“خوێندنەوەیەکی شیکاری بۆ واقیعی سیاسی و دیپلۆماسی ئەمریکا”
ناوی “دۆناڵد ترەمپ” لە مێژە پەیوەستە بە بیرۆکەی “گەورەترین مامەڵەکار” لە سیاسەتی ئەمریکا و میدیای جیهانیدا. ئەم تێڕوانینە کە لە ڕۆژانی دەستپێکی مامەڵەکردن لە جیهانی خانووبەرەدا تا گەیشتن بە کۆشکی سپی یاوەری بووە، ئێستا هەم جێگەی پرسیارە و هەم تانەو تەشەرە، تایبەت دوای لەتکەکەی ئەلاسکا، کە هیچی وەهای لێ نەهاتەدی. ڕووداوەکانی ئەم دواییە بە ڕوونی ئەوە دەردەخەن کە وێنەی ترەمپ وەک ڕزگارکەرێک لە هەموو قەیرانێکی نێودەوڵەتیدا لە جیهانێکدا کە گۆڕانکاری دیپلۆماسی و سیاسی ئاڵۆزی بەسەردا دێت، وەکو خۆی نەماوە یانیش هەر لە بنچینە وەها نەبووە. ساڵانێکە “دۆناڵد ترەمپ” سەرۆکی ئەمریکا بەوە دەنازێت پیاوی رێککەوتنەکانە، خۆی وەک “بازرگانێک” پیشان دەدات، توانای ئەوەی هەیە هەموو بەریەککەوتنێکی سیاسی بکاتە دەستکەوتێکی بەرجەستە. بەڵام لوتکەی ئەلاسکا لەگەڵ “ڤلادیمێر پوتین” وێنەکە بە تەوواویی گۆڕا، دوای پێشوازییەکی سەرسوڕهێنەر، ترەمپ بەبێ هیچ ڕێککەوتنێکی ڕوون لە لوتکەکە دەرچوو، نە لەسەر ئۆکرانیا و نە لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ڕووسیا، بەو شێوەیەی هیوای بۆ دەخوازرا.
لە کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکاندا؛ وەک ئەو کۆبوونەوەیەی کە لە ئەلاسکا لەگەڵ “ڤلادیمێر پوتین” سەرۆکی ڕووسیا ئەنجامدرا، پرسیارەکان چیتر لەسەر گرێبەست یان دەرئەنجامەکان نین، بەڵکو لەسەر خودی توانستی ترەمپ -ە لە ڕێکكەوتنەکان و دەرخەری ئەوەیە کە ئەو جڵەوبالای ئەو لوتکەیە نەبووە و جڵاوبالای ئەو لوتکەیە سەرۆکی ڕووسیا “ڤلادیمێر پوتین” بووە. لە دەرئەنجام ئەوە روون بوویەوە کە جیاوازییەکەی زەق لە نێوان توانستی ڕاستەقینەی ترەمپ و وێنەی میدیایی ئەو ئاشکرا کرد. میدیا ئەمریکییەکان کە لە مێژە سەرنجیان لەسەر وێناکردنی ترەمپ وەک پاڵەوانێکی سیاسییە و بەشێکی بەرچویش دژایەتی دەکەن، هیچ ڤبەزەییەک نانوێنن و میدیاکانیان بوونەتە سەکۆیەک بۆ گاڵتەکردن و گاڵتەجاڕیی. ڕۆژنامە نێودەوڵەتییەکان دەستیان کردووە بە تێکەڵکردنی ڕەخنە لەگەڵ شیکاری گاڵتەجاڕانە، تیشک دەخاتە سەر دەرئەنجامەکانی ئەو لوتکەیە، کە بە رای خۆم کۆتایی هاتنە بە وێنەی “دۆنالد ترەمپ” وەکو دانوستانکاری راستەقینە و بێ کێبڕکێکار و کۆتایی سەردەمێکی زێڕینە کە بە لە باشترین دۆخ ئەوە ئەگەر دەوروژێنێتەوە، کە دەکرێت ترەمپ هەر لە دەستپێکەوە ئەو دانوستانکار و رێککەوتنکارە لێهاتووە نەبووە خۆی و میدیاش وێنایان کردووە.
لوتکەکە لەوە دەچوو زیاتر بێت لە هێما، بەڵام خاڵی بوو لە دەرئەنجام. میدیاکانی ئەمریکا و رۆژئاواش بەرامبەر بە ترەمپ هیچ بەزەییان نەنواند… پوختەی سەردێڕەکان ئەوە بوو، پوتن فەرشی سوور و ترەمپ-یش هیچ، ئەوە تەنیا نائومێدی ئەمریکا نەبوو؛ ئۆکرانیا بە گومانەوە سەیری کۆبوونەوەکەی کرد. ئەزموونەکانی پێشوو، لە بوداپێستەوە تا مینسک، کیێڤیان فێرکردووە کە هەر “ڕێککەوتنێکی ئاشتی” لەگەڵ مۆسکۆ تەمەنی کورت دەبێت. ئەمە تەنیا بابەتی تەنز نییە؛ قەیرانێکی دیپلۆماسی ڕاستەقینەیە. ئەمریکا کە خووی بە قەبەکردنی ڕێککەوتنە گەورەکان گرتووە، ئێستا ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووسیا و چین و قەیرانەکانی تایوان و ئۆکرانیا بەرۆکی گرتوون. بۆ نموونە ململانێی ئۆکرانیا تیشک دەخاتە سەر سنوورداربوونی توانای واشنتۆن بۆ کاریگەریی ڕاستەوخۆ و بۆ تایوانیش ترەمپ تەنیا لەوە دڵنیاییە لەسەردەمی سەرۆکایەتی ئەو دەستەبسەرداگرتنەوەی دوورگەوڵاتەکە روونادات. ترەمپ بەردەوامە لە گەڕان بەدوای ڕێگایەکدا بۆ ئەوەی رێککەوتنێک بئافرێنێت و دواجار بە خەلاتی نۆبڵی ئاشتیش شاد ببێت. وێنەکانی کۆبوونەوەی “ترەمپ و پوتین” لە شوێنی نافەرمی، یان دەربڕین و هێماکان بۆ گەلی ئۆکرانیا، ڕەنگدانەوەی هەوڵە شکستخواردووەکانن بۆ دەربڕینی دەسەڵات و رادەستبوونی ئۆکرانییەکان بە ڕووسا، لەکاتێکدا واقیعەکە ئاماژە بەوە دەکات کە سیاسەتی جیهانی چیتر بە تاکە کەسایەتی بەڕێوەناچێت، هەرچەندە بەناوبانگ بن. بە دیوێکی دیکەش هەرچەندە پوتن فەرشی سوری بۆ راخرا و ترەمپیش لەوە تیدەگات کە ناتوانێت چاکە بە ماڵ و موڵک و وڵاتی خەڵکی دیکەوە بکات. ئەمەش ئەو تێڕوانینە بەهێزتر دەکات کە شکستی لوتکەکە تەنها ڕووداوێکی دیکە نەبووە، بەڵکو بە جۆرێک لە جۆرەکان شکستی وێنەی دانوستانکار و رێککەوتنخوازی “دۆناڵد ترەمپ”-ە، دەخرێتە بەرگومان کە ترەمپ چیدیکە پیاوی رێککەوتنەکان بێت. بە دیوێکی دیکە، ئەگەر لە رووی دیپلۆماسی ئەو لوتکەیە بەستەڵەکی نێوان ئەمریکا و روسیای لە ئەلاسکا شکاندبێت، بەڵام وەکو ئابوری فاینانشیاڵ تایمز ئاماژەی بۆ دەکات، زیاتر ڕەنگدانەوەی بێتواناییە بۆ ترەمپ نەک دەستکەوت و سەرکەوتن و بەدیهێنانی رێککەوتنێک کە دەمێکە ترەمپ خەونی پێوە دەبینێت و بەڵینیشی دابوو جەنگە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر بوەستێنێت.
لە ڕوانگەی شیکاری ستراتیژییەوە ترەمپ دوو لێکدانەوە هەڵدەگرێت:- یەکەم، وێناکردنی ترەمپ وەک مامەڵەکارێک کە توانای دانوستان و مامەڵەکردنی هەیە، دووەم، خۆوێناکردنی ترەمپ وەکو مامەڵەکار و دانوستانکاری مەزن. لەو چوارچێوەیە، میدیا ئەمریکییەکان و تایبەت کۆمارییەکان بەردەوامن لە وێناکردنی ترەمپ وەک پاڵەوانێکی سیاسی. دەوتاندرێت بگوترێت کە ترەمپ ئەستم سەر لە هاوکێشە سیاسییەکان دەردەکات کە چۆن چۆنی هاوپەیمانییەکان دەگۆڕدرێن و بەرژەوەندییەکان ئاوەژوو دەبنەوە. لەوەش خراپتر، پیدەچێت ترەمپ لەمهش نەگات کە جیهان چیتر بەپێی یاسا سادەکان یان کارامەیی دانوستانی تاکەکەسی کارناکات، بەڵکو بەپێی هاوسەنگی هێز و بردنەوەی دوو لایەنە، هەرچەندە لایەنە بەهێزەکە ئاسایی براوەتر لە رێککەوتنەکان دێتە دەرەوە. تەنانەت لەناو ئەمریکاشدا کاردانەوەی ئەم داتەپینە سیاسییە بە ترەمپ-ەوە شاراوە نیە. میدیاکان رژدتر و بێبەزەییانەتر سەنگەریان لە ترەمپ گرتووە و هەر هەوڵێک بۆ دووبارە بوونیادنانەوەی وێنەی ئەو وەک مامەڵەکارێک ڕووبەڕووی بەرهەڵستی ڕاستەقینە دەبێتەوە. سیاسەتەکانی ترەمپ بەهۆی جڵەوباڵایی لەناوەخۆ رەنگە بە سەپاندن و بێ راوێژ تا ئێستا چووبنە پێشەوە، بەڵام لەرووی دیپلۆماسی لە سوو و باجەکان بەدەر نە تەبایی سیاسیی و نە سازانی لەگەڵ هاوپەیمانەکان هێشتووە.
ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئەم دواییە لەگەڵ ڕووسیا، یان هەڵوێستەکانی ئەمریکا پەیوەست بە چین و ئۆکرانیا، بە ڕوونی ئاشکرای دەکەن کە جیهان چیتر شوێنێک نییە کە هەر کەسێک بتوانێت تەنیا لە ڕێگەی ناوبانگ یان دەسەڵاتی کەسییەوە ئیرادەی خۆی بسەپێنێت. بە پێچەوانەوە سیاسەتی ئەمڕۆ پێویستی بە لێهاتوویی وردی شیکاری و تێگەیشتن لە هاوپەیمانییەکان و هاوسەنگی لە نێوان سیاسەتی هێمایی و راستییەکاندا هەیە. هەموو شکستێک یان گاڵتەکردنێکی میدیایی تەنیا ڕووداوێکی تێپەڕ نییە، بەڵکو نیشاندەری گۆڕانکارییە قووڵەکانە لە سیستەمی نێودەوڵەتی و، هاوکات، دەری دەخات پێشبینیکردنی کاریگەرییە نەریتییە ئەمریکییەکان لە ڕێگەی تاکەکەسێکەوە ئاسایی نیە. بۆ چاودێران ئەوەی ڕوودەدات تەنها شکستی خودیی ترەمپ نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی قووڵترە لە سیستەمی سیاسی ئەمریکادا. ئیتر کێبڕکێکار و دانوستانکار ترەمپ چیدیکە جڵەوی دەرئەنجامەکان ناکات، بە دیوێکی دیکە هاوکێشەکان ئاڵۆزتر و پرسەکان خرپاتر دەکات.
لە کۆتاییدا ئەوەی ڕوودەدات پەیامێکی ڕوون دەنێرێت: جیهان چیتر لە دەوری تاک کەسایەتیدا ناسوڕێتەوە، گرنگ نییە چەندە بەناوبانگ بن. ترەمپ ئیتر گرێبەستکار و دانوستانکاری یەکلاکەرەوە نییە و ئەمەش تەنها مانشێتێکی سەرنجڕاکێش نییە؛ بەڵکو واقیعێکی بەرجەستەیە کە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە پێکهاتەییەکانی سیاسەتی ئەمریکا و دیپلۆماسی نێودەوڵەتییە لە پرسی غەززە، تا دەگاتە ئۆکرانیا و حوسییەکان. وێنەی میدیایی چیتر ڕەنگدانەوەی واقیع نییە و ئیتر گرێبەستە ڕاستەقینەکان لەبەردەم کامێراکان یان لە مانشێتەکاندا ناکرێن، بەڵکو لە وردەکارییە وردەکان و دانوستانە درێژخایەنەکان و هاوپەیمانییە ئاڵۆزەکاندا دەکرێن کە زۆرجار لە چاوی گشتی دەرباز دەبن. پێشووتر وۆڵستریت جۆرناڵ بڵاوی کردبوویەوە، کە ئەگەر لوتکەکەی ئالاسکا شکست بهێنێت، رەنگە بەهیچ شێوەیەک کۆبوونەوەی دیکە لەسەر ئۆکرانیا لە نێوان “ترەمپ و پوتن” ئەنجام بدرێن. بەو شێوەیەش، رووداوەکە وەکو دوایین و گەورەترین بزمارە لە تابوت بانگەشەیەیی سەرۆکی ئەمریکا “دۆناڵد ترەمپ” وەکو پیاوی رێککەوتنەکان و ئەویش بچێتە ریزی ئەو سەرۆک و سەرۆکوەزیران و وەزیرانی رۆژئاوا، کە “ڤلادیمێر پوتن” هاوشێوەی یاریزانێکی شەترەنج، لێی بردنەوە و بەلاڕێیدا بردوون.