بنەمای ” هیچ باج و ڕسوماتێک نابێت بەبێ یاسا” یەکێکە لە پایە گرنگەکانی سیستەمی دارایی لە دەوڵەتە مۆدێرنەکاندا. یاسایەکی دەستوورییە کە گەرەنتی ئەوە دەکات کە نابێت هیچ پابەندبوونێکی دارایی بەسەر هاووڵاتییاندا بسەپێندرێت تەنها بەپێی یاسایەک نەبێت، کە لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانانەوە کە نوێنەرایەتی خەڵک دەکات دەرچووە.
باج، وەک بەشدارییەکی ئیجباری بۆ دابینکردنی دارایی خەرجییە گشتیەکان، و رسومات وکرێ، وەک پارەدانێک بۆ خزمەتگوزارییەک یان مۆڵەتێکی دیاریکراو، بەشێکی سەرەکی پەیوەندی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا پێکدەهێنن. بەڵام شەرعیەتی ئەم پابەندبوونانە تەنیا لەو کاتەدا جێگیر دەبێت کە لەسەر بنەمای یاسایەکی ڕوون بن کە سروشت و بڕ و شێوازی کۆکردنەوەیان دیاری بکات، وەڕێگر بێت لە هەر ئارەزوومەندییەک یان ئیستغلالکردنێک.
ڕێکخستنەوەی باج و رسوم و کرێی ناوخۆیی لە سیستەمی داهاتدا كە سەرچاوەی سەرەکی داهاتن بۆ حکومەتەكان نوێنەرایەتی هەوڵێکی جددی دەکات بۆ ئەوەی بتوانن داهاتی پێویست کۆبکەنەوە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەكانی، پەروەردە، چاودێری تەندروستی و پاکوخاوێنی گشتی ، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و هاوسەنگ لەگەڵ بەها کۆمەڵایەتییەکان.
زۆرجار باجدەر لەگەڵ ئەو کەسانەدا هاوتەریب نابن کە توانای تێچوی باج لەخۆ بگرن یان لەگەڵ ئەو کەسانەی کە سوودمەندن لە خزمەتگوزارییە گشتیەکان. زۆرجار کەسانی کەم داهات بارگرانییەکی ناڕێژەیی لە باجی ناوخۆیی دەدەن. بۆ نموونە، کەسانی کەم داهات بەشێکی زیاتر لە داهاتەکانیان بۆ کاڵای باجخواز خەرج دەکەن لە چاو کەسانی داهات بەرز، بۆیە باجی فرۆشتن زۆرجار بارگرانییەکی ناڕێژەیی دەخاتە سەر کەسانی کەم داهات. تەنانەت باجی موڵک و ماڵی دەتوانێت بە شێوەیەکی ناڕێژەیی بارگرانی لەسەر کەسانی کەم داهات دروست بکات.
بۆ دیاریكردن وکۆکردنەوەی سەرچاوەكانی داهاتی ناوخۆیی دەتوانرێت ، لە ڕێگەی.ئەم پرسیارانە فەراهەم بكریت : گونجاوترین سەرچاوەکانی داهاتی باج و رسومات بۆ شارەکان چین؟ کام ڕسومات و كرێ دەتوانرێت زیاد بکرێت بۆ ئەوەی ببێتە بەشێکی بەرچاو لە بودجەی شارەکان؟ هەندێک لەو میکانیزمانە چین کە لەبەردەستی شارەکاندان هەن بۆ دەستڕاگەیشتن بە سەرمایەو سەرچاوە دەرەکییەکانی تری دارایی، کە ببێتە هۆی جێبەجێکردنی پلانەکانی گەشەپێدانی شار و ژێرخانی شارەکانیان؟
هەڵسەنگاندنی داهاتی ناوخۆیی لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پێوەر کە ڕەنگدانەوەی کارایی و دادپەروەری و بەردەوامیی سیستەمی دارایی ناوخۆیی ئەنجام ئەدرێت وەبەم شێوەیە:
1- بوونی دادپەروەری كە بە پلەی یەکەم گرنگی بە هاوسەنگی دەدات لە نێوان چۆنیەتی دابەشکردنی بەرپرسیارێتی دارایی حکومەتی خۆجێی بەسەر خەڵکدا و مافی سوودمەندبوون لەو خزمەتگوزاری و ژێرخانانەی کە باج و ڕسومات دەیگرێتەوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەو باجدەرانەی داهات یان سامانیان کەمترە، پێویستە کەمتر باج بدەن لە چاو ئەوانەی داهات یان سامانیان زیاترە. ئەمە دەتوانێت تاکەکان، گروپەکانی پیشەسازی، یان گروپەکانی تریش بگرێتەوە.
2- كاتێك باجدەران هەست دەکەن ئەو سوودانەی کە خزمەتگوزارییە گشتیەکان بەدەستی دەهێنن ڕێژەیی دەبن لەگەڵ قەبارەی بەشداری داراییان. هەروەها دەتوانرێت ئەم بنەمایە بە کردەوە لە زۆرێک لە ڕێکخستنەکانی رسومات بۆ خزمەتگوزاریدا بەهەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵدا بكریت . بۆ نموونە ئەوانەی پارەی ئاوی زیاتر دەدەن بە شێوەیەکی گشتی ئاوی زیاتر بەکاردەهێنن.
3- پرەنسیپی هاوسەنگی و یەکسانی مامەڵەکردن كە پاڵپشتی پاراستنی ئەو گروپانە دەکات کە لەڕووی داراییەوە لاوازن، ئەوانەی کەمتر توانایان هەیە پارەی خزمەتگوزارییەکان بدەن.
4- پەیوەندی فرەیی درووستکردنی داهات واتە ئایا سیستەمی باج و سەرچاوە تاکەکەسییەکانی باج و رسومات داهاتی پێویست بۆ دابینکردنی بودجەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان دروست دەکەن یان نەخێر .
5- باج و ڕسومات دەتوانێت کاریگەری لەسەر هەڵسوکەوتی باجدەرەکانیان هەبێت. باجی بەرزی موڵک و ماڵ ڕەنگە وەبەرهێنان لە خانووبەرەدا بێهیوا بکات یان هاندەری کۆچکردن بێت بۆ ئەو ناوچانەی کە باجیان کەمترە. باجی بەرزی فرۆشتن لەوانەیە بەکارهێنانی هەندێک کاڵا کەم بکاتەوە یان هاندەری بەکاربردن بێت لە شوێنەکانی تر. ڕێژەی بەرزی باجی داهات ڕەنگە هاندەری تاکەکان بێت بۆ ئەو ناوچانەی کە ڕێژەی باجیان کەمترە.
داڕشتنەوەی باج و ڕسومات لە سیستەمی داهاتی ناوخۆدا گەیشتنە بە چەندین ئامانجی ستراتیژیی. دەتوانرێت پاڵنەرە سەرەکییەکانی بەم شێوەیە دیاریبكریت:
یەکەم: پێداچوونەوە بە سیاسەت و چوارچێوەی یاسایی بۆ کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆیی لە کورتخایەندا. دەتوانرێت زنجیرەیەک ڕاپۆرت دەربکرێت کە تیشک بخەنە سەر بیرۆکەی داهێنەرانە بۆ ئەوەی داهاتی حکومەتی ناوخۆیی زیاتر لەگەڵ واقیعە ئابوورییە مۆدێرنەکاندا یەکبگرێتەوە، بەبێ ئەوەی بارگرانی زیاتر بەسەر باجدەران بسەپێنێت.
دووەم: لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی چاکسازیکردن لە سەرچاوە هەبووەکان و دروستکردنی سەرچاوەی نوێ، و ڕەچاوکردنی هاوئاهەنگییان لەگەڵ ئابووری مۆدێرن و یەکسانی و ڕەچاوکردنی جەوهەری دیکە.
سێیەم: جێبەجێکردنی سیستمی کۆکردنەوەی داهاتی دیجیتاڵی بۆ حکومەتە خۆجێیەکان بەشیوەیەك هاوسەنگ بێت لەگەڵ گۆڕانکارییە ئابووری و تەکنەلۆژی هاوچەرخەکان. وەک سەرژمێری و تۆمارکردن، هەڵسەنگاندن، کۆکردنەوە ، چاودێریکردن، .
پڕۆسەی داڕشتنەوەی باج و ڕسومات لە هەرێم نوێنەرایەتی هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی دارایی دادپەروەرتر و کاراتر کە هاوسەنگی لە نێوان پێویستی حکومەت بۆ داهات لە هەمان کاتدا دڵنیابێت لەوەی کە بارگرانی لەسەر هاووڵاتیان و کەرتی تایبەت دروست نەکات. سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە پەیوەستە بە دانانی میکانیزمی ڕوون و شەفاف کە جیاوازییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لەبەرچاو بگرێت و دڵنیابن لەوەی کە داهاتەکان بۆ پێشخستنی گەشەپێدانی بەردەوام و باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان بەکاردەهێنرێن.