بیری لیشبۆنە دەکەی؟
ساراماگۆ:- بەڕاستی نازانم مەسەلەکە بیرکردنە یان نا. گەر بیرکردن وەکوو ئەوە بێت کە شاعیر دەڵێت:- ئەو سۆز و مچوڕکەیە کە ئازای ئەندامت دەگرێـتەوە، ئەوا بەداخەوە من ئەم هەستەم نییە. تەنیا ئەوەیە زۆر بیری لێدەکەمەوە. هاوڕێم لە لیشبۆنە هەیە و دەشیانبێنم، بەڵام ئێستا هەستەکانم بۆ لیشبۆنە بە جۆرێکە، کە گەر لەوێ بم نازانم چۆن کاتەکانم بەسەر بەرم و بۆ کوێ بڕۆم. کاتێک چەند ڕۆژێک یان یەک-دوو هەفتە لە لیشۆنە دەبم، دەگەڕێمەوە سەر خووە کۆنەکانم. هەر زوو بیر لەوە دەکەمەوە بەخێرایی بگەڕێمەوە بۆ “ڵانزراروت”، دڵم بە “ڵانزراروت” و خەڵکەکەی دەکرێـتەوە. لێرە بەباشی دەژیم، هەرگیز پێموانییە ئێرە بەجێبهێلم، لەوانەشە ڕۆژێک بەجێی بهێڵم. ڕۆژێک لە ڕۆژان هەموومان دەبێت کۆچ بکەین. ئەو ڕۆژەشی کە دەڕۆم، پێچەوانەی ویستەکانی خۆم دەبێت.
کاتێک دوورکەوتیتەوە لەو ژینگەیەی تیایدا ژیابوویت و بارت کرد بۆ “ڵانزراروت” و چەندین ساڵ کاری نووسینت تیاکرد، هەر ئاوا زوو گونجایت؟ یان بیری گۆڕەپانە کۆنەکەتت کردبوو؟
ساراماگۆ:- هەر زۆر زووش گونجام. من لەو کەسانەم ژیان لە خۆیان ئاڵۆز ناکەن. لەم ساتەدا دەژیم و ژیانم بەبێ دراما بەڕێکردووە. بێگومان جار بە جار خەمبار دەبم، هەست بە خەمەکەشم دەکەم، بەڵام با بەشێوەیەکی تر تۆ تێ بگەیەنم؛ بەدوای ئەوەوە نیم لە دۆخێکی نۆستالیژیادا بژیم. ئێستا بە نووسینی ڕۆمانێکەوە سەرقاڵم، زۆر خۆشدەبێت پێتبڵێم بۆ ئافراندنی کەسایەتییەکان چەندێ تووشی ئاستەنگی هاتووم، یان چەندێ ڕووبەڕووی جیاوازی و وردەکارییەکان لە گێڕانەوەی چیرۆکێکی ئاڵۆز هاتووم. جا دەمەوێـت بەم قسانەم بەچی بگەم، دەمەوێت بڵێم:- هەموو توانایەکم دەخەمە گەڕ تا هەموو شتێک بکەم. بەلای منەوە نووسین ئەرکە. دانە بە دانەی وشەکان ڕێکدەخەم، تا چیرۆکێک بگێڕمەوە، تا شتێکی گرنگ و بەسوود بە خوێنەر بگەیەنم، یان بەلایەنی کەمەوە بەلای منەوە گرنگە. جگە لەمە هیچ نیازێکی تر لە پشت نووسینی کتێبەکانمەوە نییە، تەنیا ئەوەیە بە ئەرکی خۆمی دادەنێم.
بەشێوەیەکی ڕۆژانە هەڵدەستیت بەم ئەرکە؟ یان چی؟
ساراماگۆ:- کاتێک خۆت بە کارێکەوە سەرقاڵ دەکەی، پێویستە بەردەوامیش بیت لەسەری. بۆ نموونە ڕۆمان؛ هەموو ڕۆژێک دەنووسم. بەشێوەیەکی سروشتیش هەمیشە مرۆڤ کاری تری وەکوو کاروباری ماڵەوە و گەشتکردنی ڕووبەڕوو دەبێـتەوە، بەڵام کەسێکی زۆر جددی و وردم. خۆم ناچار ناکەم لە کاتێکی دیاریکراودا و چەند کاتژمێرێکی دیاریکراو بنووسم، ئەوەندە دەنووسم کە پێویستە، هەندێکجار لە ڕۆژێکدا دوو پەڕە دەنووسم. ئەمڕۆ بەیانی دوو پەڕەم لە ڕۆمانە نوێیەکەم نووسی، سبەی دوو پەڕەی تریشی لێ دەنووسم. لەوانەیە پێـتوابێت لە ڕۆژێکدا دوو پەڕە کەمە، بەڵام کاروبارەکانی ترم بڕیار لەسەر زۆر و کەمی دەدەن نەک من؛ پێویستە وەڵامی نامەکان بدەمەوە و بە نووسینی کاری تر ڕا بگەم. لە کۆتایدا منیش مرۆڤم، خووی سەیروسەمەرم نییە. لەسەرو ئەمەشەوە بەرانبەر نووسین ڕۆمانسـی نیم. لەبارەی داهێنانی ئەدەبییەوە زۆر ناڵێم، لە پەڕە سپیییەکان ناترسم، هەرگیز ئەم جۆرە کێشانەم نییە. کێشەی ئاساییم هەیە وەکوو هەر خاوەنکارێکی تر. هەندێکجار شتەکان بەوشێوەیە کۆتایی پێنایەت کە دەمەوێت، هەندێکجار ئەسڵەن کۆتاییەک بوونی نییە. کاتێک شتەکان بەوشێوەیەی دەمویست، کۆتایی پێنایەت، قەبووڵی دەکەم وەکوو ئەوەی کە هەیە.
دەڵێیت ڕۆژانە دوو پەڕە دەنووسم، پاش ئەم دوو پەڕەیە، ڕاستکردنەوە یان گۆڕانکاری لە دەقەکەدا دەکەیت؟
ساراماگۆ:- کاتێک لە نووسینی دوو پەڕەکە لێ دەبمەوە، تەواوی دەقەکە دەخوێنمەوە؛ لەم قۆناغەشدا هەندێک ڕاستکردنەوە و گۆڕانکاری سادەی پەیوەست بە وردەکاری دیاریکراو، یان شێوازی دەقەکە هەیە، بەڵام بنەڕەتی نین. دەتوانم بڵیم سەدا نەوەدی نووسینەکانم دەگەڕێتەوە بۆ کۆپی یەکەم و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی تێدا ناکەم. وەکوو هەندێک لەو نووسەرانە نیم چیرۆکێکی بیست پەڕەیی بکەم بە هەشتا پەڕە و دواتر بیکەم بە دووسەد و پەنجا پەڕە. ڕۆمانەکانی من سەرەتا تۆون و دواتر چەکەرە دەکەن. ئێستا ڕۆمانێکم لەبەردەستە ١٣٢ پەڕەیە و نامەوێـت ببێتە ١٨٠ پەڕە، هەروەکوو خۆی پێشکەشی دەکەم. هەندێک گۆڕانکاری بچووکی لە هەندێک پەڕەدا پێویستە، بەڵام بەوشێوەیە نییە بڵێی ناوەڕۆک و شێوەی ڕۆمانەکە بگۆڕێت یان ژمارەی پەڕەکانی گۆڕانکاری بەسەردا بێـت. گۆڕانکاری لەپێناو باشتر بوونە، نەک هۆکارێکی تری لە پشت بێـت.
کەوایە کە دەست دەکەیت بە نووسینی ڕۆمانێک، بیرکردنەوەکانت چەسپاو و نەگۆڕە؟
ساراماگۆ:- بەوشێوەیە نا کە بڵێی نەگۆڕە، بەڵام بیرکردنەوەیەکی ڕوونم لەسەر بنەڕەتی فیکری ڕۆمانەکە هەیە و دەڵێم:- دەگەمە کوێ؟ پێویستم بە چییە تا بگەم بەو خاڵە؟ دەمەوێـت ئەوە بڵێم کە لە دڵمدایە، بەڵام ئاستەنگی هەیە. هەمیشە بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستەکەم دەڵێم:- گەر بمەوێت لە لیشبۆنەوە گەشت بکەم بۆ بۆرتۆ، نازانم ڕاستەوخۆ بۆ بۆرتۆ دەڕۆم یان نا. چونکە لەوانەیە بۆ گەشتنم بۆ بۆرتۆ سەر لە کاستیلۆ بڵانکۆ بدەم. ئەمەش زۆر گەوجانەیە، چونکە کاستیلۆ بلانکۆ دەکەوێـتە سنووری نێوان ئیسپانیا و پورتوگال، لەکاتێکدا بۆرتۆ و لیشبۆنە دەکەونە خۆراوای پورتوگال. مەبەستم ئەوەیە ڕێگاکە هەمیشە خواروخێچە و ڕاستەوخۆ ناتگەیەنێـت بە شوێنی مەبەست. دەبێـت کەسێک بیت لە گێڕانەوەدا حەزت بە بەرەوپێشچوون بێـت، ئەمەش واتلێدەکات چەند شتێکی تیا زیاد بکەیت کە پێشتر پێویست نەبووە زیادی بکەیت. پێویستە کتێب پێش بوونی ڕاستەقینە، بوونی هەبووبێت. گەر واتنەکرد کتێبێک پێش لەدایکبوونێکی هەقیقی، لەدایک بووبێت، مانای ئەوەیە نکۆڵی لە سروشتی گێڕانەوە بەوجۆرەی کە دەبێت بگێڕدرێتەوە دەکەیت.
چۆن بوو ڕۆمانی “کوێری”ت نووسی؟
ساراماگۆ:- وەکوو هەر ڕۆمانێکی ترم لەپڕ بە مێشکمدا هات بینووسم. لە ڕێستۆرانتێک دانیشتبووم و چاوەڕێ بووم کەسێک ژەمەکەم بۆ بهێنێت، لەپڕ بیرمکردەوە چی ڕوودەدات گەر هەموان کوێر بن؟ وەکوو ئەوەی وەڵامی خۆم بدەمەوە وتم:- هەموومان کوێرین. ئەمە تۆوی ڕۆمانەکەم بوو، ئیتر دەبوایە چاوەڕێ بم تا سزاکان گەورە دەبن. سزا و ڕووداوەکان ترسناک بوون، بەڵام لەسەر بنەڕەتێکی لۆژیکی بوون.
پێشتر باسی ئەوەت کردبوو کە ڕۆمانی “کوێری” قورسترین ڕۆمانە نووسیبێتت، ئایا تۆ کەسێکی گەشبینی؟
ساراماگۆ:- ڕەشبینم، بەڵام بەوشێوەیەش نا کە ئێستا گوللەیەک بێنم و بینەم بە تەپڵی سەرمەوە. ئەو خراپییەی کە لە ڕۆمانەکەدا باسی دەکەم هەموو ڕۆژێک لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانەدا ڕوودەدات. ئێمە لە ئێستادا بەدەست کوێربوونی سپییەوە دەناڵێنین. کوێرییەک کە ڕێگەمان پێدەدات کەشتی ئاسمانی بنێریین بۆ سەر مەریخ و لێکۆڵینەوە لەو هەسارەیە بکات، لەلایەکی تریشەوە لەهەمان کاتدا ڕێگە دەدەین ملیۆنان خەڵک بەبەرچاومانەوە لە برسا بمرن.
ژمارەی خوێنەرەکانت لە ئەورووپا و ئەمەریکای لاتین زۆرە، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە ئەمەریکا کەمترە.
ساراماگۆ:- خوێنەری ئەمەریکی کاری جددیان پێ خۆش نییە و ناچێتە دڵیانەوە. سەرباری ئەمەش، هێشتا نامەی باشم لە خوێنەرانی ئەمەریکاوە بەدەست دەگات.
ڕاوبۆچوونی ڕەخنەگرەکانت بەلاوە گرنگە؟
ساراماگۆ:- لەڕاستیدا ئەوەی بەلای منەوە گرنگە، ئەوەیە بەشێوەیەکی باش کارەکانم بکەم؛ مەبەستم ئەوەیە بە پێوەرەکانی خۆم کار بکەم و بەوشێوازە بنووسم کە دەمەوێـت. کاتێک کتێبێک-ڕۆمانێک لەژێر دەستم دەردەچێـت، هەمان مانای شتەکانی تری ژیانم دەدا. دایک کاتێک منداڵەکەی دەبێت هیوای باشترینی لە ژیاندا بۆ دەخوازێت، بەڵام ئەم ژیانە هی منداڵەکەیە نەک دایکەکە؛ ئەوە منداڵەکەیە ژیان بۆ دایکی دروستدەکات، یان کەسانی تر بۆ منداڵەکەی دروستدەکەن و دایکەکەش دڵی بەم ژیانە خۆشنابێت. هیچ سوودێک لەوەدا نابینم ئاواتەخوازبم هەموو خوێنەرێک کتێبەکەمی بەدڵ بێت، چونکە خوێنەر بەوشێوەیە پێشوازی لێدەکات کە دەیەوێـت.
خۆسییە دی سوزا ساراماگۆ لە ١٦ی نۆڤەمبەری ١٩٢٢ لەدایکبووە و لە ساڵێ ٢٠١٠ کۆچی دوایی کردووە.
ڕۆماننووس و شانۆنووس و ڕۆژنامەنووسێکی وڵاتی پورتوگال بووە. بەرهەمەکانی لە پورتوگال زیاتر لە ملیۆنێک تیراژی لێ فرۆشراوە. زۆرێک لە بەرهەمەکانیشـی بۆسەر بیست و پێنج زمانی جیهانی وەرگێڕدراون.
سەرچاوە:- الساقیة
وەرگێڕانی:- مەدینە ئەحمەد


































































