“پێشەکی”
چەمکی دەسەڵاتی سیاسی تێکەڵەیەک لە دوو توخمی سەرەکی؛ “دەسەڵات” بە واتای هێز یان توانا و “سیاسەت” کە ئاماژەیە بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتێک. پێکەوە دەسەڵاتی سیاسی ئاماژەیە بۆ توانا یان هێزی حوکمڕانی. دەسەڵاتی سیاسی، هەروەک فەیلەسوف “بێرتراند ڕهسڵ” باسی دەکات، لە سەرچاوەی جۆراوجۆری وەک سامان، ئایین، سیاسەت، هێز و شۆڕشەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام ئەم باسە بە تایبەتی لەسەر “دەسەڵاتی سیاسی” و چۆنیەتی بەدەستهێنان و پاراستنی. دەسەڵاتی سیاسی لە ڕێگەی چوار کەرەستەی سەرەکییەوە بەدەست دێت: هێز، سامان، کاریگەریی دەروونی، پشتیوانی گشتی. هەریەک لەم ئامرازانە ڕۆڵێکی ناوازە دەگێڕن لە داڕشتنی داینامیکی کۆنترۆڵی سیاسی و حوکمڕانی. وشەی “دەسەڵات” بە واتای هێز یان توانایی دێت، سیاسەت بە واتای ئیدارەدان دێت، هەرکاتێک ئەم دوو وشەیە پێکەوە بوون، بە مانای توانا یان دەسەڵاتی ئیدارەی وڵاتێک بەکاردێت. “بێرتراند ڕهسڵ” فەیلەسوفی ئینگلیزی سەرچاوەی دەسەڵات بە سامان و ئایین و سیاسەت و هێز و شۆڕش و …..هتد دەزانێت.
“ئامرازەکانی دەسەڵاتی سیاسی”
دەسەڵاتی سیاسی چوار ئامرازی گشتی هەیە. بە واتایەکی تر دەسەڵاتی سیاسی بە چوار شێوە بەدی دەهێنرێت. چوار ئامرازەکە بریتین لە: هێز، سامان، هێزی دەروونی/زەینی، و دەسەڵاتی جەماوەری یا گەل.
یەکەمین ئامرازی سەرەکی دەسەڵاتی سیاسی، هێزی فیزیکییە؛ ئامرازی سەرەکی دەسەڵاتی سیاسی هێزی فیزیکییە. هێزی فیزیکی، یان هێزی زۆر، بچووکترین و سەرەکیترین ئامرازی دەسەڵاتی سیاسییە، کە دەتوانێت لوولەی تفەنگ، هێزی شمشێر، یان دەسەڵاتی سەربازی بێت. ئەم ئامرازە ناسەقامگیرترین و نائهقڵانیترین و نامرۆڤانەترین ئامرازی دەسەڵاتی سیاسییە، بەزۆری بەدەست دیکتاتۆرەکانەوەیە. بەڕاستی هێزی زۆر و فیزیکی، خراپترین شێوەی حوکمڕانی سیاسییە. چونکە ئەم جۆرە دەسەڵاتە سیاسییە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و پاراستنی دەسەڵاتەکەی لە داردەستی مەرگ و برسێتی و ئەشکەنجە و زیندانیکردن و ئاوارەبوون و…هتد کەڵک وەردەگرێت. هەستکردن بە نەمری یان ترس لە مردن و برسێتی مرۆڤ ناچار دەکات گوێڕایەڵی بکات. بزوێنەری سەرەکی ئەم گوێڕایەڵییە هێزە. بەڵام هێز ناسکترین شێوەی دەسەڵاتی سیاسیشە چونکە هەمیشە هێز بە یەکسانی جێبەجێ ناکرێت. لەگەڵ کەمبوونەوەی هێزدا، ستەملێکراوان بیر لە قەرەبووکردنەوەی ڕابردوو و تۆڵەسەندنەوە دەکەنەوە، هەمیشەش لەچاودێری و کەمیندان بۆ ئەوەی بیانخەنە خوارەوە و تۆڵە بکەنەوە. بەڵام لە ئامرازەکانی تری دەسەڵاتی سیاسیدا، لەگەڵ کەمبوونەوەی هاندانەکان و بەدەستهێنانی باڵادەستی ستەملێکراو بەسەر فەرمانڕەواکاندا، خەڵک کەمتر مەیلیان بۆ بیرکردنەوە لە تۆڵەسەندنەوە دەبێت.
بازنەی دووەمی دەسەڵاتی سیاسی ئامرازی سەروەت و سامانە؛ سامان بە خودی خۆی دەسەڵاتی سیاسی بەدوادا نایەت، بەڵکو پێویستی بە بیرکردنەوەی مرۆڤیش هەیە. مرۆڤەکان بەشێکی کەم لە سامانەکەیان بۆ پێداویستییە مادییەکانیان خەرج دەکەن؛ زۆربەیان بۆ تێرکردنی پێداویستییە دەروونییەکانیان خەرجی دەکەن، وەک گەشەکردنی ڕۆحی، شکۆمەندی ژیان، شەرەفی کۆمەڵایەتی، چێژە گەورەکان و …هتد. هەندێک جار ئەم شکۆمەندیەی ژیان لە بەدواداچوون بۆ باڵادەستی ئەوانەی خاوەن سەروەت و سامانن بەسەر مرۆڤەکانی تردا خۆی دەردەخات و ئەو باڵادەستییەش دەسەڵاتە، جا چ سیاسی بێت یان کۆمەڵایەتی. بەڵام لوتکەی ئەو باڵادەستییە لە ڕێگەی دەسەڵاتی سیاسییەوەیە، جا ئەم باڵادەستییە بەسەر یەک کەسدا بێت یان بەسەر ملیۆنان کەسدا. مرۆڤ بە ئامرازی سەروەت و سامان دەتوانێ دەسەڵاتی فیزیکی، فیکری، یان یاسایی مرۆڤەکان بکڕێت، یان مافی دەنگدانیان بکڕێت و دەستی بگات بە سەرچاوەی گەورەی ئامرازە کۆمەڵایەتییەکان، واتە دەسەڵاتی مرۆڤ و دەسەڵاتی سیاسی. چونکە هەندێکجار بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی، مرۆڤەکان هێزی جەستەیی و فیکریی خۆیان و تەنانەت مافە یاساییەکانیش، واتە مافی دەنگدانیان، بۆ نان و خۆشگوزەرانی و هاوبەشی دەسەڵات و ئاسایش و ڕێزگرتن و….هتد دەفرۆشن و دەوڵەمەندەکان سود لەم پێویستییە وەردەگرن و دەسەڵاتی سیاسی بەدەستدەهێنن.
بازنەی سێیەمی دەسەڵاتی سیاسی بریتییە لە بەکارهێنانی ئامرازە دەروونی-زەینییەکان؛ ئەم بازنەیە گەورەتر و پراکتیکیترە لە بازنە و ئامرازەکانی تر. چونکە ئامرازی یەکەم و دووەم و تەنانەت چوارەمیش پێویستیان بە ئامرازی دەروونی-زەینی هەیە. دەتوانرێت دەسەڵاتی دەروونی بە چەند شێوەیەک بەکاربهێنرێت: یەکێکیان لەڕێگەی ئایینەوە، دووەمیان لەڕێگەی نەریتەوە (میراتی کولتوور و ئەخلاقی باوباپیران)، سێیەمیان لەڕێگەی پڕوپاگەندەوەیە. ئایین لە ڕێگەی ترس و تەماحی مرۆڤەوە دەسەڵاتی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنێت. ترس لە دۆزەخ و ترس لە مردن و لەناوچوون و تەماحی بەهەشت و نەمری کارتی براوەی هێزی دەروونی دینن. نەریت لە ترسی ڕووخانی دیواری ئەخلاق و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان، ڕەوشتی باش و خراپ و پێشوەختەی باوباپیران، ئیرادەی خۆی بەسەر مرۆڤەکاندا دەسەپێنێت. هەروەها ڕیکلام دەتوانێت کاریگەری خوازراو لەسەر مێشکی مرۆڤەکان بەجێبهێڵێت و بەو ئاراستەیەی کە دەیانەوێت ڕایانبکێشێت.
ئامرازی چوارەم بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی دەسەڵاتی گەلە؛ دەسەڵاتی گەل، وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، دەتوانرێت لە ڕووی سیاسییەوە بە سێ شێوە بەکاربهێنرێت:- یەکەم: هێزی فیزیکی؛ دووەم:- هێزی فیکری؛ سێیەم:- هێزی یاسایی یان مافی دەنگدان. لە هێڵکاری بازنەییدا هێزی جەماوەری گەورەترین بازنەیە کە بازنەکانی تری تێدایە. لە ڕووی قووڵی و پانییەوە تایبەتمەندی باڵای هەیە. سێ هێزی تر، واتە هێز، سامان و کەرەستەی دەروونی-زەینی، ئەو هەنگاوانەن کە بۆ گەیشتن و بەدەستهێنانی دەسەڵاتی جەماوەری بەکاردەهێنرێن. لە ڕوانگەی زانستی بەڕێوەبردنەوە، بەڕێوەبردنی سیستەم پێویستی بە پشتیوانی خۆبەخشانەی ئەندامەکانی هەیە. بەبێ پشتیوانی ئەندامەکانی، بەڕێوەبردنی هەر سیستەمێک قورس دەبێت. هیچ کام لەو شێواز و ئامرازانەی حوکمڕانی کە لە سەرەوە باسمان کرد، بەبێ ئامرازی دەروونی-زەینی ناتوانن پشتیوانی خەڵک ڕابکێشن. تەنها ئیرادەی گەلە کە دەتوانێت دەسەڵاتی سیاسی لە شێوەی حکومەتێکدا کە هاوتەریب بێت لەگەڵ ئیرادەی خەڵک بەدەستبهێنێت. هەروەک باس کرا، لۆژیکیترین و مرۆڤدۆستانەترین و بەردەوامترین ڕێگا بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی، بەدەستهێنانی دەنگی ئازادانەی خەڵکە. دەسەڵاتی گەل بەتەنها سێ هێزەکەی تری لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. بەڵام بەدەستهێنانی دەنگی ئازادانەی خەڵک کێشە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. چۆنیەتی بەدەستهێنانی دەنگی ئازادانەی خەڵک بریتییە لە شێواز و بەرنامە و ئامانج و سیڤیی ڕێکخراوێکی سیاسی. سێ ئامرازی یەکەم “هێز، سامان، و هێزی دەروونی/زەینی” بۆ ڕاکێشانی دەسەڵاتی جەماوەری بەکاردەهێنرێن. واتە گرنگترین هێزی سیاسی دەسەڵاتی جەماوەرییە. ئەم دەسەڵاتە جەماوەریەش بە سێ شێوە خۆی دەردەخات: (دەسەڵاتی چەک، دەسەڵاتی بیرکردنەوە، و دەسەڵاتی یاسایی یان دەنگی خەڵک). گەورەترین کێشە لە بەدەستهێنانی دەنگی ئازادانەی خەڵکدا بەربڵاوی یان پەرت و بڵاویی خەڵکە. دەنگی ئازادانەی خەڵک وەک لافاوێک وایە کە دەبێت بۆ یەکخستنی دروست بکرێت. ئەم لافاوە پێویستی بە جێگایەک هەیە بۆ ڕێنماییکردنی. دەسەڵاتی ئازادی گەل وەک نەوتی خاو وایە، وەک ئەو ئاڵتوونەیە کە لە دڵی شاخێکدا بێت. دەسەڵاتی خەڵک پێویستی بە کارکردن هەیە و لە مادەیەکی خاوەوە بگۆڕدرێت بۆ مادەیەکی پراکتیکی، پێویستی بە پەروەردەکردن هەیە، بۆ بەدەستهێنانی دەنگی ئازادی گەل دوو ڕێگا هەیە: یەکێکیان هۆشیارییە، دووەمیان متمانەیە. بەبێ ئامرازی هێز و سامان و دەسەڵاتی دەروونی، دەسەڵاتی سیاسی تەنها بە یارمەتی دەسەڵاتی جەماوەری بەدەست دێت، چونکە دەسەڵاتی جەماوەری بەتەنها هەموو هێز و ئامرازەکانی تری دەسەڵات لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت.
بۆ زیاتر تێگەیشتن لەم بابەتە پرسیارێکی تری بەردەممان ئەوەیە هۆشیاری چییە و چۆن بەدی دێت؟ فەیلەسوفی ئەڵمانی هیگڵ دەڵێت:- “فەلسەفە بەڕاستی بیرکردنەوە لە سەردەمی خۆیەتی.” ئەوەی کە ئامرازی نائهقڵانی دەسەڵات کۆنترۆڵ دەکات و دەیکاتە ئیرادەی ئازاد و دەسەڵاتی ئهقڵانی، هۆشیارییە. هۆشیاری خۆی لە دوو جۆردایە: هۆشیاری لەوەی کە دەبێت چی بێت و هۆشیاری لەوەی کە نابێت چی بێت. پێشبینیکردنی داهاتوو بە وردی کاری هیچ مرۆڤێک نییە، بەڵام گەیشتن بە نەزانراوەکان لە ڕێگەی زانینەوە مومکینە. فەلەکناسەکان دەتوانن پێشبینی مانگگیران و خۆر گیران بۆ دەیان ساڵی داهاتوو بکەن بە بەکارهێنانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەستێرەکان و کاتی خولانەوەی ئەستێرەکان و مەوداکانیان. هەرچەندە پێشبینیکردنی ڕەفتاری مرۆڤ جیاوازە لە پێشبینیکردنی لە فەلەکناسیدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە مێشکی مرۆڤیش سنوورداربوونی هەیە، بەڵام دەکرێت بە یارمەتی زانستەکانی وەک کۆمەڵناسی، مێژوو، دەروونناسی و زانستی سیاسی، پێشبینییەکی تا ڕادەیەک واقیعیانە بۆ ڕەفتاری داهاتووی مرۆڤ بەدەستبهێنرێت. پێویستیەکان، ئەو شتانەن کە بەختەوەری بۆ مرۆڤەکان دەهێنن، ناپێویستەکانیش، ئەو شتانەن کە نەهامەتی و ناخۆشی بۆ مرۆڤەکان دەهێنێت. خۆشبەختی خەڵک لە خۆشگوزەرانیدایە، نەهامەتی خەڵک لە ئازارەکانیاندایە. پێویستە هەموو کۆمەڵگا مرۆییەکان ئەزموونیان هەبێت بۆ گەیشتن بە هۆشیاری. باشترین هۆشیاری ئەزموونە. فریو خواردن، هەرچەندە شکستێکە، بەڵام یەدەگێکە بۆ داهاتوو. فریودان، ئەگەر ڕووبدات، ڕێگایەکە کە دەبێت بگیرێتەبەر بۆ گەیشتن بە ئەزموون. بەشێک لە هۆشیاری ڕێبازی ئەو فێڵانەیە کە مرۆڤ تووشی بووە.
هەندێک جار ئەگەری ئەوە هەیە بەردەوام فریو بدرێیت و ئەوە کاتێکە کە لە فێڵەکانی ڕابردوو فێر نابین. دەبێت لە قسەی ناشرین فێربین. هۆشیاریی لە فریو خواردن و خۆفرۆشتن بە سامان و ماددیات، هۆشیارییەکی ترە کە دەبێت بناسرێت و بزانرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە شکست بکات. ئاگایی لە فێڵە زەینی و دەروونییەکانی ئایین و سیستەمە وەهمییەکان ئەزموونێکی ڕۆشنگەری دیکەیە؛ ئەزموونێک کە مرۆڤ و کۆمەڵگا بەرەو گرنگی یاسا و گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی یەکسان و بەرامبەر دەبات. ئەو هۆشیاریی و بەئاگابوون لەوەی کە کوشتنی مرۆڤەکان و سڕینەوەی بیرکردنەوەکانیان چارەسەر نییە و تووندوتیژی کاتێک ڕەگ داکوتێت کاتێک پێداویستییە سەرەتاییەکانی مرۆڤ پشتگوێ دەخرێن؛ ئەمانە ئەو هۆشیارییانەن کە کۆمەڵگاکان لە داڕمان دەپارێزن. حکومەتەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام خەڵک هەمیشە هەن. بە ئاگابوون و هۆشیاری بەوەی کە، نابێت هەموو دەسەڵاتێک بۆ هەمیشە بە کەسێک یان گرووپێک بدرێت. هێز دەبێت خولانەوەی هەبێت؛ پێویستە وردە وردە بەسەر گرووپ و تاکەکاندا دابەش بکرێت. ئەگەر دەسەڵات مەرکەزی بێت، دەبێتە هۆی گەندەڵی و چەوساندنەوە. یەکەم و دوا چارەسەر بۆ کێشەکان دیالۆگە. ئەوانەی ئەمڕۆ کەوتوونەتە سەر زەوی سبەی هەڵدەستنەوە. ئەوانەی ئەمڕۆ تەختی دەسەڵاتیان داگیر کردووە ڕۆژێک دەڕووخێن. مەیدانی سیاسەت گۆڕەپانی تاقیکردنەوە و هەڵەی گەمژەکان نیە. ئەو دەسەڵاتدارانەی ڕۆژێک زیانیان بە کۆمەڵگا گەیاندووە، نابێت جارێکی تر تاقیبکرێنەوە. یەکەم هەڵەی سیاسی تاکێک یان گرووپێک دەبێت دوا هەلیان بێت. دەسەڵاتی سیاسی یاری نییە. فەرمانڕەواکان نابێ خۆیان بکەنە چینێکی تایبەت. حاکمێک کە لە نێو خەڵکدا نەبێت، یان دز، یان خیانەتکار، یان بێگانەیە یان ….. دەسەڵاتداران بۆ خۆیان ئیدیعای “مافی تایبەت” نەکەن:- سامانی تایبەت، ئاسایشی تایبەت، شوێنی ژیانی تایبەت و ….هتد.. پێویستە وەک خەڵک و لەگەڵ خەڵک و لە نێو خەڵکدا بژین. ماوەی سەرۆکایەتی و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری و حکومەت کورت بێت. خوێندن و تەندروستی بێ بەرامبەر بێت. خانووبەرەی گونجاو بناغەی ژیانێکی شایستە. نابێت کەس بێ ماڵ و حاڵ بمێنێتەوە. پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و هاوکارییەکی باش بن. هەموو مرۆڤەکان، بەبێ گوێدانە جوگرافیا، ڕەگەز، عەقیدە، ڕەگەز یان پەیوەندی سیاسی، پێویستە لە ئاستێکی پەسەندکراوی خۆشگوزەرانیدا بەهرەمەند بن.
بەڵام ئەی متمانە چییە و چۆن بەدەست دێت؟ متمانە ئامرازێکی دەروونی و کۆمەڵایەتییە بۆ کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی سیاسی. نابێت بۆ هەمیشە متمانە بە هیچ دەسەڵاتێک، هیچ تاکێک و دامەزراوەیەک بکرێت. خودی دەستەواژەکە هێزێکی ڕێگرییە؛ هێزێک کە کۆت و بەندەکانی دەسەڵات لە دەستی خەڵکدا دەهێڵێتەوە. متمانە ڕەگ و ڕیشەی لە مێژووی تاک و حزب و گرووپەکاندا داکوتاوە. نابێت دەسەڵاتی سیاسی بە هیچ تاک و بزووتنەوە و ڕێکخراوێک بسپێردرێت، مەگەر سیڤییەکی ڕوون و ئەخلاقی و تاقیکراوی هەبێت.
“پەرەسەندنی دەسەڵاتی سیاسی لە کۆمەڵگا مۆدێرنەکاندا”
بە درێژایی مێژوو ئامراز و سەرچاوەکانی دەسەڵاتی سیاسی لە وەڵامی پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و جیهانگیری و گەشەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. لە کۆمەڵگا نەریتییەکاندا هێز و سامان وەک ئامرازی سەرەکی دەسەڵات زاڵ بوون. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات لەگەڵ فراوانبوونی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئایدیاڵە دیموکراسیەکان، هاوسەنگی هێز وردە وردە لە کەمەوە بۆ زۆر گۆڕاوە.
ڕۆڵی زانیاری و تەکنەلۆژیا؛ ئەمڕۆکە ئامرازه دەڕوونی و زەینییه کانی دەسەڵاتی سیاسی به تایبەتی کۆنتڕۆڵی زانیاری و کاریگەری میدیایی له هەموو کاتێک گرنگتر بوونە. بە پێچەوانەی سەدەکانی پێشوو کە دەسەڵاتی ئایینی یان هێزی تەواو دەیتوانی ناکۆکی سەرکوت بکات، حکومەتە مۆدێرنەکان و ئەکتەرە سیاسییەکان زیاتر پشت بە بەڕێوەبردنی گێڕانەوەکان دەبەستن لە ڕێگەی میدیای گشتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چاودێری دیجیتاڵییەوە. بڵاوبوونەوەی مۆبایلە زیرەکەکان و پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا و ڕۆژنامەگەری سەربەخۆ، هاوڵاتیانی ئاسایی بەهێز کردووە بۆ بەڵگەنامەکردن و هاوبەشکردن و تەحەدای ئەکاونتە فەرمییەکان. ئەم دیاردەیە لە هەمان کاتدا حکومەتەکانی زیاتر لێپرسراوتر و دەسەڵاتی سیاسی ناسکتر کردووە.
دەسەڵات و کۆمەڵگای مەدەنی؛ پێشهاتێکی دیکەی چارەنووسساز سەرهەڵدانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییە- لە سەندیکاکانی کرێکارییەوە بۆ ڕێکخراوە ناحکومییەکان، بزووتنەوەکانی ژینگەپارێزی و گرووپەکانی داکۆکیکار. ئەم بزووتنەوانە نوێنەرایەتی فۆرمەکانی نوێی “دەسەڵاتی گەل” دەکەن کە سنوورە تەقلیدییەکانی چینایەتی، نەتەوە، یان ئایین تێدەپەڕێنن. کۆمەڵگەی مەدەنی بە ڕێکخستن و پەروەردەکردن و کۆکردنەوەی خەڵک دەتوانێت ببێتە بەرپەرچدانەوەیەکی بەهێز بۆ دەسەڵاتی حکومی یان کۆمپانیاکان. کاتێک کۆمەڵگای مەدەنی گەشە دەکات، ئامرازەکانی زۆرەملێ و سەروەت و سامان باڵادەستی خۆیان لەدەست دەدەن و هاوسەنگییەکە بەرەو بەشداریکردن و گفتوگۆ و کۆدەنگی کۆمەڵایەتی دەچێت.
ئاڵەنگاری بەردەوام؛ هاوسەنگکردنی هێز و ئازادی، بەڵام لەگەڵ لامەرکەزیبوونی دەسەڵاتی سیاسی و کاریگەریی زیاتری ئەکتەرەکان، مەترسیی فۆڕمی نوێی دەستکاریکردن و جەمسەرگیری گەشە دەکات. هەروەها دەتوانرێت هەمان ئەو ئامرازە دیجیتاڵیانەی کە هۆشیاری بڵاودەکەنەوە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە، قووڵکردنەوەی دابەشبوون، یان دەستکاریکردنی ڕای گشتی بۆ بەرژەوەندییە تەسکەکان بەکاربهێنرێن. تەحەدای کۆمەڵگا مۆدێرنەکان ئەوەیە کە دڵنیابن لەوەی کە فراوانبوونی بەشداری سیاسی بە نرخی لەدەستدانی ڕاستی و ئەقڵ و ژیری و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی نەبێت.
لە کۆتاییدا؛ ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی پەیوەستە بە یارییەکی دینامیکی نێوان دەوڵەت، کۆمەڵگا، تەکنەلۆژیا و ژیری و تێگەیشتنی بەکۆمەڵی هاووڵاتیان. وانەکانی مێژوو- کە لە زەروورەتی هۆشیاری و متمانە و بەشداریکردنی بەردەوامی ڕەخنەگرانە کورتی دەکرێنەوە- وەک جاران پەیوەندیدار و بەبەهێزی دەمێنێتەوە. تەنیا ئەو کۆمەڵگایانەی کە بەها بە پەروەردە و لێپرسینەوە و خولانەوەی دەسەڵات دەدەن، دەتوانن هیوایان هەبێت کە ڕێگری لە چڕبوونەوە و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بکەن، دڵنیابن لەوەی دەسەڵاتی سیاسی خزمەت بە چاکەی گشتی دەکات. بە کورتی دەسەڵاتی سیاسی چەمکێکی فرەلایەنەیە کە لە ڕێگەی کەرەستەی جۆراوجۆرەوە، لەوانە هێزی جەستەیی، سەروەت و سامان، کاریگەریی دەروونی، و دەسەڵاتی خەڵک، دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت و بەردەوام بێت. لە نێو ئەمانەشدا پشتیوانی گشتی بەرچاوترین و بەردەوامترین شێوەی دەسەڵاتی سیاسییە، بەو پێیەی ئامرازەکانی دیکە لەخۆدەگرێت و سەقامگیری و شەرعییەت مسۆگەر دەکات. دەسەڵاتی سیاسی ڕاستەقینە پێویستی بە هۆشیاری و متمانەیە، کە لە شەفافیەت و دادپەروەری و خۆشگوزەرانی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێت. مێژوو فێرمان دەکات کە دەسەڵاتی چڕ و مەرکەزی زۆرجار دەبێتە هۆی گەندەڵی و ستەم، لە کاتێکدا حوکمڕانی هاوسەنگ و هاوبەش پەرە بە پێشکەوتن دەدات. دواجار بناغەی دەسەڵاتی سیاسی لە متمانە و بەشداریی خەڵکدایە.
سەرچاوەکان؛
Castells, M. (2013). Networks of outrage and hope: Social movements in the Internet age (2nd ed.). Polity Press. Examines how technology and social media reshape social movements and people power.
Diamond, L., & Plattner, M. F. (Eds.). (2012). Liberation technology: Social media and the struggle for democracy. Johns Hopkins University Press. Collection of essays on how digital technology affects democracy and civic engagement.
Nye, J. S. (2011). The future of power. Public Affairs. Analysis of how power is shifting from states to non-state actors, and the role of information in modern power.
Tufekci, Z. (2017). Twitter and tear gas: The power and fragility of networked protest. Yale University Press. Study of digital activism, its strengths, weaknesses, and the challenge of sustaining real change.
Keane, J. (2009). The life and death of democracy. Simon & Schuster. Comprehensive history of democracy and the changing nature of political participation.
Howard, P. N., & Hussain, M. M. (2013). Democracy’s fourth wave? Digital media and the Arab Spring. Oxford University Press. Case studies of how digital tools impacted uprisings and people’s power.
Sunstein, C. R. (2017). #Republic: Divided democracy in the age of social media. Princeton University Press. Explores how social media shapes, fragments, or sometimes undermines democracy.
Khondker, H. H. (2011). Role of the new media in the Arab Spring. Globalizations, 8(5), 675–679.Journal article on the influence of digital media on civ
Joseph S. Nye. (2004). Soft Power: The Means to Success in World Politics. Public Affairs. Examines “soft” psychological/ideological influence vs. “hard” (military/economic) power.
Rasool Badaghi, Tavana tak, Source of political power, (2025).
Bertrand Russell. (1938). Power: A New Social Analysis. Routledge. Russell famously defines and categorizes power (economic, military, religious, etc.), and is explicitly referenced in your text.
Steven Lukes. (2005). Power: A Radical View (2nd ed.). Palgrave Macmillan. explores three dimensions of power: decision-making, agenda-setting, and ideological (psychological/mental) influence.