“دەربارەی گرفتی نێوان من و سێرجیۆ لیۆن لە دەرهێنانی فیلمی؛ گەمژە، خۆت بپارێزە”
پێشتر ڕای لیۆنیمان لەبارەی پەیوەندیی لەگەڵ ڕەخنەگر و دەرهێنەری ئەمریکی پیتەر بۆگدانۆڤیچ نووسی، لەو ماوەیەی کە پێکەوە کاریان لەسەر نووسینی سیناریۆی فیلمی “ڕۆژانێک لە شۆڕش” یان “مشتیک دینامیت” دەکرد، لەو بەشەی کە تەرخانمان کردبوو بۆ ئەو فیلمە. لێ پێویست بوو بگەڕێینەوە بۆ ئەوەی بۆگدانۆڤیچ خۆی لەبارەی ئەو ئەزموونەوە نووسیویەتی و بڵاویکردووەتەوە، بەتایبەتی کە ئەو لایەنی دیکەی کەسایەتیی لیۆنی و ئەزموونەکەی بەگشتی دەگێڕێتەوە، لێرەدا بڵاوبکەینەوە. ئەمەش دەقی گەواهییەکەیەتی:- “ئەکتەرێکی ئەمریکی دەناسم کە پەیوەندییەکی سۆزداری لەگەڵ سینەماکارێکی بالێی ڕووسیدا هەبوو، سەرەڕای ئەوەی هیچ کامیان زمانی ئەوی دیکەی نەدەزانی. پەیوەندییەکەیان بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی لە یەکتر تێنەدەگەیشتن چی دەڵێن، بەڵام هەر کە تێگەیشتن، پەیوەندییەکە لەناکاو کۆتایی هات. سەیر لەوەدایە بەربەستی زمان لە نێوان من و دەرهێنەر سێرجیۆ لیۆنیدا بە تەواوی هەمان ئەنجامی نەبوو، هەرچەندە ڕەنگە ئەگەر لە سەرەتاوە لە یەکتر تێبگەیشتینایە، کاتێکی زۆرم بۆ دەگەڕایەوە تا زیاتر ڕۆما ببینم”.
هەموو ئەمانە لە کۆتاییەکانی ساڵی “1969” ڕوویاندا، کاتێک لیۆنی خاوەنی سێیینەی دۆلار – سێیینەی وێسترن سپاگێتی – بوو کە “کلینت ئیستوود”ی بەناوبانگ کرد و لیۆنی بە ستایلی بەکارهێنانی گرتەی نزیک”کلۆزەپ – Close-Up” ناسرابوو، لیۆنی لە ڕێگەی کۆمپانیای فیلمسازیی “یونایتد ئارتیست”ەوە داوای لێ کردم دەرهێنانی فیلمێک بکەم کە خۆی تەنها بەرهەمهێنانی بۆ دەکرد – بەرهەمهێنەر بێت – کۆمپانیای ناوبراو دڵنیایی دابوو کە پێشوازی لە هەر گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی دەکەن لە یەکەم ڕەشنووسی سیناریۆکەدا کە بە دەستم گەیشت، کە باسی شۆڕشی مەکسیکی دەکرد. هەروەها بەڵێنی دڵنیاییان پێدام کە لیۆنی تەنها وەک بەرهەمهێنەر ناوی لەسەر کریدیتی فیلمەکە دەنووسرێت و ئەرکی وی تەنها بەرهەمهێنانە. و بەم شێوەیە ڕێگەم پێ دەدەن فیلمەکە بەو شێوەیەی خۆم بە گونجاوی دەزانم دروستی بکەم. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە گەشتێکی خۆڕاییان بۆ ڕێکخستم بۆ ئیتاڵیا کە پێشتر سەردانم نەکردبوو، و هاوکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیشی کە پتر لە ساڵێک بوو هیچ فیلمێکم دەرنەهێنابوو و سێ پڕۆژە کە ئامادەم کردبوون شکستیان هێنابوو، هەروەها ئەو خاڵەش بێنمەوە یاد کە لەو کاتەدا منداڵێکم بووبوو و مۆتەکەی ناچاربوونەوەم بۆ نووسینی وتاری ڕەخنەیی بەسەر سەرمەوە بوو، بۆیە ئۆفەرەکەم قبوڵ کرد – دەتوانین بڵێین بە نیگەرانییەوە.
لەو ڕۆژانەدا لیۆنی هێشتا ڕیشی نەهێشتبووەوە، لە ڕاستیدا پیاوێکی تا ڕادەیەک سادە بوو، باڵا مامناوەند، ورگێکی دەرپەڕیو، “کە وەک هەمیشە چاکەتێکی کشمیری تەسکی لەسەر دەپۆشی”، و بە زەحمەت چەناگەی دیار بوو. بەڵام لە فڕۆکەخانە بە شکۆی ئیمپراتۆرێکی ڕۆمانییەوە پێشوازی لێ کردم کە کەمێک بەخشندەیی بەسەر پەیڕەوێکی شایستە، هەرچەندە پلە نزمتر، پیشان دەدات. هەستێکی شاراوە لە یەکەم دیداری نێوانماندا هەبوو، بەڵام ئەو بۆچوونە لە هەفتەکانی دواتردا پشتڕاست بووەوە. لە هەقیقەتدا لیۆنی دەیویست من باوەڕ بکەم کە ئەو دەرهێنەرێکی گەورەیە. خۆی باوەڕی وا نەبوو، ڕەنگە هەر ئەمەش هۆکار بووبێت کە پێویستی بەوە بوو کەسێک ئەم بیرۆکەیەی بۆ پشتڕاست بکاتەوە. من تەنها دوو فیلمم لە فیلمەکانی ئەو بەدڵ بوو، بۆیە بۆم قورس بوو خۆم وا دەربخەم، هەرچەندە بۆ ماوەیەک هەوڵم دا، کە سەرسامی خۆم بە بیرۆکەکانی ناو فیلمەکانی دەرببڕم، لە ڕێگەی شێوازی قسەکردنمەوە نەک ناوەڕۆکەکەی کە زۆر نەرێیی بوو. “لوچیانۆ ڤینچێنزۆنی” کە سیناریۆی باشترین دوو فیلمی لیۆنی نووسیبوو “لەپێناو چەند دۆلارێکی زیاتردا” و “باش، خراپ، چەپەڵ”، بۆ کاری سیناریۆی ئەم فیلمەش گرێبەستی لەگەڵ کرا. ئێمە لە سەرەتاوە لەگەڵ یەکتر گونجاین و کۆک بوین، سەرەڕای ئەوەی کە ئەرکەکەی زۆر سەرنجڕاکێش نەبوو، چونکە لە یەک کاتدا وەرگێڕ، نێوەندگیر، دادوەر و سیناریستیش بوو. بەم بۆنەیەوە لوچیانۆ ڤینچێنزۆنی لەبەرچاوی هەموواندا ئیتاڵییەکی نموونەییە و دەکرێت وەک بابایەکی سەرنجڕاکێشی گەشتیاری هەناردە بکرێت. بەڕاستی پیاوێکی سەرنجڕاکێش، بەخشندە، پڕ حەماس، قۆز و قسەخۆشە. بە هۆکارێک کە خۆی باشتر دەیزانێت، ئەو زیاتر لە من دەیویست من ئەم فیلمە دەربهێنم، و هەوڵێکی زۆری لەگەڵمدا بۆ ئەوەی قایلم بکات کە نەرمتربم لەگەڵ لیۆنی. کۆبوونەوەکانمان بۆ گفتوگۆکردنی سیناریۆی فیلمەکە وەک هەمیشە کاتژمێر یازدەی بەیانی بوو. من دەگەیشتمە شوقەکەی لوچیانۆ و لەگەلیدا چاوەڕێم دەکرد تا لیونی نزیکەی کاتژمێر یەک دەگەیشت. ئەو تەلەفۆنی دەکرد و دەگوت کەمێک دوا دەکەوێت و داوای دەکرد بچین نانی نیوەڕۆ بخۆین. نزیکەی کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ دەگەڕاینەوە، و لیۆنی کاتژمێر چوار و نیو دەگەیشت، و دوو کاتژمێر کارمان دەکرد. دوای دوو هەفتە، لیۆنی بە شێوەیەکی نامۆ دیارییەکی پێدام، کاتژمێرێکی کۆن – پێدەچێت بۆ ئەوەی ڕێگری لێبکەم لە دواکەوتن – ئەمە گاڵتەیەک بوو کە من کردم و لوچیانۆ بۆی وەرگێڕا.
بەهەرحاڵ، کۆبوونەوەکان عادەتەن بە سکاڵای من لەسەر ناونیشانی فیلمەکە دەستیان پێ دەکرد، کە بریتی بوو لە ناونیشانی فیلمەکە گەمژە، خۆت بپارێزە”Duck, You Sucker”، کە بەرپرسانی یونایتد ئارتیست دڵنیایان کردمەوە کە دەبێت ئەم ناونیشانە بگۆڕدرێت. لیۆنی بۆی ڕوون دەکردمەوە کە ئەمە دەربڕینێکی باوی ئەمریکییە، و منیش لە وەڵامدا دەموت کە خۆم هەرگیز بەر ئەم دەربڕینە نەکەوتووم و گوێم لێی نەبووە. پاشان بۆم ڕوون دەکردەوە کە گۆڕینی پیتی “F” یان گۆڕینی “S” دەتوانێت لە زمانی ئینگلیزیدا ببێتە هۆی چەند جوێنێکی نەشیاو. لە وەڵامدا ئەو دەیگوت کە ئەم ناونیشانە بە ڕای ئەو “ئەمریکی کردن – بە ئەمریکایی کردن”ی دەربڕینێکی بەناوبانگی ئیتاڵییە کە بریتییە لە “Giù la testa coglioni” کە ئەگەر بە حەرفی وەربگێڕدرێت واتە “سەرت دانەوێنە گەواد”، و ئەو بەنیاز بوو وەک ناونیشانی ئیتاڵی فیلمە بەکاری بهێنێت، بە سڕینەوەی وشەی “coglioni”. منیش وتم بیرۆکەکە نایاب دیارە، بەڵام لە کاتێکدا کە ئەم دەستەواژە ئیتاڵییە ڕەنگە وەڵامدانەوەیەکی خێرای لەلایەن خەڵکەوە هەبێت، هەمان کاریگەریی لەسەر ئەمریکییەکان نابێت. ئەویش مشتومڕی دەکرد – ئەم مشتومڕە زۆر پاتە دەبووەوە – و دەیگوت دەربڕینی هاوشێوە لە زمانی ئینگلیزی – لە ئەمریکی – چییە ؟ منیش لە وەڵامدا دەمگوت کە ناتوانم بیر لە دەربڕینێکی هێندە وروژێنەر بکەمەوە، بەڵام ناسراوە و زانراوە کە ئێمەی ئەمریکی شتی وەک “بە ئاگا بە” یان “دوور بکەورەوە” یان “ئاگات لە خۆت بێت” یان بە سادەیی “خۆت نزم بکەرەوە” بەکاردەهێنین. لێ هەموو ئەمانە بە تێنەگەیشتن و بێمتمانەیی لەلایەن لیۆنییەوە وەڵام درانەوە، کە من دڵنیام کە ئەو باوەڕی وابوو من هەر ئەمریکییەکی ڕاستەقینە نیم.
سەرەڕای ئەوەش، زۆربەی کات بیرمان لە چیرۆکەکە دەکردەوە. لێۆنی هەر دیمەنێکی نوێی بە هەڵچوون و نواندن لە ناوەڕاستی ژوورەکەدا دەست پێ دەکرد کە جوڵەی دراماتیکی لەگەڵ بوو. هەمیشە بە پاتە کردنەوەی ئەم ڕستەیە دەستی پێ دەکرد “دوو چاوی گەورەی سەوز “، لە کاتێکدا دەستێکی لەسەر چاوەکانی و دەستەکەی تری لە ژێریان دادەنا، بۆ ئاماژەدان بەوەی کە لەسەر شاشە دەیبینین – گرتەیەک کە بە ئاسانی دەمتوانی بیگرم، وەک چۆن زۆرم لەو جۆرە لە هەموو فیلمێکی لیۆنیدا بینیبوو. پاشان بەردەوام بوو و هاواری دەکرد ” بڕین “، “دوو پێ دەڕۆن ” و ئێستا هەموو سەرنجەکە لەسەر پێیەکانی بوو کاتێک بەرەو پێشەوە دەڕۆیشتن. پاشان دەیوت “کلینک .. کلینک “، وەک کاریگەریی – ئیفێکت – دەنگی، پاشان هاواری دەکرد “بڕین”، ئینجا ” دەست لەسەر دەمانچە”، پاشان “بڕین”، و لێرەدا جارێکی تر دەستەکانی دادەنایەوە بۆ چێوەگرتنی ڕووخساری “لە گرتەیەکی زۆر نزیکدا”، پاشان “دوو چاوی گەورە سەوز”، تا دەنگی تەقەکردن پاڵی پێوە دەنێت بۆ ئەوەی بەسەر کورسییەکەدا بکەوێت – لیۆنی نواندی ئەکتەرەکەی دەکردەوە – و هەناسە بڕکێی بوو بەهۆی بەو ماندووبوونە جەستەییەی کە ماوەیەکی کەم دوای نانخواردن تووشی دەبوو “لە ئیتاڵیا، بەتایبەتی لەگەڵ لیۆنی، نزیکەی هەر کاتێکی ڕۆژ بە ماوەیەکی کەم دوای نانخواردن دادەنرێت”.
لیۆنی و لوچیانۆ سەیریان دەکردم و چاوەڕێی کاردانەوەی من بوون، لە سەرەتای ئەم کۆبوونەوانەدا هەوڵمدەدا پەرۆشی نیشان بدەم، بەڵام دواجار زیاتر لە توڕەییەوە نزیک بوو. هەرچۆنێک بێت، من هەمیشە وام دەزانی کە دەرهێنەر ئەو کەسەیە کە کۆدیمەنەکان بە گوێرەی دیدی خۆی دادەڕێژێت و، وێنایەکی ڕوونم هەبوو کە لیۆنی چاوەڕێی ئەوەی لێ دەکردم کە هەموو شتێک بە تەواوی وەک خۆی وەسپی دەکرد، وێنە بگرم. خاڵی وەرچەرخانی ئەم بەشە دیاریکراوەی دانووستانەکەمان، ئێوارەیەکی درەنگی ڕۆژێکی سەخت لە ماڵی لیۆنی بوو “هەندێک جار بۆ ئەوەی شەش کاتژمێر چاوەڕێی لیۆنی نەکەین، لەگەڵ لوچیانۆ ڕێکدەکەوتین بۆ ماوەی کاتژمێرێک ئۆتۆمبێل بئاژووین و بچینە ماڵی لیۆنی لە قەراغ شار و لەوێ کار بکەین”. کاتێک لیۆنی دەستی بە دیمەنێکی نوێ کرد – دوو چاوی سەوزی گەورە – قسەکانیم پێ بڕی و گوتم:- لیۆنی، هیوادارم بتوانین لەبری گرتەکان، باسی جوڵە بکەین، سەرەڕای ئەوەش من حەزم لە گرتەی نزیک نییە”. کاتێک لوچیانۆ قسەکانمی بۆ لیۆنی وەرگێڕا، دەربڕینێکی حەپەساو و گرژ لەسەر سیمای لیۆنی دەرکەوت و یکپارچە دەمووچاوی تاریک بوو، بێدەنگییەکی درێژ باڵی بەسەر ژوورەکەدا کێشا. لە کۆتاییدا پرسی: ” ئەگەر حەزت لە گرتە نزیکەکان نییە، ئەی حەزت لە چییە؟”، من بە ئەنقەست وەڵامم دایەوە “گرتە گشتییەکان”گرتەی فراوان” لە کاتی گەڕانەوەمان بۆ شار، لوچیانۆ بە سەرسامییەوە سەری ڕاوەشاند و گوتی:- ” تۆ شێتی… ئەم پیاوە هەموو ژیانی پیشەیی لەسەر گرتەی نزیک بنیادناوە، تۆش پێی دەڵێیت حەزت لە گرتە نزیکەکان نییە. پێم وا نییە تۆ بەنیاز بیت ئەم فیلمە دەربهێنیت”.
بەڵام بەشی دڵخوازی من لەم کۆبوونەوانەدا ئەو کاتە بوو کە لیۆنی شەش کاتژمێر درەنگ دەگەیشت، کاتێکیش دەگەیشت زۆر بە شێوەیەکی دراماتیکی و جددی ئاگاداری دەکردینەوە و دەیوت” نابێت لەبیرمان بچێت کە ئەو فیلمە خەریکی دروستکردنین، دەربارەی عیسای مەسیحە”. پێم وایە ئەمە بەهۆی کۆمەڵێک نووسینی ڕەخنەیی نوێوە بوو کە لیۆنی لەلایەن ڕەخنەگرانی فەرنسی یان ڕەخنەگرانی پێشڕەوی ئەمریکییەوە خوێندبوویەوە کە بە دوای هێما ئایینییە شاراوەکاندا دەگەڕان لە دوایین فیلمیدا “ڕۆژانێک لە ڕۆژئاوا”. بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک، لانیکەم هەفتەی جارێک من و لوچیانۆ ناچار دەبووین گوێ لە وانەیەک بگرین دەربارەی ئەوەی کە چۆن کارەکتەرە ئێرلەندییەکە لە فیلمی “Duck, You Sucker” لە ڕاستیدا هێمایە بۆ مەسیح. لوچیانۆ گوێی دەگرت و، دوای یەک یان دوو وانە لەمانە “بێگومان بە زمانی ئیتاڵی”، بڕیاریدا کە من لە وەرگێڕانەکە ببەخشێت. منیش زۆربەی کات دەستم بە شێوەی تێفکرین دەخستە سەر نێوچەوانم بۆ ئەوەی چاوەکانم بشارمەوە لە ئەگەری ئەوەی بەبێ ویستی خۆم خەوم لێ بکەوێت. لە کۆتاییدا لوچیانۆ، لیۆنی دەهێنایەوە سەر زەوی و بارودۆخەکە باشتر دەبوو. خۆشترین کاتەکانم بەسەربرد کاتێک سەیری لیۆنیم دەکرد کە وروژێنەرترین ساتەکانی فیلمەکەی نمایش دەکرد، کە پەیوەندی بە ڕێگرێکی مەکسیکییەوە هەبوو کە لە دواوەی خۆیەوە بای دەردەکرد لە کاتێکدا شقارتەیەکی داگیرساوی لێ نزیک دەکردەوە. من بەتایبەتی چێژم لە لیۆنی وەردەگرت کاتێک دەنگی دەرچوونی باکەی دەردەکرد، پاشان دەنگی دواتر کە لە ئەنجامی گرکرتنی گازە نادیارەکەوە دروست دەبوو. دوای ئەوەی ئەمەی بە هەموو وردەکارییە سەرسوڕهێنەرەکانیەوە نمایش دەکرد، بە ماندوویەتی و خەمبارییەوە بەسەر کورسییەکەدا دادەما و سەری ڕادەوەشاند وەک ئەوەی خەفەت بخوات کە ناتوانێت خۆی ئەمە لەسەر شاشە ئەنجام بدات، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە دەکرد کە ڕەنگە هەر بیکات. ئەگەر ڕۆژێک بڕێکی زۆر لەم جۆرە شتانە هەبووایە، هەمیشە ڕۆژی دواتر گێڕانەوەیەکی واقیعییانەی گرنگییە ئایینییەکەی فیلمەکەی بەدوادا دەهات.
من لە مانگی ئۆکتۆبەردا لۆس ئەنجلسم بەجێهێشتبوو، بەنیاز بووم تا مانگی ئەپڕیڵی داهاتوو لە دەرەوە بمێنمەوە بۆ دەرهێنانی فیلمەکە، لێ بۆ جەژنی کریسمیس گەڕابوومەوە بۆ ماڵەوە. لە چاوپێکەتنێکدا کەمێک لەمەوبەر لە گۆڤاری “Yes” کە لەگەڵ سێرجیۆ لیۆنی ئەنجامدرا، پەیوەندییە کورتەکەمان بە شێوەیەکی کەمێک جیاوازتر باس دەکات. لیۆنی دەڵێت کە هەرگیز فیلمی منی نەبینیوە، واتە فیلمی ئامانجەکان”Targers”، بەڵام وا نییە و لیۆنی فیلمەکەمی بینیوە و لە ڕاستیدا ئەم فیلمە هۆکاری سەرەکیی بوو کە لیۆنی منی بەدڵدا چوو و کارەکەی پێ سپاردم. بەڵام دواتر دەڵێت کە من جگە لە نووسین هیچی ترم نەکردووە و، ئەو ڕەشنووسە خراپەکەی فیلمەکەی ڕەد کردووەتەوە کە پێم دابوو دوای ئەوەی بە تووندی هەر بیرۆکەیەکی ئەوم ڕەد کردبۆوه. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە من هیچ شتێکی ڕاستەقینەم نەنووسیبوو، و هەرگیز داوام لێ نەکرا بوو. لوچیانۆی داماو دەبوو ئەوە بکات، و دەترسم کە من هەڵاتنم دوای ئەوەی ئەنجامی کارەکانمم بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بینی. فیلمەکە بێگومان فیلمی لیۆنی بوو، و دەبوو خۆی دەریبهێنایە، و ئەمەش ئەوە بوو کە لە کۆتاییدا ڕوویدا، هەرچەندە لیۆنی دەرهێنەرێکی گەنجی ئیتاڵی دۆزییەوه بۆ ئەوەی جێگەی بگرێتەوە. بۆ ئەوەی ڕاستگۆ بم، پێموایە لیۆنی خەریک بوو دەرم بکات بەڵام من خۆم ڕۆیشتم، دوای ئەوەی بێگومان لەو کاتەدا بڕیارم دابوو کە هەموو فیلمەکە لە یەک گرتەی درێژدا وێنە بگرم. دوای دوو هەفتە لە فشارەکانی لیۆنی لەسەر جێگرەوە ئیتاڵییەکەی، دەرکەوت کە هەردوو ئەکتەر “ڕۆد شتایگەر و جەیمس کۆبرن”، ڕەتیان کردەوە قبوڵی بکەن – کە کەسێکی تر کاری دەرهێنانی فیلمەکە بکات – و سوور بوون لەسەر ئەوەی لیۆنی خۆی دەرهێنانی فیلمەکە بکات.
شتێک هاوشێوەی ئەمساڵ ڕوویدا کاتێک لیۆنی هاوکارێکی ئیتاڵی بێ ئەزموونی بەکرێ گرت بۆ دەرهێنانی فیلمێکی وێسترن لەژێر ناوی من بێناوم”My Name Is Nobody”، لە پاڵەوانێتی هێنری فۆندا. دوای ماوەیەک، بارودۆخ جارێکی تر لیۆنی ناچار کرد کە خۆی جڵەوی کارەکان بگرێتە دەست، هەرچەندە لە کۆتاییدا دەترسم ئەمە ئەوە بێت کە لیۆنی دەیەوێت، ئەگەر فیلمەکە شکست بهێنێت، دەتوانێت بیکاتە بیانوو و بڵێت کە هەر لە بنەڕەتدا نیازی نەبووە دەریبهێنێت و ناچار کراوە، و هەموو هەوڵی خۆی داوە، و پڕۆژە گەورەکەی خۆی دواخستووە کە پلانی بۆ دادەنا. بە واتایەکی تر، ئەمە بە تەواوی ئەو قەیرانی بێ متمانەییەیە بەخۆ – لیۆنی بە خۆی – کە چوار ساڵ لەمەوبەر گومانم لێی دەکرد. کاتێک هەموو ئەو ڕەخنەگرانە و بینەرانە دەڵێن، تۆ باشیت و بەڕاستی باوەڕی پێ ناکەیت، ڕەنگە بیرۆکەی دۆزینەوەی ڕاستییەکە لە قۆناغێکی چارەنووسسازدا بێت، و باشترە بەبێ دۆڕان بکشێیتەوە نەک ڕووبەڕووی شکست بیتەوە. ئەگەر ئەم دەرەنجامە بێ بەزەییە ڕاست بێت، ئەوا شتێکی زۆر جێی داخە، چونکە لیۆنی زۆر جار دەرهێنەرێکی زۆڕ باشە. ئەزموونی من لەگەڵیدا هیچ شتێک ناسەلمێنێت جگە لەوەی کە نابێت هەرگیز دەرهێنەران هاوکاری یەکتر بکەن، پیشەی دەرهێنان وەک نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی “نۆرمان مایلەر” بە باشی وەسپی کردووە کارێکی سەرلەبەرێتی(شمولییە). بەڵام لەبارەی فیلمی گەمژە، خۆت بپارێزە”Duck, You Sucker” چی باشە؟ دوای ئەوەی نمایشە سەرەتاییەکانی سەرنجی بینەرانێکی زۆری ڕانەکێشا، ناوەکەی گۆڕدرا بۆ “مشتێک دینامیت”، بەڵام ئەمەش کۆمەکی فیلمەکەی نەکرد. لێ ڕەخنەگرانی فەرەنسی حەزیان لە فیلمەکە هەبوو، هەروەها زۆرێک لە ئەمریکییەکانیش بە دڵیان بوو. منیش زۆرم حەز لێی بوو، هەڵبەتە هەمووی جگە لە بەشە جددییەکانی. زیاتر چێژم لێ وەردەگرت کاتێک لیۆنی خۆی نمایشی دەکرد .
٭ لە گۆڤاری “New York Magazine” لە بەرواری “26/ 11/ 1973” بڵاوکراوەتەوە.
نووسینی؛ پیتەر بۆگدانۆڤیچ
وەرگێڕانی؛ شڤان نەوزاد


































































