نزیکه‌ی سه‌ده‌یه‌ک به سه‌ر تیۆره‌ی گوندی جیهانیی(Global Village)ی مارشال مه‌ک لۆهانی که‌نه‌دی تێده‌په‌ڕێت و ئه‌وکات ئه‌م بیردۆزه‌یه وا خوێندرایه‌وه که جیهان به‌ره‌و ئاقارێکی لێک نێزیک و هاوشێوه ده‌چێت و، ڕه‌گه‌زه كولتوورییه به‌هێز و ڕه‌سه‌ن و مۆدێڕنکراوه‌کان زیاتر زاڵ ده‌بن و زۆر كولتوور و زمان و پێکهاته‌ی ئیتنیکی کاڵ ده‌بێته‌وه و له ناو ده‌چێت، بێگومان ئه‌مه به‌شێک له ڕاستیی ئه‌و دۆخه بوو که هاته ئاراوه و جیهانگیریی دروست کرد، به‌ڵام لایه‌نه ڕه‌ش و نه‌گونجاو ناکۆکه‌ی ناو ئه‌م گونده که‌متر سه‌رنجی درایه، ئه‌مه له حاڵێکدا بوو به‌شیکی زۆر له کۆمه‌ڵناسان و بیرمه‌ندانی سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌رده‌وام هۆشداریی ئه‌وه‌یان ده‌دا که پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆژیا له‌وانه‌ش میدیا (تۆڕه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی) خۆی له خۆیدا نا‌بێته هۆی ئاسووده‌یی و هێمنیی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگاکان به‌ڵکوو له ژێر گڕکانی ئه‌م دۆخه‌دا ده‌یان ته‌قینه‌وه و هه‌ڵقوڵانی گڕدار خۆیان حه‌شار داوه و ده‌توانن کۆڵه‌که‌کانی ئه‌م گونده بلله‌رزێنن. بەشی زۆری ئەم تەقینەوە و گڕکانانە بە دەوروخولی ژن و کەسایەتی و جەستەیدا دەسووڕێتەوە، لە پاڵ ئەوەیدا کە ئەم جەستە و ڕۆحیەتەی ژن ئەو سەرچاوەی نوور و ڕووناکیەیە پشتی کۆمەڵگا و خێزان ڕاست دەکاتەوە و داهاتوو لە ڕێگەی منداڵ و نەوەکانەوە نەخشین دەکات.
ژنان هه‌میشه به‌شێکی سه‌ره‌کیی بوون له کۆمه‌ڵگا و پێکهێنان و ڕاگرتنی بنه‌ماڵه و خێزان، ڕاسته هیچ کات چ له سه‌رده‌مان و دۆخی کلاسیکی کۆمه‌ڵگاکان و چ له سه‌رده‌مانی مۆدێڕنیشدا حه‌قی خۆیان نه‌دراوه‌تێ و ئه‌و کاریگه‌ری و ڕۆڵه‌یان به‌رجه‌سته و زه‌ق نه‌کراوه‌ته‌وه به‌ڵام ئه‌مه حاشاکه‌ری ئه‌م ڕاستییه نییه که ژن ڕۆحی کۆمه‌ڵگا و بنیاتنه‌ری به‌هاکان و هه‌روه‌ها تێکده‌ریشیانه! کورد ده‌ڵێت ژن کۆڵه‌که‌ی ماڵه یان کاتێک که‌سێک ژنه‌که‌ی کۆچی دوایی ده‌کات پێی ده‌ڵێن “ئاژه‌ی شێواوه” واته لانه و ماڵ و حاڵی تێکچووه، خودی ئه‌م په‌ند و قسه زاره‌کییه کۆنه ئاماژه‌یه به‌وه‌ی که ژن چه‌نده ڕۆڵی به‌رز و قورس بووه ته‌نانه‌ت له کۆمه‌ڵگا نه‌رێتی و کۆنبه‌هاکانیشدا. به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌مه به‌و مانایه‌ش نییه له‌ژێر تیشکی ئه‌م قسه‌یه‌دا ژن ئه‌و پێگه و جێگه شایسته‌یه‌ی که هه‌یه‌تی پڕ بە پێستی خۆی پێی دراوه و لایه‌نی به‌رامبه‌ر هه‌موو هه‌وڵێکی داوه تاکوو ژن به هه‌موو مانا وجوودییه‌که‌یه‌وه و پڕ به باڵای ڕۆحی خۆی توانایی و هه‌ڵکه‌وتووییه‌کانی ده‌ر بکه‌وێ و بکه‌وێته خزمه‌ت پێشکه‌وتن و گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵگا. له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا له سه‌رده‌می کۆنه‌وه چ له ڕووی سیاسی و چ له ڕووی ئابوورییه‌وه و چ له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه کۆڵه‌که و ڕه‌هه‌ندی مه‌عنه‌وه‌ی ڕاگرتنی کۆمه‌ڵگا ژنان بوونه، بۆ نموونه له پێکهاتی کۆنی کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا ئابووریی کورد له‌سه‌ر بنه‌مای جووتیاری و ئاژه‌ڵداری بووه و له‌و قۆناغه‌دا له زۆربه‌ی کاره‌کاندا ئه‌وا هاوشانی پیاو ژنیش به‌شدار بووه له مه‌زرا و بۆیسان و خه‌له و خه‌رمان و زیاتریش له به‌خێوکردنی مه‌ڕ و ماڵات و به‌رهه‌مهێنانی کلاسیکییانه‌ی دۆ و ڕۆن و که‌ره و جلوبه‌رگ و زۆر شتی دیکه ده‌ستڕه‌نگینی و توانایی خۆی نواندووه .و‌اتا ئه‌و شته‌ی که کۆڵه‌که‌ی ئابووری کلاسیک بوو و هه‌ندێ تێگه‌یشتنی ڕه‌شۆکیانه ئێسته وه‌کوو عه‌یبه و دواکه‌وتوویی بۆ ژنانی ده‌بینێت.
له‌و قۆناغه‌دا چون که‌شی بیرکردنه‌وه‌ی زاڵی کۆمه‌ڵگا هه‌ر ئه‌وه بووه که ژنان ده‌بێت ئه‌و ئیشانه ڕاپه‌ڕێنن به بێ ئه‌وه‌ی که هیچ مافێک یان لانیکه‌می مافیان هه‌بێ له هه‌ڵبژاردنه‌کانی تایبه‌ت به دونیای خۆیان، ڕه‌نگه مافی هه‌ڵبژاردن به شتێکی لاوه‌کی و په‌راوێزیانه بزانرێت به‌ڵام له کۆمه‌ڵگای نه‌رێتی و پێشمۆدێڕنی ئێمه‌دا زۆرێک له ژنان ته‌نانه‌ت نه‌یانتوانیوه ڕه‌نگی جله‌کانیشیان هه‌ڵبژێرن و ڕه‌نگه‌کان به سه‌ر دوو ده‌سته‌ی ماقووڵ و سه‌لار و عه‌یبه و نه‌شیاودا دابه‌شکرا بوون، به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی ئه‌وه‌ی که مرۆڤ چۆن و چ جل و پۆشاکێک له‌به‌ر بکات شتێکی لاوه‌کی و په‌راوێزی نییه وه‌کوو چۆن بۆ پیاوان په‌راوێزیانە نییه، ژنان به‌گوێره‌ی ڕۆحییه‌ت و دونیای ناسکیان حه‌زیان له شتی ناسک و نارین و ڕه‌نگی ئاڵاوواڵا‌یه و خودی ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر به‌ده‌ر له ڕوانگه سێکسیستییه‌کان (که له دونیای مۆدێڕن و ده‌سه‌ڵاتی میدیا جۆراوجۆره پۆرن و نیوه‌پۆرنه‌کان زۆرتر و زیاتر بووه) چاوی لێ بکرایه خۆی به‌خشینی شادی و وزه و هیوایه به بنه‌ماڵه و کۆمه‌ڵگا و دروستکردنی چه‌که‌ره‌ی ژیانه له هه‌ناوی سه‌رزه‌مینی دڵ و ڕۆحی گه‌نجانی ئه‌و وڵاته. ئه‌مه ته‌نها لایه‌نێکی به‌شداریی ژن و به‌پێی ئه‌وه‌ش وه‌رنه‌گرتنی پێگه‌ی پڕ به باڵای توانایی و پێدراوه سرووشتی و خوداپێداوه‌کانێتی. ئه‌م به‌شدارییه‌ی ژنان له ڕووی سیاسی و شۆڕشگێڕیشه‌وه هه‌ر ڕاسته و ئێمه هاوشانی پیاوان و پێشمه‌رگه‌کانی شاخ، ژنانی کۆڵنه‌ده‌ر و چاونه‌ترسمان هه‌بوون که به‌ره و جیلی نوێیان بۆ ئێمه په‌روه‌رده کرد، هه‌موو ئه‌م شۆڕشگێڕ و پێشمه‌رگه دلێرانه و هه‌موو ئه‌و نووسه‌ر و ڕۆشنبیرانه‌ی که قه‌زیه‌ی کوردیان جیهانگیر کرده‌وه له کۆشی دایکانی ڕه‌نجکێشی ئه‌م نیشتمانه‌وه چاویان کرده‌وه و باڵایان کرد. به‌ڵام له جیهانی مۆدێڕنی ئێمه‌دا و پاش ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی کوردستان له ساڵی 91 و ئازادبوونی کوردستان له ژێر پۆستاڵی ڕژێمی فاشی و کۆنه‌په‌رستی به‌عس ژنان به شێوازێکی دیکه هاتنه ناو کۆمه‌ڵگا و جیا له ئه‌رکی په‌روه‌رده‌کردن و ڕاگرتنی خێزان ئه‌رکه کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت سیاسییه‌کانیشیان ڕاده‌په‌ڕاند، پێم وایه تا به‌ر له سه‌رده‌می پۆست مۆدێڕنه که من لێره‌دا وه‌کوو ئاماژه بۆ به‌رفراوانبوونی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و لاپه‌ڕه شه‌خسی و تاکه‌که‌سییه‌کان به‌کاری ده‌هێنم، وه‌زعه‌که هه‌ر به ئاراسته‌یه‌کی ئۆرگانی و سرووشتیی پێشکه‌وتنی هه‌نگاو به هه‌نگاوی ژنان بوو، واته له‌م دابه‌شکارییه‌دا سێ قۆناغی پێش مۆدێڕن، مۆدێڕن و پاش مۆدێڕن یان پۆست مۆدێڕنم خستووه‌ته ڕوو.
ده‌بێ ئه‌وه بڵێم به‌کارهێنانی ده‌سته‌واژه و موسته‌ڵه‌حی پۆست مۆدێڕن به واتای پسپۆڕانه و تایبه‌تمه‌ند نییه که له بواری کۆمه‌ڵناسی و فه‌لسه‌فیدا هه‌یه و ئه‌وه‌نده‌ی من مه‌به‌ستمه ئاماژه‌یه به دۆخێکی میدیایی و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی که له ڕێگه‌ی میدیا و تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تییه گشتگیرەکانەوه بۆمان هاتووه‌ته پێش، له‌م قۆناغه‌دا پێشکه‌وتنی میدیایی له ئاسته فه‌رمییه‌که‌یدا هاته ئاستێکی گشتی‌تر و هه‌ر که‌سه‌و به بێ ئه‌وه‌ی هیچ شاره‌زایی یان تواناییه‌کی وەهای بێت بوو به خاوه‌نی لاپه‌ڕه‌یه‌ک و تێیدا خۆی و جیهانی بیرکردنه‌وه و واقیعی خۆی ده‌رده‌خست، هه‌ندێک به گوڵ و منداڵه‌وه ده‌ردەکه‌وتن هه‌ندێک به چێشت و دۆڵمه‌وه و هه‌ندێکیش به نووسین و بیرکردنه‌وه و زۆرێكیش به مۆدێل و خۆنواندنه‌وه، خودی ئه‌م هه‌له که هه‌ر که‌س بتوانێت ڕای خۆی ده‌رببڕێت و لاپه‌ڕه‌یه‌کی هه‌بێت نیشانه و ده‌رفه‌تێکی باشه بۆ ئه‌وه‌ی که مرۆڤه‌کان مافی ڕاده‌ربرین و ئازادی ڕاده‌ربڕینیان هه‌بێت، به‌ڵام ئاخۆ مرۆڤی کۆمه‌ڵگای ئێمه ئه‌و په‌روه‌رده مۆدێڕن و پێشکه‌وتووی تێپه‌ڕاندووه تاکوو له فه‌زایه‌کی میدیایی و دیجیتاڵدا دۆخێکی پێشمۆدێڕن و نه‌گونجاو و به‌زیان بۆ کۆمه‌ڵگا به‌رهه‌م نه‌هێنێته‌وه؟ ئێمه بۆ تی ڤی و ڕاگه‌یه‌نراوه بینراو و بیستراوه‌کان کۆمه‌ڵێک یاسا و ڕێسامان هه‌یه، و له سه‌ر شاشه‌کان هه‌ر که‌س له خۆیه‌وه هه‌ڵناسێت به ده‌ربڕینی شتێک یان به هه‌ر حاڵه‌تێک و له هه‌موو کاتێکدا ده‌رناکه‌وێت، به‌ڵام له‌م په‌یج و لاپه‌ڕانه‌دا ئێمه که‌سه‌کان ده‌بینین که خواردوویانه‌ته‌وه و لایڤ ده‌که‌نه‌وه و ئیدی قسه‌ی نه‌شیاو، ناڕێکیش دەڵێن و هه‌زار که‌س زیاتریش سه‌یریان ده‌کات، ئه‌مه هه‌م بۆ پیاوان ڕاسته هه‌م بۆ ژنان، باسی من لێره‌دا پیاوان نییه به‌ڵکوو ژنان و ئه‌و ڕۆڵه پیرۆزه و که‌رامه‌تی به‌رزیانه که بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌ندروست پێویستیانه. ژنانی ناو تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی که وشیارییه‌کی ئه‌وتۆیان نییه و پێویستیان به په‌روه‌رده و خوله‌کانی ڕاهێنان بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی نوێ هه‌یه ده‌بێت ئاگاداری ئه‌و خه‌سارانه بکرێنه‌وه که چالاکییه نه‌گونجاو و ناوه‌خته‌کانیان له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا دروستی ده‌که‌ن، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر پیاوێک له سه‌ر بابه‌تێک قسه‌ی نه‌شیاو و جنێو ده‌رببڕێت له په‌یجه‌که‌ی که‌متر دیاره تاوه‌کوو خاتوونێک ئه‌مه بکات ئه‌وه‌ش واتای جێ سه‌رنجبوون و کاریگه‌رییانه، کاتێک ژنان ئاوه‌ها ده‌بنه چه‌قی سه‌رنجی کۆمه‌ڵگا بێگومان خۆگێڕانه‌وه و خۆ ده‌رخستنیک که دوور بێت له بنه‌ماکانی کۆمه‌ڵگا و ئاوه‌زی گشتیی مرۆڤ کاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر ئاراسته‌کردنی کۆمه‌ڵگا ده‌بێت، له ئه‌نجامدا ده‌توانین له‌سه‌ر ئه‌م پرسیاره بوه‌ستین که ئایا ژنان و خانمانی ناو کۆمه‌ڵگای ئێمه له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ئه‌وه‌یان خه‌مڵاندووه که له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ئه‌دگار و هه‌ڵسوکه‌وته‌کانیان چ کاریگه‌رییه‌کی هه‌بووه له کۆمه‌ڵگا و به‌گشتی ئاراسته‌کردنی کۆمه‌ڵگا و په‌روه‌رده‌یه‌کی نوێ و سه‌رده‌مییانه؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌رخه‌ری دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تیی ژنانی ئێمه‌یه که ده‌شێت ئاسۆی دواڕۆژی به ڕوونی یان ڕه‌شی له‌سه‌ر بنیات بنێین.