ڤێرجینیا دەپرسێت:- بۆچی ئێمە زۆر دەخوێنینەوە؟ خاڵە لێکچووەکانی شاکارە گەورەکان چین؟
“ئەقڵی ئێمەی مرۆڤ بەیەکەوە گرێ دراوە. ئەو ئەقڵانەی ئەمڕۆ گڕیان گرتووە، نموونەی ئەقڵەکانی پێشووی خۆیانن، وەکوو:- ئەفلاتون و یۆربیدیسە. ئەم ئەقڵانە بەردەوامی بەهەمان فیکر دەدەن، هەر ئەم فیکرەشە جیهانی پێکەوە بەستووەتەوە، هەرخۆی لە بنەڕەتدا جەوهەری دونیا؛ فیکرە.” سوزان سۆنتاگ لەبارەی چەندجارێک خوێندنەوەی هەمان بەرهەم دەڵێت:- وەکوو دووبارە لەدایکبوونەوەی دەق وایە.” منیش لەگەڵ ئەم قسەیەدا هاوڕام، چونکە هەر ساڵێک “شازادە بچووکەکە” دەخوێنمەوە، مانای نوێ دەدا بەدەستەوە. ڤێرجینیا وۆڵف لە هاوینی ١٩٠٣ شاری لەندەن بەجێدێڵێت و ڕوودەکاتە گوندەکانی ئینگلیز، تا بەتەنیا چێژ لە خوێندنەوە ببینێت:-
“وا هەشت هەفتەیە لێرەم و ڕێژەی خوێندنەوەکانم لە شەش مانگی لەندەن زۆر زیاترە.”
لە یەکی جووڵای، ڤێرجینیا لە یاداشتەکانیدا دەنووسێت:-
“کتێب، چێژ بەخشترین شتە بەلامەوە، ئەوەندەی دەخوێنمەوە نانووسم.”
“هەندێکجار هەستدەکەم بەشەکانی ئەقڵم خێراتر لە هەر کاتێکی تر گەورەدەبن، وەکوو خۆنوێکردنەوەی خانەکانی خوێنە، هیچ هەستێک بەراورد ناکرێـت بەم هەستە. کاتێک مێژوو دەخوێنمەوە، ترپەکانی ژیان دەست بە لێدان دەکەن؛ هەموو شتێک دێت و دەڕوات و پەیوەستە بەو شتانەی لە ڕابردوودا ڕوویانداوە، بۆ نموونە لە یەکێک لەو ئێوارانەی ئارام لە باخچەکەمدا دانیشتووم، هەست بە کاریگەری ناپلیۆن دەکەم و دەبینم کە چۆن ئەقڵەکانمان بەیەکەوە گرێ دەدرێن. بیری هاوبەش جیهان پێکەوە دەبەستێتەوە. ئاخر بنەڕەتی جیهان؛ بیرکردنەوەیە.”
ڤێرجینیا لە یاداشتەکانی ساڵی ١٩٠٣یدا بە وردی باسی درکپێکردنی خۆی سەبارەت بە “جیهان تەنیا فیکرە” دەکات و دەڵێت:-
“قەسیدەیەکم خوێندەوە، تیایدا دەڵێت:- “شتەکە دووبارە دەبـێتەوە.” ئەم قەسیدەیە واملێدەکات هەست بکەم گەشتووم بە مانای جەوهەری دونیا؛ هەر دەڵێی هەموو شاعیران و مێژوونووسان و فەیلەسووفان یەک ڕێگا دەگرنە بەر و لەو سەنتەرەی من تیایدا ڕاوەستام، یەکدەگرنەوە.” پاش قەیرێک، ڤێرجینیا لە یەکێک لە وتارەکانیدا، کە ئەوکات وەکوو ڕەخنەگر بۆ ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی کاری دەکرد، هەمان دیدگاکانی خۆی دووبارە دەکاتەوە. دواتر ئەم وتارانە کۆکرانەوە و لە بەرگێکدا بەناوی “وتارەکانی ڤێرجینیا وۆڵف سەبارەت بە چۆنییەتی خوێندنەوە” بڵاوکرانەوە. ڤێرجینیا لە زنجیرە وتارەکانیدا باسی ڕۆمانەکانی “شارڵۆت برۆنتی” دەکات و دیدگایەکی قووڵ لەبارەی ئەدەبەوە دەخاتە ڕوو و دەڵێت:-
“جۆرێک خەسڵەت لە کارە ئەدەبییە ڕاستەقینەکاندا هەیە، کە لەگەڵ هەر خوێندنەوەیەکی، خوێنەر هەست بە گۆڕان دەکات؛ وەکوو ئەوەی نەسیمی ژیان بەناویدا تێپەڕببێت، یان توانای گۆڕانی هەبێت، هەروەکوو ئاسمان و ڕووەکەکان کە هەموو وەرزێک دەتوانن شێوە و ڕەنگی خۆیان بگۆڕن.”
ڤێرجینیا وۆڵف و پەیوەندی نێوان تەنیایی و داهێنان:-
جۆرێک تەنیایی هەیە، خۆی بەسەر مرۆڤدا دەسەپێنێـت، بەبێ ئەوەی دەست لە یەخەی بەربدات. بێزراوترین جۆری تەنیایش، ئەو تەنیایە نییە کە لە کاتی تەنیابووندا هەستی پێدەکەیت، بەڵکوو ئەو جۆرەیە کاتێک لەگەڵ هاوڕێکانت و خەڵکیدایت دەستت بەسەردا دەگرێـت. دوورەپەرێزی، ئەندێشەت دەبزوێنێـت، بەڵام تەنیایی ئەندێشەت لە وزە دادەماڵێت و پڕی دەکات لە بێزاری پەیوەندیکردن و ڕزگاربوون؛ گەر ئەم بێزارییە لەبەرچاو بگرین، دەبینین زۆرێک لە شاکارە گەورەکان لە دەرئەنجامی ئەم بێزارییەوە هاتوونەتە بوون. جارێک ڕۆژنامەی “دۆرۆتی دای” ئەمەریکی نووسیبووی:- “هەموومان بۆ ماوەیەکی درێژ لە هەستی تەنیایدا ژیاین.” داهێنەران؛ چاکتر لە هەر کەسێکی تر درکیان بەم هەستە کردووە، بەڵام هیچ کەسێک لە وەسفکردنی وردی ئەم هەستە، نەگەشتوونەتە ئاستی ڤێرجینیا وۆڵف. لە کۆتاییەکانی هاوینی ١٩٢٨ و مانگێک پێش بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی “ئۆرڵاندۆ” (کە شۆڕشێکی فیکری هەڵگیرساند) دیسانەوە ڤێرجینیا خۆی لە کێشمەکێشـی نێوان تەنیایی و داهێناندا دەبینێتەوە. لە پێشەکی کتێبەکەیدا (کە ئەم پێشەکییەی لە خانووی هاوینەی خۆی و مێردەکەی لە ناوچەی ساکس نووسیبوو) دەنووسێت:-
“کاتێک لێرەم زۆرجار هەستدەکەم لەناو حەرەمێکی پیرۆزدام. ساتێک ئازار دەچێژم، ساتێک مۆتەکە دەبینم؛ ئەمە ترسە لە تەنیایی و ئەوەی لەپشت ئاسۆوە حەشار دراوە.
ئەمە یەکێکە لە ئەو ئەزموومانەی کە ئەم چەند مانگەی لێرەم پیایدا تێپەڕیووم، دواتر درکم بەوەکرد ئەوەی لەپێش چاومدایە پێیدەوترێت:- واقیع؛ ئەبستراکێتییە، بەڵام لە ئاسمان و زەویدا بوونی هەیە. هیچ شتێک ناگاتە بایەخی واقیع، لەگەڵیدا ئاسوودەم و هەست بە بوونی خۆم دەکەم. هەندێکجار هەستدەکەم، پێویستترین شتی منە و هەر بۆ ئەمە تەقەڵامە. بەڵام کێ چووزانێت کە چەندە سەختە واقیع بکەیت بە ئەمە و ئەوە، لەکاتێکدا خوودی خۆی یەک بنەڕەتە. لەوەیە هەر ئەم توانایەم بێت کە منی لەوانی تر جیاکردوەتەوە. دەگمەنە هەستێکی ئەوەندە قووڵت هەبێت.” سی ڕۆژ پاش بڵاوبوونەوەی بەرهەمی “ژوور، تەنیا تایبەتە بە خوودی مرۆڤ” (کە ئەم کتێبە وەکوو زەنگۆڵەی پەیوەندی نێوان تەنیایی و داهێنان بوو) ڤێرجینیا لە یاداشتەکانیدا دەگەڕێتەوە سەر هەمان بابەت. لەکۆتایدا تەنیایی ئەو مچووڕکەیە بەتەواوی فاکتەرەکانی دەرەوە، لە ناخماندا جێگیرە. کاتێک لە بەرانبەر جیهانی دەرەوە، پەردە لەسەر واقیعی دەرەقەت نەهاتوومان دادەدەینەوە، ئەم فاکتەرانەی ناخمان لەگەڵ یەکدا ناسازێن. ڤێرجینیا لەبارەی ئەمەوە دێتە دەنگ و دەنووسێت:-
“ئەم ڕۆژانەی مانگی ئۆکتۆبەر، شەکەت و بێدەنگ دیارە؛ خۆ پەیوەندیشم لەگەڵ مرۆڤدا نەپچڕاندووە، ئیتر نازانم مەبەستم لە بێدەنگی چییە؟ بە واتا گشتییەکەی باسی بێدەنگی ناکەم، بەڵکوو باسی هەستی تەنیایی ڕۆحم دەکەم.” لەگەڵ ئەمانەشدا ناتوانین جیاکاری لەنێوان بێدەنگی تەنیایی و بێدەنگی داهێنان لەلای ڤێرجینیا بکەین. نیو سەدە پێشتر ئەدریان ڕیچی نووسەری ئەمەریکی دەڵێت:- “ئامرازەکانی داهێنان، لە تونێلی بێدەنگیدا دێتە بوون.” ڤێرجینیا توانی بەشێوەیەکی زیندوو باسی ئەم وتەیەمان بۆ بکات و بڵێت:- “نیوەڕۆی ئەمڕۆ، کاتێک لە شەقامی ڕاستەڕەوی پێدفۆرد پڵێسدا، کە ئەمبەرو ئەوبەر ئۆتێل ڕیزی بەستووە، پیاسەم دەکرد؛ لەخۆمم پرسی:- چۆن ئازار دەچێژم؟ هیچ کەسێک هەیە بە قەبارەی ئازارەکان بزانێـت؟” خۆم و ئازارەکانم، پێکەوە لەم شەقامەدا پیاسە دەکەین. لەدوای مەرگی تۆبییەوە (خوشکی ڤێرجینیا)، لەناخمدا لەگەڵ شتێکدا دەجەنگم. ئەوکات لەگەڵ شەیتاندا دەجەنگام، بەڵام ئێستا بەتەنیام. کاتێک دەگەڕێمەوە ماڵەوە، بێدەنگی تیایدا باڵادەستە. بیرکردنەوەکانی نێو سەرم ئەهوەن دەبنەوە، بەڵام هەر بەردەوامم لە نووسین. وەرزی پایزە و ڕووناکییەکان دادەگیرسێنرین. گەر ئەمڕۆ جووتێک گوارە بکڕم، لەپێشتر دەوڵەمەندتر دەبم. سەرباری هەموو ئەم شتانە، هێشتا بێدەنگی و ڕەشی کەشەکەی تەنیووە، هەموو شتێکی ڕووپۆش کردووە. ئەم شتانە هیچی بەلامەوە گرنگ نییە، تەنیا ئەوەم لا گرنگە پڕ وزە بە شتێک کە ناوی واقیعە لەم لایەوە بڕۆم بۆ ئەو لایەکەی تر. گەر هەستم بە جەنگی نێوان ئاسوودەیی و ماندووێتی، بەختەوەری و دڵتەنگی نەکردبایە، لەمێژ بوو خۆم کشاندبووەوە. شتێک هەر هەیە شایەنی ئەوەبێت بۆی بجەنگین، هەر بۆیە هەر بەیانییەک بەخەبەر دێم، بە خۆم دەڵێم:- بجەنگە!”
نامە خۆکوژییەکەی ڤێرجینیا وۆڵف بۆ هاوسەرەکەی:-
ئەزیزەکەم، دیسانەوە شێتبوون بەرۆکی پێ گرتووم. وای بۆ ناچم جارێکی تر بتوانین خۆمان لە کاتە سەختەکان ڕزگار بکەین، بێشک ئەمجارە چاک نابمەوە و ڕزگاربوونم نییە. دەنگی زۆر لە نێو سەرمدا زایەڵە دەدەنەوە و دەیانبیستم، چیتر توانای بەرگەگرتنی ئەم دەنگانەم نەماوە. بۆیە ئەوە دەکەم کە بۆ هەردووکمان باشە. تا توانیت، بە هەموو ڕێگەیەک بەختەوەرت کردم. تا تووشی ئەم دەردە نەفرەتییە نەبووم، هەرگیز بە خەیاڵمدا نەهاتووە هیچ کەسێک وەکوو ئێمە بەختەوەر بووبێـت. چیتر توانای جەنگانم نەماوە ئەزیزەکەم. گەر من لە ژیانتدا نەبوومایە گەشتت دەکرد و کارت دەکرد، من بڕۆم دەتوانی ئەم شتانە بکەیت. تۆ بڕوانە، ناتوانم هیچ شتێک بخوێنمەوە، تەنانەت ناشتوانم ئەم نامەیەت بەباشی بۆ بنووسم، وا هەموو شتێک لەدەست دەدەم. تەنیا دەمەوێت بڵێم، لە پای هەموو ئەو بەختەوەرییانەی پێت بەخشیم، منەتبارم. بەشێوەیەکی باوەڕپێنەکراو ئارامگر بوویت لەگەڵمدا. دەمەوێت پێت بڵێم (هەر خۆی هەموان بەمە دەزانن)، تاکە پیاو کە بیتوانیبایە ڕزگارم بکات، تۆ دەبوویت. لیۆناردی ئەزیزم، جگە لە بڕوابوونم بە تۆ و دڵـت، هەموو شتێکم لەدەست داوە. با ئەمە بەسبێــت، چیتر ناتوانم ژیانت لەمە زیاتر وێران بکەم. ناکرێت هیچ کەسێک وەکوو من و تۆ بەختەوەر بێت.
سەرچاوە:- الساقية.