وەک واقعی ئێستا ئەگەر لەباکوری ئێراق نین ئەی لە کوێین؟!
هەستی ناسیۆنالیزمی توند لە نێوان دەستەواژەی باکوری ئێراق و کوردستاندا گەلان لەسەر زەویەکەیان بە ناو و ناونیشانەکەیانەوە دەژین. بۆ کورد وشەی “کوردستان” تەنیا جوگرافیا نییە؛
مێژووە، خوێنە، یادەوەریە، ژیانە. کاتێک ئەم وشەیە بە “باکوری ئێراق” دەگۆڕدرێت، کورد هەست دەکات وەک ئەوەی ناسنامەکەی خۆی لێسەندراوەتەوە و دابەزیوە بۆ گۆشەیەکی تەسکی ئیداری.لە هەرێمی کوردستان ئەم حاڵەتە هەستیارییەکی زۆر لای خەڵکی کوردستان بە تایبەت لە نێو نوخبەی سیاسی و یاسایی ومەدەنیدا دروست دەکات. چەند هۆکارێکی هەیە لەوانەش:
“ڕەهەندی سیاسی”
بەکارهێنانی دەستەواژەی “باکوری ئێراق” هەرگیز بێتاوان نەبووە. لە گوتاری حکومەتە ناوەند و فیدرالیەکانی بەغدادا، ئەو دەستەواژەیە بۆ کەمکردنەوەی ئەو شەرعیەتە سیاسی و یاساییە بەکارهێنرا کە هەرێم بەدەستی هێنابوو، بەتایبەتی لە دوای ساڵی 1991 و لەگەڵ دامەزراندنی فیدرالیزم لە دەستووری 2005دا. بۆیە کورد ئەم وەسفە وەک هەوڵێکی بە ئەنقەست بۆ کەمکردنەوەی قەوارەی سیاسی خۆی دەخوێنێتەوە. کاتێک هاووڵاتییەکی کورد ئەمە دەبیستێت، وەک ئاماژەیەکی جوگرافیای تەنیا نایەت لە زیهنیدا، بەڵکو وەک بیرخستنەوەیەک دێتە بەرچاوی کە ئەوانی دیکە دانبەبوونیدا نانێن وەک نەتەوەیەک. بۆیە وشەکە دەبێتە برینێکی ڕەمزی قووڵتر لە هەر ڕەخنەیەکی سیاسی ڕاستەوخۆ . حکومەتەکانی بەغدا و زۆرێک لە میدیا عەرەبییەکان دەستەواژەی “باکوری ئێراق”یان بەکارهێنا بۆ ڕەتکردنەوەی ناوچەکە. بە مەستبێت یاخود بێ مەبەست ئەم دەستەواژەیە لە تێگەیشتنی کورددا وەک “ڕەتکردنەوەی هەست و ناوی کوردستان” ماوەتەوە .
کورد ناوی “کوردستان” بە ناوی وڵاتەکەی و هەستی نەتەوەیی خۆی دەزانێت. کاتێک باس لە “باکوری ئێراق” دەکرێت، زۆرێک هەست دەکەن وڵاتەکەیان بەشێکی بچووکە لە وڵاتێکی دیکە. ئەمەش هەستی ناسیۆنالیزمیان دەشێوێنێت. پەیوەندی بە مێژوو و ڕووداوە سیاسییەکانەوەیە .
“ناڕەزایەتی سیاسی و دیپلۆماسی”
لە هەرێمدا، لە نێوان حزب و حکومەتەکاندا، بەکارهێنانی دەستەواژەی “کوردستان” هەڵگری مانای قووڵە. زۆر کەس بە شێوەیەکی خەمناک یان سووکایەتیکردن هەست بەم شتە دەکەن. کاتێک وشەی تر لەبری “کوردستان” دەبیستن. هەستی نەتەوەیی و فۆرماڵیزم و پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیدا نیشان دەدات بۆیان
بەکارهێنانی “باکووری ئێراق” ئاماژەیە بۆ هەستکردن بە نامۆبوون لە نیشتمان و بەکارهێنانی بۆیە بابەتێکی زۆر هەستیارە. * لە ڕووی فەلسەفییەوە دەکرێ بڵێین ناوێک لە بوونی فیزیکی بەهێزترە. لەوانەیە نەتەوەیەک خاکی لەدەست بدات، بەڵام تا خاوەنی ناو و هێمایەک بێت، توانای مانەوەی هەیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، بەرگریکردن لە وشەی “کوردستان” لە نێو کورددا، فەناتیزمی زارەکی نییە، بەڵکو بەرگریکردنە لە مەرجی یەکەمی بوون. لێرەدا وشەکە تەنیا ئاماژەیەک نییە، بەڵکو وشەی کوردستان تەنها جوگرافیا نییە، بەڵکو شوناسە. میدیای عەرەبی شۆڤێنی شەڕێکی نەرم و نیان ئەنجام دەدات کە لە گوللە مەترسیدارترە. بەرگریکردن لە دەستەواژەی “کوردستان” فەناتیزم نییە، و شەڕەکە تەنها لەسەر خاک نییە، بەڵکو لەسەر ناوەکانیشە. هەرکەسێک لە شەڕی قسەدا سەربکەوێت، نزیکتر دەبێتەوە لە سەرکەوتن لەسەپاندنی بوون و وجود.