“مه‌سه‌له داراییه‌كان”
بوونى بودجه‌یه‌كى پێویست بۆ چالاكییه‌كانى چاودێری، زۆر جێگەی بایه‌خە. به‌رنامه‌ى چالاكییه‌كان، لە ئەنجامدا پێویستە له‌سه‌ربنه‌ماى دوو فاكته‌ر دابڕێژرێت:
1-بودجه‌ى دابینكراو.
2-بودجه‌ى پێشبینی نه‌كراو[1]
له شوێنێكدا كە پێویستی بە بودجەی پێشبینى نه‌كراو هەبێ بۆ جێبەجێكردنی كاری چاودێری، تیمی چاو‌دێر ده‌توانێ وه‌ك بژاردەیەك داوای پشتیوانی نیشتیمانی و نێوده‌وڵه‌تی بكات، بەڵام وابه‌باش ده‌زانرێ بودجه‌یه‌ك بۆ كاتی ته‌نگانه دابنرێ تا ئه‌گه‌ر به‌شێك یاخود گشت داواكارییه‌كان ڕەت كرایەوە، ئه‌و بودجه‌یه به‌كاربهێنرێت. وێڕای ئه‌مه‌ش، تیمی چاودێریى پێویستە ئاگاداری ئەوەش بێت كه وه‌رگرتنى هاوكاری دارایی له هه‌ندێ سه‌رچاوه‌وه، مه‌ترسى دروست نەكات بۆسه‌ر سه‌ربه‌خۆیى و بێلایه‌نى هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانى تیمەكە له‌كاتى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردندا. هه‌ندێ له كۆمه‌كبه‌خشه داراییه‌كانى هه‌ڵبژاردن ڕه‌نگه بریتی بن له سه‌رچاوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌ك كۆمیسیۆنى: ئه‌وروپا، باڵیۆزخانه‌كانی وڵاتان، داموده‌زگاكانی گه‌شه‌پێدان و هاریكاریى ته‌كنیكى، ئه‌نیستیتۆ و ڕێكخراوه ناحكومییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. پشتیوانانی دارایی به‌رله بڕیاردان لەسەر هاریكارییەكە، پێویستیان به بینینى پرۆژه‌یه‌كى پێشنیازكراوییان بە ورده‌كارییەكانییەوە هه‌یه. هه‌ندێ له ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌شێ كۆمه‌ڵێك ڕێنوێنی تایبه‌تیان بۆ داواكاران و مۆدیلێكى ستانداردیان بۆ وه‌ڵامدانەوەی داواكارییەكان هه‌بێت.
واباشترە ماوەیەكی زۆر بەرلە دەستپێكی چالاكییەكان، پرۆژه‌ی پێشنیازكراو به‌پێی ڕیزبه‌ندى پێداویستی و ستراتیژ و ڕێژه‌ى بودجه‌ى ڕێكخراوەکە ئامادە بكرێت[2]. ئاماده بكرێت. بەگشتى هه‌ر پرۆژه‌یه‌كى پێشنیازكراو ده‌بێ ناونیشانێكى هه‌بێت، پوخته‌یه‌ك له ته‌وه‌ره سه‌ره‌كییه‌كان (بۆنمونه به‌ره‌وپێشبردنى دیموكراسى، ڕێگه‌گرتن له‌ناكۆكى، پەرەپێدانی كارایی ڕێكخراوه ناحكومییه‌كان بخرێتەڕوو، لیستێكى ورد له‌باره‌ى بودجه‌ى پێویست (به یۆرۆ، به دۆلار یاخود بەدراوى ناوچه‌كه) بكرێته پاشكۆ. به‌شێوازێكی ڕوون “ئامانج، به‌رنامه و ئاراسته‌ى پرۆژه‌كان” بخاتە‌ڕوو. ئه‌و تیمانە دیاری بكرێت كه له‌نێو پرۆژه‌كه‌دان و سودیان لێوەردەگیرێ. پوخته‌یه‌ك له‌سەر بوارەكانیتری تێدابێ وه‌ك:- “ئه‌گه‌رى ته‌رخانكردنى به‌شێك له بودجه‌كه بۆ كارى هاوبه‌ش له‌گه‌ل دامه‌زراوه‌یه‌كیتر، دیاریكردنى كات…هتد”. له بنه‌ڕه‌تدا پرۆژه‌ى پێشنیازكراو پێویستە له‌ناو بازنه‌یه‌كى به‌رفراوانى لایه‌نگراندا بڵاوبكرێته‌وه. وێڕای موچه‌ى كارمه‌ندان و بودجه بۆ خۆبەخشەكان وه‌ك: تێچووی هاتوچۆ. دەشێ بودجه‌ى داواكراو كۆمەڵێك خه‌رجیتریشی تێدابێ وه‌ك كرێ بۆ گرتنى نوسینگه، پێداویستییەكانی نوسینگه، خزمه‌تگوزارى، پەیوەندییەكان، بابەتی چاپكراو، به‌رهه‌مى پێداویستییە فێركارییه‌كان، شوێنى مانه‌وه، ڕیكلام و ناسنامه‌ى پێویست بۆ ناساندنی چاودێران (وه‌ك ناسنامه لەسه‌ر جلوبه‌رگ).
بودجه‌ى داواكراو ده‌بێ هه‌موو پێداویستییه‌كان بگرێتەخۆ، بڕێكى كه‌میش بۆ خه‌رجی پێشبینى نه‌كراو دابنرێت:
پشتیوانانی دارایی له‌وانه‌یه بچنە ژێر كاریگه‌ری پرۆژه‌یه‌كەوە كه تیایدا بودجه‌ى داواكراو له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ى پێشنیازكراودا بگونجێ، هەربۆیە ئه‌مه به ڕوونى ده‌ریده‌خات كه تیمی چاودێریى، داواكاری نه‌شیاوییان نه‌بووه و شیاوى ئه‌وه‌ن كه بودجه‌كه به‌باشى به‌ڕێوه‌ببات، له‌هه‌مانكاتدا به‌پێى توانا هه‌وڵ دەدەن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌كانیش. ئاساییە ئەگەر پشتیوانانی دارایی بیانه‌وێ له ڕاستى و دروستى به‌كارهێنانی بودجه دڵنیا بن. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، ئه‌نجامدانى ورده‌كارییه‌كی ته‌واو لەبارەی چۆنییه‌تى خه‌رجی و تواناى ئامادەكردنی ڕاپۆرتێكی گونجاو له‌باره‌ى به‌كارهێنانی بودجەوە. زۆر جێگەی بایه‌خە. ئه‌گه‌ر كۆمەڵێك لە دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌كان بۆ چاودێریى به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردندا پێكهێنرا، پێویسته ژمێرەیەكی تایبه‌تی بانكی بۆ بكرێته‌وه. بێگومان ئەم جۆرە بڕیارانە، پێویستە به‌كۆده‌نگى و بەپێی لیستی ئه‌ركه‌كانی دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌كان و به‌گوێره‌ی یاساكانى وڵات و بڕیار و ڕێنماییه‌كان بدرێت.
ج:- پێكهاته و پراكتیزه‌كردنی به‌رنامه
دوای دیاریكردنی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و بوارانەی ده‌توانرێ چاودێری بكرێت، تیمی چاو‌دێر پێویستە كاریگه‌رترین به‌رنامه بۆ هێنانەدی ئامانجه‌كانى خۆی دابڕێژێت. ئه‌زموون نیشانی داوه كه هه‌ر دامەزراوەیەكی چاودێریی، ده‌بێ له سێ بنەما پێكهاتبێ:-
1-یه‌كه‌یه‌ك كە لێپرسراوێتی چاودێری بەسەر به‌رنامه و بڵاوكردنه‌وه‌ى ڕاپۆرتەكان و به‌یاننامه گشتییه‌كان لەخۆبگرێت.
2-یه‌كه‌یه‌ك بۆ لێپرسراوێتی هاریكاریی و لێكۆڵینه‌وه.
3-یه‌كه‌یه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی جێبه‌جێكردن وه‌ك: كاروباری دارایی، ستراتیژیی و فێركاریی.
1-یه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رپه‌رشتی؛ ئه‌م یه‌كه‌یه پێویستە به‌رپرسیارێتی هاریكاریى نێوان سەرجەم به‌رنامه‌كانی چاودێری بگرێته‌ئه‌ستۆ. ئه‌ركه‌كانی بریتین له: په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پشتیوانانی دارایی و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی، په‌یوه‌ندی لەگەڵ سه‌رمایه‌داره گرنگه‌كان له‌سه‌ر ئاستی وڵات، دیاریكردنی سیاسه‌ت و رێبازی چاودێریی، جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر ناوه‌رۆكی به‌یاننامه و ڕاپۆرته گشتییه‌كان. ئه‌گه‌ر ده‌سته‌یه‌ك له دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌كان بۆ چاودێری پێكهێنران، دەشێ نوێنه‌رانی هەر دامه‌زراوه‌یەك تیایدا ببنه ئه‌ندام، یاخود دەشێ ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردن بخرێته ئه‌ستۆی كه‌سانێك كه وێڕای هەر وابەستەییەكیان بە ڕێكخراوەكانەوە، ئاماده‌یەكی باشتریشیان تێدایه. تیمێكی جیاوازیش بۆنمونە كۆمیته‌یه‌ك یاخود تیمێك لە نوێنەرانی هەر دامەزراوەیەك پێكهبێنرێت بەمەبەستی جه‌ختكردنه‌وه له ناوه‌رۆكی به‌یاننامه و راپۆرته‌گشتییه‌كان. پێویستە یه‌كێك له كارمه‌ندان وه‌ك به‌رپرسی هه‌واڵ بۆ یه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رپه‌رشتیاریی كار بكات، به‌رپرسیارێتی هه‌موو ئه‌و شتانه بگرێته‌ئه‌ستۆ كه په‌یوه‌سته به‌كاروباری گشتییه‌وه.
سەچاوە:
[1]– له ماوه‌ى كارى هه‌ر دامه‌زراوه و ڕێكخراوێكدا، كه‌مێ له بودجه داده‌نرێ بۆ ئه‌و پێشهاتانه‌ى دێنه‌ئارا و پێشتر پێشبینى نه‌كراون، وه‌ك: به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى پێداویستی، موچه‌ى كارمه‌ندان، كرێى چاككردنه‌وه‌ى كه‌لوپه‌ل یاخود هه‌ر مه‌سروفاتێكى نه‌خوازراو (وه‌رگێڕ).
[2]– هه‌ر ڕێكخراوێكی كۆمه‌كبه‌خش بودجه‌یه‌كى دیاریكراوى بۆ یارمه‌تیدانى ڕێكخراوه‌كانیتر هه‌یه، بۆیه پێویسته ئاگادارى ئه‌وه بین كه خواست و داواكارییه‌كان له تواناى ڕێكخراوه كۆمه‌كبه‌خشه‌كه پتر نه‌بێ (وه‌رگێڕ).هه‌ر ڕێكخراوێكی كۆمه‌كبه‌خش بودجه‌یه‌كى دیاریكراوى بۆ یارمه‌تیدانى ڕێكخراوه‌كانیتر هه‌یه، بۆیه پێویسته ئاگادارى ئه‌وه بین كه خواست و داواكارییه‌كان له تواناى ڕێكخراوه كۆمه‌كبه‌خشه‌كه پتر نه‌بێ (وه‌رگێڕ).
ئامادەکردن: ڕێكخراوی ئاسایش و هاریكاریی له ئه‌وروپا
وەرگێڕانی: د.كارزان محەمەد