لەدواى ڕاوەستانى شەڕى دوو ساڵەى سەر کەرتى غەزە، یەکسەر باس لە قۆناغى ئاوەدانکردنەوەى ئەو کەرتە دەکرێت کە (90%) خانووەکانى ڕووخاوە یان زیانى بەرکەوتووە. لە ماوەى سەدەى ڕابردوودا هەریەکە لە ئەڵمانیا و ژاپۆن و کۆریاى باشوور و ڕواندا بەهۆى شەڕەوە دووچارى کاولکارى و وێرانبوون هاتن، بەڵام دواتر قۆناغى بوونیادنانەوەیان دەستپێکرد، لەئێستادا ئەو چوار دەوڵەتە خاوەنى ئابورییەکى گەشەکردوى نمونەیى و سیستمێکى سیاسى دیموکراتین، ئایا غەزەى پاش شەڕ دەبێتە نمونەى پێنجەم؟ لە ئۆکتۆبەرى (2023) هەتا ئۆکتۆبەرى (2025) شەڕ و پەلاماردانى سەر کەرتى غەزەى فەڵەستین لەلایەن سوپاى ئیسرائیلەوە بەردەوام بوو. بەگوێرەى ڕاپۆرت و ئامارى رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و میدیاکان، بەهۆى ئەو شەڕەوە زیاتر لە (٣٠٠) هەزار شوقە و خانوو بە تەواوی وێران بووە، نزیکەی (٢٠٠) هەزار بینای دیکەش زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، کە دەکاتە نزیکەی (٩٠%)ی خانووبەرەی شارەکە. سەربارى ئەوەى نزیکەى (37) نەخۆشخانە و (105) ناوەندی چاودێری تەندروستی بە شێوەیەکی کارەساتبار زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها نزیکەی (95%)ی دامەزراوە پەروەردەییەکان و زیاتر لە (800) مزگەوتیش لەناوچوون یان زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە. سەربارى ئەوەى نزیکەی (٨٥%)ی دامەزراوەکانی ئاو و رێگاوبانەکان و ئاوەڕۆکان لەناوچوون.
بەگوێرەى ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بوونیادنانەوەى ماڵە وێرانبووەکانی کەرتی غەزە لانیکەم تا ساڵی (٢٠٤٠) دەخایەنێت، لە ئێستاشدا زیاتر لە یەک ملیۆن و (٨٠٠) هەزار کەس لە غەزە پێویستیان بە شوێنى نیشتەجێبوون هەیە. بەپێی خەمڵاندنەکانی بانکی نێودەوڵەتی ئاوەدانکردنەوەى غەزە لانیکەم پەنجا ملیار دۆلارى پێویستە، قۆناغى یەکەمى ئاوەدانکردنەوەش بە لابردنى داروپەردوى خانوە ڕووخاوەکان دەست پێدەکات کە بە (54) ملیۆن تۆن مەزەندە دەکرێت، جگەلەوەى پێشبینى دەکرێت نزیکەى دە هەزار تەرم لەژێر ئەو داروپەردوەدا هەبێت.
“ئەڵمانیا؛ كولتوور و پیشەسازى”
ئەڵمانیا لە ماوەی چارەکە سەدەیەکدا دوو جەنگى جیهانى بەخۆیەوە بینى و زۆرێک لە شارەکانى وێران بوون. بەڵام لەدواى تەواوبوونى جەنگى دووەمى جیهانى، ئەڵمانەکان لێبڕاوانە دەستیان بە ئاوەدانکردنەوەى شارەکانیان کرد، لەلاى ئەوان هەستێکی نەتەوەیی بەهێز بۆ پێویستى هەستانەوە و دەرچوون لە چاڵى شکستەکان هەبوو. ئەزمونى ئاوەدانکردنەوەى ئەڵمانەکان لەسەر دوو ئاراستە بوو، یەکەمیان نۆژەنکردنەوەى تەلارسازی کۆنی ئەڵمانی بوو، بەمەبەستى پاراستنى كولتوور و یادەوەرى دێرینیان، بەڵام ئاراستەى دووەم گۆڕینى ئەڵمانیا بوو بۆ دەوڵەتێکى پیشەسازى و بەرهەمهێن، ئەوەش وایکرد لە ماوەی چەند ساڵێکدا ئەڵمانیا خۆی وەکو هێزێکی ئابووری سەرنجڕاکێش و کارا و کاریگەر ببینێتەوە. بەدەر لە پلان و هۆکار و خواستە ناوخۆییەکان، پلانی مارشاڵی ئەمەریکی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە بووژانەوەى ئەڵمانیادا هەبوو.
“ژاپۆن؛ ئەتۆم و تەکنەلۆژیا”
لە مانگى ئابى (1945) هەردوو شارى هیرۆشیما و ناگازاکی ژاپۆن لەلایەن ئەمەریکاوە بە بۆمبى ئەتۆمى خاپورکرا، بەڵام ژاپۆنییەکان بەو هێرشە نەڕوخان، بەڵکو بەهۆی خواستى خەڵکەکەی بۆ کار و بەرهەمهێنان، ئێستا لەلاى زۆرێک ژاپۆن وەکو ئەستێرەیەک بۆ پێشکەوتنى تەکنەلۆژیا تەماشا دەکرێت. گەشەکردن و بووژانەوەى ئابووری ژاپۆن لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی پێکرد، بەدەر لە هاوکارى ڕۆژئاواییەکان بەتایبەتى ئەمەریکا بۆ داڕشتنەوەى سیستمی سیاسی و ئابووری و کارگێڕى، ژاپۆنییەکان خۆیان دەستیان بە چاکسازى و گەشەپێدانی ناوخۆیی کرد و سەرمایەیەکی گەورەیان بۆ پەروەردە و تەکنەلۆژیا و بەرهەمهێنانی پیشەسازی تەرخانکرد. ژاپۆنییەکان بەوە ناسراون خولیایەکی بەهێزیان بۆ کارکردن و کێبڕکێی کۆمەڵایەتی بۆ گەشەپێدان هەیە. هەروەها گرنگییەکى زۆر بە پیشەسازییە کێبڕکێکارەکان لە بوارە جیاوازەکان و بازاڕە نێودەوڵەتییەکان دەدەن، هەر ئەوەش وایکرد ئەزمونى بوونیادنانەوەى ژاپۆن ئێستا وەک مۆدێلێک چاوى لێ بکرێت.
“کۆریای باشوور؛ کشتوکاڵ و ململانێ”
لەدواى کۆتایهاتنى جەنگى دووەمى جیهانى، کۆریای باشوور لە داگیرکاری ژاپۆن رزگارى بوو، بەڵام لە ساڵى (1950) دووچارى شەڕێکى سێ ساڵە بوویەوە لەگەڵ کۆریاى باکورى دراوسێیدا. کۆتایى ئەو جەنگەش دوو کۆریاى بەرهەمهێنا، باشوور وڵاتێکى ڕووەو رۆژئاوا و پیشەسازى و دیموکراتى، باکوریش وڵاتێکى چەپ و داخراو و دابڕاو لە جیهان. لە دواى تەواوبوونى جەنگ، لە قۆناغى یەکەمدا دانیشتوانى کۆریاى باشوور روویان لە بەرهەمهێنان و پەرەپێدانى کەرتى کشتوکاڵى وڵاتەکەیان کرد. لەهەمانکاتدا هاوکارییەکانی وڵاتانى ڕۆژئاوا ڕژایە ناو ئەم وڵاتە لیبڕاڵەوە. لە قۆناغى دواتردا کۆرییەکان ڕوویان لە هەمەچەشن کردنى ئابورى وڵاتەکەیان کرد، لەو کاتەوە بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکەیان دەیان هێندە زیادی کردووە و کۆریاش بووەتە یەکێک لە گرنگترین وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی لە بوارەکانى ئابووری و زانستدا. جگەلەوەى خاوەنى سیستمێکى دیموکراسین کە لەلایەن وڵاتانى رۆژئاواوە پشتیوانی دەکرێت.
“ڕواندا؛ بووژانەوە و دادپەروەرى”
لە کیشوەرى ئەفریقیا و لەماوەى ساڵانى (1990 – 1994)، بەهۆى شەڕى ناوخۆیى نێوان هۆتۆ و توتسیەکانەوە لە ڕواندا نزیکەى یەک ملیۆن کەس بووە قوربانى. بەڵام لەدواى راگەیاندنى ئاگربەست، قۆناغى ئاشتەوایى و بووژانەوەى وڵاتەکە دەستى پێکرد، بەجۆرێک قەبارەی ئابووری ڕواندا لە ماوەی پازدە ساڵدا سێ هێندە زیادی کردووە و گەشەی ساڵانەى گەیشتووەتە (٨%). لە قۆناغى بووژانەوەى دواى تەوابوونى شەڕدا، ڕوانداییەکان گرنگییەکى زۆریان بە کەرتەکانى پەروەردە و تەندروستی و کشتوکاڵ دا، ئەمەش دوای ئەوەی ڕێگە خۆشکرا بۆ ئاشتەوایی لەنێوان دانیشتواندا. لەڕووى كولتووریشەوە دەستبەردارى زمانی فەرەنسی بوون و ڕوویان لە زمانی ئینگلیزی کرد. ئەزموونی ڕواندا بەهۆی چەند هۆکارێکەوە سەرکەوتوو بوو، کە بریتى بوون لە سەرکردایەتیەکی سیاسی بەهێز و کاریگەر و خاوەن دیدگای ئایندەیى کە لەلایەن وڵاتانى ڕۆژئاواوە پاڵپشتی دەکرا، هەروەها پرۆسەى دادپەروەرى کۆمەڵایەتى جێبەجێکرا و قوربانییەکان توانییان مافەکانی خۆیان بەدەستبهێنن. بەهۆى بەجێهێنانى مۆدێلى دادپەروەری و لێبوردن و ئاشتەوایی نەتەوەییەوە دوور لە ڕۆحی تۆڵەسەندنەوە، ڕواندا توانى مۆدێلێکی پێکەوەژیان پێشکەش بە جیهان بکات. یەکێکى دیکە لە سیماکانى ئەزمونى ڕواندا، پشتگیریکردن لە ئابووری کۆمەڵگەی بچووک و هاندانی توانای کێبڕکێی کارگە بچووکەکان بوو، کە ڕواندای گۆڕی بۆ مۆدێلێکی گەشەپێدان و ئابووری و پاکوخاوێنی لە کیشوەرێکدا کە بە هەژارى و ململانێ دەناسرێتەوە.
“جیاوازییەکانى غەزە”
کەرتى غەزە یەکەم جارى نییە دووچارى شەڕ و وێرانکارى دەبێتەوە، بەڵام بۆ ئەوەى ئەمجارە غەزە ئاوەدان بکرێتەوە، پێویستی بە ماوەیەکى تەواو لە سەقامگیری سەربازی و ئەمنی هەیە، واتە پەلامارنەدانى لەلایەن ئیسرائیلەوە، لەگەڵ هەڵگرتن یان سووککردنی ئەو گەمارۆیەى لەسەریەتى، تاوەکو ڕێگە بدرێت بە هاتنە ژوورەوەی کەرەستەی بیناسازی و پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکەی ئاوەدانکردنەوە. لەسەروى هەمویانەوە پێویستى بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ ئاوەدانکردنەوە هەیە کە لەنێوان (٥٣ – ٨٠) ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت. لەسەر ئاستى ناوخۆیى، دانیشتوانى غەزە خاوەنى ڕۆحی هاوکاری و هاوپشتی کۆمەڵایەتین، کە خۆى لە تۆڕى چالاکوانان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان دەبینێتەوە، سەرەڕاى ئەوەى گەنجانى غەزە خاوەنى ڕۆحێکی قووڵی هەوڵدانن، ئەوەش وادەکات ئاوەدانکردنەوەى غەزە کەمتر لەو کاتە بخایەنێت کە لایەنە نێودەوڵەتییەکان پێشبینى دەکەن. خاڵى جیاوازى سەرەکى لەنێوان ئەزمونى غەزە لەگەڵ ئەزمونى ژاپۆن و کۆریا و ڕواندا و ئەڵمانیا، ئەوەیە رۆژئاوا بەتایبەتى ئەمەریکا هاوکار و پاڵپشتى ئەو دەوڵەتانە بوو، بەڵام لە غەزە پشتیوانێکى رون و ئاشکراى ئیسرائیلە کە غەزەى وێرانکرد. لەلایەن خۆیەوە ئەندرێس کریگ، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە کۆلێژى توێژینەوە ئەمنیەکان لە کۆلێژی کینگ لە لەندەن، دەڵێت؛ “پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەى غەزە لە هەموو پرۆسەیەکی دیکەی مێژووی مۆدێرن جیاواز دەبێت”. هۆکارەکەشى دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەى “لێرە چوار شار پێکەوە دەژین، کەرتێکی تەواو زەبەلاحە، نزیکەی دوو ملیۆن کەس لەناو داروپەردوودا دەژین، کە زۆرینەیان پێویستیان بە پەناگەی کاتی و قوتابخانە و نەخۆشخانە هەیە”.
“کێ هاوکارى غەزە دەکات؟”
پێشبینی دەکرێت قەتەر بڕە پارەیەکی زۆر بۆ ئاوەدانکردنەوەى غەزە تەرخان بکات، ئیدى لە ڕێگەی دامەزراوە دەوڵەتییەکان یان سندوقە تایبەتەکانی وەبەرهێنانەوە بێت، بۆ جێبەجێکردنى پرۆژەکانیشى پشت بە کۆمپانیا ناوخۆییەکانی یان بەڵێندەرانی تورکیا دەبەستێت. هەرچى ئیماراتە پێدەچێت پرۆژەکانى لەڕێگەى وەبەرهێنە میسرییەکانەوە ئەنجام بدات. سەبارەت بە تورکیا، چاوەڕوان دەکرێت ڕەجەب تەیب ئەردۆغانى سەرۆککۆماری تورکیا هانى بەشداریی بەهێزی کۆمپانیا و بەڵێندەرەکانی تورکیا بدات. لەسەر ئاستى کۆمپانیا زەبەلاحەکانیش، چاوەڕوان دەکرێت کۆمپانیا ئەمەریکییەکانى (KBR و Bechtel)، لەگەڵ کۆمپانیا بەریتانییەکانى (بالفۆر بیتی و لاینگ ئۆرۆرک) و کۆمپانیای دیزاینی (ئاروپ)، زۆرینەى گرێبەستە گەورەکانى ئاوەدانکردنەوە لە غەزە وەربگرن. سابت ئەلعامور، شرۆڤەکارێکی تەمەن (٤٧) ساڵى خەڵکى خان یونسە لە غەزە، مەزەندە دەکات ئاوەدانکردنەوەى کەرتى غەزە دە ساڵی تەواو بخایەنێت، چونکە “تەنها لابردنی داروپەردو پێویستی بە دوو ساڵ دەبێت”. لەلایەن خۆیەوە شامی کە ئەندازیاری کۆمپیوتەرە و خەڵکى غەزەیە، زیاتر گەشبینە و دەڵێت “باوەڕم وایە ئاوەدانکردنەوە دەتوانێت ببێتە سەرەتایەکی نوێ بۆ غەززە. دەبێتە هۆی دروستبوونی هەزاران هەلی کار بۆ ئەو کەسانەی لە کاتی شەڕدا سەرچاوەى بژێویان لەدەستداوە، هەروەها دەتوانێت ئابووری ببوژێنێتەوە. گەنجان چاوەڕێی ئەم دەرفەتە دەکەن؛ ئەوان تەنها دەیانەوێت کار بکەن و بە کەرامەتەوە بژین”.
* سەرچاوەکان؛ ماڵپەڕى (الجزیرە، ئاژانسى رۆیتەرز، رۆژنامەى تایمزى بەریتانى).
ئامادەکردن؛ بارام سوبحى