“دامەزراوەیەکی نوێگەرا و داهێنان میحوەر”
زانکۆ لە مێژە ناوەندێکە بۆ بەرهەمهێنان و پاراستن و گواستنەوەی زانست. هەمیشە ڕۆڵێکی بنەڕەتی هەبووە لە پەروەردەکردنی سەرکردەکان و بڵاوکردنەوەی زانیاری و داڕشتنی کولتوور. بەڵام سەدەی بیست و یەکەم مەرجی تەواو نوێی پێشکەش بە زانکۆکان کردووە:- جیهانگیری، زیادبوونی خێراکردنی بەرهەمهێنانی زانین و سەرهەڵدانی تەکنەلۆژیای گۆڕانکاری. ئەم گۆڕانکاریانە پرسیاری بنەڕەتی دەوروژێنن:- زانکۆکان لە ساڵانی ٢٠٥٠دا چۆن دەبێت؟ ئایا وەک دامەزراوەیەکی کلاسیکی ئەمڕۆ دەمێنێتەوە، یان دەبێتە ڕێکخراوێکی جیهانی لەسەر بنەمای کارسازی و داهێنان؟ ئەم بابەتە بەدواداچوون بۆ ڕەوت و تەحەددییە سەرەکییەکان دەکات و پێی وایە زانکۆی داهاتوو ئەگەر بیەوێت پێگەی خۆی بپارێزێت، دەبێت زیاتر و زیاتر پشت بە بەڕێوەبردنی لێشاوی زانست و پەروەردەکردنی داهێنان و وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا ببەستێت.
- زانکۆ لە قۆناغی گواستنەوەدا؛ زانکۆکان هەرگیز لە کۆمەڵگا جیا نەبوونەتەوە. سیاسەت و ئابووری و کولتوور هەمیشە کاریگەرییان لەسەر ئەرکەکانیان هەبووە. بەڵام لەم دەیان ساڵەی دواییدا فشارەکان دوو هێندە زیادیان کردووە. چیتر چاوەڕوان ناکرێت زانکۆکان بە سادەیی تەنیا پەروەردەکردن پێشکەش بکەن، بەڵکو دەبنە بزوێنەری داهێنان و هاوبەش لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و پارێزەری بەها دیموکراسیەکان. بەڵگەنامە گرنگەکانی وەک پرۆسەی بۆلۆنیا و ماگنا کارتای زانکۆکانی ئەوروپا جەختیان لەسەر پێویستی بەنێودەوڵەتی بوون و لێپرسراو بوون و وەڵامدەربوونی زانکۆکان کردووەتەوە. لە هەمان کاتدا حکومەتەکان و هاوڵاتیان پرسیاریان لە زانکۆکان کردووە:- ئایا بە خێرایی پێویست گۆڕانکارییان بەسەردا دێت؟ ئایا دەتوانن نەوەی داهاتوو بۆ جیهانێکی پڕ لە نادڵنیایی ئامادە بکەن؟ ئەم پرسیارانە ئەوە دەردەخەن کە زانکۆکان ناچارن بیر لە ئەرکەکەیان بکەنەوە.
- ڕەوتی جیهانی و سیناریۆکانی داهاتوو؛ دوو ڕەوتی جیهانی لە بنەڕەتدا داهاتووی زانکۆکان لە قاڵب دەدەن:-
- بە گەورە پێوانەکردنی کۆمەڵگاکان:- ئیتر هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت بە گۆشەگیری بژی. ئابووری و سیاسەت و کولتوورەکان تێکەڵاون و زانکۆکان هەم دەبێت بەشداری لە تۆڕە جیهانییەکان بکەن و هەم وەڵامی پێداویستییە ناوخۆییەکان بدەنەوە.
- خێراکردنی بەرهەمهێنانی زانست:- زانیاری مرۆڤ بە نزیکەیی هەر پێنج ساڵ جارێک دوو هێندە زیاد دەکات. ئەمەش فێربوونی بەردەوام و لێکۆڵینەوەی نێوان زانستەکان و نەرمی زیاتری سیستەمی خوێندنی باڵای پێویستە.
لە ناوەڕۆکی ئەم ڕەوتانەدا چەندین سیناریۆ دەتوانرێت بێتەکایەوە:-
- یەکگرتنی جیهانی و گەشەی بەردەوام:- سیناریۆیەکی گەشبینانە کە تێیدا دیموکراسی بڵاودەبێتەوە، ئابووری گەشە دەکات و زانکۆکان وەک ناوەندی جیهانی داهێنان گەشە دەکەن.
- قەیرانی جیهانی:- سیناریۆیەکی ڕەشبینانە کە تێیدا تێکچوونی ژینگە و نایەکسانی، بناغەکانی خوێندنی باڵا تێکدەدات.
- ڕێنێسانسی ناوچەیی:- بەهێزکردنی کولتوور و نەریتە ڕەسەنەکانە کە ڕێگای جیاواز بۆ زانین دروست دەکەن.
- کۆمەڵگای زانین میحوەر:- بە ئەگەری زۆرەوە سیناریۆیەکە کە فێربوون و داهێنان دەبێتە بنەمای گەشەسەندنی مرۆڤ، زانکۆکانیش ڕۆڵێکی ناوەندی دەگێڕن.
- لە هەڵگرتن و پاراستنی زانیارییەوە بۆ بەڕێوەبردنی زانین و زانیاری؛ زانکۆ تەقلیدییەکان سەرنجیان لەسەر هەڵگرتن و گواستنەوەی زانست بووە. بەڵام تا ساڵی ٢٠٥٠ ئەرکەکەیان فراوانتر دەبێت:- بەڕێوەبردنی ڕەوتی زانیاری و زانین.
ئەمەش واتە:-
- شکاندنی سنوورەکانی نێوان پسپۆرییەکان و بەیەکەوە پەیوەستکردن و بەستنەوەی دۆزینەوەکانی فیزیا، بایۆلۆجی، زانستە مرۆییەکان و زیرەکی دەستکرد.
- دروستکردنی ژینگەیەک کە داهێنان و کارسازی و خولیا و خەیاڵی کولتووری پەروەردە بکات.
- پشتگیریکردن لە فێربوونی بەردەوام و یاوەریکردنی خەڵک بە درێژایی ژیان و پیشەکەیان.
- لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی لە بەرامبەر تەکنەلۆژیا بەهێزەکانی وەک ئەندازیاری ژەنەتیک و بۆماوەیی و زیرەکی دەستکرد.
بەم شێوەیە زانکۆی داهاتوو نەک هەر دەبێتە کۆگای زانست، بەڵکو سەرکردە و ڕێکخەری ڕەوتی زانستیش دەبێت.
- تەکنەلۆژیا و وەرچەرخان لە خوێندنی باڵا؛ تەکنەلۆژیا و بەتایبەت ئینتەرنێت و زیرەکی دەستکرد و پەیوەندییە دیجیتاڵییەکان بە تەواوی سیما و ڕووی زانکۆکانی گۆڕیوە. هاوکارییەکانی بواری توێژینەوەکان کە هەندێ جار چەند ڕۆژێک، هەفتە و چەند مانگێکی دەویست، ئێستا لە چەند چرکەیەکدا دەکرێت. لە داهاتوودا “ژینگەی فێربوونی زیرەک” سەرهەڵدەدەن کە پەروەردە لەگەڵ پێداویستییەکانی تاکدا دەگونجێنن و تەنانەت هەندێک بەش لە لێکۆڵینەوەش بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەنجام دەدەن.
بیهێنە بەرچاوتان کە خوێندکارێک لە ساڵی ٢٠٥٠ بە ڕێنمایی و ڕینمونی زیرەکی دەستکرد دەخوێنێت؛ سیستەمێک کە هەڵەکانیان ڕاست دەکاتەوە، سەرچاوەی گونجاو پێشنیار دەکات و تەنانەت گریمانەی نوێش پێشنیار دەکات. بەڵام ئەم پێشکەوتنانە کۆمەڵێک مەترسییشیان هەیە:- گۆشەگیری توێژەران، زۆر پشتبەستن بە ئامێرەکان و پرسە ئەخلاقییەکانی پەیوەست بە تایبەتمەندی و بەرپرسیارێتی مرۆڤ. کەواتە کاری زانکۆ ئەوەیە کە تەکنەلۆژیا بەکاربهێنێت بۆ خزمەتکردنی داهێنان و ڕەخنەی مرۆڤ نەک جێگەی بگرێتەوە.
5- زانکۆی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو؛ بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو، ئایندەی زانکۆ هەم دەرفەتە و هەم هەڕەشەیە. جیهانگیری دەتوانێت دەرفەت بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و هاوکاری بڕەخسێنێت، بەڵام ئەگەر نەتوانن خۆیان لەگەڵیدا بگونجێنن، مەترسی پەراوێزخستنی جددییان لەسەرە.
زانکۆکانی ئەم وڵاتانە پێویستە:-
- وەبەرهێنان لە خوێندنی باڵا و توێژینەوە بکەن.
- گونجاندنی سیاسەتی خوێندنی باڵا لەگەڵ پێداویستییە ئابووری و کۆمەڵایەتییە ناوخۆییەکان.
- هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی ناسنامەی کولتووری و بەشداریکردن لە زانستی جیهانیدا دروست بکەن.
تەحەدای سەرەکی “گەیشتن بە دەوروبەر” نییە بەڵکو دۆزینەوەی شوێنێکی تایبەتە لە ئیکۆسیستەمی زانستی جیهانیدا.
- ئاسۆی زانکۆ لە ساڵی ٢٠٥٠؛ بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕەوتانە، پێدەچێت زانکۆی ساڵی ٢٠٥٠ ئەم تایبەتمەندیانەی خوارەوەی هەبێت:-
جیهانی بەڵام لە هەمان ناوخۆیی:- تۆڕێکی نێودەوڵەتی بەڵام هەستیار بە پێداویستییە ناوخۆییەکان.
- ناوەندێکی داهێنان:- کە زانست و کولتوور و داهێنانی کۆمەڵایەتی تێیدا کۆدەبنەوە.
- هاوەڵێکی تەواوی ژیانی و هەتاهەتایی:- چیتر زانکۆ تەنها لە تەمەن و قۆناخی گەنجاندا سنوردار نابێت، بەڵکو یاوەری تاکەکان دەبێت بە درێژایی تەمەنیان.
جەمسەرێکی ئەخلاقی:- دامەزراوەیەک کە بەرپرسیارێتی بەکارهێنانی دروستی تەکنەلۆژیای نوێ لە ئەستۆ دەگرێت و بەها مرۆییەکان بەرز ڕابگرێت.
تا ساڵی ٢٠٥٠، زانکۆکان جێگەیان لە دڵی کۆمەڵگەی زانست میحوەری جیهانی دا دەبێت. ئەوان نە ون دەبن و نە کۆمپانیا یان پلاتفۆرمی دیجیتاڵی جێگەیان دەگرێتەوە. بەڵکو دەبنە دامەزراوەیەک کە یارمەتی کۆمەڵگا دەدەن لە بەڕێوەبردنی ئاڵۆزییەکان و هاوسەنگکردنی نەریت و گۆڕانکارییەکان. دوو فاکتەر گەرەنتی مانەوەی زانکۆکان دەکەن:- یەکەم، گەشەسەندنی نەبڕاوە و بەردەوامی زانست؛ دووەم:- خواستی هەمیشەیی مرۆڤ بۆ پرسیارکردن و گەڕان بەدوای ڕاستیدا. ئەگەر زانکۆکان ئەم دووانە بخەنە ناو ستراتیژییەت و ئەرکی خۆیانەوە، بێ گومان نەک هەر دەمێننەوە بەڵکو دەبنە ناوەندی داهێنان و کارسازی بۆ سەدەی داهاتوودا. بە هیوام کاربەدەستان و ستافی ئەکادیمی زانکۆ ئاورێکی جیددی لە پرۆگرام و ستراتیژییەتی زانکۆکان و ئامانجە نەتەوەیی و مرۆییەکان بە ئاراستەی داهێنان و خوڵقاندنی بەها باڵاکان و پێشکەوتنی زانستی کۆمەڵگەکەمان بدەن.
تیبینی:-
ماگنا چارتای؛ زانکۆکانی ئەوروپا Magna Charta Universitatum))، بەڵگەنامەیەکی جیهانییە، لە ساڵی ١٩٨٨ لە زانکۆی بۆلۆنیا داڕێژراوە و واژۆ کراوە، کە بنەما بنەڕەتییەکانی زانکۆ وەک ئازادی ئەکادیمی، سەربەخۆیی دامەزراوەیی و هاوکاری نێوان زانکۆکان بەرەوپێش دەبات [١، ٣، ٤]. ئامانجی بەرزڕاگرتنی بەها ئەکادیمییە هاوبەشەکان و پێشخستنی هاوکارییە لە نێوان دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە سەرانسەری جیهان، هاندانی زانکۆکان بۆ گونجاندن لەگەڵ پێداویستییەکانی کۆمەڵگا هاوچەرخەکان و پێشخستنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە.
پرۆسەی بۆلۆنیا؛ زنجیرەیەک ڕێککەوتنی نێوان حکومەتەکانە بۆ چاکسازی لە سیستەمی خوێندنی باڵای ئەوروپا بۆ دروستکردنی ناوچە و ژینگەی خوێندنی باڵای ئەوروپا لە ساڵی ١٩٩٩ لە شاری بۆلۆنیا لە ئیتاڵیا دەستیپێکردووە، ئامانجە سەرەکییەکانی بریتین لە زیادکردنی جوڵەی خوێندکاران و کارمەندان، بەرزکردنەوەی شەفافیەت و ناساندنی بڕوانامەکان، پێشخستنی خوێندنی باڵای گشتگیر و دەستڕاگەیشتن، و بەهێزکردنی توانای کێبڕکێی جیهانی ئەوروپا. تایبەتمەندییە سەرەکییەکان بریتین لە سیستەمی بڕوانامەی سێ خولی (بەکالۆریۆس، ماستەر، دکتۆرا)، سیستەمی گواستنەوە (ECTS) و گرنگیدانێکی بەهێز بە دڵنیایی جۆری.