یه‌كه‌مجار كه مۆڵه‌تم پێ درا بچمه سه‌ر سندووقی ده‌نگدان، ئه‌و یادگارییه هێشتا به ڕوونی له زه‌ینمدایه. نزیك سه‌عات دوانزه‌ی نیوه‌ڕۆ بوو، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م كه خێزانێكی قه‌ره‌باڵغ بووین، به‌ره‌و یه‌كێك له بنكه‌كانی ده‌نگدان له قه‌ره‌داغ به‌ڕێ كه‌وتین. هه‌ستم ده‌كرد هه‌نگاوه‌كانم قورسترن له جاران، چونكه ئه‌مه ته‌نیا ڕۆژێكی ئاسایی نه‌بوو، به‌ڵكو ڕۆژێك بوو كه ده‌نگم تێیدا بووبووه به‌شێك له ئاینده‌یه‌كی گه‌وره‌تر. هه‌ر كه گه‌یشتینه به‌رده‌م بنكه‌كه، به‌دوای یه‌كدا ڕیزمان گرت بۆ پشكنینی كارتی ده‌نگدان، هه‌موومان چاومان بڕیبووه ئه‌و سندووقانه‌ی كه بڕیار بوو ئیراده‌ی هاووڵاتیانی تێدا كۆ بكرێته‌وه. به پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانییه‌كانمان، ڕێژه‌ی ده‌نگدان له‌و كاته‌دا له قه‌ره‌داغ زۆر كه‌م دیار بوو، به‌ڵام كاتێك ئێمه به‌و ژماره زۆره‌مانه‌وه، ڕیزێكی سه‌رنجڕاكێشمان له‌گه‌ڵ چه‌ند ده‌نگده‌رێكی تر دروستكرد، ده‌ستبه‌جێ كامێرای كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان ڕوویان وه‌رگێڕا بۆ لای ئێمه و وێنه‌ی چوونه ژووره‌وه و ده‌نگدانمانیان ده‌گرت. یادگارییه‌كی خۆش بوو، چونكه بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك هه‌ر كاتێك باس له ده‌نگدان ده‌هاته ئاراوه له قه‌ره‌داغ، ئێمه ده‌هاتینه‌وه سه‌ر شاشه‌ی كه‌ناڵه‌كه.
ئه‌م ڕووداوه ساده‌یه ته‌نیا یادگارییه‌كی خۆش نییه له ژیانمدا، به‌ڵكو گوزارشته له گرنگی و كاریگه‌ریی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر تاك و كۆمه‌ڵگه. ئه‌و ڕۆژه بۆ یه‌كه‌مجار هه‌ستم كرد به به‌شێك له پرۆسه‌یه‌كی گه‌وره‌تر، كه تێیدا ده‌نگێكی تاكه‌كه‌سیش ده‌توانێت كاریگه‌ریی دروستبكات. به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه، ئایا ئه‌م ده‌نگه كاریگه‌ریی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌بێت؟ ئایا سندووقه‌كانی ده‌نگدان له ئێراق ده‌توانن داهاتوویه‌كی باشتر بۆ نه‌وه‌ی ئێمه و نه‌وه‌كانی دوای خۆمان مسۆگه‌ر بكه‌ن؟ یان ئه‌م پرۆسه‌یه له پاڵ گرنگییه‌كه‌یدا، مه‌ترسی و ئاسته‌نگ گه‌لێكیشی له‌سه‌ر داهاتووی وڵاته‌كه هه‌ڵگرتووه؟ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی ئێراق وه‌ك هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسی، ته‌نیا ژماره و كورسی نین، به‌ڵكو گوزارشتن له‌و هیوایانه و ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی كه ملیۆنان هاووڵاتی ئێراقی له دڵیان‌دا هه‌ڵیانگرتووه. له كاتێكدا ئه‌م پرۆسه‌یه ده‌رفه‌تێكی گرنگه بۆ نوێنه‌رایه‌تیكردنی گه‌ل و جێبه‌جێكردنی چاكسازی، له هه‌مان كاتدا پڕه له ئاسته‌نگ و مه‌ترسی كه ده‌توانن داهاتووی وڵاته‌كه به‌ره‌و ناڕوونی و ناسه‌قامگیری ببه‌ن. دیموكراسی ته‌نیا هه‌ڵبژاردن نییه، به‌ڵام هیچ وڵاتێك ناتوانێت دیموكراسی به‌ده‌ست بهێنێت مه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی دادپه‌روه‌رانه ئه‌نجام نه‌درێت، چونكه بنه‌مای شه‌رعییه‌تی دیموكراسییه. هه‌ڵبژاردن ده‌رفه‌ت به هاووڵاتییان ده‌دات به‌رپرسه‌كانیان بخاته ژێر پرسیاره‌وه، له ڕێگه‌ی ده‌نگدان له دژی ده‌سه‌ڵاتداران یان به‌ڵێندان به لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كه هه‌ڵبژاردنه‌كه ده‌به‌نه‌وه. میكانیزمێكه كه گواستنه‌وه‌ی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی مسۆگه‌ر ده‌كات.
ئێراق ئێسته به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنێكی گرنگ و پڕ ئاڵنگاری و كێشمه‌كێش و گرژی لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌ڕوات. له ١١ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٥، ئێراقییه‌كان ڕوو له سندووقه‌كانی ده‌نگدان ده‌كه‌ن، بۆ شه‌شه‌مین جار له دوای داگیركردنی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه له ساڵی ٢٠٠٣ بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانێكی نوێی ٣٢٩ كورسی كه ٣٧ هاوپه‌یمانێتی، ٣٨ پارت، نزیكه‌ی ٨٠ كاندیدی سه‌ربه‌خۆ كێبه‌ركێی ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی كورسی په‌رله‌مانی. زیاتر له ٢١ ملیۆن ده‌نگده‌ر له ته‌واوی ئێراقدا له كۆمسیۆن تۆمار كراون و ژماره‌ی كورسییه‌كان یه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه. كێبه‌ركێكه زۆر گه‌وره‌یه و بانگه‌شه‌كان ئاماژه به هه‌لێك بۆ گۆڕانكاری ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر گۆڕانكارییه‌كی ڕیشه‌ییش نه‌بێت. لایه‌نه سیاسییه‌كان چاوه‌ڕوانی به‌شدارییه‌كی زۆری ده‌نگده‌رانن، به‌ڵام به‌ره‌ی بایكۆتیش كه‌م نین كه به‌هۆی بێبه‌ڵێنیی به‌رپرسان و حكومه‌ته‌وه بڕیاری بایكۆتیان داوه، به‌تایبه‌ت سه‌درییه‌كان كه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردوودا نزیكه‌ی ٧١ كورسیی په‌رله‌مانیان مسۆگه‌ر كرد، پاشان له پرۆسه‌ی سیاسی ئێراق كشانه‌وه. بۆ ئێراقییه‌كان چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا حكومه‌تێك دروست بێت كه جێگه‌ی متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر بێت، بتوانێت جێگیربوونێكی سیاسی له ئێراقدا بهێنێته‌وه ئاراوه كه چاكسازییه‌كی ڕیشه‌یی و هه‌ڵوێستێكی ئه‌رێنی له‌سه‌ر شانۆی نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ست بهێنێت. بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش، چاوه‌ڕوانییه‌كی زیاتر له ئێراق ده‌كرێت كه خواستیه‌تی ئێراقێكی به‌هێز و دوور له هه‌ژموونی ئێران دروست بێت. به‌ڵام پێناچێت هه‌ڵبژاردنه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی سیستمی سیاسیی دیاریكراوی ئێراق له دوای ساڵی ٢٠٠٣ه‌وه نه‌گۆڕێت، كه ده‌سه‌ڵات له نێوان سێ گرووپی سه‌ره‌كیی نه‌ته‌وه‌یی تایفی ئێراقدا دابه‌ش ده‌كات. ئه‌م سیستمه وه‌ك پارێزه‌رێك بۆ فره‌یی داڕێژرا، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی فراوان وه‌ك پێكهاته‌ی گه‌نده‌ڵی، پیلانگێڕی و تۆڕه‌كانی خزمخزمێنه به‌كار هێنرا.
“چۆن هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌نگ و ئیراده‌ی گه‌ل ده‌گه‌یه‌نن بۆ په‌رله‌مان و حكومه‌ت”
هه‌ڵبژاردنه‌كان پایه‌ی سه‌ره‌كیی هه‌ر سیستمێكی دیموكراسین و وه‌ك پردێك كار ده‌كه‌ن له نێوان هاووڵاتیان و ده‌سه‌ڵاتداراندا. كاتێك هاووڵاتییان به‌شداریی له هه‌ڵبژاردندا ده‌كه‌ن، نوێنه‌ره‌كانی خۆیان به‌پێی به‌رنامه و دیدگه‌كانیان هه‌ڵده‌بژێرن. ئه‌م نوێنه‌رانه‌ش كه ده‌گه‌نه په‌رله‌مان، كاریان جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌ڵێنانه‌یه كه به ده‌نگده‌رانیان داوه و داڕشتنی یاسای گونجاوه كه خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌ل ده‌كات. به‌م شێوه‌یه په‌رله‌مان ده‌بێته سه‌كۆیه‌ك بۆ ده‌نگی جه‌ماوه‌ر، به‌شداریكردنی هاووڵاتیان له هه‌ڵبژاردندا، شه‌رعییه‌ت به ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان ده‌به‌خشێت و وای لێ ده‌كات پابه‌ند بێت به داخوازییه‌كانی خه‌ڵكه‌وه. ئێراق وڵاتێكی فره‌نه‌ته‌وه‌یی و فره‌تایفییه كه تێیدا پێكهاته جیاوازه‌كانی وه‌ك كورد، عه‌ره‌ب، توركمان، كریستیان، شه‌به‌ك، ئێزیدی و ئه‌وانی تر پێكه‌وه ده‌ژین. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ڵبژاردنه دیموكراسییه‌كان ده‌رفه‌تێكی زێڕین ده‌ڕه‌خسێنن بۆ هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك كه ده‌نگی خۆی هه‌بێت و نوێنه‌ری خۆی بنێرێته په‌رله‌مان و ناوه‌نده‌كانی بڕیاردان. ئه‌مه ته‌نیا مافێكی بنه‌ڕه‌تیی هاووڵاتیان نییه، به‌ڵكو میكانیزمێكی گرنگه بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی كه به‌رژه‌وه‌ندی و داخوازییه‌كانی هه‌موو گرووپه‌كان له پرۆسه‌ی داڕشتنی یاسا و بڕیاره گشتییه‌كاندا ڕه‌چاو بكرێن. له ڕێگه‌ی ده‌نگدانه‌وه هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك ده‌توانێ نوێنه‌رایه‌تییه‌كی كارا بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات، ئه‌مه‌ش وای لێ ده‌كات هه‌ست به‌وه بكه‌ن كه به‌شێكن له پرۆسه‌ی سیاسی و حوكمڕانیی وڵات.
“ڕۆڵی په‌رله‌مان له چاودێریكردن و یاسادانان”
په‌رله‌مان وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی دیموكراسی، دوو ئه‌ركی بنه‌ڕه‌تیی له ئه‌ستۆدایه كه هه‌ردووكیان بۆ به‌رقه‌راركردنی حوكمڕانییه‌كی باش و به‌رپرسیار زۆر گرنگن. یه‌كه‌م، په‌رله‌مان وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی چاودێریكه‌ر به‌سه‌ر حكومه‌تدا كار ده‌كات. ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه كه په‌رله‌مانتاران مافی لێپێچینه‌وه، پرسیاركردن، ڕه‌خنه‌گرتنیان له كار و بڕیاره‌كانی حكومه‌ت هه‌یه، به‌مه‌ش دڵنیایی ده‌درێت كه حكومه‌ت له‌سه‌ر ڕێچكه‌ی یاسا و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیدا كار ده‌كات و به‌رپرسیار ده‌بێت له ئاست گه‌ل. دووه‌م، په‌رله‌مان كاری یاسادانان ده‌كات، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆ و قووڵی له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتیان هه‌یه. له داڕشتنی یاسای بودجه و گشتیی وڵاته‌وه تا یاساكانی تایبه‌ت به ماف و ئازادییه‌كان، هه‌موو بڕیارێكی په‌رله‌مان ده‌توانێت ڕووی ژیانی تاك بگۆڕێت.
“مه‌ترسییه سه‌ره‌كییه‌كان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن”
هه‌ڵبژاردن سه‌ره‌ڕای گرنگییه‌كه‌ی، هه‌میشه له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی چه‌ندان مه‌ترسیدایه كه ده‌توانن شه‌رعییه‌ت و كاریگه‌رییه‌كه‌ی كه‌م بكه‌نه‌وه. یه‌كێك له گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگه‌كان ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كییه؛ كاتێك وڵاتانی هه‌رێمی یان نێوده‌وڵه‌تی هه‌وڵ ده‌ده‌ن كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن دروست بكه‌ن، یان لایه‌نێكی دیاریكراو پشتیوانی بكه‌ن، ئه‌مه‌ش ئیراده‌ی ڕاسته‌قینه‌ی گه‌ل ده‌شێوێنێت و ده‌نگده‌ران بێهیوا ده‌كات. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا دیارده‌ی كڕین و فرۆشتنی ده‌نگ و ساخته‌كاری وه‌ك په‌تایه‌ك وایه، ڕاستگۆیی و پاكیی پرۆسه‌كه ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه و متمانه‌ی هاووڵاتیان به سیستمی دیموكراسی كه‌م ده‌كاته‌وه. هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی تری رژد، كاریگه‌ریی هێزه چه‌كداره‌كان یان گرووپه ناحكوومییه‌كانه. بوونی میلیشیا یان گرووپی چه‌كدار كه خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات و كاریگه‌ریی خۆیانن، ده‌توانێ به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ فشار له‌سه‌ر ده‌نگده‌ران و كاندیده‌كان دروست بكات، یان ته‌نانه‌ت ڕێگریی له گه‌یشتنی ده‌نگده‌ران به سندووقه‌كانی ده‌نگدان بكات. ئه‌مه‌ش وای لێ ده‌كات هه‌ڵبژاردنه‌كان له كه‌شێكی ئازاد و بێ ترس‌دا به‌ڕێوه نه‌چن و ئه‌نجامه‌كانی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئیراده‌یه‌كی ڕاسته‌قینه نه‌بن.
“ئاسته‌نگه‌كانی دروستكردنی حكومه‌ت و هاوپه‌یمانێتی”
له ئێراقدا، كۆتاهاتنی پرۆسه‌ی ده‌نگدان زۆرجار سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێی ئاڵۆزییه سیاسییه‌كانه كه به ململانێی سیاسی دوای هه‌ڵبژاردن ناسراوه. ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن به‌هۆی فره‌یی حزبی و تایفی، به ده‌گمه‌ن براوه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌ستنیشان ده‌كات كه بتوانێ به ته‌نیا حكومه‌ت پێكبهێنێت. ئه‌مه‌ش وای لێ ده‌كات لایه‌نه سیاسییه‌كان بكه‌ونه ناو گفتوگۆی درێژخایه‌ن و زۆرجار پڕ له گرژی بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتی. ئاسته‌نگی سه‌ره‌كی لێره‌دا ئه‌وه‌یه كه هه‌ر لایه‌نێك هه‌وڵ ده‌دات زۆرترین ده‌ستكه‌وت بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات، زۆرجار به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌ل ده‌خرێنه ژێر به‌رژه‌وه‌ندییه حزبییه‌كانه‌وه. ئه‌م ململانێیانه ده‌كرێت ببنه هۆی دواكه‌وتنی دروستكردنی حكومه‌ت بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر جێگیربوونی سیاسی و خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان ده‌بێت. هاوپه‌یمانێتییه‌كان له ئێراقدا زۆرجار له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی كاتی و تایفی پێكدێن، نه‌ك له‌سه‌ر دیدگه‌یه‌كی نیشتمانیی هاوبه‌ش، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات حكومه‌ته‌كان لاواز و ناجێگیر بن. نه‌بوونی یه‌كده‌نگییه‌كی ڕاسته‌قینه و متمانه‌ی پته‌و له نێوان لایه‌نه‌كاندا، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی بڕیاره گرنگه‌كان دوا بخرێن یان به‌شێوه‌یه‌كی لاواز جێبه‌جێ بكرێن، له ئه‌نجامدا ده‌نگده‌ران هه‌ست به بێهیوایی زیاتر ده‌كه‌ن له پرۆسه‌یه‌كی سیاسی كه ناتوانێت چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان بكات.
“هه‌ڵبژاردنه‌كان تاكه ڕێگه‌ی دیموكراسی بۆ گۆڕانكاری و پێویستی به‌شداریی گه‌ل”
سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ئاسته‌نگ و مه‌ترسییانه‌ی كه له‌سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له ئێراقدا هه‌ن، به‌ڵام پێویسته ددان به‌وه‌دا بنێین كه هێشتا هه‌ڵبژاردن تاكه ڕێگه‌ی دیموكراسییه بۆ گۆڕانكاریی ئاشتییانه و چاكسازیی ڕاسته‌قینه. بێهیوایی و پاشگه‌زبوونه‌وه له به‌شداریكردن، ته‌نیا ده‌رفه‌ت به هێزه كۆن و قووڵبووه‌كان ده‌دات كه به‌رده‌وام بن له باڵاده‌ستی. بۆیه زۆر گرنگه كه خه‌ڵك به هه‌موو پێكهاته و چینه‌كانیانه‌وه، به‌شدار بن له‌م پرۆسه‌یه‌دا و به ده‌نگه‌كانیان فشار دروست بكه‌ن بۆ دروستبوونی گۆڕانكاری. به‌شداریكردنی به‌رفراوان ده‌توانێ شه‌رعییه‌ت به ده‌سه‌ڵاتی نوێ ببه‌خشێت و ئه‌و هێز و پاڵپشتییه بدات به نوێنه‌ره چاكسازیخوازه‌كان، كه پێویستیانه بۆ ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی و ده‌ستێوه‌ردانه‌كان ببنه‌وه و به‌رنامه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن، به‌مه‌ش داهاتوویه‌كی باشتر بۆ وڵات مسۆگه‌ر بكه‌ن. له كۆتادا ئه‌م خوله‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی ئێراق، سه‌ره‌ڕای هه‌موو گرنگی و ئاسته‌نگه‌كانی، گوزارشته له خه‌ون و ویسته‌كانی گه‌لێك كه به درێژایی مێژوو ڕووبه‌ڕووی چه‌ندان قورسی بووه‌ته‌وه. گرنگه بیرمان نه‌چێت كه هه‌ر ده‌نگێك كه ده‌درێت، ته‌نیا ژماره‌یه‌ك نییه له سندووقێكدا، به‌ڵكو هیوایه‌ك و به‌رپرسیارێتییه‌كه بۆ بنیاتنانی داهاتوویه‌كی باشتر. سه‌ره‌ڕای ئه‌و ئاڵۆزییه سیاسییانه‌ی كه زۆرجار ڕووبه‌ڕووی پرۆسه‌كه ده‌بنه‌وه، هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌رگیز نابێت ببنه هۆی نائومێدی و خۆدوورخستنه‌وه‌ی هاووڵاتییان. به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌مه ئه‌و ساته‌یه كه ده‌بێت هاووڵاتیان هێز و یه‌كده‌نگیی خۆیان پێشان بده‌ن. بۆیه ده‌بێت ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه ببنه ده‌رفه‌تێك بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی متمانه و به‌هێزكردنی ئیراده‌ی گه‌ل. ئایا ده‌توانین له‌سه‌ر ئه‌م سندووقه بچووكه، بناغه‌یه‌كی پته‌و بۆ ئێراقێكی سه‌قامگیرتر و پێشكه‌وتووتر دروست بكه‌ین، كه تێیدا ده‌نگی هه‌مووان گوێی لێ بگیرێت و مافی هه‌مووان پارێزراو بێت؟ ئایا ئه‌مجاره ده‌توانین كلیلێك بدۆزینه‌وه كه ده‌رگایه‌كی نوێ به ڕووی داهاتوویه‌كی پرشنگداردا بكاته‌وه؟ وه‌ڵامه‌كه له ده‌ستی ده‌نگده‌ران و لایه‌نه سیاسییه‌كانی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندایه.



































































