تەکنەلۆژیای بلۆکچەین میکانیزمێکی پێشکەوتووی داتابەیسە کە ڕێگە بە هاوبەشیپێکردنی زانیاری ڕوون دەدات لە ناو تۆڕێکی بازرگانیدا. داتابەیسی بلۆکچەین داتا لە بلۆکەکانیدا هەڵدەگرێت کە بە زنجیرەیەک بەیەکەوە بەستراون. داتاکە لە ڕووی ڕێکخستنەوە چونیەکە چونکە ناتوانیت زنجیرەکە بسڕیتەوە یان گۆڕانکاری تێدا بکەیت بەبێ ڕێکەوتنی گشتی تۆڕەکە. لە ئەنجامدا، دەتوانیت تەکنەلۆژیای بلۆکچەین بەکاربهێنیت بۆ دروستکردنی تۆمارێکی نەگۆڕ یان جێگیر بۆ بەدواداچوونی داواکاریەکان، پارەدانەکان، هەژمارەکان و، مامەڵە کارییەکانی تر. سیستەمەکە میکانیزمێکی تێدا بوونیاد نراوە کە ڕێگری لە تۆمارکردنی مامەڵەی بێ مۆڵەت دەکات و بەردەوامی لە بینینی هاوبەشی ئەم مامەڵانەدا دروست دەکات.
“بۆچی بلۆکچەین گرنگە؟”
تەکنەلۆژیاکانی داتابەیسی تەقلیدی چەندین ئاستەنگیان هەیە بۆ تۆمارکردنی مامەڵە دارایییەکان. بۆ نموونە، بیر لە فرۆشتنی موڵکێک بکەرەوە. کاتێک پارەکە ئاڵوگۆڕ دەکرێت، خاوەندارێتی موڵکەکە دەگوازرێتەوە بۆ کڕیار. بە جیا، هەردوو کڕیار و فرۆشیار دەتوانن مامەڵە پارەییەکان تۆمار بکەن، بەڵام هیچ یەکێک لە سەرچاوەکان ناکرێت پشتی پێ ببەسترێت. فرۆشیار بە ئاسانی دەتوانێت بڵێت پارەکەی وەرنەگرتووە لە کاتێکدا وەریگرتووە، هەروەها کڕیارەکەش بە هەمان شێوە دەتوانێت بڵێت کە پارەکەی داوە تەنانەت ئەگەر نەشیدابێت. بۆ خۆپاراستن لە کێشەی یاسایی، پێویستە لایەنێکی سێیەمی جێی متمانە سەرپەرشتی و پشتڕاستکردنەوەی مامەڵەکان بکات. بوونی ئەم دەسەڵاتە ناوەندییە نەک هەر مامەڵەکە ئاڵۆز و بەهێز دەکات، بەڵکو خاڵێکی لاوازیی تاکیش دروست دەکات. ئەگەر داتابەیسە ناوەندییەکە بکەوێتە مەترسییەوە، هەردوو لایەنەکە زیانیان پێدەگات. بلۆکچەین چارەسەری کێشەگەلێکی لەم شێوەیە دەکات لە ڕێگەی دروستکردنی سیستمێکی لامەرکەزی و پارێزراو لە دەستکاری بۆ تۆمارکردنی مامەڵەکان. بۆ نموونە لە مامەڵەی موڵکدا، بلۆکچەین تۆمارێکی سەرەکی (ledger) بۆ کڕیار و یەکێکی دیکە بۆ فرۆشیار دروست دەکات. هەموو مامەڵەکان دەبێت لەلایەن هەردوو لایەنەوە پەسەند بکرێن و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و ڕاستەوخۆ لە هەردوو تۆمارەکەیاندا نوێ دەکرێنەوە. هەر گەندەڵی یان دەستکارییەک لە مامەڵەکانی پێشودا، تەواوی تۆمارەکە تێکدەدات. ئەم تایبەتمەندییانەی تەکنەلۆژیای بلۆکچەین بوونەتە هۆی بەکارهێنانی لە کەرتە جیاوازەکاندا، بۆ نمونە دروستکردنی دراوی دیجیتاڵی وەکو بیتکۆین.
“چۆن پیشەسازیە جیاوازەکان بلۆکچەین بەکاردەهێنن؟”
بلۆکچەین تەکنەلۆژیایەکی تازە دەرکەوتووە کە لەلایەن پیشەسازییە جیاوازەکانەوە بە شێوازێکی داهێنەرانە پەیڕەو دەکرێت. لەم بەشانەی خوارەوەدا، هەندێک حاڵەتی بەکارهێنانی لە پیشەسازییە جیاوازەکاندا باس دەکەین.
وزە:- کۆمپانیاکانی وزە تەکنەلۆژیای بلۆکچەین بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنی پلاتفۆرمی بازرگانیی وزەی هاوتا-بە-هاوتا (peer-to-peer) و ئاسانکردنی دەستگەیشتن بە وزەی نوێبوەوە. بۆ نموونە، ئەم بەکارهێنانانە لەبەرچاو بگرە:-
– کۆمپانیاکانی وزە کە بنەمایان بلۆکچەینە، پلاتفۆرمێکی بازرگانییان بۆ فرۆشتنی کارەبا لە نێوان تاکەکاندا دروست کردووە. خاوەن ماڵەکان کە پانێڵی خۆریان هەیە، ئەم پلاتفۆرمە بەکاردەهێنن بۆ فرۆشتنی وزەی خۆریی زیادە بە دراوسێکانیان. پرۆسەکە تا ڕادەیەکی زۆر ئۆتۆماتیکییە.پێوەری زیرەک مامەڵەکان دروست دەکات و بلۆکچەین تۆماریان دەکات.
– لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەکانی کۆکردنەوەی سەرمایەی جەماوەری کە لەسەر بنەمای بلۆکچەینە، بەکارهێنەران دەتوانن سپۆنسەریی پانێڵە خۆرییەکان بکەن و ببنە خاوەنیان لەو کۆمەڵگایانەی کە دەستڕاگەیشتنیان بە وزە نییە. هەروەها لەوانەیە سپۆنسەرەکان کرێ لەم کۆمەڵگایانە وەربگرن، دوای ئەوەی پانێڵە خۆرییەکان دروستکران.
دارایی:- سیستەمە داراییە نەریتییەکان و، ەک بانکەکان و بۆرسەکان، خزمەتگوزارییەکانی بلۆکچەین بەکاردەهێنن بۆ بەڕێوەبردنی پارەدانە ئۆنلاینەکان، هەژمارەکان و، هەروەها بازرگانیی بازاڕ. بۆ نموونە، کۆمپانیای “Singapore Exchange Limited”، کە کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانی هۆڵدینگە و خزمەتگوزاریی بازرگانیی دارایی لە سەرانسەری ئاسیادا پێشکەش دەکات، تەکنەلۆژیای بلۆکچەین بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی هەژمارێکی پارەدانی نێوان بانکەکان کە کاراتر بێت. بە پەیڕەوکردنی بلۆکچەین، ئەوان چارەسەری چەندین ئاستەنگیان کردوە، لەوانە پرۆسێسکردنی بەکۆمەڵ و یەکلاییکردنەوەی دەستیی هەزاران مامەڵەی دارایی.
میدیا و کات بەسەربردن:- کۆمپانیاکانی بواری میدیا و کات بەسەربردن سیستەمەکانی بلۆکچەین بۆ بەڕێوەبردنی داتای مافی لەبەرگرتنەوە (copyright) بەکاردەهێنن. پشتڕاستکردنەوەی مافی لەبەرگرتنەوە زۆر گرنگە بۆ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانەی هونەرمەندان. چەندین مامەڵە پێویستە بۆ تۆمارکردنی فرۆشتن یان گواستنەوەی ناوەڕۆکی مافی لەبەرگرتنەوە. کۆمپانیای Sony Music Entertainment Japan خزمەتگوزارییەکانی بلۆکچەین بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی بەڕێوەبردنی مافە دیجیتاڵییەکان کاراتر بکات. ئەوان بە سەرکەوتوویی ستراتیژی بلۆکچەینیان بەکارهێناوە بۆ باشترکردنی بەرهەمداری و کەمکردنەوەی تێچووەکان لە پرۆسەی مامەڵەکردن لەگەڵ مافی لەبەرگرتنەوەدا.
تاکفرۆشی:- کۆمپانیاکانی بواری تاکفرۆشی بلۆکچەین بەکاردەهێنن بۆ بەدواداچوونی جوڵەی کاڵاکان لە نێوان دابینکەران و کڕیاراندا. بۆ نموونە، کۆمپانیای ئەمازۆن بۆ فرۆشتنی تاکەکەسی داوای تۆمارکردنی پاتێنتێکی (مافی داهێنان) کردووە بۆ سیستەمێکی تەکنەلۆژیای تۆماری دابەشکراو (distributed ledger) کە تەکنەلۆژیای بلۆکچەین بەکاردەهێنێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە هەموو کاڵا فرۆشراوەکان لەسەر پلاتفۆرمەکە ڕەسەنن. فرۆشیارانی ئەمازۆن دەتوانن نەخشەی زنجیرە دابینکردنە جیهانییەکانیان بکێشن بە ڕێگەدان بە بەشداربووان وەک بەرهەمهێنەران، گەیەنەرەکان، دابەشکەران، بەکارهێنەرانی کۆتایی و، بەکارهێنەرانی لاوەکی تاوەکو ڕووداوەکان بۆ تۆمارەکە زیاد بکەن دوای خۆتۆمارکردنیان لە (certificate authority).
“بلۆکچەین چۆن کار دەکات؟”
هەرچەندە میکانیزمە بنەڕەتییەکانی بلۆکچەین ئاڵۆزن، ئێمە لەم هەنگاوانەی خوارەوەدا پوختەیەکی خێرای دەخەینەڕوو. نەرمەکاڵای بلۆکچەین دەتوانێت زۆربەی ئەم هەنگاوانە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بکات.
هەنگاوی یەکەم:- تۆمارکردنی مامەڵەکە، مامەڵەی بلۆکچەین جوڵەی سەرمایەی فیزیکی یان دیجیتاڵی لە لایەنێکەوە بۆ لایەنێکی تر لە تۆڕی بلۆکچەیندا نیشان دەدات. وەک بلۆکێکی داتا تۆمار دەکرێت و دەکرێت وردەکاریی وەک ئەمانەی تێدابێت:
کێ بەشداربوو لە مامەڵەکەدا؟
چی ڕوویدا لە کاتی مامەڵەکەدا؟
کەی مامەڵەکە ڕوویدا؟
لە کوێ مامەڵەکە ڕوویدا؟
بۆچی مامەڵەکە ڕوویدا؟
چەند لە سەرمایەکە ئاڵوگۆڕ کرا؟
چەند مەرجی پێشوەختە لە کاتی مامەڵەکەدا جێبەجێ کران؟
هەنگاوی دووەم:- بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی گشتی، پێویستە زۆربەی بەشداربووان لە تۆڕی بلۆکچەینی دابەشکراودا لەسەر ئەوە ڕێکبکەون کە مامەڵە تۆمارکراوەکە دروستە. بەپێی جۆری تۆڕەکە، یاساکانی ڕێککەوتن دەکرێت جیاواز بن، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لە سەرەتای دروستکردنی تۆڕەکەوە دادەنرێن.
هەنگاوی سێیەم:- بەستنەوەی بلۆکەکان، کاتێک بەشداربووان گەیشتنە ڕەزامەندیی گشتی، مامەڵەکانی سەر بلۆکچەین لەناو بلۆکەکاندا دەنووسرێن کە هاوتای لاپەڕەکانی دەفتەرێکی تۆمارن. لەگەڵ مامەڵەکاندا، هاشێکی کریپتۆگرافیش بۆ بلۆکە نوێیەکە زیاد دەکرێت. هاشەکە وەک زنجیرەیەک کار دەکات کە بلۆکەکان پێکەوە دەبەستێتەوە. ئەگەر ناوەڕۆکی بلۆکەکە بە ئەنقەست یان بەبێ مەبەست دەستکاری بکرێت، بەهای هاشەکە دەگۆڕێت، ئەمەش ڕێگەیەک بۆ دۆزینەوەی دەستکاریکردنی داتا دابین دەکات. بەم شێوەیە، بلۆکەکان و زنجیرەکان بە شێوەیەکی پارێزراو پێکەوە دەبەسترێنەوە و، ناتوانیت دەستکارییان بکەیت. هەر بلۆکێکی زیادکراو پشتڕاستکردنەوەی بلۆکی پێشوو بەهێزتر دەکات و بەمەش تەواوی بلۆکچەینەکە پارێزراو دەبێت. ئەمە وەک ڕیزکردنی بلۆکی دار وایە بۆ دروستکردنی تاوەرێک. تەنها دەتوانیت بلۆکەکان لە سەرەوە دابنێیت و، ئەگەر بلۆکێک لە ناوەڕاستی تاوەرەکەوە لاببەیت، تەواوی تاوەرەکە دەڕووخێت.
ههنگاوی چوارەم:- هاوبەشکردنی تۆمارەکە (ledger)، سیستەمەکە نوێترین کۆپیی تۆمارە ناوەندییەکە بەسەر هەموو بەشداربوواندا دابەش دەکات.
“سودەکانی تەکنۆلۆجیای بلۆکچەین چیە؟”
ئاسایشی پێشکەوتوو:- سیستەمەکانی بلۆکچەین ئاستێکی بەرزی ئاسایش و متمانە دابین دەکەن کە مامەڵە دیجیتاڵییە مۆدێرنەکان پێویستیان پێیەتی. هەمیشە ترسێک هەیە لەوەی کەسێک دەستکاریی نەرمەکاڵای بنەڕەتی بکات بۆ دروستکردنی پارەی ساختە بۆ خۆی. بەڵام بلۆکچەین سێ بنەمای نهێنی نووسی (cryptography) لامەرکەزییەت و، ڕەزامەندیی گشتی بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی سیستەمێکی نەرمەکاڵای بنەڕەتیی زۆر پارێزراو کە دەستکاریکردنی نزیکە لە مەحاڵ. هیچ خاڵێکی لاوازی تاک نییە و، یەک بەکارهێنەر ناتوانێت تۆماری مامەڵەکان بگۆڕێت.
کارایی باشترکراو:- مامەڵەکانی نێوان بزنسەکان (business-to-business) دەکرێت کاتێکی زۆریان بوێت و گیروگرفتی کارپێکردن دروست بکەن، بەتایبەتی کاتێک پابەندبوون و دەستەی ڕێکخەری لایەنی سێیەم لە ئارادابن. شەفافیەت و گرێبەستە زیرەکەکان لە بلۆکچەیندا وا دەکەن مامەڵە بازرگانییەکانی لەم شێوەیە خێراتر و کاراتر بن.
وردبینی خێراتر:- پێویستە کۆمپانیا گەورەکان (Enterprises) بتوانن بە شێوەیەکی پارێزراو مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان دروست بکەن، ئاڵوگۆڕی بکەن، ئەرشیفی بکەن و، دووبارە دروستی بکەنەوە بە شێوازێک کە شایەنی وردبینی بێت. تۆمارەکانی بلۆکچەین بەپێی کات نەگۆڕن، بەواتا هەموو تۆمارەکان هەمیشە بەپێی کات ڕیزکراون. ئەم شەفافیەتەی داتا وا دەکات پرۆسەی وردبینی زۆر خێراتر بێت.
سەرچاوە؛ AWS
وهرگێڕانی؛ لاولاو مستهفا