ئەگەرچی ماکس وێبر دەرفەتی ئەوەی بۆ نەڕەخسا تاکوو پرۆژەی توێژینەویی خۆی لەبارەی كۆمهڵناسی هونەر بباتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام گەڵاڵەی کورتی بەرنامەکانی خۆی لەم بارەیەوە تەنها لە کڵاوڕۆژنەی هەندێ وتار، بەتایبەتی نامیلکەیەک لەبارەی “بێڕایی بەهاناسانە” یان ئەو کۆنفرانسانەی کە بەزۆری لەبارەی ئامیان و مایەی کاری زانستمەند بەڕێوەی بردوون بۆ ئێمە بەجێ هێشتووە. لەگەڵ ئەمەدا، بەهۆی هەر ئەم توخمە پەرتەوازانەوە دەتوانین ئایدیایەکمان لە تێگەیشتنی ئەو لەبارەی كۆمهڵناسی هونەر و مژارێک کە بۆی تایبەت کردبوو، هەبێت. لە پلەی یەکەمدا، كۆمهڵناسی هونەریش وەکوو باڵە كۆمهڵناسییەکانی دیکە، نابێت لە هەوڵی دەرکردنی بڕیارە بەهاتەوەرانەکان بێت. ئەرکی كۆمهڵناسی هونەر هەڵسەنگاندنی جوانیناسی نییە، ئەگەرچی کۆمەڵناس دەتوانێت خاوەنی چەشە و سەلیقە بێت و بەنیسبەت بەها و بایەخی ئەو بەرهەمە هونەرییانەی کە دەخرێنە ڕوو هەستیار بێت. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، پرسیارانێکی وەکوو؛ ئایا بوونی بەرهەمە هونەرییەکان شتێکی باش و خوازراوە؟ ئایا هونەر مانایەکی هەیە؟-ناکەوێتە ناو خشتەی کار و چالاکیی کۆمەڵناسەوە. بە هەمان شێوە کە پزیشک وەکوو پزیشکێک مافی ئەوەی نییە لە خۆی بپرسێت کە ئایا ژیان ئەو هەموو سەختی و ئەزیەتە دەهێنیت؟ کۆمەڵناسیش وەکوو کۆمەڵناس ڕێگەپێدراو نییە، وەڵامی ئەم پرسیارەی خوارەوە بداتەوە؛ ئایا هونەر دیاردەیەکی پەیوەست بە دنیای پڕ بریقوباقی شەیتانییە، واتە جیهانێک لە ناو ئەم گەردوونەدا کە ڕووگەی بووەتە چێژەکان و پشتی کردووەتە خودا و ڕەنگە بەهۆی تایبەتمەندیی قووڵیی خانزادانەشیەوە، پشتیشی لە برایەتیی مرۆڤانەیە؟ کۆمەڵناس، ئیشەکەی خۆی لەم واقیعەوە کە بەرهەمە هونەرییەکان بوونیان هەیە، دەست پێ دەکات. لەم بارودۆخەدا، ئەرکەکەی تێگەیشتن لەم بابەتەیە کە بۆچی و چۆن مرۆڤەکان بە شوێنپێگرتنی ئاوەها بەرهەمانێک بەشێوەیەکی مانادار ڕەفتار و کردەی خۆیان ئاڕاستە دەکەن. بە کورتی و بە کوردی کۆمەڵناس ئەمە قبووڵ دەکات کە جوانی بۆ مرۆڤ مانایەکی هەیە.
کۆمەڵناس ڕێگەپێدراو نییە لەبارەی گەشەسەندنێکی مومکینی هونەر وەکوو خودی هونەر ڕای خۆی دەرببڕێت، چونکە ئاوەها بڕیاردانێک لە بابەتی هەڵسەنگاندنە نارەزایەتی هەڵخڕێنەرەکانە. لە ڕاستیدا ئەمە دروست نییە کە هونەرێک بەهۆی بەکارهێنانی ئامرازە تەکنیکییە نوێکان، بەرزتر لە هونەرێک بزانرێت کە لەم تەکنیکە و لە کرۆکەکەی بێ ئاگا بووە. مرۆڤ سەرەتا یاساکانی “پرێسپێکتیڤ”ی نەدەناسی، و لەگەڵ ئەمەشدا بەرهەمەکانیان لە ڕووی جوانیناسییەوە بە هەمان شێوە لە دەروون و دڵماندا جێیان دەبووەوە کە بەرهەمانی ئەو هونەرمەندانەی کە لەگەڵ ئەم یاسایانە ئاشنایەتییان هەیە. هەر بەرهەمێک لە ئاستی خۆیدا دەبێت وەکوو شتێکی کامڵ و پڕ ببینرێت؛ هەر بۆیە، بەرهەمێکی هونەری نە کامڵتر دەبێت و نە کۆنەش دەبێت. هەڵبەت هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە بە شێوەیەکی جیاواز لەبارەی هونەری ئینکایی، ڕۆمی، ڕۆمانتیک یان مۆدێڕن قسە بکات و ڕای خۆی دەرببڕێت، لە بەرامبەردا هیچ زانستێک لەوانەش كۆمهڵناسی هونەر کە زانستێکی ئەزموونکارانەیە بە پیی ئەو ئیمکانیاتانەی لەبەردەستی دایە، ناتوانێت پشتڕاستی کاتەوە کە بەرهەمنێکی هونەریی کامڵ لە ڕووی هونەرییەوە سەرووتر لە بەرهەمێکی هونەریی کامڵی دیکەیە. ڕاستیی ئەم وتەیە بەڕادەیەک حاشاهەڵنەگرە کە هیچ بیردۆزێکی جوانیناسانە هەرگیز نەیتوانیوە بە بەراوردکردنی نێوان ئەو شتەی کە هونەرە و ئەو شتەی کە هونەر نییە بگاتە ئەنجامێک. بەدڵنیاییەوە دەکرێت بەرهەمێکی هونەری بەشێوەی ناتەواو ببینرێت، بەڵام هەر ئەمەی کە ئافرێنەرەکەی بە نیازی هونەری دەستی بردبێت بۆ کارەکەی بەسە بۆ ئەوەی بکەوێتە بەر سهرنجی کۆمەڵناس، چونکە ڕەنگە ئەو بەرهەمە یەکەمین دەرکەوتەی شێوازێکی تەکنیکیی نوێ بێت یان لە هەندێ بارودۆخدا هونەرمەندە پێشووەکان بە بەختیارییەکی زیاترەوە بەسەریدا تێپەڕبووبن و بەسەریدا زاڵ بووبێتن.
لە ڕووی ئەزموونکارییەوە گرنگ ئەمەیە کە شوێنیپێی ڕێچکەی ئەم گۆڕانکارییە بگیرێت. لە ڕاستیدا لەم لایەنەوە چاوی لێ بکەین، ڕەنگە قسەکردن لە جۆرێک “پێشکەوتن” خراپ نەبێت. هەڵبەت بە مەرجێک کە لە بەراوردکردنی بەهاتەوەرانە لە نێوان بەرهەمی هونەریی یەکەم و ئەوانی دیکەدا پارێز بکرێت. بە دەربڕینیکی دیکە، کۆمەڵناس ئەو دادوەرییەی کە لە ڕووی جوانیناسییەوە بە شێوەیەکی گشتی بەسەر ئەم بەرهەمە جیاوازانەدا دەکات، قبووڵ دەکات و جگە لە سەرنجدان بە زنجیرەیەکی ئەزموونکارانە کە ڕەنگە لە نێوانیاندا هەبێت، بایەخ بە شتی دیکە نادات. کەواتە زۆر دوورە کە کۆمەڵناسێک یان مێژوونووسێکی هونەری بەم شێوەیە هونەرناسێک بێت بە واتای باو، ئەگەرچی بە زۆریش ئاوەها ئیدەعایەکی هەیە. ئەو جگە لە تیۆریداڕێژ یان زانستمەندێک نییە، ڕێک هاوشێوەی پسپۆڕی بواری تەکنەلۆژیا کە مەرج نییە ئەندازیارێک بێت. لە کۆمەڵناسێکی پسپۆڕی کاروباری شار داوا ناکەن کە ئەندازیار بێت یان شاری خەونەکان بونیاد بنێت. هەڵبەت کەس ناتوانێت ئەو لە باوەڕمەندییەکی دیاریکراو بەنیسبەت شارێکی داهاتوو لۆمە بکات، بە مەرجێک کە خۆیشی ئاگاداری ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر بێت؛ بانگەشەی ڕیفۆرمخوازبوون ئەو لە بازنەی زانستمەندبوون دەخاتە دەرەوە، و لە باتی کۆمەڵناس دەبێت بە لایەنگری فڵان یان فیسار.
ئێستاکە لە بابەتی تایبەتمەندی كۆمهڵناسی هونەر وەکوو ڕێسایەکی زانستی و ئەزموونکار کە وەڵامدەرەوەی گریمانەکانێتی، نزیک دەبینەوە. ئەرکی کۆمەڵناس نە پێشبینی و نە دەرکردنی بەیانییەیە لەبارەی هونەرەوە، ئەرکەکەی تایبەتکراوە بە شیکاریی پەیوەندییەکان کە دەکرێت بە شێوەی ئەزموونکارانە لە نێوان ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی هونەرێک یان لە نێوان هونەرەکان یان شێوازەکانی هونەری، بسەلمیندرێن. ئەم ئەرکە ڕەنگە بچووک و گچکە بێتە پێش چاوان. هەڵبەت هەر واشە، ڕەنگە هەر بەم هۆیەشەوە بێت-هەڵبەت بە ناحەق- کە بە کەمبایەخ چاوی لێ دەکەن. هەڵبەت هەر کەسێک بە ناوی زانستمەندەوە لەم هێڵە بچێتە دەرەوە ئەوا قۆڵبڕ و چاوبەستکارە. کونجکۆڵیی زانستیی کۆمەڵناس بە هەر ڕادەیەکیش بچووک بێتە بەرچاو، لە دۆزینەوە هەلپەرستانە و گێڕانەوە ئاساکانی کارناسێکی بەناو هونەریی کە وا بیر دەکاتەوە هەر ئەوەندەی کە توانی پەردەی کارگەیەکی هونەرمەندێک لا بدات و چەند شتێک لەبارەی ئامرازە دەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی هونەر یان دەربارەی شێوازەکەی بپرسێ، ڕازی هونەری دۆزیوەتەوە، نزیکترە بە هەقیقەت. باس لەوە نییە کە ئێمە بمانەوێت ئاوەها لێکدانەوەگەلێک نزم بنرخێنین، هەڵبەت بە مەرجێک لە ئاستی كۆمهڵناسیەک کە لەبارەی شێوازەکانی بەرهەمهێنانی هونەر و گۆڕانکارییەکانی کنە و پشکنین بکات بمێنێتەوە و دەست نەکات بە دەرکردنی بڕیارە بەهاتەوەرانەکان. لە ڕاستیدا، گۆڕان لە جۆرەکانی ئافراندنی هونەری بابەتێکە و گۆڕانکاری لە شێوازی هونەریش بابەتێکی دیکەیە کە بەشێوەیەکی تایبەتمەند هەڵنەپێکراوە بە ئامرازەکانی تەکنیکی بەرهەمهێنانەوە. جیاوازیی نێوان هەڵسەنگاندنی جوانیناسانە و کونجکۆڵیی زانستیی کۆمەڵناس، جیاوازییەکی جۆرەکی(نوعی)یە. سەرباری ئەمەش بۆ کۆمەڵناسێکی هونەر گرنگە کە لە مانای گۆڕانکاریی هونەریی بگات، و ئەگەر ئاوەها گۆڕانکارییەک بەشێوەیەکی تایبەتمەند بخاتە پاڵ ویژدانی چینەکان( کۆمەڵایەتی) هەڵەیەکی کوشندەی کردووە.
لە چوارچێوەی لێدوانێک لەبارەی تەکنیک و کولتوور لە کۆنگرەی کۆمەڵناسانی ئاڵمانی لە ساڵی ١٩١٠دا بوو کە ویبێر بە ڕاشکاوی دەستی دایە ڕوونکردنەوە وئاشکراکردنی تێکەڵاویی نێوان “بابەت و فۆرم” (sujet & forme)، لە نێوان هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ئامرازە کولتوورییەکان. ئەم ڕاستییەی کە ئەگەر هونەرمەندێک سەرنجی بۆ یەکێک لە بابەتەکان بۆ نموونە بابەتە سرووشتئامێزەکان ڕادەکێشرێت بەم مانایە نییە کە حەتمەن مانایەکی تازەی لە فۆرمەکاندا بینیوەتەوە. سەرەڕای ئەمەش نیشانەی کاڵفامییە کە وای دابنرێت مرۆڤی پرۆلیتاریا تەنها لە یەک جۆر یان یەک شێوازی دیاریکراوی هونەری تێدەگات و جگە لەوە توانای تێگەیشتنی جۆرەکان یان شێوازەکانی دیکەی نییە. با نموونەیەک لە ئەدەب بهێنینەوە. زۆربەی کرێکاران، ستایشی شانۆنامەکانی شیلەر دەکەن، بەڵام بەنیسبەت شێوازە سرووشتخوازانەکانەوە بەتەواوەتی بێ بایەخانە دەجووڵێنەوە. دەکرێت بۆ ئەم لێکهەڵوەشانە خەم بخۆین بەڵام ئەرکی كۆمهڵناسی هونەر ئەمە نییە کە لە ئاوەها ململانێگەلێکدا خۆی هەڵقورتێنێت، بەپێچەوانەی ئەمە بێت ئەوا ئیدی ئەوە زانست نابێت. ئەگەر وردتر بیڵێین، دەرکردنی ئەم بڕیارە کە توێژێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراو ناتوانێت جگە لە یەک فۆرمی هونەریی دیاریکراوی بگات، لە تێنەگەیشتن لە هونەر و تێنەگەیشتن لە كۆمهڵناسیەوە هەڵدەخێزرێت.
بە ئاڕاستەی نموونەی هزریی خۆی، وێبێر هەوڵ دەدات یەکانگیریی بە ئەقڵانیبوونی شارستانییەتی ڕۆژئاوایی لەبارەی هونەر بسەلمێنێت. هیچ گومانێک نییە کە بە پێ خستنە ناو ئەم ڕێگایە، ئەم مەترسییە هەیە کە ئەو ڕێگا بۆ دەرچوونی بڕیارە بەهاتەوەرەکان کە بەپێچەوانەی بنەمای بێ لایەنیی بەهاناسانەی خۆیەتی، بکاتەوە. لەگەڵ ئەمەدا، ئەو لە دەربڕینی سەرێتیی جەوهەریی شارستانییەتی ڕۆژئاوایی بەنیسبەت شارستانییەتەکانی دیکەوە خۆ دەبویرێت و دەڵێت؛ جیاوازیی شارستانییەتەکان نە بە مانای پێشکەونخوازانەبوونە و نە بە حەتمیش لەخۆگری ئاوەها مانایەکە. ڕۆژئاوا سەرکەوتووە کە لە ژێر تیشکی تەکنیکی ئەقڵانیی پێشکەوتووی خۆیدا، هەلومەرجی ژیانی هونەریی باشتر بکات، بە بێ ئەوەی بتوانین بڵێین، کە توانیوێتی گرێکوێرەکانی هونەر بە شێوەیەکی ڕەزامەندامە بکاتەوە. هەر لەم ئاسۆ فیکرییەدا، کاتێک ویبێر بۆ نموونە دەست دەکات بە بەراوردکردنی هونەری ڕۆمی، گوتیک و هونەری چاخی ڕینیسانس، لە هەڵسەنگاندنی بەهاتەوەرانەی ئەم شیوازانە خۆ دەبوێرێت. پرسی ئەو تێگەیشتنە لە هۆکارەکان و ئەنجامەکانی چارەسەرە تەکنیکییەکانە کە ئەم شێوازانە بۆ هەندێک لە کێشەکانی بیناکردن دۆزیویانەتەوە. بۆ نموونە، هونەری گوتیک لەوەدا سەرکەوتووە کە بە یارمەتیی درز(جرز) دروستکردن زەختی تاقەکان بەسەر هەورەبانەکاندا دابەش دەکات، کێشەی چەمانەوەی تاقە چوارگۆشەکان نەهێڵێت، لە حاڵێکدا خواستی هونەری تەلارسازیی ڕینیسانس زیاتر بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانی بینای گۆمەزەکان بووە. بابەتی كۆمهڵناسی هونەر ڕوونکردنەوەی ئەم ڕێگاچارانە و تێگەیشتن لەو گەشکەبوونەیە کە هەر کام لەوانە لە ڕۆحی بیناکاراندا دروستی کردووە و هەروەها تێگەیاندنی ئەم دیاردەیەیە کە چۆنچۆنی ئەوان سەرکەوتوو بوون مانایەکی وێناکراوی نوێ بدەن بە جەستە و لەو دەلاقەیەشەوە پیشەی پەیکەرتاشیی ڕەنگین و زەنگین بکەن. ئەرکێکی دیکەی كۆمهڵناسی هونەر، ڕوونکردنەوەی پەیوەندییە بەردەمەکانی نێوان ئەم پیشە نوێیانە و پاڵنەرە کۆمەڵناسانە یان ئایینییەکانە کە ئیلهامبخشی هونەرمەندان لەم قۆناغە مێژووییە جیاوازانە بووە. بە خستنەڕووی پرسەکان بەم شێوەیە، كۆمهڵناسی هونەر ئەرکەکەی لەگەڵ وەفاداریی بە گریمانەکانی زانستێکی ئەزموونکاردا گەیاندۆتە ئەنجام. لە ئاوەها بارودۆخێکدا، گەڕانەوە بۆ تایبەتمەندبوونی شارستانییەتی ڕٶژئاوا وەکوو سەرچاوە (بۆ ویبێر)، تەنها و تەنها لە مانایەک کە بەرەوە بەهاکان کە پێشتر باسمان کرد هەنگاو هەڵدەگرێت، بەکار دێت، ئامانج لەمە، پێناسەی بابەتی بەر لێکدانەوە و ئاسانکاریی بۆ دیاریکردنی هێڵی نێوان ئەو توخمانەیە کە لەڕووی مێژووییەوە سەرەکی یان لاوەکین.
کاری كۆمهڵناسی هونەر، دەربڕینی ڕا لەبارەی چلۆنایەتیی هونەریی بەرهەمەکان نییە، لە ڕاستیدا ئاوەها لادەرییەک ڕەنگە مانای زەنگینبوونیشی هەبێت، بەڵام ڕەنگە تەنها بە مانای هەژاربوونی فۆرمە هونەرییەکانیش بێت. كۆمهڵناسی هونەر، ئەگەر دەیەویت مانای فۆرمە تایبەتمەندەکانی شیوازە جۆراوجۆرەکان یان تەنانەت فۆرمە تایبەتمەندەکانی شارستانییەتە جیاوازەکان هەڵسەنگێنیت و سەرێتیی زاتیی یەکێک لەوانە بە سەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنیت ئەوە لە بواری پسپۆڕایەتیی و ڕەوابوونی زانستیی خۆی چووەتە دەرەوە.
سەرچاوە؛ جامعەشناسی ماکس وبر، ژولین فروند. ترجمە عبدالحسین نیک گهر. تهران ١٣٨٣. انتشارات توتیا
نووسین؛ جوڵیێن فرۆیند
وەرگێڕانی؛ سپێدە ساڵحی