ئەریك فرۆم لە بەشێكی كتێبی “دۆگمایی مەسیحی”ـیدا ڕۆچووەتە سەر چەمكی كەسایەتی شۆڕشگێر، هەڵێنجانی چەمكەكە و تێگەیشتنی فرۆم لە لەو جۆرە كەسایەتییەدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەریك فرۆم بە چەمكێكی سیاسی-دەروونی لێكی دەداتەوە، لە بەرامبەر ئەم كەسایەتییەدا “كەسایەتی دەسەڵاتخواز” دادەنێت كە ڕەفتار و دەروونی ئەم جۆرە لە كەسایەتییە جیاواز دەبینیت.
فرۆم لە سەرەتای نووسینەكەدا بە جیاكردنەوەی باوەڕ لە ئیماندا دەڕوات و دەڵێت هەموو كەسێك دەتوانێت باوەڕێكی هەبێت بە تەواوی وەك زانینی زمانێكی دەرەكی،بەڵام ئەو كۆمەڵە باوەڕانەی كە ڕەگیان لەنێو پێكهاتەی كەسایەتی تاكەكاندایە و كەسایەتی لەوانەوە خۆراكی خۆی بەدەست دەخات و هێز وەردەگرێت، بە ئـــیمان دەژمێردرێت، واتە باوەڕ لای فرۆم دەرەكییە و لە دەرەوەی مرۆڤ دەپرژێتە ناوەوەی كە ڕەنگبێ كاریگەر بێت و قبوڵی بكات یاخود بەرپەرچی بداتەوە بە شێوازی جیاواز، ئیمانیش لە ناو مرۆڤدایە وزەپێدەری مرۆڤە ئاماددەی هەیە لە بڕیار و ڕەفتارەكانماندا ، دركپێكردنی ئەم ڕەگ و خۆراكە قورسە، بەڵام مومكینە و دەكرێت خوێندنەوەت هەبێت بزانرێت چ جۆرە خۆراكێك دەدرێت بە مرۆڤ”لەڕێی دەروونشیكارییەوە بێت یاخود دەروونزانی” بە دیدی من دەروونشیكاری توانای هەڵێنجان و دواتر جوینی ئەم خۆراكەی هەیە.
لێرە بەدوا دەچێتە نێو شیكردنەوەی كەسایەتی دەسەڵاتخواز كە لای فرۆم هەستێكی شوناسبوونی هەیە لە بەرامبەر ئەوانەی لە خوار خۆیدا دەیبینێت، هەستێكە پەیوەستە بە بەرزكردنەوەی دەسەڵاتی باوكێتی لە دەروونی تاك و دەسەڵاتخوازەكەدا.چێژپێدەر و چێژوەرگرە، دەسەڵاتخواز چەند دەسەڵات پەرشبكاتەوە چێژی لێ دەبینیت و لە هەمان كاتتدا وەرگری فەرمانی دەسەڵاتخوازەكە چێژ وەردەگرێت لە جێبەجێكردنی فەرمانەكە چونكە لە ناوەڕۆكدا هەست بە ئاسوودەیەك دەكات و لە هەمان هاوشوناسبووی تێیدایە و دەسەڵاتخوازی نێرینەیی لە ناویدا خۆراكی پێدەدات ئەم ویستەش دووبارە لە دەرەوە پێی دەدرێتەوە، بەپێی شیكارییەكەی فرۆم گەر ڕەددانەوەی یاخود فەرمانەكە جێبەجێ نەكرا تەنیا ڕوكەشییە و كەسایەتی دەسەڵاتخواز لای گرنگ نابێت چونكە جێبەجێنەكردنەكە لەڕێی باوەڕەوەیە و دەرەكییە و كاریگەری ئەوتۆی نابێت لەسەر تاكەكە، كاریگەربوونەكە لەڕێی ئیمانەكەی فرۆمەوە دێت”خۆراك پێدەرەكەی ناخی مرۆ”.
ئەم جۆرە لە كەسایەتیی لەنێو مێژووی مرۆڤایەتی و شارستانییەتتدا بوونی هەبووە دەكرێت لە ئێستاشدا كۆمەڵگە لەخۆی بگرێت(بێ شك لە ئامێزی دەگرێت).لەگەڵ ئەمەدا كەسایەتی شۆڕشگێڕ دێنیتە بەر باس ، كەسایەتییەكە توانای گۆڕانكاری هەیە واقع دەخوێنێتەوە، قودرەتی وشەی ‘نەخێر’ ی هەیە بۆ هەر بەها و ئیمان و باوەڕێك، بەلوتكەیەكی مرۆییەوە مامەڵە دەكات و دوورە لە فكری ئایدیالیستی.
ئایدیالیستی لای فرۆم كەسێكی سایكۆس و خۆشەیدایە و بت پەرستە، دەبێت شتێكی هەبێت بتوانێت دەستی پێوە بگرێت و باڵای بكات، هەموو بوونی خۆی دەداتە بتەكە لە بەرامبەردا شوناسی خۆی لە بتەكەی وەردەگرێت. كەسی شۆڕشی دەبێت دوور بێت لەو بتپەرستییە، دوورنەبوون لێی دەبێتە گرێیە دەروونی و كردنەوەی گرێكە دەبێتە زەحمەترین كار.كەسایەتی شۆڕشگێڕی بەوپەڕی ئەخلاقییانە و مرۆییانە دەچێتە نێو ژیانكردنەوە ، بێ شك دوورە لە كۆنترۆڵكردنیی لە لایەن كەسانی دیكەوە.بەپێی خوێندنەوەكانی فرۆم دەردەكەوێت، كەسایەتی شۆڕشگێڕ دەتوانێت بگۆڕێت و ببێتە كەسایەتییەكی دەسەڵاتخوازی بەڵام بە پێچەوانەوە نامومكینە و ڕوونادات، هەرگیز ڕەفتارگەلی نەخـــۆشی چجا سایكۆسی بێت یاخود دەسەڵاتخوازی توانای قبوڵكردنی واقعەكانییان نییە ، گرنگی بوونی بتەكان و پەرستنییان یەكێكە لە بەها باڵاكانی دەسەڵاتخوازی، پاراستنی هۆكاری مانەوەی ئەو گرێیە كە لەنێو دەروونی كەسانی دیكەدا دەگوزەرێت كە چێژ لە جێبەجێكردنی هەموو ڕستەیەكی سەروو دەبینێت .
بەڵام كەسایەتی شۆڕشیی دوور لە هەموو بەڵێ یـەكە، گومان و ڕەخنەی مرۆیی كردووەتە پێشینەی كارەكانی، چوارچێوەیەكی بەرتەسكی لەمەڕ بیركردنەوەكانیدا دروست نەكردووە، بەڵكو فراوانتر قوڵتر و بابەتیتر هێز بە بیركردنەوەكانی دەدات ئەمەش دەبێتە هۆكاری بەردەوامی : گومان و پرسیار، تێڕامان و خوێندنەوەی واقع، گۆڕانكاری بەردەوام.ئەم جۆرە لە كەسایەتی لە مرۆڤی مۆدێرندا دوورە چونكە مرۆڤی مۆدێرن “ئیدارییە”ئەم شێوە لە مرۆڤ توانای ڕەخنەگرتنی لێ دەسەنرێتەوە چوارچێوەیەك بۆ ئازادی دادەنێت، بێهۆشە لە بەرامبەر واقعدا ، واقعێك كە وشەكان و تێكستەكانی تێكراوە، زۆر زەحمەتە تایبەتمەندییەكانی كەسی شۆڕشگێڕ وەرگرێت.
زەبر و زەنگی سەرمایەداری و مۆدێرنە لە ڕێی خەواندنی ئەقڵییەت و بیركردنەوەی مرۆڤە، خەواندنێك كە نادیارە كەی بەخەبەر دیت. بەپێی لێكدانەوەكانی ئەریك فرۆم كۆمەڵێك پرسی دیكە دێتە پێش، ئایا ڕێگایەكی تر نییە بۆ گۆڕینی جۆری كەسایەتی؟ چۆن دەتوانین لەم نێوەندەدا مرۆڤ هۆشیار بكرێتەوە؟ دەسەڵاتی یەك لە دوای یەكی نێو كۆمەڵگەكان دەرخەری گرێیەكی دەروونی گشتیی نییە؟ لە هەمان كاتتدا گومان لە بەكارهێنانی دەروونشیكاری دروست دەبێت بۆ گۆڕانكاری لە كۆمەڵگەدا. لە سەرەتای دروستبوونی سەرمایەدارییدا سوود لە دەروونشیكاری فرۆید وەردەگیرا، تیۆرەكانی فرۆید و كچەكەی بەكار دەهێنرا بۆ دروستكردنی مرۆڤی بەكاربەر و هەمیشە بەرهەمهێن، دروستكردنی مرۆڤێكی بێهۆش ئەنجامی بەكارهێنانی تیۆرەكانی فرۆید بوو. سەرمایەداری توانی زیرەكانە بەكاری بهێنێت لە پەرە بە خۆی بدات و هەمیشە وەك هێزێكی گەورە بەكاربێت بۆ زیاتر پەرەسەندی سەرمایەداری. كەواتە دەبێ بڵێین ویستی خراپیی مرۆڤ توانرا زاڵبێت بەسەر فكرەكانیشدا. ئەمەش وا دەكات كۆمەڵگە پەك بخرێت لە دروستكردنی كەسایەتیی شۆڕشگێڕی ئەریك فرۆم.