“لە جۆسی وێڵزی یاساشکێنەوە بۆ سواری ڕەنگپەڕیو”
لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا، “ئیستوود” گەنجینەیەکی پڕ لە زانیاری لەبارەی هونەری دەرهێنانی فیلم، هەروەها ڕۆڵی بەرهەمهێنەر کۆکردبووەوە، ڕەنگە لە ڕێگەی قوتابخانەی لێدانە تووندەکانەوە بووبێت. وەلێ وەک کەسێک کە هەمیشە ویستوویەتی بە هەر شێوەیەک بێت فێرببێت، هەموو ئەو شتانەی کە لە ئەزموونە زۆر جیاوازەکانەوە دەیزانی و فێری ببوو، لە یادەوەری خۆیدا هەڵیگرتبوو، کە دواتر دەرکەوت لە قۆناغی پەڕینەوەیدا بۆ بەرهەمهێنەرێکی سینەمایی نرخەکەیان بێ هاوتایە، واتە ئەرزشی ئەو شتانەی لەم کایە فێری ببوو، دواتر بە بوون بە بەرهەمهێنەر دەرکەوت.
ئەزموونی “ئیستوود” لە وێنەگرتنی کارەساتباری فیلمی (Ambush at Cimarron Pass) ساڵی (1958)ی جۆدی کۆپلان، وەک ئەکتەرێکی گەنج کە تازە لە ستۆدیۆکانی یونیڤێرساڵ دەرچووبوو، بەبێ هیچ گومانێک بۆی سەلماندبوو کە چۆن فیلمێک دەکرێت لەڕووی هونەرییە خراپ بێت لە ئەنجامی نەبوونی ئامادەکاری، ئامڕاز و دیدگاوە. لە سەروەختی تەسویری درێژخایەنی زنجیرە تەلەفزیۆنی ڕۆهایددا، “ئیستوود” بنەماکانی دەرهێنانی سینەمایی ئەزبەرکرد و، لەگەڵ سێرجیۆ لیۆنی فێرە هونەری دەرخستن و گەورەکردنی کاریگەریی فیلم لەسەر شاشە بوو، کە بە ڕوونی لە فیلمی مشتێک دۆلار(A Fistful of Dollars)دا دەرکەوت. تەنانەت کاتێک وەک ئەستێرە لە فیلمی (Paint Your Wagon) ساڵی (1969) بەشداری کرد، کە کۆمیدیایەکی میۆزیکاڵی قوتابخانە کۆنەکانی هۆڵیوود بوو لە دەرهێنانی جۆشوا لۆگان، لەبیری نەکرد کە سوسە ئەوە بکات چۆن بەرهەمهێنانی ملیۆنان دۆلار بەفیڕۆدرا بەهۆی وێنەگرتنێکەوە کە کاتی برد و وا دەردەکەوت کە هەرگیز تەواو نابێت، و فیلمەکە ئەنجامێکی لاواز و کەمخوێنی لێکەوتەوە. هەموو ئەمانە وایکرد “ئیستوود” بەڵێن بە خۆی بدات کە ئەگەر دەرفەتی دەرهێنانی بۆ بلوێت، دڵنیا دەبێتەوە لەوەی کە فیلمەکەی لە چوارچێوەی بوودجەی دیاریکراودا دەمێنێتەوە و لە کاتی دیاریکراودا تەواو دەبێت. دوای وێنەگرتنی فیلمی (Kelly’s Heroes) ساڵی (1970) لە دەرهێنانی بریان هاتن لە یوگسلاڤیا، کە دەستبڵاوانە پارەی بۆ خەرجکرابوو، “ئیستوود” تێبینی ئەوەی کرد کە چۆن دەرهێنەرێک دەکرێت جڵەوی فیلمەکەی لە قۆناغی مۆنتاژدا بۆ بەرژەوەندیی ستۆدیۆ لەدەستبدات. هاوکات تێبینی ئەوەیشی کرد کە (ڤیتۆریۆ دی سیکا) چۆن کار لەسەر فیلمی (The Witches) ساڵی (1967) دەکات. لە کۆتاییدا و، لە هەمووی گرنگتر، لە سەرەتای هاوبەشییەکەیان واتە “ئیستوود” و دۆن سیگڵ، “ئیستوود” فێربوو کە چ شتێک دەبێتە پرەنسیپی تایبەتی خۆی لە بەرهەمهێنانی فیلمدا:- دەبێت هەموو شتێکی گونجاو و پێویست بکرێت بۆ ئەوەی یەکەم گرتە باشترین بێت و بتوانێت جیاوازی بکات کاتێک هەموو شتێک گونجاوە، ئەمەش لەپێناو بەدەستهێنانی خۆڕسکی لە نوندنی ئەکتەردا – جگە لە باسکردنی ئەو پارە -بوودجە- و کاتەی کە لە ئەنجامی ئەوەدا پاشەکەوت دەکرێت. ئەو کاتە فیلمێکی بەڵگەنامەیی کورتیشی دەربارەی دۆن سیگڵ لە کاتی تەسویری فیلمی (The Beguiled) ساڵی (1971) بەرهەمهێنابوو .
“ئیستوود” دیمەنەکانی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی خۆکوژی لە فیلمی هاری چەپەڵی دۆن سیگڵ دەرهێنابوو، لە بەرانبەردا “ئیستوود” ڕۆڵێکی بچووکی بە مامۆستاکەی (واتە دۆن سیگڵ) بەخشی لە یەکەم ئەزموونی دەرهێنانیدا لە فیلمی (Play Misty for Me) ساڵی (1971). سەرەڕای ئەوەی فیلمی (Play Misty for Me) بە ڕوونی کاریگەریی فیلمی (The Beguiled)ی لەسەر بوو، وەلێ سەرەتای ڕەهەندی سۆزداریی “ئیستوود”ی ئاشکرا کرد. فیلمی (Breezy) ساڵی (1973) لە دەرهێنانی “ئیستوود”، “ئیستوود” لایەنی سۆزداریی پەرەپێدا، لە کاتێکدا یەکەم فیلمی وێسترنی ئێستوود (High Plains Drifter) ساڵی (1973) ستایلێکی تووندی گرتەبەر کە کاریگەریی سێرجیۆ لیۆنی لەسەر بوو. لە ساڵی (1975) “ئیستوود” دەهێنانی فیلمێکی کرد کە وەک فیلمێکی سیخوڕیی نامۆ و نائۆمێدکەر دەرکەوت، ئەویش فیلمی (The Eiger Sanction)، ڕووداوەکانی ئەم فیلمە لە ژێنگەیەکی سروشتی لە چیاکانی ئەڵپی سویسرا و نزیک لوتکەی ئایگەر ڕوودەدەن، کە وا دەردەکەوێت سروشتی بەفراوی چیاکانی ئاڵپ ڕۆڵێکی بەرچاو لە فیلمەکەدا دەگێرێت. لە کاتی تەسویری فیلمی جۆسی وێڵزی یاساشکێن(The Outlaw Josey Wales) ساڵی (1976)، “ئیستوود” وەک دەرهێنەر چوار فیلمی لە هەگبەدا بوو. سەرەڕای ئەوە، بە جۆرێک لە جۆرەکان فیلمی جۆسی وێڵزی یاساشکێن بەڕاستی بە یەکەم ئەزموونی دەرهێنانی ئەو دادەنرێت. بەهۆی سەرکەوتنی فیلمی ناوبراو و دەستکەوتە هونەرییەکەیەوە، “ئیستوود” لە کۆتاییدا پێگەی خۆی دۆزییەوە و وەڵامی هەر پرسیارێکی چارەسەرنەکراوی سەبارەت بە توانا داهاتووەکانی وەک بەرهەمهێنەرێکی سینەمایی بلیمەت دایەوە.
“تێپەڕاندنی قۆناغەکە و وەرگرتنی پێشەنگایەتی”
لەدوای سەرکەوتنە سەرەتاییەکانی لە نواندندا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و دواتریش کارە دواترەکانی لەگەڵ دەرهێنەر دۆن سیگڵ، “ئیستوود” هەرگیز بە تەواوی ڕازی نەبوو لەو شێوازەی کە ستۆدیۆکانی یونیڤێرساڵ کاری پێ دەکرد و برەوی پێ دەدا . کەمپینی ڕیکلامی ستۆدیۆکان بۆ فیلمی (The Beguiled)، کە بە هەموو پێوەرێک فیلمێکی نائاسایی بوو، لە ڕوانگەی “ئیستوود”ەوە ئەم فیلمە زۆر تەقلیدی بوو. لە ساڵی (1975) لە نێوان بڵاوکردنەوەی فیلمی (The Eiger Sanction) لەلایەن یونیڤێرساڵ و دەستپێکردنی تەسویری فیلمی جۆسی وێڵزی یاساشکێن، “ئیستوود” بڕیارێکی یەکجارەکی دا کە ستۆدیۆکەی بگوازێتەوە و بگۆڕێت و، کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکەی، واتە ماڵپاسۆ(Malpaso)ی گواستەوە بۆ باڵەخانەکانی وارنەر(Warner). دوای ئەوەی قازانجێکی زۆریان لە کڕینی کۆمپانیای کینی نیشتیمانی (Kenny National Copmany) لە ساڵی (1969) بەدەستهێنا، بریکاری پێشووی دیاری هۆڵیوود تێد ئاشڵی(Ted Ashley) لەو کاتەدا سەرپەرشتیی کۆمپانیای وارنەر بڕەزەرز(Warner Bros)ی دەکرد، و جۆن کاڵی(John Calley) لێهاتووانە وەک سەرۆکی بەرهەمهێنان لەگەڵیدا کاری دەکرد، و فرانک وێڵز(Frank Wells) وەک جێگری ئەو و بەرپرسی دارایی ستۆدیۆکە پشتیوانیی دەکردن. (وێڵز، بە هەڵکەوتیش پارێزەری “ئیستوود” بوو). جۆ هایامس(Jo Hyams) گرێبەستی بەهرەمەندەکانی بە سەرۆکایەتیکردنی بەشی ڕیکلام تەواو کرد – پڕ کردەوە – لە ئەنجامدا، وارنەر بڕەزەرز سەلماندی کە هێزێکی بەهێزە لە ماوەی ساڵانی حەفتاکاندا، هەروەها کۆمپانیای ناوبراو پاڵپشتی و پێشکەشکردنی بەهرە نوێیەکانی دەکرد بە پیشەسازیی فیلمی ئەمریکی، لەوانە فیلمی (The Exorcist) ساڵی (1973) لە دەرهێنانی ویلیام فریدکین و فیلمی (Mean Streets) ساڵی (1973) لە دەرهێنانی مارتن سکۆرسێزی. هەروەها بەرگریی لە سیستمێکی کاریگەری فیلمسازی دەکرد کە ڕۆڵی بەرهەمهێنەری جێبەجێکار و بڕیاری کۆتایی لە فیلمەکانیاندا دەدا بە دەرهێنەران.
ئاشکرایە کە ئەم نزیکبوونەوە و ژینگە نوێیە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە سەرکەوتنی فیلمی جۆسی وێڵزی یاساشکێندا گێڕا، کە هاوبەشییەکی بەرهەمدار بوو له نێوان کۆمپانیای فیلمسازی وارنەر و “ئیستوود” و پەیوەندییەکە تا نووسینی ئەم کتێبە بەردەوامە. فیلمی ناوبراو سوودی لەوەش وەرگرت و بووە سەرەتا و دەستپێکی فیلمە گرنگەکانی دیکەی “ئیستوود”، بەتایبەتی دیداری لەگەڵ خانمە ئەکتەری ئەمریکی ساندرا لۆک(Sandra Locke)، کە بۆ ماوەی (13) ساڵ بووە هاوبەشی “ئیستوود” و لە حەوت فیلمیشدا لەگەڵیدا ڕۆڵی گێڕا. زیاتر لەمە، فیلمی جۆسی وێڵزی یاساشکێن نیشانەی دەرکەوتنی “ئیستوود” بوو وەک دەرهێنەر. لە ڕاستیدا، “ئیستوود” دەرهێنەر و سیناریستی ڕەسەنی فیلمەکەیە، فیلیپ کاوفمانی دوای پازدە ڕۆژ لە وێنەگرتن دەکرد و، خۆی جێگەی گرتەوە و دەسەڵاتی ڕەهای خۆی بەسەر فیلمەکەدا سەپاند. سەرەڕای ئەوەی لە ئەنجامی ئەم کارە لەلایەن سەندیکای دەرهێنەرانی ئەمریکاوە تووشی پێبژاردن(غەرامە) و سەرزەنشت بووەوە، وەلێ ئەم کارەی بە ڕوونی باوەڕی بە دیدگای هونەریی خۆی و ئارەزووی بەهێزی بۆ سەلماندنی خۆی وەک فیلمسازێک دەرخست و، تەنانەت سوودی لەم ڕۆڵە نوێیەی وەرگرت بۆ مسۆگەرکردنی ئازادیی خۆی وەک ئەکتەرێک. بە دیاریکراوی لەگەڵ جۆسی وێڵزی یاساشکێندا، “ئیستوود” لە کۆتاییدا جڵەوی وێنە و تێگەیشتنی خۆی بۆ کارەکتەر کرد. لە ڕاستیدا، لەو کاتەوە، “ئیستوود” لە هەموو فیلمێکدا کە ڕۆڵی تێدا گێڕابێت، کاری دەرهێنانی کردووە. دواتریش، ئەگەر لیستی فیلمێکی دیاریکراو ناوی کەسێکی تری وەک دەرهێنەر لەخۆگرتبا، بۆ نموونە (جەیمس فارگۆ، ڕیچارد تەگڵ، ڕیچارد بینیامین، بەدی ڤان هۆرن) کە “ئیستوود” دەرفەتی دەرکەوتنی وەک دەرهێنەر پێدابوون، یان ناوێکی پیشەیی دیار وەک (وۆڵڤگانگ پیتەرسن) دەرهێنەری فیلمی (In the Line of Fire) ساڵی (1993) کە ئەندامی ستۆدیۆی ماڵپاسۆ نەبوو، ئەوا تەنها یەک ڕاستی جێگیری دەردەخست ئەویش:- ئەگەر “ئیستوود” لە فیلمەکەدا نواندنی بکردایە، ئەوا لە کۆتاییدا ئەو نمایشە داهێنەرانەکەی بەڕێوە دەبرد .
لە فیلمی جۆسی وێڵزی یاساشکێندا کارەکتەری “ئیستوود” تژی بوو لە تووندوتیژییەکی ناوەکی کە بە هیچ کردەیەکی تووندوتیژی دەرەکی دانەدەمرکایەوە، بەڵام لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا دەبێتە سەرکردەی ژمارەیەک کارەکتەری نائومێد کە چارەنووس پێکەوە کۆیان دەکاتەوە، و لە بەرابەردا بەرەو جۆرێک لە ئارامیی ناوەکی دەیبات. تا ئەو کاتەی بە شێوەیەک لە شێوەکان جڵەوی بارودۆخەکەی دەگرێتە دەست، و کارەکتەرەکەی ڕەنگدانەوە و وەرچەرخانێک بوو بۆ خودی “ئیستوود” هەم وەک کەس و هەم وەک فیلمسازێک کە خۆی وەک کەسێک پێشکەش دەکات – نمایندە دەکات – کە دەتوانێت ئەزموونی بەکۆمەڵ لەخۆبگرێت – لەخۆدا چێ بکات- و بیکاتە یەکێک لە گرنگترین بابەتە سینەماییەکانی. لە نێوان ساڵانی (1976 – 1985)دا، فیلمسازەکە/”ئیستوود” لە فیلمەکانیدا هەروەها لە ژیانیشیدا گرۆ-(گرووپ)ی جیاوازی لە دەوری خۆی کۆدەکردەوە و ڕێکی دەخستن.
“بەرەو چارەنووسێکی سینەمایی”
چەندین هێڵی ژیاننامەی هونەری و پیشەیی لە فیلمی وێسترنی جۆسی وێڵزی یاساشکێن بەیەک گەیشتن، کە داوای لە “ئیستوود” دەکرد لە خاڵە بەهێزەکانی سینەما و شێوازەکانی گێڕانەوەی چیرۆکەکانی دوای سێرجیۆ لیۆنی و یاریی کۆمەڵکوژیی – کۆشتنی بە کۆمەڵ – بکۆڵێتەوە. ئایا مرۆڤ چی دیکەی پێ زیاد دەکرێت – ئیزافە دەکرێت؟ بەڕاستی، مرۆڤ دەتوانێت چی بکات بۆ ئەوەی ڕەشبینییە وێناکراوەکەی[تەسویرییەکەی] نێو کارەکانی -نەریتی- دۆن سیگڵ تێبپەڕێنێت ؟ ڕوونە کە فیلمەکانی هەردوو بەرهەمهێنەرەکە (واتە سیگڵ و لیۆنی) تەنیا بریتی نەبوون لە سووکایەتیکردن بە هەموو شتێک یان پووچگەرایی. فیلمەکانی سێرجیۆ لیۆنی گوزارشتیان لە نائومێدیی ئایدیالیستی دەکرد و فیلمەکانی دۆن سیگڵ نمایشێکی نزیک لە جیهانێکی میتافیزیکی بوون بۆ گەورەیی دڕندەیی مرۆڤ. بە هەمان شێوە، کارەکتەرەکانیان هەمیشە خۆپەرست بوون، هەرچەندە ڕەنگە ئەمە تەنیا دەرەنجامی بارودۆخەکان بووبێت. لەگەڵ هاتنی ساڵانی حەفتاکان بە نێوەی خۆی، پرسیارێک سەری هەڵدا:-
چ جۆرە ئەدەبێک توانرێت پێشکەش بکرێت بۆ دادانی پەردە بەسەر ڕووداوەکانی جەنگی ڤێتنامدا، کە بە فەرمی کۆتایی هاتبوو، وەلێ ملیۆنان کوژراوی لە هەردوولا لەدوای خۆی بەجێهێشتبوو، هاورێ لەگەڵ ڕزگاربوانێک کە بەهۆی بۆمبەکانەوە تاسابوون و ئەمریکایەک کە لە لێواری شەڕ لەگەڵ خۆیدا بوو ؟ چۆن مرۆڤ دەیتوانی باوەڕ بە سیستمێک بکات کە بەهۆی ئابڕووچوونی واتەرگەیت(Watergate scandal)ەوە ڕووت کرابووەوە -ئابڕووی چووبوو- کە سەرۆک نیکسۆنی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد و قەیرانێکی سەبارەت بە سەرکردایەتیی نموونەیی دروست کرد؟ دوای هەموو ئەو وێرانی و تێکدان و شێواندن و داڕمانە، وا دەردەکەوت کە فیلمە وێسترنەکانی “ئیستوود” تاکە ڕێگەی ماوەی ئەو قۆناغە دەگرنەبەر کە بریتی بوو لە “ژیانەوە و بوونیادنانەوە”. پێویست بوو سوود لە چیرۆکەکانی سینەما و هەلومەرجی جیهان وەربگیرێت بۆ پێشنیازکردنی جۆرێکی نوێی بزووتنەوەی مرۆیی، کە لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزرابوو کە مرۆڤ کەس لەسەر ڕێگا بەجێ ناهێڵێت. هەروەها گەڕاندنەوەی هێڵەکانی مرۆڤایەتی – پەتی پەیوەندی – و شێوازەکانی گێڕانەوە لە میانەی گەڕانەوە بۆ ئەفسانە دامەزرێنەرەکانی -بنچینەییەکانی- فیلمی وێسترن، لە ڕێگەی خوێندنەوە و کنەکردن و پشکنینیانەوە.
نووسینی؛ بێرنار بینوا
وەرگێڕانی؛ شڤان نەوزاد
ئەم وەرگێڕانە پێشکەش بە:- هێمن عوسمان




































































