كورد، به‌درێژایى مێژوو هه‌موو ده‌وڵه‌ت و هێزه ڕۆژئاواییه‌كان له به‌ختیدا نه‌بوون و هه‌ر یه‌كه‌ش به شێوازێك سیاسه‌ت و پلان و ته‌ڵه‌ى خۆى له‌به‌رامبه‌ر خاكه به‌پیته‌كه‌ى و وڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ى و گه‌له‌كه‌یدا پراكتیزه كردووه. “گراهام ئى فوله‌ر” ده‌رباره‌ى كورد و دۆزى كورد ده‌ڵێت:- “هیوا و ئاواته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بۆ ماوه‌یه‌كى دوور و درێژ له‌لایه‌ن هێزه ئه‌وروپاییه ئیمپریالییه‌كانه‌وه و پاشان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته تازه دامه‌زراوه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راسته‌وه خامۆش كران. وه‌ك به‌ڵگه، هێزه پارتیزانه جیاوازه‌كانى كورد وه‌ك ده‌سكه‌لایه‌ك له‌لایه‌ن هێزه ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه بۆ لاوازكردنى رژێمه هه‌رێمییه‌كان به‌كارهێنراون”. ئیمپریالیزم هه‌میشه بۆ سه‌ركوتكردنى شۆڕشه‌كانى كورد، له‌باربردنى راپه‌ڕین و هه‌ڵایسانه‌كانى، لاوازكردنى بیر و هۆشى نه‌ته‌وه‌یى له‌لاى تاكه‌كانى، كه‌مى نه‌كردووه و ئه‌وه‌ى بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆى بووبێت كردوویه‌تى. له‌هه‌ر كات و زه‌مانێكدا كورد به شۆڕشێك یان به جوڵانه‌وه‌یه‌كى ویستبێتى فه‌رسه‌خێك بچێته پێشێ و نوقته‌یه‌ك له مافى چاره‌نووسیدا تۆمار بكات، ئه‌و هێزه رۆژئاوایى و زلهێزه داگیركارانه، به‌هه‌ر جۆرێك و پراكتیك كردنى هه‌ر پۆله‌تیكێك له‌مپه‌ریان له‌به‌رده‌مدا دروستكردووه و نه‌یانویستوه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆیان تۆزقاڵێك به هۆى كورده‌وه مه‌ترسى بكه‌وێته سه‌ر. ته‌نانه‌ت زۆرجاران ویستوویانه كورد بكه‌ن به قوربانى خۆیان و ده‌وروپشتیان.
“وانەکانى مێژوو”
له 7ى سێپته‌مبه‌رى ساڵى 1880دا ده‌وڵه‌ته‌كانى ڕووسیا، به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا و هه‌ندێكى تریش، له وه‌ڵامى به‌یاننامه‌یه‌كدا، كه عوسمانییه‌كان له‌باره‌ى ئه‌رمه‌نییه‌كانى دانیشتوى رۆژهه‌ڵاتى عوسمانییه‌وه كه زیاتر له 17%ى دانیشتوان بوون، بڵاوى كردبۆوه، یاداشتێكى هاوبه‌شیان دا به عوسمانییه‌كان، له‌و یاداشته‌دا گووترابوو:- “له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و كورده كۆچه‌ریانه كه له كێوه‌كان ده‌ژین، هه‌ر بۆ ئاژاوه‌نانه‌وه دژى مه‌سیحییه‌كان بۆ پێده‌شته‌كان دێنه خواره‌وه، پێویسته له‌و سه‌رژمێرییه‌دا حیساب نه‌كرێن كه بۆ ده‌ركه‌وتنى زۆرایه‌تى دانیشتوانى ئه‌و مه‌ڵبه‌نده ده‌كرێ”. نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌سڕنه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ى بیر له‌مافه‌كانى بكه‌نه‌وه. به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى وڵاته گه‌وره‌كان له ڕووسیاى قه‌یسه‌رییه‌وه بۆ ئینگلیزه‌كان و بۆ ئه‌مه‌ریكا وایخواستوه كه دژایه‌تى جوڵانه‌وه ڕزگاریخوازه‌كانى كورد بكه‌ن و نه‌هێڵن كوردستان سه‌ربه‌خۆ بێت. كورد وتویه‌تى:- مشتێك نمونه‌یه بۆ خه‌روارێك. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، به‌پێى سه‌رچاوه‌كانى بن ده‌ست، هه‌ندێك به‌ڵگه هه‌ن:- ساڵى 1840 هێزه‌كانى كۆلۆنیالیستى دژى جوڵانه‌وه‌ى كورد به رێبه‌رایه‌تى به‌درخان پاشا یه‌كیان گرت. ئه‌وكات ئینگلیز، فه‌ڕه‌نسا و رووسه‌كان به حیسابى پاراستنى مه‌سیحییه نیستۆرییه‌كانى دانیشتووى كوردستان، هه‌وڵیاندا و هانى سوڵتانى عوسمانییان دا بۆ هێرشبردنه سه‌ر كورده‌كان.
ئه‌وكات، كونسوڵى فه‌ڕه‌نسا له موسڵ، له راپۆرتێكدا به رێكه‌وتى 20-9-1846 له‌باره‌ى هاندانى عوسمانى بۆ كپكردنه‌وه‌ى شۆڕشه‌كه‌ى به‌درخان، نووسیویه‌تى:- “…بۆ ئه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى عوسمانى بتوانێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى له ناوچه‌كه‌دا بپارێزێ، پێویستى به ئاماده‌كارى زیاتر هه‌یه. چه‌ند رۆژ له‌وه‌وپێش به‌درخانێك بۆ حكومه‌ت له گۆڕێ‌دا نه‌بوو، وجودى ناوبراو ئیمڕۆ مایه‌ى شه‌رمه‌زارى ده‌وڵه‌ته. ده‌بێ كوردستان له ژێر ده‌ستى به‌درخانى پیس وه‌ده‌رنێن. ناوه‌كه‌ى رۆژێك له‌بیر ده‌چێته‌وه…”. ساڵى 1877 جوگرافیناسى ڕووسى “فه‌ینه‌كۆف” له كۆمه‌ڵه‌ى جوگرافیناساندا وتارێكى له ژێر ناوى “گرنگى كێشه‌ى كورد بۆ ده‌وڵه‌تى ده‌رگیر” پێشكه‌ش كردووه. ناوبراو سه‌باره‌ت به سیاسه‌تى ئینگلیزه‌كان ده‌ڵێت:- “…ئینگلیزه‌كان ده‌یانه‌وێ پێش به عه‌شیره‌ته‌كانى كورد بگرن كه له ئێران ده‌ژین، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستیان به دیجله و فورات نه‌گات. هه‌رچه‌نده واده‌بینرێت كه ئینگلیزه‌كان سه‌باره‌ت به كێشه‌ى كورد دۆستایه‌تى ده‌نوێنن، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ى مه‌به‌ستیان باشكردنى ره‌وشى كورده‌كان نییه، به‌ڵكو خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆیان ده‌كه‌ن. له كۆتاییدا هه‌موو جموجۆڵه‌كان دژى كورد به‌ڕێوه ده‌چن”. بێگومان به‌هۆى فراوانبوونى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئینگلیز و فه‌ڕه‌نسا له توركیادا دژى هه‌ر جموجۆڵێكى كوردى بوون كه بارۆدۆخه‌كه ناجیگیر بكات، بێجگه له‌وه‌ش هه‌ر بزاوتێك ده‌كه‌وته خانه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى ڕووسیاى دژه‌به‌رژه‌وه‌ندى ئینگلیزه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه ئینگلیزه‌كان هانده‌رى سوڵتان بوون له به‌رپاكردنى شه‌ڕ دژى به‌درخان پاشا. له بزووتنه‌وه‌كه‌ى یه‌زدانشێرى ئامۆزاى میربه‌درخان پاشاى بۆتانیشدا، سه‌رنج له‌م ڕووداوه بده‌ن:- كۆتایى ساڵى 1855 نه‌مرود ڕه‌سسام كه یه‌كێك بوو له موژده‌به‌رانى به‌ریتانى له موسڵه‌وه به پاره و دیارى زۆره‌وه ڕوویكرده سه‌ركردایه‌تى گشتى بزووتنه‌وه و ویستى وه‌ك ناوبژیكه‌ر په‌سه‌ندى بكه‌ن. هه‌رجاره‌ى به‌ته‌نها سه‌رى له‌یه‌كێك له‌سه‌ره‌ك خێڵه كورده‌كان ده‌دا و ده‌یویست به به‌رتیل بیانهێنێته سه‌ر ئه‌وه‌ى یه‌زدانشێرى بۆ قایل بكه‌ن تا كێشه‌ى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان به وتووێژ له‌گه‌ڵ توركدا چاره‌سه‌ر بكات و ئینگلیزیش ناوبژیكه‌ر بێت.
ئینگلیزه‌كان كه له‌دواجاردا سه‌ركه‌وتن له‌و كاره‌دا و به‌رتیله‌كه‌یان كارى خۆى كرد، مه‌رامى راسته‌قینه‌ى تریان هه‌بوو له كاره‌كه‌دا، نه‌ك رۆڵى ناوبژیوانى ڕاستینه. ئه‌وان له‌به‌رژه‌وه‌ندییاندا نه‌بوو ناوچه‌كه شه‌ڕ و ئاژاوه به‌خۆوه بگرێت، چونكه به‌رژه‌وه‌ندییه ئابووری و بازرگانییه‌كانیان مه‌ترسى ده‌كه‌وته سه‌ر. هه‌روه‌ها ده‌یانویست به‌ناوى دانوستانه‌وه یه‌زدانشێر به‌سه‌ر هه‌ڵه و سه‌رلێشێواویدا ببه‌ن، دواجاریش بۆیان چووه سه‌ر. یه‌زدانشێر له‌گه‌ڵ موژده‌ده‌ره ئینگلیزیه‌كه‌دا ده‌چێته ئه‌سته‌مبوڵ و له‌وێ له‌ناوى ده‌به‌ن و شۆڕشه‌كه‌ش ده‌توێته‌وه. هۆیه‌كى سه‌ره‌كى هه‌ره‌سهێنانى شۆڕشه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ى شێخ عوبه‌یدوڵلا نه‌هریش له 1880دا ده‌ستى ئه‌و هێزه ده‌ره‌كییانه بوو. ئیمپریالیزمى رووسى و ئینگلیزى، هاوئاهه‌نگ دژى “نه‌هرى” كنه‌یان ده‌كرد. توانیان توركیا ڕ‌ازى بكه‌ن تا له‌گه‌ڵ ئێران‌دا یه‌ك بكه‌وێت و پێكڕا دژى كورد ده‌ست به‌كار بن. له راپۆرتێكى كونسوڵى رووسیادا بۆ سه‌فیره‌كه‌یان له ئه‌سته‌مبوڵ، هاتووه:- “له كێشه‌ى كورددا، ئه‌وه ئینگلیزه‌كانن كه گرنگترین نه‌خشیان هه‌یه، نه‌ك عوسمانییه‌كان. كونسوڵى ئینگلیزى له ناوچه‌كه‌دا گه‌لێك رێنمایى گرنگى له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌كه‌یه‌وه پێ دراوه كه ده‌یه‌وێ شه‌ڕ و زۆردارى دژى راپه‌ڕینه‌كانى كورد به‌كاربێنێت. سه‌فیرى ئینگلیز له ئه‌سته‌مبوڵ لیستى ناوى ئه‌و میره كوردانه‌ى لایه، كه له كاتى پێویستدا ده‌بێ دوور بخرێنه‌وه” .
“گیرۆدە بوون بە شەڕى جیهانى”
ده‌وڵه‌ته زلهێز و داگیركه‌ره‌كان، كه به‌رژه‌وه‌ندى ئابووری په‌لكێشى ناوچه‌كه‌ى كردبوون، له یەکەم شه‌ڕى جیهانییدا زیانى گه‌وره و گرانیان خسته سه‌ر شانى كورد. گه‌لى كورد بێ ئه‌وه‌ى له‌ده‌ست خۆیدا بێت، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه تێكه‌ڵى ڕوداوه‌كانى شه‌ڕ بوو و خاكى نیشتمانى بووه مه‌یدانێكى گه‌وره‌ى جه‌نگه‌كه. لازه‌رێف ده‌ڵێت:- “له ڕاستیدا ده‌نگى یه‌كه‌م ته‌قه‌ى شه‌ڕ له رۆژهه‌ڵاتى نزیكدا له كوردستانى ئێران به‌رزبۆوه نه‌ك له ده‌ریاى ڕه‌شدا”، له‌و كاته‌وه بۆ ماوه‌ى نزیكه‌ى چوار ساڵ له‌شكرى تورك و ڕووس و ئینگلیز له‌گه‌لێك ناوچه‌ى كوردستاندا به‌یه‌كیانا دا و گه‌لێك شه‌ڕى قورسیان كرد. كاولكارییه‌كانى كوردستان له‌و شه‌ڕه‌دا زۆرن، كۆتایى به تێكۆشانى هه‌موو ئه‌و كۆمه‌ڵه و ڕۆژنامه كوردیانه هێنا كه له‌وه‌و پێش هه‌بوون. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى عوسمانى له‌و شه‌ڕه‌دا سیاسه‌تى له‌ناوبردنى كوردى هه‌بوو و ژماره‌یه‌كى زۆر له سه‌رۆكاره كورده‌كانى كوشت، هه‌روه‌ها به‌بیانووى پاشه‌كشه له‌به‌رامبه‌ر هێزه‌كانى رووسیادا 700،000 كوردى له نیشتمانى خۆیان گواسته‌وه، له‌و گواستنه‌وه‌یه‌شدا زۆرێكى ئه‌و كوردانه له‌ناوبران. زۆر ئاوایى كوردان وێران بوون و مه‌ڕوماڵاتى زۆرى كورده‌كان به قڕدران. كاربه‌ده‌ستانى تورك ته‌علیماتێكى نهێنیان ده‌رباره‌ى ئه‌و راگوێزانه‌ى كورد له كوردستاندا دابوو به لێپرسراوه‌كانى خۆیان، له‌و ته‌علیماته‌دا هاتبوو:- “ئه‌بێ دانیشتوانى ئه‌و ناوچانه‌ى كوردیان به چڕى لێیه رابگوێزرێن و له شوێنه‌كانى خۆیان دووربخرێنه‌وه و ناچار بكرێن له‌و ناوچانه‌دا دابنیشن كه به‌چڕى توركى تیایه، به‌و مه‌رجه‌ى رێژه‌یان 5%ى تێكڕاى دانیشتوانى توركى ئه‌سڵى ناوچه‌كه تێ نه‌په‌ڕێ”.
له‌دواى یەکەم شه‌ڕى جیهانى گه‌وره‌ترین ده‌رفه‌تێك بووه له‌بۆ كوردان كه خاوه‌ندارێتى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ بن، به‌تایبه‌ت كه له‌سه‌روبه‌ندى كۆتایى شه‌ڕ سه‌رۆك كۆمارى ئه‌وكاتى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا “ویدرۆ وێڵسۆن” له به‌یاننامه‌یه‌كیدا 14 خاڵى له‌هه‌مبه‌ر مافى چاره‌نووسى گه‌لان راگه‌یاند، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش نمونه‌ى سێ وڵاتى وه‌ك “ئه‌رمه‌نستان، كوردستان و عه‌ره‌بستان”ى باس كردبوو، كه هه‌رسێكیان له ژێر ده‌ستى عوسمانییه‌كاندا بوون. “وێڵسۆن” پێشنیارى كردبوو، كه ئه‌و سێ وڵاته له ئیمپراتۆریاى عوسمانیى داماڵرێ و له‌ژێر چاودێریى كۆمه‌ڵه‌ى گه‌لاندا بمێننه‌وه، هه‌تا ڕزگارى ته‌واو به‌ده‌ست دێنن . ئه‌و ڕووداوه ئومێدى وه‌به‌ر هه‌موو جیهان هێنا ، به‌ڵام ده‌وڵه‌تانى براوه‌ى شه‌ڕ “به‌ره‌ى هاوپه‌یمانان” كه میراتى پیاوه نه‌خۆشه‌كه‌یان دابه‌ش كرد، نه‌یانویست كورد بكه‌ن به خاوه‌نى خاك و خۆڵه‌كه‌ى خۆى و ده‌وڵه‌تى هه‌بێت، به‌ڵكو پێش بڕانه‌وه‌ى شه‌ڕیش به‌ماوه‌یه‌ك، ئه‌و ده‌وڵه‌ته رۆژئاواییانه له‌ناو خۆیاندا وا رێك كه‌وتن كوردستان جارێكى تر دابه‌ش بكه‌نه‌وه، چونكه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه هۆى هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕى یه‌كه‌مى جیهان به‌هۆى چاوچنۆكى و تێر نه‌خواردنى ده‌وڵه‌ته گه‌وره‌كانه‌وه بووه كه بووه هۆى ئه‌وه‌ى نه‌خشه‌ى دابه‌شكردنى ناوچه‌كه بكێشرێ و كوردستان به‌شێك بووه له نه‌خشه‌ى ئه‌و دابه‌شكردنه. به دوو ساڵ پێش بڕانه‌وه‌ى شه‌ڕ، واتا له 15-17ى مارسى 1916دا وڵاتانى به‌ریتانیا، فه‌ڕه‌نسا و ڕووسیا رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى داروپه‌ردووى ده‌وڵه‌تى عوسمانیى دۆڕاوى شه‌ڕه‌كه له‌ناو خۆیاندا دابه‌ش بكه‌ن، هه‌م بۆ ئه‌وه‌ى چه‌ند ده‌وڵه‌تێكى ده‌سكه‌لاى خۆیان له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت و هه‌میش بۆ پاراستنى ده‌ستكه‌وتى نه‌وتى و ئابوورییه‌كانیان، له‌و رۆژه‌دا و له شارى “سان پترسبۆرگ”ى ڕووسیا رێككه‌وتننامه‌ى “سایكس-بیكۆ”یان ئیمزا كرد. ئه‌نجامى گفتوگۆكانى نێوانیان رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ڕووسیا ناوچه‌كانى به‌دلیس و له ده‌ڤه‌رى جه‌زیره‌وه و هه‌تا مه‌رگه‌وڕ كه ده‌كه‌وته باشورى ناوچه‌ى ورمێى به‌ربكه‌وێت، ئه‌و ناوچه‌یه‌ى ده‌سه‌ڵاتى به “ناوچه‌ى زه‌رد” ناسێنرا. فه‌ڕه‌نسا‌ش رازى بوون ناوچه‌كانى قه‌یسه‌رى، سیواس، خارپووت و ده‌ڤه‌ره‌كانى ئه‌ده‌نه، ئادیپ، مه‌رعه‌ش، ئورفه، ماردین، دیاربه‌كر و موسڵ هه‌ڵگرن و به”ناوچه‌ى شین” ناسێنرا. به‌ریتانیاش ته‌نها ناوچه‌ى كه‌ركوكیان له باشوورى كوردستان به‌ركه‌وت و به “ناوچه‌ى سوور” ناسێنرا.
“م. ڕه‌سول هاوار” له باره‌ى دابه‌شكردنى ناوچه كوردییه‌كانى چوارچێوه‌ى ئیمپراتۆریاى عوسمانییه‌وه وتویه‌تى:- “1-به‌پێى نه‌خشه‌ى سایكس-بیكۆ، ویلایه‌تى موسڵ “باشوورى كوردستان” له‌گه‌ڵ ویلایه‌تى شام و حه‌له‌ب به‌ر فه‌ڕه‌نسا‌ییه‌كان كه‌وتبوو “له‌دواى ته‌واوبوونى شه‌ڕ ئینگلیزه‌كان ویلایه‌تى موسڵیان له‌ده‌ست فه‌ره‌نسییه‌كان ده‌رهێنا به‌رامبه‌ر به هه‌ندێ شوێنى تر كه درا به فه‌ره‌نسییه‌كان”. 2-باكوورى كوردستان “له په‌یمانى سایكس-بیكۆدا به كوردستانى مه‌ركه‌زیى ژووروو ناوبراوه” بۆ ڕووسیاى قه‌یسه‌رى دانرابوو “ له‌دواى شۆڕشى ئۆكتۆبه‌ر و كشانه‌وه‌ى ڕووسیا له شه‌ڕى جیهانى وازى له‌و په‌یمانه هێنا””. د.كه‌مال مه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌دیش ده‌ڵێت:- “به‌پێى په‌یمانى “سایكس-بیكۆ” هه‌موو كوردستانى توركیاى ئیمڕۆ بۆ ڕووسیا دانرا. هه‌رچى ویلایه‌تى موسڵیشه به‌ر فه‌ڕه‌نسا كه‌وت. به‌ڵام دیاره ئه‌و به‌ریتانیایه‌ى له زوه‌وه چاوى بڕیبووه ویلایه‌تى موسڵ و به‌هه‌موو جۆر جێ پێى خۆى تیا قایم ئه‌كرد، هه‌روا به ئاسانى ده‌ستى له‌و ناوچه گرنگه هه‌ڵنه‌ئه‌گرت”. له كانونى یه‌كه‌مى 1918دا له‌و سه‌ردانه‌دا كه كلیمه‌نسۆ “سه‌ره‌ك وه‌زیرى فه‌ڕه‌نسا” بۆ له‌نده‌نى كرد، له‌گه‌ڵ لوید جۆرج “سه‌ره‌ك وه‌زیرى به‌ریتانیا” رێك كه‌وت:- ویلایه‌تى موسڵ له‌ناوچه‌ى نفوزى فه‌ره‌نسییه‌وه بگوێزرێته‌وه ناوچه‌ى نفوزى به‌ریتانى به‌رامبه‌ر به گوێزانه‌وه‌ى ویلایه‌تى سوریا له‌ناوچه‌ى نفوزى به‌ریتانى و ته‌رخان كردنى به‌شى نه‌وتى كوردستان بۆ فه‌ره‌نسا. له قۆناغى نێوان هه‌ردوو جه‌نگدا 1918-1939 ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌ر یه‌ك له ده‌وڵه‌تانى ئینگلیز و فه‌ڕه‌نسا و سۆڤیه‌ت له پێناوى پاراستنى پێگه ئابووری و به‌رژه‌وه‌ندییه عه‌سكه‌رى و ئه‌منییه‌كانیان له ناوچه‌كه‌دا، به‌ربه‌ستى سه‌ره‌كى بوونه له چاره‌سه‌ركردنى دۆزى كورددا.
له‌دواى یەکەم شه‌ڕى جیهانییه‌وه هه‌تا ئه‌مڕۆ ده‌وڵه‌ته ئیمپریالیستییه گه‌وره‌كان هه‌وڵیان داوه بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى تۆوى ناكۆكى نه‌ته‌وایه‌تى و تێكۆشاون ئاڵۆزى بخه‌نه ناو جوڵانه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى نیشتمانى. هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه كه سه‌رنجێكى سیاسه‌تى به‌ریتانیا له ئێراق و توركیا پاش یەکەم شه‌ڕى جیهانى و سیاسه‌تى به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا له‌ئێراق و سوریا له‌نێوان دووشه‌ڕى گه‌وره‌ى جیهانى و هه‌روه‌ها سه‌رنجێكى سیاسه‌تى ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌ئێران و ئێراق پاش دووەم شه‌ڕى جیهانى بده‌ین. لازه‌رێڤ نووسیویه‌تى:- “ده‌وڵه‌تانى ئینگلته‌را، فه‌ڕه‌نسا، ئه‌ڵمانیا و یه‌كێتى سۆڤیه‌تى هه‌میشه هه‌ڵوێستێكى دژایه‌تیان له‌به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌ى كورددا گرتۆته‌به‌ر. هیچ یه‌كێك له‌و ده‌وڵه‌تانه نه‌یویستووه به چاوى دابه‌شكارییه‌وه له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست بڕوانێت و هیچ یه‌كێكیان له‌گه‌ڵ دروست بوونى ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆى كوردیدا نه‌بووه له‌سه‌ر نه‌خشه‌ى جوگرافى ناوچه‌كه”. خۆ ئه‌گه‌ر له‌هه‌ندێك كاتیش‌دا ئه‌و ده‌وڵه‌ته باڵادەستانە خۆیان وه‌ك خه‌مخۆرێكى كورد و ناوچه‌كه ده‌رخستبێت و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بڕیارێكیشیان بڵاوكردبێته‌وه له‌مه‌ڕ گوایا چاره‌سه‌رى كێشه‌ى كورد، ئه‌وا له‌به‌رخاترى دووچاوى كاڵى كورد نه‌بووه و جگه له‌وه‌ى وه‌ك ده‌مامكێك به‌كارهێنرابێت بۆ به‌ده‌ستهێنان و به‌ئه‌نجامگه‌یشتنى مه‌رامى خۆیان نه‌بێت.
له‌مێژووى سیاسى نه‌ته‌وه‌ى كورددا بینراوه گه‌لێك بڕیار و په‌یماننامه و به‌ڵێن به كورد دراوه له‌لایه‌ن گه‌له زلده‌سته‌كانى جیهانه‌وه، به‌تایبه‌تیش دواى یه‌كه‌م شه‌ڕى جیهانى كه هێندى نه‌مابوو له ده‌ره‌نجامى ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌دا كورد شتێ به شتێ بكات، به‌ڵام هیچیان خێریان بۆ كورد نه‌بوو. وه‌ك نمونه:- په‌یماننامه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌ناوبانگى سیڤه‌ر كه چه‌ند به‌ندێكى “62، 63،64” تایبه‌ت بوو به چاره‌سه‌ركردنى دۆزى كورد، به‌جێ نه‌هێنرا و ته‌نانه‌ت به په‌یماننامه‌یه‌كى تر كه “لۆزان 24-6-1923” بوو هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه، جگه له‌وه‌ش هه‌ر له‌هه‌مان رۆژى مۆركردن و راگه‌یاندنى په‌یماننامه‌ى “سیڤه‌ر”دا بڕیارى داگیركردنى باكورى كوردستانیش درا. كوردیش وتویه‌تى:- تاریكى مانگ، سه‌ر له ئێواره دیاره! چونكه ڕاستییه‌كه‌ى كۆنگره‌ى سیڤه‌ر هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه هیچ نه‌بوو جگه له فێڵێكى ئینگلیزى-رۆژئاوایى، له‌لایه‌كه‌وه بۆ راكێشانى پشتیوانى كورد به‌لاى خۆیاندا و له‌لایه‌كى تره‌وه بۆ گوشارخستنه سه‌ر توركیا و ئێراق و ترساندنیان به جوڵانه‌وه كوردییه‌كانیان و ناچاركردنیان به لایه‌نگیرییان بۆ نه‌خشه‌كانى خۆیان.
له 19-12-1920دا بنه‌ما یاساییه‌كانى ماندات بڵاوكرایه‌وه. له خاڵى 16ى ئه‌و بنه‌مایانه‌دا ده‌رباره‌ى كورد ده‌ڵێت:- ئه‌وه‌ى له‌م یاسایه‌دا باسى لێوه‌كراوه، رێگه‌ى ئه‌وه له ده‌وڵه‌تى خاوه‌ن ئینتیداب ناگرێت، گه‌ر به چاكى بزانێ، رژێمێكى ئیداریى سه‌ربه‌خۆ له‌ناوچه كوردییه‌كاندا دابمه‌زرێنێت. لێره‌دا بڕوانینه ئه‌و یاسایه، ده‌وڵه‌تانى داگیركارى سه‌رپشك كردووه له‌سه‌ربه‌خۆیى نه‌ته‌وه‌كانى ژێر ده‌ستیاندا، ئه‌وانیش كوردیان به‌لاوه گرنگ نه‌بووه. له مانگى ئابى ساڵى 1920یشدا له‌رێگاى كۆنگره‌ى ئاشتى پاریسه‌وه هه‌رسێ ده‌وڵه‌ته زلهێز و براوه‌كه‌ى یه‌كه‌م جه‌نگى جیهانى “ئه‌مه‌ریكا، فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا” بڕیاریان له‌سه‌ر دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆ بۆ كورد دا، به‌ڵام به‌دانانى سێ مه‌رج، كه خۆى له خۆیدا ئه‌و سێ مه‌رجه ئاماژه‌ى جێبه‌جێ نه‌بوونى بڕیاره‌كه‌ن، ئه‌و خه‌ونه‌ش به‌تاڵبوویه‌وه. بۆ نمونه له مه‌رجى دوه‌میاندا هاتوه كه ئه‌و كاته‌ى كۆمه‌ڵه‌ى گه‌لان “عصبه الامم” ڕ‌ازى ده‌بێت ده‌وڵه‌تێكى كوردى دابمه‌زرێت، ئه‌گه‌ر بۆى ده‌ربكه‌وێت كه كورد شایانى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆیه.
ئه‌م مه‌رجه، ئه‌و په‌نده كوردییه‌مان بیر ئه‌خاته‌وه كه ده‌ڵێت:- گورگ به شوانى مه‌ڕ ڕاگیراوه!. نه بڕیاره‌كه به ده‌ستى كورده و نه ڕاى كوردیش پێوه‌ره بۆ ئه‌و بڕیاره، به‌ڵكو ئه‌وه ته‌نها لیژنه‌یه‌كى “عصبه الامم”ه، كه بكه‌ر و كرداریش هه‌ر خۆیه‌تى و ئه‌و ئه‌توانێت بڵێت كورد شیاو به ده‌وڵه‌ته یان نا!. ئه‌وه‌تا نزیك له سه‌ده‌یه‌كه هێشتا “عصبه الامم”ى ئه‌وسا و “أمم المتحده”ى ئێستا سوڕى به‌رژه‌وه‌ندى ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌كانى نه‌گه‌یشتوه‌ته ئه‌و پنته‌ى كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك، به شایانى ده‌وڵه‌ت بزانێت.
له 24-12-1922دا، داگیركه‌رانى ئینگلیز و ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێراق، ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كیان پێشكه‌ش به كۆمه‌ڵه‌ى گه‌لان كرد، له‌و ڕوونكردنه‌وه‌یه‌دا ده‌ڵێن:- حكومه‌تى خاوه‌ن شكۆى به‌ریتانیاى مه‌زن و حكومه‌تى ئێراق دان به مافى ئه‌و كوردانه‌دا ده‌نێن، كه له سنورى ئێراقدا ده‌ژین، تا حكومه‌تێكى سه‌ربه‌خۆ له‌و ناوچانه‌دا كه زۆربه‌ى زۆریان كوردن، دابمه‌زرێنن. ئه‌و گفتانه، نه‌ك ته‌نها سه‌ریان نه‌گرت، به‌ڵكو هه‌ر ئه‌و لایه‌نانه و ئه‌و “كۆمه‌ڵه‌ى گه‌لان”ه له 16-12-1925دا بڕیارى لكاندنى ویلایه‌تى موسڵى به ئێراقه‌وه دا و، باشورى كوردستانى به‌خشییه ئێراقى عه‌ره‌بى.
سەرچاوەکان:-
-گراهام ئى فوله‌ر:- چاره‌نووسى كورد، و:- ئه‌سعه‌د گۆزێ و حه‌سه‌ن مسته‌فا، گۆڤارى “روانگه‌ى جهان”، ژماره “1” ساڵى یه‌كه‌م، تشرینى دووه‌مى 1993، مه‌كته‌بـــــــــى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى “ى ن ك” ده‌رى ده‌كات.
-دوكتۆر عبدالرحمن قاسملو:- كوردستان و كورد، وەرگێڕ:- عبدالله حسن زادە، ب.ش.چاپ، 1973.
– م.رەسول هاوار:- كورد و باكورى كوردستان لەسەرەتاى مێژووەوە هەتا شەڕى دووەمى جيهان، بەرگى یەكەم “هەتا كۆتايى شەڕى يەكەم”، چاپى يەكەم، بلآوكراوەكانى ناوەندى چاپەمەنى و ڕاگەیاندنى خاك، سلێمانى، 2000.
-كه‌نداڵ:- گه‌لێكى په‌ژمورده و نیشتمانى په‌رت، “كورد له ئیمپراتۆریه‌تى عوسمانی‌دا”، وه‌رگێڕانى له عه‌ره‌بى و فارسییه‌وه:- م.گۆمه‌یى، سوێد، 1998.
-جه‌مال نه‌به‌ز:- كوردستان و شۆڕشه‌كه‌ى، چاپى سێیەم، چاپخانەى منارە، هەولێر، 2007.
-د.كه‌مال مه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌د:- كوردستان له‌ساڵه‌كانى شه‌ڕى یه‌كه‌مى جیهاندا، له چاپكراوه‌كانى كۆڕى زانیارى كورد به‌غدا، 1975.
-نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین:- كورد و عه‌جه‌م، چاپى سێیه‌م، چاپخانه‌ى ڕوون، سلێمانى، 2007.
-سى.جى.ئێدمۆندز:- كێشه‌ى كورد، وه‌رگێڕانى:- ئه‌بوبه‌كر ساڵح ئیسماعیل، چاپى دووه‌م، هه‌ولێر، 2009.
-حوسێن محه‌مه‌د عه‌زیز:- كورد و شۆرش و هه‌لى مێژوویی، چاپى دووەم، سلێمانى، ٢٠٠٠.
-د.عزیز الحاج:- القضیة الكردیة فی العشرینات، الطبعة الثانیة، بغداد، 1985.
-سه‌لام ناوخۆش:- سێكوچكه‌ى هه‌ره‌س، كوردستان، 1999.
-م. لازاریف:- المسألة الكوردیة، النضال و الاخفاق، ترجمة:- د.عبدی حاجی، الطبعة الأولى، أربیل،2007.
-عه‌لى كه‌ندى:- ئینسكلۆپیدیاى مێژوونامه له 1/1/1901 تا 31/12/1950، به‌رگى دووه‌م، چاپى دووه‌م، هه‌ولێر، 2009.