“پێشەکی“
دۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی كوردستان، بە درێژایی مێژوو پاڵنەر بووە تاكو خەڵكەكەی بە گشتیی و خوێنەوار و ڕووناكبیرەكانی بە تایبەتیی سەری خۆیان هەڵبگرن و لە غەریبی و دوورە وڵاتیی دا بمێننەوە، تا ئەو كاتەی دەمرن.یەكێك لەو شاعیرانەی ئاوارەیی و دوورە وڵاتی ئەزمونكردووە و تیایدا ماوەتەوە حاجی قادری كۆییە، كە غەریبیی ڕەنگدانەوەی هەبووە لە سەری و بووە بە بەشێك لە هەوێنی شیعرەكانی. حاجی قادر جگە لەوەی شاعیر بووە، یەكێك بووە لەو ڕووناكبیرە كوردانەی سەدەی نۆزدە، كە ئەدەبەكەی لە پێناوی هۆشیاركردنەوەی گەلی كورددا بەكار هێناوە. ڕێبازێكی تایبەتی هەبووە لە ناوەڕۆكی نووسینی شیعردا، قوتابخانەیهکی گەورەی کوردایەتییە لە پاش ئەحمەدی خانییەوە، گەرچی ئەم ڕزونتر و بەئاشکرا داوای دەوڵەتی کوردی دەکرد و پێداگربوو لەسەر دروستکردنی پایەکانی دەوڵەت، حاجی قادر شیعری لە باسكردن لە زولفی یار و برۆی پەیوەست و چاوی خەواڵوەوە گواستەوە بۆ مەسەلەی گرینگتر و گشتگیرتر،ئەویش خەمە چڤاكی و نیشتیمانییەكانە.
مرۆڤ تاكو سەربەست و ئازاد نەبێت دڵداریی و خۆشویستن نرخێكیان بۆی نابێت، بۆیە حاجی قادر دەیوست گەلەكەی خاوەن كیان و قەوارەی سەربەخۆی خۆی بێـت تاكو ئازاد و مافپێدراو بێت، لەو رێگەیەشەوە بتوانێت سوود لەو ئازادییە وەربگرێت و بۆ مەبەستە جۆراو جۆرەكانی ژیان تاكی كورد كەڵكی لێوەربگرێت.
“ژیان و مردنی حاجی قادری کۆیی”
حاجی قادر لە گوندی “گۆڕقەرەج”ی نزیک بە کۆیە لە دایكبووە، لەسەر لە دایكبوونیشی ئەدیبان و مێژوونووسانی ئەدەبی كوردی جیاوازییان هەیە، لەوەدا کە لە چ ساڵێكدا لە دایكبووە، بەڵام مامۆستا مەسعود محەمەد بە پشت بەستن بە هەندێك بەڵگە، ساڵی 1240ی كۆچی واتە 1824-1825ی زاینیی بە ساڵی لە دایكبونی دادەنێت(۱). لەهەندێک سەرچاوەی ئەدەبی دیکەدا ساڵی ۱٨۱٥ ـ ۱٨۱٦ ز بە ساڵی لە دایکبوونی دەستنیشانکراوە، بە تایبەت لە دیوانە جۆربەجۆرەکانی دا و هەروەک لە مێژوی ئەدەبی کوردی عەلادین سەجادی دا. لە ساڵی 1897ی زاینییشدا لە ئەستەنبوڵ كۆچی دوایی دەكات. سەبارەت بە مردنەكەی جیاوازیی نییە، چونكە لە ژمارە 3 ی “رڕۆژنامەی كوردستان” دا كە لەساڵی 1898 یەكەم رۆژنامەی كوردیی بووە، دەرچووە و رۆژنامەکە لەو ساڵەدا دەنوسێت:- ساڵێك بەر لە ئێستا شاعیری نەتەوەی كورد حاجی قادری كۆیی كۆچی دوایی كرد، نمونەی شیعرێكی حاجی-ش لەو رۆژنامەیەدا بڵاودەكراوە. حاجی لە كۆیەوە دەست دەكات بە خوێندن و پاشان بۆ درێژەدان بە كاروانی خوێندنەكەی گەلێك ناوچەی باشوور و خۆهەڵاتی كوردستان دەگەڕێت و ئەمەش یارمەتی دەدات كە بەتەواویی شارەزایی لە زمانی كوردیی دا هەبێت و كولتوور و فەرهەنگی ناوچە جۆربەجۆرە كوردییەكان بزانێت.
پاش تەواوكردنی خوێندن و گەڕانەوەی بۆ كۆیە، ناكۆكی دەكەوێتە نێوان حاجی قادر و شێخەكانی ئەو كاتەی كۆیەوە. لەسەر بابەتی خورافیاتی دینی و شێواندنی باری کۆمەڵایەتی و ئاینیی، ” حاجی کەسایەتییەکی ناڕازیی و ڕەخنەکاری هەبووە، یا دەبوو لە مزگەوتێکی کۆیە ببێتە مەلایەک و کونجی قەناعەت هەڵبژێرێ و بێدەنگ بێت یاخود دەبوو بێتە ناو ئەو مملانێیەوە، تا دواجار سەری خۆی هەڵگرت و لە ئەستەمبوڵ خۆی بینیییەوە”۲ سەرئەنجامی ئەو ناكۆكییە بە سەرهەڵگرتن و جێهێشتنی كۆیە و كوردستان لە لایەن حاجی قادرەوە دوایی دێت و ئەم شاعیرە روو دەكاتە ئەستەمبوڵی پایتەختی ئەوكاتەی عوسمانییەكان.
“حاجی قادر لە تاراوگە”
حاجی ئاوارەی ئەستەمبوڵ دەبێت، لەوێوە سۆز و دڵسۆزیی خۆی بۆ نیشتیمانەكەی دەنێرێتەوە، غەریبی و مەنفا و نوستالوژیا بۆ ڕابردوو و نیشتیمان سەراپا ژیان و شیعری حاجی قادری گرتووەتەوە. بەشێكی زۆر لە ژیاننامەی ئەم شاعیرە لە ڕێگەی شیعرەكانییەوە تۆمار كراون، لەبەرئەوەی لە زۆر شیعردا باسی لە ژیانی خۆی كردووە، هەر لە مناڵییەوە تاكو پیری، بۆیە تا رادەیەك ئاسانتر دەتوانین پەی بە نهێنییەكانی ئەم كەڵە شاعیرە ببەین. “حاجی یەکێک بوو لەو مەلایانەی کە بەتەواوی لە ئیسلام گەیشتووە، نەک خوێندی ئاینی مەبەست بووبێ، بۆ ئەوەی کاسبییەکی پێوە بکات ببێتە مەلا لە مزگەوتێک. وەک بڵاوڤانێکیش هەوڵی داوە ئایین کاریگەرییەکانی بۆ هۆشیاری تەرخان بکات.۳ بۆیە دوای جێهێشتنی کۆیە و چوونە ئەستەمبوڵی پایتەختی عوسمانییەکان، لەوێ لە نزیكەوە پێشكەوتنەكانی دنیا دەبینێت و هەواڵە جۆربەجۆرەكانی جیهان دەبیستێت. “لەئەستەمبوڵ حاجی دەبێتە مامۆستای مناڵەکانی خێزانی بەدرخانییەکان، ئەو مناڵانەی لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا ڕۆڵێکی ئاشکرا و لە بزاوتی ناسیۆنالیزمی کوردیدا دەگێڕن”٤
سەرەڕای ئاستی بەرزی ڕۆشنبیریی بنەماڵەی بەدرخانییەکان بەڵام دوور نییە هاندانی حاجی قادر وای کردبێت کوڕانی بەدرخانییەکان بیر لە دەرکردنی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بکەنەوە و لە بزاوتی سیاسی و کلتوری کوردیدا هەنگاوێکی گەورە بنێن و کورد بچێتە قۆناغێکی نوێوە. هەر ئەو تێکەڵاوییەی ئەوروپا و پایتەختی عوسمانییەوە پاشان ڕۆژنامە جۆراوجۆرەکانی عوسمانییەکان هەواڵ و دەنگوباسی دونیای پێ دەگات، لەوێ تێدەگات دنیا چی تێدا دەگوزەرێ، بۆیە بیركردنەوەی حاجی قادر گۆڕانی گەورەی بەسەردا دێت و خەمی بێكەسیی كورد و فەوتانی میللەتێكی وا گەورە دەبێتە خەمی یەكەم لەسەر دڵی، خەمی دووریی نیشتیمانیش گەورەترین خەم بووە كە دڵ و دەروونی ئەم وێژەوانەی گرتووەتەوە. تاكە رێگەش بۆ بەتاڵكردنەوەی ئەم خەم وكۆستە ئەوەبووە هەوڵبدات نەتەوەكەی هۆشیار بكاتەوە، لەرێگەی شیعرەكانییەوە. “حاجی سەر بەو گرووپە ڕۆشنبیرە ئاینییەیە کە دەخوازن مانای نەتەوەیی بە ئاین بدەن و ئاین و ناسیۆنالیزم توند بەیەکەوە گرێ دەدەن”٥
“بە ڕۆیشتنی لەکۆیە، وەک بڵاوڤانێک حاجی خەسڵەتێکی بڵاوڤانی لە دەست دەدات، کە ئامادەبوونییەتی لە ناو خەڵک، کە ڕاستەوخۆ دەبێت بکەوێتە دانوستان لەگەڵیاندا، بەڵام کە دەکەوێت ئاوارەیی زێتر بەرچاو ڕۆشن دەبێ و لە بڵاوڤانێکی چاکسازیی ئاینی و کۆمەڵایەتییەوە دەبێتە بڵاوڤان و قارەمانی کوردایەتی”٦ دەكرێ حاجی قادر وەك یەكەم رەوەندی كوردی بناسێنین، كە دووریی و غوربەت بە قووڵی كاری تێكردووە، پێش حاجی و هاوزەمانی حاجیش شاعیری ترمان هەبوون كە ئەزموونی غوربەتیان تاقیكردووەتەوە، بەڵام هیچیان وەكو ئەو سوێی غوربەت تاڵاوی رۆژگار نەچووە بە دڵ و دەروونیدا، یاخود مەنفا بەو شێوەیە کاریگەریی لەسەریان نەبووە کە نیشتیمانەکەیان بکەن بە میدالیا و شار بەشار لەگەڵ خۆیاندا بیگێڕن. لە نمونەی ئەوانەش کە تاراوگە بووە ماڵی دووەمیان:- نالی و مەولانا خالیدی نەقشبەندی و شێخ رەزای تاڵەبانی….هتد. مەسعود محهمهد لە بارەی حاجی قادرەوە دەڵێت:- “ئەو لە نێوان هەموو شاعیرەکانماندا وەکو بولبول بۆ هەموو شار و دەشت و مەڵبەندێکی کوردستان چەهچەی کردووە و هەناوی سووتاوە، لە دیوانەکەیدا چەند جاران نەخشەی ئێرە و ئەوێی کوردستان دەکێشێت و دەستلەملانی ئێرە و ئەوێ دەبێت”۷
“نیشتیمان و نوستالوژیا لە شیعری حاجی قادر دا”
دەوترێت:- بەهای شتەكان لە نەبوونیاندا دەردەكەوێت، ئەوە بۆیە تا ئەو كاتەی حاجی قادر لە وڵاتدا دەبێت، هەست بە جوانی و خۆشیی نیشتیمانەكەی ناكات، بەڵام كاتێك دوور دەكەوێـتەوە سوێی دووریی دەچێتە دڵیەوەوە دەڵێت:-
مەپرسە دەردی غەریبی و لەززەتی وەتەنم
ئەوی لەدەستی دەگریام،ئەمێستە بۆی دەگریم
مانەوە لە بێكەسی و دوورە وڵاتی دا مرۆڤ گۆشەگیر و دابڕاو دەكات، هەرچەندە لە ژینگەیەكی خۆش و دڵرفێنیشدا بیت، چێژی كاولە وڵاتت پێنادات. هەمیشە وار یان شوێنی لە دایكبوون و مەئوای باب و باپیران و یادی منداڵیی بە قوڵیی بە ناخی هەموو كەسێكدا دەچێتە خوارێ و لە یادكردنی ئەستەمە، نوستالوژیا: سۆز و گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو و شوێنەزا، حاجی قادر لەسەر ئەمە دەنووسێت:-
لە غوربەت بە شاهی لە بیرناكرێ
زەمـانی جوانـی و یـــــادی وڵات
شیعرەكانی حاجی قادر سەر بە رێبازێكی نوێی بیركردنەوەن، بۆ سەردەمی خۆی زۆر جیاواز و تازە بووە، چونكە پێچەوانەی مۆدیلی باو بوون. حاجی شیعری لە دەردە دڵ و خەمی تاكەوە گۆڕیی بۆ هۆشیاریی گشتیی، كردی بە پەیام و نەتەوەكەی پێ ئاگاداركردەوە،. خەمەكانی غوربەت و بێكەسی و بێداڵدەیی نەبوونە هۆی لەبیركردنی نەتەوەكەی.
شیعرەكانم كە غەریبی وەتەن و نەوسەفەرن
وەرە بیخوێنەوە ئەم نوقتە سەوابێكی هەیە
یان دەڵێت:-
بەیتی من چونكە كە كەڵكیان دەگرێ
لە غـەریـبـی و بێــكەسی دەمــــرێ
گەشتکردن و ڕۆیشتن لە شوێنێکەوە بۆ جێگایەکی تر مرۆڤ بەرچاو ڕوون دەکات و کۆمەکی زیادکردنی زانست و زانیاریی مرۆڤ دەکات. گەڕان و گەشت مرۆ دەکاتە كەسێكی هۆشیار و بیركەرەوە. یا وا دەکات خەمی وڵات و كەسی خۆی بخوات، چونكە لەگەڵ بینینی هەر پێشكەوتنێكی وڵاتاندا دەرد و دواكەوتوویی وڵاتەكەی خۆی دێتەوە یاد. هەر گەلێك بگات بە مافی سەربەخۆیی و چارەنوسی خۆی، ستەمكاریی و بێ مافیی گەلەكەی خۆی دێتەوە بیر، مرۆڤێك كە دەسەڵاتی نەبێت هەر دەتوانێ بڵێت:-
وڕی كوێ كەم بەسەر خۆما لە غوربەت
خەوم نـایێ، لە داخی مـوڵـك و میــللەت
ئەگەر وەك من خەبەرداربن، لە دەوڵەت
لە حەیفان خـۆ دەخنكێنن، بە بێ پەتق
كەسێك ئەگەر هەموو دنیاش بگەڕێت بەڵام خەمی نیشتمانی لەكۆڵ نابێ، دنیای لێ دەبێ بە زیندان، جیهانی پان و بەرینی لا دەبێتە زیندانێکی بەرتەسک، وڵاتی خۆ با چەند بچوكیش بێت، ئەو شوێنەی زۆرترین ئازادیی تیادا بەدیی بكرێت، حاجی لە شیعرێكدا دەڵێت:-
غەریبیی غوربەتی كردم بە ئەوتان
سەراپــا ئەرزی لێكردوومە زیندان
واتە:- كاتێكی زۆر لە دوورەوڵاتی مامەوە، بەجۆرێك خەریكە غوربەت دەبێتە نیشتیمانم، بەڵام نیشتیمانێك كە تیایدا زینداییم. خێزان و مناڵ پەناگەیەكی گەورەن بۆ ئارامی بەخشین بە مرۆڤ، بە جۆرێك پیاو دوای هەر دڵشكاوییەك دەگەرێتەوە بۆ لای خێزان و مناڵەكانی، ئینجا ئارامیی بۆ رۆحی دەگەرێتەوە و تێدەگات كەسێك هەیە خەمی لێ بخوات و گوێی بۆ بگرێ. بەڵام كارەساتێكی تری ژیانی حاجی قادر لەوەدا بوو، جگەلەوەی بێ نیشتیمان سەرینایەوە، تا مردن هەر بەیادی جوانی و دووریی وڵاتەوە شیعری وت، كەچی ماڵ و ژن و مناڵیشی نەبوو.
من كەسێكم زەمانەی ناكەس
دایبڕیووم لە قەوم و قیلە و كەس
هەر منم ئێستا وارسی عیسا
بێ ژن و ماڵ بێ كوڕ و مەئوا
“ئەنجام”
حاجی قادر هەمیشە تاراوگە و ناسیۆنالیزمی بەیەكەوە بەستووەتەوە. لەگەڵ باسكردنی حاڵی غەریبیی خۆی دا هەمیشە مەسەلەیەكی نیشتیمانیی و نەتەوەیی بەكاردێنێ، خەمە نیشتیمانییەكان هەمیشە لای تاراوگەنشینێك ئامادەیی هەبووە. شاعیر خۆشەویستیی بۆ نیشتیمانەكەی هەیە كە جێیهێشتووە، هەمیشە كەڵكەڵەی گەڕانەوە لە مێشكیدایە. جا ئەم خۆشویستنە لە ناو ئەدەبیاتدا رەنگیداوەتەوە و بە ژانرێكی بەرزی ئەدەبی ئەو پەستانەی لەسەر دڵ و دەروونی دروست بووە، بەتاڵیكردوەتەوە. ئەمانە چەند نمونەیەك بوون لە شیعری ئەم شاعیرە بەرزەی كورد، ئەگەرچی گەلێك شیعری تریشی هەن، كە دەچنە خانەی ئەدەبی تاراوگەوە. حاجی قادر لە ئاستە نەتەوەییەکەدا بە یەکەمین شاعیری تاوگە دێتە ژماردن کە ژیان و شیعری خۆی بۆ کورد و مەسەلەی دەوڵەت یەکلایی کردووەتەوە.
سەرچاوەكان؛
۱ ـ حاجی قادری کۆیی مسعود محەمەد ، بەرگی یەکەم، ئاراس ۲۰۱۰ ل ٨٦
٢ـ حاجی قادری کۆیی بڵاوڤان،پێشڕەوی سەید برایمی چاپخانەی ڕۆژهەڵات ـ هەولێر ۲۰۱۷، ل ٦٨.
٣- هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ۷٨
٤ـ ناسیۆنالیزم و سەفەر مەریوان وریا قانع،چاپخانەی ڕەنج ۲۰۰٥ ل٦۷
٥ـ هەمان سەرچاوەی پێشوو ل٦٦
٦ـ حاجی قادری کۆیی بڵاوڤان، پێشڕەوی سەید برایمی ل ۱۲۲
٧ـ حاجی قادری کۆیی ، مەسعود محەمەد، بەرگی سێیەم، ئاراس ۲۰۱۰، ل ۱۷٥ .
تێبینی: نمونەی شیعرەکانم وەرگرتووە لە دیوان حاجی قادری کۆیی، سەردار حەمید میران کەریم شارەزا ، ئینتیشاراتی کوردستان ـ سنە