“ئایا بیانووی حووسییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕۆژئاوا دەڕەوێنێتەوە؟”
دوای ئەوەی ئیسرائیل لە لایەک و بزووتنەوەی “حەماس” لە لایەکی ترەوە ڕەزامەندییان لەسەر پلانی “دۆناڵد ترامپ”، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند، قۆناغی یەکەمی ئەو پلانە دەستیپێکرد، بە شێوەیەکی تیۆری و، کاربەدەستانی فەلەستینی خۆیان قبووڵکردنی پلانی “ترامپ”یان ڕاگەیاندووە، پێویستە چیتر حووسییەکان پاساوێکیان نەمێنێت بۆ بەردەوامیدان بە هێرشەکانیان و دەستدرێژییەکانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام ڕاستی شتێکی تر دەڵێت. دوای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی ئەمریکا، حووسییەکان لە کەنداوی عەدەن هێرشیان کردە سەر کەشتی هۆڵەندی “مینەر ڤاگەراخت” کە بووە هۆی کوژرانی یەکێک لە دەریاوانەکانی، بە پاساوی پەیوەندییەکەی بە ئیسرائیلەوە. وتەبێژی سەربازیی گرووپەکە بانگەشەی ئەوەی کرد کە کەشتییەکە “تووشی زیانێکی ڕاستەوخۆ بووە و بە ئیزنی خودا خەریکە نوقم دەبێت”، ئەمەش لە لایەن حکومەتی هۆڵەنداوە بە تووندی سەرکۆنە کرا و بە بەڵگەی ئەوەی زانی کە حووسییەکان “هێشتا مەترسین بۆ سەلامەتی هاتوچۆی دەریایی”، لە کاتێکدا کەسانی تر ئەمە بە “ڕەتکردنەوەیەکی ڕاشکاو”ی پلانی “ترامپ” لە لایەن گرووپەکەوە و هەڵوێستێکی جێگیر دەبینن بەرامبەر بەوەی کە پێیان وایە “پلانێکی بۆمبڕێژکراوە” بۆ سڕینەوەی پرسی فەلەستین و هەوڵدان بۆ خستنی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە بۆ ناو خانەی ئاساییکردنەوە، کە وایان لێدەکات بچنە ناو جەنگێکی کراوە تا “نەمانی ئیسرائیل” و چەندین گوتاری تر کە لە خومەینی و خامنەییەوە ناسراون و، بۆ ئەمەش سوود وەرگیراوە لە هەڵوێستەکانی هەندێک لایەن لەناو کوتلە فەلەستینییە پەیوەندیدارەکان بە ئێران وەک “حەماس” و “جیهاد” و تەنانەت “بەرەی گەل”ی فەلەستینیش، کە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاندووە کە بە تووندی ڕەتی دەکەنەوە “هەر جۆرە چاودێرییەکی بیانی” بەسەر کەرتی غەززە و “دیاریکردنی شێوەی بەڕێوەبردنی کەرتەکە کاروبارێکی ناوخۆیی فەلەستینییە”، جەختیان لەسەر “بەردەوامیدان بە بەرگری بە هەموو شێوەکانی تا بەدەستهێنانی تەواوی مافەکانمان” کردووەتەوە بەپێی ئەوەی لە دەقی بەیاننامەکەدا هاتووە.
هەروەها حوسام بەدران، سەرکردەی “حەماس”، دووپاتی کردەوە کە “چەکداماڵینی حەماس شتێک نییە کە باسی لێوە بکرێت یان قابیلی گفتوگۆ بێت” و ئەمەش داواکارییەکی سەرەکیی ئیسرائیلە بۆ وەستاندنی جەنگ، گەرچی پڕکێشمەترین خاڵە کە تاوەکو ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە لە ڕێککەوتنی وەستاندنی جەنگی غەززەدا. هەروەها ئەم سەرکردەیەی حەماس وتی کە “بزووتنەوەکە وەڵامی هەر هێرشێکی ئیسرائیلی دەداتەوە ئەگەر جەنگ لە غەززە دەستیپێبکاتەوە”. “ترامپ” هەڕەشەی لە حووسییەکان کردبوو کە هەڵمەتە سەربازییەکانیان دژ بەوان دەستپێدەکاتەوە ئەگەر بەردەوام بن لە هێرشکردنە سەر کەشتییە گوزەرکەرەکان لە دەریای دەوروبەری یەمەن و،ەک خۆی وتی، بە شێوەیەکی خراپتر لەو هەڵمەتە ئاسمانی و دەریاییە بەرفراوانەی سوپای ئەمریکا کە لە ماوەی (15ی ئازار/مارس – 6ی ئایار/مایۆی 2025)دا لەسەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان ئەنجامیدا، کە بەپێی ڕێککەوتنێکی ئاگربەستی نەنوسراو، لاواز و ناڕوون ئەنجامدرابوو، لەکاتێکدا هێرشەکانی حووسییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل لەخۆنەگرتبوو. وادیارە “ترامپ” پێویستی بە هەڵکشانێکی نوێ لەگەڵ گرووپی حووسییەکان نابێت لە کاتێکدا هەوڵدەدات زیاتر سەرنجی بخاتە سەر جێبەجێکردنی پلانەکەی لە غەززە. و دوور نییە وەڵامدانەوەی دوا بخرێت یان پەیوەست بێت بە پەرەسەندنی ڕووداوەکان لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکاندا ئەگەر حووسییەکان ئاگربەستەکەی لەگەڵدا پێشێل بکەن بە شێوەیەک کە جێبەجێکردنی پلانەکەی تێکبدات، پلانێک کە پێشوازییەکی نیمچە جیهانی هەیە و جگە لە تاران هیچ لایەنێکی تر لاریی نارەزامەند نەبووە.
“ئایا حووسییەکان لەوەی ڕوویدا تێدەگەن؟”
پێویستە گرووپەکە، کاتێک لە شاشەکانی تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە جیهانییەکاندا وێرانکاری و کاولکارییەکانی جەنگی دڕندانەی ئیسرائیل لەسەر کەرتی غەززە دەبینن، وانەکە بە باشی تێبگەن و زۆر وانەی لێوە فێربن و، لەوانەیە ڕووبەڕووی هەمان کارەسات ببنەوە ئەگەر پێداگری بکەن لەسەر ڕۆیشتن لە هەمان ڕێگادا، ڕێگای سەرکێشی و پەلەکردن بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نایەکسان بە پاساوی یارمەتیدانی غەززە. ئەمڕۆ زۆرێک لە شارەزایان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ویلایەتە یەکگرتووەکان باسی ئەوە دەکەن کە هیچ چارەسەرێک بۆ گرووپی حووسییەکان نییە جگە لە دەستێوەردانی سەربازی و، شتێکی لەو جۆرە لەوانەیە تەنها پێویستی بە هەڵەیەک بێت کە گرووپی حووسییەکان بیکەن بۆ تێکدانی ئەو پاڵپشتییەی کە پلانی “ترامپ” سەبارەت بە غەززە دابینی کردووە، سەرباری هەرچی تێبینی و ناڕەزایەتییەکیش گەر هەیانبێت. ڕاستە ئێمە بە وردی زۆر شت نازانین دەربارەی قەبارەی ئەو وێرانکارییەی کە هێرشەکانی هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەسەر ژێرخان و باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکاندا هێناویانە و، ئایا ئەو وێرانکارییە بەو قەبارەیە یان زیاتر نزیک دەبێتەوە لەوەی لە کەرتی غەززەدا دەبینین، بەڵام بێگومان زۆر گران و زیانبەخشە و، بەسەر ڕووبەرێکی فراوان لە وڵاتدا بڵاوبووەتەوە بە پێچەوانەی کەرتی غەززەی گەمارۆدراو کە لە نزیکەی(٣٦٠کم٢)سێ سەد و شەست کیلۆمەتری چوارگۆشەدا قەتیس کراوە. هەروەها وێرانکردنی زۆربەی دامەزراوە گرنگەکان زیانێکی زۆری بە ژیانی لانیکەم حەوت ملیۆن کەس گەیاندووە کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکاندا دەژین و، ئەمەش جگە لە جیاوازیی ژمارەی قوربانییەکان لە نێوان غەززە و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی گرووپی حووسییەکاندا.
“نەبوونی ڕاگەیاندن لە یەمەن”
بێگومان ڕووماڵکردنی چڕی میدیایی لە کەرتی غەززە و بڵاوبوونەوەی چەندین تۆڕی پەیامنێران و، ڕووماڵکردنی ڕاستەوخۆ و بێ پچڕان لە ماوەی بیست و چوار مانگی جەنگدا، یارمەتیدەر بووە لە ئاشکراکردنی قەبارەی کارەساتی کەرتەکە، ئەمەش بە پێچەوانەی ئەوەی لە یەمەن ڕوویدا، کە تێیدا حووسییەکان تاریکاییەکی تووندیان خستە سەر شوێنەکان و ئەنجامەکانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ئەوەی “ئەمە خزمەت بە دوژمن نەکات”. و ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لەو هێرشانە دزەیان کردووە و لە لایەن خەڵکی ئاسایی و هەوادارەوە گیراون، هەندێکیان تووشی بەدواداچوون و دەستگیرکردن هاتوون. “ترامپ” ئاشکرای کرد کە ئێرانییەکان ئارەزووی کارکردنیان بۆ ئاشتی دەربڕیوە، بەڵام وتی کە “هێرشکردنە سەر ئێران هەنگاوێکی گرنگ بوو کە یارمەتیدەر بوو لە گەیشتن بە ڕێککەوتنەکەی غەززە”، کە ئەم وتارە لە لایەن تارانەوە بە نا-گونجاو لە قەڵەم درا و، بەو واتایە دێت کە هەڵوێستەکانی نێوان واشنتۆن و تاران هێشتا نزیک نین، بەڵکو ناکۆک و نادیارن سەبارەت بە داهاتووی غەززە و، زۆر پشکۆی ئاگر هێشتا لەژێر خۆڵەمێشدایە و لە هەر ساتێکدا دەتوانێت بڵێسە بسەێنێت. بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کە لە پلانی “ترامپ”دا وەک زۆرێک لە عەرەب و ئیسرائیلییەکان پێیان وایە، ڕێگایەکەی دەربازبوونی بە پێی پێویستی خۆی بینی بۆ ڕزگارکردنی لە قەیرانەکەی غەززە و گەڕاندنەوەی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانەی کە لای “حەماس” ماون، لە لای خۆیەوە وتی کە دوای ڕێککەوتنەکەی غەززە “ئیسرائیل هێشتا ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبێتەوە لە چەندین بەرەی تر لە ناوچەکەدا” و نەیوتووە تەنها لە لایەن ئێرانەوە، بەڵام بێگومان ئاماژەی داوە بە حووسییەکانی لایەنگر و هاوپەیمانەکانی ئێران لە یەمەن.
“ئایا یەمەن دەتوانێت بەشێک بێت لە پلانی ترامپ؟”
بەپێی ئەوەی “ترامپ” و نزیکەکانی و بەرپرسانی ئیدارەکەی دووبارەیان کردووەتەوە کە پلانی سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتاییهێنان بە جەنگ و هێنانی ئاشتیدا لە غەززە تێپەڕ دەبێت بۆ “گەشەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” یان وەک ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی “ترامپ” وتی “بۆ گۆڕینی ڕووی جیهان و مێژوو”، لێرەدا پرسیارەکە سەبارەت بە ئەو شوێنەی کە دەتوانێت هەریەک لە لوبنان و یەمەن داگیری بکەن دێتە ئاراوە، کە ئەو دوو وڵاتەن کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە جەنگەکەی غەززە لە ماوەی نزیکەی بیست و چوار مانگدا؟ ئەم بابەتە لەم حاڵەتەدا دەکەوێتە دەستی گرووپی حووسییەکان خۆیان و، ئایا هەموو ئەو گۆڕانکارییانە قبووڵ دەکەن کە ئەمریکییەکان بەڵێنیان پێداوە دوای “ڕۆژی دواتر”ی کۆتاییهاتنی ململانێکان لە غەززە؟ و ئایا دەتوانن لە ئەجێندای ململانێی ئێران لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕۆژئاوا دەرباز ببن. پێشبینی دەکرێت کە ئەم بابەتە بە هیچ شێوەیەک لە لایەن گرووپی حووسییەکانەوە مومکین یان قبووڵکراو نەبێت، چونکە گرووپەکە هێشتا پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی کە غەززە لە جەنگەکەیدا لەگەڵ ئیسرائیل “سەرکەوتوو بووە” و، گرووپەکە وازی نەهێناوە لە کۆکردنەوەی لایەنگرانی بۆ خۆپیشاندان لە گۆڕەپانی (ئەلسەبعین)، گەورەترین گۆڕەپانی پایتەختی “ڕفێنراوی” یەمەن بۆ شادمان بوون بە سەرکەوتنی غەززە و دووپاتکردنەوەی بەردەوامبوون لە پاڵپشتیکردنی “بەرگرییەکەی لە دژی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل” و،اتە هەموو ئەوەی کە ڕوویداوە و ڕوودەدات لەبەرچاوی و بە بیستنی گرووپی حووسییەکان هیچ گۆڕانکارییەک لە بیرکردنەوەکانیان نەکردووە و نایکات، بەڵکو گرووپەکە پێی وایە ئەمە پاڵپشتی و پشتگیری جەماوەری زیاتری لە ناوخۆدا بۆ دابین دەکات و پشکە سیاسییەکانی لە دەرەوە لەلای گەلانی ناوچەکە بەرز دەکاتەوە.
گرووپەکە هێشتا پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی کە غەززە لە جەنگەکەیدا لەگەڵ ئیسرائیل “سەرکەوتوو بووە” و گرووپەکە وازی نەهێناوە لە کۆکردنەوەی لایەنگرانی بۆ خۆپیشاندان لە گۆڕەپانی ئەلسەبعین. زۆرێک لە چاودێرانی پەیوەندیدار بە کاروباری یەمەن، لە نێویاندا گرووپی حووسی، پێیان وایە کە ئەوەی دووەمیان لەوانەیە هەوڵ بدات خۆی لە هەمان ئەو هەڵوێستەدا دابنێت کە ئێران هەوڵ دەدات خۆی تێدا جێگیر بکات سەبارەت بەوەی لە غەززە ڕوودەدات و، لەوانەیە ئەمە نەکات، بەڵام گرووپەکە هێشتا ژمارەی زیاتر لە چەکدارەکانی کۆدەکاتەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر بارێکی لەناکاو لە دەرەوە یان ناوخۆدا، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمەتباریان دەکات بە دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زیاتر لە کارمەندە مەدەنییەکانی و ئەوانەی ماونەتەوە لە کارمەندانی مرۆیی لای هەندێک ڕێکخراوی فریاگوزاری. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە بەردەوام داوای لە گرووپەکە کردووە کە کارمەندە دەستگیرکراوەکانی ئازاد بکات و لانیکەم ڕێگەیان پێبدات پەیوەندی بە کەسوکارەکانیانەوە بکەن، کە ئەوانیش بەردەوام داوایان لە “دەسەڵاتدارانی فەرمی” کردووە کە “خۆشەویستەکانیان لە کوڕان و کچان و هاوسەرەکانیان کە جگە لەوان کەسێکی تر بۆ خێزانەکانیان نییە ئازاد بکەن”، بەڵام حووسییەکان هیچ بایەخێک بەمە نادەن و، هیچ ناوێکی دەستگیرکراو یان زیندان و شوێنی دەستگیرکردنەکان کە تێیدا لە ژوورە تاریکەکاندا دەژین ئاشکرا ناکەن و، نە سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستی و مرۆیی کە تێیدا دەژین و، تەنها بە دزەپێکردنی تۆمەتەکان لە ڕێگەی لایەنگرانیانەوە سەبارەت بەوەی کە ئەو دەستگیرکراوانە سیخوڕ و بریکاری دەزگا هەواڵگرییە نێودەوڵەتییەکانن و، هەندێکیان تێوەگلاون لە ناردنی زانیاری و ئاماژەکان کە لە پێکدادانەکانی ئەم دواییەیان کە لە نێوان ئەوان و هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیلدا کراونەتە ئامانج.
سهرچاوه؛
https://www.majalla.com/node/327810/%D8%B3%D9%8A%D8%A7%D8%B3%D8%A9/%D8%AE%D8%B7%D8%A9-%D8%AA%D8%B1%D9%85%D8%A8-%D9%84%D8%BA%D8%B2%D8%A9-%D9%87%D9%84-%D8%AA%D8%A8%D8%AF%D8%AF-%D8%B0%D8%B1%D8%A7%D8%A6%D8%B9-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D9%88%D8%AB%D9%8A%D9%8A%D9%86-%D9%81%D9%8A-%D8%AA%D8%AD%D8%AF%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D8%BA%D8%B1%D8%A8%D8%9F
نووسینی؛ ئەنوەر ئەلعەنسی
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە؛ شەڤین محمد علی