لە قووڵایی بووندا، پرسیارێکی بنەڕەتی خۆی حەشارداوە:- «من کێم؟» وەڵامی ئەم پرسیارە، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر، لە دەرەوەی سنوورە تەسکەکانی جەستە و «من»ـی تاکەکەسی ئێمەدایە. “ئارن نایس”، فەیلەسوفی نەرویجی و باوکی «ئیکۆلۆژیای قووڵ»، بانگەوازێکی سادە بەڵام شۆڕشگێڕانەی پێشکەش کردین:- بۆ ئەوەی «خۆ»مان بناسین، دەبێت لە ئاوێنەی سرووشتدا تەماشای خۆمان بکەین. ئەو «خۆ»یەی “نایس” باسی دەکات، «خۆ»یەکی فراوانبوو و گشتگیرە؛ «خۆ»یەک لەگەڵ خشپەی گەڵایەک، هاژەی ڕووبارێک، شکۆی چیایەک و هەناسەی هەر بوونەوەرێکی زیندوودا یەک دەگرێتەوە. ئەمە تەنیا تێڕوانینێکی ڕۆمانسی نییە بۆ سرووشت، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ شۆڕشێکی هۆشیاری، بۆ تێگەیشتن لەوەی ئێمە بەشێکین لە تۆڕێکی ئاڵۆزی ژیان، نەک گەورە و خاوەنی. فەلسەفەی ژینگەپارێزیی باو، یان ئەوەی “نایس” ناوی لێنابوو «ئیکۆلۆژیای ڕووکەش»، لە چوارچێوەیەکی «مرۆڤ-سەنتەر»دا گیری خواردووە. ئەم دیدگایە ژینگە دەپارێزێت چونکە «سوودی» بۆ مرۆڤ هەیە:- هەوای پاک بۆ سییەکانمان، ئاوی سازگار بۆ خواردنەوەمان، و دارستان بۆ پیشەسازی و گەشتوگوزارمان. لێرەدا، سرووشت کورتکراوەتەوە بۆ کۆمەڵێک «سەرچاوە» کە لە خزمەتی ئارەزووەکانی ئێمەدان. بەڵام ئیکۆلۆژیای قووڵ ئەم هاوکێشەیە سەرەوژێر دەکاتەوە. ئەو دەپرسێت:- ئایا دارێک تەنیا کاتێک بەهای هەیە سوود لە بەرهەم و سێبەرەکەی وەربگرین؟ ئایا ڕووبارێک تەنیا کاتێک پیرۆزە کە زەوییەکانمان بۆ ئاو دەدات؟ وەڵامی “نایس” نەخێرێکی گەورەیە. هەر بوونەوەرێک، هەر توخمێکی سرووشتی، خاوەن و بایەخی خودی «بەها ناوەکی»ـی خۆیەتی. بەردێک لەسەر لووتکەی چیایەک، گوڵێکی کێوی لە داوێنی دۆڵێک، یان گورگێکی تەنیا لەسەر بەفر، هەموویان مافی بوون و گەشەکردنی خۆیان هەیە، سەربەخۆ لەوەی ئێمەی مرۆڤ چۆن دەیانبینین یان چییان لێ وەردەگرین. ئەمە بنەمای «یەکسانی بایۆ-سەنتەری»یە؛ داننانە بەوەی کە مرۆڤ، سەرەڕای تواناییە هزرییەکانی، تەنیا یەکێکە لە ئەندامانی کۆمەڵگەیەکی گەورەی ژیان.
ئەم تێڕوانینە کاتێک ڕووبەڕووی واقیعی ژینگەی کوردستان دەبێتەوە، ڕەهەندێکی زۆر قووڵتر و تراژیدیتر وەردەگرێت. کوردستان، بە چیا سەرکەشەکانی، دۆڵە قووڵەکانی و ڕووبارە یاخییەکان، و دەشتە بەرینەکانی تەنیا جوگرافیایەک نییە؛ بەڵکو ناسنامەیەکی زیندووە. چیاکانی کوردستان، وەک چۆن “نایس” لە چیاکانی نەرویج دەڕوانی، تەنیا کۆمەڵە بەرد و خۆڵ نین، بەڵکو بوونەوەرێکی مەزن و دانان کە شایەنی ڕێزگرتنن. کاتێک مرۆڤی کورد دەڵێت «چیاکان دۆستی ئێمەن»، ئەمە لە ئاستە قووڵەکەیدا دەربڕینی هەمان ئەو «خۆ-ناسینەوە»یەیە “نایس” باسی دەکات. ئەو پەیوەندییە ڕۆحییەی لەنێوان مرۆڤی ئەم ناوچەیە و ژینگەکەیدا هەبووە، باشترین نموونەی زیندووی ئیکۆلۆژیای قووڵ بووە، تەنانەت پێش ئەوەی ئەم زاراوەیە دابتاشرێت. پاراستنی دار بەڕوویەک تەنیا بۆ سووتەمەنی نەبووە، بەڵکو ڕێزگرتن بووە لە ڕۆح و تەمەنی ئەو دارە. پیسنەکردنی کانییەک تەنیا لەبەر پاکوخاوێنی نەبووە، بەڵکو داننان بووە بە پیرۆزیی سەرچاوەی ژیان. ئەمە ئەو داناییە خۆماڵییەیە کە بەبێ تیۆری و فەلسەفە، لەناو کردەی ڕۆژانەدا بەرجەستە ببوو. لێرەدا، دەنگی ڤاندانا شیڤا، بیرمەندی هیندی و چالاکوانی بواری «ئیکۆ-فێمینیزم»، وەک تەواوکەرێکی بنەڕەتی بۆ فەلسەفەکەی “نایس” دێتە ئاراوە. ئەگەر “نایس” نەخشەی ڕۆحی پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و سرووشتمان بۆ دەکێشێت، ئەوا شیڤا ئەو هێزە سیاسی و ئابوورییانەمان نیشان دەدات کە هەڕەشە لەم پەیوەندییە دەکەن. شیڤا باس لە «دیموکراسی زەوی» دەکات؛ سیستمێک تێیدا هەموو بوونەوەرێک، لە بچووکترین میکرۆبەوە تا مرۆڤ، مافی ژیان و بەشداریکردنیان لە سیستمی ژیاندا هەیە. ئەو ڕاستەوخۆ پەنجە دەخاتە سەر «داگیرکاریی کۆمپانیاکان» چۆن لە ڕێگەی بەکاڵاکردنی تۆو، ئاو و خاکەوە، سەروەریی گەلان و ژینگەی خۆماڵی لەناودەبەن. فەلسەفەکەی شیڤا، فەلسەفەی بەرگرییە. ئەو پێی وایە پاراستنی تۆوێکی خۆماڵی، تەنیا کردەیەکی کشتوکاڵی نییە، بەڵکو کردەیەکی سیاسی و شۆڕشگێڕانەیە دژی سیستمی سەرمایەداریی جیهانی کە هەوڵی یەکڕەنگکردنی جیهان و سڕینەوەی فرەچەشنی دەدات.
کاتێک ئەم دوو دیدگایە تێکەڵ دەکەین و لەسەر خاکی کوردستان دایاندەنێین، وێنەیەکی ترسناک بەڵام ڕوونمان بۆ دەردەکەوێت. ژینگەی کوردستان ڕووبەڕووی دوو جۆر لە هێرش بووەتەوە کە یەکێکیان فەلسەفەکەی “نایس” شیدەکاتەوە و ئەوی تریان هی شیڤا.
هێرشی یەکەم: هێرشێکی سیستماتیکی دەرەکییە بە ئەنقەست ژینگە وەک چەکێک بۆ جینۆسایدی کەلتوری و سڕینەوەی ناسنامە بەکاردەهێنێت. سووتاندنی دارستانەکانی زاگرۆس و ئەوانی تر لە بەشەکانی تری کوردستان، وشککردنی بە ئەنقەستی ڕووبارەکان و دروستکردنی بەنداو کە ژیانی هەزاران گوندنشین و ئیکۆسیستەمێکی دەوڵەمەند دەخاتە مەترسییەوە، تەنیا تاوانێکی ژینگەیی نییە. بەپێی تێڕوانینی “نایس”، ئەم هێرشکردنە سەر «خۆ»ـی فراوانبووی گەلی کورد. کاتێک دارستانێک دەسووتێنرێت، تەنیا کۆمەڵێک دار نابنە خۆڵەمێش، بەڵکو مێژوویەک، کەلتورێک و پەیوەندییەکی هەزاران ساڵە بریندار دەکرێت. لەم ڕوانگەیەوە، ئەو ژینگەپارێزانەی گیانی خۆیان دەبەخشن، تەنیا «قوربانی» نین، بەڵکو گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی «خۆ-ناسینەوە»ـی “نایس”یانە. ئەوان لەو خاڵەدا ژیاون ئازاری دارێک بووەتە ئازاری جەستەیان و کوژانەوەی ئاگرێک بووەتە ئەرکی بوونیان. ئەوان بە کردەوە سەلماندیان کە مرۆڤ و سرووشت دوو بوونی جیاواز نین، بەڵکو یەکن.
هێرشی دووەم: لەوانەیە زیانبەخشتریش بێت چونکە لە ناوخۆوەیە، ئەو هێرشەیە کە شیڤا بە وردی باسی دەکات:- نامۆبوون و بەکاڵابوون. مۆدێرنیتەی ڕووکەش و کەلتوری بەکاربردنی بێسنوور، وردە وردە مرۆڤی کوردی لەو پەیوەندییە قووڵەی لەگەڵ خاکەکەیدا دایبڕیوە. کاتێک چیاکان دەبنە تەنیا شوێنێک بۆ وێنەگرتنی سێڵفی، کانییەکان دەبنە شوێنی فڕێدانی خاشاک، و زەوییە کشتوکاڵییەکان دەبنە کاڵایەک بۆ کڕین و فرۆشتن و دروستکردنی ڤێلای بێ ڕۆح، ئەو کاتە «بایەخی خۆیی» سرووشت لەبیر دەکرێت و «دیموکراسیی زەوی» پێشێل دەکرێت. ئەمە ئەو نامۆبوونەیە کە وا دەکات کارەساتێکی ژینگەیی ببێتە هەواڵێکی ئاسایی و تراژیدیایەک بە بێدەنگی تێپەڕێت. لێرەدا، دیدی شیڤا زەنگێکی ئاگادارکەرەوەی بەهێز لێدەدات. ئەو پێمان دەڵێت کە ئەو کۆمپانیا و عەقڵییەتە بازرگانییەی ئەمڕۆ بە ناوی «پەرەپێدان»ـەوە خاک دەکاتە کۆنکرێت، هەمان ئەو عەقڵییەتەیە کە لەسەر ئاستی جیهانی تۆوی خۆماڵی لەناودەبات و جووتیاران ملکەچ دەکات. ئەو ڤێلایەی لەسەر زەوییەکی بەپیت دروست دەکرێت، ئەو کارگەیەی کە پاشماوەکەی دەڕژێتە ناو ڕووبارێکەوە، و ئەو سیاسەتەی کشتوکاڵی خۆماڵی پشتگوێ دەخات لەپێناو هاوردەکردندا، هەموویان دەرکەوتەی یەک نەخۆشین:- لەدەستدانی سەروەری لەسەر خاک و خۆراک. ئیکۆ-فێمینیزمەکەی شیڤا ڕەهەندێکی دیکەی گرنگ دەخاتە ڕوو، ئەویش ڕۆڵی ژنی کوردە. لە مێژووی کوردەوارییدا، ژن نەک تەنیا چاودێری ماڵ، بەڵکو پارێزەری سەرەکیی تۆو، زانیاریی کشتوکاڵی و پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و زەوی بووە. ژنان زۆرترین داناییان لەسەر ڕووەکە پزیشکییەکان، خولی کشتوکاڵ و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان هەبووە. بەڵام سیستمی پیاوسالارانە و ئابووریی نوێ، وردە وردە ئەم ڕۆڵەی پەراوێز خستووە. گەڕانەوە بۆ ژینگەپارێزییەکی ڕەسەن، پێویستی بە گەڕانەوەی بەها و دانایی ژنان هەیە لەم بوارەدا. پاراستنی ژینگە لە کوردستان، بەبێ بەشداریی کارا و سەرەکیی ژنان، پاراستنێکی ناتەواوە. کەواتە، ڕێگەچارەی کۆتایی چییە؟ چارەسەر تەنیا لە چاندنی نەمام و پاککردنەوەی ژینگەدا نییە، هەرچەندە ئەمانە کردەی گرنگ و پێویستن. چارەسەری ڕیشەیی، تێکەڵکردنی قووڵایی فیکری “نایس” و بەرگریی سیاسیی شیڤایە. دەبێت شۆڕشێکی هۆشیاری بەرپا بکەین:-
یەکەم:- دەبێت لە «ئیکۆلۆژیای ڕووکەش»ـەوە باز بدەین بۆ «ئیکۆلۆژیای قووڵ». دەبێت منداڵەکانمان فێر بکەین کە دارێک هاوڕێیانە، نەک تەنیا کەرەستە. دەبێت لە قوتابخانە و زانکۆکاندا فەلسەفەی ژینگە بخوێنرێت، نەک تەنیا زانستی ژینگە. دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو داناییە کۆنەی لەناو کەلتوری خۆماندا شاردراوەتەوە، ئەو داناییەی سرووشتی وەک بوونەوەرێکی زیندوو و پیرۆز سەیر دەکرد. پێویستە هەموومان هەوڵ بدەین بگەین بەو ئاستە لە «خۆ-ناسینەوە» چیتر نەتوانین لە ئاست ئازاری خاکەکەماندا بێدەنگ بین.
دووەم:- دەبێت ئەم هۆشیارییە بگۆڕین بۆ کردەی سیاسی و بەرگریی مەدەنی. دەبێت پشتگیری لە جووتیارە خۆماڵییەکان بکەین و تۆوی ڕەسەنی کوردی بپارێزین. دەبێت دژی ئەو پڕۆژە و یاسایانە بوەستینەوە ژینگە دەکەنە قوربانیی «قازانج»ـی کورتخایەن. دەبێت داوای «دیموکراسیی زەوی» بکەین، تێیدا خەڵکی ناوچەکە خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خاک و ئاو و سرووشتی خۆیان بدەن، نەک کۆمپانیایەکی بیانی یان عەقڵییەتێکی بازرگانیی ناوخۆیی.
کاتێک سووتانی دار بەڕوویەک لە زاگرۆس و شوێنەکانی تر، وەک سووتانی پەنجەیەکی دەستمان ئازاری پێ گەیاندین (وەک “نایس” فێرمان دەکات)، و کاتێک ئەو ئازارەمان گۆڕی بۆ هەڵوێستێکی سیاسی بۆ پاراستنی تۆوەکەمان و ڕەتکردنەوەی بەکاڵابوونی خاکەکەمان (وەک شیڤا ڕێنماییمان دەکات)، ئەو کاتە دەتوانین بڵێین ئێمە لەسەر ڕێگای ڕزگاریداین. ڕزگارکردنی ژینگەی کوردستان، ڕزگارکردنی خودی ناسنامە، سەروەری و بوونی ئێمەیە لەناو ئەم جیهانەدا. ئەمە تەنیا ئەرکێکی ژینگەیی نییە، بەڵکو پیرۆزترین ئەرکی نیشتمانی و مرۆییە بۆ خۆمان و نەوەکانی داهاتوو. ئەم تێڕوانینە، پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ژینگەدا لە چوارچێوە تەسکەکەی «پاراستنی سرووشت» دەباتە دەرەوە و دەیکاتە بەشێکی دانەبڕاو لە خەباتی بوون و مانەوە. ئەو ئازارەی لە سووتانی داربەڕوویەکدا هەستی پێدەکەین، تەنیا سۆزێکی کاتی نییە، بەڵکو نیشانەی زیندووبوونی ئەو پەیوەندییە مێژووییەیە لە نێوان مرۆڤی کورد و جوگرافیاکەیدا هەیە. دارستان و سرووشتی کوردستان تەنیا کۆمەڵێک درەخت نین؛ ئەوان یادەوەریی زیندووی نەتەوەیەکن، شاهیدی هەوراز و نشێوەکانی مێژوون و هەڵگری ئەو چاندەن کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە خاک و ئاو دامەزراوە. گۆڕینی ئەم ئازارە بۆ هەڵوێستێکی سیاسی، هەنگاوێکە بەرەو بە کردەییکردنی ئەم تێگەیشتنە. ئەم هەڵوێستە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە چیتر ڕێگە نەدەین خاک و ئاو و سامانی سرووشتیمان وەک کاڵایەکی بێ گیان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و بخرێنە بازاڕی سەرمایەدارییەوە. پاراستنی «تۆوەکەمان»، تەنیا پاراستنی تۆوی دانەوێڵە و کشتوکاڵ نییە، بەڵکو پاراستنی تۆوی کەلتوری، زمانی و مێژوویی ئێمەیە لەم خاکەدا ڕەگی داکوتاوە. کاتێک بەرگری لە ژینگەی کوردستان دەکەین، لە هەمان کاتدا بەرگری لە مافی خۆمان دەکەین بۆ ژیانێکی سەربەخۆ و بەکەرامەت. بەم شێوەیە، ئەرکی پاراستنی ژینگە لە ئەرکێکی لاوەکییەوە دەگۆڕێت بۆ پیرۆزترین ئەرکی نیشتمانی. چونکە لەدەستدانی ژینگە، لەدەستدانی ئەو بنکە مادی و مەعنەوییەیە ناسنامە و بوونی ئێمەی لەسەر وەستاوە. ڕزگارکردنی ژینگەی کوردستان، ڕزگارکردنی دوا قەڵای مانەوەی ئێمەیە وەک نەتەوەیەکی خاوەن مێژوو و جوگرافیا. ئەمە نیەت و وەسیەتێکە بۆ نەوەکانی داهاتوو، نیشتمانێکمان بۆ بەجێبهێڵن تێیدا مرۆڤ و سرووشت پێکەوە و بە هاوسەنگی بژین، نەک لە ململانێیەکی بەردەوامدا.


































































