ئەو باس و خواسەی کە لە ئێستادا لەنێوەندە سیاسیەکاندا دەگوزەرێت دەربارەی سەرکەوتن یاخود شکستی ئیسرائیل و حەماس و ئەو جەنگە ماڵوێرانکەرەی کە زیاد لە دوو ساڵی خایاند و تا ئێستاش بە هەڵواسراوی ماوەتەوەو ئەنجامی کۆتایی تەواو نەبووە و دەرەنجامەکانی ماوە چەندین پرسیار هەڵدەگرێت
کێ براوە یان دۆڕاوی ئەو جەنگە دەرچوو؟ سوود مەندی کۆتایی یان بەردەوامی جەنگەکە کێیە ؟ ئایا لە ڕووی بوعدە نەتەوەییەکەوە ئیسرائیل براوەیە یان فەڵەستینیەکان؟ لە سەرەتادا دەبێ ئەوە بزانین کە کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل کێشەیەکی تێکەڵە لە ئاینی و نەتەوەیی و جیۆسیاسی، شاری قودسیش بۆ هەرسێ ئاینەکە ( ئیسلام، کرستیان، جولەکە) پیرۆزی و تایبەتمەندی خۆی هەیە. هێڕشی (٧)ی ئۆکتۆبەری بزوتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هێرشێکی کەم وێنەو شۆکهێنەربوو بۆ ئیسرائیلییەکان، هێرشیک سومعەی سەربازی و هەواڵگیری ئیسرائیلی ڕووشاند، کاتێک لەساڵی ١٩٦٧ عەرەب هێرشیانکردە سەر ئیسرائیل، ئیسرائیل شڵەژاو دۆخی خراپبوو، بەڵام دەرئەنجامی شەڕەکە فراوانتربوونی دەسەڵاتی ئیسرائیلی لەناوچەکە لێکەوتەوەو هەندێک ناوچەی تریشی کۆنترۆڵکرد هێرشی ئەمجارەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ڕەنگە هاوشێوەی ١٩٦٧ لەلایەن ئیسرائیلەوە تەوزیف بکرێت و دۆخەکە بقۆزێتەوە بۆ ڕەگ داکوتانی زیاتری لەناوچەکە.لە ئێستادا دوای دووساڵ لە شەڕێکی وێرانکەر و لە ژێر فشاری نێو دەوڵەتی و جەماوەریەکان ئاگربەستێک بە چەندین مەرج بۆ سەر ئیسرائیل و حەماس ڕاگەیەندراوە لەم نێوەندەدا هەردوو بەرەی جەنگ خۆی بەبراوەی جەنگەکە پیشان دەدات.
ئێمە ئەگەر سەر پێیی سەیری وەستانی جەنگەکە بکەین فەڵەستین زیاتر لە دووسەد هەزار قوربانی داوە و ژێرخانی ئابووری سفر بۆتەوە هەزاران یەکەی نیشتەجێبوون و شوێنە خزمەتگوزاریەکانی لەناوچوون سەدان خێزان هەڵوەشاونەتەوە لەم بارەشدا خۆی بە براوەی جەنگەکە دەزانێت لێرەدا پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەو هاوکێشەیەی کە دەڵێت لە کۆتایی جەنگدا هەر نەتەوەیەک توانی لەسەر خاکەکەی بمێنێتەوەو هێڕشبەرەکەی ناچار بە دانوستان و کشانەوە بکات ئەو نەتەوەیە قوربانیدەر و براوەی کۆتاییە هەر نەتەوەو وڵاتێکیش بۆ دوژمنەکانی پاروویەکی ئاسان بێت هەمیشە چەوساوەو ژێر دەستە دەمێنێتەوە.
لە ڕابردوودا زۆر نموونە بەردەستن وڵاتی جەزائیر دوای یەک ملیۆن قوربانی توانی کۆتایی بە داگیرکاری فەرەنسا لەسەر خاکەکەی بهێنێت و سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت و ئاڵای سەرکەوتن بەسەر خاکەکەیدا بڵند بکاتەوە، لە کاتی داگیرکاری ڤێتنام لەلایەن ئەمریکاوە و کوژرانی زیاتر لە چەند ملیۆن ڤێتنامی ئەمریکا بە دۆڕاوی جەنگەکە ڕاگەیەنراو ڤێتنام بەسەربەخۆیی مایەوە، جەنگی سۆڤیەت و ئەڵمان ئەڵمانەکان چەندین ملیۆن سۆڤیەتیان کوشت بەڵام لە کۆتاییدا سۆڤیەتیەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، ئەفغانستان لە هەردوو داگیرکاری سۆڤیەت و ئەمریکاش بۆ خاکەکەیان دەیان هەزار قوربانیان پێشکەش کرد و داگیرکارەکانیان ناچار بە کشانەوەو دانوستان کرد سەرکەوتنیان ڕاگەیاند. ئەگەر سەیری مێژووی دوورو نزیکی کوردیش بکەین لە ئەنفال و قوربانیدان هەمیشە کاتێک بەرامبەر دوژمن وەستاوە ناچار بە دانووستانی کردووە. هەموو ئەوانەی باسکرا یەک ڕاستی دەردەخات ئەوەش ئەوەیە لەم جەنگەی حەماس و ئیسرائیل حەماس و فەڵەستینیەکان خاکیان بە جێنەهێشت وهێڕشبەرەکانی ناچار بە کشانەوە ودانوستان کرد کەواتە سەرکەوتووی جەنگەکە فەلەستینیەکان بوون سەرەڕای هەموو قوربانی و ماڵوێرانیەکان.