شێرمەن بەشێوەیەکی دانەبڕاو کەوتووەتە ناو بازنەی بێدەنگی لێکرانی ژنەوە؛ بێدەنگییەک کە دەسەڵاتی ژنانی ڕەت کردووەتەوە. ئەوەی لە درێژدەدا دەیخوێننەوە وەرگێڕانی وتارێکە لە ژێر ناوی PHENOMENA: The Image of Theory or A Foreclosure of Dialectical Reasoning? نووسینی Nadine Lemmon کە لە ساڵی ١٩٩٣ بۆ ١٩٩٤ لە گۆڤاری Wayne State University Press بڵاو کراوەتەوە. هۆکاری ئەوەی کە من ئەو سەردێڕەی سەرەوەم هەڵبژارد ئەمەیە کە سیندی شێرمەن و بەرهەمەکانی گرنگییەکی زۆریان لە هونەر و ئەندێشەی پاش مۆدێرن هەیە، بەڵام نووسین و کتێبی کەم لەبارەی خۆی و بەرهەمەکانی هەن. بۆیە ئەم وتارەتان پێشکەش دەکرێت. لە دەیەی ٨٠ واتە ئەوکاتەی کە مۆدێلە تیۆریکەکان خەریکی گەشەپەیداکرن بۆ گەیشن و پەرژانە سەر بابەتگەلی ئاڵۆز بوون کە بەهۆی كولتووری پاش مۆدێرنەوە خرابوویە ڕوو، بەرهەمەکانی سیندی شێرمەن لە لایەن تیۆریداڕێژەرانەوە وەکوو مانیفێستێکی وێنەیی دیسیپلینە تیۆریکەکان پەسند کران. لەگەڵ ئەمەشدا، لە لێکدانەوەیەکی وردتردا، ئەم تیۆرییە لە حاڵی گەشەیە زۆرتر بە ئاراستەی سڕینەوەی بەڵگاندنی دیالیکتیکی و کاڵکردنەوە پرسیاری گرنگی ئیشی شێرمەن بوو لەبارەی گەڵاڵەکردنی مژار و پرسەکانی.
ئەگەرچی شێرمەن زیاتر وەکوو هونەرمەندێکی “پاش مۆدێرن” دەناسرێت، بەڵام لە لایەک خواستە مۆدێرنەکانی ئیشەکەی ئەو لەگەڵ داماوی ڕەخنەگران لە ئاست ناڕوونی ئیشەکانی شێرمەن، نازناوی “پاش مۆدێرن”-ی تارادەیەک تووشی گیروگرفت کردووە. تیۆرەی پاش مۆدێرن لایەنگری لەناوبردنی پێکهاتەکانی دەسەڵاتە کە لە کۆمەڵگای سەرمایەداریی دوواییدایە، بەڵام کارەکانی شێرمەن بەشێوەیەکی یەکپارچە و بە سەرکەوتوویی لە ستراتیژییە بازرگانییەکانی دەیەی ٨٠دا دەجووڵێتەوە. کۆنترۆڵکردنی هاوبەشی کۆمپانیاکان، مۆزەخانەکان و هەروەها کۆنترۆڵی بازاڕی گەلەرییەکان نموونەی ئاوەها میتۆدێکن. لەگەڵ ئەوەی کە بەرهەمەکانی شێرمەن دەتوانێت وەکوو ئالنگارییەک بۆ بازاڕی هونەر و هەروەها وەکوو بەرهەمێکی داهێنەرانەی شیاوی پێشکەشکردن لە بازاڕدا ببینرێت، بەڵام سنووری نێوان ڕەخنەی پاش مۆدێرن لە بازار و هەلی پێشکەشکردن بۆ بازاڕ، لاواز بۆتەوە. لە حاڵێکدا ڕەخنەگرانی کارەکەی شێرمەن ڕەتکردنەوەی وێرانکەرانەی ڕەهاگەرێتی لە “سیندییەکی ڕاستەقینە”-یان ستایش دەکرد، بەڵام مانای کارەکەی ئەو بە چەمکی ڕوخساری دیار و ناوداری “سیندی”-یەوە گرێ دراوە. ڕەخنەگران تێکڕا، ڕەتی دەکەنەوە کە شێرمەن “پێکهاتەشکێن” نەبێت، پێکهاتەشکێنییەک کە وەکوو هونەرمەندێکی هەڵکەوتەی سەربەخۆ ئوستوورەی لێ چێ دەبێت.
لە ئاستێکدا وا دێتە بەرچاو کە کاری شێرمەن بەشێوەیەکی وێرانکەرانە پەیوەندی پەیدا دەکات بە هونەری ئاست خوار کە بە هۆی وێنە و فیلمی پلەی B ەوە دەناسرێتەوە. کەچی لە ئاستێکی دیکەدا، کارەکەی ئەو وەکوو ئایدیالێکی مۆدێرن لە هونەری ئاستبەرزدا ئوستوورەی لێ دروست دەکرێت. لە حاڵەتێکی تردا کە جێی نیگەرانییە، دەبێت لەسەر ئەم خاڵە فۆکۆس بکرێت کە شێرمەن وەکوو فیمینیستێکی تێکدەر کە بەشێوەیەکی دیار لە هەمبەر پرسە پەیوەندیدارەکان بە جەستەی ژنەوە وەستاوەتەوە، پێناسە کراوە. ئەمە دۆخە جێی مشتومڕە، دۆخێک کە پێویست ناکات بە وێنەکان و وتووێژەکانی شێرمەن پشتڕاست بکرێتەوە. ئەوەی سەبارەت بەم دۆخەوە زۆر ڕوون و ئاشکرایە ئەمەیە: دەرخەری مەیلی ڕەخنەگرانە بۆ نموونەیەکی وێنەیی لە تیۆرییەکانیان. ئەو بەشە بژاردانەی کە لە درێژەدا دێن بژاردەیەک لە کۆمەڵە وتارەکانی من لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٣ بۆ ١٩٩٤ لە Discourse، Perspektif و San Francisco camerawork کە دەپەرژێتە سەر بەکارهێنانی مەترسیداری وێنەکانی شیرمەن بۆ پشتگیریی لە تیرۆییە پاش مۆدێرنە وێنەییەکان.
“تیۆریی چاوتێبڕین”
تیۆریی چاوتێبڕین (gaze) بە ئەگەری زۆرەوە گرینگترین مژاری پەیوەندیدارە لەگەڵ کارەکانی شێرمەن. بەدڵنیاییەوە ئەو تیۆرییە لەوانیتر زیاتر جێی باس وخواسە. ڕەخنەگران بیر و ڕای زۆر جیاوازیان لەم بارەیەوە هەیە کە ئایا شێرمەن “شێوەکان-ی بینین”-ی سەرکوتکەرانە دووپات دەکاتەوە یان لەناوی دەبات؟ زۆرێک لە ڕەخنەگران پێیان وایە کاتێک ژێست دەگرێت و فۆتۆی خۆی دەگرێت، لە ژێر کۆنترۆڵی وێنەی خۆی دایە. بەپێی ئەو شتەی “لیزا فیلیپس” لە کاتالوگ ویتنی دەیڵێت:- چونکە شێرمەن هەم بکەر و هەم مژاری ئەم چیرۆکانەیە، هەم ئەکتەر و هەم دەرهێنەرە، هەم وێنە و هەم داهێنەری وێنەیە؛ هەربۆیە کۆنترۆڵی ئەو حاڵەتە بزۆزەی کە ئارەزوو ڕێک دەخات، دەگرێتە دەست. ئەو لە حاڵێکدا کە بینەر ناچار دەکات دۆخی خۆی بناسێتەوە، “چاوتێبڕین” لە سەرجەستەی خۆیەوە بەرەو دووبارە نواندنی خۆی دەبات. هەر لەم کاتالۆگەدا Peter Schjeldahl دژی ئەو بۆچوونە دەوەستێت: “وەکوو پیاوێک، منیش ئەم وێنانەم بە هەست بزوێن، فریودەرانە و تەنانەت هەندێ جاری ئاڵۆشاوی بینی: کاتێ سەیری ژنی قژزێڕینی ناو شاری شەو دەکەم دووبارە عاشق دەبم. من لەهەمبەر بەهرەی شێرمەن و زۆرێک لە ژنانیتر کە لە ڕێگەی لە وێناکاری خەسارهەڵگری ژنانە، کە لە ڕێگەی هەڵخڕاندنی ئارەزووە پیاوانەکان بەباری لەهۆش خۆچوون یان پشتگیریکردن دان، بەرپرسیارم. بەڵام ئەمە چوارچێوەیە کە بە ئاسایشی پڕخرۆشەوە هەل بۆ دەرکەوتنی وەڵامەکەی من دەڕەخسێنێت.”
بیروڕاکانی Schjeldahl کە تەماشاکەرێکی سێکسی لەگەڵ ئارەزووی شاراوە(ی پیاوانە) بۆ زاڵبوون و سوڵتە تێکەڵ دەکات (قژزێڕینی ئاشکرا، خەسارهەڵگریی ژنانە، لەهۆش خۆچوون، پشتگیریکردن) پیشان دەدات کە ڕەنگە شێرمەن نەتوانێت ئاراستەی نیگای چاوتێبڕانەی پیاو بگۆڕێت بەڵام دەبێتە هۆی وروژانی. mira Schor یەکێک لە ڕەخنەگرانی شێرمەن، تەواو دژی بۆچوونەکانی Philipsە بە نیسبەت نیگای چاوتێبڕانە. ئەو باوەڕی وایە: نواندنەوە نەرێنییەکانی شێرمەن بەشێوەیەکی نیگەرانکەر هاوشێوەی ئەو ڕێچکەیەن کە پیاوان بە شێوەی نەریتی ژنانی پێ ئەزموون دەکەن یان لە زەینی خۆیاندا ژنانی پێ وێنا دەکەن. واتە کامێرای شێرمەن پیاوە. وا دێتە بەرچاو کە تەنز و پارۆدی ئەم “لاساییە دووفاقییە” double mimesis کلیلەکانی کردنەوەی دەرگای کاری شێرمەنن وەکوو بەرهەمی ڕەخنەگرانە. چۆن دەتوانین لە نێوان “لاسایی دووفاقییانە”ی پڕتەوس و سەرکوتکارانە و دووپاتبوونەوەیدا جیاوازیی دابنرێت؟ لە کاری شێرمەندا بینەر لە دیاریکردنی ئەم جیاوازییە بە تەنها و دەستەوەتان دەمێنێتەوە. هەر وەک Martha Rosler بیرمان دەخاتەوە، تەنز بۆ هەمووان لەبەردەست نییە. لاساییکردنەوە mimesis بۆ کەسانێک کە پێوەندییەکی پێشووتری ڕەخنەگرانەیان لەگەڵ بابەتەکە نییە، نوسخەیەکی ڕێوێڵکەر و لادەرە لە نوسخەی سەرکییەکەی واتە وەکوو کاڵایەکی نوێ هەژمار دەکرێت.
هەندێک لە ڕەخنەگران سنوورەکانی تیۆرییان بۆ بەوێنەکردنی شێرمەن وەکوو پێشکەوتنخوازێک پەرە پێ داوە. Craig Owens بە ئاماژە بە وێنەکانی فیلمەکەی سیندی، دان بەمەدا دەنێت کە “بینەری گریمانکراوی ئەم کارە بەشێوەی بەردەوام پیاوە” بەڵام باوەڕی وایە کاری شێرمەن، ئارەزووی پیاو (بە شێوەی دیاریکراو، حەزیی پیاوانە بۆ هەبوونی ژن لە بازنەی شوناسێکی جێگیر و نەگۆڕ) ڕەت دەکاتەوە چونکە شێرمەن نەک شوناسێک، بەڵکوو شوناسی زۆر دێنێتە کایە. لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت بگوترێت تەقریبەن هەموو ئەو شوناسانەی کە شێرمەن دروستیان دەکات، دەگەڕێتەوە سەر ئەو کڵێشە و ڕۆتینە ئامادانە لە ژن کە لە خزمەت بەدیهێنانی حەزی پیاوان دایە. هەر بۆیە لەم ڕووەوە ڕەنگە شێرمەن بۆ سەلماندنی خۆی، بەدیهێنەری خواستە پیاوانەکان بێت. Judith Williamson ئاماژە بەوە دەکات کە بینەر بۆ خوێندنەوەی نەرێنی لە وێنەکانی شێرمەن تاوانبارە:- “بە شێوەیەک ئەو وێنە دروستکراوەی شێرمەن لە ژن بێتاوانە؛ ئێوە ژنێتی بە ئاسانی لەڕێگەی زانستی کۆمەڵایەتی و كولتوورییەوە دەستەبەر دەکەن.” ویلیامسۆن ئاماژە دەکات بە کاردانەوەی سەردانیکەرێک کە شێرمەنی بەهۆی پیشاندانی ژنان وەکوو ئۆبژە و ئامرازە سێکسییەکان، دایە بەر ڕەخنە و وەها دەڵێت: “دڵنیا بووم کە تووڕەیی ئەو پیاوە، دەبێت بگەڕێتەوە بۆ هەستی بەشداریی خۆیەوە، شێوە و ڕێگایەک کە ئەو وێنانە نەک تەنها لەگەڵ ئەم پیاوە، بەڵکوو لە زاری ئەوەوە قسە دەکەن. و ئەو پیاوە شێرمەنی بەهۆی ئەو هەستە سەرزەنشت کرد؛ هەستێک کە هەڵاواردنی ڕەگەزیی ئەو پیاوە بەرەو لای شێرمەن ڕادەکێشێت. ئەم بابەتە ئەگەرچی باسێکی ختۆکەدەرە، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەو بەرپرسیارێتییەی کە هەر بەرهەمهێنەریک لە هەمبەر بەرهەمی کانسێپچوالی خۆی هەیەتی کەم دەکاتەوە.”
وا دەردەکەوێت ویلیامسۆن باوەڕی وایە کە ئەگەرچی هونەرمەندێک لەو نیشانانەی کە پڕ لەو مانا دروستکراوانەن لە پانتای گشتیدا کەڵک وەردەگرێت، بەڵام ئەمە وەرگرە کە بەزۆری بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی واتا دا. ئایا شێرمەن بەستێنی دیدار، بەردەنگی دیاریکراو و ئامانجگیراو و گرینگتر لەمانەش، نزیکی و لێکدانی نیشانەکان کۆنترۆڵ ناکات؟ ئایا شێرمەن و بەرهەمەکانی بێگوناهن؟
“شێوازی ئەستوونی دەسەڵات-سوڵتە”
Rosalind Krauss کاتێک لەبارەی کۆبەرهەمە ئاسۆییەکانی شێرمەن قسە دەکات، لەسەر باسێک لەبارەی بتسازییە ئەستوونییەکان لەنگەر دەگرێت. ئەو ئاماژە بە بەکارهێنانە دەرنووشیکارانەکان لە خوازە ئەستوونییەکان “ئەندامی نێرینەی پیاوان، تەلیسم، قۆناغی ئاوێنەیی ژاک لاکانی” و هەروەها پەیوەندیی مێژوویی و وێنەیی (دیداری)ی هونەر لەسەر ئەستوونیبوون “نیگارە هەڵواسراوەکان بە چوارچێوەیەکی ئەستوونی و بەرجەوەنێک کە لە حاڵەتێکی ڕاوەستاودا دەکێشرێتەوە” دەکات. Krauss دەڵێت کە شێرمەن، وەکوو جاکسۆن پۆلاک، ئەم ئەستوونیبوونە لەڕێگەی گۆشەنیگای بەرەو خواری کامێراوە لە وێنەکانی خۆیدا تێک دەدات. بەڵێ، گۆشەنیگا دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئاگامان لە شێوازی ئاسۆیی هەبێت، بەڵام سەرباری ئەمەش لەسەر شێوازی ئەستوونی(دەسەڵات-هێژمونی)ی بینەر لە پەیوەندیی لەگەڵ لاوازیی ڕواڵەتیی ژنێک کە بە شێوەی ئەستوونی چەمیوەتەوە، پێداگریی دەکات (شێرمەن). ئەمە دەریدەخات کە Krauss بە سەختی ئاماژە پۆرنییەکانی ئەم وێنانە وەردەگرێت. تیۆری وای کردووە کە کراس بە زیرەکییەوە کۆمەڵێک پرسی گرینگ کە لە لایەن ئەم کۆمەڵەیەوە دەخرێتە ڕوو، پەردەپۆش بکات. Michael Brenson وەها نەتیجە وەردەگرێت کە “پەیکەرەکانی شێرمەن لە شێوازی پۆرنۆگرافییە ناسیاوەکاندا، ئاگایی و دەربڕینێکی سۆزدارانەیان هەیە کە دەبێتە هۆی ئەوەی وەکوو ئامرازە سێکسییەکان لێیان تێنەگەین. لەگەڵ ئەمەشدا ئەم ئاگاییە یان ئەم دەربڕینە هەست و سۆزدارانەیە چۆن درک دەکرێن؟ بە ڕوونی دەکرێت بڵێین هەر دەرئەنجامگیرییەکی دژبەرانە دەتوانێت لە پێکهاتەی سیمبولیکی جووڵە و حاڵەتەکانی سیمای ژن و لە ڕێگەی تەکنیکە وێنەییە بەکارهاتووەکانەوە، هاتبێت. هەربۆیە دەبێت ئەم وێنایە لە دۆخی مەعریفیی بینەرەوە سەرچاوە بگرێت. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە ئەم وێنانە لە لایەن ژنێکەوە(کە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە پەیوەست بووە بە پێکهاتەشکێنییەوە) دروست بوون و ئەمەی کە ئەم وێنانە لە بەستێنێکی جیهانیی لە چوارچێوەی هونەردا(کە لەڕووی مێژووییەوە پەیوەندیدارە لەگەڵ پێشکەوتن) پێشاندراون، بینەر بەئاسانی دەتوانێت ئارەزووەکانی خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پرۆژی نیگای چاوتێبڕینانە و وێنەسازیی لە “ژن وەکوو ئامرازی سێکسی” بەدی بهێنێت.
پاش ململانێ بچووکەکانی ڕەخنەی نەرێنی لەسەر”شێوازی ئاسۆیی”، شێرمەن گۆڕانکارییەکی لە کارەکەی خۆیدا بەرەو گروتسک (سەیر و سەمەرنوێنی، شێوازێک لە ئیشی هونەریدا بەتایبەتی لە ئەدەب و هونەردا کە زۆر لە “تەنزی رەش” نزیکە و) دروست کرد. ئەو دەڵێ کۆبەرهەمەکانی دواتریی خۆی، واتە وێنەکانی ئەفسانەی پەرییان fairy tale پیشان دەدەن کە “ئەم خەڵکە چەندە هەڵە بوون.” لە ڕاستیدا کۆبەرهەمی ژنان لە چیرۆکی پەرییەکان و کۆبەرهەمی مۆد، چیتر ژنی بەرکار-زیانهەڵگر نیشان نادات. بەهەر حاڵ ئەو ژنە لەگەڵ شەیتان، جادووگەر و ژنی خەسێنراوی شەڕ جیگۆڕکێی پێ کراوە؛ کە ئەوانی دیکە وەکوو “شێوەی تێڕوانین یان بینین بۆ ژنان” ساکاریان کردووەتەوە، وا دێتە بەرچاو کە بۆ Mulvey، دزێوبوونی کۆبەرهەمی ئەفسانە، شتێک لە ناوشیاری ئەودا بەرجەستە دەکات. بەڵام ناوشیاری کێ؟ ناوشیاری پیاو کە بە پێی تیۆرییە دەروونشیکارییەکان، دواجاردا نیگەرانی خەساندنە لە لایەن ژنانەوە؟ Jamey Gambrell پێی وایە: “وا دەردەکەوێت کە شێرمەن توانایی ڕیسککردنی لە سەرزەمینێکی خەیاڵیی لە سەرووی سنوورەکانی ئایدیا وەرگیراوەکان هەبێت.” لەگەڵ ئەمەشدا، ژنانی شێرمەن نزیکترن لە وێنەسازییەکی وردە لە فۆرمی کۆنەچەشنێک لە ژنانی خەساو تا وێنەسازیی لە ژنێک کە سەرووتر لە قەڵەمڕەوی “ئایدیا وەرگیراوەکان”-دا هەیە.
Norman Bryson ئاماژە دەکات بە بابەتەکانی شێرمەن لە ساڵەکانی ١٩٨٥ و ١٩٨٦ کە تیایاندا کۆمەڵێک هێمای دژە ئایدیالی ژنیەتی (کەلوپەلی میکیاجی بەکارهاتوو، جلوبەرگی دڕاو، ئەندامە گۆڕاوەکانی لەش، خوێن و ڕشانەوە) بەکار هێنابوو و هەوڵ دەدات بڵێت شێرمەن خەریکی دەستپێڕاگەیشتنە بە جەستەیەک کە لە دەرەوەی گوتاردا بوونی هەیە، واتە جەستەیەک لە قەڵەمڕەوی واقیع (لاکانی). بەهۆی ئەوەی کە واقیع، بە پێی پێناسەکەی، ناتوانرێت پیشان بدرێت، دەبێت لەڕێگەی واتاکانیتر وەکوو هیچوپووچی، بابەتی تۆقێنەر و گروتسک دەست بخرێت. Bryson پێی وایە پراکتیککەرانی سەرەکیی پاش مۆدێرنیسم؛ شێرمەن، دەیڤید لینچ، جوئێل پیتێر ویتکین هەموویان هەوڵدەدەن بە ئەم لایەنەی واقیع Real بگەن. لەگەڵ ئەمەشدا، دەبێت بگوترێت کە ئەم سێ کەسە بە شێوەیەکی جوانیناسانە جووڵاونەتەوە و هەر بۆیەش لە واقیع Real دووردەکەونەوە لەجیاتی ئەوەی لەگەڵیدا ڕووبەڕوو ببنەوە. Michael Newman دەڵێت کە لەم کۆبەرهەمەدا “لاساییکردنەوە لە شکست یان تەقینەوەدا دەردەکەوێت و هەلومەرج و سنوورداریی بۆ نواندنەوەی لاسایی لە ئانوساتێکدا دەردەکەون.” وا دێتە بەرچاو کە ئەم چەمکە زیادەبێژانەیە و دەڵێت وێنەکانی شێرمەن هێشتاش بەشیوەیەکی سیمبولیک، لێوانلێون لە دەلالتمەندییە لاساییکارانەن لە ژن و لە راستیدا پێکهاتە زمانییەکانی وێنەکانی شێرمەن نەگۆڕاون.
سەرنجڕاکێشترین خاڵی ڕوانگەی نیومەن پەیوەندیی نێوان ئەم وێنانەیە لەگەڵ تیۆریی ژولیا کریستۆڤایە لەبارەی هیچووپووچیی لە خودایانی ترسدا (the abject in Pwers of Horror). بە سادەیی؛ ئەوە هیچووپووچە کە هەڕەشەیە بۆ سەر دروستبوونی سووژە لە قەڵەمڕەوێکی سیمبولیکی گریمانەکراودا (و زۆربەی کات گەمارۆدراو) و مانای لەشێکی “خاوێن و خوازراو” دەخاتە مەترسییەوە “هەر بۆیە ئەمە کەموکوڕی لە پاکژی یان تەندروستیدا نییە کە دەبێتە هۆی هیچووپووچیی بەڵکوو تێکچوونی شوناس، سیستەم و نەزمە. ئەوەی وا سنوورەکان، دۆخەکان و یاساکان لەبەرچاو ناگرێت.” کریستوڤا هیچووپووچیی لەڕووی سیاسییەوە، وەکوو هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ ڕەفزی نەزمی سیمبولیک و بونیاتنانەوەی سووژە لە بابەتەوە دەزانێت، نیومەن بە گرێدانی شێرمەن بە کریستوڤا دەڵێت کۆبەرهەمەکانی شێرمەن دەتوانن وەکوو یەکەمین هەنگاو بەرەو تواناسازیی سیاسیی بخوێنرێتەوە؛ واتە یەکەمین هەنگاو بۆ بونیاتنانی “خود” لە دەرەوەی زمانی سنووردارکەری ژنیەتی. لەگەڵ ئەمەشدا ڕوونکردنەوەی شێرمەن لەبارەی گواستنەوەی بۆ شێوازی گروتسک زۆر لێڵ و ڕووننەکراوە: “بە پێناسە: من ئازاد کرام، چونکە تەنها دەمەویست شۆکهێنەر بم”. بە هەمان شێوە کە Peter Burger ئاماژەی دەداتێ: “هیچ شتێک کاریگەریی خۆی خێراتر لە شۆک لە کیس نادات”. بەکارهێنانی بەردەوامی شۆک وەکوو ستراتیژییەک لە دواجاردا دەبێتە هۆی شۆکی “چاوەڕوانکراو” یان شۆکی “جێگیرکراو”. دۆزینەوەی دووگیانبوونی هێزەکییانەی شێرمەن لە بابەتەکانی پەیوەست بە شوناس و هیچووپووچییدا لە بەردەم مەترسیی قوربانیبوون لەم قوربانیگایەی شۆک دان. کاری شێرمەن لە ئاستی خواست بۆ بێدەنگکردنی ڕەخنەگران، دابەزێندراو دێتەبەرچاو. ئەو دەڵێت: “ڕەخنە تەنانەت ئەگەر بەڕاستی ڕەخنەیەکی باش بێت، دەبێتە هۆی ئەوەی کە من تێبگەم ئەگەر هەموو ئەوانەی کە وا بیر دەکەنەوە دەبێت “وەها” بجووڵێیتەوە، کەواتە من کارەکەم “ئاوەها” درێژە دەدەمێ”.
لە ناو ئەم سستی و کزییەی لە ڕووبەڕووبوونەوە ڕەخنەئامێزانەکان هەڵقوڵاوە، شێرمەن بێدەنگ دەمێنێتەوە. ڕەخنەگرەکان دەزانن شێرمەن حەز ناکات لەسەر باسوخواسی پەتوەست بە کارەکانی قسەبکات ، لە حاڵێکدا کە بەرپرسیارێتی شێرمەن لەبۆ ئافراندنی واتا بەو شێوە عاشقانەیە جێگۆڕکێ پێ دەکەن. ئەنجامەکە نهێنیی بێدەنگییە وەک دەسەڵاتێکی کۆمەڵایەتی. بینەران ئارەزووەکانی خۆیان بەسەر تابلۆکاندا دەنوێننەوە و شێرمەن دەگۆڕنە سەر هەر کەسێک کە دەیەوێت هەبێت. Krauss دەڵێت:- “پێم باشە لە کاتێکدا بیر لە شێرمەن بکەمەوە کە لە حاڵی گفت و گۆدا بم لەگەڵی… لە حاڵەتی کاردانەوەدا وێنا بکەم…” ڕوون و ئاشکرایە کە ئەم ڕا و بۆچوونانە لەبارەی حەزی کراس-ە، کراس دەڵێت کە شێرمەن لەبابەتی قسەکردن، کۆمەڵێک چوارچێوەی ڕاڤە و تەفسیری چێ کردووە کە تیایاندا بەرهەمەکەی خۆی دروست دەکات. بۆ کراس، شێرمەن پێگەی خۆی لە “ئاسۆیەکی دیسکۆرسیڤ” داناوە کە لە لایەن بەرهەمەکانی دیکەوە دروست کراوە، لە لایەن ڕاڤە ڕەخنەئامێزەکان، لە لایەن “هاوڕێیان”ی شێرمەن-ەوە، باوەڕم وایە پەیوەندیداربوون لەگەڵ شتێک بە مانای پەیوەندیی دیسکۆرسیڤ نییە لەگەڵی. کراس ئەم ڕاستییە لەبەرچاو ناگرێت کە ئاسۆی دیسکۆرسیڤ، لەڕێگەی فەزای وەرگرتنیشەوە دروست دەبێت- پەیوەست بە شێرمەنەوە فەزایەکی قووڵی كولتووریی جوانیناسانە وەکوو Rizzoli and Metro Pictures کارەکەی خنکاندووە.
شێرمەن بەشێوەیەکی دانەبڕاو کەوتووەتە ناو مێژووی بێدەنگیی ژنانەوە؛ بێدەنگییەک کە دەسەڵاتی ژنانی ڕەت کردووەتەوە. چۆن دەکرێت لە نیوان بێدەنگیی سیاسیی شێرمەن و بێدەنگیی شێرمەن وەکوو دووپاتبوونەوەی ئەو مێژووی سەرکوتکردنە جیاوازی دانیین؟ خوێندنەوەی ڕەخنەگران لە بێدەنگیی سیاسیی شێرمەن، بەپێی ئەم گریمانەیەیە کە شێرمەن بەشێوەی چڕوپڕ لە بێدەنگیی مێژوویی ژنان ئاگادارە. گریمانەیەک کە لەڕێگەی وتوێژەکانی و بە ڕای من لە ڕێگەی بەرهەمەکانیشییەوە نەسەلمێنراوە. لە ئەنجامدا تیۆریی پاش مۆدێرن لە لەسەر ڕۆڵی هونەر، جوانیناسی و سیاسەت دەورێکی بنەمایی وەرگرتووە. ئەم گریمانە بەستێندار و پڕئاڵنگارییە کە لە تێگەیشتن و کێبەرکێ لەگەڵ کۆمەڵگای سەرمایەدارییدا پێویست بوونە، بە کۆمەڵێک نیشانەوە لە کارەکانی شێرمەندا ئاماژەیان دەدرێتێ: دروستبوونی شوناس، چاوتێبڕین، كولتووری گشتی، جێندەر و دەسدرێژییە سێکسییەکان و…ئەگەرچی ئەم نیشانانە ( یان کڵێشانە) لە کاری شێرمەندا، بەڕادەیەک لێڵە کە بوونەتە دالێکی سەرگەردانی واتایی بە جۆرێک کە دەکرێت بەپێی ئارەزووی بینەر بیچم وەرگرن و پێویستییەکی حەتمی بە ئالنگاریی لەگەڵ تێبینیی ئایدۆلۆژی و سیاسییەکانی بینەر نییە. ڕەخنەگران بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتە وێنەییەکان (دیداری)، لە جیاتی پرسیار لەسەر کارەکانی شێرمەن مەیلیان بۆ ستایشی سیاسەتی شێرمەن جووڵاوە. تیۆریی پاش مۆدێرن کە هێشتاش توانایی ئەوەی نییە لەگەڵ شی و شرۆڤەی لێکدژەکانی خۆیدا مەودایەکی رەخنەگرانە بگرێت، بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرەو لەناوبردنی بەڵگاندنی دیالیکتیک پەرەی سەندووە و جێگۆڕکێی لەگەڵ کۆی تیۆرییەکە نزیک بووەتەوە. دیاردەی شێرمەن هێمایەکی نیگەرانکەرە لە دۆخی كولتووری و ڕەخنەگرانەی هاوچەرخی ئێمە.
سەرچاوە:-
- سایت ایبنا، دینواندیشه، جمعه ۴ مهر ۱۳۹۹
وەرگێڕ: ئەکرەم ئەمینی
وەرگێڕان بۆ کوردی: حەمیدە حەسەن