سەرکردایەتی “شی جینپینگ” لە چین قۆناغێکی نوێی لە سیاسەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی هێناوەتە ئاراوە، کە چەقی سەرنجی لەسەر چەمکی “خۆشگوزەرانی هاوبەش”ـە. ئەم دیدگایە هەوڵێکە بۆ چارەسەرکردنی نایەکسانیی ئابووریی گەشەکردوو لە دەیەکانی ڕابردوودا و گواستنەوەی ئابووریی وڵات لە مۆدێلێکی پشتبەستوو بە وەبەرهێنان و هەناردەکردن، بۆ مۆدێلێکی “گەشەپێدانی کواڵێتی بەرز” زیاتر پشت بە داهێنان، تەکنۆلۆژیا و بەکاربردنی ناوخۆیی دەبەستێت. ئەم ستراتیژییە لە ئەزموونی ژیانی خودی شی جینپینگەوە سەرچاوە دەگرێت، بەتایبەتی ئەو حەوت ساڵەی ژیانی لە گوندێکی هەژارنشین بەسەری برد، کە تێگەیشتنێکی قووڵی پێبەخشی سەبارەت بە ژیانی خەڵکی ئاسایی و پێویستیی کەمکردنەوەی هەژاری. سیاسەتی خۆشگوزەرانی هاوبەش تەنها ئامانجێکی ئابووری نییە، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوە لە پرۆژەی گەورەتری “گەنجبوونەوەی نەتەوەی چین” و بوونیادنانی “سۆسیالیزم بە تایبەتمەندی چینی”. لە کاتێکدا ڕەخنەگرانی ڕۆژئاوایی ئاماژە بە قەیرانەکان دەکەن، بەتایبەتی لە کەرتی خانووبەرەدا، حکومەتی چین ئەم گۆڕانکارییانە وەک پڕۆسەیەکی پلان بۆ داڕێژراو دەبینێت بۆ بەهێزکردنی بناغەی ئابووری و دروستکردنی بزوێنەری نوێی گەشە، وەک “هێزە بەرهەمهێنەرە نوێیەکان”. لەسەر ئاستی جیهانیش، ئەم فەلسەفەیە لە ڕێگەی دەستپێشخەریی پڕۆژەی “پشتێنە و ڕێگا”، پڕۆژەکە دوو بەشی سەرەکی لەخۆدەگرێت:-
١- پشتێنەی ئابووریی ڕێگای ئاوریشم؛ ئەمە بەشە وشکانییەکەیەتی کە لە ڕێگەی دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر، ڕێگاوبان و، ژێرخانی وزەوە چین بە ئاسیای ناوەڕاست، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و ئەوروپاوە دەبەستێتەوە.
٢- ڕێگای ئاوریشمی دەریایی سەدەیی؛ ئەمەش بەشە دەریاییەکەیەتی کە لە ڕێگەی پەرەپێدانی بەندەر و ڕێڕەوی دەریاییەوە کەناراوەکانی چین بە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، باشووری ئاسیا، ئەفریقا، و ئەوروپاوە دەبەستێتەوە. کەواتە، پڕۆژەی “پشتێنە و ڕێگا” زۆر فراوانترە لە تەنها ڕێگایەک؛ پرۆژەیەکی ستراتیژیی گەورەیە کە ژێرخانی ئابووری وەک هێڵی ئاسن، بەندەر، و ناوچەی پیشەسازی لە نزیکەی ٧٠ وڵاتدا دەگرێتەوە. وە درێژ دەبێتەوە، وەک هەوڵێک بۆ هەناردەکردنی مۆدێلی گەشەپێدانی هاوبەش و بوونیادنانی “کۆمەڵگەیەکی خاوەن داهاتووی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی” پێشکەش دەکرێت.
تێگەیشتن لە سیاسەتەکانی “شی جینپینگ”، بەبێ گەڕانەوە بۆ پاشخانە کەسی و ئایدیۆلۆژییەکەی، کارێکی ناتەواو دەبێت. گەشتی ژیانی “شی”، لە گەنجێکی نیشتەجێی ئەشکەوتەوە بۆ سەرکردایەتیکردنی پڕ دانیشتووترین نەتەوەی جیهان، ڕەنگدانەوەی هەڵکشانی چینی مۆدێرنە. لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا، شی ڕەوانەی گوندی هەژارنشینی “لیانگجیاهێ” کرا و بۆ ماوەی حەوت ساڵ شانبەشانی جووتیاران کاری کرد و لە ئەشکەوتدا ژیا. ئەم ئەزموونە سەختە، زۆرجار بێ کارەبا بوو، تێگەیشتنێکی ڕاستەوخۆ و قووڵی پێبەخشی دەربارەی هەژاری و ئەو ئاستەنگانەی کە زۆرینەی خەڵکی چین ڕووبەڕووی دەبنەوە. ئەم قۆناغە وەک بناغەیەک بۆ فەلسەفەی “خەڵک-سەنتەری” ئەو دادەنرێت، کە دواتر بووە بەبەردی بناغەی سیاسەتەکانی شی جینپینگ. دوای گەڕانەوەی، “شی” بە شێوەیەکی بەردەوام لە ڕیزەکانی پارتی کۆمۆنیستی چیندا بەرزبووەوە تا لە ساڵی ٢٠١٣ بوو بە سکرتێری گشتی پارت و سەرۆکی وڵات. دیدگای ئەو بۆ “گەنجبوونەوەی نەتەوەی چین” تەنها ئامانجێکی ئابووری نییە، بەڵکو پرۆژەیەکی گشتگیرە بۆ بوونیادنانی وڵاتێکی بەهێزی سۆسیالیستی مۆدێرن. لەم چوارچێوەیەدا، “خۆشگوزەرانی هاوبەش” وەک ئەرکێکی سەرەکی بۆ قۆناغی نوێی سۆسیالیزم بە تایبەتمەندی چینی پێناسە دەکرێت. ئامانجەکە کەمکردنەوەی جیاوازییە چینایەتییەکان و دڵنیابوونە لەوەی کە بەروبوومی گەشەپێدان بە شێوەیەکی دادپەروەرانەتر دابەش دەکرێت، ئەمەش بە پێچەوانەی سیستمی سەرمایەداریی ڕۆژئاواییە بە شێوەیەکی سروشتی نایەکسانی بەرهەم دەهێنێت. شی جەخت لەوە دەکاتەوە کە مۆدێرنیزاسیۆنی چینی دەبێت ڕێگایەکی جیاواز بگرێتەبەر، ڕێگایەک سا گەشەپێدانی ئاشتییانە و هاوکاریی سوودبەخشی هاوبەش و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان لەخۆبگرێت.
بۆ ماوەی چەندین دەیە، ئابووریی چین بە گەشەیەکی دوو ژمارەیی خێرا ناسرابوو کە نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن کەسی لە هەژاری ڕزگار کرد. ئەم مۆدێلە، کە بە “کارگەی جیهان” ناسرابوو، بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە هەناردەکردنی کاڵای هەرزان و وەبەرهێنانی گەورە لە ژێرخاندا دەبەست، ئەمەش بەهۆی هەرزانی دەستی کارەوە بوو. هەرچەندە ئەم مۆدێلە چینی کردە دووەم گەورەترین ئابووریی جیهان، بەڵام لە هەمان کاتدا بووە هۆی دروستبوونی نایەکسانییەکی قووڵی داهات، کێشەی ژینگەیی و پشتبەستنێکی زۆر بە بازاڕەکانی دەرەوە. لەژێر سەرکردایەتی شی جینپینگدا، چین دەستی بە گواستنەوەیەکی ستراتیژی کردووە بەرەو ئەوەی کە پێی دەوترێت “گەشەپێدانی کواڵێتی بەرز”. ئەم مۆدێلە نوێیە جەخت لەسەر گۆڕینی بزوێنەرەکانی گەشە دەکاتەوە. لەبری پشتبەستن بە کەرتی خانووبەرە و پیشەسازییە قورسەکان، ئێستا سەرنج خراوەتە سەر “هێزە بەرهەمهێنەرە نوێیەکان” کە بریتین لە تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو، ژیری دەستکرد، وزەی نوێبووەوە و ئابووریی دیجیتاڵی. ئامارەکان ئەم گۆڕانکارییە پشتڕاست دەکەنەوە؛ بۆ نموونە، لە کاتێکدا قەرزەکان بۆ کەرتی خانووبەرە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، قەرزەکان بۆ کەرتی پیشەسازی و تەکنۆلۆژیای بەرز بە ڕێژەیەکی زۆر زیادی کردووە. لە چارەکی سێیەمی ساڵی ٢٠٢٣دا، دەرفەتەکانی کەرتی پیشەسازی بۆ بەدەستهێنانی قەرز بە ڕێژەی ٣٤.٢% زیادیکردووە، لەکاتێکدا بۆ کەرتی خانووبەرە تەنها ٤.٨% بووە.
ئەم گواستنەوەیە بێ ئاستەنگ نییە. کەرتی خانووبەرە، کە نزیکەی ٣٠%ـی ئابووریی چین پێکدەهێنێت، ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە بووەتەوە. میدیای ڕۆژئاوایی زۆرجار ئەمە وەک “ساتێکی چێرنۆبیڵ” بۆ ئابووریی چین وێنا دەکات، بەڵام لێکۆڵەرەوانی چینی پێیان وایە ئەمە بەشێکە لە پرۆسەیەکی گواستنەوەی پلان بۆداڕێژراو بۆ کەمکردنەوەی قەرز و… حکومەت توانای پلاندانان و ئاڕاستەکردنی ئابووریی هەیە بە شێوەیەک کە وڵاتانی سەرمایەداری ناتوانن بیکەن، ئەمەش لە ڕێگەی تۆڕێکی گەورەی کارگە دەوڵەتییەکان و دامەزراوە داراییە گشتییەکانەوە. سەرەڕای ئاستەنگەکان، چین توانیویەتی گەشەی ئابووریی خۆی لە ئاستێکی بەرزدا بهێڵێتەوە؛ بۆ نموونە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا گەشەی٥.٢%ـی تۆمار کرد، کە زۆر لە وڵاتانی پێشکەوتووی وەک ئەمریکا “٢.٥%” و ئەڵمانیا “-٠.١%” بەرزتر بوو. “خۆشگوزەرانی هاوبەش” بە واتای یەکسانیی تەواو یان “کوشتنی دەوڵەمەندەکان بۆ یارمەتیدانی هەژاران” نایەت. بەڵکو، وەک بەرپرسانی چینی ڕوونی دەکەنەوە، ئامانج لێی فراوانکردنی چینی ناوەڕاست و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی “زەیتوونی شێوە”یە تێیدا زۆرینەی خەڵک لە ئاستێکی باشی ژیاندان، لەبری کۆمەڵگەیەکی “هەرەمی” سامان لە دەستی کەمینەیەکدا کۆبووەتەوە. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، حکومەت چەندین ڕێکاری گرتووەتەبەر:-
١- ڕێکخستنی کەرتی تایبەت؛ حکومەت هەڵمەتێکی فراوانی دەستپێکرد بۆ ڕێکخستنی ئەو کەرتانەی کە “فراوانبوونی بێسەروبەرەی سەرمایە”یان تێدا بەدیدەکرا، وەک کۆمپانیا گەورەکانی تەکنۆلۆژیا و کەرتی پەروەردەی تایبەت. ئامانج لێی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی قۆرغکاریی و دڵنیابوون بوو لەوەی کە ئەم کۆمپانیایانە خزمەت بە ئامانجە نیشتمانییەکان دەکەن.
٢- چاکسازی لە باجدا؛ پلانی چاکسازی لە سیستمی باجدا هەیە بۆ ئەوەی داهات بە شێوەیەکی دادپەروەرانەتر دابەش بکرێت. ئەمە لەوانەیە باجی زیاتر لەسەر داهاتی سەرمایە و موڵک و میرات لەخۆبگرێت.
٣- هاندانی خێرخوازی “دابەشکردنی سێیەم”؛ حکومەت هانی کۆمپانیا و تاکە دەوڵەمەندەکان دەدات کە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بەشداری لە پرۆژە خێرخوازی و کۆمەڵایەتییەکاندا بکەن، کە بە “دابەشکردنی سێیەم”ـی داهات ناسراوە.
٤- فراوانکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان؛ وەبەرهێنانێکی گەورە لە خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا کراوە، وەک بوونیادنانی هێڵی ئاسنی خێرا، نەخۆشخانەی مۆدێرن، قوتابخانەی پێشکەوتوو و فراوانکردنی پڕۆسەی شارستانیەت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان چێژ لە ژیانێکی باشتر وەربگرن. سەرەڕای ئەم هەوڵانە، چەندین ئاڵنگاریی گەورە لەبەردەم ئەم پرۆژەیەدا هەن. سستبوونەوەی گەشەی ئابووریی جیهانی، هەڵئاوسان و کێشەکانی بازرگانی جیهانی کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئابووریی چین هەیە. هەروەها، هاوسەنگکردنی نێوان کۆنترۆڵی دەوڵەت و دینامیکییەتی بازاڕ یەکێکە لە ئاڵنگارییە سەرەکییەکان. لە کاتێکدا دەوڵەت دەیەوێت ئابووری ئاڕاستە بکات، پێویستە هێشتا بواری پێویست بۆ داهێنان و کێبڕکێی کەرتی تایبەت بهێڵێتەوە.
هزری “خۆشگوزەرانی هاوبەش” تەنها لە چوارچێوەی سنوورەکانی چیندا قەتیس نەماوە. “شی جینپینگ” لە وتارەکانیدا بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە “چین تەنیا کاتێک دەتوانێت کارێکی باش بکات کە جیهان دۆخێکی باشی هەبێت. هەرکاتێک چین باش بێت، جیهان هێندەی تر باشتر دەبێت”. ئەم دیدگایە لەدەستپێشخەریی پڕۆژەی “پشتێنە و ڕێگا”دا بەرجەستە دەبێت، کە گەورەترین پڕۆژەی ژێرخانی و وەبەرهێنانە لە مێژوودا. دەستپێشخەریی پڕۆژەی پشتێنە و ڕێگا، کە لە ساڵی ٢٠١٣ ڕاگەیەندرا، ئامانجی بوونیادنانی تۆڕێکی جیهانییە لە ڕێڕەوی ئابووری، ڕێگای گواستنەوە و ژێرخانی وزە بۆ بەستنەوەی ئاسیا بە ئەوروپا و ئەفریقاوە. تا ئێستا زیاتر لە ١٥٠ وڵات پەیوەست بوون بەم دەستپێشخەرییەوە و نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلار وەبەرهێنانی تێدا کراوە. چین ئەم پرۆژەیە وەک نموونەی “هاوکاریی بردنەوە-بردنەوە” پێشکەش دەکات، کە تێیدا وڵاتان دەتوانن پێکەوە کار بکەن بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی هاوبەش، لەبری ڕکابەریی جیۆپۆلەتیکی و سیاسەتی جەمسەرگیری. ئەمە بەشێکە لە هەوڵی چین بۆ پێشخستنی “مۆدێرنیزاسیۆنێکی جیهانی” لەسەر بنەمای گەشەپێدانی ئاشتییانە و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان دامەزراوە.
لە ڕێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە، چین بووەتە هاوبەشی سەرەکیی بازرگانی بۆ زیاتر لە ١٤٠ وڵات و سەرچاوەیەکی سەرەکی وەبەرهێنان بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو. ئەمە نەک هەر کاریگەری ئابووریی چین لە جیهاندا زیاد دەکات، بەڵکو مۆدێلێکی جێگرەوە بۆ گەشەپێدان پێشکەش دەکات کە جیاوازە لەو مۆدێلەی کە لەلایەن دامەزراوەکانی ڕۆژئاواوە پاڵپشتی دەکرێت. سیاسەتی “خۆشگوزەرانی هاوبەش” لە ژێر سەرکردایەتی شی جینپینگدا نوێنەرایەتی هەوڵێکی مێژوویی دەکات بۆ دووبارە داڕشتنەوەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی و ئابووریی چین. ئەم ستراتیژییە، کە لە ئەزموونی کەسی سەرۆک و ئایدیۆلۆژیای پارتی کۆمۆنیستەوە سەرچاوەی گرتووە، ئامانجی چارەسەرکردنی نایەکسانییە قووڵەکان و گواستنەوەیە بۆ مۆدێلێکی گەشەپێدانی بەردەوام و ئاستبەرز. لە کاتێکدا کە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورەی ناوخۆیی و دەرەکی دەبێتەوە، وەک قەیرانی کەرتی خانووبەرە و گرژییە بازرگانییەکان، دەوڵەتی چین توانایەکی بێوێنەی هەیە بۆ ئاڕاستەکردنی ئابووری و جێبەجێکردنی پلانە درێژخایەنەکان. سەرکەوتن یان شکستی ئەم پرۆژەیە نەک تەنها چارەنووسی چین دیاری دەکات، بەڵکو کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر هاوسەنگی هێز لە جیهان و داهاتووی سیستمی ئابووریی جیهانی دەبێت. لە ڕێگەی دەستپێشخەریی پڕۆژەی پشتێن و ڕێگاوە، چین هەوڵدەدات فیکریی گەشەی هاوبەش بگوازێتەوە بۆ ئاستی جیهانی، وەک بژاردەیەک بۆ ئەو مۆدێلانەی کە لەسەر بنەمای ڕکابەری و نایەکسانی دامەزراون.


































































