ڕوانگەی تاقانەی ئەم دەرهێنەرە کۆچکردووە و خۆشەویستییەک کە کەسایەتیی ئەو ئیلهامبەخشی دەبێت، دەبێتە هۆی ئەوەی کە سەخڵەتییەکانی ڕێگای پڕ لە کەند و لەندی ئەو بەرەو بەرزایی بە ئاسانی تێپەڕێنین. بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، بەهەڵکەوت خەریکبووم وتاری کلاسیکیی ساڵی ١٩٦٩ی “پاڵین کێڵ”م لە ژێر ناوی “زبڵ، هونەر و سینەما”م دووبارە دەخوێندەوە. چەند کاتژمێر دواتر ئاگاداربوومەوە کە “دەیڤید لینج”” کۆچی دوایی کردووە و دەمودەست ڕستەیەک لە وتارەکە هاتەوە بە خەیاڵمدا؛ “جیهان بەو شێوەیەی کە کتێبەکانی قوتابخانە پێمان دەڵێن ناچێتە پێشێ و ئێمە لەگەڵ ئەو شتەی کە بابەودایە و مامۆستاکانمان چاوەڕوانییان لێمان دەکرد، جیاواز دەرچووین”. من ڕۆحی ڕەخنەگرانەی “لینج”م لە دەربڕینەکەی کێڵدا هەست پێ کرد. “لینج” زیاتر لە هەر سینەماکارێکی سەردەمی خۆی، لەگەڵ درۆ ڕێکخراو و ساختەکاندا ڕووبەڕوو بوویەوە و قورسایی شوناسە نامۆکانی بە کۆڵ کێشا. زۆرێک لە فیلمەکان بە غەیبانیئامێز و خەونبازانە ناوزەد دەکرێن، بەڵام وا دێتە بەرچاو کە فیلمەکانی “لینج” بۆ بەنموونەییکردنی ئەم دەستەواژانە دروست کراون. “لینج” ئەو شتەی وا نەبینراو هێڵراوەتەوە و ئەوەی کە بە وردی شاردراوەتەوە، ئاشکرا دەکات و خەونەکانی ئەو دەمامکەکانی ڕێز و ڕووپامایی لادەبەن تاکوو واقیعە بەرگەنەگیراوەکان لە فۆرمی فانتازیادا وێنا بکات.
“لینج” بە فیلمی “مەخمەڵ شین” بەرهەمی ساڵی ١٩٨٦، هەر زوو بوو بە سینەماکاری نموونەیی سەردەمی دۆناڵد ڕەیگان و، بەو شێوازانەی کە سەرووتر لە ڕاپۆرتە چاودێریکارانەکان بوون ڕیا و پیرۆزکاریی دەوروبەری خۆی دایە بەر شەپی ڕەخنە. ئەو لە درامایەکدا لەبارەی لایەنە ژێرەوانکێکانی شارێکی بچووک کە تێیدا کۆمەڵێک بەرپرس وا ژیانێکی دوو لایەنیان هەیە تێێدا بەشدارن، پەردە لەسەر کۆمەڵێک پلانی شووم لا دەدات. ئەم پیلان و داووڕاوانە کەمتر لە پیلانگێڕییە پڕوپتەوەکان دەچن و زیاتر هاوشێوەی ئەو زایەڵە دڕ و تاڵانبەرانەن کە وا دێتە بەرچاو توێژی ژێرەوەی ئەو ئەفسانانەنەی بێگەردی و پاکین کە ئەمریکییەکان زۆر تامەزرۆیانە لە سەرۆککۆمارە هۆلیڤوودییەکەیان کڕیویانەتەوە! لەگەڵ هەموو وردبینی و تیژبینییەکییەوە، فیلمەکە دەڵێی لەو پەڕی خێرایی هونەری و داڕشتنەوە، هاوێژراوەتە سەر پەردەی سینەما. بەرهەمەکانی “لینج”، بە داهێنانە سەرکێشانەکانی و پۆڕاندنی بێوینەی وردەکارییە سەمبوولییەکان و ڕووبەرە وەهماوییەکان، بەبیرخەرەوەی سورریالیستی گەورەی دیکە سینەما واتە “لویس بونیێڵ”ە، بەڵام بە ڕوانگەی تایبەتیی ئەمریکی و خۆجێیی خۆیەوە و، هەروەها شێوەی بەڕۆژکراوی سینەمایی”واینزبێرگ، ئۆهایۆ”ی “شێروود ئەندرێرسۆن”یش بە بیر دێنێتەوە.
بەرزەفڕیی “لینج” لە بەرهەمێکی دانسقە بۆ تۆڕێکی تەلەڤیزیۆنی گەیشتە چڵەپۆپەی خۆی، مێدیایەک کە بەدەگمەن پێشوازی لە بەرهەمە دانسقە و بەرزەفڕانەکان دەکات؛ “توین پیکس” کە دوو وەرزی لە ساڵەکانی ١٩٩٠ و ١٩٩١ بڵاو کرایەوە. ئەم کارە لەگەڵ هەموو سەربزێوییە خەیاڵئامێزەکان و قووڵاییە وەهماوییەکانی، نواندنێکی دیکە بە شێوازی واینزبێرگ بوو لە پەیکەری شارێک و پەیوەندییە زۆر ئاڵۆز و تێکئاڵاوەکانی نێوان ژمارەیەکی زۆر لە کارئەکتەرکان. وەکوو فیلمی “مەخمەڵ شین” ئەمەش حیکایەتی تاوان و خۆدەربردن لە سزا، تووندوتیژیی سێکسی و هەوڵی شارەزایانە بۆ شاردنەوەی بوو. “لینج” تێڕوانینە تاریکەکانی “مەخمەڵ شین” پەرە پێ دەدات تاکوو دنیای بینراو بەشێوەیەکی بەراوەژوو بنوێنێتەوە-ڕووکارە شێواوەکان و فانتازیا ئازاربەخشەکانی شارێکی بچووک و، بە هەمان ڕادە نامۆیی وەهمئالوودی ژیانە ئاساییەکانی، هەر هەموو لە ڕووداوێکی تۆقێنەری تاقانە واتە کوشتنی کچێکی مێرمنداڵ بە ناوی لۆرا پالمێردا چڕ و خڕ دەبنەوە و پێک دەگەن. هەرچەندە کە ئەم زنجیرەیە پێشەنگانە بوو، بەڵام بەتەواوەتی بەڵێنەکەی خۆی نەبردە سەر(فۆرمات و دەلاقەی تەلەڤیزیۆن هێشتا هەر بەهێز بوو) و کاتێکیش زنجیرەکە کەنسێل کرایەوە، هەر زوو دەرکەوت کە “لینج” خۆی هێشتا بە تەواوەتی لێی نەبۆتەوە. ئەو کە تەنها شەش بەش لە سی بەشی ئەم زنجیرەیەی دەرهێنابوو، دواتر لە چوارچێوەی فیلمێکی درێژ لە ژێر ناوی “توئین پیکس؛ بەسەر ئاگر لەگەڵمدا پیاسە بکە” (١٩٩٢)، بەردەوامیی دایە. بەراییەک کە بواری پێ دا بەشێوەیەکی جەوهەری بە خۆ-پێداچوونەوەیەک، زەینیەتێکی وێنەگەرانە کە زنجیرەکە پەرژابووە سەری، قووڵتر بکاتەوە.
“لینج” کە لە ساڵی ١٩٤٦ لەدایک بوو، بەرهەمهێنانی یەکەم فیلمی درێژی خۆی لەژێر ناوی “سەرلاستیک-Eraserhead” کە بەرهەمێک بوو بە بووجەیەکی زۆر کەم لە ساڵی ١٩٧٧ تەواو کرد و لەو دەسپێکە زۆر داهێنەرانەیەیەوە تاکوو کۆتایی کارە پیشەییەکەی، دژوازیی سورریالیسمی تاقی کردەوە-هەوڵدان بۆ گونجاندنی چەمکێکی لەبنەمادا ئەدەبی لە ناو وێنەکاندا. “لینج” وەکوو نیگارکێشێک دەستی پێکرد بەڵام بوو بە نووسەر، شاعیر، بیرەوەرینووس و فیلمنامەنووس (بە بێ ئاماژەدان بە مۆسیقاژنی). سورریالیزمی نیگارکارانەی دالی یان ماگریت لەخۆگری نوکتەیە، چونکە دەسکاریکردنی جیلوەکانی واقیع لەڕێگەی فرچۆکەوە ئاسانە. (هەر بەم هۆیەیە کە دنیا فانتێزییەکانی زۆربەی نواندنەکانی “سی جی ئای” تا ئەم ڕادەیە خۆ-بە جیدی زانن؛ قورونچکێکی بچوک گرتن لە “بەخۆدا-هەڵدان” بەسە تاکوو مافە پووتێکراوەکان وەکوو گونەشەیتانێک بتەقن). بەڵام لە ئەدەبیاتدا ڕێگریکردن لە ماناسازیی ئاسان نییە و، تەنانەت ئەستەمتر لەوەش، دەسکردنە بە مانابەخشین بەو شتانەی کە بەڕواڵەت بێمانا دیارن. ڕیسک و بێباکیی سینەمای سورریالیستی ئەمەیە کە داهێنانە سەرەکییەکانی چەمکیانەن-ئافراندنی وەحشیگەریی لەسەر کاغەز و گواستنەوەی بەتەنها بۆ سەر پەردەی سینەما. “سەرلاستیک” نموونەیەکی بچووک بەڵام چاوڕفێنی ئەو بەڵگە چەمکیانەی فیلمەکانن کە لەگەڵ هەبوونی فیلمنامە قورس و بێبایەخەکان، لە هەناوی وێنە خەونئاوی و خەیاڵبزوینەکاندا لەدایک دەبن. لەگەڵ ئەمەشدا، مێل برۆکس بە ناسینەوەی هێزی ئایدیاکانی، “لینج”ی وەکوو دەرهێنەری فیلمی “فیلەپیاو “(١٩٨٠) قبووڵ کرد و،اتە ئەو فیلمەی وا برۆکس لە بەرهەمهێنانیدا بەشدار بوو. بە ئاوڕدانەوەیەک لە ڕابردوو، ئەم فیلمە بەدڵنیاییەوە وەکوو یەکێک لە لاوازترین بەرهەمە “لینج”ییەکان دێتە بەرچاو، لەگەڵ ئەمەشدا هەستیاریی هاودڵانە و خواستی ئەو بۆ وێنە بەرهەستە پڕخرۆشەکان، لێك ئاڵان تا شاکارێک لە نۆژەنکردنەوەی مێژوویی دابهێنن.
“لینج” شوێنپێی ئەمەی بە هەڵگۆستەی خۆی لە “زوورچک “تەپۆڵکەی لم”“ بەرهەمی ساڵی ١٩٨٤ گرت، پرۆژەیەک کە بە دەستێوەردانی ستۆدیۆوە بەدڵنیاییەوە شکستی دەهێنا، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا پێشان دەدات کە ئەگەر دەرفەتێکی بدرێتێ، چەندە باش دەتوانێت ژانێرە ناسراوەکان بەشێوەیەکی بنەمایی سەر لە نوێ بگوورێتەوە و بیچمیان داتێ. ئەو خۆی لە تەنگژەیەکی هاوشێوەی تەنگژەکەی بونیێڵ بینییەوە، کە یەکەمین فیلمەکانی کۆلاژ و پارۆدی بوون و دواجار بە گواستنەوەی ڕەمزگەرێتیی تووند و تۆخی خۆی بۆ ناو چوارچێوە گێڕانەوەییە ناسراوەکان، هاتە ناو ئەم پیشەیەوە. “لینج”یش هەر ئەمەی کرد، بەڵام ئەو چوارچێوە(فۆرمات) و ستۆدیۆیانەی کە لەگەڵیان بەروەڕوو بوویەوە، بەشێوەیەکی تایبەت داخراو و دڵڕەق بوون و، ئەو ڕێگەچارەیەکی بەتەواوەتی مۆدێڕنی دۆزییەوە. بەڵام جێبەجێکردنی ئەم کارە کاتێکی زۆر دوور و درێژ و پڕ ئێش و ئازاری برد. پاش “توئین پیکس” و ” بەسەر ئاگر لەگەڵمدا پیاسە بکە” “لینج” پێی نایە ناو هەرێمێکی نوێ و نامۆوە؛ ناخ. فیلمەکەی واتە “شاڕێگەی ونبوو” بەرهەمی ساڵی ١٩٩٧، نموونەیەکی ئاڵۆزە لە تێمەکانی “نۆوار”. ئەگەرچی لە ڕێگا لاوەکییە قەرباڵغ و پڕ هەراو و هۆریاکانی خۆی ون دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەم ڕێگایانە بەشێوەیەکی زۆر داهێنەرانە دەبن بەهۆی کۆمەڵێک پشکوتن و ترەکین لە شێوازدا کە ئاماژەیە بۆ دەروونشیکارییەکی خۆتەوەر لە ژانێرەکان و شێوە هۆلیڤوودییەکاندا. ئەم فیلمە هەنگاوێکی گەورە بە ڕێگایەکی دوور و درێژ و پڕ پێچ و پەنای خۆ-نۆژەنکردنەوەی دواجارەکی سینەمایی ئەو بوو. ئەو بە فیلمی “جووتسایدی موڵهاڵند”بەرهەمی ساڵی ٢٠٠١ کە وەکوو زنجیرەیەکی تەلەڤیزیۆنی دەستی پێ کرد و لە ژێر بارستایی چیرۆکەکەیدا خنکا، لەگەڵ هۆلیڤوود مایەوە. لە کۆتاییدا فیلمەکە لەڕێگەی ئاوێنەسازییەکەوە؛ شوناسگۆڕینەوەیەک کە بە هەمان ڕادە کە زیرەکانە و ڕوون فیلمی لێ هەڵگیراوە، زیرەکانەش گەڵاڵە کراوە، هەڵدەستێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەگەرچی زایەڵە دەروونشیکارانەکان قووڵن بەڵام لێڵ و پێڵن و نیشانە ڕەمزی و سیمبولییەکان بە بەراورد لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی مەخمەڵ شین و توئین پیکس لاواز(ناسک) و سادەن. جووتسایدی موڵهاڵند ڕازێک کە هێشتاش ڕازاوی ماوەتەوە لەو جۆرە مەتەڵانەیە کە تەقریبەن دەکرا بۆ دامەزراندنی گوتارێک گەڵاڵە بکرێت و، هەر بەم هۆیەش بووە بە بابەتێکی جێگەی ستایشی سینەمادۆستان.
“جووتسایدی مالهڵند” لەڕووی بازاڕەوە سەرکەوتوو نەبوو و بەو هۆیەی کە ستۆدیۆکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەمبەر ئایدیا ئازادانەکانی دەرهێنەران دادەخران، پیشەکەی “لینج”یش کۆسپی کەوتە بەردەم. لەگەڵ ئەمەشدا ئەو درێژەی بە هەڵکۆڵینەکانی خۆی دا لە دنیای سینەمادا و فیلمی “ئیمپراتۆریی ناوەوە”(٢٠٠٦)ی دروست کرد کە لە ڕێگەی ڤیدیۆی ئاساییەوە خۆی فیلمهەڵگرییەکەی ئەنجام دا. ئەم فیلمە بە شێوەیەکی تاقیکارانە دروست بوو؛ “لینج” بە بێ فیلمنامە دەستی پێ کرد و لەبەرامبەردا لە درێژەی فیلمهەڵگرتندا هەر ڕۆژ فیلمنامەیەکی دەنووسی. ئەنجامەکەشی لەگەڵ هەبوونی فلاشە سەیر و خێراکان کە لە شێوەی ئیشکردنی دووربینەکەی لیچ و ئیفیکتە تایبەتییەکان کە ڕەوتی بەرهەمهێنانی ڤیدیۆیی ڕەخساندبووی، دەدرەوشایەوە، بە هەمان ڕادەش دەقتەوەر بوو کە وەکوو بڵێی فیلمنامەکە هەر لە سەرەتاوە دیاریکراو بووببێت. ئاوەها ساتەیلێک لە خرۆشی داهێنەرانە، خەمڵاندنە سات بە ساتەکانی هەوڵێکی پەرتەوازە بوون. لە حاڵێکدا کە “لینج” کامێراکەی بەشێوەیەکی قووڵ گرتبووە دەوروبەری خۆی و خەریکی دروستکردنی فیلم بوو، شوێنێکی زۆر گرنگی پشتگوێ خستبوو؛ “خۆی”. ئەم دۆخە لە حاڵی گۆڕاندا بوو و بوو بە هۆی لەدایکبوونی یەکێک لە شکۆدارترین نواندنە خۆ-ئافرێنەرەوە هونەرییەکان لە سینەمای هاوچەرخدا. پرۆژە گەورەکەی دواتری ئەو، “توین پیکس؛ گەڕانەوە” کە لە ساڵی ٢٠١٧ لە “شۆتایم”دا نومایش درا، بەسەریەکەوە هەژدە بەش(کە هەموویان خۆی دەریهێنابوون) بەڕادەیەکی نزیک لە هەموو فیلمە درێژە سینەماییەکانی کاتی نومایشکردنی لەسەر پەردەی سینەمادا هەبوو. “گەڕانەوە” ڕووبەری بشێوەی پیلانگێڕانەی لەمەڕ کوشتنی لۆرا پالمێردا تا ئاستێکی گەردوونی پەرە پێ دا؛ “لینج” تەقریبەن دەیتوانی ناوێکی لاوەکی بۆ هەڵبژێرێت بۆ نموونە”هەر ئێستە ئاخرزەمان” و، لە ڕووی چەمکییەوە ئەم فیلمە زیاتر لە فیلمی فرانسیسی فۆرد کاپۆلا دەپەرژێتە سەر کارتێکەرییە لاوەکییەکانی ئەم ڕێکەوەندە. فیلمەکەی “لینج” هەروەها مانا چەمکیانەکانی پشکنینی بەردەوامی دەرهێنەر لە هەناوی نەستی خۆی، لە خەیاڵکردنە فیچقەکراو و سەیر و سەمەرەکانی خۆی دەگەیەنێتە ئەنجام. لە ماوەی کاری پیشەیی “لینج”دا، کاتێک کانگای وێنەکانی ئەو وەکوو “ئیمراتۆری ناوەوە” ڕەشۆداماڵراو دەهاتە بەرچاو، کاریگەرییەکانی هاوشێوەی بیستنی گێڕانەوەی خەونەکانی بوو بە زمانی خۆی-ئەو ئەزموونانەی کە تەنها خۆی هەیبوو و تا ڕادەیەک بە نەگوازراوی مابوونەوە. کاتێک وێنەکان بەپتەوی وەکوو “توین پیکس”، پێکەوە گرێدراو بوون زیاتر وا دەهاتە بەرچاو کە ئەم بەرهەمە لەباتی بەرجەستەکردنی ڕاستەقینەی گەڕی ئازادی نەست بەمەبەستی خستنەڕووی مانا داڕێژراوە. بەڵام لە “گەڕانەوەدا” “لینج” زیاتر لە دیمەنە پێرفۆرمێنسییەکاندا تەنانەت لە نوکتەشدا سەرووتر لە سنوورەکانی سیناریۆ دەڕۆشت، بەڕادەیەکی هەژێنەر کە وەکوو بڵێی خودی پەردەی سینەماش تێک دەشکێنێت و تێی دەپەڕێنێت. گرینگترین وەگەڕخستنی هەستی نوێبینراوی خۆی لە تۆن و پێرفۆرمێنسدا و، گرینگترین شێوەی نوێ کە ئەو دەسەڵاتی ڕاستەوخۆ و بێمەودای خۆی لەم زنجیرەیەدا بەکار هێنا، دانانی خۆی چ وەکوو شەخس و چ وەکوو جەستە لە ناوەندی نواندندا بوو. لە “گەڕانەوە”دا “لینج” ڕۆڵی گۆردۆن کۆڵ؛ یاریدەدەری سەرۆکی ئێف بی ئای، لە دوو وەرزدا و لە فیلمەکەشدا دووپات دەکاتەوە بەڵام ئێستە ئەو ئەم کارئەکتەرە هەم لەڕووی درامییەوە و هەم لە ڕووی بەرچاوبوونەوە زەق دەکاتەوە-و بە پێرفۆرمێنسسێکی داهێنەرانە و پڕ بریق و باقەوە کۆڵ پەلکێشی ژیانێک دەکات کە لەگەڵیدا گونجاوە. “لینج” ڕۆڵی کۆڵ وەکوو پێغەمبەرێکی سیکیولار دەگێڕێت، ئامادەبوونێکی شکۆمەندانە و مەزن کە هۆش و داوەریکردن بە خەستییەکی خۆپەسندانە بەڵام غەیببێژانەوە دەخاتە ڕوو.
پێرفۆرمێنسی “لینج” نەک تەنها یەکێک لە باشترین دەرکەوتنەکانی فیلمسازێکە لە بەرهەمەکانی خۆیدا، بەڵکوو سەردەمێکی سینەماییش زەق دەکاتەوە. “لینج” بەرەبەرە و حەوتە بە حەوتە، هەمان ئەو کارەی دەکرد کە لە سینەمای جیهاندا هاوشان و هاوتاکانی خۆی وەکوو ئەگنێس ڤاردا( گوڵەوەچنەکان و من) و، کەنارەکانی ئاگنێس) و جەعفەر پەناهی (ئەمە بەتەنها فیلمێک نییە، تاکسی)، کاتێک هەلومەرجی پیشەیی یان سیاسی دروستکردنی فیلمی بۆیان سەخت دەکرد، دەیانکرد؛ ئەوان خۆیان دەخستە ناو دەلاقە(فریم)ی فیلمەوە و کەسایەتییەکانیان بەرجەستە دەکردەوە. “لینج” بە کردنی خۆی بە جیاوازترین ڕوخسار و دەنگی بەهێزترین پرۆژەی دەرهێنەریی خۆی، خۆی کرد بە ڕەمزی هونەری خۆی – و لە ڕاستیدا ڕەمزێکی بەرز لە سینەمای سەردەمی خۆی. لەگەڵ ئەمەشدا ئەم بەجەستەکردنە(تجسد) بەجەستەکردنێکی کێشەدارە و باری ئەو تۆقینە دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییانەی کە “لینج” لە سەردەمی کاری پیشەیی خۆیدا هێناویەتە سەر پەردەی سینەما، هەڵدەگرێت. ئەو پێش لە هەر شتێک خەیاڵبازێکی دیدەوانە، بەڵام بەتەنها هەر ئەمە نییە؛ لە فیلمەکانی ئەودادا دۆستۆیۆفسکییەکی زیاتر بە بەراورد لەگەڵ “شەوانی ڕووناک”ی ڤیسکانتی یان “ژنی نازاری” برێسۆن هەیە؛ کافکایەکی زیاتر بە بەراورد لەگەڵ (دادگاییکردن”ی وێڵز؛ فرۆیدێکی زیاتر بە بەراورد لەگەڵ “فرۆیدی” هاستێن یان “شێوازێکی مەترسیدار”ی کرانێنبێرگ هەیە.ێناکردنی ئەمەی کە لە ژێر ڕواڵەتی بێهەست و هاودڵانەی “لینج”دا قیژە و لێدانەکان، هاواری تۆقان و ڕاتەکاندنەکانی دڵەڕاوکێ و دنیای تێکئاڵاوی بەدفەڕییە ئاسایی و قووڵەکان، کە ئەو لە فیلمەکانیدا نومایشی دەدا، خەوتووە، زۆر ترسناکە. نیشانەکانی ئەم شێواوییە دەروونییە دەتوانین لە فیلمێکی وەکوو “چیرۆکی سترەیت” بەرهەمی ساڵی ١٩٩٩ ببینین و،ێنەیەکی نەرم و نیان لە لێخوڕینێکی دوور و درێژی پیرەپیاوێک بە ماشینی چیمەنقرتێن بۆ بینینی برا هەڵبڕاو و بێگانەبووەکەی! فیلمەکە بە جۆرێک دەچێتە پێش کە ئەوانەی وا خەونی ترسناک نابینن و،ەکوو خەونێکی زیندوو ناوی دەبەن- دیمەنێکی سیکۆلاری ڕزگاریبەخش لە خۆشەویستی و پێکەوەگرێدراوی. ئەمە ئەو ئیلهامەیە کە ئامادەیی بەرزەفڕانەی “لینج” لەسەر پەردەی سینەما لە “گەڕانەوە”دا وەکوو پاشماوەیەک لە زانست و پێشبینییەکانی کە ئەو بێدرێخانە بۆ نیو سەدە خستوویەتە ڕوو، بەرجەستە دەکات و وەکوو کەسێکی پابەندی دیسیپلین و ئینسانێکی سەرسەخت، کۆڵنەدەرانە و هاودڵانە تا کۆتایی تێی پەڕاند.
سەرچاوە؛ نیۆیۆرکێر، ڕیچارد برۆدی، ڕەخنەگری فیلم/ ڕێکەوتی نووسین ١٧ی ژانڤییەی ٢٠٢٥. برۆدی لە ساڵی ١٩٩٩دا دەستی بە نووسین بۆ نیۆیۆرکێر کرد. ئەو نووسەری کتێبی “ هەموو شتێک سینەمایە؛ ژیانی کاریی ژان لۆک گۆدار”ە.
نووسین؛ ڕیچارد برۆدی
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە؛ عادڵ قادری