هەر لەسەرەتاى گرتنە دەستى دەسەڵاتییەوە حزبى بەعس لە “١٩٦٨”، کە بۆ دووەمین جار بوو لەمێژووى سیاسیى ئێراقدا دەسەڵاتى گرتەوە دەست “چونکە یەکەمین جار لە ١٩٦٣دابوو”، بۆ چەسپاندنى پایەکانى دەسەڵاتى خۆى و مانەوەى دەسەڵاتەکەى، هەوڵیدا لە چەندین ڕەهەندى سیاسیى و ئابوورى و ڕۆشنبیرییەوە جێ پێى خۆى پتە و بکات، ئاشکرایە حزبى بەعس دروشمى سەرەکیى “یەکێتیى و ئازادى و سۆسیالیزم” بوو، بەڵام بەو خوێندنەوە تایبەت و ڕیزپەڕەى خۆى، کە لە مێژووى هاوچەرخى خۆیدا وێنەى نەبوو، کە دەکرێت لەم بارەیەوە توێژینەوەى جۆراوجۆر بکرێت، کە شوێنى ئەم نووسینەى ئێمە نییە، ئەوەى ئێمە باسى لێوە دەکەین ئەو خوێندنەوە و تێڕوانینە تایبەتەى حزبى بەعسە بۆ کایەى پەروەردەیى لە ئێراق، کە چۆن دەیویست وەکوو چۆن لە بوارى سەربازیدا و لە ڕێگەى کودەتا و تووندوتیژییەوە توانیبووى پایەکانى دەسەڵاتى بچەسپێنێت و هەرچى نەیارو ئۆپۆزسیۆنى ئێراقى هەیە لە مەیدانەکەدا دەرى کردن، ئەوا بەوشێوەیەش مەبەستى بوو پەروەردەیەکى تایبەتى بەعسییانە لە سەرانسەرى ئێراقدا بچەسپێنێت، وەکوو باسى دەکەین مەبەستى تایبەتى خۆى هەبوو. هەروەک نووسەرێک پێى وایە حزبى بەعسى هەر لەسەرەتاوە بایەخى بە ڕۆشنبیرى و فێرکردندا، بەڵام بایەخ پێدانەکەى لەو جۆرە بوو، کە “گۆبڵز- وەزیرى پڕوپاگەندەى نازییەکانى ئەڵمانیا” لە ناخیدا مەبەستێک و لەسەرەوەش بانگەشەى “دۆیگۆڵیستى” بۆخۆى دەکرد، چونکە دروستکردنى “مرۆڤى نوێ” لەو ئەرکانە بوو، کە ڕژێمى تۆتالیتارى بە کەرتى پەروەردە و ڕاهێنان وڕاگەیاندنى دەسپارد، بەهەمان ئەو ڕادەیەى، کە دەمکوتکردن دەستەمۆکردنى کۆمەڵگەى پێدەستپێردرێت، دەستى بەخشندەیى ڕژێم لە بەرانبەر کەرتى فەرهەنگى و ڕۆشنبیریدا پڕ بەخشش بوو، لەدواى تەممووزى ١٩٦٨دا، دەستەبەرکردنى هەلى کارکردن لەم بوارەدا وەک چەکێک بۆ قازانج و بۆ قەدەغەکردن بەکارهێنرا.
لە ساڵى ١٩٧٩وە بەدواوە، و لەدواى گرتنەدەستى دەسەڵات لەلایەن سەدامەوە، ئەو سیاسەتە ئاڕاستەیەکى دیکەى وەرگرت، چونکە دەستێوەردانەکان و ڕێنماییەکان فراوانتر بوون، هەروەها پەرستنى سەدام بابەتێکى نایابى لە گوزارشتکردنى کولتوورى دامەزراند، بەم شێوەیە گۆڕانێکى تەواو نەک هەر بەسەر دەقە ئەدەبییەکاندا، بەڵکوو بەسەر شوێنەکانیشدا هات، چونکە شوێنە گشتییەکان لە ئێراقدا ڕووبەڕووى داگیرکردن بوونەوە لەلایەن پەیکەر و بت وسەنەمەکانى سەدام، ئەمە جگەلە دروشم و تابلۆو دیوار بەندەکان. بەر لە دووساڵ لە وەرگرتنى سەرۆکایەتى ئێراقیش، سەدام بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ وتارێکى ئاڕاستەى بەرپرسانى وەزارەتى پەرورەدە کرد، ئەمەش چەند بڕگەیەکى وتارەکەیەتى:- “پێویستە لەسەرتان، لەڕێگەى منداڵەکانیانەوە گەمارۆى گەورەکان بدەن، سەربارى کەناڵەکانى ڕاگەیاندن و ڕێگەکانى دیکە، قوتابیان وخوێندکاران فێربکەن لە دایک و باوکیان بێنەدەنگ، لەکاتێکدا لەبارەى نهێنییەکانى دەوڵەتەوە قسەدەکەن. پێویستە لەهەموو گۆشەیەکى ئەم ئێراقەدا کوڕێکى چاپووک هەبێت بۆ شۆڕش و چاوێکى بێدار و ئەمین و ئەقڵێکى هۆشیار وپتەو هەبێت ڕێنماییەکان لە ناوەندە بەرپرسەکانى شۆڕشەوە وەربگرێت. هەروەها پێویستە منداڵ وا فێربکەن سڵ لە خەڵکى بیانى بکاتەوە، چونکە بیانى چاوى وڵاتەکەى خۆیەتى، هەندێکیشیان هۆکارى تێکدانن بۆ شۆڕش. منداڵ لە ڕووى پەیوەستبوونى بە مامۆستاکەیەوە، وەک پارچە مەڕمەڕێکى خاو وایە بەدەست پەیکەرتاشێکەوە، کە تواناى هەیە شێوەى پێویستى لە جوانترین فۆرم و ڕووخساردا بداتێ، بێ ئەوەى جێى بێڵێت بۆ ڕۆژگارو دژوارى و کارەساتەکانى سرووشت”.
لە وتارێکى تریشدا سەدام دا بەم شێوەیە باسى فەلسەفەى پەروەردە دەکات:- ““فەلسەفەى مەرکەزیى دەوڵەت پشت بە بیروباوەڕەکانى حزب دەبەستێت، کاتێک سەبارەت بە فەلسەفەى پەروەردەیى دەدوێین بریتییە لە بارێکى گەردانکراو لە فەلسەفەى ناوەندیى دەوڵەت پشت بە بیروباوەڕەکانى حزبى بەعسى عەرەبى سۆشیالیست دەبەستێت، کە سەرکردەیەتى، کەواتە فەلسەفەى پەروەردەیى لە پڕۆگرامى گشتییەوە بوونیادنانى مرۆ لە کۆمەڵى نوێدا وەردەگیرێت، کە پەرورەدەى تێدا یەکێکە لە ئاوەڕۆ بنەڕەتییەکانى و هەموو شتێک نییە تێیدا، چونکە مرۆڤ وەک ژیان یەکێکە لە ڕەگەزە بنەڕەتەکانى و بوونیادنانى تەنیا لە کەرتى پەروەردەدا نابێت، بەڵکوو بەو واتایەى، کە دەستمان ڕاکێشا بۆ هەموو ستراتیژیەکانى دەوڵەت لە هەموو چالاکییەکانیاندا بوونیادى دەنێن، بەڵام هەبوونى فەلسەفەیەکى پەروەردەیى، کەلە فەلسەفەى گشتییەوە سەرى هەڵدابێت پێویستە. فەلسەفەى پەروەردەیى لە ڕاپۆرتى سیاسیى هەشتەمین کۆنگرەى هەرێمایەتیدا دیاریکراوە، بەتایبەتى وەک ئاوەڕۆیەک لە کتێبى “شۆڕش و پەروەردەى نیشتمانى” دا وەک ستراتیژیەتێک لە ستراتیژیەتە گشتییەکانى و باسەکانى بریتین لە وتە بنەڕەتیەکانى، کە تیایەتى کە ئەو وتانەت لە پەراوێزى کۆبوونەوەکانى ئامادەکردنى پڕۆگرامەکان و چاوپێدا گێڕانەوەیان کران، سەرنجێک لە گێتى و لە ژیان. ئایا ئەقڵى زانستیى تەواو یان ئەقڵى غەیبى پەروەردە دەکەیت. لە بۆچوونى حزبماندا هیچ ناکۆکییەک لە نێوان ئەقڵى زانستیى تەواوى نیسبى ئەگەر دەربڕینەکە ڕاست بێت و لە نێوان بڕوابوون بە خودا و بە پێغەمبەر و کتێبەکانیدا نییە ڕەفتارکردن بە بڕوا هەبوون لە لایەن مەزەب یان هەڵبژاردنى ئایینەکانهوە بۆ ئازادى گەلەمان بەجێ دەهێڵین بەبێ دەستێوەردانى دەوڵەت”. هەروەها دەڵێت:- ئەگەریش بۆ پەرەسەندنى مێژوویى گەڕانیەوە بە ڕوانگەى ئەوەى بەهۆیەوە بیگەڕێنینەوە کۆن دەبینین، کە جیهان لە هەموو قۆناغێک لە قۆناغەکانیدا پەرەى سەندووە، هەمیشەش ئەو بارە پەرەسەندووترە، کە لەوەو پێش تێیدا ژیاوە، ڕەگەزى زەندیقى لە کارى پەرەسەندنى ئادەمیزاددا سەرکردە نەبووە، دڵسۆزى بۆ نیشتمان بەعسییە، ئێراقییەکان دوو چەشنن، کە دێین لە بوونیادنانى دەوڵەت و پلەبە پلەى شوێنەکان و حزبییەکان بکۆڵینەوە ناڵێین بەعسییەکان، چونکە من هەموو ئێراقییەک، کە باوەڕى بە شۆڕش و بە گۆڕانکارى نوێ هەبێت، دڵسۆزى نیشتمان بەعسییە. ئەگەر چى نەچووبێتە ڕیزیشەوە، ئەوا دەڵێم حزبییەکان دوو جۆرن:- دیسان کە دێینە سەر بوونیادى دەوڵەت بەرەو سەرەوەى بەتایبەتى، کە لەڕێگەماندا گەیشتووینە ئەوەى، کە سیازدەهەمین ساڵى تەمەنى شۆڕش بەجێ بهێڵین و بچینە ساڵى چواردەمەوە، ئەو دووجۆرە. جۆرێک سەرکردەیى دەکات جۆرێکى تر ڕادەپەڕێنێت، ناکرێت هەموو ئەندامێک لە حزبدا لە ئەندامێکى حزبیى تر ڕادەى بەرزتر بوو لە دەوڵەتدا حوکمێک بەڕێوەبەرێت ئەمە دەڵێم بەمە هەڵوێستى سەرکردایەتى دەردەبڕم، کە ئەو هەڵوێستە دەبێت بیخەینە جێى ڕاپەڕاندنەوە، ئێمە لە وەزارەتى پیشەسازیدا هەین، لە وەزارەتى پیشەسازیدا بەڕێوەبەرى گشتیى هەیە ئەندامى لقە، بەڵام سەرۆکى دەزگاکە هەیە، هاووڵاتیەکى ئێراقى بەعسی غەیرە حزبى لە ڕیزى حزبدا نییە سەرۆکى ئەندامى لقە و فەرمانى بۆ دەردەکات، ئەندامى لقیش دەبێت بەقسەى بکات بە قسەکردنێکى تەواو، وەک بەڕێوەبەرى گشتى وخواستەکەى بەجێ بهێنێت بەبێ ئەوەى پشت بە سیفەتە حزبییەکەى ببەستێت و هەوڵى ئەوەبدات بەشێوازێک بۆى بچێت بەهۆیەوە موشاکەسەى پێ بکات یان سەرۆکى دەزگاکە بخاتە مەوقعێکى نا توانییەوە ناتوانێت بە چەشنێکى نادروست خواستە سەرکردەیەکەى بەسەردا بسەپێنێت”.
ناوى تەواوى ئەم ڕژێمە بریتییە لە “حزبى بەعسى عەرەبى سۆسیالیستى”، ئەوەى لێرەدا جێگەى سەرنجە ماناى وشەى “بەعس”ە، کە واتاى هەستانەوە، یان سەرهەڵدانەوە یاخود زیندووبوونەوە دێت و ئەو پەیوەندییە قووڵ و لکانە تووندەیەتى بە وشەى “عەرەب”ەوە، حزبى بەعس حزبێکە بۆ هەستاندنەوە و بووژاندنەوەى عەرەب و دروستکردنەوەى “یەکێتى” لەناو ئەم میللەتەدا، لە پڕۆگرام و ئەدەبیانى ئەم حیزبەدا ئاماژە بەو کراوە، کە “عەردى باو و باپیرانى عەرەب یەکەیەکى سیاسى و ئابوورى دابەشنەکراوە”، هەروەها لە دەقى پڕۆژەى دەستوورى کۆمارى ئێراقیشدا نووسراوە:- ئێراق بەشێکە لە نیشتمانیى عەرەبى و لە پێناوى وەدیهێنانى بەکبوونێکى گشتى عەرەبیدا تێدەکۆشێت”، بەم پێیەش بەعس خۆى بە بەرجەستەکەرى ناسنامەى عەرەب پێناسە دەکات و تێڕوانینى ئەو حیزبە بۆ جیهان و کۆمەڵگاکانى تر، تێڕوانینێکى نوێنەرایەتیکراوى عەرەبیانەیە، واتە تێروانینێکە هەوڵدەدات عەرەب، یاخود ڕاستر وایە بگوترێت:- تێڕوانینێکى تایبەت لەسەر عەرەب لەسەرووى هەموو شتێکەوە دابنێت و قاییل نییە بەوەى غەیرى عەرەب، تێکەڵ بە عەرەب بکات و بوار نادات بە ئەوانیتر تاوەک عەرەب بن و لە ئاستى عەرەبدا بن، بۆیە حیزبى بەعس لەگەڵ دامەزراندنى خۆیدا تێڕوانینێکیش لەسەر غەیرە عەرەب بەرهەمدەهێنێت، کە لەقۆناغى جیاواز جیاوازدا ئەو تێڕوانینە ئاڕاستەى لایەنى جیاوازیش دەکات:- ئیمپریالیزم، زایۆنیزم، فورسى مەجووس و پاشانیش کورد و نەتەوەو گرووپەکانى ترى ناو ئێراق و ئەو “عەرەبە خیانەتکارانەش”، کە خیانەتیان بە عەرەبایەتى خۆیان کردووە “وەکوو کوەیتى و سعوودییەکان”. ئەگەرچى کورد هەمیشە لە مێژووى ئێراقدا ئەو لایەنە ئامادەیە بووە بۆئەوەى بکرێتە “ئەویتر”، بەڵام تەنیا لەسەر دەستى ڕژێمى بەعسە، کە پڕۆسەى بە “ئەویترکردن” دەبێتە پڕۆسەى “بە دوژمنکردن”، بەمانایەکى دى:- “بەعسیزم ئەو سیستەمەیە، کە بوونى کورد لەناو جەستەى کۆمەڵگا سیاسییەکەى “دا”، وەکوو هۆکارێکى ناڕەحەتکەر و شێوێنەر تەماشا دەکات و لەوێشەوە وێنەى بێگانەیەکى پێدەبەخشێت، کەلەڕووى سیاسییەوە دەبێت بە دوژمن”. بەعس بۆئەوەى لە قۆناغە جیاجیاکانى ژیانى قەیراناوى خۆیدا وەڵامى پرسیارى “من کم؟” بداتەوە، دەبوو “ئەویتر” دابهێنێت و وێنەى پێ ببەخشێت وەک نەیارێک، بۆیە ئەگەر وێنەى “ ئیمپریالیزم” یان “فورسە مەجووسەکان” وێنەیەکى ناجێگیرە و یەکەمیان بەکشانەوەى ئیمپریالیزمى داگیرکەرو دووەمیان بە کۆتاییهاتنى شەڕ لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێران کۆتایى پێدێت و کاڵ دەبێتەوە، ئەوە وێنەى کورد وێڕاى موسوڵمان بوونەکەشى، لە زەینى بەعسییەکاند، وێنەیەکى جێگیرە و هەتا یەک کورد بمێنێت گۆڕانى ئیجابى بەسەردا نایەت.
میشیل عەفلەق”دامەزرێنەر و تیۆرسێنى حزبى بەعس” لە وتارێکیدا دەڵێت:- نەتەوە ئەمڕۆکە گیانە و بەهایە و مێژووە و ئامادەبوون و ئومێدە زیاتر لەوەى قەوارەیەکى بەدیهاتوو بێت، پڕۆژەیەکى بیناکردنە هەموو بنەما بنچینەییەکانى تێدایە، خەمرەى دەرسە سەخت ونشتوستییە تاڵەکان و تواناداریى لەسەر تێپەڕبوون و لەدایک بوونێکى نوێى تێدایە، بەمەرجێک ئەم پڕۆژەیە پشت بەجەماوەرى گەل ببەستێت و لەگیان و بەرژەوەندى جەماوەر ئیلهام وەربگرێ و لەگەڵ ڕاستییەکاندا بگونجێ، یا تا دوورترین ڕادە لە ڕاستییەکان نزیک ببێتەوە.
بەعسییەکان هەر لەسەرەتاوە، کەوتنە جێبەجێکردنى پڕۆسەى بەعساندنى زانکۆکان، مەبەستیان بوو لە ڕێگەى زانکۆکانەوە دەستکاریى کۆى سیستەمى پەروەردەیى و کولتوورى و ئەخلاقیى دەوڵەت بکەن، ئەو پڕۆسەیە بەدوو هەڵمەتى فراوان دەستى پێکرد، یەکەمیان بڵاوکردنەوەى تۆڕێکى فراوانى ئەکادیمیانى ساختەو خاوەن بڕوانامەى خۆڕایى بوو، کە ڕۆڵى چاوى دەسەڵاتیان لە نێوەندە ئەکادیمییەکاندا دەبینى، دووەم، بریتى بوو لە هەڵمەتێک بۆ دەستکاریکردنى پڕۆگرام وبەها زانکۆییەکان، کە لەگەڵ ئایدۆلۆژیاى ڕەسمى و ستراتیجى فەرمانڕەواییدا یەکبێتەوە، دەگێڕنەوە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ گرووپێک ئەکادیمییان و مامۆستایانى زانکۆدا، کاتێک سەرۆکى پێشووترى بەعس داواى پابەندبوونى نیشتمانى و ئینتیماى بەعسیبوون لە مامۆستاکان دەکات، یەکێک لە مامۆستاکان، وەک بۆچوونێکى پێچەوانە، پێشنیار دەکات حکوومەتى بەعس زیاتر بایەخ بە پابەندبوونى زانستیى مامۆستاکان بدات، لە وەڵامدا سەرۆک مامۆستاکە دەشکێنێت و دووپاتى دەکاتەوە، کە لەفەلسەفەى بەعسدا پابەندبوونى نیشتمانیى لە پێشترە تا پابەندبوونى زانستى، چونکە ئەوان “بەعسییەکان” دەتوانن پڕۆفیسۆرو زانا لە دەرەوەى وڵات بکڕن، بەڵام ناتوانن مامۆستاى نیشتمانپەروەر بەپارە پەیدابکەن، لاى ئەوان نیشتمانپەروەرى بووە بەهایەکى هێندە هەرزان و بێ نرخ، کە بەشى هەرە زۆرى حزبییەکان دەیانتوانى بە هەرزانترین سەرمایە وکەمترین کۆشش ببنە گەورەترین “نیشتمانپەروەر”، هێندە بەس بوو مرۆڤ فێرى لەبەرکردنى چەند دروشمێک یان چەند هونەرێکى سەرەتایى موزایەدە و ڕووپامایى ببێت تا لە کەسێکى بێبەرهەم و نەخوێندەوارەوە ببێتە ئەندامێکى باڵاو نیشتمانپەروەرێکى گەورە، لە ژێر دەسەڵاتى بەعسدا سەربارى بەرەنگارى و هەڵوێستى زانستیى کۆمەڵێک لە خاوەن بڕوانامە باڵاکان، زانکۆکان زیاتر لە بارەگاى حزب وگۆڕەپانى تەجنید دەچوون، ڕەنگى زەیتوونى وپۆشاکى دووپارچە، کە هێماى بەعسیبوون و بەمیلیشیاکردنى کۆمەڵگاى مەدەنى بوو، بووە بەرگى زۆربەى ئەو مامۆستایانەى، کە ئەرکیان ئامادەکردن وبەکۆیلەکردنى نەوە نوێیەکانیان بوو.
بەعسییەکان بە کۆنتڕۆڵکردن و نابووتکردنى پڕۆگرام و بەهاى زانستیى کۆلێژە مرۆییەکان وەک ئاداب، یاسا، پەرورەدە، هونەر، زانستە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکان. پڕۆسەى بەعساندنى سەرتاسەرییان دەستپێکرد، داگیرکردنى ئەو کۆلێژانە واتە داگیرکردنى لایەنى مەعنەوى مرۆڤ، واتە حەرامکردنى خەمە سیاسى و مەدەنى و ئیستاتیکییەکان، یان لە باشترین حاڵەتدا، بڵاوکردنەوەى کولتوورى بێباکى وپەرتبوونى کۆمەڵایەتى. ئەمەو جگە لەوەى هەر کار گەیشتە بەسەربازیکردنى قوتابیانى ناوەندەکانى خوێندن، چەندین ڕێكخراوى وەكو “طلائع” و “شبیبە، فتوە”ى دروست كرد و پارە و پولێكى زۆرى بۆ تەرخانكرد، كە ئەمەشى بۆ ڕاكێشانى كورد و لاوازكردنى جوڵانەوەى كورد و كنە كردنى كۆمەڵى كوردەوارى بوو. هەرچەندە هەندێک جیاوازى بەپێى قۆناغ و ئەرکەکانیان بەدیدەکرا، بۆ نموونە:- ئەوان سڵاوى سەربازییان بۆ سەدامى “باوک”بەجێدەهێنا، کراسێکیان لەبەردەکرد، کە بەوێنەى سەدام ڕازابووەوە، هەروەها ئەو سرودانەى دەیانگوت بۆ ئەو بۆ بەعس بوو، کە هەندێک جار دەسڕێژى گوللەشى لەگەڵدا بوو، هەر لە قۆناغى سەرەتاییەوە هەتا تەواوکردنى خوێندنى زانکۆ، خوێندکاران مێشک وهزریان بەبەخشش و جوامێرییەکانى سەدام جۆشدەدرا، کە دواجار هەموو کایەکانى ترى بوارى ڕۆشنبیرى و هونەریش گرتەوە.
سەرچاوەکان؛
١. حازم صاغیە، حازم، بەعسى ئێراق دەسەڵاتى سەدام لە دروستوونیەوە تا ڕووخانى، وەرگێڕانى:- بورهان عطار، چاپخانەى ڕوون، سلێمانى”٢٠١٣”.
٢. د.شاهۆ سەعید، بەعس وزانکۆ، ڕۆژنامەى” ئاوێنە”، سێشەممە، ٦/١/٢٠٠٩، ل١٣.
٣. سۆزان كەريم مستەفا، بەعسيزم و كورد، چاپ و پەخشى حەمدى، سلێمانى، 2007.
٤. .ڕۆژنامەى “هاوکارى”، ٩/٧/١٩٨١.
٥. د. ڕێبوار سیوەیلى:- قەفەسى ئاسنین یان بۆ ببمەوە بۆ ئێراقى؟ وتار لە گۆڤارى”متمانە، ژ/١٢/٢٠١٤”.
٦. ڕۆژنامەى “هاوکارى”، ژ٨٣٥، ١٠/٤/١٩٨٦، ل٥.
ئامادەکردنى:- د.ژیلوان عەبدولڵا هەڵەدنى


































































