“ته‌وه‌ر‌ى سێیه‌م؛ دامه‌زراندنى پارتى ديموكراتى كوردستانى سووريا له ياداشته‌كانى حه‌ميد ده‌روێشدا”
له ساڵى “1954” سووريا چه‌ندين گۆڕانكاریى گه‌وره‌ى به خۆوه بينى، ژماره‌يه‌ك ئه‌فسه‌رى سووپا له شارى حه‌له‌ب دژى فه‌رمانڕه‌وايه‌تى ديكتاتۆريه‌تى “ئه‌ديب شيشكلى” ياخیبوون، ئه‌وه‌ش بووه هۆى دروستبوونى خۆپيشاندانێكى گه‌وره‌ى خوێندكاران له هه‌موو خوێندنگه‌كانى سووريا و زانكۆى سووريا به تايبه‌تى وه‌ك پشتگيريیه‌ك بۆ ئه‌فسه‌ره ئازاديخوازه‌كان. ئه‌وه بوو “ئه‌ديب شيشكلى” ناچار بوو واز له ده‌سه‌ڵات بهێنێت و وڵات جێبهێڵێ له شوباتى “1954”، دواى هه‌ڵاتنى شيشكلى وڵات به‌گشتى كه‌شێكى ديموكراسى به‌خۆوه بينى، حیزبه سياسييه‌كان گه‌ڕانه‌وه بۆ چالاكى ئاشكرا، ده‌يان ڕۆژنامه‌ى سه‌ربه‌خۆ و حیزبى ده‌رده‌چوو، له هاوينى ئه‌و ساڵه‌دا هه‌ڵبژاردنێكى پاك و ديموكراسى به‌ڕێوه‌چوو، ده‌توانين بێژين سووريا بووه مێرگی ئازادى و ديموكراسى. ئه‌م ڕه‌وشه هه‌لێكى باشى دايه نيشتمانپهروهره كورده‌كان بۆ زيندوو كردنه‌وه‌ى ڕۆشنبيرى كورديى و به‌ره‌و پێشبردنى، له سه‌ره‌تاى ساڵى “1955” يه‌كه‌مين ڕێكخراو‌يى ڕۆشنبيرى كوردى به ناوى “كۆمه‌ڵه‌ى ژيانه‌وه‌ى ڕۆشنبيرى كوردى” دامه‌زرێنرا، كه پێكهاتبوو له “عوسمان سه‌برى” لێپرسراوى كۆمه‌ڵه‌كه بوو، به ئەندامێتى هه‌ر يه‌كه له “حه‌مزه نويران و “عه‌بدولحه‌ميد ده‌روێش، عه‌بدولمه‌جيد ده‌روێش و ساڵح موحه‌مه‌د ده‌روێش و خزر فه‌رحان عيسا و سه‌عدولڵا ئيبراهيم”. كه ببووه جێى ڕه‌زامه‌ندى و پشتگيرى خانمى هێژا ڕه‌وشه‌ن به‌درخان”، كۆمه‌ڵێك كتێبى چاپ و بڵاو كرده‌وه له‌وانه:- “لمحات من تأريخ الادباء الاكراد” كه ڕه‌وشه‌ن به‌ردخان داينابوو، “باهۆز” و “ده‌ردێن مه Derden me” و “ألفباء اللغه الكرديه” به زمانى كوردى له دانانى عوسمان سه‌برى “الكوسموبوليتيه” به عه‌ره‌بى له دانانى مامۆستا عه‌بدولڕه‌حمان زه‌بيحى، كتێبى “الاكراد” به عه‌ره‌بى له دانانى مامۆستا ساميد كوردستانى “جه‌مال نه‌به‌ز”، چه‌ند پارچه‌يه‌ك له بڕيارنامه‌كانى كۆنفرانسى دووه‌مى حیزبى شيوعى ئێراق له سه‌ر پرسى كورد، كه له ساڵى “1954” ده‌رچووبوو.
سه‌ركه‌وتنى كۆمه‌ڵه‌كه‌مان بووه هه‌نگاوێك بۆ دروستكردنى ڕێكخستنێكى سياسى، كه پێويستييه‌كى زۆر گرینگ بوو، له پێناوى خه‌بات بۆ به ده‌ست هێنانى مافه‌كانى نه‌ته‌وه‌يى گه‌لى كورد له سووريا، ئێمه له ناوه‌ڕاستى ساڵى “1956” ئاڕاسته‌ى خۆمان گۆڕى بۆ دروستكردنى پارتێكى سياسى، لێره‌دا هه‌ر يه‌كه له “موحه‌مه‌د ساڵح ده‌وروێش و عه‌بدولمه‌جيد ده‌ورێش و خزر فه‌رحان” وازيان لێ هێناين، ئێمه سێ كه‌س ماينه‌وه ئه‌وانيش “عوسمان سه‌برى و عه‌بدولحه‌ميد ده‌روێش و حه‌مزه نويران” بووين، له‌و ماوه‌يه‌دا دكتۆر نو‌رەدين زازا كه تازه خوێندنى له سويسرا “لۆزان” ته‌واو كردبوو گه‌ڕابووه‌وه سووريا، ئه‌و به ڕۆڵى خۆى پشتگيریكردين له دروستكردنى ئه‌و ڕێكخستنه‌دا. ئێمه هه‌ر سێكمان ده‌ستمان به دانانى بناغه‌ى حیزبه‌كه كرد و ڕێككه‌وتين ناوه‌كه‌ى به‌م شێوه‌يه بێت:- “Partiya Kurdên Dimiqratên Sûrî” پارتيا كوردانى ديموكراتيا سووريا، پڕۆگرامى پارته‌كه به زمانى كوردى نووسرابۆوه، ئه‌وه‌ى به به‌رده‌واميش هاوكارى ده‌كردين “دكتۆر نوره‌دين زازا” بوو، له‌وانەشى كه هانيداین له دروستكردنى حیزبێكى سياسى له سووريا مامۆستا “جه‌لال تاڵه‌بانى” ئه‌ندامى ليژنه‌ى ناوه‌نديى پارتى ديموكراتى كوردستانى ئێراق بوو، كه ئه‌وكاته به هۆى مه‌ترسى فه‌رمانڕه‌واى پادشايى له ئێراق له سووريا بوو. هه‌روه‌ها مامۆستا عه‌بدولڵا ئيسحاقى ناسراو به “ئه‌حمه‌د تۆفيق”، سكرتێرى حیزبى ديموكراتى كوردستانى ئێرانى ئەو‌كاته. دواى ته‌واو بوونى به‌رنامه‌ى سياسى حیزب به زمانى كوردى له چاپخانه‌ى كه‌ره‌م له ديمه‌شق له گه‌ڕه‌كى “حه‌لبوونى” له كۆتايى ساڵى “1956” چاپ كرا، ئه‌و به‌رنامه‌يه له سێ به‌شى سياسى و ڕۆشنبيرى و كۆمه‌ڵايه‌تى پێك ده‌هات و به هۆى بايه‌خى زۆر‌ى ئه‌و به‌رنامه‌يه له خواره‌وه به‌شه سياسيیه‌كه‌ى داده‌نێين، كه له ده بڕگه پێك دێت:-
1. به‌هۆى نه‌بوونى ڕێگه‌يه‌كى ڕوون و ڕاست له به‌رده‌م كوردانى سووريا هه‌تاوه‌كوو ئێستا به هۆى جياكارى و بێبه‌شبوونيان، هه‌ر له مافه سياسى و كۆمه‌ڵايه‌تيى و ڕۆشنبيرييه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاڵ و دژواره هه‌ندێك له هه‌ندێك له نيشتمانپهروهره كورده‌كان ئه‌م كۆمه‌ڵه‌يان له ژێر ناوى “كورده ديموكراتييه‌كانى سووريا” ڕێك خست، تاوه‌كوو براكانيان دوور بن له هه‌ڵه و بيان پارێزن له سته‌م و تێداچوون.
2. پارتى كورده ديموكراتييه‌كانى سووريا، پارتێكى ئازاديخواز و پێشكه‌وتووخوازه، له‌به‌ر ئه‌وه كار ده‌كات بۆ به‌رپاكردنى سيستمێكى ديموكراتى گه‌لى له وڵاتى سووريا، فراوانكردنى ئازادييه ديموكراتيیه‌كان و به‌ده‌ستهێنانى ئه‌وه‌ى له سه‌ر شانيه‌تى به هاوكارى له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌سايه‌تى و پارته پێشكه‌وتووخوازه‌كان له وڵات.
3. پارتى كورده ديموكراتييه‌كانى سووريا له‌پێناوى به‌هيزكردنى سه‌ربه‌خۆى وڵاتى سووريا، هه‌ر له‌و ڕێگه‌يه‌شدا و به ناوى كوردانى سوورياوه هه‌ڵوێستى خۆى دژى داگيركه‌ران و كلكه‌كانيان تێده‌كۆشێت.
4. هه‌ر كاتێك وڵاته‌كه‌مان له هه‌ژموونى داگيركارى ڕزگارى بوو، كۆتايى به ده‌ستێوه‌ردانى بيانى له كاروبارى ناوخۆى وڵات هات، ئه‌وكاته پارتى كورده ديموكراتييه‌كانى سووريا به هۆى ئه‌و بارودۆخه تايبه‌ته‌ى “400” هه‌زار كوردى جه‌زيره و جه‌به‌ل ئه‌كراد و عه‌ين عه‌ره‌بى تێدا ده‌ژى، داواى به‌ديهينانى هه‌موو مافه سياسى و كۆمه‌ڵايه‌تى و ڕۆشنبيرييه‌كانى له چوارچێوه‌ى سووريا دا ده‌كات.
5- پارتى كورده ديموكراتييه‌كانى سووريا پشتگيرى و پشتيوانى خه‌باتى گه‌لى كورد ده‌كات له توركيا و ئێران و ئێراق و پشتيوانى خه‌باتى سه‌رجه‌م گه‌لانى چه‌وساوه دژى داگيركه‌ران ده‌كات، بۆڕزگاركردنى وڵاته‌كه‌يان و، له‌و بواره‌شدا حيزب پشتگيرى ته‌واوى داخوازييه‌كانيان ده‌كات.
6. حكوومه‌تى توركى له توركيا و كوردستانى باكوور “كه له ژێر ده‌ستیدايه” هه‌ندێك بنكه‌ى سه‌ربازیى ده‌وڵه‌تانى داگيركه‌رى تێدا دامه‌زراندووه، ئه‌و بنكانه‌ش به چه‌كى كوشنده و كومه‌ڵكوژ ئاخنراون وه‌ك ئاماده‌كارييه‌ك بۆ جه‌نگێكى تر‌ى جيهانى، جه‌نگێكى له‌و شێوه‌يه‌ش گه‌لى كورد و وڵاته عه‌ره‌بييه‌كانى تر توشى كاره‌ساتێكى گه‌وره ده‌كاته‌وه، هه‌ر بۆيه پارتى كورده ديموكراتييه‌كانى سووريا له پێشه‌كى به‌رنامه‌كه‌يدا كوردانى توركيا له‌و واقيعه ئاگادار ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ش له پێناوى ده‌ستگرتن به سه‌ر ئه‌و بنكه داگيركارييانه‌دا به هاوكارى برا عه‌ره‌به‌كانيان.
7. پارتى كورده ديموكراتييه‌كانى سووريا له خه‌باتى كۆمه‌ڵايه‌تى و نه‌ته‌وايه‌تى دا پشت به‌هه‌موو كوردا نيشتمانپه‌روه‌ره‌كان و ديموكراسيخوازان و پشتيوانانى ئازاديخوازى به‌شه‌ره‌ف دەبەستێت.
8. پارتى كورده ديموكراتييه‌كانى سووريا واى ده‌بنێ كه هه‌موو حكوومه‌تى گه‌لان و ئاشتيخوازان و هاوڕێيانى كه پشتيوانى گه‌لى كوردن، حیزب ده‌ستى هاوكارييان به بێ دوودڵى بۆ درێژ ده‌كات.
9. پارتى كورده ديموكراتييه‌كانى سووريا پێى وايه كه هه‌ڵگيرسانى جه‌نگێكى تر‌ى جيهانى ده‌بێته كاره‌ساتێكى گه‌وره بۆ هه‌موو مرۆڤايه‌تى، به تايبه‌تى گه‌لانى بچووك و لاواز، لێره‌دا حیزب له پاڵ هه‌موو گه‌لانى ئاشتيخواز داواى ئاشتيیه‌كى جيهانى ده‌كات، دژى هه‌موو په‌يمانێكى سه‌ربازیى دوژمنايه‌تييه.
10. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى گه‌لى كورد بۆ ماوه‌يه‌كى دوورودرێژ ژێر ده‌سته و زوڵم لێ كرا‌و بووه، گه‌لێك ئايدۆلۆژيا و بيروباوه‌ڕ و بۆچوونى “نه‌خۆشى” زيانبه‌خش له زيهنيدا بڵاو بۆته‌وه، ئه‌مه‌ش بۆته هۆى ئه‌وه‌ى هاوسه‌نگى و هێزى له ده‌ست بدات، حیزب واى ده‌بينێ كه ده‌توانێ خۆى له‌م نه‌خشانه ڕزگار بكات و بگاته‌وه سيفات و ڕه‌وشته په‌سه‌ندكراوه‌كان، له ڕيگا‌ى خوێندنه‌وارى و زانست و زانيارييه‌وه ڕێگه‌يه‌كى نوێ به‌ره‌و داهاتوويه‌كى پرشنگدار بكاته‌وه.
دواى چاپكردنى به‌رنامه‌ى سياسى حیزب و دابه‌شكردنى، چه‌ندين چالاكى به‌رچاومان له ناوه‌ندى نيشتمانيى كورد دا ئه‌نجام دا، به تايبه‌تى له‌نێو ئه‌و خوێندكارانه‌ى كه له ديمه‌شق ده‌يان خوێند، له ماوه‌يه‌كى كه‌مدا هه‌واڵى دروستكردنى حیزب له نێو چينه جياوازه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى كورديدا بڵاوبوووه، ژماره‌يه‌كى زۆر لايه‌نگر پێوەندييان پێوه‌كرد، هه‌ر له ديمه‌شق و دەرباسیيه و عامودا و قامیشلوو. هه‌ر له‌وماوه‌يه‌دا عوسمان سه‌برى له‌گه‌ڵ ژماره‌يه‌كى زۆر كه‌سايه‌تى ناسراو له كوردداغ پێوەندیيان كرد، له به‌هارى ساڵى “1957” له سه‌ر داواى ئێمه پێوەندى كرد به ژماره‌يه‌ك له هاوڕێكانی وه‌ك “موحه‌مه‌د عه‌لى خۆجه، شه‌وكه‌ت حه‌نان، خه‌ليل موحه‌مه‌د”، هه‌روه‌ها “ڕه‌شيد حه‌مۆ”ش كه ئه‌مانه هه‌موويان ئه‌ندامى حیزبى شيوعى بوون، به‌ڵام خاوه‌ن هه‌ستێكى نه‌ته‌وه‌يى بوون و حه‌زيان به كاركردن له حیزبێكى كوردى پێشكه‌وتووخواز ده‌كرد، بۆ ئه‌مه‌ش داوايه‌كيان هه‌بوو.
دواى دانووستان له‌گه‌ڵ “ڕه‌شيد حه‌مۆ” له‌گه‌ڵيان گه‌يشتينه لێك تێگه‌يشتن و ڕێككه‌وتنێك، تاوه‌كوو بێنه ناو حیزبه‌وه و پڕۆگرامى حیزبه‌كه بكه‌نه زمانى عه‌ره‌بى، ئه‌وه‌ش ڕوويدا، ئه‌وه‌بوو له ڕۆژى “14ى حوزه‌يرانى 1957” له ماڵى سه‌يد موحه‌مه‌د عه‌لى خۆجه له گه‌ڕه‌كى سوق خه‌ميش له حه‌له‌ب ئه‌نجامدا، له‌و ڕۆژه‌وه ليژنه‌ى ناوه‌ندى حیزب له حه‌وت ئه‌ندام پێك ده‌هات كه ئه‌وانيش:- عوسمان سه‌برى، عه‌بدولحه‌ميد ده‌روێش، حه‌مزه نويران و ڕه‌شيد حه‌مۆ، موحه‌مه‌د عه‌لى خۆجه، خه‌ليل موحه‌مه‌د، شه‌وكه‌ت حه‌نان بوون. ڕێككه‌وتين كه ڕۆژى “14”ى حوزه‌يران بكرێته ڕۆژى دامه‌زراندنى حیزب، دواى ئه‌وه‌ى عوسمان سه‌برى به پێشنيازى برايانى كوردداغ ڕ‌ازى بوو، ئيدى ناوى حیزبى ديموكراتى كوردى سووريا له جياتى ناوى پارتى كورده ديموكراتييه‌كانى سووريا به‌كاربهێنرێت. ئه‌وه‌ى شايانى باسه لێره‌دا ئه‌وه‌يه كه پڕۆگرامى نوێى حیزب نزيك بوو له پڕۆگرامى پێشوو، هيچ جياوازييه‌كى زۆر له نێوانياندا نه‌بوو، به هاتنه ناوه‌وه‌ى كۆمه‌ڵێك له كورده‌كانى كورداغ ليژنه‌ى ناوه‌ندى حیزب فراوان بوو، ئيدى حیزب له ڕووى ڕێكخستن و سياسيیه‌وه گرینگتر بوو، به تايبه‌تى ئه‌و چوار هاوڕێيه خاوه‌نى ئه‌زموونێكى زۆر‌ى سياسيى و ڕێكخستن بوون، كه له حیزبى شيوعى وه‌ريان گرتبوو و ساڵانێكى زۆر بوو ئه‌ندامى حیزبى شيوعى بوون، هه‌ر له‌و ماوه‌يه‌دا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خاوه‌نى ئامێرى چاپ نه‌بووين، مرۆڤێكى نيشتمانپه‌روه‌رى خه‌ڵكى دەرباسیيه به ناوى سه‌يد خه‌ليل ئامێرێكى چاپكردن و كۆپیكردنى له سه‌ر ئه‌ركى خۆى بۆ حیزب كڕى و پێشكه‌شى كردين.
له كۆتاييه‌كانى ساڵى “1957” دا كۆمه‌ڵه‌يه‌ك بۆ ئه‌و خوێندكاره كوردانه‌ى كه له زانكۆى سووريا ده‌يانخوێند پێكهات، له ئه‌ندامه‌كانى عه‌لى فه‌تاح دزه‌يى “ئێراقى” سه‌رۆك، عه‌بدولحه‌ميد ده‌روێش ڕازگر، دكتۆر قاسم ميقداد ئه‌مين، ئه‌مين سندووق بوو، چه‌ند به‌ڕێزێكى تريش بوونه ئه‌ندام له‌وانه:- عيزه‌دين مسته‌فا ڕه‌سووڵ” ئێراقى”، خه‌ليل حه‌ننان “سوورى”، خه‌ليل عه‌بدولعه‌زيز “سوورى”، موئه‌يد نه‌قشبه‌ندى “ئێراقى”، عومه‌ر شه‌ريف “ئێراقى”، ئه‌نوه‌ر بووزان “سوورى” و ته‌لعه‌ت… نازناوه‌كه‌يم بيرنايه‌ته‌وه “ئێراقى”، سوبحى ڕه‌شۆ “سوورى”. ئه‌م كۆمه‌ڵه‌يه له ناو زانكۆى سووريادا چه‌ندين چالاكى فراوانى ئه‌نجامدا، له ئاستى ده‌ره‌وه‌شدا پێوەندى به‌و خوێندكاره كوردانه‌وه كرد كه له ميسر و ئه‌ورووپا ده‌يانخوێند و زۆربه‌يان له كورده‌كانى كوردستانى ئێراق بوون هه‌ندێكى زۆر كه‌ميان سوورى بوون، له‌و ڕۆژگاره‌دا ژماره‌ى كورده سووریيه‌كان له زانكۆى سووريا له ژماره‌ى په‌نجه‌ى ده‌سته‌كان تێ نه‌ده‌په‌ڕى. له لايه‌کى تره‌وه ليژنه‌ى ناوه‌ندى حیزبمان به سوودووه‌رگرتن له‌و كه‌شه ديموكراسيى و په‌رله‌مانييه‌ى كه له‌و كاته‌دا هاتبووه ئاراوه، چالاكى و ڕێكخستنى زۆر و به‌رچاوى له زۆربه‌ى ناوچه كوردييه‌كانى وه‌كوو “جه‌زيره و كورداغ و حه‌له‌ب” هه‌بوو، له‌وكاته‌دا هه‌موو حیزبه سياسييه‌كان و له ناويشياندا حیزبمان “پارتى ديموكراتى كوردى سووريا، موماره‌سه‌ى چالاكى سياسيى و كاروبارى ڕێكخستنى خۆيان به ئاشكرا ده‌كرد و به بێ هيچ ڕێگرييه‌ك له لايه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه. ماوه‌يه‌كى زۆر نه‌بوو حیزب چالاكى دەکرد كه “شێخ موحه‌مه‌د عيسا مه‌لا مه‌حموود” هاته ناو حیزب و له كۆتايى ساڵى “1957” بووه ئه‌ندامى ليژنه‌ى ناوه‌ندى، له سه‌ره‌تاى ساڵى “1958”يشه‌وه دكتۆر نوره‌دين زازا بڕياريدا بێته ناو حیزبه‌وه، يه‌كسه‌ر ليژنه‌ى ناوه‌ندى حیزب بڕياريدا بيكاته سه‌رۆكى حیزب، سه‌يد ڕه‌شيد حه‌مۆش كرايه سكرتێرى، به هاتنه ناوه‌وه‌ى دكتۆر نوره‌دين زازا و شيخ ڕه‌شيد حه‌مۆ ليژنه‌ى ناوه‌ندى بووه نۆ ئه‌ندام.
له كۆتاييه‌كانى ساڵى “1957” به هۆى دروستبوونى ناكۆكى له ڕيزه‌كانى حیزبى شيوعى سوورى له جه‌زيزه ژماره‌يه‌كى زۆر كادرى ئه‌و حیزبه له ئاستى لێپرسراوێتى جۆراوجۆردا ڕيزه‌كانى حیزبيان به جێ هێشت، له‌وانه شاعيرى به ناوبانگ “جگه‌رخوێن”، كه له‌و كاته‌دا هاوڕێيه‌كى نزيكى حیزبى شيوعى بوو. له ئه‌نجامدا حیزبێكى سياسييان به ناوى “ئازادى” دروستكرد، يه‌كسه‌ر دواى ئاشكراكردنى ئه‌و حیزبه پێوەنديمان به سه‌ركردايه‌تييه‌كه‌يه‌وه كرد بۆ ئه‌وه‌ى ڕيزه‌كانى كورد يه‌ك بخه‌ين، دوای ماوه‌يه‌كى كەم كه چه‌ند مانگێكى نه‌خاياند له دانووستان و گفتوگۆ، سه‌ركرده و ئه‌ندامانى حیزبى ئازادى بڕيارياندا حیزبه‌كه‌يان هه‌ڵبووه‌شێننەوە و به بێ مه‌رج پێوەندى بكه‌ن به پارتى ديموكراتى كوردى سوورياوە، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ش جێگه‌ى ڕێز و پێزانينى ئێمه بوو، كه ئه‌وه هه‌ست و هه‌ڵوێستى نيشتمانپه‌روه‌رى ڕاستگۆيى ئه‌و هاوڕێيانه‌ى نيشان ده‌دا، ليژنه‌ى ناوه‌ندى حیزب بڕياريدا جگه‌رخوێن بخاته ناو ڕيزه‌كانيیه‌وه و هاوڕێكانى تريش هه‌ر يه‌كه‌يان بخاته ئه‌و ڕێكخستنه‌ى كه بۆ ئه‌و گونجاوه. ئه‌مه‌ش ڕێگه‌يه‌كى تر‌ى بوو بۆ به‌هێزكردنى پێگه‌ى حیزب له ناو ڕۆڵه‌كانى گه‌لى كورد. ئه‌وه‌ى شياوى باسه له‌و بواره‌دا ئه‌وه‌يه جگه‌ر خوێن و هاوڕێكانى بۆيه حیزبى شيوعيان جێ هێشت وه‌ك ناڕازيبوونێك له سه‌ر هه‌ڵوێستى خراپى حیزبى شيوعى له سه‌ر پرسى كورد، پشتگوێخستنى مافه‌كانى گه‌لى كورد، له ديارترين ئه‌و هاوڕێيانه‌ى كه پشگيرى جگه‌ر خوێنيان كرد له‌م هه‌نگاوه‌يدا ئه‌مانه بوون:- “زوبێر حه‌سه‌ن، مه‌جيد حاجۆ، موحه‌مه‌د فه‌خرى، عوسمان عوسمان، به‌شيرى مه‌لا سه‌برى و…هتد”. دانووستان له‌گه‌ڵ “كۆمه‌ڵه‌ى لاوانى ديموكراتى كورد” ده‌ستی پێ كرد، ئه‌و كۆمه‌ڵه‌يه له ساڵى “1953”وه دروست ببوو، له هه‌ندێك لاوى دڵگه‌رم پێكده‌هات، لايه‌نگريان له قاميشلوو و دێرك و هه‌ندێك له گونده‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى قاميشلوو هه‌بوو، ئه‌م كۆمه‌ڵه‌يه ئه‌م به‌ڕێزانه پێكيان هێنابوو:- سامى مه‌لا ئه‌حمه‌د نامى، ده‌روێش مه‌لا سه‌لمان، عه‌بدولعه‌زيز عه‌لى عه‌بدى، موحه‌مه‌د مه‌لا ئه‌حمه‌د، گرنگترين ئامانجه‌كانى ئه‌م كۆمه‌ڵه‌يه وه‌ك خۆيان بۆيان باسكردم:-
1. خه‌بات له پێناوى ديموكراسیيه‌ت وه‌ك ڕێگه‌يه‌ك بۆ مافه نه‌ته‌وه‌ييه‌كان.
2. خه‌بات له پێناوى ڕزگاربوون له ژێر ده‌سته‌ى داگيركارى و كۆنه‌په‌رستى.
3. داخوازییكردنه‌وه‌ى خوێندنگه‌ى كوردى و خوێندن به‌زمانى كوردى، ڕێگه دان به‌كردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵه و يانه‌ى ڕۆشنبيری و وه‌رزشى و كۆمه‌ڵايه‌تى كوردى.
4. پشتگيرییکردنی مافى ژنان له كۆمه‌ڵگه‌دا.
من و حه‌مزه نوێران له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ى لاوان‌دا دانووستانمان ده‌كرد و “شێخ موحه‌مه‌د عيسا”ش له پشتى په‌رده‌وه هاوكارى ده‌كردين، زۆربه‌ى دانووستان و گفتوگۆكان له ماڵى شێخ موحه‌مه‌د عيسا له گه‌ڕه‌كى قدور به‌گى ئه‌و ڕۆژگاره‌ى قامیشلوو ئه‌نجام ده‌دران. دكتۆر ئه‌حمه‌د نافيز و جه‌لال تاڵه‌بانيش ڕۆڵێكى گرنگيیان هه‌بوو له ڕازیكردنى سه‌رۆكايه‌تى كۆمەڵه‌ى لاوان، دواى ماوه‌يه‌كى كەم له گفتوگۆ و ڕا گۆڕينه‌وه به بێ مه‌رج بێنه ناو حیزبه‌وه، به‌وه‌ش بوونه حیزبى ديموكراتى كوردى سووريا بووه تاكه ڕێكخستنى كوردى له وڵات‌دا و شوێنێك نه‌ما ڕێكخستنى پارتى لێ نه‌بێت.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حیزبى ديموكراتى كوردى سووريا ڕووبه‌ڕووى به‌رهه‌ڵستيیه‌كى تووندى دوو لايه‌ن بۆوه كه ئه‌وانيش حیزبى شيوعى سوورى و بۆرجوازييه‌كانى كورد بوون، به تايبه‌تى ئه‌وانه‌ى له بزووتنه‌وه‌ى كوردى و دامه‌زراندنى كۆمه‌ڵه‌ى خۆيبوون له ساڵى “1927” دا ڕۆڵیان هه‌بوو، به‌ڵام حیزبى شيوعى له‌وكاته‌دا له ناوچه كوردييه‌كان حیزبمانى به منافسى خۆى ده‌زانى، به تايبه‌تى كه ده‌يان ئه‌ندام و كادرى پێشكه‌وتووى حیزبمان و له ناويشياندا ئه‌ندامى ليژنه‌ى ناوه‌ندى پێشتر كادرى ياخود لايه‌نگرى حیزبى شيوعى بوون. حیزبمان به هه‌موو شێوه‌يه‌ك هه‌وڵى ده‌دا كه به‌ريه‌ككه‌وتنى له‌گه‌ڵ حیزبى شيوعيدا نه‌بێت، چونكه به حیزبێكى دۆستى ده‌زانى، به‌ڵكوو له هه‌ڵوێست و سياسه‌ته‌كانيدا له هه‌موو حیزبه سياسيیه‌كانى تر‌ى وڵات له ئێمه‌وه نزيكتر بوو، به‌ڵام حیزبى شيوعى به‌رده‌وام هێرشى ناڕه‌واى ده‌كرده سه‌ر حیزب و سه‌ركردايتيمان، به هه‌موو شێوه‌يه‌ك پڕوپاگه‌نده‌يه‌كى خراپی له دژ ده‌كردين و به كۆنه‌په‌رست و به‌كرێگيراو و گه‌لێك تۆمه‌تى تر‌ى ئه‌و كاته ناوى ده‌بردين.
به‌ڵام هۆكارى دژايه‌تى هه‌ندێك چينى كورد له دژى حیزبمان بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕايه‌وه كه ده‌ترسان ده‌سه‌ڵاتيان له ناو كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى له ده‌ست بچێت. كه له‌و كاته‌دا مه‌يدانى سياسى و كارى نيشتمانپه‌روه‌رى گه‌لى كورديان له سه‌ر خۆيان قۆرخكردبوو. چه‌مكه ديموكراسى و پێشكه‌وتووخوازييه‌كانى حیزبى ئيمه‌يان به مه‌ترسى له سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندييه چينايه‌تيیه‌كانى خۆيان ده‌زانى. حیزبمان جارێكى تر داواى پێكهاتن و تێگه‌يشتنى كرد له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌دا، به تايبه‌تى سيمبووله دياره‌كانى نێو بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاريخوازى گه‌لى كورد. دواى پێوەنديیكردن و هه‌وڵێكى بێ وچان، كه له به‌شێكى گه‌وره‌يدا مامۆستا جه‌لال تاڵه‌بانيش كه ئه‌و كاته له سووريا بوو به‌شدار بوو، زه‌مينه‌يه‌كى له‌بار و تێگه‌يشتن ڕه‌خسا له سه‌ر ئه‌و بنه‌مايه‌ى كه ليژنه‌يه‌كى ڕاوێژكاریى له‌وان پێك بێت و بۆڕاوێژكردن له كاروباره نه‌ته‌وه‌ييه گرینگه‌كان و هه‌روه‌ها به‌شدارییكردنى هه‌ندێك له كه‌سايه‌تيیه دياريكراوه‌كانيان له سه‌ركردايه‌تى حیزب‌دا، به‌ڵام چه‌ند مانگێكى نه‌برد حوكمى ديكتاتۆرى گه‌ڕايه‌وه وڵات و بڕيارى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى حیزبه سياسييه‌كان له سووريا ده‌رچوو، ئه‌و پارتانه‌شى بڕياره‌كه‌يان جێبه‌جێ نه‌كرد، قاچاغ بوون و نه‌يان ده‌هێشت هيچ چالاكييه‌كى ئاشكرا بكه‌ن، ئه‌وه‌ش بووه هۆى ئه‌وه‌ى هه‌ندێك كه‌س واز له داواكارييه‌كانيان بهێنن و حیزبيش له‌و دۆخه‌دا جێ بهێڵن، شايانى وه‌بيرهاتنه‌وه‌يه بڕيارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حیزبه سياسييه‌كان دواى يه‌كێتيى ميسر و سووريا بوو كه دواتر باسى ده‌كه‌م. يه‌كێك له‌و لايه‌نانه‌ى زۆر دژى حیزبمان بوو، “يه‌كێتيى زانايانى ئاييني ئيسلاميى” بوو كه له دواى پارتى ديموكراتى كوردى سووريا له لايه‌ن مه‌رحووم “شێخ عيزه‌دين شيخ ئه‌حمه‌د غه‌زنه‌و‌يى”ه‌وه دروست كرا بوو، ئامانجى دروستكردنى ئه‌و يه‌كێتييه به پله‌ى يه‌كه‌م دژايه‌تییكردنى حیزبمان بوو، ژماره‌يه‌كى زۆر مه‌لا و شێخ و پياوانى ئايينى به‌و يه‌كێتييه‌وه په‌يوه‌ست بوون و به هه‌موو توانايه‌كى به‌رده‌ستیانه‌وه دژايه‌تى حیزبمانيان ده‌كرد، به‌گشى حیزبمانيان به ده‌رچوون له بنه‌ماكانى ئايين و شه‌ريعه‌تى ئيسلاميى له قه‌ڵه‌م ده‌دا.
سه‌ره‌ڕايى ئه‌و هه‌موو هه‌وڵه‌ى ئه‌م يه‌كێتييه له هه‌موو ناوچه جياوازه‌كانى جه‌زيره ده‌يدا نه‌يتوانى سنوورێك بۆ چالاكييه‌كانى حیزبمان دابنێت، ڕێكخستنه‌كانى له هه‌موو شار و دێهاته‌كان بڵاو ببووه‌وه، زۆر‌ى نه‌برد هه‌موو هه‌وڵه‌كانيان شكستى خوارد و ئه‌و يه‌كێتييه له سه‌ر شانۆى سياسى ديارنه‌ما و هيچ شوێنه‌وارێكى ديارى نه‌ما. حیزبمان له ماوه‌ى كەمى كاركردنيدا به‌رده‌وام هه‌وڵيده‌دا زمانێكى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ڕێكخستنه كوردييه‌كانى تر بدۆزێته‌وه كه له‌و كاته‌دا هه‌بوون، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو ته‌وژمه سياسى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كان له ده‌ورى خۆى كۆ بكاته‌وه.
“ته‌وه‌ر‌ى چواره‌م؛ ڕۆژئاواى کوردستان لەنێوان پەیەدە و سووریا و ڕووسیا و ئەمریکادا”
کورد وەک کەمینەیەکى نەتەوەیى، هیچ ئامارێکى فەرمى نییە بۆ دیاریکردنى ڕێژەکەى لە سووریا دانیشتوانى سووریا؛ لە ساڵى “2003”، “18200000” کەس بووه، کە بە سەر کەمینە ئایینى و نەتەوەییەکان دابەش بوون، کورد وەک کەمینەیەکى نەتەوەیى، هیچ ئامارێکى فەرمى نییە بۆ دیاریکردنى ڕێژەکەى لە سووریا، ئەوەى هەیە خەمڵاندنێکى نزیکەییە، لە لایەن نیکۆلاس ڤاندام ڕێژەکەى بە “8.5%”ى دانیشتوانى سووریا دانراوە، عیسمەت شەریف وانلى بە “9.10%”و کەریم یەڵدز بە “8.10%”ى داناوە و بە “١,٥ -٢ “ملیۆن کەس مەزەندەى کردوون. کورد بە سەر پارێزگاکانى جەزیرە “حەسەکە” عەفرین و کوبانى لە پارێزگاى حەلەبدا دابەش بوون، ئەمە و بەشێکى تر لە کوردى سووریا کەوتوونەتە سنوورى پارێزگاى دیمەشق، شێوازى دابەشبوونیان نزیکەى “40%”ى کوردى ڕۆژئاوا بەر جەزیرە کەوتووه، پارێزگاى حەلەب “30%”ى کوردى لێیە و بەشەکەى تریش بە سەر دیمەشق و ناوەندى شارى حەلەبدا دابەش بوون.
ئەم بەشەی كوردستان تاوەكوو هاتنە سەركاری حیزبی بەعس لە”1963” تا ڕادەیەك لە ژێر چاودێری دەسەڵاتدارانی فەڕەنسی لە ململانێی بەدەستهێنانی مافە سیاسی و نەتەوەیی و ڕۆشنبیرییەكانیان بوون، لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی توركیای كۆماری “1923”، شكستهێنانی ڕاپەڕین و شۆڕشەكانی كورد لە ساڵی “1925و1931و1937”، ژمارەیەك لە شۆڕشگێڕ و ڕووناكبیرانی كورد بە چەندین قۆناغ هەڵاتنە ژێر دەستی فەرەنسییەكان لە سووریا و لە ناوچە جیا جیاكانی سووریا و كوردستان گیرسانەوە و دەستیاندایە خەباتی سیاسی و ڕۆشنبیری لە نموونەی ئەو كەسانە كوڕانی بەدرخانییەكان “جەلادەت بەدرخان”، كە هەوڵێكی زۆری لە بواری نووسین و ژیانەوەی زمانی كوردیدا، لە ڕێگەی دەركردنی چەندین بڵاوكراوە و گۆڤاری “هاوار” و “ڕوناهی”. هەر لەو ماوەیەدا چەند ڕێكخراوێكی ڕۆشنبیری و سیاسی لەو پارچەیەی كوردستان دروستبوون و كەوتنە خەباتی سیاسی و ڕووناكبیری، هەر چەندە ئەم هەوڵانە ڕووبەڕووی بەرهەڵستی و دژایەتییەكی زۆری شۆڤێنیستە عەرەبەكان بووه‌وە، تاوەكوو دروستكردنی پارتی دیموكراتی كوردی سوریا لە ساڵی “1957”. ئەوەی سیمای دیاری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد بوو لەم قۆناغەدا لە ڕۆژئاوای كوردستان بزووتنەوەی چەكداریی وەك باكوور و باشووری كوردستان دروست نەبوو، ئەویش بۆ شێوەی بەڕێوەبەرایەتی كارگێڕیی فەڕەنسییەكان و باری سیاسی كورد لەوێ دەگەڕایەوە، كورد لە نێو بەڕێوەبەرایەتی دەسەڵاتی سووریا ڕۆڵێكی گرینگ‌یان گێڕا، چەندین پلەی سەربازی بەرز و تا سەرۆك كۆماری سووریا ڕۆیشتن، بەڵام دوای هاتنە سەركاری بەعسییەكان بارودۆخی كورد بەرەو خراپی ڕۆیشت لە هەموو مافە سیاسی و ڕۆشنبیرییەكانیان بێبەشكران.
لە ساڵى” 1956 “بە دواوە زمانى کوردى لە خوێندنگا و بازاڕەکان یاساغ کراوە، هەروەها نووسینى کوردى و بڵاوکراوەى کوردى قەدەغەکرا، تەنانەت لەسەرژمێرى ساڵى “1962” کە لە پارێزگاى جەزیرە ئەنجام دراوە تێیدا “120 “ هەزار کورد لە مافى هاوڵاتیبوون بێبەشکران و بە “اجانب” بێگانەکان ناوبران وێڕاى ئەمەش بەرنامەى چاکسازیى زەوییە کشتوکاڵییەکان لە سووریا بە پڕۆژەى “ پشتێنەى عەرەبى” ناسراو بوو، “43%”ى لە ناوچە کوردییەکان جێبەجێکرا کە ئامانجى ڕیشەکێشکردنى کورد بوو لە زێدى خۆیان و لاوازکردنى کۆمەڵگاى کوردى بوو بە تایبەت لە ڕووى سیاسییەوە. موحەمەد تەڵەب هیلال “1930-_2011” کە سەرپەرشتیارى هۆبەى ئاسایشى حەسەکە بوو لە پڕۆژەیەکى “170” لاپەڕەییدا لە ژێر ناونیشانى “توێژینەوەیەک سەبارەت بە پارێزگاى جەزیرە لە لایەنى نەتەوەیى و کۆمەڵایەتیى و سیاسییەوە” لە “12ى نۆڤەمبەرى 1963” پێشکەشى دەسەڵاتدارانى سووریا کرد، لەم پڕۆژەیەدا زۆر بەڕوونى “١٢” خاڵى بۆ ڕیشەکێشکردن و تواندنەوەى کورد لە سووریا پێشنیاز کردوە کە گرنگترینیان ئەمانە بوون:-
1. سیاسەتى کۆچ پێکردن بۆ ناوەوەى وڵات و پاشان دابەشکردنیان و ئەوجا نیشتەجێکردنى عەرەب لە ناوچە کوردییەکان.
2. دەستکاریکردنى تۆمارى ڕەگەزنامەکانیان.
3. ناوچەى پشتێنەى باکوور بکرێتە ناوچەیەکى سەربازى.
4. کردنەوەى کێڵگەى بە کۆمەڵ بۆ عەرەب لە ناوچەکە.
5. ڕێگە بەهیچ کەس نەدرێت جگەلە زمانى عەرەبى زمانى دیکە بەکاربهێنێت.
ئیتر ئەم سیاسەتە بووه سیاسەتى ڕەسمى دەوڵەت و دەتوانین بڵێین بە هاتنى بەعسییەکان بۆ سەر دەسەڵاتى کۆمارى سووریا، خراپتر بوو، یەکەم هەڵوێستى “حافز ئەسەد 6 تشرينى یەکەم 1930 – 10 حوزه‌يرانی 2000” بڕیارى ژمارە “36”ى “12ى ئابى 1971” بوو، کە بریتى بوو لە بە عەرەبکردنى ناوە کوردییەکان لە سووریا، ئەمە و جگە لە گرنگیدان بە دروستکردنى پڕۆژەى “پشتێنەى عەرەبى” و بێبەشکردنى کورد لە ناسنامەى سوورى، ڕەوشى کوردەکان بەم جۆرە تاوەکوو مانگى پێنجى ساڵى “1991” بەردەوام بوو، لەو ساڵەدا حافز ئەسەد بۆ ئەوەى لاى ڕۆژئاوا خۆى وەک دەوڵەتێکى دیموکراسى نیشان بدات، بڕیارى هەڵبژاردنیدا، کە تیێدا “15” کورد چوونە پەرلەمان کە چواریان بەعسى بوون، بەڵام ئەمە وەکوو هەلێکى چوونە نێو دامودەزگاى یاسادانان وابوو بۆ کورد، بەڵام لە ساڵى “1994” تەنها ڕێگەى بەو کوردانەدا کە خۆى بە شایستەى دەزانین و، اتە ببووه دامەزراندن نەک هەڵبژاردنێکى ئازادانە و دیموکرات، ئەم سیاسەتە شوۆڤینیەى حکوومەتى بەعسى سوورى بەردەوام بوو، تاوەکوو شۆڕش و ڕاپەڕینى گەلى سوورى لە” 2011”دا. بەڵام سیاسەتى دەرەکى سووریا بەرامبەر بە کورد دابەش ببوو بە سەر دوو ئاڕاستەدا، یەکێکیان بریتیى بوو لە سیاسەتى دەوڵەتى سووریا بەرامبەر بە کوردى باشوور، کە خۆى لە پارتەکانى باشوورى کوردستان دەبینییەوە، ئاڕاستەیەکى تریان بریتى بوو لە سیاسەتى سووریا بەرامبەر بە “ پارتى کرێکارانى کوردستان، PKK”، کە هەر لە سەرەتاوە دەتوانین بڵێین هاوسۆزییەک هەبوو، کە پەکەکە و دەوڵەتى سووریا وەک هاوپەیمان سەیر دەکران، ئەمەش بە هۆى ناکۆکيى قووڵى سووریا بوو لەگەڵ تورکیا و ڕەگێکى مێژوویى هەبوو، لە سەر ئەسکەندەرۆنە و دواتریش پڕۆژەى “گاپ”، هەر بۆیە دەوڵەتى سووریا و خودى حافز ئەسەد دەیویست پەکەکە وەک کارتى فشار لە هەمبەر سیاسەتى تورکیا بەکاربهێنێت، پەکەکەش لە لایەکەوە لە ڕێککەوتنى هاوڕێیەتى و هاریکارى سووریا و یەکێتى سۆڤییەت لە “9ى ئۆکتۆبەرى 1980” سوودمەند ببوو، هەروەها سووریا لە دەشتى “بیقاع” سەربازگەیەکى بۆ پەکەکە تەرخان کردبوو، کە تێیدا ئەندامەکانیان خولى پەروەردەیى و مەشقى سەربازییان تێدا ئەنجام دەدا، بۆ ئاگادارى کارەکانیان و چاودێریکردنیان، ئەسەد لە ڕێگاى “جەمیل ئەسەدى” برایەوە هێڵێکى گەرمى لە نێوان کۆشکى کۆمارى سووریا و ئۆجه‌لان دروستکردبوو.
پەکەکە و سەرکرایەتییەکەى سووریایان کرد بووه پەناگەیەک بۆخۆیان، هاوکات سووریا ڕێگاى بە ئۆجه‌لان دابوو، کە ئۆردووگایەک بە ناوى “سەربازگەى کورکماز”، لە ناوچەى بیقاعى لوبنان بکات بە بنکەى سەرەکى خۆى. ئەمە و جگەلەوەى پەکەکە سوودى لە کوردى سووریا وەردەگرت، کە چالاکییەکانى نیمچە فەرمى بوون و نووسینگەى لە شارەکانى جزیرە و قامشلوو و دیرەک و حەلەب و عەفرین هەبوو، ڕێکخستنى لە ناو جووتیارى دێهاتەکان و کرێکارى شارەکان دامەزراند بوو، توانیبووى ژمارەیەکى زۆر‌ى کورد لە ڕیزەکانى خۆیدا ڕێک بخات، کە هەندێک ژمارەى ئەو کوردانەى گیانیان لە دەستداوە و بێ سەروشوێنن لە خەبات دژى تورکیا بە “7000 بۆ 10000” کەس دەخەمڵێنن، دەزگاى هەواڵگرى تورکیاش لە ساڵى “1998” ڕێژەى کوردى سووریا لە ڕیزى پەکەکە بە “25%” دادەنێن، ئەمەش بە هۆى بانگەشە سیاسییەکانى پەکەکەوە بوو، کە داواى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردى دەکرد و لە لایەکى تریشەوە هەلى مەشق و پەروەردەى سیاسى زۆر‌ى ئەو لاوانەى نێو ڕیزەکانى پەکەکەى دەکرد، هەر چەندە دەوڵەتى سووریا چەند جارێک هەڵمەتى دەستگیرکردنى کردە سەر کوردەکانى نێو ڕیزى پەکەکە، هەر بۆیە پەکەکەش ئەو کەسانەى دەناردە دەرەوە بۆ وڵاتانى ئەوروپا، ئەمەو جگەلەوەى پەکەکە ڕۆڵى گرینگى بینى لە بەهێزکردنى هەستى نەتەوایەتى لە نێو کوردانى سووریا، ڕەنگەکانى ئاڵاى کورد بوون بە ڕەنگى بۆنە و ئاهەنگە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها کرانەوەى سووریا بە ڕووى پەکەکە هەلێک بوو بۆ ڕۆشنبیرەکان ڕەخسا و لە سایەیدا توانیان کۆمەڵێک ڕۆژنامە و گۆڤار دەربکەن و بە ئاشکرا شانازى بە کورد بوونى خۆیانەوە بکەن و، ەک گۆڤارى “ گورزێک گوڵ 1989-1992”، “ زانین 1991-1997”، “ئاسۆ 1992”، پێرس”1993”، هەڤاڵ “1993”، دێلاڤ “ 1995”، “خوێندەڤان” 199 ، پارت و ڕەوتە سیاسییەکانیش ڕۆژنامەى نهێنیان دەردەکرد وەک:- ستێر” 1983-1995”، خوناڤ”1986-_1995” ڕۆژ” 1991”، دەنگ “1995”، نەورۆز”1995”، لەگەڵ ئەمانەشدا نووسەرە کوردەکان لە نەوەدەکاندا “111” کتێبیان بە چاپ گەیاند.
بوونى گەریلاکانى پەکەکە و شوێنى مەشق و ڕاهێنان و وایکرد تورکیا کەوتە هەڕەشە لە سووریا و تۆمەتبارى کرد بە پشگیرى تیرۆر و لە ئۆکتۆبەرى “1998” سوپاى لە سەر سنوور مۆڵکرد، کەوتە هەڕەشەکردن لە سووریا، مۆڵەتى “45” ڕۆژى بە سووریادا بۆ بەدەستەوەدانى ئۆجەلان، لە بەرامبەردا سووریا دەرکى بە بەهێزى سوپاى تورکیا کرد، سەرەنجام ڕێککەوتنامەى “ئەدەنە”ى لە “21/10/1998” لەگەڵ تورکیا واژۆکرد، بەو پێیە سووریا بەڵێنى دا تەواوى سەربازگەى پەکەکە لە خاکەکەى دابخات و ڕێگەى نەدات خاکەکەى بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر تورکیا، زیاتر لەوە سەرکردەکانى دەربکات، هەر لەم ڕێککەوتنەدا سووریا پەکەکەى وەک ڕیکخراوێکى تیرۆریستى ناشەرعى سەلماند. ئەنجامى فشارەکانى سووریا بۆ سەر پەکەکە بە داخستنى بنکەکانى ئەو پارتە لە سووریا و لوبنان و دەرکردنى چەکدارەکانى و عەبدولڵا ئۆجەلانى سەرۆکى پارتەکە لە “9ى تشرینى یەکەم”ى ئەو ساڵە لە سووریا کۆتایى هات، تا ئەوەى ئۆجەلان چوە یۆنان لە “15ى شووباتى 1999” لە وڵاتى کینیا دەستگیرکراو تەسلیم بە تورکیا کرایەوە. کوردى ئەوێ ڕایەڵکەى ئایدیۆلۆژى، سیاسى و سەربازییان لەگەڵ “PKK”دا هەیە. ئاخر كوردەکانى ئەوێ هەر لە سەردەمى “حافز ئەسەد”ەوە، لە هەشتاکانى سەدەى ڕابردوەوە، هان دەدران چەک بۆ پەکەکە هەڵبگرن و لە قەندیل مەشق بکەن. ئەم نفوزەى ئۆجه‌لان بە دامەزرانى پەیەدە لە “2004 “ کە لە دواى “2011”ەوە وەک حیزبێکى کارا دەرکەوتووه. یەپەگە و یەپەژە، کە لە “2012”دا دامەزراوون و، ەک هێزێکى سەربازیى کارا، باڵادەستییان داوە بە پەیەدە، لە بەرانبەر “15” حیزب‌دا کە لە ناو ئەنەکەسەدا کۆ ببوونەوە.
نووسەر پێ بە پێ لە بزووتنەوەى سیاسیى کورد لە سووریا و ئەو چەوساندنەوەى دەرهەق بە کورد کراوە تا سەرهەڵدانى “2011”، دواوە. دوا بە دواى خۆنیشاندان و ڕاپەڕین لە سووریا، بەشار ئەسەد، لە ناوچە کوردنشینەکان کشایەوە، هەر زوو پەیەدە بۆشاییى ئیدارى و ئەمنیى لە “10 “ شار و شارۆچکە و گەڕەکێکى کوردنشینى حەلەب پڕ کردەوە و هەر لەو ماوەیەدا سیستمى “کانتۆنەکان”ى بۆ بەڕێوەبردنى ڕۆژئاوا دانا‌و بە هەق بووه حوکمڕان و بەڕێوەبەرى ڕۆژئاوایى کوردستان و بەشدارى پێکردنى عەرەب و کەمایەتییەکانى تر‌ى سووریا لە بەرچاوى میدیا جیهانییەکان ئیدارەى خۆسەرى وەکوو ئەزموونێکى بێ هاوتا لە مێژووى سووریادا وێنا کرد، پاشان لە “2013”دا کۆنتڕۆڵى ناوچەى “ڕمێلان”ى بە نەوت دەوڵەمەندى کرد. شەڕى کۆبانێ “ئەیلوولى 2014 تا کانوونى دووه‌مى 2014” دژى داعش، کێرڤى کوردى لەوێ بردە سەرێ و سەرنجى دنیاى بۆ خۆی ڕاکێشا. بەشار ئەسەد بۆ مانەوەى خۆى، چاوى لەو پەرەسەندنانەى ناوچە کوردنشینەکان پۆشى. شەڕى کۆبانێ، ناوەڕۆکێکى ستراتیژیى لە ڕادەبەدەر گرینگى هەبوو:- یەکەم، هاریکاریى پەنامەکیى نێوان کورد و ئەمریکاى مکوم کرد، چونکە ئەمریکا لە ئاسمانەوە زەبرى تووندى لە هێزەکانى داعش دەدا وای کرد بەڵانس بە قازانجى کورد بگۆڕێ و دووه‌م، گرژى لەو دەمەوە لە نێوان تورکیا و کوردەکانى سووریا هاتە ئارا و بەرەو سەر هەڵکشا، چونکە تورکیا پەیەدە بە درێژکراوەى پەکەکە دەزانێ، دروستبوونى قەوارەیەکى کورد لە سەر سنوورى خۆى، بە مەترسى بۆ سەر ئەمنى نەتەوەییى خۆى دەزانێ، کە نەبادا وەک مۆدیلێک کاریگەرى بۆ سەر کوردەکانى تورکیا هەبێت.
مەغزایەکى دیکەى ئەو شەڕە، لەو دەمەوە، پێوەندیى نێوان ئەنكارا و واشنتۆن درزى تێ کەوت؛ چونکە ئەمریکا پێی وایە پەیەدە هێزێکى کارایە لە سەر زەوى بۆ بەرەنگاربوونەوە و پێش‌گرتن لە پێشڕەویى داعش. لە سۆنگەى ئەمەوە، ئەمریکا ئامادە نەبووه پەیەدە بخاتە لیستى تیرۆرەوە لە دواى شەڕى کۆبانێوە تا ئێستا، چەندین ناوچەى دیکە لە داعش سەندراوەتەوە و بە پێکهێنانى هێزەکانى سووریاى دیموکرات کە شەڕڤانى عەرەبیشیان تێدایە، ئەمریکا زیاتر پشتگیرى دەکات؛ ئەمە سەربارى دامەزراندنى “3 کانتۆن”ەکەى عەفرین و کۆبانێ و جزیرە، هەوڵدان بۆ یەکخستنەوە و بەیەکگرێدانەوەى کانتۆنەکان، ئه‌ویش لە ڕێگەى کۆنتڕۆڵکردنى شارى منبج لە “12ى ئابى 2016 “ و پاشان ڕووداوى هاتنەناوەوەى تورکیا لە “24”ى ئاب بۆ ناو خاکى سووریا و ڕێگرتن لەو هەوڵەى پەیەدە و وەدەرنانى داعش لە ناوچەى شەهباء بە هاوکاریى سوپاى ئازاد.
سووریا هەر لەسەرەتاى شۆڕشى ئەو وڵاتەوە تاوەکوو مانگى كانوونى يه‌كه‌مى 2024 ببووه شانۆى ئەمریکا و ڕووسیا، ڕووسیا پشتگیر و پشتیوانى ڕژێمەکەى ئەسەد بوو، هەر ئەمیش نەیهێشت بکەوێت، بەپێچەوانەوە ئەمریکا بووە پشتیوان و هاوکارى کوردانى ڕۆژئاوا، لە کاتى شەڕى داعشیشدا بە چەک و هاوکارى لۆجیستى ناوچەکەى لە مەترسى ڕووخان پاراست، لوتکەى ئەم هاوکارییانە لە بانگهێشتى “مەزڵوم کۆبانى” بۆ ئەمریکادا دەرکەوت، هەر ئەمریکاش بوو داواى لە تورکیا کرد کە دەست لە هێرش و پەلامارەکانى بۆ سەر ڕۆژئاوا هەڵبگرێت، کە هەتاوەکوو ئێستاش لە ڕێگەى جۆراوجۆرەوە هاوکارى “خۆسەر”ە، لە چەند مانگى ڕابردوودا ئەمریکییەکان هەواڵى گەڕان و بەستنى پەیمانى نەوتى لەگەڵ خۆسەر دەدەن، هەر چەندە پار ساڵ ترەمپ ڕایگەیاند کە سەربازانى ئەمریکا لە باکوورى سووریا دەکشێنێتەوە، بەڵام بە کردەوە تاوەکوو ئێستا لەوێ ماونەتەوە. دەتوانین بڵێین تا ڕادەیەکى زۆر پەیەدە سەرکەوتوو بووە لە ڕاکێشانى سەرنجى ڕۆژئاوا و ئەمریکا بۆ پاڵپشتى سیستمى خۆسەرى و توانیوویەتى ببێتە جێى سەرنجى ڕۆژئاواییەکان، بەڵام پاڵپشتى و پشتیوانى ئەمریکییەکان بۆ پەیەدە واى لە ئەسەد کردنەتوانێت هەنگاوى کردارى بۆ سڕینەوەى سیستمى کانتۆنەکان بنێت. له‌دواى ڕووداوه‌كانى مانگى 12ى سووريا و ڕووخانى ڕژێمه‌كه‌ى ئه‌سه‌د، هه‌لێكى له‌بار بۆ كورد له‌و ڕووه‌وه ڕه‌خسا، كه ڕژێمێكى ديكتاتۆ ڕووخاو كۆتاييهات، سه‌قامگيرى سياسى و كارگێڕى له‌و به‌شه‌ى كوردستاندا، سه‌رنجى ده‌سه‌ڵاتى نوێى سوورياى ڕ‌اكێشا و له 10ى ئازارى 2025دا ڕێككه‌وتنێك له‌نێوان ئه‌حمه‌د شه‌رعى سه‌رۆككۆمارى كاتى سووريا و مه‌زڵوم عه‌بدى فه‌رمانده‌ى هه‌سه‌ده به‌سترا، هه‌رچه‌نده له مانگى ئازاره‌وه تاوه‌كوو ئێستا چه‌ند گۆڕانكارييه‌ك له سووريا و ناوچه‌كه ڕوويانداوه وه‌ك شه‌ڕى نێوان دروزه‌كان و سوپاكه‌ى ئه‌حمه‌د شه‌رع، نووسينى ده‌ستوورى سووريا، هێرشه‌كانى ئيسرائيل بۆسه‌ر هه‌ندێك پێگه‌و ناوچه‌ى سووريا و لێدوانه توونده‌كانى توركيا سه‌باره‌ت به تێكه‌ڵبوونى بێ مه‌رجى هه‌سه‌ده به سوپاى توركيا، هه‌موو ئه‌مانه چاره‌نووسى ڕۆژئاواى كوردستانيان به چه‌ند شتێكه‌وه گرێداوه:-
1. تاچه‌ند ئه‌مريكا له پشتگيرييه‌كانى بۆ هه‌سه‌ده به‌رده‌وام ده‌بێت و فشار له ده‌سه‌ڵاتى نوێى سووريا ده‌كات، تاوه‌كوو مافه‌كانى كورد ده‌سته‌به‌ر بێت.
2. ڕووداو و گۆڕانكارييه ناوخۆييه‌كانى سووريا و بوونى ئه‌و هه‌موو ئاڵنگارييانه‌ى له‌به‌رده‌م حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى شه‌رعدا هه‌يه وه‌ك:- هێزه سه‌ربازييه‌كانى، كه‌له چه‌ندين گرووپى تووندڕه‌و بێ سه‌ره‌وبه‌ره پێكهاتووه، ئايا ئه‌مانه كۆنتڕۆڵ ده‌كرێن و هێرشه‌كانى سه‌ر سوه‌يدا له‌سه‌ر ڕۆژئاوا دووباره ناكانه‌وه؟
3. هۆكاره هه‌رێمييه‌كان وه‌ك ده‌ستێوه‌ردانه‌كانى توركيا و په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوه‌ندى سووريا، كه ئايا فشاره‌كانى توركيا نابێته مايه‌ى تێكچوونى ڕه‌وشى سياسى و تێكچوونى ئه‌و خۆسه‌رييه‌ى هه‌يه.
4. هۆكارێكى تر‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ى فشاره‌كانى سه‌ر هه‌سه‌ده و ده‌سه‌ڵاتى خۆسه‌رى ڕۆژئاوا به‌نده به باش بوون و به‌رده‌وام بوونى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ باشوورى كوردستان، چونكه هه‌تاوه‌كوو هه‌ماهه‌نگى و په‌يوه‌ندييه‌كى باشى برايانه هه‌بێت ئه‌وه‌نده له قازانجى دۆزى كورده له ڕۆژئاوا، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر په‌يوه‌ندييه‌كان ئاساى نه‌بن، زيانى زۆر‌ى بۆ دۆزى كورد ده‌بێت.
5. پڕۆسه‌ى ئاشتى له توركيا كاريگه‌رى ڕاسته‌وخۆى هه‌يه له‌سه‌ر دۆزى كورد له ڕۆژئاواى كوردستان، ئه‌گه‌ر ئه‌م پڕۆسه‌يه سه‌ربگرێت له قازانجى كوردى ڕۆژئاوايه، توركيا فشاره‌كانى له‌سه‌ر ڕۆژئاوا كه‌م ده‌كاته‌وه و له‌وانه‌يه په‌يوه‌ندى ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ توركيا دروست بكات، به پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر سه‌ر نه‌گرێت و شه‌ڕ دروست ببێته‌وه، توركيا فشارى زياتر له‌سه‌ر ڕۆژئاوا ده‌كات.
6. به‌شدارى كورد له ده‌سه‌ڵات و په‌رله‌مانى داهاتووى سووريا زۆر گرينگه، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتى سووريا به فيدڕاڵيه‌تيش ڕ‌ازى نه‌بێت، ده‌كرێت كورد له ڕێگه‌ى به‌شدارى له ده‌سه‌ڵات و پێدانى هه‌ندێك مافى ڕۆشنيرى و سياسيى و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى له‌ناوچه كوردييه‌كان بۆ ئه‌م قۆناغه گرينگه.
7. سه‌قامگيرى ناوچه‌كه، كاريگه‌رى له‌سه‌ر سه‌قامگيرى ئه‌و ناوچه‌يه ده‌بێت، چونكه هه‌موو ئه‌م ناوچانه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له ڕووى سياسيى و جيۆستراتيجييه‌وه به‌يه‌كه‌وه به‌ستراون و كاريگه‌رن به ڕووداوه‌كانى يه‌كتر.
8. ئاشتى و پێكه‌وه ژيانى ناوخۆيى له ڕۆژئاوا‌و ئازادى و فره‌يى سياسى و ديموكراتى و به‌شداريكردنى لايه‌نه كوردييه‌كانى تر‌ى جگه‌له په‌يه‌ده له حوكم و ده‌سه‌ڵات و سيسته‌م، بێگومان كاريگه‌رى له‌سه‌ر دانووستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوه‌ند و دواجار له‌سه‌ر پێكه‌وه ژيانى ئاشتييانه‌ى لايه‌نه‌كانى ناوخۆى ڕۆژئاوا ده‌بێت.
ئاماده‌كردنی:- ژیلوان عبدالله هه‌ڵه‌دنى