لە یەکێک لە هۆڵەکانی زانکۆ و لە کاتی وتنەوەی وانەدا چەند پرسیارێک لە لایەن خوێندکارانەوە کرا ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام و تێبینی یەک شتم کرد کە خوێندکاران وەک چینێکی زیندووی کۆمەڵگە کە هەمیشە گۆڕانکاری لەو توێژەوە سەرهەڵدەدات. بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا نائومێدیەکی تەواو بەو چینەوە دیارە کە ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە لەسەر ئێستاو ئایندەی گۆمەڵگەی کوردی.
نەخوێندنەوەی مێژوو دیراسەنەکردنی مێژوو بە هەر هۆکارێک بێ مەترسیە لەسەر ئایندەی کۆمەڵگە، مێژووی دوور و نزیکی کورد خەبات و بەرخودان و شۆڕشێکی بێ پسانەوە بووە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی، ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەبینرێت و ئەو نیمچە سەربەخۆییە بەرهەمی دەیان ساڵ خەبات و خوێن و نسکۆو ئازارە سەرەڕای هەموو سەرنج و تێبینی و ڕەخنەکان لەسەر ئەم هەرێمە بەڵام هەموو کوردان لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایەدان چاوی ئومێدیان لەم هەرێمەیە. لەم سەرووبەندەی هەڵبژاردندا یەکێک لە خوێندکارەکانم پرسیارێکی کرد کە چەند پرسێکی ورووژاند: هەڵبژاردن چی لە هاوکێشەکان دەگۆڕێت؟ ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ چی لە واقیعی پێش ئەو مێژووە گۆڕیوە بۆ نەوەیەک کە نازانین پێش ئەو ڕاپەڕینە چیە؟ ئەمە پرسیاری ئەو خوێندکارەم بوو.
ڕاستە پرسیارەکان سادەن و لە ئاستی خوێندکارێکی زانکۆدا نین بەڵام ئەمە دەکرێت چەند سەرنج و تێبینی و ڕاسپاردەیەکی لەسەر وەرگرین:
١-هەڵبژاردنەکان نەیانتوانیووە هیچ لە واقیعی کۆمەڵگە بگۆڕن هیچ گۆڕانکاریەکی سیاسیان دروست نەکردووە.
٢- هەمان کێشە هەلپەسێراوەکانی پێش هەڵبژاردن بێ چارەسەر دەمێنێتەوەو هەڵبژاردن بە هەڵبژاردنی پاش خۆی دەسپێرێت.
٣- نە دەسەڵات نە ئۆپۆزسیۆن لە ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتیەدا نین دان بە ڕاستیە تاڵەکاندا بنێن کە ناتوانن هیج لە هاوکێشەکان بگۆڕن.
٤- لە بواری خوێندنەوەی مێژووشدا تەواو کەم و کوڕی هەیە کە مێژووی دوور و نزیکی گەلەکەمان بە کاڵ و کرجی دەگاتە خوێندکار مێژووی تورک و فارس و عەرەب و هەموو نەتەوەکانی دی زیاتر دەخوێنرێت لە مێژووی کورد کە ئەمە لاوازی و کەمتەرخەمی کەرتی پەروەردە دەردەخات.
٥- پێداچوونەوە بە سەرجەم سێکتەرەکانی پەروەردە، ڕۆشنبیری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەرکێکی بە پەلەو هەنووکەییە بۆزیاتر بە هەدەرنەدانی کات و گەڕانەوەی متمانە لە نێوان سەرجەم کایەکانی کۆمەڵگەی کوردی.
٦- دروستکردنی ئەرشیفخانەیەکی نەتەوەیی بکرێتە ئەولەویەتی کاری دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ بە ئەرشیف کردنی هەموو هەنگاوە ئیجابی و نا ئیجابیەکان و دیراسەکردنی.
٧- لەسەروو هەموو ئەمانەوە دروستکردن و گەڕاندنەوەی متمانەی نێوان دەسەڵات و سەرجەم کایەکانی کۆمەڵگەی کوردی بکرێتە ئەولەویەتی کارەکانی دەسەڵات.


































































