“پێشەکی”
سادەترین پێناسەی هەڵبژاردن گۆڕینی دەنگی هاووڵاتییانە بۆ کورسی نوێنەرایەتی، بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بێت لە پەرلەمان یان ئەنجومەنە خۆجێیەتیەکان، پرسی هەڵبژاردن پرسێکی گشتییە و ئامانج لێی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە بە ئاشتییانە و دوورکەوتنەوەیە لە تووندوتیژی و ئاشووب، باشترین میکانیزمە بۆ بەدیهێنانی گۆڕانگاری بە ڕێگای دیموکراتیانە و سندوقەکانی دەنگدان دەکرێتە سەنگی مەحەک و نوێنەری گەل لەم ڕێگایەوە واتە بەهەڵبژاردن دەست نیشان دەکرێت. لەم وەرزی ئامادەکارییەدا بۆچوونە نێو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق چەند بۆچوون و سەرنجێک دەخەینە ڕوو لەسەر سیستمەکانی هەڵبژاردن و جۆر و خێزان و ئەندامانی سیستمەکان هیوادارین سوودێک بگەیەنێت.
وا بڕیارە ٢٠٢٥/١١/١١ ئەم پرۆسەیە بەئەنجام بگەیەنرێت و، بەردەوام ئامادەکارییەکان ڕێک دەخرێن بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، هەرچەندە لیژنەی ووردبینی ئەنجومەنی کۆمسیاران تائێستا (٥٨١) کاندیدیان دوورخستووهتەوە لە بەشداریکردنیان، لەپرۆسەکە بەهۆکاری ئەوەی کە بەپێی ماددەی ٧-بڕگەی پێنجەم لەیاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق و یاسای لێپرسینەوە و داد پەروەریی و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی قەزاکان ژمارە١٢ی ساڵی ٢٠١٨، دوور خراونەتەوە کە ژمارەیەکیان داواکراون لەلایەن دەزگاکانی پۆلیسەوە، بەشێکی تریان مەرجەکانی کاندید بوونیان تێدانەبووه کەلە پەیڕەوی ژمارە ٣ ی ساڵی ٢٠٢٥ هاتووه، هەروەها بەشێکیان سکاڵایان لەسەربووه کە تاوانیان ئەنجام داوە، چەند کەسێکیشیان بڕوانامەکانیان ساختەبووە، جگە لەوکەسانەی کە بەبڕیاری دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەریی (المسائلە والعدالە) دوورخراونەتەوە لەسەرپێشینەیان لەحزبی بەعسدا کە بڕیارە هەرکەسێک بەعسی بوونی بەسەردا ساغ بێتەوە ڕێگای نادەن خۆی بپاڵێوێت، لەنێویشیاندا (١٠) کاندیدی کورد بەرئەم دوورخستنەوەیە کەوتوون.
“بۆچی گوزارشت لە لیستی داخراو دەکەین”
بە بەراورد بەهەڵبژاردنەکانی خولەکانی پێشوو لە ئێراق و هەرێمی کوردستان دەرکەوتووه کە تەنها سیستمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی “لیستی داخراو” سەرکەوتوو بووه کە مەبەستمانە بەراوردێکی شێوازی ئەم سیستمە لەگەڵ سیستمەکانی تردا بکەین، ڕاستە پاشەکشەی دیموکراتی تێدا بەدی دەکرێت، بەڵام مەرکەزیەتێکی حەتمیشی تێدا بەرجەستە دەبێت کەخزمەت بە مەرکەزیەتی پارتەکان دەکات و ڕێگا دەدات کاندیدی دەستنیشانکراو بگاتە شوێنی مەبەست، جگە لەوەی هەموو پارێزگایەک بەیەکسانی نوێنەری دەبێت. خولی یەکەمی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ١٩٩٢/٥/١٩ بە پەیرەوکردنی سیستمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی “لیستی داخراو” ئەنجام دراوە و هەرێم یەک بازنەی هەڵبژاردن بوو، سەرکەوتووش بووە، هەروەها هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق لە ٢٠٠٥/١/٣٠، هەڵبژاردنی خولی دوەم لە ساڵی ٢٠٠٩ بەهەمان شێوە بە لیستی داخراو بوو، هۆکاری سەرەکیش ئەوە بوو کە بەرپرسی حزبی پلەیەکی پارتەکان کەخاوەنی بڕیاربوون لەم خولانەدا بەشداربوون، هەر بۆیە جەخت لە پیادەکردنی ئەم سیستمە دەکرێتەوە کۆمەڵێک خاڵی بەهێزی تیابەدی دەکرێت بەراورد بە شێوازەکانی دی .
“هەتاکەی ئەم کۆمسیونە دەتوانێت لە کارەکانی بەردەوام بێت”
ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیونی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئێراق دەتوانن هەتا ٢٠٢٧/١/٦ بەردەوام بن لەکارەکانیان کە پاساوای درێژکردنەوەی کارکردنیان ئەم خاڵانەی خوارەوەیە:-
- بۆئەوەی وڵات دوور بێت لە قەیرانی سیاسی.
- پرۆسەی هەڵبژاردن دوانەخرێت و لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت.
- بۆدامەزراوەکانی حکومەت بۆشایی یاسایی و دهستووریی دروست نەبێت.
هەرچەندە بەشێک لە یاسا ناسان و پارێزەران بڕیارەکەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی بەدەستێوەردان ناودەبن و، پێیان وایە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی ئەو دەسەڵاتەی نیە و ئەنجومەنی کۆمسیاران شەرعیەتیان لەپەرلەمانەوە وەرگرتووه، پێویستە هەرلەپەرلەمانەوە جارێکی تر بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنیان بدرێت و ئەم پرسە کاری ئەنجومەنی باڵای دادوەریی نیە.
“ئایا ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی ئێراق گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووه؟”
لە مادەی ٩ی یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٤) ی ساڵی ٢٠٢٣ هاتووه (ئەنجومەنی نوێنەران) لە (٣٢٩) ئەندام پێك دێت کە( ٣٢٠ ) ئەندامیان گشتیەو (٩) ئەندامیش کۆتایە، خشتەی ژمارەی ئەندامانی هەر پارێزگایەکیش هاوپێچی یاساکە کراوە، (تۆماری بایۆمهتری، کارتی نیشتمانی) کراوەتە بنەمای کارپێکردن، مافی دەنگدان و خۆپاڵاوتن بەپێی ماددەی (٢٠) ی دهستووری ئێراق ئاماژەی پێکراوە لە مافە گشتیەکانە کە هەموو هاووڵاتییەک لە هەردوو ڕەگەز ئەم مافە یان هەیە، کۆمسیون جەخت لەوە دەکاتەوە کەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق بەیاسای ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠١٨ی هەموارکراوی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام دەدرێت کە لە(٥٢) ماددە پێک هاتووه.
“کام سیستەم شیاوە بۆ ئەنجامدانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق؟”
هەرچەندە لە پەیڕەوی دەنگدان و ژماردن و جیاکردنەوە ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٥ لە مادەی یەکەم خاڵی( ٥) هاتووه؛ کە دەنگدان بە (لیستی کراوە) دەبێت، بەڵام ئەزموونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو لە ئێراق و هەرێمی کوردستان ئەو ڕاستییەیان سەلماندوە کە چ سیستمێک شیاوترە یان گونجاوترە بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی پێ ئەنجام بدرێت، سیستەمەکانی هەڵبژاردن بۆ خزمەتکردنە بەپرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن، هەر سیستمێکیش لایەنی ئەرێنی و نەرێنی خۆی هەیە، کاتێک دەخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە زیاتر هەست بە ئاراستەکانی دەکرێت کەگرنگ ئەوەیە پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوازێکی دیموکراتیانە و دوور لەتووندو تیژیی پێ ئەنجام بدرێت. سیستمی هەڵبژاردن لە جەوهەردا ڕاستە پرسێکی تەکنیکی و پرسێکی هونەرییە، بەڵام پرسێکی سیاسیشە و بێلایەن نیە و لە ئەنجامی ململانێ و گفتوگۆی نێو قەوارە و پارتەکان دێتە کایەوە، ڕەنگە هەندێکجار سیستمەکە لەبەرژەوەندی پارتەگەورەکان بێت، هەندێک جاریش بەپێچەوانەوە. سیستمی هەڵبژاردن بە پێی هەڵکەوتەی جوگرافی و سیاسی وڵات دەبێت بگونجێنرێت لەگەڵ قۆناغەکانی پرۆسەی هەڵبژاردندا، چونکە شارەزایانی بواری هەڵبژاردن لەوباوەڕەدان کە تا کە سیستمێکی هەڵبژاردن گونجاو نیە بۆ هەموو وڵات و شوێنێک وناتوانرێت هاوسەنگی پێ بپارێزرێت. بەحوکمی ئەزموونەکانی پێشووتر لەهەڵبژاردنەکانی ئێراق و هەرێمی کوردستانیشدا هەڵبژاردن بە سیستمی نیمچەکراوە ئەنجامدراوە، بەڵام هەست دەکەین دەنگدەر نەیتوانیوە کاندیدی دروست دەست نیشان بکات لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، بەڵام لەسیستمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی لیستی داخراودا چونکە پارتەکە باڵا دەستە، دەتوانێت کاندیدی شیاو بەمسۆگەری دابنێت و دەربچێنێت کەمەبەستیەتی لەپەرلەمان ڕۆڵ ببینێت و ڕەنگە باشتر بتوانێت نوێنەرایەتی بکات.
“پۆلێنکردنی سیستمەکانی هەڵبژاردن”
لە جیهاندا سیستمەکانی هەڵبژاردن بۆ سێ خێزان پۆلێن کراون کە دوازدە ئەندام نەوەی ئەم سێ خێزانەن:-
- خێزانی یەکەم:- سیستمی هەڵبژاردنی زۆرینەی فرەیی؛ ئەم سیستمە مێژوویەکی دێرینی هەیە و لە هەشت ئەندام پێك هاتووە کەئەمانەن:-
– سیستمی براوەی یەکەم FPTP
– سیستمی دەنگدانی سنوردار LV
– سیستمی دەنگی ئەڵتەرناتیڤ AV
– سیستمی دەنگدان بەکۆی حزب PBV
– سیستمی دووخولی TRS
– سیستمی دەنگدان بەکۆ BV
– سیستمی یەک دەنگی نەگوێزراوە SNTV
– سیستمی بۆردا Borda Account
- خێزانی دووەم:- سیستمی هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی ڕێژەیی، ئەم خێزانە لە دووسیستمی هەڵبژاردن پێک دێت:-
– سیستمی لستی نوێنەرایەتی ڕێژەیی LPR
– سیستمی یەک دەنگی گوێزراوە STV
- خێزانی سێیەم:- سیستمی هەڵبژاردنی تێکەڵاو، ئەم خێزانە خاوەنی دوو سیستمی هەڵبژاردنە:-
– سیستمی هاوتەریب.
– سیستمی هاوڕێژەیی ئەندامیەتی تێکەڵاو.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە و دەمانەوێت لێی بدوێین لیستی داخراوە (نظام التمثل النسبی /القائمه المغلقه) واتە سیستمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی لیستی داخراو، لە بنەڕەتدا سەر بە خێزانی دووەمی سیستمەکانی هەڵبژاردنە و سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی ڕێژەیی کە پشت بە لیستی پارتەکە دەبەستێت و دەنگدەر پابەند دەکات کە دەنگ بە لیستی پارتێکی سیاسی بدات، بەڵام ناتوانێت دەنگ بە پاڵێوراوێکی دیاریکراو بدات لەنێو لیستەکەدا، ژمارەی ئەو کورسییانەی کە پارتەکە بە دەستی دەهێنێت لە دەرئەنجامی دەنگە بەدەست هاتووهکانی لیستی پارتەکەیە، پارتەکە بە پێی ریزبەندی لیستەکە کاندیدەکان دەست نیشان دەکات لەزۆرەوە بۆ کەم، هەرچەندە لەم شێوازەدا گەڕانەوەیە بۆ مەرکەزییەت و دیموکراتی کەمتر بەرجەستە دەبێت، بەڵام حزب ڕۆڵی لە پنت و سەرەکی دەبێت، بەشێک لەو وڵاتانەی کە تائێستاش پەیرەوی ئەم سیستمە دەکەن ئەمانەن:- ئیسپانیا، ئەرمینیا، بولگاریا، بورکینا فاسو، بوروندی، کهمبۆدیا، کۆستهریکا، کۆماری دومینیکان، تهیموری ڕۆژهەڵات، مەغریب، جەزائیر، ئیسرائیل، نیپاڵ، نیکارگوا، پەنەما، پیرۆ، پاراگوای، سلڤادۆر…هتد.
“خاڵە بەهێزەکانی سیستمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی لیستی داخراو”
- دەرفەت دەداتە کارەکتەری سیاسی بەهێز لە پلەی باڵادا بەشداربێت، چونکە پەرلەمان شوێنی ململانێ و ڕکابەری دیموکراتی ڕاستەقینەیە.
- سیستمەکە ئاڵۆز نیە و لەکاتی جیاکردنەوەی دەنگەکان بێ کێشەیە.
- لەدابەشکردنی کورسییەکاندا بۆ پارتەکان، دادپەروەرانە بەڕێوەدەچێت و مافی ژن تیایدا مسۆگەرە.
- نوێنەرایەتی هەمەجۆر ڕەچاو دەکرێت.
- چارەسەری پرسی نوێنەرایەتی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکان دەکات بایەخ بە ئیتنی جوگرافی، تەمەن، بیروڕای جیاواز دەدات.
- پرۆسەی دەنگدان تیایدا ئاسانە بە تایبەت بۆ دەنگدەری نەخوێندەوار و، کەمترین دەنگ تیایدا بەفیڕۆ دەچێت.
- چاپکردنی کارتی دەنگدان ئاسانەو تەنها لۆگۆی پارتەکە و ژمارەکەی تیا دیاریکراوە و دەشکرێت وێنەی سەرۆکی پارتەکەی تێدابێت.
- سەرئێشەی بۆ کۆمسیۆن کەمترە و بۆ دەنگدەریش دەنگدان ئاسانترە.
- ئەنجامەکان لەکەمترین کاتدا ڕادەگەیەنرێت، بەپێچەوانەی شێوازەکانی ترەوە .
- کاندید ناتوانێت بێمنەت بێت لە و دەنگانەی کە بەدەستی هێناوە.
- گیانی هاوکاری و هەماهەنگی لەنێو پارتەکاندا بەهێز دەکات.
- دەکرێت لێپرسینەوە لە کاندید بکرێت، چونکە بە دەنگی پارتەکەی دەرچووە.
“خاڵە لاوازەکانی سیستمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی لیستی داخراو”
- دەرفەتی پیادەکردنی دیموکراتی لەم سیستمەدا لەپاشەکشەدایە و مەرکەزیەتی حزبی ڕۆڵی هەیە.
- پارتەکان باڵادەست دەکات لە دەستنشانکردنی کاندید.
- پارتەکان ناتوانن لەسەرجەم یەکە کارگێڕیەکاندا کاندید دابنێن .
- دەنگدەر ناتوانێت کاندیدی دڵخوازی خۆی دەست نیشان بکات لە ڕیزبەندی پاڵێوراواندا و پارتەکە خۆی کاندید دادەنێت.
- پارتی براوە ناچار دەکات بە هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنی تردا، چونکە ئەگەری سەرکەوتنی تاک حزبی کە زۆرینەی کورسییەکان مسۆگەر بکات کەمە.
- پەیوەندی لە نێوان دەنگدەر و پاڵێوراو دروست نابێت.
هەر بۆ یە ئەو هۆکارانە وامان لێ دەکات جەخت لەپیادەکردنی سیستمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی “لستی داخراو” بکەینەوە لە ئایندەدا، بۆ بەئەنجام گەیاندنی پرۆسەی هەڵبژاردن، چی لە ئەنجومەنی نوێنەران بێت یان ئەنجومەنە خۆجێییەکان و شارەوانییەکان. بەرەو هەڵبژاردنێکی تەندروست و سەرکەوتوو.