بە واتای “خۆبوون” یان “خۆبژێوی” “سەربەخۆیی” دێت؛ واتە گرنگیدان بە ناسنامەی کورد .خۆیبوون لە هاوینی ساڵی ١٩٢٧دا بە فەرمی لە لوبنان لە ژێر دەسەڵاتی فەرەنسا دامەزرا، و لە ٥ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٢٧دا ڕاگەیەندرا. دامەزرێنەران لە چەند ڕێکخراوێکی پێشووتری کوردی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە هاتبوون، لەوانە: کوردستان تەعالی جەمعیەتی “کۆمەڵگەی بەخێوکردنی کوردستان”, جەمعیەتی خوێندکارانی کورد,کۆمەڵگای تەعاون و تەرەققی کوردستان جگە لە هەندێک کەسایەتی و ئەکادیمی و چالاکوانی سەربەخۆی وەک مەمدوح سەلیم و میران بەدرخان و ئەوانی تر. ئامانجی ڕاگەیەندراوی بزووتنەوەکە ڕزگارکردنی کوردستان بوو لەژێر دەسەڵاتی تورکیا و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی لە چوارچێوەی ئەو سنوورە “نەتەوەیی و سروشتییانەی” کە دەستوور دیاری کردبوو.
خۆیبوون دابەش بوو بەسەر کەرتێکی سیاسی و کەرتێکی سەربازی- چەکداردا :
سەرکردایەتی سیاسی: لە شوێنەکانی وەک دیمەشق و ڕەوەندی کوردی لەدەرەوە سەنتەر بوو.
سەرکردایەتی سەربازی: لە ناوچە شاخاوییەکانی ناو کوردستانەوە چالاکی دەکرد، دیارترینیان شاخەکانی دەوروبەری ئارارات بوو، بە سەرکردایەتی ئیحسان نوری پاشا.
ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بریتی بوون لە:
جەلادەت عالی بەدرخان “سەرۆک”
مەمدوح سەلیم
مەحمود بەدرخان
هاکۆ ئاغا
عەلی ڕیزا کوردی “کوڕی شێخ سەعید”
ئەحمەد نامی
کامیل چانو
ڕەشید هێنو
یاخیبوونی ئارارات “یاخیبوونی ئاگری”
یەکێک لە یەکەم چالاکییە سەربازییە گەورەکان بە سەرپەرشتی خۆیبوون یاخیبوونی ئارارات بوو “کە بە یاخیبوونی ئاگری ناسراوە” کە لە ئۆکتۆبەری ١٩٢٧ دەستی پێکرد و تا نزیکەی ساڵی ١٩٣١ بەردەوام بوو. ناوی یاخیبوونی ئارارات لەلایەن خۆیبوونەوە لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٧دا ڕاگەیەندرا. فەرماندەی سەربازی ئیحسان نوری پاشا بوو، لەکاتێکدا ئیبراهیم هێسکی ئیدارەی مەدەنی پارێزگای ئاراراتی گرتە ئەستۆ. ڕاپەڕینەکە لەلایەن سوپای تورکیاوە هێرشی کرایە سەر، کە هێزی ئاسمانیشیان بەکارهێنا و لە ساڵانی ١٩٣٠-١٩٣١دا وردە وردە سەرکوت کرا. خۆیبوون هەوڵی دا پشتیوانی لە زلهێزە گەورەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەک کۆمەڵەی گەلان بەدەستبهێنێت، بەڵام پشتیوانی فەرمی سنووردار یان بێ کاریگەر بوو.
هەماهەنگی لەگەڵ ئەرمەنییەکان
هاوپەیمانی لەگەڵ ئەرمەنییەکان، بە تایبەتی پارتی ڕزگاریخوازی ئەرمەنستان “دەشناکەکان” دامەزرا. پەیماننامەیەکی هاوکاری لە نێوان خۆیبوون و ئەرمەنییەکان لە ئۆکتۆبەری ١٩٢٧ واژۆ کرا. دوای سەرکوتکردنی یاخیبوونی ئارارات، ڕۆڵی خۆیبوون وردە وردە لاواز بوو، بەتایبەتی لەگەڵ لاوازبوونی پشتیوانی دەرەکی و توانای ڕێکخراوەیی لە بەرامبەر دەوڵەتی تورکیادا. خۆیبوون وەک تاقمێکی ئۆپۆزیسیۆن درێژەی بە چالاکی خۆیدا، بەڵام لە دوای ١٩٣٢ چالاکی فەرمی زۆر لاواز بووەوە و لە نیوەی دەیەی ١٩٣٠کانەوە وەک ڕێکخراوێکی چالاک نەمابوو. بڕیاری دامەزراندنی ئەو ڕێکخراوە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە و ڕاوێژی نێوان هێزە کوردییەکان هات کە لە دوای شکستی یاخیبوونی شێخ سەعید (١٩٢٥) و بڵاوبوونەوەی بزووتنەوەکانی دیکە، بە ئامانجی یەکگرتنەوەی سیاسی و بە کردەیی.
خۆیبوون تێگەیشت کە کردەوەی سیاسی بەتەنها بەس نییە، بۆیە ستراتیژێکی دووانەی گرتەبەر: ڕێکخستنی سیاسی و کردەوەی چەکداری لە کاتی پێویستدا.
بزووتنەوەکە گرنگی تایبەتی هەیە لەبەر چەندین هۆیەک:
یەکەم ڕێکخراوی سیاسی مۆدێرن و یەکگرتووی کوردی بوو.
یەکەم ڕێکخراو بوو کە بە شێوەیەکی مۆدێرن ڕێکخرابوو.
نموونەیەکی گرنگ بوو لە هاوکاری نێوان کورد و ئەرمەن.
ستراتیژی دووڕەهەندی بوو، تێکەڵاوی چەکداری و دیپلۆماسی.
بنەمای دانا بۆ بزووتنەوە کوردییەکانی دواتر.
یەکەم ڕێکخراو بوو کە بە ناوی کوردی یان-کوردستانی کار دەکرد.
دوای ٩٩ ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی خۆیبوون، حیزبەکان ئاڵای ناسیۆنالیستی بەرز دەکەنەوە، بەڵام لەگەڵ یەکتر ناکۆکییان هەیە. باس لە سەربەخۆیی و مافەکان دەکەن، بەڵام بڕیارەکانیان پێچەوانەی ئەوەیان پێوەدیارە.