ئیلۆن مەسک بەم دواییانە ڕایگەیاند؛ کە کۆمپانیاکەی(Neuralink) ئامانجێتی شۆڕشێک بەرپا بکات لە بواری بەستەرەکانی نێوان مێشک و کۆمپیوتەر (Brain-computer interface)یان (BCI).بۆ یەکەمجار کۆمپانیاکە بە سەرکەوتوویی چیپێکی لەناو مێشکی مرۆڤێکدا چاندووە. چاندنی ئەم ئامێرە، کە ناوی “the Link”ە، بازدانێکی گەورەیە بەرەو پێشەوە لە جیهانی (BCI)ەکاندا، کە چالاکییەکانی مێشک تۆمار دەکەن و کۆدەکانیان دەکەنەوە. ئەم تەکنەلۆژیایە لەوانەیە ڕێگە بۆ داهێنانی نوێ لە بواری چاودێری تەندروستی، پەیوەندیکردن و، هەروەها توانای مەعریفی (تێگەیشتن)دا بکاتەوە. هەرچەندە زانیاریی سنووردار لەسەر تەکنەلۆژیاکە بەردەستە و بانگەشەکانی Neuralink هێشتا بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراونەتەوە، لێرەدا سەیری ئامێری ‘the Link’ و شێوازی کارکردنی و لێکەوتە ئەگەرییەکانی ئەم داهێنانە پێشەنگە دەکەین.
“ئەو تەکنۆلۆجیایەی لە پشت چیپی Neuralinkەوەیە”
چیپی Neuralink، کە وەک ئامێرێکی بەتەواوی شایەنی چاندن و نەبینراو )لە ڕووی جوانکارییەوە( وەسف کراوە، ڕیشاڵی تەنک و نەرمی تێدایە کە 1,024 ئەلکترۆدیان پێوەیە و چالاکیی نیورۆنەکان (خانە دەمارییەکان) تۆمار دەکەن، ئەو خانانەی کە پەیام بە هەموو لەشدا دەنێرن بۆ بەڕێوەبردنی نزیکەی هەموو فرمانەکانی مرۆڤ. ئامێرەکە کە بە قەبارەی دراوێکی کانزاییە و،زە لە چیپێکی پێشکەوتووی تایبەت وەردەگرێت کە لەناو خودی ئامێرە چێندراوەکەدایە. ئەم چیپە ئاماژەکان پرۆسێس دەکات و لە ڕێگەی پەیوەندییەکی بلوتوسی ئاساییەوە بۆ ئامێرێکی دیجیتاڵی دەیاننێرێت،کە ئەمەش هەنگاوێکی نوێیە لە پەرەپێدانی BCIەکاندا. ڕۆبۆتە نەشتەرگەرییەکان بە وردییەکی زۆرەوە ئەم ڕیشاڵانە لەناو توێکڵی مێشکدا (cerebral cortex) دەچێنن، کە بەرپرسە لە پرۆسە ئاست بەرزەکانی مێشک وەک فێربوون و هەست و سۆز، ئەمەش بۆ دڵنیابوون لە دانانی وردی ئەلکترۆدەکان.
“چیپی Neuralink چۆن کار دەکات؟”
لەسەرەتادا، چیپی Neuralink تیشک دەخاتە سەر یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە تووشی ئیفلیجی سەخت بوون، هەروەها ئامانجی گەڕاندنەوەی کۆنترۆڵی کەسییە بەسەر پەلە دەستکردەکانی لەش، (prosthetics)، یان ئامێرەکانی پەیوەندیکردندا. لە ڕێگەی تۆمارکردن و شیکردنەوەی ئاماژە دەمارییەکان لە نیورۆنە تاکەکانەوە و پاشان ناردنەوەیان بۆ مێشک بە بەکارهێنانی وروژاندنی کارەبایی، چیپەکە وا لە بەکارهێنەران دەکات کە تەنها لە ڕێگەی بیرکردنەوەوە کۆنترۆڵی ئامێرەکان بکەن. بە بەراورد لەگەڵ BCIەکانی تر، شێوازەکەی Neuralink نیورۆنە تاکەکان دەکاتە ئامانج، کە ئەمەش داتای گرنگ بۆ شیکردنەوەی پێشکەوتووی بیرکردنەوە دابین دەکات. شایەنی باسە، کۆمپانیاکە ڕۆبۆتێکیشی پەرەپێداوە کە دەتوانێت ئامێرەکە بە شێوەی نەشتەرگەری بچێنێت بە وردی و کاراییەکی زیاتر لە پزیشکێکی نەشتەرگەری مرۆڤەوە. بە وتەی زیندەوەرزانانی دەمار (neurobiologists)، ئامێرەکەی Neuralink شتێکی ئەوتۆ لە ڕووی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیی نوێوە پێشکەش ناکات، چەندین کۆمپانیا دەیان ساڵە خەریکی پەرەپێدانی ئەلکترۆدی ڕووکەشن کە تەکنەلۆجیای هاوشێوە پێشکەش دەکەن. بەڵام، داهێنانەکەی کۆمپانیای Neuralink لەوەدایە کە ئامێرەکەی چەندین تەکنەلۆژیای ئێستا لە یەک سیستەمدا کۆدەکاتەوە و ئەلکترۆدەکان بە نیورۆنە تاکەکانەوە دەبەستێتەوە.
“داهاتوی ئامێرە چێنراوەکانی وەک چیپی Neuralink“
ئەگەر تەکنۆلۆجیاکە سەرکەوتوو بوو، کۆمپانیاکە هیواخوازە بەستەری ڕاستەوخۆی نێوان مێشک و کۆمپیوتەر دروست بکات کە بیرکردنەوەکانی مرۆڤ بە ئامێرە دیجیتاڵییەکانەوە ببەستێتەوە. دیدگای درێژخایەنی مەسک ئەوەیە کە هۆشی مرۆڤ لەگەڵ زیرەکیی دەستکرددا تێکەڵ بکات، بانگەشەیەک کە گومانێکی زۆری لەلایەن زانایانەوە لێکەوتۆەتەوە. لە بواری پزیشکیدا، Neuralink دەتوانێت ڕێگای نوێ بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەمارییەکان وەک نەخۆشیی پارکینسۆن بکاتەوە. دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئێسکەپەیکەری دەرەکی (exoskeletons) و ئەندامی دەستکرد (prosthetics) کە دەتوانن جووڵە بۆ ئەو کەسانە بگەڕێننەوە کە تووشی ئیفلیجی بوون یان ئەندامێکی لەشیان لەدەستداوە. هەروەها تەکنەلۆژیاکە دەرگا بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی مرۆڤ دەکاتەوە لە ڕێگەی بەهێزکردنی یادگە و توانای مەعریفی (تێگەیشتن)ی پێشکەوتووەوە.
“مامەڵەکردن لەگەڵ نیگەرانییە ئەخلاقییەکانی Neuralink“
هەرچەندە تاقیکردنەوەکەی Neuralink لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا (USDA) پەسەند کراوە، بەڵام لە داتابەیسی ئۆنلاینی تاقیکردنەوە کلینیکییەکانی پەیمانگای نیشتمانیی تەندروستی (NIH) تۆمار نەکراوە. زانیاریی کەم لەسەر تاقیکردنەوەکان بە شێوەیەکی گشتی بڵاوکراوەتەوە و، کۆمپانیاکە ئەوەی ئاشکرا نەکردووە کە چاندنەکان لە کوێ ئەنجام دەدرێن و هەڵسەنگاندن بۆ چ دەرەنجامێک دەکەن. بەڵام، توێژەران پێشبینی دەکەن کە کۆمپانیاکە ئەگەری زۆرە تاقیبکاتەوە کام چیپ باشترین کارایی نیشان دەدات، بەرگەگرترینە، هەروەها باشترین ئەزموونی بەکارهێنەری هەیە. بەوپێیەی بڕیارە تاقیکردنەوە سەرەتاییەکە پێنج ساڵ بخایەنێت، کارایی درێژخایەنی چیپەکە کلیلی سەرکەوتنی دەبێت، چونکە گۆڕینی ئەلکترۆدەکان دوای چاندن ئەگەرێکی کەمە. سەرەڕای بەڵێنە تەکنەلۆژییەکانی ئامێرەکە، نیگەرانیی ئەخلاقیی بەرچاو سەبارەت بە تایبەتمەندی، چاودێریکردن و، کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان وروژێنراون. تاقیکردنەوەکانی پێشوو لەسەر مەیموون و بەراز پێشکەوتنی هیوابەخشیان نیشان دا، بەڵام کێشەی وەک ئیفلیجی و گەشکەش ڕاپۆرت کراون. دابینکردنی دەستڕاگەیشتنی دادپەروەرانە و چارەسەرکردنی جیاوازییە ئەگەرییەکان (نایەکسانییەکان) شتێکی زۆر پێویست دەبێت. هەروەها لەگەڵ ئەوەی کاریگەرییە درێژخایەنەکان هێشتا نەزانراون، توێژەرانی تەکنەلۆژیای دەماری جەخت لەوە دەکەنەوە کە سەلامەتی و شەفافیەت لە تاقیکردنەوە کلینیکییەکاندا وەک دوو بابەتی زۆر گرنگ دەمێننەوە. پەرەپێدانەکانی نیورالینک ئاماژەیە بۆ گواستنەوەیەکی ئەگەری لە ئامێرە لەبەرکراوە دەرەکییەکانەوە بەرەو ئامێرە چێندراوەکانی ناوەوە، کە دەتوانێت سەرەتای سەردەمێکی نوێی تێکەڵبوونی قووڵتری تەکنەلۆژیا لەگەڵ سیستەمی دەماریدا دەستپێبکات. هەرچەندە ئەم چیپە نوێیەی مێشک پێشکەوتنێکی بەرچاو لە بواری BCIەکاندا نیشان دەدات، زانایان و پسپۆڕانی دەماری جەخت لەوە دەکەنەوە کە زۆر گرنگە بە گەشبینییەکی وریایانەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. تێگەیشتن لە تەکنەلۆژیاکە، تواناکانی ئێستای و، لێکەوتە ئەگەرییەکانی داهاتووی، شتێکی بنەڕەتییە بۆ پەرەپێدانێکی بەرپرسیارانە و جێبەجێکردنێکی ئەخلاقی. لەگەڵ دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکان لەسەر مرۆڤ و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاکە، چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەخلاقییەکان و بەڕێوەبردنی چاوەڕوانییەکان کلیلی سەرەکی دەبن بۆ بەدیهێنانی تەواوی تواناکان.
“پێشکەوتنەکان لە ڕووکارەکانی نێوان مێشک و کۆمپیوتەردا”
(Brain-Computer Interfaces)؛ چیپی مێشکی Neuralink وەشانێکی پێشکەوتووتری BCIە، لەگەڵ چەند جیاوازییەکی گرنگدا، کە بە زۆری لە دەوری چۆنیەتی تۆمارکردنی ئاماژەکاندایە. لە ڕووکارە نەریتییەکانی نێوان مێشک و کۆمپیوتەردا، ئەلکترۆدە بچووکەکانی تۆمارکردن، کە بەرپرسن لە تۆمارکردنی چالاکیی مێشک، لەسەر کەلـلەسەر دادەنرێن. ئەمە بە ناچاری دەبێتە هۆی شێواندنێکی بەرچاوی ئاماژەکان. تەکنەلۆژیای Neuralink ڕێگایەکی چڕتر بەکاردەهێنێت ،١٠٢٤ ئەلکترۆدی بچووک ڕاستەوخۆ لەناو مێشکدا دەچێنرێن بە بەکارهێنانی ئامێرێکی ڕۆبۆتی، کە ئاماژەی ڕوون و بێ هیچ شێواندنێکی بەرچاو دابین دەکەن. ئەمە ڕێگە بە لێکدانەوەیەکی گونجاوتر بۆ ئەم ئاماژانەی مێشک دەدات و بەمەش، پلانێکی کاری وردتر لەلایەن ئامێرە کۆمپیوتەرییە دەرەکییەکەوە دادەنرێت.
“ورووژاندنی توێکڵی جووڵەیی مێشک و Neuralink“
بەکارهێنانێکی تری ئەگەریی وروژێنەری Neuralink دەتوانێت لەو نەخۆشانەدا بێت کە تووشی زیانی مێشکیی تووند (traumatic brain injuries) و جەڵتەی مێشک بوون. ئەمەش هەمان ڕێگا پەیڕەو دەکات، کە بریتییە لە تۆمارکردنی ئاماژەکانی مێشک، ناردنیان بۆ ئامێرێکی دەرەکی و پاشان گەیاندنی ئاماژە گونجاوەکان بەو ماسولکانەی کە لە ژێر ئاستی زیانپێکەوتنەکەوەن.ئەم تەکنۆلۆجیایە دەتوانێت وروژاندنی توێکڵی جووڵەیی مێشک (motor cortex stimulation) پێشکەش بە نەخۆشانی جەڵتەی مێشک و زیانی مێشکیی تووند بکات. لەگەڵ ئەم چارەسەرەدا و،روژاندنی سەر ڕەقەنە (epidural stimulation) لەسەر ئەو ناوچەیە جێبەجێ دەکرێت کە پێی دەوترێت (هێڵی جووڵەیی) لە بەشی پێشەوەی مێشکدا، یان لەسەر بەشی سەرەوەی دڕکەپەتکی مل. ئەم چارەسەرە بۆ ئەو نەخۆشانە بەردەستە کە کێشەی مەعریفی (تێگەیشتن) یان زیانی قەدی مێشکیان هەیە. ئەم چارەسەرە توانایەکی زۆری هەیە بۆ بەهێزکردنی ئاماژەکانی مێشک و هەروەها بونە هۆی چاکبوونەوەی فرمانی لەو نەخۆشانەدا.
سەرچاوە؛ captechu
وهرگێڕانی؛ لاولاو مستهفا