دانیشتوانى سوریا لە ساڵى (2003)، (18200000) کەس بووە، کە بە سەر کەمینە ئایینى و نەتەوەییەکان دابەشبوون، کورد وەک كه‌مينه‌يه‌كى نەتەوەیى، هیچ ئامارێکى فەرمى نییە بۆ دیاریکردنى ڕێژەکەى لە سوریا، ئەوەى هەیە خەمڵاندنێکى نزیکەییە، لە لایەن نیکۆلاس ڤاندام ڕێژەکەى بە (8.5%)ى دانیشتوانى سوریا دانراوە، عیسمەت شەریف وانلى بە (9.10%)و کەریم یەڵدز بە (8.10%)ى داناوە و بە (١,٥ -٢ )ملیۆن کەس مەزەندەى کردوون. کورد بە سەر پارێزگاکانى جەزیرە (حەسەکە) عەفرین و کوبانى لە پارێزگاى حەلەبدا دابەشبوون، ئەمە و بەشێکى تر لە کوردى سوریا کەوتوونەتە سنوورى پارێزگاى دیمەشق، شێوازى دابەشبوونیان نزیکەى (40%)ى کوردى ڕۆژئاوا بەر جەزیرە کەوتووه، پارێزگاى حەلەب (30%)ى کوردى لێیە و بەشەکەى تریش بە سەر دیمەشق و ناوەندى شارى حەلەبدا دابەشبوون.
ئەم بەشەی كوردستان تاوەكوو هاتنەسەركاری حیزبی بەعس لە(1963) تا ڕادەیەك لە ژێر چاودێری دەسەڵاتدارانی فەڕەنسی لە ململانێی بەدەستهێنانی مافە سیاسی و نەتەوەیی و ڕۆشنبیرییەكانیان بوون، لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی توركیای كۆماری (1923)، شكستهێنانی ڕاپەڕین و شۆڕشەكانی كورد لە ساڵی (1925و1931و1937)، ژمارەیەك لە شۆڕشگێڕ و ڕووناكبیرانی كورد بە چەندین قۆناغ هەڵاتنە ژێر دەستی فەرەنسییەكان لە سوریا و لە ناوچە جیا جیاكانی سوریا و كوردستان گیرسانەوە و دەستیاندایە خەباتی سیاسی و ڕۆشنبیری لە نموونەی ئەو كەسانە كوڕانی بەدرخانییەكان “جەلادەت بەدرخان”، كە هەوڵێكی زۆری لە بواری نووسین و ژیانەوەی زمانی كوردیدا، لە ڕێگەی دەركردنی چەندین بڵاوكراوە و گۆڤاری “هاوار و ڕووناهی”. هەر لەو ماوەیەدا چەند ڕێكخراوێكی ڕۆشنبیری و سیاسی لەو پارچەیەی كوردستان دروستبوون و كەوتنە خەباتی سیاسی و ڕووناكبیری، هەر چەندە ئەم هەوڵانە ڕووبەڕووی بەرهەڵستی و دژایەتییەكی زۆری شۆڤێنیستە عەرەبەكان بووه‌وە، تاوەكوو دروستكردنی پارتی دیموكراتی كوردی سوریا لە ساڵی (1957). ئەوەی سیمای دیاری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد بوو لەم قۆناغەدا لە ڕۆژئاوای كوردستان، بزووتنەوەی چەكداریی وەك باكوور و باشووری كوردستان دروست نەبوو، ئەویش بۆ شێوەی بەڕێوەبەرایەتی كارگێڕیی فەڕەنسییەكان و باری سیاسی كورد لەوێ دەگەڕایەوە، كورد لە نێو بەڕێوەبەرایەتی دەسەڵاتی سوریا ڕۆڵێكی گرینگ‌یان گێڕا، چەندین پلەی سەربازی بەرز و تا سەرۆك كۆماری سوریا ڕۆیشتن، بەڵام دوای هاتنە سەركاری بەعسییەكان بارودۆخی كورد بەرەو خراپی ڕۆیشت لە هەموو مافە سیاسی و ڕۆشنبیرییەكانیان بێبەشكران.
لە ساڵى( 1956 )بە دواوە زمانى کوردى لە خوێندنگا و بازاڕەکان یاساغ کراوە، هەروەها نووسینى کوردى و بڵاوکراوەى کوردى قەدەغەکرا، تەنانەت لە سەرژمێرى ساڵى (1962) کە لە پارێزگاى جەزیرە ئەنجام دراوە تێیدا (120) هەزار کورد لە مافى هاوڵاتیبوون بێبەشکران و بە (اجانب) بێگانەکان ناوبران، وێڕاى ئەمەش بەرنامەى چاکسازیى زەوییە کشتوکاڵییەکان لە سوریا بە پڕۆژەى (پشتێنەى عەرەبى) ناسراو بوو، (43%)ى لە ناوچە کوردییەکان جێبەجێکرا کە ئامانجى ڕیشەکێشکردنى کورد بوو لە زێدى خۆیان و لاوازکردنى کۆمەڵگاى کوردى بوو بە تایبەت لە ڕووى سیاسییەوە. موحەمەد تەڵەب هیلال (1930-_2011) کە سەرپەرشتیارى هۆبەى ئاسایشى حەسەکە بوو لە پڕۆژەیەکى (170) لاپەڕەییدا لە ژێر ناونیشانى “توێژینەوەیەک سەبارەت بە پارێزگاى جەزیرە لە لایەنى نەتەوەیى و کۆمەڵایەتیى و سیاسییەوە” لە (12ى نۆڤەمبەرى 1963) پێشکەشى دەسەڵاتدارانى سوریا کرد، لەم پڕۆژەیەدا زۆر بەڕوونى (١٢) خاڵى بۆ ڕیشەکێشکردن و تواندنەوەى کورد لە سوریا پێشنیاز کردوە کە گرنگترینیان ئەمانە بوون:-
1. سیاسەتى کۆچ پێکردن بۆ ناوەوەى وڵات و پاشان دابەشکردنیان و ئەوجا نیشتەجێکردنى عەرەب لە ناوچە کوردییەکان.
2. دەستکاریکردنى تۆمارى ڕەگەزنامەکانیان.
3. ناوچەى پشتێنەى باکوور بکرێتە ناوچەیەکى سەربازى.
4. کردنەوەى کێڵگەى بە کۆمەڵ بۆ عەرەب لە ناوچەکە.
5. ڕێگە بەهیچ کەس نەدرێت جگەلە زمانى عەرەبى زمانى دیکە بەکاربهێنێت.
ئیتر ئەم سیاسەتە بووه سیاسەتى ڕەسمى دەوڵەت و دەتوانین بڵێین بە هاتنى بەعسییەکان بۆ سەر دەسەڵاتى کۆمارى سوریا، خراپتر بوو، یەکەم هەڵوێستى (حافز ئەسەد 6 تشرينى یەکەم 1930 – 10 حوزه‌يرانی 2000) بڕیارى ژمارە (36)ى (12ى ئابى 1971) بوو، کە بریتى بوو لە بە عەرەبکردنى ناوە کوردییەکان لە سوریا، ئەمە و جگە لە گرنگیدان بە دروستکردنى پڕۆژەى “پشتێنەى عەرەبى” و بێبەشکردنى کورد لە ناسنامەى سوری، ڕەوشى کوردەکان بەم جۆرە تاوەکوو مانگى پێنجى ساڵى (1991) بەردەوام بوو، لەو ساڵەدا حافز ئەسەد بۆ ئەوەى لاى ڕۆژئاوا خۆى وەک دەوڵەتێکى دیموکراسى نیشان بدات، بڕیارى هەڵبژاردنیدا، کە تیێدا (15) کورد چوونە پەرلەمان کە چواریان بەعسى بوون، بەڵام ئەمە وەکوو هەلێکى چوونە نێو دامودەزگاى یاسادانان وابوو بۆ کورد، بەڵام لە ساڵى (1994) تەنها ڕێگەى بەو کوردانەدا کە خۆى بە شایستەى دەزانین، واتە ببووه دامەزراندن نەک هەڵبژاردنێکى ئازادانە و دیموکرات، ئەم سیاسەتە شوۆڤینیەى حکوومەتى بەعسى سوری بەردەوام بوو، تاوەکوو شۆڕش و ڕاپەڕینى گەلى سوری لە( 2011)دا. بەڵام سیاسەتى دەرەکى سوریا بەرامبەر بە کورد دابەش ببوو بە سەر دوو ئاڕاستەدا؛ یەکێکیان بریتیى بوو لە سیاسەتى دەوڵەتى سوریا بەرامبەر بە کوردى باشوور، کە خۆى لە پارتەکانى باشوورى کوردستان دەبینییەوە، ئاڕاستەیەکى تریان بریتى بوو لە سیاسەتى سوریا بەرامبەر بە ( پارتى کرێکارانى کوردستان، PKK)، کە هەر لە سەرەتاوە دەتوانین بڵێین هاوسۆزییەک هەبوو، کە پەکەکە و دەوڵەتى سوریا وەک هاوپەیمان سەیردەکران، ئەمەش بە هۆى ناکۆکي قووڵى سوریا بوو لەگەڵ تورکیا و ڕەگێکى مێژوویى هەبوو، لە سەر ئەسکەندەرۆنە و دواتریش پڕۆژەى “گاپ”، هەر بۆیە دەوڵەتى سوریا و خودى حافز ئەسەد دەیویست پەکەکە وەک کارتى فشار لە هەمبەر سیاسەتى تورکیا بەکاربهێنێت، پەکەکەش لە لایەکەوە لە ڕێککەوتنى هاوڕێیەتى و هاریکارى سوریا و یەکێتى سۆڤییەت لە (9ى ئۆکتۆبەرى 1980) سوودمەند ببوو، هەروەها سوریا لە دەشتى (بیقاع) سەربازگەیەکى بۆ پەکەکە تەرخان کردبوو، کە تێیدا ئەندامەکانیان خولى پەروەردەیى و مەشقى سەربازییان تێدا ئەنجام دەدا، بۆ ئاگادارى کارەکانیان و چاودێریکردنیان، ئەسەد لە ڕێگاى (جەمیل ئەسەدى) برایەوە هێڵێکى گەرمى لە نێوان کۆشکى کۆمارى سوریا و ئۆجالان دروستکردبوو. پەکەکە و سەرکرایەتییەکەى سوریایان کرد بووه پەناگەیەک بۆخۆیان، هاوکات سوریا ڕێگاى بە ئۆجالان دابوو، کە ئۆردووگایەک بە ناوى (سەربازگەى کورکماز)، لە ناوچەى بیقاعى لوبنان بکات بە بنکەى سەرەکى خۆى.
ئەمە و جگە لەوەى پەکەکە سوودى لە کوردى سوریا وەردەگرت، کە چالاکییەکانى نیمچە فەرمى بوون و نووسینگەى لە شارەکانى جزیرە و قامشلوو و دیرەک و حەلەب و عەفرین هەبوو، ڕێکخستنى لە ناو جووتیارى دێهاتەکان و کرێکارى شارەکان دامەزراند بوو، توانیبووى ژمارەیەکى زۆرى کورد لە ڕیزەکانى خۆیدا ڕێکبخات، کە هەندێک ژمارەى ئەو کوردانەى گیانیان لە دەستداوە و بێ سەروشوێنن لە خەبات دژى تورکیا بە (7000 بۆ 10000) کەس دەخەمڵێنن، دەزگاى هەواڵگرى تورکیاش لە ساڵى (1998) ڕێژەى کوردى سوریا لە ڕیزى پەکەکە بە (25%) دادەنێن، ئەمەش بە هۆى بانگەشە سیاسییەکانى پەکەکەوە بوو، کە داواى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردى دەکرد و، لە لایەکى تریشەوە هەلى مەشق و پەروەردەى سیاسى زۆرى ئەو لاوانەى نێو ڕیزەکانى پەکەکەى دەکرد، هەر چەندە دەوڵەتى سوریا چەند جارێک هەڵمەتى دەستگیرکردنى کردە سەر کوردەکانى نێو ڕیزى پەکەکە، هەر بۆیە پەکەکەش ئەو کەسانەى دەناردە دەرەوە بۆ وڵاتانى ئەورووپا، ئەمەو جگەلەوەى پەکەکە ڕۆڵى گرینگى بینى لە بەهێزکردنى هەستى نەتەوایەتى لە نێو کوردانى سوریا، ڕەنگەکانى ئاڵاى کورد بوون بە ڕەنگى بۆنە و ئاهەنگە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها کرانەوەى سوریا بە ڕووى پەکەکە هەلێک بوو بۆ ڕۆشنبیرەکان ڕەخسا و لە سایەیدا توانیان کۆمەڵێک ڕۆژنامە و گۆڤار دەربکەن و بە ئاشکرا شانازى بە کورد بوونى خۆیانەوە بکەن، وەک گۆڤارى ( گورزێک گوڵ 1989-1992)، ( زانین 1991-1997)، (ئاسۆ 1992)، پێرس(1993)، هەڤاڵ (1993)، دێلاڤ ( 1995)، (خوێندەڤان( 199 ، پارت و ڕەوتە سیاسییەکانیش ڕۆژنامەى نهێنیان دەردەکرد وەک: ستێر( 1983-1995)، خوناڤ(1986-_1995) ڕۆژ) 1991)، دەنگ (1995)، نەورۆز(1995)، لەگەڵ ئەمانەشدا نووسەرە کوردەکان لە نەوەدەکاندا (111) کتێبیان بە چاپ گەیاند.
بوونى گەریلاکانى پەکەکە و شوێنى مەشق و ڕاهێنان و وایکرد تورکیا کەوتە هەڕەشە لە سوریا و تۆمەتبارى کرد بە پشگیرى تیرۆر و لە ئۆکتۆبەرى (1998) سوپاى لە سەر سنوور مۆڵکرد، کەوتە هەڕەشەکردن لە سوریا، مۆڵەتى (45) ڕۆژى بە سوریادا بۆ بەدەستەوەدانى ئۆجەلان، لە بەرامبەردا سوریا دەرکى بە بەهێزى سوپاى تورکیا کرد، سەرەنجام ڕێککەوتنامەى (ئەدەنە)ى لە (21/10/1998) لەگەڵ تورکیا واژۆکرد، بەو پێیە سوریا بەڵێنى دا تەواوى سەربازگەى پەکەکە لە خاکەکەى دابخات و ڕێگەى نەدات خاکەکەى بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر تورکیا، زیاتر لەوە سەرکردەکانى دەربکات، هەر لەم ڕێککەوتنەدا سوریا پەکەکەى وەک ڕیکخراوێکى تیرۆریستى ناشەرعى سەلماند. ئەنجامى فشارەکانى سوریا بۆ سەر پەکەکە بە داخستنى بنکەکانى ئەو پارتە لە سوریا و لوبنان و دەرکردنى چەکدارەکانى و عەبدولڵا ئۆجەلانى سەرۆکى پارتەکە لە (9ى تشرینى یەکەم)ى ئەو ساڵە لە سوریا کۆتایى هات، تا ئەوەى ئۆجەلان چووە یۆنان لە (15ى شووباتى 1999) لە وڵاتى کینیا دەستگیرکراو تەسلیم بە تورکیا کرایەوە. کوردى ئەوێ ڕایەڵکەى ئایدیۆلۆژى، سیاسى و سەربازییان لەگەڵ (PKK)دا هەیە. ئاخر كوردەکانى ئەوێ هەر لە سەردەمى “حافز ئەسەد”ەوە، لە هەشتاکانى سەدەى ڕابردووەوە، هان دەدران چەک بۆ پەکەکە هەڵبگرن و لە قەندیل مەشق بکەن. ئەم نفوزەى ئۆجالان بە دامەزرانى پەیەدە لە (2004) کە لە دواى (2011)ەوە وەک حیزبێکى کارا دەرکەوتووه. یەپەگە و یەپەژە، کە لە (2012)دا دامەزراوون، وەک هێزێکى سەربازیى کارا، باڵادەستییان داوە بە پەیەدە، لە بەرانبەر (15) حیزب‌دا کە لە ناو ئەنەکەسەدا کۆ ببوونەوە.
دوا بە دواى خۆنیشاندان و ڕاپەڕین لە سوریا، هێزه‌كانى بەشار ئەسەد لە ناوچە کوردنشینەکان کشایەوە، هەر زوو پەیەدە بۆشاییى ئیدارى و ئەمنیى لە (10) شار و شارۆچکە و گەڕەکێکى کوردنشینى حەلەب پڕ کردەوە و هەر لەو ماوەیەدا سیستمى (کانتۆنەکان)ى بۆ بەڕێوەبردنى ڕۆژئاوا دانا‌و بە هەق بووه حوکمڕان و بەڕێوەبەرى ڕۆژئاوایى کوردستان و بەشدارى پێکردنى عەرەب و کەمایەتییەکانى تر‌ى سوریا لە بەرچاوى میدیا جیهانییەکان ئیدارەى خۆسەرى وەکوو ئەزموونێکى بێ هاوتا لە مێژووى سوریادا وێنا کرد، پاشان لە (2013)دا کۆنتڕۆڵى ناوچەى “ڕمێلان”ى بە نەوت دەوڵەمەندى کرد. شەڕى کۆبانێ (ئەیلوولى 2014 تا کانوونى دوەمى 2014) دژى داعش، کێرڤى کوردى لەوێ بردە سەرێ و سەرنجى دنیاى بۆ خۆی ڕاکێشا. بەشار ئەسەد بۆ مانەوەى خۆى، چاوى لەو پەرەسەندنانەى ناوچە کوردنشینەکان پۆشى. شەڕى کۆبانێ، ناوەڕۆکێکى ستراتیژیى لە ڕادەبەدەر گرینگى هەبوو: یەکەم، هاریکاریى پەنامەکیى نێوان کورد و ئەمریکاى مکوم کرد، چونکە ئەمریکا لە ئاسمانەوە زەبرى تووندى لە هێزەکانى داعش دەدا، وای کرد بەڵانس بە قازانجى کورد بگۆڕێ و دوەم، گرژى لەو دەمەوە لە نێوان تورکیا و کوردەکانى سوریا هاتە ئارا و بەرەو سەر هەڵکشا، چونکە تورکیا پەیەدە بە درێژکراوەى پەکەکە دەزانێ، دروستبوونى قەوارەیەکى کورد لە سەر سنوورى خۆى، بە مەترسى بۆ سەر ئەمنى نەتەوەییى خۆى دەزانێ، کە نەبادا وەک مۆدیلێک کاریگەرى بۆ سەر کوردەکانى تورکیا هەبێت.
مەغزایەکى دیکەى ئەو شەڕە، لەو دەمەوە، پێوەندیى نێوان ئەنكارا و واشنتۆن درزى تێ کەوت؛ چونکە ئەمریکا پێی وایە پەیەدە هێزێکى کارایە لە سەر زەوى بۆ بەرەنگاربوونەوە و پێش‌گرتن لە پێشڕەویى داعش. لە سۆنگەى ئەمەوە، ئەمریکا ئامادە نەبووه پەیەدە بخاتە لیستى تیرۆرەوە لە دواى شەڕى کۆبانێوە تا ئێستا، چەندین ناوچەى دیکە لە داعش سەندراوەتەوە و بە پێکهێنانى هێزەکانى سوریاى دیموکرات کە شەڕڤانى عەرەبیشیان تێدایە، ئەمریکا زیاتر پشتگیرى دەکات؛ ئەمە سەربارى دامەزراندنى (3 کانتۆن)ەکەى عەفرین و کۆبانێ و جزیرە، هەوڵدان بۆ یەکخستنەوە و بەیەکگرێدانەوەى کانتۆنەکان، ئه‌ویش لە ڕێگەى کۆنتڕۆڵکردنى شارى منبج لە (12ى ئابى 2016) و پاشان ڕووداوى هاتنەناوەوەى تورکیا لە (24)ى ئاب بۆ ناو خاکى سوریا و ڕێگرتن لەو هەوڵەى پەیەدە و وەدەرنانى داعش لە ناوچەى شەهباء بە هاوکاریى سوپاى ئازاد. سوریا هەر لە سەرەتاى شۆڕشى ئەو وڵاتەوە تاوەکوو مانگى كانوونى يه‌كه‌مى 2024 ببووه شانۆى ئەمریکا و ڕووسیا، ڕووسیا پشتگیر و پشتیوانى ڕژێمەکەى ئەسەد بوو، هەر ئەمیش نەیهێشت بکەوێت، بەپێچەوانەوە ئەمریکا بووە پشتیوان و هاوکارى کوردانى ڕۆژئاوا، لە کاتى شەڕى داعشیشدا بە چەک و هاوکارى لۆجیستى ناوچەکەى لە مەترسى ڕووخان پاراست، لوتکەى ئەم هاوکارییانە لە بانگهێشتى (مەزڵوم کۆبانى) بۆ ئەمریکادا دەرکەوت، هەر ئەمریکاش بوو داواى لە تورکیا کرد کە دەست لە هێرش و پەلامارەکانى بۆ سەر ڕۆژئاوا هەڵبگرێت، کە هەتاوەکوو ئێستاش لە ڕێگەى جۆراوجۆرەوە هاوکارى (خۆسەر)ە، لە چەند مانگى ڕابردوودا ئەمریکییەکان هەواڵى گەڕان و بەستنى پەیمانى نەوتى لەگەڵ خۆسەر دەدەن، هەر چەندە پار ساڵ ترەمپ ڕایگەیاند کە سەربازانى ئەمریکا لە باکوورى سوریا دەکشێنێتەوە، بەڵام بە کردەوە تاوەکوو ئێستا لەوێ ماونەتەوە….
دەتوانین بڵێین تا ڕادەیەکى زۆر پەیەدە سەرکەوتوو بووە لە ڕاکێشانى سەرنجى ڕۆژئاوا و ئەمریکا بۆ پاڵپشتى سیستمى خۆسەرى و توانیوویەتى ببێتە جێى سەرنجى ڕۆژئاواییەکان، بەڵام پاڵپشتى و پشتیوانى ئەمریکییەکان بۆ پەیەدە واى لە ئەسەد کردنەتوانێت هەنگاوى کردارى بۆ سڕینەوەى سیستمى کانتۆنەکان بنێت. له‌دواى ڕووداوه‌كانى مانگى 12ى سووريا و ڕووخانى ڕژێمهكهى ئه‌سه‌د، هه‌لێكى له‌بار بۆ كورد له‌و ڕووه‌وه ڕه‌خسا، كه ڕژێمێكى ديكتاتۆ ڕووخاو كۆتاييهات، سه‌قامگيرى سياسى و كارگێڕى له‌و به‌شه‌ى كوردستاندا، سه‌رنجى ده‌سه‌ڵاتى نوێى سوورياى ڕ‌اكێشا و له 10ى ئازارى 2025دا ڕێككه‌وتنێك له‌نێوان ئه‌حمه‌د شه‌رعى سه‌رۆككۆمارى كاتى سووريا و مه‌زڵوم عه‌بدى فه‌رمانده‌ى هه‌سه‌ده به‌سترا، هه‌رچه‌نده له مانگى ئازاره‌وه تاوه‌كوو ئێستا چه‌ند گۆڕانكارييه‌ك له سووريا و ناوچه‌كه ڕوويانداوه، وه‌ك شه‌ڕى نێوان دروزه‌كان و سوپاكه‌ى ئه‌حمه‌د شه‌رع، نووسينى ده‌ستوورى سووريا، هێرشه‌كانى ئيسرائيل بۆسه‌ر هه‌ندێك پێگه‌و ناوچه‌ى سووريا و لێدوانه تووندهكانى توركيا سه‌باره‌ت به تێكه‌ڵبوونى بێ مه‌رجى هه‌سه‌ده به سوپاى توركيا، هه‌موو ئه‌مانه چاره‌نووسى ڕۆژئاواى كوردستانيان به چه‌ند شتێكه‌وه گرێداوه:-
1. تاچه‌ند ئه‌مريكا له پشتگيرييه‌كانى بۆ هه‌سه‌ده به‌رده‌وام ده‌بێت و فشار له ده‌سه‌ڵاتى نوێى سووريا ده‌كات، تاوه‌كوو مافه‌كانى كورد ده‌سته‌به‌ر بێت.
2. ڕووداو و گۆڕانكارييه ناوخۆييه‌كانى سووريا و بوونى ئه‌و هه‌موو ئاڵنگارييانه‌ى له‌به‌رده‌م حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى شه‌رعدا هه‌يه، وه‌ك:- هێزه سه‌ربازييه‌كانى، كه‌له چه‌ندين گرووپى تووندڕه‌و بێ سه‌ره‌وبه‌ره پێكهاتووه، ئايا ئه‌مانه كۆنتڕۆڵ ده‌كرێن و هێرشه‌كانى سه‌ر سوه‌يدا له‌سه‌ر ڕۆژئاوا دووباره ناكانه‌وه؟
3. هۆكاره ههرێمييهكان، وه‌ك ده‌ستێوه‌ردانه‌كانى توركيا و په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوه‌ندى سووريا، كه ئايا فشاره‌كانى توركيا نابێته مايه‌ى تێكچوونى ڕه‌وشى سياسى و تێكچوونى ئه‌و خۆسهرييهى هه‌يه.
4. هۆكارێكى تر‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ى فشاره‌كانى سه‌ر هه‌سه‌ده و ده‌سه‌ڵاتى خۆسه‌رى ڕۆژئاوا به‌نده به باش بوون و به‌رده‌وام بوونى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ باشوورى كوردستان، چونكه هه‌تاوه‌كوو هه‌ماهه‌نگى و په‌يوه‌ندييه‌كى باشى برايانه هه‌بێت ئه‌وه‌نده له قازانجى دۆزى كورده له ڕۆژئاوا، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر په‌يوه‌ندييه‌كان ئاساى نه‌بن، زيانى زۆرى بۆ دۆزى كورد ده‌بێت.
5. پڕۆسه‌ى ئاشتى له توركيا كاريگه‌رى ڕاسته‌وخۆى هه‌يه له‌سه‌ر دۆزى كورد له ڕۆژئاواى كوردستان، ئه‌گه‌ر ئه‌م پڕۆسه‌يه سه‌ربگرێت له قازانجى كوردى ڕۆژئاوايه، توركيا فشاره‌كانى له‌سه‌ر ڕۆژئاوا كه‌م ده‌كاته‌وه و له‌وانه‌يه په‌يوه‌ندى ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ توركيا دروست بكات، به پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر سه‌ر نه‌گرێت و شه‌ڕ دروست ببێته‌وه، توركيا فشارى زياتر له‌سه‌ر ڕۆژئاوا ده‌كات.
6. به‌شدارى كورد له ده‌سه‌ڵات و په‌رله‌مانى داهاتووى سووريا زۆر گرينگه، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتى سووريا به فيدڕاڵيهتيش ڕ‌ازى نه‌بێت، ده‌كرێت كورد له ڕێگه‌ى به‌شدارى له ده‌سه‌ڵات و پێدانى هه‌ندێك مافى ڕۆشنيرى و سياسيى و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى له‌ناوچه كوردييه‌كان بۆ ئه‌م قۆناغه گرينگه.
7. سه‌قامگيرى ناوچه‌كه، كاريگه‌رى له‌سه‌ر سه‌قامگيرى ئه‌و ناوچه‌يه ده‌بێت، چونكه هه‌موو ئه‌م ناوچانه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له ڕووى سياسيى و جيۆستراتيجييهوه به‌يه‌كه‌وه به‌ستراون و كاريگه‌رن به ڕووداوه‌كانى يه‌كتر.
8. ئاشتى و پێكه‌وه ژيانى ناوخۆيى له ڕۆژئاوا‌و ئازادى و فره‌يى سياسى و ديموكراتى و به‌شداريكردنى لايه‌نه كوردييه‌كانى تر‌ى جگه‌له په‌يه‌ده له حوكم و ده‌سه‌ڵات و سيسته‌م، بێگومان كاريگه‌رى له‌سه‌ر دانووستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوه‌ند و دواجار له‌سه‌ر پێكه‌وه ژيانى ئاشتييانه‌ى لايه‌نه‌كانى ناوخۆى ڕۆژئاوا ده‌بێت.