سەرەڕای گەرمی و خوێناویی ڕووداوەکان لە غەززە کە ڕووبەڕووی شێتیی ڕاستڕەوەکانی ئیسرائیل بووەتەوە، سووریا کە ناکۆکییەکان تێیدا یەک لەدوای یەک دەتەقنەوە، لوبنان کە بەوریاییەوە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر دەگوازرێتەوە، بەڵام، لوتکەی ئەلاسکا لەنێوان هەردوو سەرۆک “دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پوتین”، زاڵبوو بەسەر هەموو ڕووداوەکانی تری جیهاندا، چونکە کاریگەرییەکانی تەنها لەسەر ئۆکرانیا و ڕووسیا و ئەوروپا سنووردار نابێت، بەڵکو تەواوی جیهان دەگرێتەوە، بەو پێیەی کە ترەمپ کە ئەمریکا دەگۆڕێت، هاوکات ئەو سیستمە نێودەوڵەتییەش دەگۆڕێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرپەرشتیاری سەرەکی بوو لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم و پاشانیش لە دوای جەنگی سارد. سەبارەت بەو ناوچەیەی کە ئیسرائیل وەک ئەوەی دەستی باڵای تێدا هەبێت ڕەفتار دەکات لە دوای ئەو “دەستکەوتە” سەربازییانەی کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەدەستی هێناوە، بەتایبەتی لە لوبنان و ئێران، ئەوا لوتکەی پوتین-ترەمپ پرسیارگەلێک دەوروژێنێت دەربارەی ئەوەی کە ئایا گشتگیریی ڕێککەوتنەکەی نێوان دوو پیاوەکە بۆ لکاندنی خاکەکانی ئۆکرانیا بە ڕووسیاوە، هاندەرێکی زیاتر بۆ ئیسرائیل دەڕەخسێنێت بۆ لکاندنی خاک لەناو خاکی فەڵەستین یان لە سووریا و لوبنان.
ڕەنگە لوبنان کەمتر ڕووبەڕووی ئەم جۆرە سیناریۆیە ببێتەوە بە بەراورد لەگەڵ سووریا و فەڵەستین، کە تێیاندا وادیارە ئیسرائیل بەهێزەوە لە پلانە نیشتەجێکردنەکانی لە کەناری ڕۆژئاوا بەردەوامە، هەروەها بابەتی داگیرکردنی شاری غەززە جێگەیەکی فراوانتری لە گفتوگۆکانی تەلئەبیبدا گرتووە. بەڵام لە سووریادا، پلانەکانی ئیسرائیل هیچی کەمتر نییە لە ئاڵۆزی و مەترسی، بەتایبەتی لە دوای ڕووداوەکانی سوەیدا، بەجۆرێک کە بووەتە شتێکی ئەستەم وێناکردنی ئەوەی کە ئیسرائیل بتوانێت بەخێرایی لەو خاکانە بکشێتەوە کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد داگیری کردوون، ئەمە جگە لەوەی کە گێڕانەوەی بەشە داگیرکراوەکەی جۆلان بۆ سووریا قورستر بووە، نەک تەنها لەبەر هۆکارە ئیسرائیلی و نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو لەبەر هۆکارە سوورییەکانیش، لە سۆنگەی بارودۆخی باشووری سووریاوە، کە وا دیار نییە چارەسەرکردنیشی ئاسان و خێرا بێت. بارودۆخێکی وەها دەبوو زەنگێکی ئاگادارکردنەوە بووایە بۆ تەواوی ناوچەکە و وایکردبا سیاسەت لە دەوری کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر داهاتووی ناوچەکە و پێگەی ئیسرائیلی تێدا بسووڕایەتەوە، بەڵام وڵاتانی ناوچەکە زۆر دوورکەوتوونەتەوە لەم جۆرە بیرکردنەوەیە، چ لەسەر ئاستی دەوڵەتان بێت یان کۆمەڵگاکان. تەنانەت بیری “ئیسرائیلی گەورە” کە بنیامین نەتانیاهۆ لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی پرسیارێکی ڕۆژنامەوانیدا دووبارە خستییەوە ڕووو، جێگەیەکی بەرفراوانی لە گفتوگۆکانی جیهانی عەرەبیدا گرت، بە وردی و بابەتیانەی سیاسی و مێژوویی نەخرایەڕوو، بەڵکو زیادەڕەوی لە وەسفکردنیدا کرا، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ناوچەکە زیاتر و زیاتر هەستی سیاسی لەدەستدەدات کە گفتوگۆی گشتی ڕێکدەخات و ناهێڵێت بەلاڕێدا بچێت بەرەو وەهم و تێڕوانینە هەڵەکان. ئەمە جگە لەوەی کە هەندێک لە نوخبە و دەوڵەتەکان بانگەشەی سیاسی لەسەر ناونیشانی وەهمی وەک “ئیسرائیلی گەورە” دادەمەزرێنن.
بەڵام، بە تێپەڕاندنی ئەم گفتوگۆیە، خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە شەرعییەتی سیاسی بۆ هیچ دەوڵەتێک لە ڕۆژهەڵاتی عەرەبیدا ناتوانێت دروست ببێت، بەبێ ئەوەی بتوانێت هەڵوێستێک بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکانی جیهان دابڕێژێت، کە دواترینیان ئەوە بوو کە لە دیداری پوتین-ترەمپەوە دەرکەوت، کە دەکرێت لێکەوتەی ڕاستەوخۆی لە ڕۆژهەڵاتدا هەبێت. نازانرێت کە ئایا هیچ کام لە بەرپرسە لوبنانییەکان کە لەگەڵ نێردەی ئەمریکی تۆماس باراک کۆبوونەوە، ئەم پرسەیان لەبەردەمیدا وروژاندووە یان ناو،اتە ئەگەری ئەوەی کە ئیسرائیل هەوڵبدات خاکی سووریا و لوبنان بە خۆیەوە بلکێنێت هاوشێوەی ئەگەری لکاندنی خاکی ئۆکرانیا لەلایەن پوتینەوە. تەنانەت ئەگەر ئەم ئەگەرە بۆ لوبنان کەمیش بێت، ئەوا پێوەری شارەزایی سیاسیی بەرپرسانی لوبنان ناچاریان دەکات کە ئاماژە بەم ئەگەرە بکەن سەبارەت بە سووریا بە لەبەرچاوگرتنی تێکەڵاویی نێوان هەردوو وڵات. ئەمەش تێکەڵاوییەکە کە پێویستی بە وەشانێکی نوێ هەیە کە هێشتا نیشانەکانی دەرنەکەوتووە، بەتایبەتی کە کارە لەپێشینەکانی بەرپرسانی هەردوو لا ئاماژە بە ئەگەری ڕوودانی پێشڤەچوونێکی ئەرێنی و قووڵ لەم دۆسیەیەدا ناکەن. بەڵام هەرچییەک بێت، ئەوە ناگەیەنێت کە لۆژیکی “مومانەعە” (بەرگریکاری) کە بۆ دەیان ساڵی دوورودرێژ لە ناوچەکەدا باڵادەست بوو، لۆژیکێکە کە ئێستا بتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت لەبەردەم ئاڵنگارییە نوێیەکانی ئیسرائیلدا، بەڵکو تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە، گرەوی سیاسی ئێستا لەسەر توانای تێپەڕاندنی ئەم لۆژیکەیە کە لە سەرەتاوە تا کۆتایی لۆژیکی هەژموونگەرایی بوو لەژێر بیانووی بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیلدا. سەبارەت بە “حیزبوڵڵا” بە دیاریکراوی، توانای بەردەوامبوونی لەڕووی سیاسییەوە و بە شێوەیەکی ئەرێنی، لە بنەڕەتدا بەندە لەسەر توانای بۆ پێداچوونەوە بە پرسی چەکەکەیدا. ئەمەش بەدەرە لە فشارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ناونیشانی کۆکردنەوەی چەک بەدەستی دەوڵەت. ئەمەش لەبەر ئەوەی کە دەستگرتنی “حیزبوڵڵا” بە چەکەکەیەوە و بەو شێوازەی کە ئەمە ڕوودەدات، دەریدەخات کە “حیزب”ەکە بە تەواوی یەکسانە بە چەکەکەیو،اتە هیچ بوونێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لە دەرەوەی ئەم چەکەدا نییە. ئەمەش خاڵی لاوازییە نەک خاڵی بەهێزی وەک چۆن “حیزبوڵڵا” هەوڵدەدات وێنای بکات.
جگە لەوەی کە بیانووی “حیزبوڵڵا” بۆ دەستگرتن بە چەکەکەیەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئیسرائیل بووەتە بیانوویەکی زۆر لاواز بەڵکو پووچەڵیشە دوای ئەوەی کە ئەرکی ڕێگریکارانەی چەکەکە ڕووخاو، ئەمەش بووەتە شتێکی ئاشکرا، بۆیە سەرپێچی لێکردنی لەلایەن “حیزب”ەوە ئاماژەیە بۆ تێکچوونێکی گەورە لە شێوازی بیرکردنەوەیدا کە لەوانەیە ببێتە هۆی لاوازبوونی زیاتر و نەتوانینی هاوشانبوونی لەگەڵ قۆناغە نوێیەکە و گۆڕانکارییە ڕوویداوەکان. بەم شێوەیە، دەروازەی بەهێزکردنی هەڵوێستی دەوڵەتی لوبنان بەرامبەر بە ئاڵنگارییە نوێیەکانی ئیسرائیل، بە دەرکردنی پرسی چەک لە هاوکێشەکەدا تێدەپەڕێتو، گەڕان بەدوای ئامرازی دیپلۆماسی و سیاسیی جیاوازدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگارییانە. دەرچوون لە لۆژیکی “مومانەعە” لە بنەڕەتدا پێویستی بە گەڕاندنەوەی بەهایە بۆ سیاسەت و دیپلۆماسی، تەنانەت ئەگەر ئەم کارە پێویستی بە بیرکردنەوەش بێت لە سەردەمی ترەمپدا، بەڵام ڕووداوەکان شکستی بەدیلە پێشنیارکراوەکانیان سەلماند، بەتایبەتیش چەک. هەروەها، دەرچوون لە لۆژیکی “مومانەعە” تەنها قۆرخکراو نییە بۆ لایەنگرانی، بەڵکو بۆ نەیارەکانیشیانە، کە دەبوو زمانێکی نوێ و لۆژیکێکی نوێ لە مامەڵەی سیاسی لەگەڵ پرسە خرانەڕووەکاندا بخوڵقێنن، کە یەکێک لەوانە پرسی ئیسرائیلە. ئەمەش تا ئێستا پەککەوتوو و خاو دیارە، چونکە تێپەڕاندنی لۆژیکی “حیزبوڵڵا” لەبەردەمیدا ڕەچاوی سیاسیی ناوخۆیی هەیە هەتا کاتێک کە “حیزب” خۆی لەناو یاسا ڕەقەکاندا بجوڵێتو، سزای مەرگی سیاسی بەسەر خۆیدا بسەپێنێتو، لەگەڵ خۆیدا وڵاتێکی تەواو ڕابکێشێت کە پێویستی بە ژیانەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نوێ هەیە لە دوای زنجیرە داڕمانەکان کە تووشی بووە. ئەوەی شایەنی لەسەر وەستانە لێرەدا ئەوەیە کە ناونیشانی کۆکردنەوەی چەک بەدەستی دەوڵەت، ناونیشانێکی سیاسییە لە پلەی یەکەمدا و ناونیشانێکی کارگێڕی نییە، دوای ئەوەی کە چەکی “حیزب” چیتر مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل دروست ناکاتو، ئەگەر “حیزب” هەندێک لە جبەخانە “جۆرییەکەی” خۆی پاراستبێت، ئەوا ناتوانێت لە بارودۆخی ئێستادا بەکاریبهێنێت بەهۆی نیگەرانییەکانی ئێرانەوە لە پەرەسەندن، پاشان ئاشکرابوونی لەڕووی هەواڵگرییەوە وای لێدەکات یەک لەدوای یەک بکەوێتە بەر بۆردومانی ئیسرائیلو، ڕەنگە بە تەقەمەنی جۆریی ئەمریکیش ئەگەر لە قەڵای پتەودا هەڵگیرابێت. ئەمە جگە لەوەی کە تواناکانی “حیزب” بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی هێزی سەربازیی خۆی نزیکە لەوەی نەمێنێت لە دوای جەنگی ئەم دواییە دژی خۆی و دژی ئێران و دوای داخستنی دەروازەی سووریا بەڕوویدا.
بۆیە، ئامانجی سەرەکی لە ناونیشانی کۆکردنەوەی چەک ئەوەیە کە ببێتە بنمیچێکی سیاسی بۆ گۆڕانکارییە گەورەکە لەسەر ئاستی ئاراستەکانی دەوڵەتی لوبنان دوای ئەوەی کە “حیزبوڵڵا” و لەپشتییەوە ئێرانیش، کۆنترۆڵیان کردبوو. ئەمەش ئاراستەگەلێکن کە مەبەست لێی ئەوەیە هاوکات بن لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییەی کە لە سووریادا ڕوویداوە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ئەمەش گۆڕانکارییەکە کە یەکەم شت ئەوە دەگەیەنێت کە ئەمریکا بۆ یەکەمجار بووەتە خاوەنی بەهێزترین هەژموون لە سووریاداو، ئەمەش لوبنانیش دەگرێتەوە. ڕاستە کە ڕژێمی حافز ئەسەد توانی لە ماوەی ٣٠ ساڵی دەسەڵاتیدا ڕێککەوتن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دروست بکات، کە کوڕەکەی بەشار تا ڕادەیەکی زۆر تێیدا شکستی هێنا، بەڵام سووریا هیچ کاتێک وەک ئەمڕۆ “ئەمریکی” نەبووە، ئەمەش بەهەمان شێوە لوبنانیش دەگرێتەوە. پێویست بە گوتن ناکات کە ئێمە لەبەردەم وەرچەرخانێکی تەواوی هاوکێشەی ستراتیژیداین لە هەردوو وڵاتدا، دوای داڕمانی هەژموونی ئێران لە هەریەک لە بەیروت و دیمەشق، بەتایبەتی لە سووریا، لە کاتێکدا “حیزبوڵڵا” ناتوانێت ئەم هاوکێشە نوێیە لە بەیروت پێچەوانە بکاتەوە مادام لە دیمەشقدا بەرقەرارە. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هەژموونی ئەمریکی لە لوبنان پشکێک بۆ ئێران لە ڕێگەی “حیزبوڵڵا”وە هەڵناگرێت و، ئەمەش ئەوەیە کە تۆماس باراک لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بەیروت لە دووشەممەی ڕابردوودا دەری بڕی کاتێک باسی لە گفتوگۆکردن کرد لەگەڵ “حیزب” بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی کاغەزە ئەمریکییەکە کە لە بنەڕەتدا لەسەر کۆکردنەوەی چەک بەدەستی دەوڵەت دامەزراوەو، لەگەڵ “دراوسێ” ئێرانیشدا.
ئەمەش مامەڵەی ئەمریکی لەگەڵ بابەتی چەکی “حیزب” دەگوازێتەوە بۆ ئاستێکی نوێ، دوای ئەوەی کە پەسەندکردنی ئامانجەکانی کاغەزە ئەمریکییەکە لەلایەن حکومەتەوە بووە هۆی داماڵینی شەرعییەتی سیاسی لە چەکی “حیزبوڵڵا”و،اتە ئاراستەی دەوڵەتی چەسپاند دوور لە هەژموونی ڕاستەوخۆی “حیزب”. بەڵام چۆنیەتی جێبەجێکردنی ناونیشانی کۆکردنەوەی چەک و مەوداکەی دەکرێت بکەوێتە بەر دانوستانی ناوخۆیی لوبنانی و لوبنانی-ئەمریکی لە ڕێگەی سەرۆکی پەرلەمان نەبیە بێری و ئێرانی-ئەمریکی… ئەگەرنا، ئەستەمە وێنای گۆڕانکاری بکرێت لە ڕەفتاری ئیسرائیل بەرامبەر بە “حیزب” و لوبنانو، لێرەدا دەکرێت لەسەر تووندڕەویی ئیسرائیل بوەستین بەرامبەر بە نوێکردنەوەی ماوەی هێزەکانی “یۆنیفیل” لە باشووری لوبنان بۆ ئەوەی بزانین ئیسرائیل تا چەند سوورە لەسەر گۆڕینی بارودۆخ لەسەر سنوورە باکوورییەکانیو، ئەمەش بێگومان بوونی “حیزبوڵڵا” لە باشووری لیتانی یان توانای بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی خۆی لەوێ دەگرێتەوە.
بۆیە، بنەمای “هەنگاو بەرامبەر هەنگاو”، کە باراک لە بەیروت باسی لێوەکرد، بەو پێیەی کە لوبنان هەنگاوی یەکەمی ناوە بە پەسەندکردنی ئامانجەکانی کاغەزە ئەمریکییەکە و ئێستا پێویستە لەسەر ئیسرائیل هەنگاوێکی بەرامبەر بنێت، ئەم بنەمایە ملکەچی هاوسەنگیی هێزەکانە کە بە شێوەیەکی بەراوردنەکراو لە بەرژەوەندیی ئیسرائیلدایە. واتە وادەکات ئیسرائیل هەنگاوە لوبنانییەکان بخاتە ژێر پێوەرەکانی خۆیەوە و، ئەمەش تەنگژەیەکی کراوەی لوبنانییە، مەگەر ئەوەی “حیزبوڵڵا” باوەڕ بەوە بهێنێت کە پرسی چەکەکەی یەکەمجار پرسێکی ناوخۆییە، نەک لەسەر ئەو بنەمایەی کە چارەسەرەکەی بە گفتوگۆی ناوخۆیی دەبێت کە هیچ ئەنجامێکی نەبووە و ناشیبێت، بەڵکو لەسەر ئەو بنەمایەی کە چەکەکەی بووەتە ڕێگر لەبەردەم بەردەوامبوونی وەک قەوارەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەروەها ڕێگرە لەبەردەم گواستنەوەی لوبنان بۆ ئاسۆیەکی نوێ، جیاواز لە ئاسۆی شەڕی ناوخۆ و داڕمانی ئابووری و کۆمەڵایەتی. بەڵام دروشمی “چەکەکەمان کەرامەتمانە” تەنها مژدەی ئاسۆیەکی وەها دەدات، چونکە دروشمێکە لە ژێر چەتری بیرۆکەی دەوڵەتێکدایە کە دەبوو دەستوور و یاساکانی کەرامەتی گەلەکەی بپارێزن. لەوەش خراپتر، دروشمێکی وەها ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە “حیزب” هیچ پڕۆژەیەکی بۆ دەوڵەتی لوبنان و سیستمی لوبنانی نییە و، هیچ ئامادەییەک یان توانایەکی نییە بۆ تێکەڵبوون لەناو بیرۆکەی دەوڵەتدا لە ڕوانگەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ڕوونەوە، ئەو دیلی تێڕوانینی تایبەتی خۆیەتی بۆ خۆی و بۆ لوبنان، لە کاتێکدا قەبارە کۆمەڵایەتییەکەی نەک چەکەکەی، دهکرا ببێتە پاڵنەرێک بۆ دۆزی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا، بەڵام لە کۆتاییدا ئەمانە نیشانەکانی گواستنەوەیەکی سەختن لەنێوان دوو قۆناغ و دوو لوبناندا، بەڵام کامیان لوبنانە؟ ئایا ئەو گەشەسەندنەی کە باراک مژدەی پێدەدات هەمان سیستمی سیاسی و ئابووری زیندوو دەکاتەوە کە وڵاتی گەیاندە داڕمان، یان کەناڵی سیاسی و ئابووریی نوێ دروست دەکات کە دیمەنی سیاسی و ئابووری بەپێی یاسای نوێ دابڕێژێتەوە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە دەبێت لە لوبناندا و بە دەنگی بەرز بیری لێبکرێتەوەو، ئەمەش ئەو پرسیارەیە کە “حیزبوڵڵا” ناتوانێت پشتگوێی بخات لەبەردەم زیادبوونی بارگرانییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەری، کە یەکێک لەوانە ڕەنگە دۆزینەوەی کاری بەدیل بێت بۆ هەزاران چەکدار، چونکە ئەگەر دەوڵەت دوای شەڕی ناوخۆ دەیان هەزار چەکداری میلیشیا “لایەنگرەکان”ی لەخۆگرتبێت، ئەوا ئەمە سیناریۆیەک نییە کە ئێستا لەبەردەم چەکدارانی “حیزب”دا بخرێتەڕوو لە سۆنگەی “ئیفلاس”ی دەوڵەتەوەو، ئەمەش ڕەنگە ڕێژەکانی بێکاری لە لوبناندا بۆ ژمارەی پێوانەیی بەرز بکاتەوە
سەرچاوە/ https://www.majalla.com/node/326989/
نووسین: إيلي القصيقي
وەرگێڕانی لەعەرەبیەوە: شەڤین محهمهد عهلی