ئێمه کاتێک قسه له‌سه‌ر “بانگه‌شه” ده‌که‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌م گریمانه‌یه یه‌کلا بووینه‌ته‌وه که بانگه‌شه بۆ کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک یان به‌رده‌نگه که له ناو کو‌لتوورێکی هاوبه‌ش و له‌سه‌ر خوانی کۆمه‌ڵێک به‌های هاوبه‌ش پێکه‌وه ده‌ژین. واته له گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌یه‌ک به‌ره‌وڕووین که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ده‌شێت وه‌کوو مرۆڤ تێڕوانین و ڕوانگه‌ی جیاواز و دژ به یه‌کیان بۆ ڕووداو و دیارده‌کان هه‌بێت، به‌ڵام له‌ناو بازنه‌یه‌کی هاوبه‌ش له به‌ها و نۆرم و نه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقیدا ده‌ژین. ئه‌گه‌رچی ناکرێت به‌وردی ڕه‌چه‌له‌کی زۆرێک له چه‌مکه‌کان دیاری بکرێت به‌ڵام چه‌مکی “بانگه‌شه”ش یه‌کێک له‌و چه‌مکانه‌یه که له جیهانی مۆدێرن و له ناو هاوکێشه‌یه‌کی دیموکراسییانه و ڕکابه‌رانه‌ی مۆدێرنی سیاسی‌دا له دایکبووه. ڕه‌نگه ئه‌م چه‌مکه مۆدێرنه بتوانین گرێ بده‌ینه‌وه به چه‌مکه نه‌ریتییه‌کانی “داوه‌تکردن”، “ئامۆژگاری و نه‌سیحه‌ت کردن”، “ڕێنوێنی کردن” و یان کۆمه‌ڵێک هاوتا و ده‌سته‌واژه‌ی هاوشێوه‌وه، ده‌لاله‌تی ئه‌م چه‌مکانه زیاتر یه‌کلایه‌نه‌یه و جۆرێک له سه‌پاندن یان با بڵێین باڵاده‌ستیی (له لایه‌نێکه‌وه به سه‌ر لایه‌ن یان لایه‌نانی دیکه بۆ نموونه له باوکه‌وه بۆ کوڕ، له براوه بۆ کچ، له دایکه‌وه بۆ کچ، له مێرده‌وه بۆ ژن و مناڵ) تێدایه و ئه‌مه‌ش ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی جیهانی نه‌ریتی و کۆنمان بۆ زه‌ق ده‌که‌نه‌وه، که به‌شێوه‌یه‌کی پێکهاته‌مه‌ند هاوکێشه‌که به‌رده‌وام له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه جێگیر و نه‌گۆڕ خۆی ئاراسته ده‌کات. به‌ڵام چه‌مکی “بانگه‌شه” له جیهانێکی مۆدێرن دایه و زیاتر سه‌ر به ژینگه‌ی شار و فه‌زایه‌کی مه‌ده‌نیانه‌یه.
واته له بانگه‌شه‌دا به‌شێوه‌ی پێشوه‌خت بانگهێشتێک ده‌کرێت و ده‌خرێته به‌رده‌م هاووڵاتی، هاووڵاتیش ئازاد و سه‌ربه‌سته که به‌ره‌و پیری بڕوات یان نا و له‌وه‌ش گرینگتر ئازاده له‌وه‌ی که ده‌نگ به ناوه‌رۆکه‌کانی ئه‌م بانگه‌شه‌یه بدات یان نا، له‌م سۆنگه‌یه‌وه گرێدراوێتی مۆدێرنه، بانگه‌شه، دیموکراسی و هه‌ڵبژاردن و ئازادی ده‌بینینه‌وه. هاوکات په‌یوه‌ستبوونی داوه‌ت، نه‌سیحه‌ت، ئامۆژگاری نه‌ریت و به‌ها پێش مۆدێرنه‌کان و پێکهاته‌ی تووند و پته‌وی خێزانیی که لە فۆرمی دوو جەمسەردا دەیبینینەوە واتە جه‌مسه‌ری هێز و به‌ده‌سه‌ڵات له لایه‌ک و جه‌مسه‌ری به‌رهێز و بێ ده‌سه‌ڵاتیش له لایه‌کی دیکه پێکی دێنن، ده‌بینینه‌وه. واته مه‌به‌ستمه بڵێم بانگه‌شه حه‌وجێ و جه‌وهه‌ری ڕۆژگاری مۆدێرن و فه‌زای چه‌ند ده‌نگیی ڕکابه‌رانه و مه‌ده‌نییه‌ته، به‌ڵام هاوکات ده‌شێت بپرسین ئایا ده‌کرێت چه‌مکی “بانگه‌شه” هه‌ڵگری ڕۆحێکی نه‌ریتی و ئاغاسالارانه و هاوکات نومایشکاری فۆرمێکی به‌ڕواڵه‌ت نوێباو بێت و ده‌مامکێکی ئه‌وڕۆییانه و مۆدێرنی هه‌بێت؟ واته بانگه‌شه ببێت به ئامرازێکی ده‌مامکدار و داماڵراو له جه‌وهه‌ری مۆدیڕن بۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی به‌ها کۆنباوه‌کانی وه‌کوو نه‌سیحه‌ت، ئامۆژگاری و ده‌سته‌واژه هاوتا و هاوشانه‌کانی؟
به‌دڵنیاییه‌وه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره به‌ڵێ یه. ئه‌م جۆره ئیشکردنه به ده‌سته‌واژه مۆدێرنه‌کان له وڵات یان پێکهات و ڕێکخراو و حیزب و مۆدێرن و نامۆدێرنه‌کاندا به‌داخه‌وه بووه به میتۆدێکی باو و جێگیر، واته چ ئه‌و پێکهاته، حیزب بزانێت یان نه‌زانێت ئه‌و خه‌ریکه له ناو که‌شێکی ده‌روون-گوتاری و ناوه‌کییانه‌ی نه‌ریتیدا ده‌ژی، واته پێکهاته‌یه‌کی نه‌ریتی له فۆرمێکی مۆدێرندا بۆ ئێمه ده‌رده‌که‌وێت، بۆ نموونه هه‌موو ئه‌و بینایانه‌ی که به شێوازی مۆدێرن یان ته‌نانه‌ت پۆست مۆدێرن له وڵاتانی عه‌ره‌بی یان تورکیا یان ئێران دروست کراون ته‌عبیر له ڕوانین یان ئەگەر گشتی‌تر بیڵێین سیسته‌مێکی سیاسیی، ئه‌خلاقی، کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری نوێ و مۆدێرن ناکه‌ن، بینای وا هه‌یه له تاران له بیناکانی نیۆیۆرک و واشنتۆن ده‌چێت، به‌ڵام شوێنی لێپرسینه‌وه و لێپیچینه‌وه‌ن به کاتی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست، له کوردستانیش هاوکێشه‌که به‌ده‌ر نییه له‌مه، ئه‌گه‌رچی کورد به‌م هه‌موو بێ ماڵ و حاڵی و کاره‌سات و کۆچ و بێده‌وڵه‌تییه‌وه تاکوو ئێسته خراپی نه‌هێناوه و من نائومێدانه چاو له ڕه‌وته‌که ناکه‌م به‌ڵام هاوکات باوه‌ڕیشم وایه ده‌بێت ڕه‌خنەی پێکهاته‌یی و بنه‌مایی له‌و شێوازه‌ی دامه‌زراندن و ڕێکخراوه‌مه‌ندیی بکرێت که نه ته‌واو مۆدێرنه و نه ته‌واویش نامۆدێرن، په‌یوه‌ست به بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و ئه‌و شێوازه‌ی ئیش‌کردن به فۆرمێکی مۆدێرن، به‌ڵام به نه‌فسێکی خێڵه‌کییه‌وه، ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه زیاتر میسداقییه‌ت په‌یدا ده‌کات. بۆ نموونه ئەگەر لێدوانه‌کانی سه‌رۆک یان جێگر یان بەگشتی نوێنەر و دەمڕاستی لایەنێک پڕ بن له وشه‌ی نەرێتی و خیتابی تووندئاژۆ و تێخوڕین و ئامۆژگاریکردن (کوڕم وا نا، دەبێ وا بکەین ئاوایان لێ بێت) و ئیهانه و له‌م بابه‌تانه و هاوکاتیش ئیده‌عای ئه‌وه‌ی هەبێت کۆتایی به سیسته‌مێکی نابەرهەمهێن و سواو دەهێنن، چ خۆی بزانێت و چ نەزانێت لە ناو ئاوەها گوتارێکدا دەژی و بیر دەکاتەوە کە خەریکی دژی دەوەستێتەوە، لە ڕووی گوتارناسییەوە هەر زاراوە و زمانێک تەعبیر لە ناوەڕۆکی بیرکردنەوە و هزری ئەو گوتارە دەکات، پرسیارە ڕوونکەرەوەکە لێرەدا ئەمەیە تۆ چۆناوچۆن دەتوانی دژی گەندەڵی بوەستیتەوە کاتێک تاکتیکی بانگەشەکەت لە میکانیزمی “در‌و” و “فریودان” پێڕەوی دەکات.
بابەتەکە تەنها پێچ و پەنایەکی بچووکی تێدایە ئەوەیش ئەمەیە بێژەری گوتار یان بانگەشەکەر یان دەمڕاست، دەیەوێت درۆ یان بەڵێنی ئەستەم و جێبەجێنەکراو بەو ڕاستییە پێناسە بکات کە هێشتا لێرە نییە و لە داهاتوودا بڕیارە بەدیبێت، ڕەنگە تا ئێرە کێشە نەبێت، بەڵام کێشەکە لێرەوە دەست پێ دەکات واتە کاتێک بەڵێنی بەجێنەهاتوو و درۆ. دەمامکیان لا دەچێت و دەبن بە بەشێک لە گەندەڵی و پێچ و پەنا بچووکەکە ئیتر نامێنێت، سیستەمی بانگەشەکەر تایەت بڵێت درۆمان کرد دەڵێت نەکرا، یان ناکرێت یان بە درۆیەکی دیکە پاساوی نابەڵێنییەکەیان دەدەنەوە و دەڵێن کردوومانە بەپێی ئامار و فڵان و فیسار پرۆژە، بەڵام ژیانی سیاسی و ژینگەی مەدەنی و ئابووری خەڵک لە زۆربەی وڵاتانی ڕٶژهەڵاتی ناوین لە ناو ئەم جۆرە یارییەدا دەژی، واتە یاریی تاکتیکی ناڕاستی ڕاکێشان بۆ دەنگدان و دەنگدانی هومێدەوارانەی بێهومێدکراو، ئەم پرۆسە و بازنە بەتاڵە وای کردووە باوەڕ بە دەنگدان زۆر لاواز و کاڵ ببێتەوە، هومێد بە گۆڕان نەمێنێت و هیوا بە دواڕۆژ هەتا دێت کەم بێتەوە، ئەمەش ئەو درزە گەورەیەیە کە لە دەرگای خەونی ماڵە بچووکەکەی دیموکراسی دەکەوێت لەم وڵاتانەدا، بابەتەکە بە زمانێکی ڕوونتر و قووڵتر ئەمەیە کە بانگەشە و هەڵبژاردن له ڕووی پێکهاته‌ی ئیش‌کردن و خۆفه‌رزکردن و ئه‌و خیتابه لێخوڕانه‌یه‌وه، خۆسه‌پێنی له ئاستێک‌دا زۆر زه‌ق و تووندئاژۆدا خۆی به‌رجه‌سته ده‌کاتەوە، ئه‌م نومایشه به‌ڕواڵه‌ت مۆدێرنه، ئیسته‌یج، ئه‌ندامان، جه‌ماوه‌ر به دروشمه‌وه، مایک و بڵندگۆی گه‌وره و که‌شێکی کراوه و هتد. فۆرم و ڕواڵه‌ته مۆدێرنه‌که‌ن، که خیتاب و میتۆدی ئیسته‌ندئاپ یان شۆکارانه‌ی لێدوانده‌ر، قیڕاندن و پێفێرمێنسی جه‌سته و له‌ش و ده‌ست و قاچ، هه‌ڵبه‌ت نه له فۆرمه سیاسییه‌که‌یدا به‌ڵکوو له فۆرمه نومایشی و هونه‌رییه‌که‌یدا.
به‌ڵام ناوه‌رۆک و ئامانج و لێدوان به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئاره‌زوو و خواسته‌کانی یه‌ک که‌س یان یه‌ک لایه‌ن ده‌بێت و، ئه‌مه ئه‌و دژوازییه‌یه‌یه که ئێمه ده‌باته لێواری خه‌ره‌نده‌که‌وه، من ناڵێم ئه‌م حاڵه‌ته ته‌نها په‌یوه‌سته به‌م حیزب یان ئەو حیزبەوە بەڵکوو باسم لەوەیە پێکهاتەی کۆمەڵگا و ئیرادە سیاسییەکەی ئاوەها تایبەتمەندیی و فۆرمێکی هەیە. ئه‌مه‌شم وه‌کوو نموونه هێنایه‌وه تاکوو بڵێم کێشه‌که‌ی ئێمه پێکهاته‌ییه واته له‌سه‌ر بنه‌مای دوو کۆڵه‌که یان جه‌مسه‌ری له‌مێژینه‌وه له باتی داروپه‌ردووی کۆن، ئاسن ده‌که‌ین به داره‌ڕا به‌ڵام ماڵه‌که و خانووه‌که هه‌ر ئه‌وه‌ی پێشووه و بگره ناله‌بارتریش بووه‌ته‌وه، بۆیه وا باشتره ئێمه قۆناغانی ئاواهیی ته‌نها له سۆنگه‌ی حیزبییه‌وه نه‌بینین و به ڕوانگه‌یه‌کی تێکه‌ڵه له سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵناسی و فه‌لسه‌فه‌وه قه‌یرانی پێکهاته‌یی کۆمه‌ڵگا و دامه‌زراوه‌کانمان بناسین و بیکه‌ین به هه‌وێنی تێڕامانی ڕۆشنبیرانه و توێژینه‌وه‌ی زانکۆکانمان، به‌ڵکوو به‌م شێوازه له‌مپه‌ره‌کانی به‌رده‌م مۆدێرنه‌یه‌کی مه‌ده‌نیانه‌ی سیاسی نه‌هێڵین و به ڕوانگه‌یه‌کی نامۆدێرن له بیری به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی پاڵه‌وانی دێرهاتوو و دره‌نگ له‌دایکبوو نه‌که‌ینه‌وه و تێبگه‌ین ئه‌وه‌ی گریگه تێڕوانینی ئێمه بۆ وڵات، خاک و نیشتمان و په‌روه‌رده‌یه نه‌ک بۆ دروشم و وێنای وه‌همی و نه‌خشه‌کێشیی ماوه‌به‌سه‌رچوو له پاڵه‌وانانێک که ئیتر مه‌جالی ژیانیان له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێسته نابێت مه‌گه‌ر به‌ڕاستیی پاڵه‌وانی له‌خۆبوردووی و فیداکاریی بۆ خاک و نیشتمان و زمان بن هاوشێوه‌ی گیڤاراکان، به‌ڵام گیڤاراش مرد و دوا به‌ره‌ی ئه‌فسانه‌یی پاڵه‌وانه سیاسییه‌کانیش ڕۆشتن، و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه پلان و به‌رنامه و بوێریی جێبه‌جێکردنه، که لانیکه‌م پاڵه‌وانه‌کان بۆ ماوه‌یه‌کی کاتیی به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه و ئێمه‌ش ده‌توانین له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی که کۆمه‌ڵگایه‌کی له حاڵی گه‌شه و مۆێڕنه‌بوونداین به ڕیتم و زایه‌ڵه‌ی یاده‌وه‌رییه کۆنه‌کان پێگه‌ی پاڵه‌وانیان بۆ دابنێین، به‌ڵام ڕه‌مزی و به‌پێی شایسته‌یی و لێهاتووییان،