لەسەردەمی ئەمرۆدا هەر یەک لە ئێمە بە دوای کۆمەڵێک پرسیاردا دەگەرێت، ئایا هۆکاری زیادبوونی پرسی تەڵاق و جیابوونەوە چییە؟ بۆچی جیلی نوێ داب و نەریتی کۆنی کۆمەڵگا قبووڵ ناکات؟ زیادبوونی ناکۆکی و ئاژاوە لە نێو خێزانەکان بۆچی دەگەرێتەوە؟ بۆچی کوشتن بۆتە دیاردە لە نێو کۆمەڵگای کوردی؟ ئەو پرسیارانە و چەندەها پرسیاری تر لە نێوان ئێمەدا ڕۆژانە گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان بریتییە لە لێکترازانە کۆمەڵایەتییەکان لە نێوان نەوەی نوێ و نەوەی کۆندا، هەموو بیروبۆچوون و شێوازەکانی بیرکردنەوە لە سەردەمی ئەمرۆدا جیاوازە لە نەوەی ڕابردوو، ئەمەش بە کۆمەڵێک هۆکارە. دیاردەی بە جیهانیبوون دەکرێت وەڵامێکی گونجاو بێت بۆ ئەو کۆمەڵە پرسیارە، جگە لەوانەش ساردبوونەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان هۆکارێکی ترە، کۆمەڵگای کوردی بەوە دەناسرێت کۆمەلگایەکی کۆمەلایەتی و عەشیرەتگەراییە لە ڕابردوو بەم جۆرە گوزراشتی لئ کراوە، دراوسێکان وەک خزم و کەس و کار بوون بۆ یەکتر، پەیوەندییە خزمایەتیەکان لەوپەری پتەوی دا بوو، سەردانیکردن و مێوانداری وەک پێویستی سەیردەکرا. بەڵام ئێستا دەبینین هیچ کام لە پەیوەندییەکان بەم جۆرە نەماون.
لەبەرئەوەی بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگای کوردی گەنجە، بێگومانیش بەشێکی زۆری گەنجەکان و تازە پێگەیشتووەکان بەم جۆرە بیر لە پەیوەندییەکان ناکەنەوە وەک باب و باپیرانیان.ئەمەش پێی دەلێن لێکترازانی کۆمەڵایەتی لە ئێستا زۆر باوە لە نێو کۆمەڵگا. لێکترازانی کۆمەلایەتی واتا ئەوەیە کومەڵگا دابەش دەبێت بۆ دوو بەش یاخوود زیاتر، دابەش بوونەکەش لە ڕێگای بیرو بۆچوون و شێوازی ژیان و بیرکردنەوەیە. بەهۆی ئەوەی ئێمە لە سەردەمی بە جیهانیبوون دەژین زۆربەی نەتەوەکان و کۆمەڵگاکان ڕووبەڕووی ئەو لێکترازانە دەبنەوە.
کاریگەری شارستانییەتی ڕۆژئاوایی لەسەر کۆمەڵگای کوردی
لە دنیادا نەتەوەی جۆراوجۆرمان هەیە، هەر یەک لەم نەتەوانە خاوەن شارستانییەتی تایبەت بە خۆیەتی کە جیای دەکاتەوە لە نەتەوەکانی دیکە.نەتەوەی کوردیش وەک هەموو نەتەوەکانی تر شارستانییەتی تایبەت بەخۆی هەیە. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دوو جۆر لە شارستانییەتمان هەیە، کە بریتین لە شارستانییەتی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی. لە سەردەمی ئێستادا شارستانیەتی ڕۆژئاوایی زاڵترە و پێشکەوتوو ترە، سەرەتای هەر دوو زاراوەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، لهلایەن رۆژئاوائەوروپییەكانەوە بەكار هێنراوە. هەروەها مەبەست و ئامانج لهبەكارهێنانی وشەكە جیاواز بوە و لهسەردەمی جیاواز، زاراوەی جیاواز بەكار هێنراوە، واتە هەمان مەبەست و هەمان تێگەییشتن نەبووە كە ئێستا بۆ ڕۆژهەڵاتناسی بەكار دەهێنرێت. لهسەردەمی یۆنانییەكاندا، ئەم زاراوە بۆ جیاكردنەوەی خەڵكی ئاسیا، كە بە چاوێكی كەمتر تەماشا دەكران بەكار دەهێنرا، لههەمان كاتدا زاراوەی رۆژئاوایی بۆ خەڵكانێكی هۆشیار و بلیمەت بەكار هێنراوە.هەر لەبەر ئەم هۆکارە هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر مۆرکێکی ڕۆژئاوایی پێوە دیارە، زۆربەی هەرە زۆری نەتەوەکان لە جیهاندا بە تایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و وڵاتە دواکەوتووەکان هەوڵدەدەن لاسایی نەتەوەکانی وڵاتە پێشکەوتوەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا بکەنەوە لە ڕووی جۆری بیرکردنەوە و چۆنیەتی ژیان کردنیان. نەتەوەی کوردیش لەم چوارچێوە بەدەر نییە، زۆر بە ئاشکرا ئەم کاریگەرییە دەبینین. هەرچەندە شارستانییەت لە رۆژهەڵات سەریهەڵداوە، پاشان گواستراوەتەوە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەمەیە بۆچی شارستانیەتی ڕۆژئاوا پێشکەوتووترە و تەنانەت وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵدەدەن لاسایی بکەنەوە؟ دەکرێت وەڵامەکەی ئەوە بێت کە لە ڕۆژئاوا شارستانییەت پەرەی پئ دراوە و لە سەردەمێک بۆ سەردەمێکی تر گۆڕانکاری بەسەر دادێت و زیاتر پێشکەوتن بە خۆیەوە دەبینیت، بەڵام لە شارستانیەتی ڕۆژهەڵات بەم جۆرە نییە، چۆن سەریهەڵداوە هەر بەم جۆرەش بەکارهێنراوە.
ڕاستە گۆرانکاری تێدا کراوە لە ڕابردوو بەڵام بە پێی سەردەمەکان نەرۆشتووە. ئەمەش وایکردووە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا زیاتر گەشەسەندن بەخۆیانەوە ببینن، بەتایبەت کاتێک بەراوردی دەکەین بە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێگومان کاریگەری زۆری دروست کردووە لەسەر گەلی کورد،شێوازی بیرکردنەوەی خەڵک بە جۆرێکە داب و نەریتت رەسانەیەتی خۆی بیرنەماوە، لە هەموو بارودۆخێک و بۆنە و ئاهەنگێک هەوڵدەدات بەرگێکی رۆژئاوایی نیشان بدات، چونکە وا بیر دەکاتەوە کە بەم جۆرە پێشکەوتووە و کەسێکی شارستانییە، بەم شێوەیە خۆی دەردەخات و هەوڵدەدات پێگە و هەیبەتی خۆت بسەلمێنێت. تەنانەت لە ڕووی پۆشاک و چۆنیەتی دانیشتن و هەڵسوکەوت کردن بەتەواوی وەک کەسێکی رۆژئاوایی هەڵسوکەوت دەکات. تاوەکوو ئێرە هەموو شتێک باشە و هیچ کيشەی نییە، هەموو کەسێک دەیەوێت پێشکەوتوو و شارستانی بێت، بەڵام دەبێت بیر بکەینەوە شارستانیەتی ڕۆژئاوایی مۆدێرن بەتەواوی نەگبەتیە بۆ وڵاتە ئیسلامییەکان و موسڵمانەکان. چونکە پەیرەو و پڕۆگرامی کەسی موسڵمان بەتەواوی پێچەوانەی شێواژی ژیان و بیرکردنەوەی شارستانیەتی ڕۆژئاوا و وڵاتانی ئەورپیە.
هۆکارەکانی زیادبوونی لێکترازانە کۆمەڵایەتییەکان
١-سۆشیال میدیا:- گەورەترین هۆکارە لەم بوارەدا، لە ئێستادا گەنجەکان و بەشێک لە بەتەمەنەکان بە تەواوی ئاگاداری کلتوور و شارستانیەتی وڵاتانی دیکەن، هەوڵدەدەن لاساییان بکەنەوەی لە ڕووی شێوازی ژیان و مۆدێل و تەنانەت جلوبەرگ و شێوازی قسەکردن.ئەمەش دەبێتە هۆی نەمانی داب و نەریتی کۆمەڵگای ڕەسەنی کوردی.تەکنەلۆژیا و ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و گەیاندن هۆکاری سەرەکین بۆ گواستنەوە و ئاشناکردنی شارستانیەتی رۆژئاوایی بۆ گەلی کورد. لە ئێستادا ئێمە بەتەواوی ئاگاداری شێوازی ژیان و چۆنیەتی بیرکردنەوەی و کار و چالاکی خەلکی ڕۆژئاواین، هەر بۆیە وەک خویەکی لێهاتووە و هەوڵدەدەین ژیانی ئەوان لەسەر خۆمان جێبەجی بکەین، بەم جۆرە هەست بە گەشەی ڕوح و ئاسودەیی لە ژیان دەکەین. بەجۆرێک ئەم سیاسەتە پەیرەو دەکەن هاتوونەتە ناو بیرکردنەوەی هەموو مرۆڤایەتی.
٢-گرنگینەدان بە بەشداری سیاسی تاوەکوو ئاستێکی باڵای لە خۆشگوزەرانی بۆ دابین نەکرێت بەشێک لە گەنجەکان ئامادەی بەشداری سیاسی نین، بەڵام جیلی کۆن زۆر بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری سیاسی دەکات لە ڕێگای هەڵبژرادن و گەیاندنی بیرو بۆچونەکانی، خۆپیشاندانەکان گەنجەکان ئەنجامی دەدەن لە پێناو گەیشتن بە ژیانێک وەک وڵاتە پێشکەوتووەکان بێت.لێرەدایە جیاوازی نێوان جیلی کۆن و نوئ دەردەکەوێت و دەبێتە هۆی لێکترازان.
٣-هۆکاری تر ئەوەیە کە داواکاری جیلی نوئ بە تەواوی جیاوازە لە جیلی کۆن، هەروەک باسمان کرد نەوەی نوێ لە کۆمەڵگای کوردی داوای ژیانێکی خۆشگوزەرانی ڕەها دەکات بئ هیچ بەربەستێک، بەڵام نەوەی کۆن لەبەر ئەوەی لە ڕابردوو مەینەتی و ئازاری زۆری چەشتتووە لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادی لە نێو وڵاتی خۆیدا، پێیوایە ئێستا لەوپەری خۆشگوزەرانی دا دەژیت.
٤-نەبوونی ئینتیمای نیشتیمانی گرنگترین هۆکارە بۆ لێکترازانە کۆمەڵایەتیەکان، نەبوونی هەست و سۆز و خۆشەویستی بۆ ئەو خاک و نیشتیمانە کە چەندین خەباتی بۆ کراوە تاوەکوو گەیشتۆتە ئەمرۆ، بەشێکی زۆری گەنجەکان گرنگی پێ نادەن و پێیان وایە خۆشگوزەرانی ڕەها زۆر گرنگترە لە خاک و نیشتیمان هەروەها قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان.


































































