پۆست مۆدێرنیزم دیاردەیەکى هەمەگیرە، کە باڵی بەسەر جیهاندا کێشاوە، وەک دەستەواژەیەک بۆ وەسفکردنى گۆڕانە بەربڵاوەکانى دەیەی کۆتایى سەدەى بیستەم بەکاردێت، سەربارى ئەوەى تا ئێستاکە پێناسەیەکى دیاریکراوى نییە، بەڵام ئەو ڕاستییە قبووڵکراوە کە هەلومەرجێک بەناوى پۆست مۆدێرنیزم لە ئارادایە، کە زیاتر لە ناوەڕاستى سەدەى بیست بەدیارکەوت و لە سەرەتاى هەشتاکاندا بەشێوەیەکى بەرچاو گەشەیکرد و لە ئێستادا تا کاریگەرى تەواوى لەسەر ژیان و ژیارییە جیاوازەکان داناوە، لەوانە:- کایەکانى سیاسیەت، ئابوورى، ئایین، میدیاکان، تەنانەت بونیادی لۆجیستى و هەستیەکان و پەیوەندی نێوان مرۆڤەکانیش. لەم ڕووەوە “ژان بۆدیار” قۆناغی پۆست مۆدێرنیزم وەک حاڵەتى بچڕانى دەروونى نوێی زەمەن و فەوزا پێناسەدەکات. پۆست مۆدێرنە چەمكێكە كە بازنەیەكی فراوان لە بوارەكانی لێكۆلینەوە وەكو جیهانگیری بەگشتى و هونەر، ئەندازیاری، مۆسیقا، فیلم، ئەدەبیات، كۆمەڵناسی، پەیوەندییەكان، مۆد، تەكنۆلۆجی و … دەگرێتەوە و دەشێت سێ دیدگای جیاواز بۆ پێناسەیەی پۆست مۆدێرنیتە لە پەیوەندی لەگەڵ مۆدێڕنیتە باس بكرێت:-
یەکەم:- ئاڕاستەیەکی ئەرێنى، کە بە دیدێكی ئەرێنی لێی دەڕوانن و پێیانوایە كە پۆست مۆدێرنیتە پرۆسەی كامڵكردن و جێگیركردنی مۆدێڕنیتە دەگرێتەوە.
دووەم:- ئاڕاستەیەکى نەرێنی، پۆست مۆدێرنیتە بەرامبەر بە مۆدێڕنیتە ئاڕاستەیەکى نەرێنی وەردەگرێت، پێیان وایە پۆست مۆدێرنیزم کۆتایی مۆدێرنەیە و ڕەخنەى لێ دەگرن.
سێیەم:- نێوانگیرە و پێیوایەی كە پۆست مۆدێرنیتە نە تەواوكەری مۆدێرنیتەیە نە ئەوەی كە ڕەتی بكاتەوە، بەڵكو زیندووكەرەوەی مۆدێرنیتەیە.
جێی سەرنجە، ماکى ئەم دیاردەیە بەردەوام لە گۆڕاندایە، گۆڕانکارییەکانى پۆست مۆدێرنیزم ئەوەندە بەگوژم و خێراى ڕوودەدەن کە دەتوانرێت بوترێت ئەوەى ئەمڕۆ لە چەند ساڵێک پێش ئێستا تەواوى جیاوازە، بۆ وێنا پۆستمۆدێرنیزمى سەردەمى “مارگرێت تارشەر” و “ڕۆناڵد ڕیگان” لە ئەمریکاى لاتین بە پۆست مۆدێرنیزمى راست ناسراوە، لە بازرگانى ئازاد و تیرۆریزم و بڵاوکردنەوەى ماددە هۆشبەرەکان هیچی تری پێ نەبوو، بەڵام کاتێک پۆست مۆدێرنیزمى چەپ سەریهەڵدا لەگەڵ پۆست مۆدێرنیزمى ڕاست کەوتە ململانێوە، ڕێکخراوە جەماوەرییەکان پێکهاتن و کولتوورە باڵاکان هاتنەوە، لە ناوچەکانى ئەمریکاى لاتین شێوازى بەرگری خەڵکى ئەو ناوچەیە پۆست مۆدێرنیزمى گۆڕی بۆ کولتوورى ململانێ کردن، جووڵانهوهى فێمێنیزمى، دەرکەوتنى گروپە هیومانییەکان، بەدیارکەوتنى حیزب و گروپە کولتوورییەکان، ئەمانە نیشانەى دیاردەى پۆست مۆدێریزمى چەپن. هەر بۆیە ماهیەتى پۆست مۆدێرنیزم بە جۆرێکە کە بەردەوام لە حاڵەتى گۆڕینى ڕووخسارى خۆیدایە، بەهۆی بەردەوامى کاریگەرێتییە گەورەکانى لەسەر ئاستى جیهان وامان پێدەڵێت کە پۆست مۆدێرنیزم بە تەنها تایبەت نابێت بە جیهانى رۆژئاواوە، چونکە ئەم مۆدێلە هاوچەرخە بێ وێنەترین هێرشی کولوتووریە بۆسەر کۆمەڵگەکانى دەرەوەى رۆژئاوا، لەبەر ئەوەى پۆست مۆدێرنیزم لەژێر بەیداخى تیۆری ئازادیخوازیدا بە ڕواڵەت پشتیوانى لە دەربڕیینى فەرە لایەن و دیاردە فرە کولتوورییەکان دەکات، بەڵام لە ناوەڕۆکدا کۆلۆنیالیزمێکى کولتووری و دیجیتاڵی هاوچەرخی لە هەگبەدا هەڵگرتووە، هەر بۆیە لەژێر ئەو تێگەیشتنە جیهانگیرییە دەکرێت بوترێت دیاردەى پۆست مۆدێرنیزم چەند بنەمایەکى هەمەکى هەیە لەوانە:-
یەکەم:- ئەندێشەى پێشکەوتن و ئەقڵانیبوون کە ئەوروپییەکان لەسەردەمى مۆدێرنیتە دروستیان کرد و شەرعیەتیان پێ بەخشی، شیاوى قبووڵکردن نیە، چونکە لە تیۆرو لێکدانەوى خۆیدا جیاوازییە کولتوورى و کۆمەڵایەتییەکانى گەلانى جۆراوجۆری لە بەرچاو نەگرتووە.
دووەم:- لە پێشتردا وادانرا کە دۆزینەوە زانستییەکان وگەشەکردنى ئابووری لە خزمەتى مرۆڤدا بن، ئەوا شەرعیەت پەیدا دەکەن، بەڵام ئەمڕۆ دواى چەندین سەدە ئەو راستیە سەلماوە کە پێشکەوتنەکان بە تەنها لە خزمەت گروپە تایبەتەکاندا بوون و هەرگیز نەیانتوانیوە بەر بە مۆنۆپۆل و داگیرکاریی و دەستدرێژی و تاوانى دژە مرۆیی بگرن، پێشکەوتنەکانى زانست و تەکنەلۆجی نەک هەر بووە مایەی چەندین نەخۆشی بەڵکو ناسنامەى مرۆیی و کۆمەڵگەشی لەقکرد و سەریکێشا بۆ دروستکردنى تاکى جیهانى کە جیهانى بە گشتى بە موڵکی خۆی بزانێت.
سێیەم:- لە ئێستادا هیچ دڵنیاییەک نیە سەبارەت بە کولتووری باڵا و پێشڕەو یان جیاوازییە کولتوورییەکان.
چوارەم:- لە بارودۆخى مێژووی تەکنەلۆجیاى ئەمڕۆدا چیدی بابەتى ڕاستەقینە، کۆپی، سروشتى و دەستکرد، لێکجیا ناکرێتەوە، تەکنەلۆجیاو بەرهەمهێنانى زانیارى بەسەر هەموو شتێکدا زاڵبووە، ئەمرۆ لە قۆناغی سیستمى سێهەمی مۆدێرنزیمین کە ”نەوەى سێهەم“ى بەرهەمهێناوە، واتە لەسەردەمى مۆدێل و نموونەکانیدا دەژین، ئەم سیستمە لە دواى جەنگى جیهانى دووەمەوە پێکهات، بنەماى تیۆریی و سیستمى دەسەڵات گۆڕا، هێماگەریی بونیادیانە جێی ئابووری – سیاسیی مارکسی گرتەوە، رێکلام وپروپاگەندەو زانیارى میدیایی و تۆڕەکانى تری پەیوەندی بوونەتە بنەڕەتیترین سەرچاوەکانى مرۆڤ.
دیاردەی پۆست مۆدێرنە لە دوو دەیەی کۆتایى سەدەى بیستدا دووچارى گۆڕان هاتووە، هەرچەندە پۆست مۆدێرنیزم لە سەرەتادا جووڵانهوهیەک بوو لە دژی ئەو ئەندێشە پاوانخوازیەى کە ڕۆژئاوا لە دوو توێی کولتوور و شارستانیەتدا نەخشەی بۆ کێشا بوو، دەیویست تەواوى نەژاد و نەتەوەو چین وتوێژەکان بگرێتەوە، هەر بۆیەش هەوڵی ئەوەیدا لێرەو لەوێ، هەندێک بابەت ڕێشەکێش بکات، بەڵام لە ئاکامدا خۆشی گۆڕانى بەسەرداهات، هەندێک لە ڕووداوە سەرەکییەکانى بوارى کولتووری کۆمەڵایەتى وڕۆشنەگەریی دوو دەیەی ڕابردوو نەک هەر بناغەی مۆدێرنیتەیان ئاوەژووکرد، بگرە ناسنامەى پۆست مۆدێرنیزمیشیان گۆڕی، کە ئەوانیش بریتین لە:- “رەخنەگرتن لە زانستەکان، داڕمانى هەمەلایەنەى فەلسەفە دێرینەکانى رۆژئاوا، پێداگری لەسەر بێ سنووری فیزیاو ماتماتیک، ڕەتکردنەوەى یەکسانى و تۆخکردنەوەى جیاوازییەکان، گەڕانەوە بۆ قۆناغی ریالیزم، سیکۆلاریزم بە واتاى دابڕینى مرۆڤ لە بەها کۆمەڵایەتى ورۆحی و میتافیزیکییەکان، سەرکەوتنى ئابووری بازاڕ“. بەم پێودانگە لە نیوەى دووەمی سەدەی بیستەم، بنەما کۆمەڵایەتییەکانی بیروباوەڕە مۆدێرنێستەکان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەھێز لە ڕەخنەگران و بیرۆکە گەلێکی ناسراو بە جیھانی ”پۆست مۆدێرنێتە“ بووەوە، لە ڕاستیدا، سەرپێکەوتنى نازیزمی ئەڵمانی و دواتر سیستمی دیکتاتۆری ستالینی کە لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژی سیاسی دامەزرابوون، وەک ھۆکارێکی سەرەکی بۆ بڵاوبوونەوەی حەز و ئارەزووی دامەزراندنی سیستمی فەرمانڕەوایی ناسراو بە ”پراگماتێک“ لە ڕۆژئاوا ھەژمار دەکرێت. لە لایەکی دیکە، کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکان لە ئەنجامی ئەزموونی زیندووی کۆچە بەکۆمەڵەکانی دوای شەڕی دووھەمی جیھانی، زۆرتر لە پەرەسەندنی جۆرێتی و پلۆرالیزمی یەکتر ئاگادار بوون و ھەر ئەوە زۆر جار وەک بزوتنەوەیەکی دژ بە ئایدیۆلۆجییە گشتگرەکان پێناسە کراوە کە دواتر دەرگای بڵاوبوونەوەی بیرۆکەی جیھانی پۆست مۆدێرنیزمی کردەوە.
ھاوکات کۆمەڵێک بیروباوەڕ و روانگەی فەلسەفی دیکە وەک ژێنگەپارێزان، فێمێنیسم و فرە کولتووری کە لە ئەنجامی ئەو بارودۆخە نوێیە کۆمەڵایەتییە دروست ببوون، لە سەر درێژەپێدان و ڕابەرایەتی مۆدێرنێتە ڕەخنەگەڵێکی توندیان ڕووبەڕووی بیروباوەڕە کلاسیکەکان کردووە، لە پێش کۆتایی سەدەی بیستەم بە سەرھەڵدانی بە جیھانیبوونی ئابووری یان بە واتایەک جیهانگیریی “Globalisation”، گورزێکی کوشندەی دیکە بەر بیروباوەڕە مۆدێرنێتەکان دەکەوێت، ئەویش لە ئەنجامی لەت بوونی بنەما کۆمەڵایەتییەکان و سووربوون لە سەر تاک گەرایی و دژایەتی بەھا گشتییەکان پەیدا دەبێت. ئەو گۆڕانکارییانە، بنەما سیاسییەکانی ”حکوومەتی نەتەوەیی یەکدەست“ بەرەو لاوازبوون دەبات و بانگەشە بۆ بیرۆکەی فرەلایەنبوونی شوناسی تاک گەرایی دەکات کە لە لایەن بیرمەندانی وەک “ژاک دریدا”، “ژان فرانسوا لیۆتارد” و “میشل فۆکۆ” نوێنەرایەتی دەکرا.
“بە جیهانیبوونى وزەى تاک و کۆمەڵ لە قۆناغی پۆست مۆدێرنیزم”
پۆست مۆدێرنیزم وەک پرۆسەیەکى سەردەمیانە بەشدارییەکى بەرچاوى لە نێو پرۆسەی داگیرکاریی و ئاڕاستەکردنى هێزو توانستى تاک هەیە، کە دەکرێت بە پوختى لە چەند خاڵێکدا بیخەینەڕوو:-
یەکەم:- لەگەڵ ئەوەى پۆست مۆدێرنیزم دوابەدواى جەنگى جیهانى دووەم سەرپێکەوت، بەرهەمى دواى قۆناغی نازیزم و فاشیزم بوو، بەڵام بووە هۆی پەرەسەندنى پلورالیزمى سیاسیی لە چەشنى دەسەڵاتى تاک ڕەهەند.
دووەم:- لەناوبردنى ئایدۆلۆجیا چەقبەست و کۆنکرێتیەکان و پەیوەست کردن وڕاکێشانى تاک بە ئاڕاستەى پرۆژە جیهانییەکان، هەر بۆیە پۆست مۆدێرنیزم جیهانى لە دوو بەرەدا کۆکردۆتەوە، “ئینتەرلاناسیۆنالیی و کۆسمۆپۆلیتیزم”، کە هەردووکیان لە پرۆسەی داگیرکاریدا بەکاردێنێت، بەڵام جەوهەری کۆمەڵایەتیی و کولتوریان جیاوازە، یەکەمیان لە گۆشەنیگای کرێکارییەوە قسە دەکات، دووەمیان ئەمریکاییە وەک ڕاکێشانى کۆمەڵگاکان بۆ حەزکردن لە دیموکراسییەتى ڕۆژئاوایی.
سێیەم:- بە دیجیتاڵکردنى مرۆڤەکان، لە ڕێگەى عەولەمەو تۆڕەکانى ئینتەرنێت و پرۆژەکانى بانکە جیهانیی و یارییە ئەلیکترۆنییەکان و پاشان بە تەکنەلۆجیاکردنى جیهان، هەوڵدان بۆ بەستنەوەى تاکەکانى کۆمەڵگە بە پرۆژە جیهانییەکانەوە.
چوارەم:- پۆست مۆدێرنیزم لە ڕێگەى پرۆسەى گلۆباڵیزەیشنەوە کاریگەرى جوگرافیاى لە پرۆسەی داگیرکاریدا کەمکردۆتەوە، کە زیاتر مەبەستى بەستنەوەى جیهانە بە کۆمەڵێک مەتریاڵ کە هەوڵی بچووکردنەوەى سنورەکان دەدات، هەر بۆیە دوو ئاڕاستەو بۆچوونى جیاواز هەیە، لەبارەى پۆستمۆدێرنەو داگیرکارى، هەندێک پێیان وایە مۆنۆپۆلی بازارەکانە بە شکڵی سەرمایەداریی، هەندێکى تر دەڵێن کۆکردنەوەى مرۆڤایەتییە بە قازانجى ئەمریکا کە نوسەرە لاتینیەکان پێی دەڵێن “بە ئەمریکایی بوون”.
پێنجەم:- بە دوژمنکردنى ناوچەکانى دەرەوەى پۆست مۆدێرنیزم، وا نیشاندانى شەڕی نوێی شارستانیەتەکان، بەشەڕی نێوان کولتوورەکان، تیرۆر، زانست، نەریت، ئایین و عەلمانیەت و…هتد.
شەشەم:- بە سەنتەرکردنى بازاڕی جیهانیی و کۆکردنەوەى بازرگان و سەرمایەداران لە دەوری، لە لایەکى ترەوە پێشکەوتنە تەکنەلۆجییەکان پرۆسەکانى داگیرکارى خێراتر کرد، ئێستا ئەگەر ڕووبار نەبێت، شارستانیەت هەیە، ناوچە بەستەڵەکەکان شارى گەورەی چەند میلیۆنین زانکۆ و دامەزراوەیان هەیە، بەهۆی هۆیەکانى گواستنەوەى پێشکەوتووەوە زیاتر دەستیان دەگات بە سەر شوێنەکان، هۆیەکانى بەرهەمهێنان، تەکنەلۆجیا و پێشکەوتنى مرۆڤ توانى سروشت دەستەمۆ بکات، مرڤەکانى سەرمەست بکات.
حەوتەم:- بایەخدان بە دیاردەى کۆچکردن بۆ وڵاتانى ڕۆژئاواو سەپاندن و کاریگەربوونى ڕۆژهەڵاتییەکان بە خۆشگوزەرانییەکانى ڕۆژئاوا، بەم هۆیەوە کۆچ و کۆچبەری لە پێناو دەستەبەری ژیانى شیاو لە قوڵای دونیاى پۆست مۆدێرنیزمدا ڕسکا.
هەشتەم:- بە ئامێرکردنى مرۆڤەکان، لە ڕێگەى پێگەیشتن و پێشکەوتنى پرۆسەى تەکنەلۆجیی و خێرایی بەرهەمهێنان، مرۆڤەکان هاوشێوەی ئامێری ناوکارگەکان بێ وەستان هەڵدەسوڕێن، بە تایبەت لە شارە گەورەکان کە کارکردن تیایاندا “٢٤” کاتژمێرییە.
نۆیەم:- دروستکردنى تاکى جیهانیە چەشنێک کە گرنگى بە تەکنەلۆجیا و خۆشگوزەرانى دەدات، نیشتمانێکى دیاریکراو بە موڵکى خۆی نازانێت، بە دواى باشترینەکانى شوێنى ژیان دەگەڕێت و ئاوێزانى کولتوری ئەو کۆمەڵگایە دەبێـت، کە دەیگەیەنێت بە ئاواتەکانى کە تەنها گرنگی بە دیاردەى جوانناسی دەدات، نە ڕۆژهەڵاتییە نە ڕۆژئاواییە، هەر ئەمەش سەر دەکێشێت بۆ قوڵبوونەوەى جیاوازى چینایەتى.
دەیەم:- فرە ڕەنگى لە ناسنامەى هاوڵاتیبوون و پەڕینەوەى مۆرڤەکان بۆ کیشوەرەکانى تر کە یەکجار دوورن لە زێدى لە دایک بوونیەوە، هەڵگری چەمک و بەهاى هاوڵاتی بوونن، نەک نەتەوەو ڕەچەڵەکێکى دیاریکراوە.
یانزەیەم:- گرنگیدان بە ژیانى ڕێکخراوەیی و پرۆژە ئینتەرناسیۆنالییەکان، وەک ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتى ئەوروپا، یەکێتى ئەفریقا، هتد…، کە زۆرینەیان پرۆژەی جیهانین و ئاستى سنوورى کیشوەرەکانیان تێدەپەڕێنن، لەگەڵ بوونى ڕێکخراوە ئابوورییەکان، بانکییەکان، بازرگانییەکان و دڵنیاییەکان، کە هەوڵی بەستنەوەى جیهانن لە یەک یەکەی ئابووریی و بازرگانى و ئەمنى، هەروەها ڕێکخراوە کولتورییەکانى بوارى پەروەردە، فێرکردن، تەندروستى، ئاوەدانکردنەوە، نیشتەجێکردن و بونیادنانەوە، ڕێکخراوە هیۆمانیستییەکان و فێمێنیزمییەکان و هتد….
سەرچاوەكان:-
- Jean-François Lyotard:- The Postmodern Condition:- A Report on Knowledge,1979, https:-//monoskop.org/images/1/19/Lyotard_Jean-Francois_The_Postmodern_Condition_A_Report_on_Knowledge.pdf
- Fredric Jameson:- Postmodernism, or, the Cultural Logic of Late Capitalism, 1991, https:-//hdl.handle.net/2027/mdp.39015021558953
- Ihab Hassan:- Toward a Concept of Postmodernism, 1987, https:-//www.jstor.org/stable/1772121
- Linda Hutcheon:- The Politics of Postmodernism, 1989, https:-//archive.org/details/politicsofpostmo0000hutc.
- Brian McHale:- Postmodernist Fiction, 1987, https:-//archive.org/details/postmodernistfic0000mcha.