ب- به‌رنامه‌ڕێژی و بابەتەكانی په‌یوه‌ست به دامه‌زراوه‌كان؛ له دیاریكردنى “فراوانى، ڕێژه، ماوه”ى چالاكییه‌كانى پرۆسه‌ى چاودێری، بوونی هه‌ڵسه‌نگاندنێكى ڕاسته‌قینه بۆ هێزی مرۆیى و سه‌رچاوەی دارا‌یی به‌رده‌ست، بەكارێكى پێویست دادەنرێت. یەك تیمی چاودێریى هه‌رێمایه‌تى دەتوانرێ لە دامه‌زراوه‌یه‌ك یا كۆمه‌ڵێك یان له تۆڕێكی چه‌ندین دامه‌زراوه‌ى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى پێكهێنرابێ. لە هه‌ردوو دۆخدا دەتوانن كاریگه‌رییان هەبێت، هه‌ردوو شێوازەكە له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی سنوری “دامه‌زراوه‌ى ئاسایش و هاریكاریى ئه‌وروپا” بەكاردەهێنرێن.
“مه‌سه‌له‌كانى پەیوەندیدار به هێزى كار”
كاتێك یه‌ك یاخود چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى، بڕیاری چاودێریى به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردندا دەدەن، وێڕای ئه‌ندامانى خۆیان، دەشێ پێویستیان بەهێزى مرۆیى زیاتر هەبێت. پرسیار و مه‌سه‌له چاره‌نوسسازه‌كان لەم بوارەدا بریتین له:-
– له‌كام لایه‌ن مافەكانیان “بۆنمونە موچە-و.ك” وه‌رده‌گرن؟
– ڕێژه‌ى ماف “ده‌بێ له‌گه‌ڵ ڕێژه‌ى مافەكانى سه‌رجه‌م دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه نیشتیمانییەكاندا بگونجێ”.
– ماوه‌ى قۆناغى گرێبه‌سته‌كان “زۆربه‌ى كارمه‌ندان پێویستە كه‌مێك به‌رله ده‌ستپێكى ئه‌و چالاكییه بخرێنه‌گه‌ڕ كه تیایدا دەبنە چاو‌دێر. بۆنمونه چاودێرانى میدیاكان پێویستە كاره‌كانیان له‌و ڕۆژه‌دا ده‌ست پێبكه‌ن كه ململانێى هه‌ڵبژاردن به فه‌رمی ڕاده‌گه‌یه‌نرێت. پاشان ماوه‌یه‌كى كورت به‌رله كۆتایى هه‌ڵبژاردنه‌كه، كۆتایى به‌ئەركەكانیان بهێنن”.
– ئایا بڕیاردراوه چاودێران بۆ ماوه‌یه‌كى درێژخایه‌ن له ناوچه‌كاندا بمێننه‌وه یاخود نا؟
– ئایا پێویسته بۆ مانه‌وه‌ى درێژخایه‌ن له ناوچه‌یه‌كدا “له‌پێناو چاودێریى به‌سه‌ر كاره‌كانى هه‌ڵبژاردندا” كۆمه‌ڵێك كه‌س دابمەزرێنن، یاخود ده‌توانرێ بۆ ئه‌م كاره سود لە خۆبەخشەكان[1] وەربگرن؟.
* ئایا پێویسته بۆ مانه‌وه‌ی كورتخایەن له ناوچه‌یه‌كدا، كۆمه‌ڵێك كه‌س دابمەزرێنرێن یاخود سود له خۆبەخشەكان وەربگرن؟ پێویستە سه‌رنج له‌وه بدرێت كه پێدانی موچه، سیفاتى كارى خۆبه‌خشانه كه‌م ده‌كاته‌وه‌و دەرفەت بۆ ئه‌و كه‌سانه زیاتر دەڕەخسێنێ كە به‌رپرسیارێتی و بێلایەنیان كەمترە. ئه‌گه‌ر بڕیاردرا “بڕه‌پاره‌یه‌ك وه‌ك سوپاس و ڕێزلێنان نه‌ك وه‌ك موچه” ببه‌خشرێ به ئەو كه‌سانه، ئه‌وا بڕی پارەكه نابێ له‌و موچه‌یه زیاتر بێت كه به‌رپرسانى بنكه‌كانى ده‌نگدان وه‌ریده‌گرن.
*رێژه‌یه‌كى گونجاوی بودجه كە دەبێ بدرێت بە كارمه‌ندان و خۆبه‌خشه‌كان بۆ پێداویستی ڕۆژانه‌یان له‌كاتى كاردا “وه‌ك:- هاتوچۆ بۆ بنكه‌كانی فێركاری یاخود بۆ پشكنینى بنكه‌كانى ده‌نگدان”.
ئه‌م بڕیارانه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بودجه‌ى داواكراو و ڕه‌نگه له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ش هەبێت كه حه‌ز به هاوكاریی دارایى بۆ چالاكییه‌كانى چاودێریى هەڵبژاردن ده‌كه‌ن. لەسەر ئەم بنەمایە رێنوینی دەدرێت كە تیمەكانی چاودێری، سیاسه‌تێك له‌پێناو بەدەستهێنانی هێزی كار بگرنه‌به‌ر كە ئه‌م مه‌سه‌لانه لەخۆدەگرێت و دڵنیاش ببنه‌وه كه هیچكام له موچەخۆران “كارمەندان” یاخود كەسە خۆبه‌خشه‌كانیان له‌و چالاكیانه‌دا به‌شدار نەبن كه لەگەڵ ئامانجه‌كانى چاودێریى هه‌ڵبژاردندا ناگونجێن “بۆنمونە وەرگرتنی ئەرك وەك ئەندامی تیمی هه‌ڵبژاردن، بوونى پۆستێكى جێبه‌جێكاریى یاخود ڕێبەرایەتی له پارتێكى سیاسی‌دا یاخود پاڵێوراوى هه‌ڵبژاردن بێ”[2]. ئه‌گه‌ر بڕیاربێ ژماره‌یه‌ك له ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى پێكەوە وه‌ك چاو‌دێر كار بكه‌ن، زۆر گرنگه هه‌موو ڕێكخراوەكان له‌ڕووى سیاسییه‌وه بێلایه‌ن بن و سیمایەكی بێلایه‌نییان هه‌بێت و ئه‌ندامبوونیان له‌و كۆمەڵەیەدا تێكه‌ڵاوى چالاكییەكانیتریان نه‌بێت. تیمەكانى چاودێریى هه‌رێمایه‌تى پێویستە ڕێكارێك بۆ هێنانی چاودێرانى ڕۆژى هه‌ڵبژاردن و چاودێرانی نیشتیمانی و هەرێمایەتی دەستنیشان بكەن، ئه‌م كاره‌ش به‌دڵنیاییه‌وه ده‌توانرێ له‌ڕێگەی بەشی جاڕنامە و ئاگاداریی لە میدیا نیشتیمانی و هەرێمایەتییەكاندا، ڕیكلام بۆ پۆسته گرنگه‌كان بكرێت. ئه‌گه‌رچى هه‌ڵسه‌نگاندنى داواكاران بۆ دڵنیابوون له ئاستی شایسته‌یی، بێلایه‌نى و ئاماده‌بوونیان بۆ راپەراندنی ئه‌ركەكانیان بەپێویست دادەنرێت، ده‌بێ جەخت لەوە بكرێتەوە كه هەلی كار بۆ ئەركی چاودێری هه‌ڵبژاردن، بۆ ژماره‌یه‌كى زۆرى هاوڵاتیانی كۆمه‌ڵگا بڕه‌خسێنرێت.
تیمەكانى چاودێریى هه‌رێمایه‌تى ده‌بێ هه‌وڵبدەن به‌پێى توانا هاوسه‌نگى هێزى كار له‌ڕووى “ڕه‌گه‌ز، ته‌مه‌ن، نه‌ته‌وه و زمان” بپارێزن. دواى دانانی چاودێرانی هه‌رێمایه‌تی و ئه‌وانیتر، پێویستە به ته‌واوه‌تى ڕاهێنانیان پێبكرێت. پاشان پێشكەشكردنی كۆپییه‌ك له‌و وانە فێركارییانە بە تیمەكانی پەیوەندیدار بەهەڵبژاردن بۆنمونە بە “كۆمیسیۆنى سه‌ره‌كی هه‌ڵبژاردن”، له‌پێناو دڵنیابوونییان له ڕاستى و ڕوونى كاره‌كان. له بواری كاری چاودێراندا، تیمەكانی چاودێریى هه‌رێمایه‌تى ده‌بێ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئه‌وه ئه‌نجام بده‌ن كه ئایا سپاردنى كاری چاودێریی به‌و كه‌سانه له ناوچه‌كه‌ى خۆیاندا، كارێكى باشه یاخود نا؟ له‌وه‌ش دڵنیا ببێتەوە كه دۆخی ده‌نگدان بۆ خودى چاودێرانیش فه‌راهه‌م كراوه.
“مه‌سه‌له‌كانى پەیوەندیدار به دامه‌زراوه‌كان”
قازانجى یەك دامه‌زراوه‌ی یه‌كگرتوو لەمەدایە كه به‌ڕێوه‌بردن و بڕیاردان لەم جۆرەدا ئاسانتره تا لەنێو كۆمه‌ڵێك دامه‌زراوه‌دا. له‌لایه‌كیتره‌وه كۆمەڵەیەك دەشێ چەندین دامەزراوە لەخۆبگرێت كه لە بوارێكی تایبەتدا بۆنمونە چاودێریى میدیادا پسپۆڕن، یاخود ئه‌و دامه‌زراوانه‌ى كه زۆر چالاكن له ناوچه‌یه‌كى دیاریكراودا، ئه‌مه‌ش ده‌توانێ توانای چاودێریی و پرۆفیشناڵێتى كاره‌كەیان زیاتر بكەن. كۆمه‌ڵگاكان پێویستە له‌ڕووى جۆرایەتی دامه‌زراوه‌كانه‌وه زۆر بەرفراوان بن. كۆمه‌ڵێك له دامه‌زراوه ناسراوەكان دەشێ خاوه‌نى متمانه‌یه‌كى بەرزتر بن به به‌راورد له‌گه‌ڵ یه‌ك دامه‌زراوه‌دا، به‌تایبه‌تى كاتێك چه‌ندین دامه‌زراوه‌ى چاودێریى نێوده‌وڵه‌تى پێكه‌وه هه‌وڵ دەدەن بۆ سه‌رنجڕاكێشانى میدیاكان. به‌گشتى تیمێكی چاودێرى هه‌رێمایه‌تى ده‌بێ خۆى له دووباره‌كردنه‌وه‌ى كاری دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌كانیتر بپارێزێت “ته‌نها له هه‌لومه‌رجێكى تایبه‌تدا نه‌بێ”، ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگرێت كه ده‌رفەت لاوازە بۆ بەدەستهێنانی یارمه‌تى دارا‌یی لەلایەنە نێودەوڵەتییەكان بۆ كارێك كە هاوكات دامەزراوەیەكی ناسراوتریش سەرقاڵی ئەنجامدانییەتی[3].
له‌م دۆخەدا، ئامانجەكەی پێویستە بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى چانسى ده‌ستپێكى چالاكییە نوێیەكان و ده‌وڵه‌مه‌ندتركردنى چالاكییه‌كانى ئێستا بێت. له‌پێناو دڵنیابوونه‌وه له په‌یوه‌ندییه باشه‌كانى نێوان دامەزراوەكانی فیدراسیۆنێك بەپێی توانا، راسپاردەكە ئەوەیە كە ڕێككه‌وتنامه‌یه‌ك له‌لایه‌ن نوێنه‌ری فه‌رمی سه‌رجه‌م دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌كانی بوارەكە ئیمزا بكرێت. ئه‌م فیدراسیۆنە له‌پێناو ئاسانكاریى بۆ پرۆسه‌ى بڕیاردانەكان، چاره‌سه‌رى مه‌سه‌له بنەڕە‌تییه‌كان و هاندان بۆ ڕاستى و ڕوونی “شەفافییەت” له ڕاپۆرته داراییه‌كاندا، تیمێكی سەرۆكایەتی پێكبهێنێ لە ئەندامانی راسپێردراو یا هەڵبژێردراو لەلایەن ئەو دامه‌زراوانەوە. وێڕای ئه‌مه‌ش، به‌ڕێوه‌بردنى ڕۆژانه‌ى چالاكییه‌كان ده‌بێ بخرێته‌ئه‌ستۆى “ستافی به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رپه‌رشتی” كه دواتر باسى ده‌كه‌ین.
سەرچاوە:
[1]– مه‌به‌ست له خۆبەخشەكان ئەو كەسانەن كە كارێكی خزمەتگوزاری بەبێ بەرامبەر یاخود لەهەمبەر پاداشتێكی كەم و رێزلێنانێكدا ئەنجام دەدەن. (وه‌رگێڕ).
[2]– واتا نابێ كه‌سێك پۆستى حیزبى یا حكومى هه‌بێت یان خۆى پاڵاوتبێ، به‌ڵام ببێ به چاودێری سندوقه‌كانى ده‌نگدان (وه‌رگێڕ).
[3]-واتا دامەزراوەیەكی بەناوبانگ، سەرقاڵی جێبەجێكردنی پرۆژەیەك بێت، دامەزراوەیەكیتر بیەوێ هاوكارییەكی نێودەوڵەتی وەربگرێت بۆ جێبەجێكردنی هاوشێوەی هەمان پرۆژە، ئاستەمە بتوانێ سەركەوتوو بێت لە وەرگرتنی هاوكاری، زۆرجار بەپێی یاسا ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانیش دەچێتە خانەی پێشێلی مافی خاوەندارێتیش. (وەرگێڕ).
ئامادەکردن: ڕێكخراوی ئاسایش و هاریكاریی له ئه‌وروپا
وەرگێڕانی: د.كارزان محەمەد