“نەخۆشییەکان بەشێکن لە بارودۆخی مرۆڤ. لە دەیەکانی داهاتوودا پێشکەوتنی باوەڕپێنەکراو لە بواری تەندروستی و خۆشگوزەرانیدا دەبینین، بەڵام بێگومان تەحەدای نوێ سەرهەڵدەدەن و بەڕێوەن“
تا ساڵی ١٩٨٠ناوی ئەم نەخۆشیە “نیشانە یا سێندرۆمی کەمی بەرگری” نەزانرابوو، بەڵام ئەو ڤایرۆسەی دەبێتە هۆی نەخۆشی ئایدز ماوەیەکی زۆرە لە شامپانزیدا بوونی هەبووە و دواتر گەیشتۆتە مرۆڤ. لە ساڵی ١٩٨١سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا حاڵەتێکی ڕاگەیاند، دواتر حاڵەتی هاوشێوە لە ئوسترالیا، مەکسیک، باشووری ئەفریقا و چین. لە ساڵی ١٩٨٢دا نەخۆشییەکە ناوی ئایدزی لێنرا. تا ساڵی ١٩٩٢ئایدز هۆکاری سەرەکی مردنی پیاوانی ئەمریکی بوو کە تەمەنیان لە نێوان ٢٥ بۆ ٤٤ ساڵدا بوو، بەڵام وردە وردە زیادبوونی هۆشیاری لەسەر نەخۆشییەکە پەرەی سەند، کۆمەڵێک دامەزراوە و هەڵمەتەکان لە سەرانسەری جیهاندا بۆ ئەم مەبەستە هاتنە کایەوە و دروستبوون وئەمە کاریگەرییەکی بەرچاوی لە دابەزینی ڕێژەی توشبووان و گیان لە دەستداندا کرد. خۆشبەختانە پێشکەوتنی بەرچاو لەم بوارەدا بەدیهاتووە. ژمارەی تووشبووانی نوێی ڤایرۆسی ئایدز لە ساڵی ٢٠٠٩ بە بەراورد بە دەیەی پێشوو بە ڕێژەی ١٩% دابەزیوە و چارەسەری دژە ڕێترۆڤایرۆس، ئەم نەخۆشییەی لە بکوژێکی نەدۆڕاوەوە گۆڕیوە بۆ نەخۆشی و حاڵەتێکی درێژخایەن. جگە لەوەش ئەو دەرمانانە دۆزراونەتەوە کە لە کاریگەریی هۆکارەکان و تووشکەرەکانی ئەم نەخۆشییە کەم دەکەنەوە. تەنانەت باس لە ڤاکسینی ئایدز کراوە. لە ساڵی ٢٠٠٩ تا ٣٣ ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی ڤایرۆسی ئایدز بوون، بەڵام خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە دابەشبوونی ئەم ڤایرۆسە لە هەموو بەشەکانی جیهاندا یەکسان نەبووە. نزیکەی لەسەدا ٢٠ی گەورەکان یا بەساڵاچوانی ئەفریقای باشوور تووشی ئەم ڤایرۆسە بوونە، لەکاتێکدا لە ئەمریکا تەنها لەسەدا ٦ تووشی ڤایرۆسەکە بوونە. چارەسەر تەنها بۆ ژمارەیەکی کەم لە نەخۆشەکان بەردەستە، هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی کە تووشی ڤایرۆسەکە دەبن هێشتا زۆر بەرزە.
گرنگ ئەوەیە کە لە ماوەی چەند دەیەیەکدا نەخۆشییەکی مەترسیدار و کوشندە و چارەسەرنەکراو گۆڕاوە بۆ کردار و هیوا. بیر لە هەڕەشە و دۆزینەوەکانی چوار دەیەی داهاتوو بکەنەوە. ئەگەر ئێمە بەرەنگاری زۆر بابەتی لەم جۆرە نەبینەوە کێشەی گەورەمان دەبێت. بۆ نموونە ئەگەر ئێمە بەرەنگاریی قەڵەوی منداڵان نەبینەوە، ئەوا نەوەیەکمان دەبێت کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و سیاسەتمەدارەکان نیگەرانن لە تێچووی پارەی چاودێری تەندروستی بۆ بەساڵاچووان. کۆمپانیا جۆراوجۆرەکان بەدوای پەرەپێدانی تەکنەلۆژیادان بۆ باشترکردنی تەندروستی و کەمکردنەوەی تێچووەکان. زانایان هەوڵی دۆزینەوەی نهێنییە بۆماوەییەکانی جەستەی مرۆڤ دەدەن. ڕەنگە لە ٤٠ ساڵی داهاتوودا لەشکرێک لە شەیتانەکان هێرش بکەنە سەر ڕەگەزی مرۆڤ، بەڵام بە هەوڵ و خۆبەخشی زاناکان دەتوانن بەسەریاندا زاڵ بن. لە نێو ئەو ئاستەنگە زۆرانەی کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمدا ڕووبەڕووی تەندروستی جیهانی دەبێتەوە، بەشێک و گرووپێکیان پێویستی بە کردەوەی بەپەلە هەیە:– ئەو نەخۆشییانەی کە گەلانی دەوڵەمەند لێی ڕزگار بوونە بەڵام هێشتا وڵاتانی هەژار بەدەستییەوە دەناڵێنن. بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی بیل و مێلیندا گەیتس، تەنها بە جێگیرکردنی بەشێکی تەکنەلۆژیای هەنووکەیی لەم وڵات و ناوچانە دەتوانرێت تا ساڵی ٢٠٢٥ ڕێگری لە مردنی زۆرێک لە گەنجان و منداڵان بکرێت.
ئامانجی سەرەکی ئەو نەخۆشیانەن کە پێویستیان بە ڤاکسین هەیە. ساڵانە ٢ ملیۆن منداڵ بەهۆی دەستنەگەیشتن بە ڤاکسینی خۆپارێزی گیان لەدەست دەدەن. مێژوو دەریخستووە کە دەتوانرێت ئەم ڕەوتە بوەستێنرێت. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ساڵی ١٩٨٠ ڕایگەیاند کە دوای بەرنامە سەرکەوتووەکانی کوتانی منداڵان، ڤایرۆسی ئاوڵە لەناوچووە و تەنها لە تاقیگەکاندا بوونی هەیە. بیر لە نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان بکەنەوە. لە ساڵی ١٩٥٢ ئەم نەخۆشییە ساڵانە زیاتر لە ٢٤ هەزار ئەمریکی ئیفلیج و یان کوشت. ساڵانێکە وڵاتە دەوڵەمەندەکان دوور بوون لە نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان. بێگومان دۆخەکە لە وڵاتانی تازەپێگەیشتودا وەک جاران نەبووە و جیاوازە، بەڵام تا ساڵی ٢٠٥٠ و پێشتریش ئەم جۆرە گرفتانە بەتەواوی چارەسەر دەبن. لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ژمارەی تووشبووانی نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان بە ڕێژەی لەسەدا ٩٩ واتە بۆ ٣ هەزار حاڵەت لە ساڵێکدا کەمیکردووە. تەکنەلۆژیا لەم بوارەدا یارمەتیدەرە. زانایان پێشتر هەوڵی زۆریان داوە بۆ دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی ئەو دەرمانانەی کە بۆ گواستنەوە پێویستیان بە ساردکەرەوە نییە. تا ساڵی ٢٠٥٠ ئەم جۆرە ڤاکسینانە بە تەواوی گشتگیر دەبن. جگە لەوەش ڤاکسینەکان هەمەچەشنتر دەبن. بۆ نموونە دەتوانرێت یەک ڤاکسین بەکاربهێنرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەند نەخۆشییەک، کەمکردنەوەی پێویستی سەردانی کلینیک و خەرجکردنی پارە. هەروەها نرخی دەرمانیش دادەبەزێت.
وەڵامدانەوەی نەخۆشییە نوێیەکانی وەک ئایدز ئاڵۆزە. تەحەدای یەکەم چارەسەرکردنی ئەو کەسانەیە کە پێشتر تووشی ڤایرۆسە بوونە واتە لە ئێستادا تووشبوو هەژمار دەکرێن. تێچووی چارەسەرکردنی ئەو ٣٣ ملیۆن کەسەی کە تووشی ئایدز بوون بە تێچوو و ڕێژەی ئێستا ساڵانە نزیکەی ٤٠ ملیار دۆلار دەبێت، ئەمەش بارگرانییەکی گەورە دەخاتە سەر دەوڵەمەند و هەژارانی جیهان. تەحەدای دووەم بریتییە لە وەستاندنی توشبوونی خەڵک. ڕێگەی نوێ هەیە بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی ئایدز. بەڵام باشترین ڕێگا بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە دۆزینەوەی چارەسەرە. باشترین پێشکەوتن لەم بوارەدا دەتوانێت ڤاکسین بێت. بەڵام گەورەترین مەترسی ئەوەیە کە پابەندبوونی جیهانی بە بەرەنگاربوونەوەی ئەم پرسانە لە دابەزیندایە. کێشەی ئابووری لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان ڕێگری دەکات لە یارمەتیدانی وڵاتانی هەژار و پارە بەفیڕۆ دەچێت لە هەوڵی بێ ئەنجامدا. ئەگەر خەڵکی جیهان بە ئاگایانە و ژیرانە پارە و سەرمایە خەرج بکەن، ئەگەری ئەوە هەیە کە پێشکەوتن و گەشەسەندنی تەکنەلۆجی بتوانێت چەند نەخۆشییەکی دیکە بنەبڕ بکات و ڕێگری لە مردنی زۆر کەسی سەر هەسارەکە بکات. ئەمەش ڕەنگە وەک سەردەمی زێڕین هەژمار بکرێت. هەموو نەخۆشییەک بەرهەمی کات و سەردەمی خۆیەتی. هەندێکجار سوپایەک ناوچەیەک داگیر دەکات و نەخۆشی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، وەک ئەو نەخۆشیانەی لە مێشوولەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە. سەدەی بیست و یەکەم دەتوانێت میوانداری نەخۆشی جۆراوجۆر بکات. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەمەش دەتوانێت بەردەوامبوونی شارنشینی بێت. لەو شارانەی کە چڕی دانیشتوان زیاترە، گواستنەوەی نەخۆشی خێراتر و چڕترە. هەروەها گۆڕانی کەشوهەوا دەتوانێت بەشداربێت لەم کێشەیەدا (کۆرۆنا وەک نمونە).
زۆربەی نیگەرانییەکان سەبارەت بەو نەخۆشییانەن کە هێشتا سەریان هەڵنەداوە. بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە ساڵانە یەک یان چەند نەخۆشییەکی نوێ سەریان هەڵداوە. پێشبینی دەکرێت پەتای داهاتوو لە ئاژەڵە کێوییەکانەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە؛ هەروەها نەخۆشییەکانی وەک سارس و ئایدز و ئیبۆلا بەم شێوەیە بۆ مرۆڤ گوازراوەتەوە. پرسیاری ڕاستەقینە ئەوە نییە کە ئایا نەخۆشییە نوێیەکان ببنە باو و بڵاوببنەوە؛ پرسیارەکە ئەوەیە کەی و چۆن جیهان وەڵامیان دەداتەوە. لە درێژخایەندا پێشکەوتنی تەکنەلۆژی یارمەتی مرۆڤایەتی دەدات، ڕێگە بە شێوازی نوێ دەدات جێگەی شێوازە کۆنەکان بگرێتەوە. جگە لەوەش زانایان کار لەسەر پەرەپێدانی ڤاکسینێکی گشتگیر دەکەن؛ ڤاکسینی ئەنفلۆنزا بۆ هەتا هەتایە لە ڤایرۆسەکە دەمانپارێزێت. هەرچەندە ڤایرۆسە نوێیەکان ترسناکن، هەروەها ترسناکە کە ببینیت دوژمنە کۆن و ئاشناکان بەهێزتر و نەدۆڕاوتر دەبن. ئەلێکساندەر فلیمینگ لە ساڵی ١٩٢٨ بە هەڵە پەنسلینی دۆزیەوە، لە ساڵی ١٩٤٥ هۆشداریدا لەوەی کە خراپ بەکارهێنانی ئانتی بیوتیکەکان دەتوانێت شێوازی بەرگری میکرۆبەکان لە تووشبوون بە هەوکردن بگۆڕێت. زۆری نەخایاند پێشبینییەکەی فلیمینگ هاتە دی. لە ساڵی ١٩٤٦ نەخۆشخانەیەکی بەریتانی ڕایگەیاند کە لەسەدا ١٤ی نەخۆشەکانی ئاڵوودە بە جۆرێک لە بەکتریایان بەرامبەر بە پەنسلین بەرگریان هەیە. ئەم ڕێژەیە تا ساڵانی نەوەدەکان بۆ سەدا ٨٠ بەرزبووبووەوە. لە سەدەی بیست و یەکەمدا کارگە کشتوکاڵییەکان دەستیان بۆ ئەم بابەتە برد و ئەم پرۆسەیان خێراتر کردووە:- ئەوان دژە زیندەیی یا ئانتی بیوتیکەکان بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی ئاژەڵەکان خێراتر گەشە بکەن، ئەمەش زەمینەیەکی زاوزێ بۆ بەکتریا بەرگریکارەکان و جینەکانی ناتەندروست دروست دەکات. کارگەی دەرمانسازی بوارێکی دیکەیە کە پێویستە ئاورێکی جیدی لێ بدرێتەوە و چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە بکرێت. بەداخەوە کۆمپانیاکانی دەرمان زۆر کەم کاران و هەوڵی چالاکبوونەوە دەدەن. بەداخەوە کردارو هەنگاوەکانی کۆمپانیاکانی دەرمان زۆر سنووردارە. بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، هەشت کۆمپانیا لە کۆی ١٥ گەورەترین کۆمپانیاکانی دەرمانسازی، بەرنامە و وەبەرهێنانەکانیان لە سەر دژە زیندەیی یا ئانتی بایۆتیکە نوێکان ڕاگرتووە.
“تەمەنی سەروو ٦٠ ساڵ”
هەر شتێک کە نەزانرێت و نەناسرێت شوومە. بەڵام دوو ڕەوت هەیە لە جیهاندا کە تەواو پێشبینی دەکرێت. یەکەم:- دونیا خۆڵەمێشی دەبێت! تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی دانیشتوان واتە ئەو کەسانەی تەمەنیان لە ٦٠ ساڵ و سەرووترە، نزیکەی ٢ ملیار کەس لە خەڵکی جیهان پێکدەهێنن. ئەمەش سێ ئەوەندەی ئەو ژمارەیەیە لە سەرەتای ئەم هەزاریەوە بووە. دووەم:- ژمارەی دانیشتوانی جیهان تاڕادەیەک قەڵەوتر دەبن. جیهانی دەوڵەمەندەکان لەم دوو شتە کە ئیرەیی پێناکرێت، جیهانی هەژاران تێدەپەڕێنێت. تێکڕای تەمەنی خەڵکی ناوچە پێشکەوتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٠دا ٣٧ ساڵ بووە، لە کاتێکدا لە ناوچە کەم پێشکەوتووەکاندا ٢٤ ساڵ بووە.بە هەمان شێوە، پێشبینی دەکرێت ئەو بەساڵاچووانەی کە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا دەژین لە چاو ئەوانەی لە وڵاتانی هەژاردان ئەگەری ئەوە هەیە کە کێشیان دوو هێندە زیاتر بێت. ئەم ڕەوتە دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین کێشەی تەندروستی. قەڵەوی و ئەم زیادبوونە لە کێش دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ. دانیشتوان یا کۆمەڵگەی لە تەمەن گەورە و بەساڵاچوو ڕوبەڕووی چەندین نەخۆشیدا دەبنەوە، لەنێویاندا شێرپەنجە. ڕەنگە لە هەموویان چالاکتر و قورستر نەخۆشی دەروونی بێت. بەپێی ئاماری دامەزراوە تەندروستییە نیشتمانییەکان، لە ئێستادا ٤.٥ ملیۆن ئەمریکی تووشی نەخۆشی ئەلزەهایمەر بوون. تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی تووشبووانی نەخۆشی ئەلزەهایمەر لە ئەمریکا دەگاتە ١٦ ملیۆن کەس. دەرئەنجامی ئەم پرسانە، فشاری دارایی و ئابووری زیاترە بۆ سەر حکومەتەکان. بەڵام تەنها وڵاتانی دەوڵەمەند نین کە ڕووبەڕووی ئەم جۆرە گرفتانە دەبنەوە.
شارنشینی دەتوانێت نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە مرۆڤەکاندا توندتر و سەختتر بکات. خەڵک لە شارەکاندا زیاتر دەستیان بە جگەرە دەگات وەک لە ناوچە گوندنشینەکان، هەروەها ئاستی پیسبوونی هەوا و خواردنە ناتەندروستەکان لە شارەکاندا زیاترە لە ناوچە گوندنشینەکان. جگە لەوەش زۆرجار نەخۆشییە مەترسیدارەکان لە ناوچە پیس و ژەهراوی و شوێنی پاشماوە زەبەلاحەکانی دەوروبەری شارەوە دەست پێدەکات. وڵاتانی هەژار لە هەندێک حاڵەتدا زیاتر لە وڵاتانی دەوڵەمەند مەترسییان لەسەرە. لە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا ژمارەی پزیشک بۆ هەر کەسێک دە هێندە زیاترە بە بەراورد بە وڵاتانی هەژار. بیمە بەس نییە و بە ناچاری مرۆڤەکان دەبێت لە گیرفانی خۆیانەوە پارە بدەن بۆ چارەسەرکردن، ئەمەش دەبێتە هۆی کێشەی دیکە و کاریگەریی وێرانکەری دەبێت. لە هەر حاڵەتێکدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگە نوێیەکانی سەدە، پێویستە هەردوو وڵاتی هەژار و دەوڵەمەند سیستەمی تەندروستی و بیمەی خۆیان بەهێزتر بکەن.
“دڵی نوێ؟”
٤٠ ساڵی داهاتوو پڕ دەبێت لە پێشکەوتن و داهێنانی پزیشکی کە لەوانەیە هەرگیز بە خەیاڵیشماندا نەهاتبێت. پێشکەوتنەکانی ئەمڕۆ دەتوانن پیشانمان بدەن کە داهاتوو چی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و چاوەڕوانی چی لە داهاتوو بکەین. هیچ بوارێکی لێکۆڵینەوە بەقەد خانە بنەڕەتییەکان ورووژێنەر و مشتومڕاوی نییە. ئەم خانانە دەتوانن جێگەی هەر خانەیەکی تری لەش بگرنەوە و لە پرۆسەی چاکبوونەوەدا بەکاربهێنرێن. زانایان هەوڵ دەدەن جۆرێکی تایبەتی لە خانەکانی کەسانی بەساڵاچوو یان گەورەکان بگوازنەوە بۆ کەسانی تر، کە دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی دڵی لاواز و زامدار و زیان پێگەیشتوو بەکاربهێنرێت. تەکنەلۆژیا دەتوانێت گۆڕانکاری نوێ لە جەستەی نەخۆشەکاندا دروست بکات. ئەو دەمارانەی کە پێشتر دەبوونە هۆی جووڵەی قۆڵی سرووشتی مرۆڤ، ئێستا دەتوانن قۆڵی دەستکرد بەجووڵە بێنن. ئەو کەسانەی پێویستیان بە گورچیلەی نوێ هەیە دەتوانن بە ئاسانی و بە خێرایی بە پرۆسەی چاندنی گورچیلەدا تێپەڕن. هەموو لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە لە بواری پزیشکیدا هیوای بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان دروستکردووە. هەندێک نەخۆشی سەختترن، بەڵام زاناکان هیوادارن چارەسەری ئەوانیش بکەن یا بدۆزنەوە، وەک نەخۆشی ئەلزەهایمەر. پشکنینی نوێ خەریکە بەکاردەهێنرێت کە ئاسانکاری دەکات بۆ دەستنیشانکردنی زووتر و لە کاتی خۆیدا.
“پێشکەوتنی پزیشکی”
مێژووی پزیشکی لە ڕووی پێشکەوتنەوە یەکێک بووە لە سەرنجڕاکێشترینەکان و خاوەن گەورەترین ئاڵنگارییەکان. دۆزینەوەی ڤاکسینی ئاوڵە لە سەدەی هەژدەهەمدا بووە هۆی بنەبڕکردنی نەخۆشییەکە دوای دوو سەدە. گۆڕانکارییەکانی سیستەمی تەندروستی لە سەدەی نۆزدەهەمدا یارمەتیدەر بوون بۆ نەهێشتنی زۆرێک لە هەڕەشەکان. تا ساڵی ٢٠٥٠ گۆڕانکاری زیاتر دەبینین. ئامێرێکی بچووک دەتوانێت پشکنینی چەند نەخۆشییەک لە جەستەی مرۆڤدا بکات. کۆمەڵێک ئامێر دادەهێنرێن کە نیشانەکانی نەخۆشییەکە دەستنیشان دەکەن. چارەسەری نەخۆشییە درێژخایەنەکان خەریکە خێراتر دەبێت. نەشتەرگەرییە گەورەکان دەگمەنتر دەبن و ئامرازە بچووکەکان یارمەتی پزیشکانی نەشتەرگەری دەدەن بۆ ئەوەی بە ئاسانی وەرەمەکان لە جەستەی نەخۆشەکان دەربهێنن یان چارەسەری ئەندامێک بکەن. نەخۆشێکی شەکرە دەتوانێت ئامێرێک لە جەستەیدا هەبێت کە هەرکاتێک پێویست بکات بە شێوەیەکی ژیر و زیرەک دەرزی ئەنسۆلین بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لێێ بدرێت. هەموو ئەمانە پارادایمی نوێ لە سیستەمی پزیشکی و چاودێری تەندروستیدا دروست دەکەن. کۆمەڵەی دووەمی پێشکەوتنەکان کە دەتوانێت کاریگەری زیاتری هەبێت لە پێشکەوتنەکانی پزیشکی پەیوەندی بە دەستنیشانکردنی هۆکاری نەخۆشییەکەوە هەیە. دەستنیشانکردنی ڕەگ و ڕیشەی نەخۆشییەک زۆر قورسە و هەندێک جار وەک نهێنیەک وایە. بەڵام جینات ئەوە دەگۆڕێت. هیوایەکی زۆر بە جینات هەیە و دەتوانین چاوەڕوانی پێشکەوتنی ئومێدبەخش بین لەم بوارەدا. بە هیوای هەبوونی کۆمەڵگەیەکی تەندروست باش و زانستخواز.
سەرچاوەكان؛
–Charlotte Howard, Executive editor and New York bureau chief, New York, United States, The Economist and Mega change.
– WHO:- World Health Organization Report



































































