مانگی پێنج (مایۆ) ی 2025، دە ساڵ بەسەر دەستپێکردنی پلانی “دروستکراوی چین 2025” تێدەپەڕێت، کە حکومەتی چین لە نۆزدەی مایۆی 2015 دا ڕایگەیاند. ماوەی پلانەکە بە دە ساڵ دیاریکرابوو و ئامانجەکانی لەم خاڵانەدا کورتکرابووەوە:-
- گۆڕینی چین لە وڵاتێکی گەورەی بواری پیشەسازییەوە بۆ هێزێکی پیشەسازیی بەتوانا.
- پاڵنانی ئابووری بۆ پارێزگاریکردن لە ڕێژەی گەشەی مامناوەند بۆ بەرز.
- بەرزکردنەوەی پێگە و ڕۆڵی چین لە زنجیرەی بەها جیهانیهكاندا.
ساڵی 2025 نەک تەنها ساڵی کۆتایی ئەو پلانە نییە، بەڵکو هەمان ئەو ساڵەیە کە سەرکەوتنی سەرسوڕهێنەری زیرەکیی دەستکردی لە چیندا بەخۆیەوە بینی، کە لە “دیپ سیک” (DeepSeek)دا بەرجەستە بوو. پرسیارێک کە مێشکی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە ئەمەیە؛ چین چۆن توانی لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا درێژە بە سەرکەوتنە سەرسوڕهێنەرەکەی بدات، لە جیهانێکدا کە پڕە لە ناجێگیری، جەنگ، ڕکابەریی جیهانی، جەنگی بازرگانی، لەگەڵ باجی گومرگی و ڕێوشوێنی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن هەندێک وڵاتەوە؟ لە شیکارییەکدا بەناونیشانی “2025.. ئایا دەبێتە ساڵی سەرکەوتنی چین و هاوکاریی گەورەتری جیهانی؟” کە لە حەڤدەی شوباتی 2025 لە ماڵپەڕی فەرمی “کۆڕبەندی دارایی نێودەوڵەتی” بڵاوکرایەوە، هاتووە؛ “بە نزیکەیی لە ساڵی 1980هوه، چین خۆی وەک هێزێکی پیشەسازی گەشەسهندوو، بەهۆی هێزی کاری هەرزانەوە، زۆرێک لە کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان (فرهڕهگهزهكان) مۆدێلی کاری خۆیان لەسەر بنەمای توانای پیشەسازیی بەهێزی وڵاتەکە و زنجیرەکانی دابینکردن بوونیادنا. کۆمپانیای نایکی (Nike) ئەمهریکی یەکێک بوو لە دیارترین نمونەی ئەو کۆمپانیایانەی کە سوودیان لە سەرچاوەکانی چین وەرگرت. لەگەڵ ئەوەشدا، لایەنە نەرێنییە سەرەکییەکەی ئەوەبوو کە ئەمە پیسبوونێکی زۆری بەهۆی پیشەسازیی قورسەوە لەخۆگرتبوو، لەگەڵ بێتوانایی و هەندێک جار تەکنەلۆژیای کۆن. بەڵام، ئەمە هەلی کاری بۆ دانیشتوانی چین دابینکرد و یارمەتیدا گەشە بکات و دەوڵەمەند بێت لەگەڵ سەرکەوتنی لە زنجیرەی بەهاكاندا.
بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی چین دەبنەوە، حکومەتی چین ستراتیژییەکی پلاندانانی دانا کە بریتی بوو لە “پلانە پێنج ساڵییەکان”، کە ئاراستەی گەشەپێدانی چینی کردووە لە ماوەی چل و پێنج ساڵی ڕابردوودا و هێشتاش بەردەوامە. هەروەها حکومەت ناوچەی گەشەپێدانی تایبەتمەندی لە وڵاتەکەدا دیاریکرد، بە پشتبەستن بە توانا پیشەسازییەکان و بوارە جیاوازەکانی شارەزایی. بۆ نموونە، پیشەسازییە قورسەکان زاڵن بەسەر پارێزگا باکوورییەکاندا، وەک هێبێی، لیاونینگ و شانشی، لە کاتێکدا شارە گەورەکانی وەک پەکین لە باکوور، شەنگەهای لە ڕۆژهەڵات و شینژێن لە باشوور بوونەتە ژینگەیەکی داهێنانی ئاستبەرز لەسەر ئاستی جیهان، کە کۆمپانیا پێشەنگە تازە دامەزراوەکان و سەرچاوەکانی دارایی وەک خاوەن سەرمایەی مەترسیدار و بازاڕەکانی بۆرسە و شتی دیکە کۆدەکەنەوە. وەک بەشێک لە گواستنەوەی بۆ ئابووری “4.0”، چین پشت بە کۆمپانیا زەبەلاحە تەکنەلۆژییە نوێیەکان و کۆمپانیا داهێنەرەکان دەبەستێت، وەک “بایدو”، “عەلی بابا”، “تێنسێنت”، “بایت دانس”، “بی وای دی”، “دی جی ئای” و “هواوی”، و ئێستاش “دیپ سیک”، کە داتای گەورە (Big Data) و زیرەکیی دەستکرد بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی ئابوورییەکەی زیاتر پشت بە خۆی ببەستێت و هەمەچەشن و پێشکەوتووتر بێت. چین تەنها لە ڕووی قەبارەی ئەم گۆڕانکارییەی کە تەکنەلۆژیا سەرکردایەتی دەکات، دەتوانرێت بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەراورد بکرێت. چین ماوەیەکی زۆرە ئامانج و پلانی گەورەی بۆ خۆی داناوە، لەوانەش سیاسەتی پیشەسازیی گشتگیر کە ئامانجی گۆڕینی وڵاتەکەیە بۆ هێزێکی پیشەسازیی جیهانی و داهێنەر تا ساڵی 2025، کە ئامانجێکە تا ڕادەیەکی زۆر بەدەستیهێناوە. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی چین، کە بەهۆی نائارامییە جیۆپۆلەتیکییە زیادبووەکانەوە پەلەی لێکراوە و گرنگتر بووە، کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە تەکنەلۆژیای بیانی، بەتایبەتی لە کەرتە هەستیارەکانی وەک نیمچەگەیەنەرەکان، ئامێری پێشکەوتوو و زیرەکیی دەستکرد.
لە بیست و حەوتی کانوونی دووەمی 2025، ڕۆژنامەی (لومۆند)ی فەڕەنسی ڕاپۆرتێکی پەیامنێرەکەی لە پەکین، هارۆڵد تیبۆ، بڵاوکردەوە و تێیدا وتی کە پلانی “دروستکراوی چین 2025” وەک کەشتییەکه کە ئامێری ناردنی خۆی دەکوژێنێتەوە کاتێک دەچێتە ناو ئاوە هەستیارەکانەوە. حکومەتی چین پلانەکەی لە بەهاری 2015دا دەستپێکرد، بە ئامانجی گۆڕینی چین لە زەبەلاحێکی پیشەسازییەوە بۆ هێزێکی پیشەسازیی جیهانیی گەورە، کەرتە سەرەکییەکانی کردبووە ئامانج، لە بایۆتەکنۆلۆژیا و ماددە نوێیەکانەوە تا نیمچەگەیەنەرەکان و ئۆتۆمبێلی کارەبایی. گۆڕانی چین لە ناوەندێکی پیشەسازیی کەم تێچووەوە بۆ ناوەندێکی بەرهەمهێنانی داهێنان، بە تەرکیزکردن لەسەر توێژینەوە و گەشەپێدان و پەرەپێدانی مافی خاوەندارێتیی بیری (الفكرية)، زۆر بەرچاو بوو. بەگوێرەی پلانی “دروستکراوی چین 2025″، “تا ساڵی 2025، دەبێت خەرجی لەسەر توێژینەوە و گەشەپێدان وەک ڕێژەیەک لە داهاتی پیشەسازییە سەرەکییەکان 1.68% تێپەڕێنێت، و دەبێت ژمارەی داواکاریی تۆمارکردنی داهێنانەکان بە ڕێژەی50% زیاد بکات بەبەراورد لەگەڵ ئاستەکانی 2025”. لە ساڵی 2017، چین لە ڕووی ژمارەی داواکاریی تۆمارکردنی داهێنان کە ساڵانە پێشکەش دەکرێن، پێش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەوتەوە، بووە پێشەنگی جیهانی لە دروستکردنی مافی خاوەندارێتیی بیریدا (الملكية الفكرية). هەروەها چین ئێستا پێشەنگایەتیی پێشبڕکێی جیهانیی توێژینەوە و گەشەپێدان و تۆمارکردنی داهێنان لە بواری زیرەکیی دەستکرددا دەکات، ئەمەش مانای وایە دەرکەوتنی “دیپ سیک” لە ساڵی 2025دا چاوەڕوانکراو بوو.
بەگوێرەی دەستەی نیشتمانیی ئاماری چین، کۆی خەرجییەکانی چین لەسەر توێژینەوە و گەشەپێدان 3.6 تریلیۆن یوان (یهك دۆلاری ئەمهریکی ئێستا نزیکەی 7.3 یوانه) لە ساڵی 2024دا تێپەڕاند، بە زیادبوونێکی 8.3% بە بەراورد بە ساڵی پێشوو، کە دەکاتە 3.69% ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکە. لە ساڵی 2022هوه، چین نزیکەی25%ی خەرجیی جیهانی لە بواری توێژینەوە و گەشەپێداندا پێکدەهێنێت و لە دوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە پلەی دووەمدایە. جێبەجێکردنی ئەمە یارمەتیدەر بوو لەوەی چین ببێتە گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە جیهاندا، کە کۆمپانیاکانی وەک “بی وای دی” (BYD) بە خێرایی ناسنامەی جیهانییان بەدەستهێنا. لە پیشەسازیی فڕۆکەوانیدا، چین ناونیشانی هەواڵەکانی داگیرکرد بە دەرکەوتنی کۆمپانیایەکی چینی کە توانای دروستکردنی فڕۆکەی هەیە بۆ گەشتی نێودەوڵەتی بە ژمارەیەکی زۆر لە سەرنشین، و بەمەش ڕکابەریی کۆمپانیای “ئێرباس”ی ئەوروپی و “بۆینگ”ی ئەمهریکی دەکات کە ماوەیەکی زۆرە زاڵن بەسەر پیشەسازییەکەدا. هەروەها کۆمپانیای فڕۆکەی بازرگانیی چین “کۆماک” (COMAC) توانایەکی گەورەی بۆ هاوکاری نیشانداوە، لە کاتی هاوبەشیکردندا لەگەڵ ئەو دوو کۆمپانیا پێشەنگەی پیشەسازییەکە، جگە لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی تر. ئەم سەرکەوتنە کەرتێکی دیکە ڕووندەکاتەوە کە تیایدا چین توانایەکی زیاتر نیشان دەدات بۆ بەشداریکردن لە گەشەی هاوبەش و هاوپەیمانێتیی بازرگانیدا. داهێنانەکانی چین هەروەها لەگەڵ نیگەرانی و سیاسەتە جیهانییەکاندا دەگونجێن، کەشتیگەلی نیشتمانیی خێرا و گەشەسەندووی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەگەڵ ئامانجەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کەمکردنەوەی کاربۆن لە کەرتی ئۆتۆمبێل و سەوزترکردنیدا یەکدەگرێتەوە. لە نۆزدەی نیسانی 2023، یەکێتیی ئەوروپا یاسایەکی پەسەندکرد بۆ بەهێزکردنی ستانداردەکانی دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بۆ ئۆتۆمبێلە نوێیەکان و ئۆتۆمبێلە بازرگانییە سووکە نوێیەکان، بەگوێرەی ئامانجە بەرزەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کەشوهەوا. لەگەڵ جێبەجێبوونی ئامانجەكانی تر لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی 2039هوه، دەبێت کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێل، ئۆتۆمبێلی زیاتری بێ دەردانی گاز بخەنە بازاڕی یەکێتیی ئەوروپاوە. چین سیاسەتی هاوشێوەی لە ساڵی 2024دا گرتەبەر و لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی دواییدا ئاشکرای کرد.
لە دە ساڵی ڕابردوودا، چین گۆڕانکارییەکی ئابووریی سەرنجڕاکێشی بەدەستهێنا و لە گەشەی پشت بەستوو بە هێزی کارەوە گۆڕا بۆ گەشەی پشت بەستوو بە داهێنان. چین بێگومان کاریگەریی خۆی لە ستانداردە تەکنەلۆژییە جیهانییەکان و زنجیرەکانی دابینکردندا زیادکردووە، هەرچەندە هێشتا ڕووبەڕووی بەشێک لەئاستەنگە ناوخۆییەکان دەبێتەوە، لەوانە هاوسەنگکردنی گەشەی ئابوورییەکەی لەگەڵ بەردەوامیی ژینگەیی و کۆمەڵایەتی، هەروەها مامەڵەکردن لەگەڵ بەرهەمی زیاد لە پێویستی. لەسەر ئاستی جیهانیش، چین ڕووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر دەبێتەوە لە ڕکابەری و بازرگانیی جیهانیدا، و خۆی لە ڕکابەرییەکی گرژتردا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا و ئابوورییە پێشکەوتووەکانی تر لە کەرتە تەکنەلۆژییە باڵاکاندا بینیوەتەوە. چین هەروەها لە چەقی ژمارەیەکی زیاتری ڕێوشوێنی یاساییدا بووە، سکاڵایەکی لە ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی تۆمارکردووە وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو باجە گومرگیانەی یەکێتیی ئەوروپا لە کۆتایی ساڵی 2024دا لەسەر ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی سەپاندبوو، ئامانجی ڕێوشوێنەکانی یەکێتیی ئەوروپا بووە سەبارەت بە مەرجەکانی مۆڵەتی داهێنانەکان لە سەرەتای ساڵی 2025. لە هەوڵێکدا بۆ سنووردارکردنی سەرکەوتنی چین، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا لە ساڵی 2022، کۆنترۆڵی هەناردەکردنی لەسەر کەرەستەی نیمچەگەیەنەری پێشکەوتوو سەپاند، کۆتوبەندەکان لە ساڵانی دواتردا بەردەوام توندتر کرانەوە. ئامانجی ئەو ڕێوشوێنانە خاوکردنەوەی پێشکەوتنی چینە لەم کەرتەدا و درێژکردنەوەی پشتبەستنیەتی بە تەکنەلۆژیای بیانی لە چینەپێشکەوتووەکاندا، لە کاتێکدا کۆمپانیاکانی وەک “TSMC” و “ASML” زاڵن بەسەر ئەم بازاڕەدا.
لە دە ساڵی ڕابردوودا، چین بووەتە پێشەنگ و داهێنەرێکی جیهانی لە زۆرێک لە پیشەسازییەکاندا، وەک ئۆتۆمبێلی کارەبایی و زۆرێک لە پیشەسازییەکانی تر، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کاتبەسەربردن، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بازرگانیی ئەلیکترۆنی، مۆبایلی زیرەک، یارییە ئەلیکترۆنییەکان و زیرەکیی دەستکرد. پێشبینی دەکرێت ئەم لیستە بەردەوام بێت لە گەشەکردن. هەروەها پاڵهوانهچینییەکان بەردەوام دەبن لە دەرکەوتن لە ئابووریی جیهانیدا، بازرگانی و داهێنان لە چیندا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن کە لە گرژی و جەنگە بازرگانییەکان تێدەپەڕێت. هاوکاری کلیلی ئاراستەکردنی پەیوەندییەکان دەبێت لەگەڵ چین وەک وڵاتێک و لەگەڵ داڕێژەرانی سیاسەت، هەروەها لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان وەک پاڵهوانی تایبەت لە بازرگانیی جیهانیدا. یەکێک لە ئاراستە هاندەرەکان، بوونی لێکنزیکبوونەوەیەکی بەرچاوی جیهانییە، کاتێک ئامانج و دەستپێشخەرییەکانی داڕێژەرانی سیاسەتی جیهانی بەراورد دەکرێن. لە ڕووی سیاسەتە سەوزەکان و چارەسەرکردنی گەرمبوونی جیهانی و ئاستەنگەکانی بەردەوامی، زۆربەی وڵاتان ئێستا کاردەکەن بۆ پەرەپێدانی هاندەرەکان بۆ بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و کەمکردنەوەی قۆناغ بە قۆناغی ئەو ئۆتۆمبێلانەی پشت بە سووتەمەنیی بەبەردبوو دەبەستن. بە هەمان شێوە، زۆرێک لە وڵاتان وەبەرهێنانی گەورە لە زیرەکیی دەستکرددا دەکەن. بۆ نموونە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمهریکا، پلانێکی گەورەی بۆ زیرەکیی دەستکرد ئاشکرا کرد بە ناوی “ستارگەیت”، بە بەڵێنی وەبەرهێنانی پێنجسەد ملیار دۆلاری ئەمهریکی لە ژێرخانی زیرەکیی دەستکردی وڵاتەکەیدا. لە هەمان کاتدا، ترەمپیش دانی بەوەدانا کە دەرکەوتنی “DeepSeek AI” لەلایەن کۆمپانیایەکی چینییەوە دەبێت وەک “بانگێکی بەخەبەرهێنانەوە بێت بۆ پیشەسازییەکانمان کە پێویستە تەرکیز لەسەر ڕکابەری بکەین”، ئەم تەکنەلۆژیا چینییە دەبێت “پێشکەوتنێکی زۆر ئەرێنی” بێت بۆ زیرەکیی دەستکرد بە گشتی، چونکە “لەبری خەرجکردنی ملیاران و ملیاران، کەمتر خەرج دەکەیت و دەگەیتە هەمان چارەسەر”.
لێکتێگەیشتن لەنێوان داڕێژەرانی سیاسەتدا دهگونجێت، تەنانەت لە نێوەندی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکانیشدا. لە کاتێکدا چین ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندیی هاوکاریی جێگیر لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا و یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام لە ڕاستیدا کاردەکات بۆ دروستکردنی جێگرهوهی نوێ بۆ پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی تر و دروستکردنی هاوکاریی ڕاستەقینەی جیهانی. هەر هاوکارییەکی ئەگەری لەنێوان پەکین و واشنتۆندا بەردەوام دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان، بەتایبەتی بەهۆی ئەو باجە گومرگییە نوێیانەی لەسەر هاوردەی کاڵای چینی سەپێنراون. لە یەکێتیی ئەوروپادا، هەر هاوکارییەکی چینی دەبێت بەسەر باجە گومرگییەکانی سەر هاوردەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بۆ یەکێتیی ئەوروپا زاڵ بێت کە لە کۆتایی 2024دا سەپێنران، جگە لەو سکاڵایەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی کە لە 22ی کانوونی دووەمی 2025دا بەسەر ئەندامانی ڕێکخراوەکەدا دابەشکرا. بۆ ئەوەی چین ئەکتەرێکی کاریگەر بێت لە گۆڕەپانی جیهانیدا، پشت بە ڕۆڵی خۆی دەبەستێت وەک سەرکردەی دیفاکتۆی گرووپی “بریکس” کە ئابوورییە گەشەسەندووە گەورەکان و دەستپێشخەریی “پشتێن و ڕێگا” لەخۆدەگرێت. بە ئەنجامدانی ئەمە، چین ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ بەشداریکردن لە میکانیزم و ڕێکخراوە فرەلایەنەکاندا لە هەمان کاتدا خۆی لە دابڕان لەلایەن ئابوورییە گەورەکانی تری وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا یان یەکێتیی ئەوروپا دەپارێزێت. بۆ ئەم مەبەستە، “شی جین پینگ”، سەرۆکی چین، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە دۆزینەوەی ڕێگای نوێ بۆ گونجاندنی زنجیرەی دابینکردنی خۆی، بە ڕەچاوکردنی ئەو باجە گومرگیانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە. وەک بەشێک لەم هەوڵانە، سەرۆک شی لە کاتی سەردانیکردنی بۆ مەغریب لە کۆتایی ساڵی 2024دا کارگەیەکی گرنگی بۆ بەرهەمهێنانی پاتریی کارەبایی ڕاگەیاند، کە نیشانیدا چین ئامادەیە ڕۆڵێکی گەورەتر بگێڕێت لە گەشەی وڵاتە گەشەسەندووەکانی تری وەک مەغریب و بەرازیل و میسر، کە دەبێتە هۆی ئەنجامی سوودبەخشتر بۆ هەردوولا.
نابێت ئەم جۆرە گونجاندنانە ڕێگری لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا و یەکێتیی ئەوروپا بکەن لە هاوکاریکردن لەگەڵ چین، چونکە نەخشە و چوارچێوەکانی هاوکاری هێشتا بۆ هەموو لایەک بەسوودن. بۆ یەکێتیی ئەوروپا، دەستپێکردنەوە یان بووژاندنەوەی ڕێککەوتنی گشتگیری وەبەرهێنان دەتوانێت ناگونجانی نێوان چین و یەکێتیی ئەوروپا چارەسەر بکات، دەکرێت ئەو داوا یاسایی و ڕێوشوێنانەی کە لە ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانیدا چاوەڕوانکراون بە شێوەیەک چارەسەر بکرێن کە بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان جێی ڕەزامەندی بێت. لەلایەن خۆیەوە، چین دەتوانێت نیگەرانییەکانی یەکێتیی ئەوروپا سەبارەت بە مافی خاوەندارێتیی فیکری بە شێوەیەکی کاریگەرتر چارەسەر بکات، لە کاتێکدا یەکێتیی ئەوروپا دەتوانێت ڕێگە بدات بە بازرگانه چینییەکان دەستیان بە بازاڕی ئەوروپا زیاتر بگات. لە یازدەی نیسانی 2025، “شی جین پینگ”، سەرۆکی چین، لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا، داوای لە چین و یەکێتیی ئەوروپا کرد کە بە بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییەکانیان هەستن، و پێکەوە کاربکەن بۆ پاراستنی بەجیهانیبوونی ئابووری و ژینگەی بازرگانیی نێودەوڵەتی، بە هاوبەشی.
سهرچاوه؛ http؛//www.chinatoday.com.cn/ctarabic/2018/kfg/202505/t20250516_800401941.html
نووسەر؛ حوسێن ئیسماعیل
ئامادهكردنی؛ سهركۆ یونس