“وێناکردنی خەونەکان و ناڕاستییەکان لەسەر شاشە”
سینەمای سوریالیزم لقێکی تایبەتی هونەرییە کە لە قوڵایی ناخودئاگایی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت، خەونەکان، ئارەزووەکان و، ناڕاستییەکان بە شێوەیەکی تێگەیشتن و سەرنجڕاکێش دەهێنێتە سەر شاشە. ئەم ڕێبازە سینەماییە، کە لە بزووتنەوەی سوریالیزمی ئەدەبی و هونەری سەرەتای سەدەی بیستەمدا ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە، هەوڵدەدات سنوورەکانی ڕاستی بشکێنێت و لۆژیک ڕەت بکاتەوە، لەبری ئەوە جەخت لەسەر وێناکردنی ناوەوەی دەروونی مرۆڤ دەکاتەوە. سینەمای سوریالیزم لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر هونەری فیلم هەبووە و دەرفەتێکی بێهاوتای بۆ دەربڕینی بیرۆکە و هەستە قووڵەکان بە شێوازێکی ناڕاستەقینە و هێمایی ڕەخساندووە.
“سەرەتای بزووتنەوەی سوریالیزم و کاریگەری لەسەر سینەما”
سینەمای سوریالیزم جووڵانەوەیەکی ئەدەبی و ھونەریی کاریگەر بوو، کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا سەریھەڵدا، بەتایبەتی لە پاریسی دوای جەنگی جیھانی یەکەم. ئەم جووڵانەوەیە وەک کاردانەوەیەک دژی ئەقڵانییەت و کۆنەپەرستی سەیر دەکرا، ھەروەھا وەک ھەوڵێک بۆ دۆزینەوەی واقیعێکی قووڵتر کە لە ژێر ڕووکەشی ژیانی ئاساییدا شاردرابووەوە. سینەمای سوریالیزم وەک لقێکی ئەم جووڵانەوەیە، ھەوڵیدا ئەو پرەنسیپانە بگوازێتەوە بۆ سەر پەردەی سینەما، بە ئامانجی تێکشکاندنی سنوورەکانی لۆژیک و ڕاستی. بزووتنەوەی سوریالیزم لە پاریس لە سەرەتای ساڵانی ١٩٢٠دا لەلایەن گرووپێک لە نووسەر و هونەرمەندانەوە دامەزرا کە ئەندرێ بریتۆن (André Breton) پێشەنگیان بوو. ئامانجی سەرەکی بریتۆن و هاوڕێکانی ئەوە بوو کە ناخودئاگایی و خەونەکان وەکو سەرچاوەی سەرەکی ئیلهام بەکاربهێنن و لۆژیک و ئەقڵانییەت، کە بە باڵادەست دادەنرا، ڕەت بکەنەوە. ئەوان باوەڕیان وابوو کە ئەم ڕێبازە دەتوانێت ڕاستییەکی قووڵتر و داهێنەرانەتر دەربخات. کاریگەرییەکانی سیگمۆند فرۆید (Sigmund Freud) و بیردۆزەکانی دەربارەی ناخودئاگایی و شیکردنەوەی خەونەکان، ڕۆڵێکی سەرەکی لە گەشەکردنی سوریالیزمدا بینی. کاتێک ئەم بیرۆکانە گەیشتنە دنیای سینەما، دەرگایەکی نوێ بۆ گێڕانەوەی چیرۆک و دەربڕینی هونەری کرایەوە. سینەما، بەهۆی سرووشتی خۆیەوە کە توانای گۆڕینی ڕاستی و دروستکردنی دنیای خەیاڵی هەیە، بوو بە ناوەندێکی گونجاو بۆ سوریالیستەکان. توانای وێناکردنی خەونەکان، خەیاڵەکان و، دیمەنە سەیرەکان بە شێوەیەکی بینراو، سینەمای کرد بە پلاتفۆرمێکی نایاب بۆ بیرۆکە سوریالیستییەکان.
“تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی سینەمای سوریالیزم”
سینەمای سوریالیزم چەند تایبەتمەندییەکی دیاری هەیە کە جیای دەکاتەوە لە جۆرەکانی تری فیلمسازی:-
ڕەتکردنەوەی لۆژیک و پڵۆتێکی هێڵیی:- فیلمە سوریالیستییەکان بە دەگمەن پەیڕەوی لە پڵۆتێکی دیاریکراو یان هێڵیی دەکەن. لەبری ئەوە، دیمەنەکان و ڕووداوەکان بە شێوەیەکی ناپەیوەست و وەک خەونێک پێشکەش دەکرێن، کە زۆرجار بێ لۆژیک و مانای ڕاستەوخۆ دیارن.
خەون و ناخود ئاگایی:- بابەتەکانی خەون و ناخودئاگایی ناوەندیی فیلمە سوریالیستییەکانن. دیمەنەکان زۆرجار وەک خەونەکان سەیر و ناڕێک دیارن، کە هێماگەلێکی قووڵ و واتا جۆراوجۆر لە خۆدەگرن.
وێنەگەلی شۆکهێنەر و ناڕاستەقینە:- سوریالیزم بە وێنەی شۆکهێنەر و گاڵتەجاڕانە ناسراوە، کە تێگەیشتنە باوەکان لە ڕاستی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بینەر ڕووبەڕووی دیمەنی نامۆ و چاوەڕواننەکراو دەبێتەوە.
شیکردنەوەی دەرونی و هێماکان:- فیلمە سوریالیستییەکان پڕن لە هێما و واتای شاراوە کە پێویستیان بە شیکردنەوەی دەرونی هەیە. زۆرجار بینەر هاندەدەن کە قووڵتر لە واتای ڕووکەش بڕوانێت و واتای خۆی بدۆزێتەوە.
سیاسەت و ڕەخنەی کۆمەڵایەتی:- لەکاتێکدا سوریالیزم زۆرجار بە ناڕاستییەکان کار دەکات، بەڵام زۆرجار پەیامگەلی سیاسی و کۆمەڵایەتی قووڵی لە پشتەوە هەیە. ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات، دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و، فۆڕمە باوەکانی ژیان، بەشێکی دانەبڕاوە لەم بزووتنەوەیە.
“فیلمە سوریالیستییە دیارەکان و دەرهێنەرە کاریگەرەکان”
یەکێک لە بناغەدانەرانی سینەمای سوریالیزم، لویس بونیوێل (Luis Buñuel) بوو. فیلمەکانی بونیوێل، بەتایبەتی ئەوانەی لەگەڵ سالڤادۆر دالی (Salvador Dalí) هاوکاری تێدا کردووە، بە نموونەی سەرەکی سوریالیزم دادەنرێن.
لویس بونیوێل (Luis Buñuel)؛ لویس بونوێل (١٩٠٠-١٩٨٣) دەرھێنەرێکی ئیسپانی بوو کە بە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی مێژووی سینەما دادەنرێت. ئەو بە باوکی سوریالیزم لە سینەمادا ناسراوە و فیلمەکانی زۆرجار ڕەخنەی تووندیان لە ئایین، کۆمەڵگا و بەھا بورژوازییەکان دەگرت، بونوێل لە ساڵی ١٩٠٠ لە شاری کالاھۆڕای ئیسپانیا لەدایکبووە. لە زانکۆی مەدرید فەلسەفە و یاسای خوێندووە و لەوێ لەگەڵ فیدریکۆ گارسیا لۆرکا و سەلڤادۆر دالی یەکترییان ناسیوە. لە ساڵی ١٩٢٥ ڕووی لە پاریس کرد و لەوێ بوو بە یاریدەدەری دەرھێنەر ژان ئێپشتاین، یەکەم فیلمی بونوێل، “سەگێکی ئەندەلوسی” (Un Chien Andalou) لە ساڵی ١٩٢٩ لەگەڵ سەلڤادۆر دالی دەرھێنرا. ئەم کورتەفیلمە سوریالییه بووە ھۆی شۆک و سەرسووڕمان و بە خێرایی ناوبانگێکی جیھانی بەدەستھێنا. بونوێل بە درێژایی ژیانی ھەمیشە تەحەدای نەریت و سنوورەکانی دەکرد. فیلمەکانی پڕن لە ھێما، خەون و وێنەی سەیر و سەمەرە. ئەو بەردەوام پرسیاری لە سرووشتی ڕاستی و خودی مرۆڤ دەکرد.
Un Chien Andalou (سەگێکی ئەندەلوسی – 1929):- کورتەفیلمێکی بێدەنگی فەڕەنسییە کە لە ساڵی ١٩٢٩ لەلایەن لویس بونوێل و سەلڤادۆر دالییەوە نووسراوە و دەرھێنراوە. ئەم فیلمە تەنھا نزیکەی ١٦ خولەک درێژە، بەڵام یەکێکە لە کاریگەرترین و ورووژێنەرترین کارە ھونەرییەکان لە مێژووی سینەمادا، بە تایبەتیش وەک نوێنەرێکی دیاری بزووتنەوەی سوریالیزم، بیرۆکەی فیلمەکە لە خەونی بونوێل و دالییەوە سەرچاوەی گرتووە. بونوێل خەوێکی بینیبوو کە ھەورێک مانگ دەبڕێت و دواتر تیغێک چاوێک دەبڕێت. دالی خەوێکی بینیبوو کە دەستی پڕ بووە لە مێروولە. ئەوان بڕیاریاندا ئەم وێنانە تێکەڵ بکەن و بەبێ ھیچ لۆژیکێک یان پلانێکی پێشوەختە، سکریناری فیلمێک بنووسن. تاکە یاسایان ئەوە بوو کە ھیچ شتێک لە فیلمەکەدا نابێت مانایەکی لۆژیکی یان سیمبولیکی ھەبێت، سەگێکی ئەندەلوسی چیرۆکێکی ڕاستەقینەی نییە. لەبری ئەوە زنجیرەیەک دیمەنی لێکدابڕاو و شۆکھێنەر پێشکەش دەکات کە وەک خەونێک وان. فیلمەکە بە یەکێک لە دیمەنە بەناوبانگ و ترسێنەرەکانی سینەما دەست پێدەکات:- پیاوێک (کە لویس بونوێل خۆیەتی) تیغێک بەسەر چاوی ژنێکدا (سییمۆن مارۆی) دەھێنێت و دەیبڕێت، ھاوکات ھەورێک بەسەر مانگدا دەڕوات. لەسەرەتادا، بونوێل و دالی جەختیان لەوە دەکردەوە کە فیلمەکە ھیچ مانایەکی قووڵی نییە و تەنھا کۆمەڵێک وێنەی سوریالیستین. بەڵام ڕەخنەگران و بینەران ھەوڵێکی زۆریان داوە بۆ لێکدانەوەی. ھەندێک وەک ھێرشێک بۆ سەر کۆنەپارێزی، سێکسواڵیتەی سەرکوتکراو، یان تێکەڵبوونی ئایین و سێکس دەیبینن. دیمەنی بڕینی چاوەکە زۆرجار وەک ڕەتکردنەوەی بینینی نەریتی و بانگەوازێک بۆ بینینی جیھان بە شێوەیەکی سوریالیستی لێکدەدرێتەوە. فیلمەکە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سینەما و ھونەر بە گشتی ھەبوو. بووە نموونەیەکی کلاسیکی فیلمی سوریالیستی و دەرگایەکی کردەوە بۆ گەڕان بەدوای ناھۆشیاری و خەونەکاندا لە فۆڕمی سینەماییدا. تەنانەت ئەمڕۆش، دوای نزیکەی یەک سەدە، ھێشتا فیلمەکە شۆکھێنەر و تێڕامێنەرە و بینەر ناچار دەکات پرسیار لەسەر سرووشتی بینین و ڕاستی بکات. ئەم فیلمە نەک ھەر بزووتنەوەی سوریالیزمی لە سینەمادا چەسپاند، بەڵکو نیشانیدا کە چۆن دەتوانرێت بەبێ پابەندبوون بە لۆژیک و گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ، کاری ھونەری بەھێز دروست بکرێت.
هەروەها جگە لە بونیوێل، دەرهێنەرانی تریش کاریگەرییان لەسەر گەشەکردنی سینەمای سوریالیزم هەبووە. ژان کۆکتۆ (Jean Cocteau) لەگەڵ فیلمەکانی وەک “خوێنی شاعیر” (The Blood of a Poet – 1930) دیمەنە خەیاڵییەکان و هێماگەلی ئەفسانەیی هێنایە ناو ئەم چەشنە. سینەمای سوریالیزم ھەرچەندە وەک جووڵانەوەیەکی تایبەت لە دوای جەنگی جیھانی دووەمدا کەمتر چالاک بوو، بەڵام کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر شێوازەکانی تری فیلمسازی ھەبووە. زۆرێک لە دەرھێنەرانی دواتر، لەوانە دەیڤد لینچ (David Lynch)، یٔالێخاندرۆ جۆدۆرۆڤسکی (Alejandro Jodorowsky) و ئەندێ وۆرھۆڵ (Andy Warhol)، ئیلھامیان لە سوریالیزم وەرگرتووە. یٔەم کاریگەرییە لە فیلمە نوێیەکاندا بەردەوامە کە توخمە سوریالیزمەکان بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ناوازە و تێڕامان لە واقیع بەکاردەھێنن.
لە کۆتاییدا؛ سینەمای سوریالیزم تەنھا شێوازێکی فیلمسازی نەبوو، بەڵکو ڕێگایەک بوو بۆ تێڕوانین لە ژیان بە شێوەیەکی قووڵتر و ئازادتر، کە تێیدا خەون و واقیع یەکدەگرنەوە و سنوورەکانی لۆژیک تێکدەشکێنرێت.
سەرچاوەکان:-
1. Breton, André. Manifestoes of Surrealism.Translated by Richard Seaver and Helen R. Lane. University of Michigan Press, 1972
2. Bordwell, David, and Kristin Thompson. Film Art:- An Introduction. 12th ed. McGraw-Hill Education, 2019.
3. Matthews, J. H. Surrealism and Film. University of Minnesota Press, 1971.
4. Richardson, Michael. Surrealism and Cinema.Berg Publishers, 2006.
5. Gidal, Peter. Andy Warhol’s New York and the Scene of the Sixties. Oxford University Press, 2001.