زانستی شوێنەوار؛ هەردەم لە هەوڵی دۆزینەوەی نوێدایە و گەڕان و کنە و پشکنینەکانی بەدوای پاشماوەی مرۆڤایەتی و شارستانییهتی دێریندابەردەوامە. یەکێک لەلایەنە گرنگەکانی ئەم زانستە گەڕانە بەدوای یەکەم وشەی زمان و یەکەم وشەی تۆمارکراو، یەکەم داهینانی نووسیندا، دۆزینەوەی پارە چە نووسینەکەی “کوشیم”ی شاری ئورکی سۆمهر لەمیسۆپۆتامیا کە بەیەکەمین وشەی تۆمارکراو و یەکەم ناو دادەنرێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. مێژووی زۆرشت دەگۆڕێ، وەک مێژووی زمان و زمانی نووسین و مێژووی ئەلفوبێ و مێژووی مێژوو، مێژووی بیرکاری و ئابووری و..هتد.
لێرەدا پێویست ئەکات بەر لەوەی باسی دۆزینەوەکەی كوشیم بکرێت، باسی سەرەتای پەیدابوونی زمان و بناغەکانی زمان بکرێت، وەک قۆناغێکی گرنگی گەشەکردووی بیری مرۆڤ، دیارە لەگەڵ مرۆڤدا زمانیش پەیدابووە، بەڵام بەپێی سەردەم و کات گۆڕان و گۆرانکاری بەسەرەدا هاتووە و گەشەی کردووە، چۆن مرۆڤ ژیری و لایەنی بایۆلۆژی گەشەی کردووە، ئاوهاش زمانی مرۆڤ لەگەشە و پێشکەوتنی بەردەوامدابووە. ڕاستە لە سەرەتادا مرۆڤ لەشانسینی ئاژەڵان ژیاوە و بەشێک بووە لەو ژینگیەیە، هەر وەک ئاژەڵ هاوار و دەنگی بەکارهێناوە بۆ دەربڕین. لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ ماوەیەکی یەکجا رزۆر لەسەردەمی ئاڵۆزی ژیان و گەشە کردنیدا بووە و گرفتی زمانیش هەروابووە. ئەوەی تا ئێستا زانرابێت و بتوانرێت پێی بوترێت زمان، لەماوەکانی نێوان ” ٧٠٠٠٠بۆ٣٢٠٠٠ساڵ پ.ز” دەبێت. هەرچەندە دیاریکردنی ئەم سەرەتایە کارێکی ئاسان نیە و ناتوانرێت لەسەرخاڵێکی دیاریکراو راوەستین، چونکە لەڕاستیدا پرۆسەی زمان و دروستبوونی زمان و گەشەکردنی یەکجارئاڵۆزە. بۆنمونە ئاژەڵیش زمانی هەیە و لەیەکتری تێدەگەن. هەرەوەها مێرووەکانیش زمانی دەنگی بەکاردێنن و بانگی یەکتر دەکەن لەکاتێکدا کە خۆراک دەدۆزنەوە دێن بەدەنگی یەکترییەوە. زاناکان زۆر لە مێژە تێبینی ئەوەیان کردووە و هەمیشە لە هەوڵی زۆرتردان بۆساخکردنەوەی ئەوبابەتانە. بۆ ئەو مەبستەش نموونەی زیندووباس دەکەن کە پێی دەوترێت “زمانی دەنگی”. زاناکان جۆرێک لەمەیمونی سەوز بەنمونە دەهێننەوە، تێبینی ئەوەیان کردووە مەیمون دەتوانێت بانگی مەیمونێکی تر بکات، دەنگی یەکێک لەوانە تۆمار کرا کە مەیمونێ لەگەڵ مەیمونێکی تر بەکاری هێناوە. پاشان جارێکی تر هەمان دەنگ تۆمارکراوەتەوەکە لەلایەن مەیمونەکانەوە بۆ هەمان مەبەست. واتە بۆ بانگکرنی یەکتر بەکارهاتووە لەلایەن مەیمونەکانەوە، ئەمەش مانای بوونی زمانە لەنێوانیاندا. هەروەها شێر دەنگێکی تایبەت بەکاردەهێنن بۆ بانگهێشتکردنی یەکتری. هەروەها “ئەلبێرت ئەنیشتاین” تێبینی ئەوەی کردبوو بەبەغە(توتی” هەمووشتێ ئەزانێت، دەنگی تەلەفۆن، جیڕەی دەرگا، ئاگاداری ئاگرکەوتنەوە.
لێرەدا ئەوە روون دەکرێتەوە کە زمانی مرۆڤیش لەسەرهتادا لەشێوەی زمانی دەنگی بووە و لەچوارچێوەیەکی سەرەتایی و بەرتەسکدابووە، لەشێوەی ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتیدا. پاشان دروستبوونی کۆمەڵ کۆمەڵ و بەیەکگەیشتنی دوو کۆمەڵەی جیاواز و تێکەڵاوی و زۆربوون و گەشەی مرۆڤ و خێزان و بەکۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤ بوو بە کلیلی پێشکەوتنی زمان لای مرۆڤ. واتە بەکۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤ هۆکارێکی سەرەکی گەشەی زمان و دەرکەوتنی بوو لە شێوەیەکی جیاواز و پێشکەوتووتردا، ئەوەش لەسەردەمی شۆڕشی زانیاریدابوو”١”. نووسین بۆ ئەوە داهێنرا تا زمان و زانیاری تۆماربکات، نووسینی سۆرمهرییش خۆی لە دوو جۆردا دەبینێتەوە:- یەکەم نووسین یان داهێنانی پیت “حرف” بڕگە کە لەسەرتاتەقوڕ دروست دەکران. دووەم ژمارەبوو، بە هەردوو جۆرەکەوە، بە یەکەم سەرچاوە دادەنرێن بۆ پێدانی زانیاری نووسراو و تۆمارکراو لەروانگەی مرۆڤی ژیرەوە.
واتە نووسین یان پەیدابوونی نووسین و سەردەمی نووسین، رۆشنبیری و زانیارییەکی ڕاست و دروستی بە شارستانییهتی مرۆڤ بەخشی و بەقۆناغێکی هەرە بەرزی ژیری مرۆڤ دادەنرێت. ئەگەرچی لەسەرەتادا نووسینەکان سنوورداربوون دەربارەی زانیارییەکان و ژمارەی شتەکان و ڕاستی ڕووداوەکان.”٢” لەگەڵ ئەوەشدا نووسین و داهینانی ئەلفوبێ لەمێژووی مرۆڤایەتیدا بەیەکەم هەوڵی گرنگی سۆرمهرییەکان دادەنریت بۆتۆمارکردنی رووداووژیانی مرۆڤ و هەنگاوێکی یەکجار گرنگ بووە لە گێڕانەوەی سەرەتاکانی شارستانییهتی مرۆڤ، بەتایبەت کە نووسین گەشەی کرد و سنووری خۆی فراوان کرد و داستان و چیرۆک و ڕووداوکانی جەنگی تۆمارکرد. وەک چۆن سۆرکیل یاکوبسین دەڵێت:- “سۆرمهرییەکان کە دانیشتووی باشووری میسۆپۆتامیان بوون لە باوانێکەوە هاتوون لە باكووری میسۆپۆتامیاوە، ئەمە مانای بوونی جووڵەی دانیشتوانە لەو ناوچەیە”“.”٣” بۆ نمونە دۆزینەوەی پارچە نووسینەکەی “کوشیم” مێژووی زۆرشت دەگۆڕێ، وەک مێژووی زمانی نووسین و مێژووی ئەلفوبێ و مێژووی مێژوو، مێژووی بیرکاری و ئابووری و مێژووی پەیدابوونی پارە و دراو و گەشەکردنی جموجوڵی بازاڕ..هتد.
ئەگەر بەدوای یەکەم وشەی تۆمارکراودا بگەڕێین ئەوا دەبێ بگەڕیینەوە بۆ “٥” پێنج هەزارساڵ پێش ئێستا، بۆ لای باوەگەوەرکانمان کە سۆمهر بوون. ئەویش لەدۆزینەوەی “کوشیم”ەوەدەست پێدەکات، کوشیم بە یەکەمین نامە یان یەکەمین دەق یان یەکەمین نووسینی تۆمارکراو دادەنرێت کە بۆماوەی نێوان”٣٤٠٠-٣٠٠پ.ز” دەگەڕێتەوە، لە شاری ئوروکی سۆمهردا دۆزرایەوە. “کوشیم” بریتییە لە دەقێکی نووسرا و لەسەر تاتەقوڕێک کە باسی لایەنی کارگێڕی و ئابووری دەکات.”٤” ئەمەش دەقەکەیەتی:- ““٢٩،٠٨٦پێوانە لەجۆ، ٣٧مانگدا، کوشیم” بەم شێوەیەش روون دەکرێتەوەیان دەخوێندرێتەوە“ کۆی ئەو”٢٩،٠٨٦”پێوانە یە لە جۆ بەتەواوەتی گەیشت، بۆماوەی یان لەماوەی ٣٧مانگدا، ئیمزا کوشیم” ئەمەش بەیەکەمین ڕستە تۆمارکرا لەمێژووی نووسیندا، کوشیم ناوی نووسهری دەق یان هەڵگری تۆماری دەقەکەیە یان کەسێکی دیاری کراوە. ئەگەرکەسێکی دیاری کراو بێت ئەوا بە یەکەم کەس دەناسرێت کەناوی تۆمارکرابێت لەمێژوودا یان یەکەم ناوی تۆمارکراوی مێژوو دەبێت کە تاکو ئەمڕۆ دۆزرابێتەوە، دەکرێت کوشیم تەنها ژمێریارێک بووبێت نەک پاشاو پیاوی گەوەر و شاعیر و پەیامبەر. لەوماوەیەشدا نووسین پوختکراوەتەوە لە لەسەر ڕووداوی ڕاستی و ژمارە.”٥” کوشیم پڕێتی لەنهێنی، یەکەم دەقی ئابووری و ژمێریارەییە لە مێژوودا، کە دەشێ وەک ناوی بەرپرسی ئابووری و گەنجینە و ژمێریارێک ناوی خۆی نووسیبێت، یەکەم ڕستەی بواری زمانەوانییە، یەکەم دێڕی ڕیزکراوی ئەلفوبێیە، یەکەم هەوڵی مرۆڤە بۆ تۆمارکردن و ڕێکخستنی لایەنی کارگێڕی، یەکەم هەوڵی مرۆڤە بۆژماردن و ژمارە و بیرکاری، یەکەم هەوڵی مرۆڤە بۆ دانانی پێوانە و نرخ و پارە و بازاڕ و بازرگانی کە تا ئەمڕۆ دۆزرابێتەوە. ئەگەر ئێمە وادابنێین کوشیم درواسێی هەبووە یان بۆ کێ ئەم بارەی لەجۆ ناردووە. لەگەڵ کێ پەیوەندی هەبووە؟ پێدەچێت لەگەڵ ناوچەکانی باكوور و ڕۆژهەڵات بەتایبەت گوبیڵک تەبە بووبێت، هەرچەندە لەم شوێنەوارەدا هێشتا نووسین نەدۆزراوەتەوە.
هەر چۆن بێت پارچە نووسینەکەی “کوشیم” دەیسەلمێنێت یەکەم نووسین دەربارەی ئابووری و ژمێریاری و پارە و باجدان بووە، نەک ئەفسانە و فەلسەفەو یاساو دەستوور، بەڵام دواتر نووسینەکانی تر لەسەر بابەتی هەمەجۆر و جیاواز پەیدابوون لەنێوان ساڵانی “٣٠٠٠ب٠٢٥٠٠ساڵ پ.ز” لەم قۆناغەشەوە بوو بە سیستەمی نووسینی سۆمەری و زمان و خەتی سۆمەر. ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەوتریت دەقی نووسراوی مێخی یان بزماری سەرتاتەقوڕەکان. لەم ماوەیەدا نووسینی ئایینی و نامەی تایبەتی پاشا و یاسا و ژیانی خەڵک بڵاوبووهتەوە. پاشان خەتی هیرۆگلفی لە میسر داهات و دواتر بۆ یەکەمجار ساڵی” ١٢٠٠”پ.ز لە چین خەت و نووسینی کۆنیان بەکارهێناوە، لەدوایشدا لە ئەمەریکای لاتین لەنێوان ساڵانی” ١٠٠٠ب٥٠٠پ.ز” نووسین بەکارهاتووە.”٦”. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە تا ئێستا شوێنەوارناسەکان نووسینێکیان نەدۆزیوەتەوە پێش کوشیمی سۆمەر یان خەت و نووسینی سۆمهر بکەوێت. سۆرمهرییەکان لەداهێنانی خەت و نووسین و تۆمارکردنی زماندا لەوانەوتنەوە و فێرکردن و پەروەردەدا پێش خەڵکانی تر کەوتوون. دەقەکەی “کوشیم” بەتەواوەتی مێژوو دەگۆڕێت وەکو پێشتر ئاماژەی پێدراوە لە زۆر بواردا وەک بەڵگەیەکی گرنگ بەهەند وەردەگیرێت. بۆنموونە مێژووی نووسین کە پێشتر ماوە”٢٨٨٥پ.ز” بەکۆنترین دەق و خەت ونووسین دادەنرا، ئێستا دەردەکەوێت زۆر لەوە زیاترە بۆسەرووی” ٣٠٠٠تا٣٤٠٠ساڵ پ.ز” دەبێت. هەرەوەها مێژووی پارەوئاڵوگۆڕی شتومەک لەبازاڕدا دەگۆڕێت. پێشتر ئەوە سەلمێنراوە کە لیدییەکان پارەیان داهێناوە، بەڵام ئێستا گومان دەکرێت ئەو مێژووە زۆر لەوە پێشتر بووە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمهر، چونکە “کوشیم” باسی دانی پارە و باج دەکات. دەکرێت کوشیم بەسەرەتای داهێنانی پارە دابنرێت. مرۆڤ هەر لەکۆنەوە بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لە خۆراک و پێویستی ڕۆژانەی بیری لە گۆڕینەوەی شت بەشت کردووە، پاشان ئەم بیرۆکەیە گۆڕا بۆ دروستکردنی شتێك کە بەهای هەبێت و بتوانێت لهبری شتێ بگۆڕیتەوە یان شتی پێ بکڕیت و بەنرخ بێت. مەرج نیە ئەو شتە تەنیا لەشێوەی پارە “کویین” بێت، ڕەنگە پارچە زێڕێ یان ئاسن، زیوو، هەر شتێکی دروستکراوبێت. ناکرێت لە شارستانییهتیکی پێشکەوتووی میسۆپۆتامیا و کوردستان دا بەتایبەت لەسەردەمی سۆمهردا؛ پارە و دراو نەبووبێت، شارستانییهتی سۆمهر وەک پلەیەکی باڵا لە مێژووی مرۆڤ سەیردەکرێت.
نووسهری پەرتووکی ساپینیس Yuval Noah Hararyیوڤاڵ نوح ههراری دەڵێت:- “سەرەتاکانی دەرکەوتن و کارکردن بە پارە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆرمهرییەکان کە بە”پارەی جۆ” ناسراوە لە “٣٠٠٠”هەزار ساڵ پ.ز، کە ئەمەش هەرئەوەندە گرنگ بووە کە بوو بە بەشێک لەلایەنی کارگێڕی و ئابووری، چونکە دروستکردنی پارە باوەڕی خەڵکی دەوێت، لایەنی یاسایی و دەوڵەتی دەوێت. چۆن دەتوانی باوەڕ بەخەڵک بهێنی کە پارچە زیوێ یان ئاسنێك یان هەرشتێکی تر لەبری شت وەربگرێت؟ چۆن نرخی هەبێت و چۆن رێکبخرێت؟ ئەمانە تەنیا پێوستی بەهێزیکی یاسایی هەیە. سەرهەڵدانی پارە و خستنەکاری هەنگاوێکی یەکجار گرنگ بووە”. ئەوەی “کوشیم” کە باس لە پارەدانی جۆ دەکات، بە واتایەکی تر پارەی جۆ پێوەرێکی گرنگ بوو بۆ پێوانەی شتەکانی تریش، چی گۆڕینەوە بێت یان ئاڵگۆڕکردنی کەل و پەل و خزمەتەکانی تر. لەو کاتەشدا باوترین پێوانە “پێوانەی سیلە بووە کە بەرامبەر بە ”لیتر و نیوێک” دانراوە. دواتر “سیلە” بوو بە ”شقل””٧” بۆ ئەو مەبەستە و بەیاسایی کردنی، قاپێکی ستاندارد دانراوە، واتە قاپێک جۆ دانراوە بۆ پێوانە. پێوانەی هەرشتێ ئەتوانرێت بە کێشی قاپێکی جۆ بکێشرێت، ئەوەش لەو سەردەمەدا تاکە پێوانەیەک بووە بۆ کڕین و فرۆشتن و پێدانی پارە یان لە جیاتی دانی کرێی کار و فرمان. بۆنمونە پارەی مانگانەی کەسێ کە کاری کردوە بەو “سیلە” دانرواە، پارەی کرێی مانگی پیاو”٦٠”سیلە-شەقل بووە و هی ژنێک “٣٠”سیلە بووە، بۆ چاودێری کرێکارەکان “١٢٠٠”بۆ”٥٠٠٠”سیلە بووە، تەنانەت موچە بە پارەی جۆبووە کە پێداویستیەکانی تری ژیانی ڕۆژانەی وەک ڕۆن و نان و گۆشت “بزن”….هتد. شتی تریشی پێکڕدراوە.
بەوپێیەش “جۆ” بووە بە بنەمایەکی سەرەکی بەهای پارە، چونکە جۆ ”جۆ و گەنم” مێژووەیەکی بایۆلۆژییان هەیە لەگەڵ مرۆڤدا، کە توانیوێتی بیخوات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم شێوازی پارەیە کێشەی خۆی هەبوو، وەک ئەوەی کێشی زۆر بوو، نەدەتوانرا لەگەڵ خۆت هەڵیبگریت یان بیگوازیتەوە بۆ شوێنێکی تر، چونکە سەنگی هەبوو، دوای ماوەیەک لە بهکارهێنانی هەروەک لایەنەکانی تر لە میسۆپۆتامیا ئەمیش پێشکەوت و هەر لە هەزارەی سێیەمدا “شەقیل-سیلڤەر” پەیدابوو، تەنانەت ئەمەش لە شێوەی پارە نەبوو “کووین”، بەڵام بەرامبەر بە”٨.٣٣”گرام سیلڤەربوو، ئەم شێوازە تا سەردەمی حامورابی پاشای بابل هەر مابووە و کاری پێکراوە. بۆنمونە لە یاسای حامورابیدا ئەوە هاتووە، کە ئەگەر کەسێک کۆیلەیەکی ژنی کوشت دەبێت ” ١٦٦” گرام سلڤەر بدات، وەک غەرامەیەک یان وەک سزایەکی پارەدان و پارە لێسەندن. دواتر ئەم شێوازە لە بەکارهێنانی کانزا گەشەی کرد و بووە هۆی پەیدابوونی پارە بەشێوەی کوین، وەک پارەی ئاسن لەسەر دەستی پاشای وڵاتی لیدیا، کروسوس لە ”٦٤٠پ.ز” دا لە ئەناتۆڵیا کە لە سلڤەر یان ئاڵتوون دروستکراوبوو. دوودیوی هەبووە، دیوێک بەها و ژمارەی پارەکە دیوەکەی تری لایەنی دەسەڵاتدار و هێزی ڕامیاری وڵاتی لەسەر بووە، وەک “وێنەی پاشا، ئیمزا، هێما” ئەمانەش گرنگی خۆیان هەبووە، وەک بوونی گرنتیەک بۆ پارەکە کە بەهای هەیە و مامەڵەی پێدەکرێت.
بەو شێوەیە پارە بچوککرایەوە و بە ئاسانی هەڵدەگیراو دەگوازرایەوە بۆ هەرشوێنێک کە مەبهست بووە.”٨” لەگەڵ ئەوەشدا کە پارە پەیدابوو، هاتە بازاڕەوە، بەڵام هێشتا زۆرێک لەدوەڵەتان ”گەنم وجۆ” یان وەک باج لە خەڵک وەردەگرت، ئەميش لە ئیمپراتۆری ڕۆمادا باو بووە، بەڵام لەسەدەی یەکی زاینی ڕۆما پارە “کوین”ی بەهێزی نوێی خستە بازاڕەوە و کاری پێکرا، نەک هەر لەناوخۆی ڵاۆما، بەڵکو متمانەی پەیداکرد و لە هندستانیش ئاڵوگۆڕی پێدەکرا، ئەمەش یەکەم هەنگاو بوو پارە لەدەرەوەی وڵاتی خاوەن پارەکە لە بازاڕدا بەکاربهێنرێت و بەهای هەبێت. ئەو پارە نوێیەی ڕۆما شێوازی کوینی لەناوچەییەوە گۆڕی بۆ جیهانی. هەرچەندە لەو ماوەیەدا لە هندستان پارەی ناوخۆی هەبووە و کاری پێکرواە پێی دەوترا” دیناروس“ پاشان لەسەردەمی خەلیفەکانی دەوڵەتی ئیسلامیدا ئەم زاراوەیە بەعەرەبکراو گۆڕیان و کردیان بە دینار، کە تا ئەمڕۆش لەزۆربەی وڵاتانی جیهانی ئیسلامی بەکار دێت، مامەڵەی پێ دەکرێت وەک ئەردەن، وڵاتی دوو ڕووبار، سڕبیا، مەکدۆنیا، تونس…هتد. بێگومان لەدوای دەوڵەتی لیدیاوە لە ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست کار بەشێوەی پارەی لیدی و ڕۆمانی کراوە، دواتر چینییەکان مادەی برۆنزیان لەدروستکردنی پارەدا بەکارهێنا نەک سلڤەر و ئاڵتون، ئەوەی ئەمڕۆ لەجیهاندا بەکاردیت.”٩” هەر بۆیە كوشیم وەک سەرەتایەکی گرنگ و بایەخدار دادەنرێت بۆ سەرەتای پەیدابوونی پارە.
سەرچاوە و پەراوێزەکان؛
“1”Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London,2014,p22-25.
“2”Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London,2014,p122-123.
“3”Thorkil Jacobsen. Ancient Civilization,p72.
“4”Magnus Vasterbro,101 historiska handelser en annorluda Varldshistoria, Lund,2015,p9-10.
“5”Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London,2014,p123.
“6”Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London,2014,p126.
“٧”بۆپارەی جۆو “ شقل”بڕوانە : فاتح عبداللة محمد : العلاقات السياسية و العسكرية بين الاشوريين و الميديين ، جامعة السليمانية ، 2008 ، ص ١٣٦.
“8”“Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London,2014,p181-183.
“9” “Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London,2014,p184-185