هەرێمی کوردستان وەک تاکە هەرێمی فیدراڵی دانپێدانراو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێگەیەکی تایبەت و هەستیاری هەیە لە هاوکێشە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکەدا. ئەم هەرێمە نەک هەر مەتەرێزێک و قەڵایێکی سیاسی و کولتووری گرنگە بۆ گەلی کورد، بەڵکو هەمیشە گۆڕەپانی کێبڕکێ و کاریگەری بووە بۆ ئەکتەرە ناوچەییەکان. هەڵکەوتەی جیۆپۆلەتیکی کوردستان، سەرچاوەی وزە و لە هەمووی گرنگتر، ناسنامە و ڕەهەندی ناسیۆنالیستی کورد، بووەتە هۆی ئەوەی کە حکومەتەکانی ناوچە، بەتایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕوانگەیەکی تایبەت و دەستێوەردانگەرانەیان بۆ ئەم جوگرافیایە هەبێت. لە دەیان ساڵی ڕابردوودا ئامرازەکانی شەڕی نەرم و ئۆپەراسیۆنە دەروونییەکان جێگەی شەڕە کلاسیکییەکانیان گرتۆتەوە. ئەوەی سەردەمانێک بە تۆپ و تانک شەڕ دەکرا، ئێستا بە مۆبایل، سوپاهێک لە ئەکاونتی ساختە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناوەڕۆکی ڕێکخستنکراو شەڕ دەکرێت. لەم گۆڕەپانە نوێیەدا، شەڕ لەسەر “ڕای گشتی”یە، نەک خاک و سنووری جوگرافی. ئێران وەک یەکێک لەو سیستمانەی کە مێژوویەکی دوور و درێژی لە ئەندازیاری ڕای گشتیدا هەیە، بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەم ئامرازانە بۆ کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان کەڵک وەردەگرێت.
یەکێک لە تایبەتمەندییە جیاوازەکانی ئۆپەراسیۆنە سایبرییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستاندا، بەکارهێنانی هۆشیارانەی زمانی کوردییە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بەردەنگی سەرەکی کۆمەڵگەی کورد و بەتایبەت نەوەی گەنجە. ئامانج لێی قووڵکردنەوەی دابەشبوونی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییە لە کۆمەڵگەی کوردیدا و تێکدانی متمانەی خەڵک بە دامەزراوەکانی هەرێمە. لە رواڵەتدا ئەم کۆمێنت و پۆستانە لە ڕەخنەی سرووشتی خەڵکی ئاسایی دەچن لە دژی حکومەت، بەڵام لە ڕاستیدا بەشێکن لە پڕۆژەیەکی ڕێکخراوکراوەیی کە ڕیشەی لە دیوی فکریی ئەمنییەکانی ئێرانەوە سەرچاوەی دەگرێت. ئەمن وەک کوردێکی ناسیۆنالیست، ناتوانم لەم بابەتە بێ هەڵوێست بمێنمەوە. چونکە ئەم جۆرە سیاسەتانە نەک هەر دەبێتە هۆی لاوازبوونی سەروەری هەرێم، بەڵکو لە درێژخایەندا ناسنامەی بەکۆمەڵ و یەکگرتوویی نەتەوەیی کورد دەکاتە ئامانج. ئەگەر لە کاتی خۆیدا شەڕی نەرمی ئێران لە هەرێمی کوردستاندا دەستنیشان نەکەین و پێشی نەگرین، زەمینە بۆ قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی قووڵتر ئامادە دەکرێت. لەم بابەتەدا سەرەتا دەکۆڵینەوە سەر “ئامراز و شێوازەکانی ئۆپەراسیۆنە سایبرییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان”، پاشان “ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم شەڕە نەرمە” لێکۆڵین دەکەین. دواتر “لێکەوتەی کۆمەڵایەتی و سیاسی” ئەم ئۆپەراسیۆنانە لەسەر کۆمەڵگا و حکومەتی هەرێم شی دەکەینەوە و لە کۆتاییدا “ڕێگەچارەی کردەیی بۆ بەرپەرچدانەوە و پتەوکردنی یەکگرتوویی نەتەوەیی کورد” پێشنیار دەکەین و هیوادارم خوێنەری هێژا ئاگاداری ئەم شەڕە نەرمەی نەیارانی کورد ببێتەوە و بە هۆشیارییەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکات.
“ئامراز و شێوازەکانی ئۆپەراسیۆنە سایبرییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان”
ئۆپەراسیۆنە سایبرییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان ئەو شێوازانە پەیڕەو دەکەن کە پێشتر لە وڵاتانی دیکەدا بەکارهێنراون. بەڵام لێرەدا فۆرم و ناوەڕۆکەکەی بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییە تایبەتەکانی کۆمەڵگەی کوردی بە شێوەیەکی جیاواز داڕێژراوە. ئامراز و شێوازەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنانە دەتوانرێت بۆ چەند میحوەرێکی سەرەکی پۆلبەندی بکرێت؛-
١. ئامادەبوونی ڕێکخستنکراو لە بەشی کۆمێنتی دەزگا گەورەکانی ڕاگەیاندن؛ یەکێک لە نیشانە هەرە دیارەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە، بوونی بەرچاویان لە بەشی کۆمێنتی سوشیال میدیای (رووداو، کوردستان 24، و ئاڤا تی ڤی، ئێن ئارتی و…)ە. لە ڕواڵەتدا ئەم تێبینیانە لەلایەن هاووڵاتیانی ئاساییەوە نووسراون، بەڵام بە وردبوونەوەیێک دروست دەردەکەوێت کە، ئەوان بە بەرنامە لەویێن. ناوەڕۆکی زۆربەی ئەو کۆمێنتانە لەسەر “ناکارامەیی حکومەتی هەرێم، گەندەڵی دارایی، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و بێمتمانەیی گشتییە”. ئەم تاکتیکە وردە وردە کەشوهەوای نائومێدی تووندتر دەکات و متمانە بە دامەزراوەکان لە ناوەوە دەشێوێنێت.
٢. بەکارهێنانی زمانی کوردی بۆ دروستکردنی متمانە؛ بە پێچەوانەی زۆرێک لە شەڕە سایبرییەکان کە بەزۆری بە زمانە نێودەوڵەتییەکان (وەک عەرەبی یان ئینگلیزی) بەڕێوە دەچن، ئێران ڕژدبوونەوەیهێک تایبەتی لەسەر زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە. هۆکاری ئەم هەڵبژاردنە ڕوونە؛ کاتێک پەیامەکە بە زمانی دایکی دەگەیەنرێت، قورسایی سۆزداری و دەروونی زیاتر هەڵدەگرێت. ئەم تاکتیکە یارمەتی هێرشبەران دەدات هەر لە سەرەتاوە بەربەستی بێمتمانەیی بشکێنن و خۆیان وەک “یەکێک لە ئێمە” جێگیر بکەن.
٣. تیشک خستنە سەر قەیرانە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان؛ تیمە سایبرییەکانی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک سەرنجیان لەسەر کێشە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگای کوردییە. قەیرانی بژێوی ژیان، گەندەڵی ئیداری و ناکۆکی حزبی و کێشەی خزمەتگوزاری، بابەتگەلێکن کە بە زیرەکی تیشکیان خراوەتە سەر. ئەم کێشانه ئەگەر بەڕاستی زۆر واقعیش نەبن، بەڵام شێوازی ڕەنگدانەوە و دووبارەبوونیان بە شێوەیەکی زێدەڕۆیانە و ڕێکخستنکراوەیی، وێنەیەکی تاریکی لە هەرێم دەخاته ڕوو و ئهقڵییهتی خەڵک بەڕەو بێمتمانەیی دەبات.
٤. بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی دەنگۆ؛ ئامرازێکی گرنگی دیکەی ئەم ئۆپەراسیۆنە دروستکردن و بڵاوکردنەوەی دەنگۆیە. زۆرجار ئەم دەنگۆیانە بەبێ سەرچاوە و بەڵگە بڵاو دەکرێنەوە، بەڵام زۆر بە خێرایی لە گرووپ و پەیجە ناوخۆییەکان دووبارە بڵاو دەکرێنەوە. بۆ نموونە دەنگۆی گەندەڵی بەرفراوان، گرێبەستی نهێنی یان تەنانەت خیانەت لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کوردستان لەلایەن سەرکردە سیاسییەکانەوە. ئەم جۆرە دەنگۆیانە نەک هەر بیروڕای گشتی دەشێوێنن بەڵکو دامەزراوە سیاسییەکان ناچار دەکەن کات و وزەی خۆیان بۆ وەڵامدانەوەی ئیدعای ناڕاست بەسەر بەرن.
٥. مۆدێلکردنی ئۆپەراسیۆنە هاوشێوەکان لە ناوچەکەدا؛ ئێران ئەزموونێکی بەرچاوی لە شەڕی نەرمدا هەیە. پێشتر لە ئێراق، سووریا و لوبنان تیمە سایبرییەکانی ئێران هەمان ئەم مۆدێلانەیان بەکارهێناوە بۆ گۆڕینی بیروڕای گشتی. بەڵام جیاوازی له هەرێمی کوردستاندا ئەوەیه که کۆمەڵگای کوردی له مێژوودا هەستیاریی تایبەتی له سەر ناسنامه و سەڕبەخۆیی خۆی هەیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئێران هەوڵ دەدات بە تێڕوانینێکی نەرمتر لەنێو کۆمەڵگاوە ئەم شوناسە لاواز و شەرعیەتی سیاسی هەرێم بخاتە ژێر پرسیارەوە.
“ئامانجەکانی ئێران بۆ شەڕی نەرمی سایبری لە هەرێمی کوردستان”
هیچ پڕۆژەیەکی سیاسی و ئەمنی بەبێ ئامانجێکی دیاریکراو پێکناهێنرێت. هەروەها ئۆپەراسیۆنە سایبرییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان بەشێکن لە ستراتیژییە گەورەکەی بۆ بەڕێوەبردن و کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگەی کوردی. لە ڕواڵەتدا ئەم چالاکییانە تەنیا ڕەنگدانەوەی ڕەخنە لە دۆخی ئێستایە، بەڵام لە ڕاستیدا هەر حەرەکەتێکی ڕێکخستنکراو کە سەرمایە، کات و هێزی ئەمنی لە پشتەوە بێت، ئامانجی قووڵتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئەم ئامانجانە دەتوانرێت لە چەند ئاستێکدا شیبکرێنەوە؛
لاوازکردنی متمانەی گشتی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ متمانەی گشتی، هەوێنی هەر سیستەمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. ئەگەر خەڵک باوەڕیان بە دامەزراوەکان نەمێنێت، تەنانەت کاریگەرترین پێکهاتەکانیش فەلەج دەبن. ئێران هەوڵدەدات بە ڕاوەستان لەسەر خاڵە لاوازییەکەنی هەرێم- وەک گەندەڵی دارایی، کێشەی بژێوی ژیان و ناکۆکی حزبی- ئەم متمانەیە لاواز و لەنێوی ببات. ئەم ستراتیژیە لە درێژخایەندا دەبێتە هۆی کێشەی سیاسی و هەرێم بەرەوڕووی کۆمەڵێک گرفت دەکات.
دروستکردنی کەلێنی نێوان خەڵک و حکومەت؛ یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە، فراوانکردنی کەلێنی نێوان خەڵک و سەرکردە سیاسییەکانە. کاتێک ڕای گشتی بەردەوام بە پەیامگەلێک بۆردومان دەکرێت کە دەڵێن “سەرکردەکانتان خیانەتکارن” یان “هیچ دامەزراوەیەک گرنگی بە خەڵک نادات”، وردە وردە بیرکردنەوەکە چەسپاوە کە حکومەت بەڕاستی نوێنەری کۆمەڵگا نییە. بۆشاییەکی لەو شێوەیە دەتوانێت ببێتە هۆی ناڕەزایەتی شەقام و ناسەقامگیری سیاسی و تەنانەت نائارامی کۆمەڵایەتی.
لاوازکردنی یەکگرتوویی ناوخۆیی کورد؛ مێژووی هاوچەرخی کورد هەمیشە لە سەر هەندێ کێشەی ناخۆیی دووبەرەکی و ناتەبایی لەگەڵدا بووە. ئێران زۆر باش دەزانێت کە یەکێک لە گەورەترین خاڵە بەهێزەکانی کورد، یەکگرتوویی و یەکرێزیی نەتەوەیی کوردە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە هەوڵ دەدات بە خۆشکردنی ئاگری “کێشەی حزبی، چینایەتی و توێژی” ئەم یەکگرتوویە لاواز بکات. لە سۆشیال میدیادا ئەم ئامانجە بە بەهێزکردنی گێڕانەوەی وەک “حزبەکان تەنها بیر لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەنەوە” یان “کورد هەرگیز یەکناگرنەوە” بەدوادا دەچێت.
سەرقاڵکردنی کۆمەڵگا بە قەیرانە ناوخۆییەکان؛ ئامانجێکی دیکەی ئێران ئەوەیە کە کۆمەڵگای کوردی هێندە سەرقاڵی قەیرانە ناوخۆییەکان بێت کە دەرفەت و توانای تەرکیزکردن لەسەر هەڕەشە دەرەکییەکان لەدەست بدات. کاتێک بیروڕای گشتی و میدیاکان هەموو کاتەکانیان بە باسکردنی کێشە ناوخۆییەکان، دەنگۆی گەندەڵی، یان ململانێی سیاسی بەسەر دەبەن، هەڕەشە ڕاستەقینەکانی ناوچەکە و مەترسییەکانی سیاسەتەکانی ئێران لەژێر سێبەری ئەواندا دەمێننەوە.
بەهێزکردنی گێڕانەوەی سیاسی ئێران؛ دواجار هەموو ئەم هەوڵانە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی گێڕانەوەی سیاسی ئێران سەبارەت بە ناوچەکە و کورد. ئێران بەردەوام هەوڵی داوە کورد وەک فاکتەری ناسەقامگیرکەر لە ناوچەکەدا نیشان بدات. لە ڕوانگەی تارانەوە، هەر جۆرە بەهێزبوونی دەسەڵات لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە، هەڕەشەیەکی بەهێز و بەتوانایە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی ئێران. بۆیە ئێران بە لاوازکردنی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان و وێناکردنی وەک بێکاریگەر، پەیامێک بۆ بەردەنگەکانی ناوخۆیی و بیانی دەنێرێت کە “کوردەکان توانای بەڕێوەبردنی خۆی نییە” و هەر پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی بۆیان بێهودە دەبێت.
“لێکەوتەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئۆپەراسیۆنە سایبرییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان”
کاتێک کۆمەڵگایەک بەردەوام بەرەوڕووی بۆردومانی زانیاری و شەڕی دەروونی دەبێت، گۆڕانکاری وردە وردە بەڵام قووڵ لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەودا ڕوودەدات. ئۆپەراسیۆنە سایبرییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان، هەرچەندە بەڕواڵەت لە شێوەی چەند کۆمێنت یان دەنگۆیەکدا بیچم دەگرن، بەڵام بە کردەوە دەتوانێت کاریگەریی دوورودرێژ لەسەر یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، پرۆسەی سیاسی و تەنانەت ئاسایشی هەرێمیش هەبێت. ئەم دەرئەنجامانە دەتوانرێت لە چەند تەوەرێکی سەرەکیدا بکۆڵرێتەوە.
لاوازبوونی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و کەمبوونەوەی متمانە؛ سەرمایەی کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگایەک بەندە بە متمانەی دوولایانەی نێوان خەڵک و دامەزراوەکان. کاتێک ڕای گشتی بەردەوام ڕووبەرووی پەیامی دووبارە سەبارەت بە گەندەڵی، ناکارامەیی و بێ سەرنجیی حکومەت دەبێتەوە، ئەم سەرمایە وردە وردە کاڵ دەبێتەوە. دەرئەنجامی ئەم ڕەوتە، بێمتمانەیی بەربڵاو و جۆرێکە لە بێهیوایی بەکۆمەڵ کە هەر بەشدارییەکی مەدەنی یان سیاسی لاواز دەکات. کۆمەڵگایەک کە متمانەی لە دەست بدات، بە سادەیی ناتوانێت پڕۆژەی گەورەی نیشتمانی یان چاکسازی سیاسی بەرەوپێش ببات.
چربوونەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان؛ یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران، خۆشکردنی ناکۆکی ناوخۆییە لە نێوان کوردەکاندا. لێکەوتی ڕاستەوخۆی ئەم سیاسەتە، زیادبوونی ململانێی حزبی و ڕکابەرییە بێ ئەنجامەکانە. کاتێک لایەنەکان وزەی خۆیان بۆ ناکۆکی ناوخۆیی تەرخان دەکەن نەک بۆ یەکگرتوویی لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان، کۆمەڵگا تا دێت بەربڵاو دەبێتەوە. لە ژینگەیەکی ئاوادا، تەنانەت بابەتی بچووک و ڕۆژانەش دەتوانن ببنە قەیرانی سیاسی گەورە.
پەرەپێدانی دەنگۆ و قەیرانی زانیاری؛ بڵاوبوونەوەی بەردەوامی دەنگۆ و هەواڵی ساختە، کۆمەڵگا دەخاتە دۆخێکی “قەیرانی زانیاری”. لەم حاڵەتەدا خەڵک توانای جیاکردنەوەی ڕاستی و درۆیان نامینە و هەر هەواڵێک ئەگەر ڕاستیش بێت، بە گومانەوە سەیری دەکرێن. وەها دۆخێک نەک هەر میدیا بێ متمانە دەکات بەڵکو زەمینە بۆ بڵاوبوونەوەی سەرلێشێواوی و بێسەرەوبەریی فیکری خۆش دەکات. قەیرانی زانیاری، یەکێکە لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی شەڕی نەرم، چونکە کۆمەڵگا لە هێزی شیکردنەوە و بڕیاردانی دروست بێبەش دەکات.
بەرزبوونەوەی بێمتمانەیی بە داهاتووی سیاسی؛ شەڕی دەروونی ئێران بە شێوەیەکی کاریگەر جۆرێک لە دڵساردی سیاسی لەنێو خەڵکدا دروست دەکات. کاتێک کۆمەڵگا بەردەوام ڕووبەڕووی ئەو کۆمێنتانە دەبێتەوە کە دەنووسن “هیچ گۆڕانکارییەک مومکین نییە”، “هەموو سەرکردەکان خیانەتکارن”، یان “هیچ ئومێدێک بۆ چاکسازی نییە”، جۆرێک لە کەمتەرخەمیی سیاسی بیچم دەگرێت. وەها دۆخێک بەشداریی گشتی لە هەڵبژاردن، خۆپیشاندانی مەدەنی، یان چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان کەم دەکاتەوە.
دابینبوونی زەمینە بۆ قەیرانە ئەمنییەکان؛ کاتێک سەرمایەی کۆمەڵایەتی لاواز دەبێت، ناکۆکییە ناوخۆییەکان چڕتر دەبنەوە و متمانە بە داهاتووی سیاسی لەدەست برۆت، کۆمەڵگا ئامادە دەکرێت بۆ قبوڵکردنی قەیرانە ئەمنییەکان. لە ژینگەیەکی وەهادا، بچووکترین ڕووداو دەتوانێت ببێتە هۆی ئاژاوەیەکی بەرفراوان. ئەمەش ڕێک ئەو خاڵەیە کە ئێران سەرمایەگوزاری لەسەری دەکات؛ هەرێمەک لاواز و پڕ لە درز و کەلێنی ناوخۆیی، نەک هەر بێ بەرگرییە لە بەرامبەر نفوزی دەرەکی، بەڵکو هەر بوونی سیاسییەکەی لە مەترسیدایە.
زەربە لە ناسنامەی نەتەوەیی کورد؛ یەکێک لە لێکەوتە هەرە قووڵەکانی ئەم شەڕە نەرمە، لاوازبوونی وردە وردەی شوناسی نەتەوەیی کوردە. کاتێک میدیا و سۆشیال میدیا پڕ دەبن لەو کۆمێنتانەی کە جەخت لەسەر بێدەسەڵاتی، ناتەبایی و بێمتمانەیی کورد دەکەنەوە، وردە وردە ئەو ئهقڵییهتە شێوەی خۆی وەردەگرێت کە “کورد توانای بەڕێوەبردنی خۆی نییە”. وەها وێنەیەک ئەگەر لەسەر ئاستی کۆمەڵگا بەدامەزراوەیی بکرێت، دەتوانێت نەوەی لاو و گەنج لە ئاست ئایدیاڵە نەتەوەیی و مێژووییەکان دڵسارد بکات. ئەمەش ڕێک ئەو مەترسیەیە کە هەر کوردێکی ناسیۆنالیست دەبێت لەبەرانبەریدا هەستیار بێت.
“ڕێکاری بەرپەرچدانەوەی شەڕی نەرمی سایبری ئێران”
هەرچەندە شەڕی نەرمی ئێران لە هەرێمی کوردستاندا ئاڵۆز و بەربڵاو دەردەکەوێت، بەڵام بەرپەرچدانەوەی نامومکین نییە. گرنگترین شت ئەوەیە کە لێڕوانینێکی وشیارانە و چالاکانەت هەبێت. ناسیۆنالیستە کوردەکان باش دەزانن کە شوناس و پاشەرۆژی نەتەوەی کورد نەک هەر لە بەرەکانی جەنگی سەربازیدا، بەڵکو لە سەنگەری گێرانەوەشدا دیاری دەکرێت. بۆیە کۆمەڵێک ڕێوشوێن دەتوانن وەک قەڵغانێکی کاریگەر لە دژی ئەم ئۆپەراسیۆنە ڕێکخستنکراوەکان بێت. لە یەکەمین هەنگاودا، ئاشکراکردنی ناوەرۆکی ڕێکخراوەی ئەم ئۆپەراسیۆنانەیە. میدیای هەرێمی کوردستان پێویستیان بەوەیە نیشان بدەن کە زۆرێک لەو کۆمێنت و ناوەڕۆکانە که بەڕواڵەت جەماوەرییە، لە ڕاستیدا بەشێکن لە پڕۆژەیەکی ئەمنی. بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوە، بەدواداچوون بۆ ئەکاونتە ساختەکان و نیشاندانی نموونەی دووبارەبووەکان، دەتوانێت یارمەتی خەڵک بدات تاکو ناوەرۆکی ڕاستەقینەی ئەم شەڕە دەروونییە تێبگەن. تا ئاستی هۆشیاری گشتی بەرزتر بێت، ئەم ئۆپەراسیۆنە کەمتر کاریگەر دەبێت.
یەکێکی تر لە گرنگترین ئەمرازەکانی بەرگری لە دژی شەڕی نەرم، باشترکردنی خوێندەواری میدیایی خەڵکە. پێویستە فێربکرێن کە چۆن هەواڵی ساختە لە هەواڵی ڕاستەقینە جیا بکەنەوە، چۆن سەرچاوەی هەواڵەکان بپشکنن و بۆچی هیچ ناوەڕۆکێک بەبێ بیرکردنەوە دووبارە بڵاونەکەنەوە. ئەم پەروەردەیە دەتوانرێت لە ڕێگەی قوتابخانە، زانکۆ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و تەنانەت هەڵمەتی میدیایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجام بدرێت. کۆمەڵگایەک کە خوێندەواری میدیایی بەرزتر بێت، کەمتر دەکەوێتە ژێر تەڵەی دەنگۆ و پڕوپاگەندە. لە لایەکی ترەوە، هیچ دامەزراوەیەک بە تەنیا ناتوانێت بەرەنگاری شەڕی نەرم ببێتەوە. پێویستە ڕێکخراوەکانی مەدەنی و لاوان، میدیای سەربەخۆ و تەنانەت لایەنە سیاسییەکانیش لەم بوارەدا پێکەوە کار بکەن. دروستکردنی تۆڕێکی هاوئاهەنگ بۆ دەستنیشانکردن، ئاشکراکردن و وەڵامدانەوەی خێرا بۆ دەنگۆکان دەتوانێت کاریگەریی ئۆپەراسیۆنە سایبرییەکانی ئێران زۆر کەم بکاتەوە. لە ڕاستیدا گرنگترین چەکی کورد لە دژی شەڕی نەرم، یەکێتی و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیەتی. لەبری ئەوەی جەخت لەسەر جیاوازییە حزبی و سیاسییەکان بکرێتەوە، پێویستە جەخت لەسەر هاوبەشییە مێژوویی، کولتووری و نەتەوەیی بکرێتەوە. ئەم یەکڕیزییە نەک تەنیا لە گۆڕەپانی سیاسی بەڵکو لە میدیاکانیشدا پتەوتر بکرێت. ئەو کەمپەینانەی کە سەرنجیان لەسەر “یەکێتی نەتەوەیی کورد”ە، دەتوانن بەربەستێکی بەهێز بن لە بەرامبەر هەوڵەکانی ئێران بۆ دروستکردنی ناکۆکی.
هەروەک چۆن شەڕی نەرم ئامرازی تەکنەلۆژی بەکار دەهێنێت، بەرپەرچدانەوەی پێویستی بە تەکنەلۆژیای نوێش هەیە. دروستکردنی تیمی تایبەتمەند بۆ بەدواداچوونی ئەکاونتە ساختەکان و ناسینەوەی بۆتەکان و شیکردنەوەی داتاکانی سۆشیال میدیا دەتوانێت لەم ڕووەوە کاریگەر بێت. ئەزموونی وڵاتانی دیکە نیشان دەدات کە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆژیای داتا ماین (Data Mining) ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە ئاشکراکردنی تۆڕە سایبرییەکانی ڕێکخراوەیی. لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم، شەڕی ئەمڕۆ تەنیا شەڕێک نییە لەگەڵ چەک و سوپا؛ شەڕی گێڕانەوە، زەین و ڕای گشتییە. هەرێمی کوردستان، وەک مەتەرێز و قەڵای نەتەوەیی کورد، زۆر بەرکەوتەی ئەم شەڕە نەرمەیە. ئێران بە کەڵکوەرگرتن لە ئۆپراسیۆنی سایبری و دەروونی هەڵ دەدات متمانەی گشتی لاواز، ناکۆکی ناوخۆیی چڕ و یەکگرتوویی نەتەوەیی کورد تێک بچێت. بەڵام مێژووی تێکۆشانەکانی نەتەوەی کورد دەریخستووە کە ئەم میللەتە هەرگیز لە ژێر گوشاری دەرەکیدا ملکەچ نەبووە. وەک چۆن لە مەیدانی سەربازیدا بەرەنگاری بووین، پێویستە لە بواری میدیا و ئەلیکترۆنیشدا بەرەنگاری ببینەوە. ئەم خۆڕاگرییە نەک هەر پێویستی حکومەت و دامەزراوە سیاسییەکانە، بەڵکو دەبێت هەموو هاووڵاتییەکی کورد خۆی بە بەشێک لەو بوارەدا بزانێت.
ئەگەر لە کاتی خۆیدا هۆشیار بین و میدیای سەربەخۆ و ناسیۆنالیستی خۆمان بەهێز بکەین و خوێندەواری میدیایی کۆمەڵگا باشتر بکەین و جەخت لە یەکگرتوویی نەتەوەیی بکەینەوە، هیچ شەڕێکی نەرم و ئۆپەراسیۆنی ئەلیکترۆنی و سایبری ناتوانێت دەست بەسەر داهاتووماندا بگرێت. هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ تەنها جوگرافیایێک نییە، بەڵکو هێمای بەرخۆدان و ناسنامەی نەتەوەی کوردە. هەرچەندە شەڕی نەرمی ئێران هەڕەشەیەکی جیددییە، بەڵام دەتوانێ دەرفەتێک بێت بۆ ئەوەی کورد زیاتر لە هەموو کاتێک بەهای یەکگرتوویی نەتەوەیی، هۆشیاری و شوناسی خۆی بزانێت.