و:- بێلایه‌نی.
زۆر گرنگه كه تیمی چاودێری، هه‌وڵەكانی بخاتەگەڕ بۆ دڵنیابوون لە بێلایه‌نی سه‌رجه‌م چالاكییه‌كانی خۆی. تیمەكە و یەك بەیەكی ئه‌ندامان، پێویستە ئاگادار بن كه ئه‌وه‌ی دێتە به‌رچاو هێنده‌ی خودی واقیع جێی بایەخە، گرنگه ئه‌وان له هه‌موو دۆخێك‌دا لای خه‌ڵك، هه‌ر به بێلایه‌ن بناسرێن. ئه‌گه‌ر بێلایه‌نبوونی تیمەكە له‌هه‌ر قۆناغێكدا بچێته ژێر پرسیاره‌وه، ئه‌وا متمانه‌ی دەستكەوتەكان و راپۆرته‌كانیش ده‌چنە ژێر پرسیار. له ناوچەكانی ژێرچاودێری “رێكخراوی ئاسایش و هاریكاریی ئه‌وروپا” و چاودێرە نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ئه‌ندامی “رێكخراوی ئاسایش و هاریكاریی ئه‌وروپا/ ئۆفیسی دامەزراوە دیموكراسییەكان و مافی مرۆڤ”، پێویستە بە كۆمەڵێك پره‌نسیپی ره‌فتاری یاخود پرۆگرامی رەفتارییەوە پابەند بن. په‌یڕەویی له‌م پره‌نسیپانه له‌لایه‌ن چاودێرانی هه‌رێمایەتییەوە كارێكی ناچاری نییه، به‌ڵام ئه‌وان ده‌توانن ئەم پره‌نسیپانه وه‌ك خاڵی ده‌ستپێك بۆ ناساندنی پرەنسیپەكانی خۆیان بەكاربهێنن. له هه‌ندێ له وڵاتاندا، به‌رپرسانی هه‌ڵبژاردن له ڕوانگه‌ی یاساییه‌وه ئەركی سەرشانیانە كۆمەڵێك پره‌نسیپی رەفتاری بە چاودێران بناسێنن، به‌ڵام ئه‌مه نابێ ببێته‌مایه‌ی له‌ناوچوونی مافی بنەڕەتی چاودێران بۆ چاودێریی و ئە‌نجامەكەی بۆ باشتركردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بێت.
“پرەنسپە ئاكارییەكان بۆ چاودێرانی نێودەوڵەتی هەڵبژاردن (ODIHR)[1]“
– چاودێران بەتەواوەتی بنەمای بێلایەنی لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی خۆیاندا لەبەرچاو دەگرن، لە هیچ كاتێكدا دەمارگیری یاخود پێشخستنێكی تایبەت لە پەیوەندییەكانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی وڵات، پارتەكان، كاندیدەكان یاخود مەسەلە جێناكۆكەكان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا ئەنجام نادەن.
– چاودێران خۆیان دەپارێزن لە دەربڕینی هەر بۆچوونێكی خودی یاخود پێشوەخت بۆ میدیاكان یاخود كەسانیتر سەبارەت بە چالاكییەكانیان بۆ چاودێری، لە بنەڕەتدا بەپێدانی زانیاری گشتی لەبارەی ناوەرۆكی چالاكییەكانی هەڵبژاردن كۆتایی پێدێنن.
– چاودێران هەموو ئەنجامێك بەپێی دیكۆمێنت و بەڵگەنامەی ڕاستەقینەو پشتڕاستكراوە دەخەنەڕوو، فۆرمەكانی تاوتوێی ئاماری دەنگدانی تایبەت بە بنكەكانی دەنگدانی ژێرچاودێری خۆیان پڕدەكەنەوە.
– چاودێران لەكاتی پێویستدا لەڕێگەی فاكس یاخود تەلەفۆنەوە بەشداری لە ئامادەكردنی ڕاپۆرتەكانی دوای رۆژی هەڵبژاردندا دەكەن.
– چاودێران كارتی ناسنامەی دەوڵەتی میواندار (واتا كە ئەو دەوڵەتەی هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام دراوە-و) یاخود كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بەكاردەهێنن، لەكاتی داواكردندا كارتی ناسنامەكانیان پیشانی لایەنی بەرپرس دەدەن.
– چاودێران خۆیان دەپارێزن لە لكاندن یاخود هەڵگرتنی هەرجۆرە نیشانەیەك، ڕەنگێك یاخود پلاكاردێك كە ئاماژە بێت بۆ گروپێكی تایبەت.
– چاودێران ئەركەكانی خۆیان بەجۆرێك ئەنجام دەدەن كە نەبێتە بارگرانی بۆ كەسانیتر، دەستوەرنادەن لە پرۆسەی هەڵبژاردن، چالاكییەكانی رۆژی راپرسی یاخود هەژماری دەنگەكان.
– چاودێران دەشێ بیانەوێ سەرنجی بەرپرسانی ناوچەكە ڕابكێشن بۆ هەڵەكانی هەڵبژاردن، بەڵام هەرگیز نابێ ڕێكار بۆ بەرپرسانی هەڵبژاردن بخەنەڕوو یاخود سەرپێچی لە بڕیارەكانیان بكرێت.
– چاودێران دەبێ پەیڕەویی لە یاسا و بڕیارەكانی وڵات بكەن.
“كۆمەڵێك پرەنسیپی تر بۆ چاودێری هەن”
– سازدانی دیدار بەپێی دەرفەت لەگەڵ زۆرترین كەسدا بۆنمونە لەگەڵ چین و توێژێكی فراوانی نێو پارتە سیاسییەكان. چاودێران هەرگیز نابێ پانتایی دیدارەكانیان بۆ حیزبێك لەنێو دەسەڵاتدا یاخود بۆ حیزبێكی سەرەكی ئۆپۆزسیۆن سنووردار بكەن. بەم شێوەیە لەو وڵاتانەی كە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی فرەحیزبی تێدایە، پێویستە چاودێران دیدار و سەردانیان لەگەڵ ئەندامانی گروپانەدا هەبێت كە ئاراستەی سیاسی‌یان جۆراوجۆرە.
– بەشداریی نەكردن لە ململانێكانی هەڵبژاردندا، ئامادەبوونیشیان هەر بۆ مەبەستی چاودێری ڕێگە پێدراوە.
– بەشداریی نەكردن لەو چالاكییانەی كە لەوانەیە ببێتەمایەی دەستوەردان لە بەرژەوەندییەكان. ئەم مەسەلەیە بەتایبەتی بۆ چالاكییە بازرگانییەكان دروستە، بەڵام دەشێ كۆمەڵێك چالاكی پیشەیی لە ڕابردوو یاخود ئێستاش بگرێتەوە كە مەسەلەی ڕۆڵی تاكەكەس لە هەڵبژاردندا دووچاری ئاڵۆزی دەكاتەوە[2].
– جیاوازی لەنێوان ئەوەدا بكرێت كە خودی چاو‌دێر بینیویەتی لەگەڵ ئەو شتانەی لەلایەن كەسانیترەوە بۆی دەگێڕنەوە.
– پاراستنی هاوسەنگی لە ڕاپۆرتدا، بەجۆرێك ڕاپۆرتەكە هەم خاڵە ئەرێنی و پێشڤەچوونەكان لەخۆبگرێت، هەم هەڵە یاخود پێشێلكارییەكان.
– چۆنییەتی مامەڵە لەگەڵ زانیاریی هەستیاردا كە بەشێوەیەكی نهێنی دەخرێتە بەردەم چاودێران، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی كە ئەگەری فڕاندن یاخود تووندوتیژی تێدابێت.
– جیاكاری لەنێوان ئەو هەڵانەی كە ڕەنگە بەهۆی بێ ئەزموونی و نەزانینی بەرپرسان لە ئاست یاساكاندا بێت نەك بەنییەتی خراپ و بۆ دروستكردنی كێشەی بەئانقەست لە ڕاستی و دروستی هەڵبژاردنەكاندا.
ز:- ده‌ستنیشانكردنی متمانه.
چاودێرانی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی به‌گشتی پابەندن بە ئەوەی كە لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردندا داوای دیاریكردنی متمانه بكه‌ن. بەخشینی متمانە (ناسنامەی متمانەدار) بە ژماره‌یه‌كی زۆر له چاودێران، دەشێ بە كارێكی زۆر سه‌خت دابنرێت، ئه‌مه‌ش ئه‌ركی تیمەكانی چاودێریی هه‌رێمایه‌تییه كه په‌یڕه‌ویی له ئه‌ركه چەسپێنراوەكانی نێو یاساكان، یاخود فرمانەكانی به‌ڕێوه‌بەرایەتی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن. “بەشی به‌ڕێوه‌بردنی جێبه‌جێكاریی و فێركاری” پێویستە له‌وه دڵنیا بێت كه سەرجەم به‌ڵگه‌نامه پێویسته‌كان له‌كاتی دیاریكراودا بە به‌رپرسان دەدرێت تا ده‌ركردنی بەڵگەی باوەڕپێكراو و ناسنامە دوانه‌كه‌وێت. دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ به‌رپرسان، ده‌توانێ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئاسانكاری پرۆسه‌ی دیاریكردنی متمانه‌دا هه‌بێت.
سەرچاوە:
[1]– (ODIHR) كورتكراوەی ناوی ئۆفیسی دامەزراوە دیموكراسییەكان و مافی مرۆڤە (Office for Democratic Institutions and Human Rights).
[2]-بۆنمونە ئەگەر هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز لە وڵاتەكەدا هەبێت، چاودێران و رێكخراوە مەدەنییەكان نابێ خەڵك لە پرۆسەی دەنگدان پەشسمان بكەنەوە (وەرگێڕ).
ئامادەکردن: ڕێكخراوی ئاسایش و هاریكاریی له ئه‌وروپا
وەرگێڕانی: د.كارزان محەمەد