهكردهمى ميهرداد، سلێمانى ،2003،ل149.
ئاماده‌كردنى:- د.ژيلوان عه‌بدولڵا هه‌ڵه‌دنى


































































