ئاونگ و ئاورنگ دوو شتی جیاوازن، ئاونگ شەونمە، ئاورنگ پریشکی ئاگرە. تەندروستیت باشە؟ هەڵەیە، تەنت دروستە؟ یان لەشت ساغە؟ ئەوانە ڕاستن. لەبارەی هەڵبژاردن. هەڵەیە، لەبارەی هەڵبژاردنەوە، ڕاستە. کۆمەڵگە هەڵەیە، کۆمەڵ ڕاستە. (گە) بە مانای جێ و شوێن دێت، کەواتە کۆمەڵگە، بە مانای شوێنی کۆمەڵ دێت، نەک جڤاک. خاڵبەندی، بە مانای دانانی وێرگول، خاڵ، پرسەک، نیشانەی سەرسوڕمان، جووتخاڵ، کەوان و … لە جێی شیاوی خۆیاندا دێن، نە پێوەندیی بە ژمارەی کورسیی پەرلەمانەوە هەیە، نە ئەو خاڵانەی کارمەند بە هۆی ساڵانی خزمەتییەوە بۆی هەژمار دەکرێن. چین و توێژ، دوو چەمکی جیاوازن، چین بۆ نموونە بۆ کرێکاران و سەرمایەداران، واتا: پرۆلیتاریا و بۆرژوا دەبێت، بەڵام توێژ، بۆ مامۆستایان، خوێندکاران و هونەرمەندان دەگونجێت. ژنان و پیاوان، نە چینن، نە توێژ، ڕەگەزن، ڕەگەزی مێ و ڕەگەزی نێر. کاندید بە مانای پاڵێوراو یان بەربژێر نایەت، کاندید کە ناوی ساتیرەڕۆمانێکی (ڤۆڵتێر)یشە (١٦٩٤ – ١٧٧٨) و ساڵی ١٧٥٩ نووسیویەتی، لە فەرەنساییدا بە مانای نەزانی، گەشبینییەکی گێلانە، ساویلکەیی، گەوجایەتی دێت و لە باشترین حاڵەتیدا، بە مانای (خۆشباوەڕی) دێت. کاندید لە ئینگلیزیدا بە مانای کەسێکی دڵسافی قسەلەڕوو دێت، ئەوە کاندیدا، یان کاندیداتە کە بە مانای پاڵێوراو دێت. * مەنووسە هەزارەها، فارسییە، بنووسە هەزاران، کوردییە. مەنووسە چەندین، هەڵەیە، بنووسە چەندان، ڕاستە، ئاخر وەک چۆن، گوڵ دەبێت بە گوڵان، (چەند)یش دەبێت بە چەندان. مەنووسە بەرامبەر، بۆیمباخ و تەمبەڵ، هەڵەن، بەرانبەر، بۆینباخ و تەنبەڵ، ڕاستن. کە نوون گەیشتە بێ، لە گوتندا، دەبێت بە میم، بەڵام نوونەکە بە میم نانووسرێت. هاووڵاتی هەڵەیە، هاووڵات ڕاستە، هاونیشتمانی هەڵەیە، هاونیشتمان ڕاستە، ئەوە نییە دەڵێین هاوبیر، هاوپۆل، هاوئایین، هاوزمان، هاوخوێن و هاوڕێ. گۆران دەڵێت: ئەی مانگی بەرز، سا هانا بێ، مل بنێ بۆ دوور بۆ وڵاتێک جێی نیزام بێ و سەربەست و ڕووسوور بۆ وڵاتێک (هاونیشتمان) تیایا ئازاد بێ ژیری دلسۆز باوک بێت و گەلیش ئەولاد بێ.
مەنووسە پارتی چەپی کوردستان، هەڵەیە، پارتیی چەپی کوردستان، ڕاستە، ئاخر پارت، بە مانای پارچە دێت، پارتی: حیزبە. بۆ ئەوەی فێربیت، بە حەرفی ئارامی (عەرەبی) بەدروستی بنووسیت، دەبێت خۆت فێری بە لاتینی نووسینیش بکەیت. سەربەخۆیی کوردستان هەڵەیە، سەربەخۆییی کوردستان، ڕاستە. ڕووداوێکی مێژووییە، هەڵەیە، ڕووداوێکی مێژوویییە، دروستە. لەو دوو نموونەیەدا، سێ (ی)ی بێدەنگ لای یەکەوە نیین، ئەوەی ناوەڕاستیان (ی)ی بزوێنە. ساڵی شەستەکان، یان ساڵانی شەستەکان، هەڵەن، ساڵانی شەست، دروستە. وشیار هەڵەیە، هۆشیار دروستە. مەنووسە عەشق، عیشق ڕاستە. مەنووسە، لەسەر ئەو بابەتە (هەڵوێستە) دەکەم، (هەڵوەستە) ڕاستە. مەنووسە لە پێناوی دابینکردنی (بژێویی ژیان)دا کرێکاری دەکەم، بژێوی بە تەنیا ڕاستە، (ژیان)ەکەی ناوێت. عیلمانی هەڵەیە، عەلمانی، دروستە. زاراوەکە لە (عیلم)ەوە نەهاتووە، لە (عالەم)ەوە هاتووە. سەیر ئەوەیە، هەیە لێکۆڵینەوە لەبارەی (عەلمانی)بوونەوە دەنووسێت و هێندەی لێ نازانێت، زاراوەکە بە دروستی بنووسێت. (ڕ) با لە سەرەتای وشەکەشەوە بێت، هەر دەبێت حەوتی لەژێردا بێت. ئەوە دروست نەبوو کە دەیانگوت، چونکە (ڕ) لە سەرەتادا هەر قەڵەوە، ئیدی پێویست بە حەوتەکە ناکات. (ر) و (ڕ) یەک دەنگ نین، دوو دەنگن، وەک چۆن (ب) و (پ) دوو دەنگن. هیچ وشەیەک بە دوو واو دەست پێ ناکات. بژاردە: دەستەبژێر، نوخبەیە، کە بە ئینگلیزی ئیلیتە، بەڵام بژارە، (خیار)ە کە بە ئینگلیزی دەبێتە چۆیس. زۆرینەی ڕەها: لە سەددا پەنجا و یەکە، واتا هێندە زۆر نییە، وەک زۆربە بە هەڵە لێی تێگەیشتوون. ڕەدی دەکەینەوە هەڵەیە، ڕەتی دەکەینەوە و ڕەدی دەدەینەوە، دروستن. هەوڵی (فڕاندنی) منداڵێک دەدرێت، هەڵەیە، ڕفاندنی، ڕاستە. *