“خەریکە لە سەروەری و باڵادەستی سەربازی ڕۆژئاوا کەم دەبێتەوە و لە هەمان کاتدا هەڕەشەی نوێ بۆ هەڕەشەکانی پێشوو زیاد دەکرێت”
پلاندانەرانی بەرگری هەمیشە دەڵێن؛ ئامانجیان دروستکردنی هێزێکە کە نەرم و نیان سیفەت بێت و توانای خۆگونجاندنی هەبێت و گونجاو بێت. چونکە دەزانن پێشبینیکردنی جووڵە و هەنگاوی داهاتوو لە شەڕ- و لە ئەنجامدا جۆری هێزی شەڕکەر کە پێویستیان دەبێت چەندە قورس و ئەستەمە. ئەوان ناچارن پەنا بۆ پێشبینیکردن ببەن، بەڵام ئەگەر زۆر یان زیاد لە ڕادە پشت بە پێشبینییەک یان گریمانەیەک ببەستن و دواتر هەڵە دەربچێت، ئەنجامەکەی دەکرێت کارەساتێکی نیشتمانی و مرۆیی لێ بکەوێتەوە. کاتێک بیر لە شەڕ دەکەینەوە، ئەستەمە تەنانەت پێشبینی دە ساڵی دواتر بکەین، چ جای چەند دەیەیەک دواتر. پشکنینێک بۆ دۆسیەیی “دۆناڵد ڕامسفێڵد” و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەریدەخات کە پێشبینی و پلانەکانی بەرگری چەندە خێرا دەتوانن بە هەڵەدا بچن. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠١ کە “ڕامسفێڵد” بۆ جاری دووەم بوو بە وەزیری بەرگری ئەمریکا، دەستی بە چاکسازی بەرفراوان کرد لە پنتاگۆن. لە ڕوانگەی “ڕامسفێڵد”ەوە، بەرپرسانی باڵای سەربازی ئەمریکا هێشتا بە شێوازی نۆستالژیکەوە بەدوای پاراستنی ئەو توانا سەربازییانەی کە لە سەردەمی جەنگی سارددا پێویست بوون و هەروەها کێبڕکێ لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتدا دەگەڕان.
“ڕامسفێڵد” ڕایگەیاند کە دەیەوێت لە عەقیدە یا دوکتورینێک دوور بکەوێتەوە کە داوای بڵاوکردنەوەی بەربڵاوی هێزی زەمینی و ئامێری قورس – هەزاران تانک، تۆپخانە، فڕۆکەی جەنگی و پاشەکەوتی لۆجستیکی بێکۆتایی دەکات- و لەبری ئەوە لایەنگری هێزی سووکتر و نەرمتر بێت کە دەتوانرێت بە خێرایی بۆ ناوچە پێویستەکان بڵاوەی پێ بکرێتەوە و بتوانێت نوێترین تەکنەلۆژیای پەیوەندییەکان بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی بە خێرایی دەست بەسەر سەنگەرەکانی شەڕدا بگرێت. پێدەچێت بیرۆکەیەکی سەرنجڕاکێش بێت، بەڵام لەو کاتەدا کەس پێشبینی هێرشەکانی ١١ی ئەیلولی ٢٠٠١ و وەڵامدانەوەی ئەمریکای بۆ ئەم هێرشانە نەکردبوو. ئەوەی جێگای سەرنجە توێژەران بیرۆکەی چاکسازیی “ڕامسفێڵد” بە یەکێک لەو هۆکارانە دەزانن کە ئەمریکا لە دوای لەشکرکێشی بۆ سەر ئێراق توشی داتەپین و گیرخواردن بوویەوە. ئەگەر لە ساڵی ٢٠٠١ بە “ڕامسفێڵد”ت بووتایەکە ئەمریکا لە ماوەی یەک دەیەی داهاتوودا نزیکەی یەک تریلیۆن و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار لە دوو شەڕی زەمینی گەورەدا خەرج دەکات، ئەوا پێی وابوو تۆ شێت بوویتە. بێگومان لەم ساڵانەی دواییدا پلاندانەرانی جەنگی ئەمریکا و بەریتانیا لە ناوچەکەدا – بە تایبەت لە ئەفغانستاندا – سیاسەتێکی دوولایەنەیان پەیڕەو کردووە:- ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئاڵۆز دژی یاخیبووان، لە هەمان کاتدا وەبەرهێنان لە مەشق و ڕاهێنانی خەڵکی مەدەنی و زیادکردنی توانا مەدەنییەکانی وڵات. ئێستا پرسیارێک دێتە پێشەوە:- ئایا ئەگەری ئەوە هەیە کە لە چەند ساڵی داهاتوودا شاهیدی هەڵمەتێکی دیکەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بین؟
وەڵامەکە نەخێرە. ڕەنگە کێشەی دەوڵەتە لاواز و شکستخواردووەکان و تیرۆریزمی ڕادیکاڵ بۆ چەندین ساڵی داهاتوو لەگەڵمان بێت؛ بەڵام تێچووی سەرسوڕهێنەری شەڕەکانی ئێراق و ئەفغانستان و دەرئەنجامە نادیارەکانیان وای لێکردووین کە نزیکە دڵنیابین لەوەی کە سەرکردەکانی ڕۆژئاوا هەموو هەوڵێکیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر لەم کارە دوور بکەونەوە. بە واتایەکی تر دەتوانین نزیکەی دڵنیا بین لەوەی کە داهاتوو وەک ئێستا نابێت. هەرچەندە ئەوەیش پێشبینی نەکراوە. ستراتژیستە سەڕبازییەکانی ڕۆژئاوا پێیان وایە لە ماوەی چل ساڵی داهاتوودا بە بەڕاورد به هەمان قۆناغی سەدەی بیستەم، مان و بوونی جیهانی ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی هیچ هەڕەشەیەکی جددی نابێتەوە. ئەوپەڕی وێرانکاری و کوشتاری دوو جەنگی جیهانی و کۆتایی هاتنی ڕکابەرییە ئەتۆمییە مەترسیدارەکەی نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت، ئەگەری شەڕی بێ مەرجی نێوان زلهێزەکانی کەمکردۆتەوە (هەرچەندە ئەم شەڕە دووریش نیە کە ڕووبدات) و ئەم کاڵبوونەوە و کەمبوونەوەیە لە ئەگەری شەڕی نێوان زلهێزەکان لەدوای لەدایکبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرنەوە بێ وێنەیە. لە ڕاستیدا ژمارەی کوژراوان بەهۆی هەموو جۆرەکانی شەڕەوە لە ماوەی نیو سەدەدا لە ساڵی ١٩٤٦ تا ٢٠٠٦ بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
هێڵکاری١. ئەوەی کەمتر کوشندەیە
بەڵام پرس و بابەتەکە ئەوەندەش سادە نییە. هەواڵە ناخۆشەکە ئەوەیە کە پلاندانەرانی بەرگری ڕووبەڕووی نادڵنیایی زیاتر دەبنەوە سەبارەت بە شەڕەکانی داهاتوو:- ئێمە ڕووبەڕووی چ جۆرە شەڕێک دەبینەوە، هەڕەشەکان لە کوێوە دێن و وەڵامی ئەو پرسیارە چارەنووسسازە کە گەشەسەندنی خێرا و پێشبینی نەکراوی تەکنەلۆژیا بۆ دۆست و دوژمن چی دەگەیەنێت. بەڵام سەرەڕای پێشبینینەکردنی دۆخەکە- ئەگەری ڕوودانی ڕووداوێکی بە قەبارەی١١ی سێپتەمبەر هەر لەم مانگەی داهاتووەدا بە هیچ شێوەیەک بە دوور نازانرێت و نییە- پلاندانەرانی بەرگری ناچارن بڕیارێک بدەن کە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر شێوەی شەڕەکان بۆ چوار دەیەی داهاتوو دەبێت. یەکێک لە نموونە هەرە گرنگەکان لەم بوارەدا باسکردنە لە پەرەپێدانی ئامێرە سەربازییەکان:- چەند کات دەخایەنێت بۆ پەرەپێدانی سیستەمێکی نوێی چەک و تا کەی لە سەر ئەم جۆرە سیستەم دا دەمێنێتەوە؟ باشتر وایە نموونەی بەرنامەی Joint Strike Fighter III وەربگرین کە بە گرانترین پرۆگرامی بەرگری-پیشەسازی دادەنرێت لە مێژوودا و بەگوێرەی ڕاپۆرتی پێنتاگۆن١.٣ ترلیۆن دۆلاری تێدەچێت. لە میانەی ئەم بەرنامەیەدا کەشتی ئاسمانی ئەمریکا، بەریتانیا، تورکیا، ئیتاڵیا، ئوسترالیا، هۆڵەندا و هاوپەیمانەکانیان بە فڕۆکەی جەنگی و هێرشبەری ئاسمانی نوێ و باشترکراو و پیشکەوتوودا دەگۆڕدرێن. یەکێک لەو فڕۆکە شەڕکەرانە فڕۆکەی ئێف ٣٥یە کە بە فڕۆکەیەکی جەنگی فرە ڕۆڵ دادەنرێت و توانای ئەنجامدانی چەندین ئەرکی سەربازیی هەیە (ئاسمان بۆ زەوی و ئاسمان بۆ ئاسمان). فڕۆکەی ئێف ٣٥ لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆتە پایەی سەرەکی هێزی ئاسمانی ئەمریکا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوایی و لانی کەم تا ساڵی ٢٠٦٥ ئەم پێگەیە دەپارێزێت. هەرچەندە ژمارەیەکی کەم لە شرۆڤەکاران گومانیان لە باڵادەستی ئەم فڕۆکە جەنگییە هەیە کە خاوەنی نەرمەکاڵا و کۆمەڵێک هەستەوەری زۆر ئاڵۆزە کە ڕێگەی پێدەدات هەر ئەرکێک ئەنجام بدات، بەڵام ڕەخنەگران پێیان وایە بە پێچەوانەی خەمڵاندنە سەرەتاییەکانەوە، ئەم فڕۆکە جەنگییە بەرهەمهێنانی زۆر گرانە؛ هەروەها مەودای کارکردنی ٦٠٠ میل (٩٦٥ کیلۆمەتر)ە، کە دەتوانێت بنکە زەمینییەکانی بە ئاسانی بۆ هێرشکردنە سەریان واڵا بهێڵێتەوە و لە بەردەست بن.
ڕەخنەگران دەڵێن؛ بەهۆی گۆڕانکاری لە سروشتی شەڕەکان و جۆری ئەو دوژمنانەی ڕووبەڕووی ئەمریکا دەبێتەوە، هێزی ئاسمانی لەبری F-35 پێویستی بە فڕۆکەی هێرشبەری مەودای دوورتر هەیە، ئەمەش مانای وایە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (یان درۆن) گونجاوترە. پێنتاگۆن لە ٢٠١٥ بەم لاوە بڕیار بووە کە زیاتر لە ٢٤٠٠ فڕۆکەی جۆری F-35 بکڕێت. کاتێک پارەی پێویستت هەبێت دەتوانیت هەرچیت بوێت بیکڕیت، بەڵام کاتێک بودجەی سەربازی کەمتر و سنووردارتر دەبێتەوە، تەنانەت نازانیت کە ئایا وەبەرهێنان و کڕینی پێشکەوتووترین فڕۆکەی جەنگی فرە ڕۆڵی جیهان کارێکی دروستە یان نا. بە هەر حاڵ لە چەند ساڵی داهاتوودا ڕوون دەبێتەوە کە ئایا ئەم کڕینە زۆر لۆژیکی بووە یان زۆر گەمژانە. خۆشبەختانە تێگەیشتن لەو خاڵە هەستیار و مەترسیدارانەی کە دەتوانن ئاگری شەڕ خۆش کەن و ببنە هۆکاری هەڵگیرسانیدا، ڕەنگە ئاسانترین بەشی سەرگەرمییەکە و ڕووداوەکەدا بێت. بۆ ساڵانی داهاتوو، مرۆڤەکان لەسەر ئەو شتانە شەڕ دەکەن کە پێشتریش شەڕیان لەسەر کردووە:- سەرچاوە، خاک، خێڵ، ئایین، ئایدۆلۆژیا و گرژی و تێنەگەیشتنەکانی دیکە کە لە کێبڕکێی نێوان وڵاتانەوە سەریان هەڵداوە. هەواڵە ناخۆشەکە ئەوەیە کە ئەگەری زۆرە ئەم هۆکارانە بە شێوازی جیاوازتر لە ئەمڕۆ و ئەم سەردەمەدا یەکبگرن و دەستبخەنە دەست یەکتری و ئەمەش ئەرکی پێشبینیکردن قورستر دەکات. لە ماوەی چل ساڵی داهاتوودا ژمارەی دانیشتوانی جیهان لە ٧ ملیارەکەی ئێستاوە بۆ ٩ ملیار کەس دەگۆڕێت و کاریگەرییەکانی گەرمبوونی جیهان زیاتر دەردەکەون و کێبڕکێ لەسەر سەرچاوەکان و ئەو ناسەقامگیرییە کۆمەڵایەتییەی کە دەبێتە هۆی، توندتر و سەخت تر دەبێت. کۆمەڵێک پسپۆڕی وزە لە مێژە هۆشدارییان لەبارەی کۆتایی هاتنی سەرچاوە نەوتییەکان داوە، بەڵام دۆزینەوەی یەدەگی نوێ و شێوازی نوێ بۆ دەرهێنانی نەوت لە ژێر دەریاوە، و پێشکەوتن و هەرزانکردنی شێوازەکانی دەرهێنانی نەوت و گاز لە بەردە شیلەکانی نەوت، گومانیان خستۆتە سەر ئەم پێشبینیانە. بەڵام بارودۆخی سیاسی پێشبینینەکراوی ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت (نەک تەنها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)، مەترسی و تەحەددای بەردەوام ڕێڕەوی نەوتی کەنداوی بەرامبەر بە ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان و هەروەها کێبڕکێی نێوان زلهێزەکان لەسەر یەدەگی وزەی جەمسەری باکوور، هیچ بوارێک بۆ گەشبینی بۆ نەوت ناهێڵنەوە.
بێگومان لە ساڵانی پێش ساڵی ٢٠٥٠دا، پێدەچێت نەوت گەورەترین هۆکاری شەڕەکانی پەیوەست و پەیوەندیدار بە مادەی خاو نەبێت. لە ساڵانی داهاتوودا ئەم کۆمەڵە گرژییە هۆکاری جیاوازی دەبێت. یەکێک لەو هۆکارانە ئاوە. ئاو تا ئێستاش بە توخمێکی جەوهەری ژیانی مرۆڤ دادەنرێت؛ بەڵام گەرمبوونی جیهان، شێوازە کشتوکاڵییە کۆنەکان و زیادبوونی فشاری دانیشتووان بێگومان دەبێتە هۆی کەمیی زیاتریدا. یەمەن کە لە ساڵانی ڕابردوودا تووشی ناکۆکی و ململانێ و توندوتیژی بووە، پێدەچێت یەکەم وڵات بێت کە بەڕاستی ئاوەکەی لە تەواوبووندا بێت. پاکستانی ناسەقامگیر و خاوەن چەکی ئەتۆمی کە لەگەڵ زیادەڕۆیی لە ژمارەی دانیشتووان و بوونی تیرۆریزمدا دەجەنگێت، سەردەمانێک پشتی بە ڕووباری بەهێزی سێند بەستبوو بۆ ئەوەی پیشەسازییەکانی کەتان و برنج لە وڵاتەکەدا بە زیندووی بهێڵێتەوە، بەڵام ئێستا سێند بەزەحمەت خۆی دەگەیەنێتە دەریا. ئاو یەکێکە لە گرنگترین بەربەستەکانی بەردەم ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا:- بەبێ یەدەگی ئاوی ژێرزەوی کەناری ڕۆژئاوا و دەستڕاگەیشتن بە ئاوەکانی ڕووباری ئوردن، داگیرکەرانی خاکەکانی فەلەستین دەبێت هەوڵی گۆڕینی شێوازی ژیانیان بدەن، پرۆسەی ئاشتیش ڕووبەڕووی بەربەستێکی گەورەی وەک کەمی ئاو دەبێتەوە. تەنانەت کەمی ئاو دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر گەشەی ئابووری چین هەبێت و سیاسەتی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیست شەڕانگێزتر و هێرشبەرانەتر بکات. کەمی ئاو و گەرمبوونی هەوا لە ساڵانی داهاتوودا دەبنە هۆکاری سەرەکی کۆچ و کۆچکڕەوی گەورە بن، کە هەریەکەیان دەتوانێت بە پێکدادان و شەڕی چەکداری کۆتایی پێبێت:- لایەکی ئەم شەڕەدا ئەوانەن کە دەیانەوێت بگەنە وڵاتێکی باشتر و کۆچ بکەن، وە لایەکی دیکەش ئەوانەن کە دەیانەوێت ڕێگری لەم گروپەدا بکەن.
پێناچێت ناکۆکی لە بارەی ئەرز یا خاک لە چوار دەیەی داهاتوودا شەڕی گەورەی لێبکەوێتەوە، بەڵام پێدەچێت بە گریمانەی زۆر ئەم جۆرە گرژییانە شەڕی بچووکی لێبکەوێتەوە. هەروەک لە شەڕی فۆڵکلاند لە نێوان بەریتانیا و ئەرجەنتین لە ساڵی ١٩٨٢دا دەرکەوت کە ناڕەزایەتییە کۆنەکان، کاتێک لەگەڵ بێباکی سەربازی و هەلپەرستی (یان بێهیوایی) تێکەڵ دەکرێن، دەتوانن لە چاوەڕواننەکراوترین بارودۆخ و شوێنەکاندا شەڕیان لێبکەوێتەوە و ببنە هۆی شەڕدا.
هێڵکاری ٢. چین خەریکە چەکدار و پڕچەک دەبێت
بێگومان کشمیر و فەلەستینی داگیرکراو لە سەدەی بیست و یەکەمدا مەترسیدارترین شوێنە گەرمەکان دەبن، بەڵام ناوچەی لاواز و مەترسیداری دیکەش هەن. لەگەڵ فراوانترکردنی توانای سەربازیی و زیادبوونی متمانە و دڵنیایی وڵاتی چین ، تایوان دەبێتە یەکێک لە گرنگترین نیگەرانییەکانی پلاندانەرانی سەربازی ئەمریکا. چەندین گرژیی لە سەر خاک و ئەرز لە نێوان چین و دراوسێکانیدا لەسەر چەند دوورگەیەک لە ڕۆژئاوای زەریای هێمن هەیە و ئەمانە لە هەر ساتێکدا دەتوانن مەترسیان لێ بکەوێتەوە و بتەقێنەوە.
“شەڕە ئاینییەکان-مەزهەبییەکان”
ئەگەر سەدەی بیستەم سەدەی شەڕی ئایدیۆلۆژی بووبێت، ئەوا پێدەچێت سەدەی بیست و یەکەم ژمارەیەکی زۆر لە شەڕەکان بە بیانووی ئایینیەوە سەرهەڵبدەن. سەرەڕای ئەو هیوایانەی کە بەهاری عەرەبی لە ساڵی ٢٠١١دا وروژاندی، توندڕەوی بەردەوامە لە ململانێ درێژخایەنەکەی لەگەڵ بەهاکانی ڕۆژئاوا دا و بێمەیلی و دوودڵی ڕۆژئاوا بۆ دووبارەکردنەوەی ئەزموونی ئەفغانستان و تێکدانی دوکتۆرینی دەستێوەردانی لیبڕاڵ، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ژمارەی دەوڵەتە لاواز و شکستخواردووەکان لە ناوچەکەدا زیاد دەکات و هەروەها هۆکارەیشە بۆ فراوانتربوونی بژاردە بەردەستەکان بۆ تۆڕە تیرۆریستییەکاندا. ئەگەر پاکستانی موسڵمان و هیندستانی زۆرینە هیندۆس نەتوانن ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکی لەسەر کشمیر- کە هەم ناکۆکییەکی خاکییە و هەم ناکۆکییەکی ئایینییە- ئەوا هێرشە تیرۆریستییە ورد و بەربڵاوەکانی ئێستا، بەتایبەتی دژی هیندییەکان فراوانتر بێت و پەرەبسێنێت و لەوانەیە بگاتە قۆناغێک کە لە لایەن هیندۆسەکانەوە توانای بەرگەگرتن نەمێنیت. ململانێیەکی لەو شێوەیە دەتوانێت ببێتە هۆی یەکەم شەڕی جیهان لە نێوان دوو زلهێزی ئەتۆمی و ڕەنگە یەکەم ئاڵوگۆڕی ئەتۆمی بێت. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا عەرەبەکان دەگەنە ئەو بڕوایەی کە ئەمریکا ناتوانێت هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو بێت و لەگەڵ کەمبوونەوەی کاریگەرییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، ڕەنگە بگەنە ئەو ئەنجامەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا، بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی تاکە ڕێگەی مانەوە بێت.
“هاوسەنگی ناهاوسەنگ؛ کات لە بەرژەوەندی ئەمەریکا نییە”
لە ساڵی ٢٠١١دا، دامەزراوەی بیرکردنەوەی ئەمریکی ڕاند کۆرپ، ڕەوتە سەربازییە سەرەکییەکانی دەیەکانی پێش ساڵی ٢٠٥٠ی تاوتوێ کرد کە زۆرر خێراتر و بە خێرایی ڕوودەدەن و دەگۆڕین و ڕوونیکردەوە کە چۆن ئەم ڕەوتانە دەبێتە هۆی ئەوەی سوپای ئەمریکا شکست بهێنێت لە مۆدێرنیزاسیۆن خۆمۆدێرنکردن وهەروەها نەتوانێت کە ڕووبەڕووی قەیران ببێتەوە. یەکەمینی ئەم ڕەوتانە، گۆڕانی تەکنەلۆژی و ئامرازەکانی دەستڕاگەیشتن پێیەتی کە دەتوانێت تەحەدای باڵادەستی سەربازی ڕۆژئاوا بکات. لەوەتەی خەڵکی جیهان بیری دێتەوە، ئەمریکا لە بواری تەکنەلۆژیا لە هەر چوار قەڵەمڕەو و دۆمەینی سەربازی (وشکانی، دەریا، ئاسمان و بۆشایی ئاسمان) بە شێوەیەکی بەرچاو لە پێش ئەوانی دیکەوە بووە. بەڵام ئەو ڕەوتە لە گۆڕاندایە. پەیوەندییە ئینتەرنێتییەکان و نەرمەکاڵای کۆدکردن و کۆدینگ لەسەر بنەمای دەق و لە سەر دەق، مووشەک و هاوەنی هەرزان کە لە دوورەوە ڕێنمایی دەکرێن، سیستەمی بەرگری ئاسمانی سووک و گەورە، چەکی دژە مانگی دەستکرد، موشەکی دژە کەشتی و موشەکی بالیستیکی مەودای دوور و وردی زۆر کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان هەیە، هەموویان توانای سەربازیی نەیارانی ئەگەری ئەمریکا دەگۆڕن؛ چین کە وردە وردە دەبێتە ڕکابەرێکی یەکسان بۆ ئەمریکا، هەموو ئەو توانایانەی پێشتر باسمان کرد و توانای نوێی زیاد دەکات. لەبیرت نەچێت مووشەکەکانی ئێران کە هەندێک جار تەنها چەند سەد دۆلارێک تێدەچێت، ئیسرائیلییەکان ناچار دەکەن ملیۆنان دۆلار بۆ قەڵغانی بەرگری مووشەکی خەرج بکەن. یان گروپە میلیشیاکان کە نوێنەرایەتی هەندێ وڵات دەکەن لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکادا.
جگە لەوەش، سەرهەڵدانی فەزای سایبێری و ئەلیکترۆنی وەک دۆمەینی پێنجەمی سەربازی ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت. شەڕی ئەلیکترۆنی لە ڕووی تەکنیکییەوە دەسەڵات دەدات بە دەوڵەتان و( ئەکتەرە غەیرە دەوڵەتییەکان)کە لاوازن بەڵام، لە ڕووی سەربازییەوە بە توانا و لێهاتوو و کارامە بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یاریزانە گەورەکان. ئەوەی دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات ئەوەیە کە لە ئێستادا دۆزینەوەی ڕەگ و ڕیشە و سەرچاوەی هەر هێرشێک ئاسان نییە، ئەمەش بەو مانایەیە کە وەڵامدانەوەی گونجاو یان ڕێگریکردن لە هێرشەکانی داهاتوو کارێکی سادە نابێت. ژێرخانی سەربازی و مەدەنی تا ئێستا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی هێرشە ئەلیکترۆنیەکانەوە واتە هێرشە سایبێرییەکانەوە.
“جەنگی ڕۆبۆت؟”
چۆن سەربازەکان دەتوانن بە سەرچاوەی کەمتر ئەرکەکانی دژە یاخیبوون بە ئەنجام بگەیەنن و جێبەجێبکەن، پرسێکی ئاڵۆزی داهاتوو دەبێت. بە پشتبەستن بە مۆدێلی ئێستا- کە زۆر دوور نییە لەوەی کە “ڕامسفێڵد” پێشنیاری کردووە- هێزە تایبەتەکان کە بەیەکەوە وەک تۆڕن و پاڵپشتی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی پڕچەک و ڕاهێنەرانیان هەیە و لە هەوڵی پەرەپێدانی تواناکانی هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان دەدەن تەواوکەری یەکترن. بەڵام ئەگەر ئەم مۆدێلە شکستی هێنا- کە ئەزموونەکان دەریخستووە ئەگەری زۆرە- ئەو کاتە بەرپرسانی سەربازی ناچار دەبن هەڵبژاردنێکی قورس بکەن:- یان پێویستە پەنا بۆ شێوازە کۆنەکان ببەن، وەک پاکسازی تەواوی ناوچەکە بە سوپایەکی گەورەوە، یان سوود لە تەکنەلۆژیا نوێیەکان (وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) وەربگرن. بە هەر حاڵ داواکاری بۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڵۆزتر کە وەک “چاو و گوێ”ی سەربازی کار دەکەن و دەرفەتە زوو تێپەڕەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکان بقۆزنەوە، ئەوەندە گەشە دەکات کە تا ساڵی ٢٠٥٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان جێگەی فڕۆکە سەربازییە ئاساییەکان دەگرێتەوە لە زۆربەی ئەرکەکاندا. ئەم پشتبەستنە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەشێکە لە ڕەوتێکی فراوانتر بەرەو ڕۆبۆتیزەکردنی شەڕ.
“کۆتایی ناتۆ”
ئەگەر ئەمریکا تا ساڵی ٢٠٥٠ باڵادەستی سەربازی خۆی لەدەست بدات، بەتایبەتی بەهۆی پەرەسەندنی هەژموونی ناوچەیی چین، ستراتیژیستەکانی ئەمریکا هەوڵدەدەن سیستەمی هاوپەیمانی فەرمی کە لە سەردەمی شەڕی سارد و سەردەمی هاوسەنگی هێزی سەربازی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتدا هەبووە، زیندوو بکەنەوە. بەڵام ئەو هاوپەیمانییانەی لە ساڵی ٢٠٥٠دا زۆر گرنگ دەبن لە ئەوروپادا نابێت، بەڵکو لە زەریای هیندستانەوە تا ڕۆژئاوای زەریای هێمن درێژدەبێتەوە. ئایا ئەم هاوپەیمانییە نوێیە لە ناتۆ دەچێت- کە پێدەچێت تا ئەو ساڵە وەک هاوپەیمانییەکی بەرگریی یەکگرتوو هەڵبوەشێتەوە- ئەوە بەندە بەوەوە کە چین پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانی و ئەمریکادا چۆن ڕێکدەخات و بەڕێوە دەبات:- ئایا بەردەوام دەبێت لە هەمان شێوازی کێبڕکێی ئابووری و هاوکاری، یاریکردن بە شێوەیەکی نزیک لە چوارچێوەی سیستەمی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای یاساکان، یان بڵاوبوونەوەی گرژییە ناوخۆییەکان دەیکاتە وڵاتێکی ناخۆش و ڕکابەرێکی شەڕانگێز.
“بۆمبی ئەتۆمی”
تا ساڵی ٢٠٥٠ سەرەڕای دڵەڕاوکێی درکپێکراوی پلاندانەرانی سەربازی ئەمریکا بۆ چین و ترس لە شەڕی ئەلیکترۆنی، پێدەچێت گەورەترین مەترسی لەسەر مرۆڤایەتی لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمدا هەمان مەترسی بێت کە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا بوو:- بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی. لە ماوەی ساڵانی درێژخایەنی جەنگی سارددا، ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت فێربوون چۆن پەیوەندییە کێبڕکێکارەکانیان ڕێکبخەن و هەرچەندە زیاتر لە جارێک لە شەڕ نزیکبوونەوە، بەڵام وردە وردە توانیان هاوسەنگی تیرۆر ترس بپارێزن و بە ئاراستەیەکدا ڕۆیشتن کە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی (چ بەڕێکەوت بێت یان بە پلان) کەمتر بوویەوە. وڵاتانی تازە دەستکەوتوو بە بۆمبی ئەتۆمیدا ئەزموونی لەو شێوەیەیان نییە و زۆرینەیان ئەو “فەزای ستراتیژییە”ی نێوان ڕووسیا و ئەمریکایان نییە کە بەهۆی دووری جوگرافیای ئەوانەوە دروست بووە. ئەو فەزا ستراتیجییەی لە نێوان ڕووسیا و ئەمریکادا دروستبوو، فاکتەری دیکەی هەبوو، ئەویش ترسی هێرشی پێچەوانە بوو لە دیوەکەی ترەوە:- زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە بەم دواییە بوونەتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، ناتوانن وەڵامی هێرشی ئەتۆمی بە هێرشێکی ئەتۆمی بدەن، چونکە جبەخانەکانیان بچووکە و سیستەمی هەڵدانی بەهێزیان نیە (وەک ژێردەریایی). ئەمەش بەو مانایەیە کە لە ماوەی ٥٠ ساڵی داهاتوودا ئەگەری شەڕی ئەتۆمی لە نێوان ئەو وڵاتانەی کە جبەخانەی ئەتۆمی بچووکیان هەیە و دراوسێکانی کە پێشبینینەکراو و جێی متمانە نین، زیاترە لە ئەگەری شەڕی ئەتۆمی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا.
دەکرێ بڵێین ئەگەری شەڕی ئەتۆمی لە نێوان دوو زلهێز کە بتوانن زەوی لەناوبەرن بەرەو کەمبوونەوە دەچێت و لەبری ئەوە ئەگەری شەڕی ئەتۆمی ناوچەیی کە بتوانێت ملیۆنان کەسیش بکوژێت و کاریگەریی کارەساتباری ژینگەیی و ئابووری کورتماوەدا بە دوای خۆیدا بێنێت زیاتر دەبێت (مەگەر ئەوەی کە ڕێڕەوی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی خاو بێتەوە یا بوەستێت و پێچەوانە بێتەوە). سی ساڵی داهاتوو دیاری دەکات کە ئایا جیهان ئامادەیە لەگەڵ زیادبوونی مەترسییەکانی چەکی ئەتۆمیدا بژیت (کە ڕۆژێک دێت بە دڵنیاییەوە بەکاردەهێنرێت) یان ئایا مەترسییەکەی ئەوەندە بە قورس دەزانێت کە ئامادەیە هەر شتێک بکات بۆ کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکە.
پوختکراوەی وتار و نووسینەکانی وەزیری بەرگری و دیپلۆماسی
(گۆڤاری ئیکۆنۆمیست:- ماتیۆ سیمۆندز)